تەونی ژنۆلۆژی بۆ هۆنینەوە و واتادارکردنی ژیان

لێکۆڵینەوەیەکی ئەکادیمیای ژنۆلۆژی لەسەر واتا و گرنگی مێژوویی و کولتووریانەی تەشی، تەون، ڕستن و چنین

 وشەی ژنۆلۆژی لە وشەی کوردی «ژن»، کە هەمان ڕیشەی هەیە لەگەڵ وشەی «ژیان» و وشەی یۆنانی «لۆگۆس» – بە واتای زانست یان زانین پێکهاتووە. ژنۆلۆژی لە ساڵی ٢٠٠٨ لەلایەن عەبدوڵڵا ئۆجالانەوە پێشنیارکرا، ئامانجی پەرەدانە بە زانستێکی نوێ، کە بتوانێت وەڵامی کێشەکانی ئەمڕۆ بداتەوە و هەموو بوارەکانی ژیان و کۆمەڵگە بە گشتی ئازاد بکات. ئێمە لە بۆشاییدا بە دوای چارەسەری و وەڵامدا ناگەڕێین، بەڵکو دەگەڕێینەوە بۆ مێژووی دوور تا تێبگەین لە کام خاڵدا ژن و کۆمەڵگە ئازادییان لەدەست دا.

بناغە و سەرچاوەکانی ئێمە، فێمینیزم، دەستکەوت و خەباتی ژنان و بزووتنەوەی ژنان لە سەرتاسەری جیهان و هەروەها بزووتنەوەی ژنانی کوردە. دەزانین، کە ئەو کۆمەڵگە و خەباتانەی ژنان ڕۆڵی گرنگیان تێدا گێڕاوە وەک تۆڕێکی هۆنراوە تا ئەمڕۆ بەردەوامە. یەکێک لە گرنگترین پرسیارەکان کە بەردەوام لە هەموو ئەم خەباتانەدا دووبارە کراوەتەوە و ئێمەش تیشکی دەخەینە سەر ئەوەیە: چۆن بژین؟

«تەشی» یان «ڕستیار»

لەگەڵ پەرەسەندنی کارەکانی ژنۆلۆژی، چەندین ئەکادیمیا و گروپی کار لە کوردستان، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەوروپا پێکهاتن، کە لە چوارچێوەی ژنۆلۆژیدا کار دەکەن. لەم پڕۆسەیەدا پێویست بە هێمایەکی هاوبەش بینرا، کە دەربڕی ناوەڕۆکی ژنۆلۆژی بێت. بە وشە سەرەکییەکانی تەشی، تەون، چنین، زانستی کۆن و هونەری ژنان، دەستمان بەو هەوڵانە کرد. ژنێک سەرەنجام بیرۆکەی ئەوەی هێنایە ئاراوە، کە تەشی ئامێرێکی دێرینی ژنە و پێشنیاری ئەوەی کرد بیکەینە لۆگۆی ژنۆلۆژی. وێنەی ئەو تەشییە دەگەڕێتەوە بۆ ٦٠٠- ٨٠٠ ساڵ پێش زایین لە هەرێمی شووشی، ئێرانی ئەمڕۆ دۆزراوەتەوە و پەیکەری ژنێکە تەشییەکی بە دەستەوەیە .

دیارە ڕستن و چنین نەریتێکی زۆر کۆنە و دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی بەردینی نوێ – نیۆلیتیک و کۆمەڵگەی ئەو سەردەمە، کە ئێمە وەک «کۆمەڵگەی سروشتی» پێناسەی دەکەین. لەو سەردەمەدا، وەک لەو شوێنانەی کۆمەڵگە تێیدا ژیاون، میتۆلۆژیای ئەو سەردەمە و ئەو شتومەکانەی دۆزراونەتەوە، بە تایبەتی پەیکەری ژنان دەری دەخەن، ئەو ناکۆکییانە نەبوون، کە لە کۆمەڵگەی ئەمڕۆدا هەن. لێکۆڵینەوەکان نیشانی دەدەن؛ کۆمەڵگە لە تەوەری ژیان – بەخشی ژن هەبووە، چونکە کۆمەڵگە سەرەتا خۆیان لە دەوری پرەنسیپی ژیان ڕێکخستووە. دەبینین کۆمەڵگە بە شێوەیەکی بەکۆمەڵ خۆیان لە گرووپی بچووک و گەورەدا ڕێکخستووە و ژیان وەک شتێکی پیرۆز سەیرکراوە. سرووشت وەک شتێکی زیندوو سەیرکراوە و هەرچەندە بێگومان ململانێ هەبووە، وەک هەر سەردەمێک، بەڵام شەڕ و کوشتاری بەکۆمەڵ، بەو شێوەیەی دەزانرێت، نەبووە.

