زەریان ئاسیا
بینینی ئەوەی ئێستا لە ڕۆژئاڤا ڕوودەدات ئازاربەخشە؛ هەناسەت سوار دەکات و پەکت دەخات. ئەمە شۆکێکە کە پێیدا تێدەپەڕین، زۆر کەس لە خۆیان دەپرسن:”چۆن بەم شێوە خێرایە ڕوویدا؟ چۆن دەکرێت لە شەو و ڕۆژێکدا هێرش بکرێتە سەر خۆبەڕێوەبەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و خاکەکەی لەت بکرێت؟”.
لە ڕاستییدا، پرۆسەی هێرشەکانی سەر شۆڕشی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ساڵانێکی زۆر لەمەوبەر دەستیپێکرد، هەر لەو کاتەوەی یەکەم ئەزموونی کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتی لەدایکبوو. ئەمڕۆ باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا (وەک قەوارە) نەماوە، بەڵام ڕۆژئاڤا هێشتا ماوە. چەتەکانی سەر بە حکومەت، کە لەلایەن هەموو هێزە هەژموونگەراکانەوە (ئەمریکا، ئیسرائیل، تورکیا، ئەورووپا) پاڵپشتی دەکران، هێرشیان کرد و هەموو ئەو ناوچانەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریایان داگیرکرد، کە بە بڕوای ئەوان هی خۆیان بوو – ئەو بەشانەی، کە زۆربەی دانیشتووانەکەی عەرەب بوون، وەک تەبقا و ڕەققە. بەڵام ئێمە دەشزانین، کە لەو شارانەدا خەڵکەکەی دەستیان بە دامەزراندنی سیستەمی خۆبەڕێوەبەریی کردبوو، بەتایبەتی ژنان، بۆ ئەوەی دامەزراوە و ئۆتۆنۆمیەکانی خۆیان سەرپێبخەن.
هەم لە تەبقا و هەم لە ڕەققە چەندین پێکهاتەی ژنان هەبوون، وەک “زەنوبیا”، کە تەرخانکرابوو بۆ هاوکارییکردنی ژنان تا لە ڕێگەی کار، پەروەردە و نێوەندگیریی خێزانییەوە خۆیان ئازاد بکەن، یان ناوەندەکانی “ژنۆلۆژی” کە لە ڕێگەی کار، توێژینەوە و پەروەردەوە ڕێگەیان بە ژنان دەدا خۆیانی تێدا ببینینەوە و مێژوو و ڕۆڵی خۆیان لە کۆمەڵگەدا بزانن. ڕێک ئەم دامەزراوانە بوون، کە یەکەمجار هێرشیان کرایە سەر و تێکدران. وەک ئەو کتێبخانەیەی کە ژنۆلۆژی لە حەلەب بە ناوی هەڤاڵمان (ناگیهان)ەوە دایمەزراندبوو، (کە لە ٤ ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢ دا لەلایەن دەزگای هەواڵگریی تورکیا لە باشووری کوردستان شەهید کرا)؛ ئەو کتێبخانەیەی گەنجان و ژنان بۆ خوێندن و پێکەوەبوون سەردانیان دەکرد، لەلایەن هێزە جیهادییەکانی سەر بە حکومەتی سوریاوە سووتێنرا.
نموونەی زۆر هەن لەسەر ئەوەی چۆن هێرشی ئەم دواییانە بەر لە هەر کەسێک ژنانی کردە ئامانج. تەرمەکانیان بێڕێزییان پێدەکرێت، لە باڵەخانەکانەوە فڕێ دەدرێنە خوارەوە، پێ دەخرێتە سەر دەموچاویان، پرچیان، کە هێمای ژنە شەڕڤانانی کوردە، دەبڕدرێت و وەک دەستکەوت نیشان دەدرێت. ژنان دووبارە ناچار دەکرێن بە ڕەنگی ڕەش خۆیان باڵاپۆش بکەن. هەڕەشەی دەستدرێژییان لێ دەکرێت، لێیان دەدرێت و سووکایەتییان پێ دەکرێت، هەموو ئەمانەش وێنەیان دەگیدرێن و لە میدیاکان بڵاو دەکرێنەوە. بەڕاستیی گەڕانەوەی داعش، هەڕەشەیەکی ترسناکە.