ڕستن و چنین لەو سەردەمەدا ڕۆڵێکی گرنگی هەبووە. یەکەم نیشانەکانی چنین دەگەڕێتەوە بۆ زیاتر لە ٢٠،٠٠٠ ساڵ لەمەوبەر. لە مەزاری کۆنی ژناندا، ژنان لەگەڵ ئەو کەرەستانەی لە ژیانی ڕۆژانەیاندا بەکاریان هێناون، نێژراون. ئەڵبەتە سەرەتا ئەو مووەی ژن لە ئاژەڵە ماڵیکراوەکان بڕیوویەتەوە، شۆردوویەتیەوە و دوایی بە دەست یان بە تێپەڕاندنی بە ئامێری دیکە یان هەر بە تەشی بەسادەیی کراوەتەوە دەزوو، لە هەندێ جێگە بەهەمان ڕەنگ و لە هەندێ جێگەی تر ڕەنگاوڕەنگ کراوە، دواتر بەکارهێنراوە بۆ درووستکردنی ڕایەخ، جلوبەرگ، لفکە و هەندێ پێویستی دیکە.

ئێمە وەک ئەکادیمیای ژنۆلۆژی لە کاتی توێژینەوەکانمان لە عەفرینی ڕۆژئاوای کوردستان کە ئێستا لەژێر داگیرکاری تورکیادایە، نموونەیەکی سەرنجڕاکێشمان بینی. سەبارەت بە ناوی ناوچەی جندرێسی عەفرین، دایکێک پێی گوتین؛ ناوەکە لە جەندەریۆس، ناوی فەرماندەیەکی هێلینیەوە نەهاتووە وەک بانگەشە دەکرێت، بەڵکو لە وشەی «ژن دڕێسێ» یان «جن دڕێسێ» (چونکە (ژ، و، ج) لە زاراوە کوردییەکاندا جێگۆڕکێ دەکەن)، بە واتای «ژنان دەڕێسن» هاتووە. کەسانێک هەبوون پێیانگووتین؛ لە ڕابردوودا ژنانی ئەو ناوچەیە لەگەڵ تەشییەکانیان نێژراون.

نەک تەنیا بۆ ڕەشماڵ، جلوبەرگ و ڕاخەر بەڵکو ئەو ژنە بە تەمەنە ئێزدییانەی لە پەرستگەکانی لالەشدا خزمەت دەکەن کاری ڕستن و چنینیان بۆ درووستکردنی ئەو فتیلانە بەکارهێناوە، کە لە داگیرساندنی مۆم و ڕووناکی بۆنە ئاینییەکاندا دروستی دەکەن. ئەو دایکانە بە ئەشقەوە ئەو کارە دەکەن چونکە ئاسوودەیی خۆیان لە ڕووی ڕۆحیەوە لەو کارانەدا دەبینینەوە. دەبینن، کە هەزاران کەس دەنێن ناخ و دەروونیان بەو ڕووناکییە ڕۆشن دەکەنەوە، ئەوان بەختەوەر دەکات. ئەو دایکانە لەهەمانکاتدا بە دەم ڕستن و چنینەوە گۆڕانی دەڵێن.

لە وێژەی زارەکی کوردیدا، زۆر پەندی داپیران و باپیران هەن، کە گرنگی تەشی و هۆنینەوە نیشاندەدات و تەنانەت وەک کارێکی نایاب و ناوازە و لە دۆخی زەحمەتیشدا ژنان ئەنجامی دەدەن. لەوانەش «ئەگەر بووکمان تەشی ڕێس بێ بە چڵی چیلکەیش ئەی ڕێسێ»، «شاڵ شاڵی مام هەیبەر بێ و تەشی ڕێس باجی ئەسمەر بێ و نەوشیروان حاکم بێ و بەختەك وەزیر، بێ هەزار کەلاوە بە پارەیەک» و «مەتی تەشی ڕێس بێ، بەکلکی کەریش ئەی ڕێسێ».

مەزهەری خالقی لە یەکێک لە گۆڕانیەکانیدا، کە شیعرەکەی لەسەر تەشییە دەڵێت:

تەشی وەکو دڵی من، لە دەستی ئەو دەلەرزی

چەند جوان و دڵڕفێنە، ئافتاب و تەور و تەرزی

کاتێ کە بۆ سەر ئاوێ، زولفی لە سەرووی بەرزی

کە شەو بەیانی بەردا، گوڵ و وەنەوشە باری

دونیا بە ئنیتیزاری، شیرین تەشی دەڕێسێ

هاوار شیرین گیان، ئامان شیرین گیان

 

تەشی و ڕستن لە زاری فێمینیستەکانەوە

ماریا گومبۆتاس، کە لێکۆڵینەوەی زۆری لە بواری ئارکۆلۆژیدا ئەنجامداوە، بە تایبەت سەبارەت بە ڕۆڵی ژنان، باسی چەندین ئامێری چنین دەکات کە لە ساڵانی ٥٠٠٠-٤٠٠٠ی پێش زایین دۆزراونەتەوە و پەیوەندییان بە خوداوەندی باڵندەوە هەیە، کە یەکێک بوو لە خوداوەندەکانی ئەوروپای پێش مەسیحی. خوداوەندی باڵندە، ژیان یان خۆراک-بەخش بوو و نیشانەکەی لەسەر کێشەکانی چنین دۆزراوەتەوە. ماریا گومبۆتاس ئاماژە بە پەرستگای ڕادینگراد لە باکووری ڕۆژهەڵاتی بولگاریا دەکات. لە ئاستی سەرەوەدا، تەونێک هەبووە بۆ چنینی جلوبەرگی ئایینی. ماریا گیمبۆتاس ئەمە وەک نیشانەیەک دەبینێت کە پڕۆسەی چنین خۆی واتایەکی پیرۆزی هەبووە.

خوداوەندەکان و فیگەرە میتۆلۆژییەکان

لە کۆمەڵگە جیاوازەکاندا خوداوەند و میتۆلۆژیای زۆر هەن، کە تێیاندا ڕستن و چنین بە ڕاشکاوی وەک پیشەی ژنان بینراوە. بۆ نموونە، خوداوەندی مایای ئیکسچێلە، کە دەگەڕێتەوە بۆ ١٥٠٠ی پێش زایین. ئەو خوداوەندی مانگ، خۆشەویستی، پیشەکان و پزیشکییە. یەک وێنەی ئەو پیشانی دەدات وەک ژنێک، کە دەچنێت، لەگەڵ ڕایەڵە یان دەزوویەک، کە وەک ڕایەڵەی ژیان نیشاندراوە. لەبەرئەوەی کۆنترۆڵی هەموو شتێکی هەیە، کە پەیوەندی بە سووڕی مانگانەوە هەیە (ئاو، بەپیتی، دروێنە، دووگیانی) هێزی هەیە کە هەم ژیان ببەخشێت و هەم بیسەنێتەوە.

نموونەیەکی تر خوداوەند مۆکۆشە، کە  خوداوەندێکی سلاڤییە و وەک خوداوەندی دایک، وەک هێمای بەپیتی، ژنایەتی و هەروەها ڕستن و چنین سەیرکراوە. ئەو هێمای دایکە زەوی شێدارە، چونکە ناوەکەی لە وشەی «مۆک» (شێدار)ەوە هاتووە. لە ڕەوتی مەسیحی بووندا، ئەو ناوچانەی پێشتر لەژێر پاراستنی مۆکۆشدا بوون، درانە پیرۆز پاراسکێڤا، بەمەش خوداوەند مۆکۆش بێ بەها کرا. تا سەدەی نۆزدەهەم، ئەو بیرۆکەیە مایەوە؛ مۆکۆش جنۆکەیەکی ژن بوو، کە ئامادەبوونی خۆی بە دەنگی تەشی ڕادەگەیاند. دەگوترا جنۆکەکە شەوانە دەهاتە ناو ماڵەکان و بەو پاشماوانەی لە کاتی پاککردنەوەی ڕایەڵەکان بۆ ڕستن یان چنین دروست دەبوون دەیڕست، هەروەها خەڵکیشی دەڕست.

لە لیتوانیا لاوماکان هەن، کە لە میتۆلۆژیای لاتڤی و یۆتڤینگیشدا ناسراون. لاوماکان فیگەری میتۆلۆژین لە سەردەمی پێش مەسیحی کە هەندێکجار بە شێوەی باڵندە دەردەکەون. یارمەتی خەڵکی باش دەدەن و سزای تەمبەڵ و خراپەکاران دەدەن. پەیوەندییان بە ڕستن و چنینەوە هەیە. بۆ نموونە، پەلکەزێڕینە وەک شریتی ون بووی لاوما وەسف کراوە. کەواتە لە سەردەمی سەرهەڵدانی چنیندا، ئەمە هونەرێکی گرنگ و هەندێکجار پیرۆز بوو و هەروەها ژنان، و بە پەیوەستبوونیان بە ژیانەوە، پیرۆزبوون. ئەم پیرۆزییەی ژیان بە تێپەڕبوونی مێژوو لەبەرەوە پاشەکشەی پێکرا بۆ دەسەڵاتداریی پیاوسالاری و سەرمایەداری. دەبینین، کە ئەم کێشانە لەگەڵ داگیرکردنی ژن لە چەند هەزار ساڵ لەمەوبەرەوە دەستی پێکرد. کاتێک باسی داگیرکردنی ژن دەکەین، تەنها باسی کۆیلەکردنی تاکەکان ناکەین، بەڵکو باسی سەرکوتکردن و بەتاڵکردنەوەی شێوازێکی دیاریکراوی ژیان لە پیرۆزییەکەی دەکەین. بۆ نموونە بە دانانی توانای ژیان-بەخشینی ژن لە خزمەتی دەوڵەت و پیاوسالاریدا. داگیرکردن و کۆیلەکردنی ژن لەبەرەوە بڵاوبووەتەوە بە هەموو کۆمەڵگەدا و ئەمڕۆ بەشێکی گەورەی مرۆڤایەتی کۆیلە یان داگیرکراوە. ئەو پیرۆزییەی لە خوداوەندەکان و سروشتدا دەناسرایەوە، وا دیارە ئەمڕۆ هەموو بەهاکەی لەدەست داوە. مۆکۆشی پێشتر پیرۆز، خوداوەندی دایک، دەبێتە جنۆکەیەک کە خەڵک دەڕێسێت.