ئەمە چ جۆرە هێرشێکە؟
ئەو عەقڵییەتەی دەبێتە هۆی هێرشکردنە سەر ئەم شۆڕشە، نوێ نییە. عەقڵییەتێکە هەزاران ساڵ لەمەوبەر لەدایکبووە؛ عەقڵییەتێک، کە نوێنەرایەتی باڵادەستیی هەندێک بەسەر هەندێکی تردا دەکات، کە پێویستی بەوەیە هێزی بەڕێکخستنبووی ژنان بشکێنێت. نوێنەرایەتیی هەستی باڵادەستییەک دەکات، کە دەبێت خۆی نیشان بدات، لە ڕێگەی ڤیدیۆوە قسە دەکات بۆ دروستکردنی ترس لە دڵى خەڵکدا، تا وایان لێ بکات وا بیربکەنەوە، کە ناکرێت لە بەرانبەر هێرشێکی وەهادا بەرگریی بکرێت و ئامانجەکەی شکاندنی هیوا و ئیرادەی ژنان و گەلانە. ئەم عەقڵییەتە نوێنەرایەتی پارادایمی “مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی” دەکات، لە بەرانبەر پارادایمی “مۆدێرنیتەی دیموکراتیی”. ئەوانەی لە دژی شەڕەکان ڕادەوەستن و خەون بە دروستکردنی ژیانێکی ئازادترەوە دەبینن.
شۆڕشی ژنان: کردار نەک تەنها ئایدیا
ساڵانێکی زۆر باسی شۆڕشی ڕۆژئاڤامان دەکرد، کە “شۆڕشی ژنان”ە. لەو ماوەیەدا، خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دامەزرا، کە تە نها ناوچە کوردنشینیەکانی نەدەگرتەوە، بەڵکو ئەو ناوچانەشی گرتەوە، کە عەرەبنشین بوون. لەو خاکەدا، وەک هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، خاک تەنها هی یەک گەل یان یەک نەتەوە نییە، هەر بەو هۆیەشەوە دروستبوونی “دەوڵەت-نەتەوە” کە چەقبەستووە و ناتوانێت جیاوازییەکان لەخۆ بگرێت، بەڵکو تەنها دەیەوێت بیانتوێنێتەوە، بووەتە هۆی شەڕگەلێک، کە ئەمڕۆ گەیشتووەتە ئاستی جینۆساید و کۆمەڵکوژیی.
شۆڕشی ژنان شتێکی تەواو پراکتیکە. ئایدیالیستی نییە، هی ڕابردوو نییە، یۆتۆپیایەکیش نییە بۆ داهاتوو، بەڵکو کۆنکرێتیی و ئێستاییە. دەتوانین ناوی شۆڕشی ژنان بنێین “شۆڕشی کۆمۆناڵ”، چونکە تەنها پەیوەندیی بە ژنانەوە نییە، بەڵکو پەیوەنیدی بە هەموو کۆمەڵگەوە هەیە. پێکدادانی نێوان دوو پارادایمە، لە ڕاستییدا پێکدادانی نێوان دوو شێوازی ژیانە: لە لایەکەوە ژیانی ئازاد و کۆمۆناڵ، لە لایەکی ترەوە ژیانێک، کە نوێنەرایەتی دەسەڵات، دەوڵەت، پیاوسالاریی و ترس دەکات.
کاتی بەرگرییە
ئەوەی ئەمڕۆ لە ڕۆژئاڤا ڕوودەدات هەڕەشەیەکی گەورەیە، بەتایبەتی بۆ ژنان، بەڵام بۆ هەر کەسێکیشە، کە دەیەوێت ژیانێکی ئازاد بنیاد بنێت. ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە ماوەی ١٢ ساڵی ڕابردوودا خۆسەریی خۆیان بنیاد ناوە؛ بوونی خۆیان بەدەستهێناوەتەوە؛ ئازادییان فەراهەم کردووە و بەمەش ڕێگەیان بە هەموو کۆمەڵگە داوە بە بەهاکانی ئاشتیی، دژە پیاوسالاریی و دادپەروەریی بژین.
ئەم مۆدێلە لە ژیان، کە لەسەر بنەمای ڕزگاریی ژن دامەزراوە، هەڕەشەیە بۆ سەر هەموو دەوڵەتانی جیهان و هێزە هەژموونگەراکان، چونکە هیوایەکی ڕاستەقینە دەبەخشێت بەوەی ئەگەری ژیانێکی تر شیاوە، ئەگەر شەڕی بۆ بکەین. بۆیە پێویستە جارێکی دیکە بەرگریی لەم شۆڕشە و هەموو ئەو شتانە بکەین، کە نوێنەرایەتییان دەکات. دەبێت بەرگریی لە گەلانی ڕۆژئاڤا بکەین، چونکە ئەوان زۆر شتیان فێر کردین و لەم بەرگرییەیاندا بۆ مانەوە، بەردەوامن لە فێرکردنمان. دەبێت بەرگریی لە ژنان و ئەو ژیانە کۆمۆناڵە بکەین، کە لەو تەوەرەدا دروست دەبێت!
بەرخۆدان ژیانە! بژی بەرخۆدانی ڕۆژئاڤا! ژن، ژیان، ئازادیی!
بەرێوەبەریی ماڵپەری ژنۆلۆژی