نموونەیەکی تر بۆ ئەم گۆڕانکارییە بەکارهێنانی وشەی «ڕستن»ە لە زۆر زماندا واتایەکی نەگەتیڤی لێ بار دەکرێت لە بەکارهێنانی لە دژی ژن. هەندێکجار، کە ژن قسە دەکات بۆ ئەوەی بێدەنگ بکرێت پێی دەڵێن «زۆر مەڕێسە». هەروەها لە زمانی ئەڵمانی و ئینگلیزیدا هەمان مانای نەگەتیڤ هەیە. لە ئەڵمانیدا دەستەواژەی «ئەو دەڕێسێت» هاوواتای «ئەو شێتە»یە. لە زمانی ئینگلیزیدا دەستەواژەی «پیری تەشیڕێس» بە شێوەیەکی نەرێنی بۆ ژنێکی پیری تەنیا بەکاردێت. ئەم گۆڕانی واتایە هەروەها لە ڕێگەی «خانەکانی ڕستن»ەوە پەرەی سەند، کە لە هەندێک بەشی ئەوروپا لە سەدەکانی شازدەهەم و حەڤدەهەمدا سەریان هەڵدا. ئەو ژنانەی هەژار بوون، سواڵیان دەکرد یان تۆمەتی لەشفرۆشییان دەدرایەپاڵ و لەم ماڵە سزاییانەدا دەهێڵرانەوە. بۆ دسپلینکردنی ژنەکان، دەبووایە شەو و ڕۆژ بڕێسن. لەبەرئەوەی پەرەسەندنی ماڵەکانی ڕستن، لە هەمان کاتی بە ناو ڕاوەدوونانی جادووگەراندا ڕوویدا، دەتوانین وای دابنێین ئەم شوێنانە بۆ ڕزگاربوون لە ژنانی ناحەزیش بەکاردەهێنران. هەروەها یەکەم ماڵی ڕستن لە ئەمستەردام دامەزرا – یەکێک لە ناوەندەکانی سەرهەڵدانی سەرمایەداری. وەک دەزانین بۆ دامەزراندنی سەرمایەداری، دەبوو ژنان دسپلین بکرێن تا سەرمایەداری کار بکات. دەتوانین پڕۆسەی بێ بەهاکردنی چالاکییەکانی ژنان و بە تایبەتی ژنانی بە تەمەن ببینین کە پێشتر وەک دانا سەیردەکران. نموونەی بێ هەژمار هەن و لەم پڕۆسانەدا دەتوانین سەرکوتکردنی تەواوی ژنان و شێوازی ژیانیان ببینین.

چۆن و بۆچی ئەمڕۆ دەچنین؟

ئامانجی ئێمە وەک ژنۆلۆژی گەڕاندنەوەی پیرۆزییە بۆ ژیان و تێگەیشتنە لەوەی؛ چۆن دەتوانین ژیانێک بنیات بنێین، کە تێیدا ژیان-بەخشین، نەک ژیان-لەناوبردن، دووبارە شوێنی سەرەکی بگرێتەوە. بەڵام چۆن ئەمە بکەین؟ بۆ دۆزینەوەی ئەوەی چۆن و چی دەمانەوێت بچنین، سەیرکردنی میتۆلۆژیا دووبارە دەتوانێت ڕێگایەکمان پیشان بدات.

لە میتۆلۆژیای یۆنانیدا، چیرۆکی دوو خوشک فیلۆمێلا و پرۆکن دەبینین. پرۆکن شووی بە تێرێئۆس کردووە، تێرێئۆس هەروەها حەزی لە خوشکی ژنەکەی، فیلۆمێلا دەکات. ڕۆژێک فیلۆمێلا دەڕفێنێت، دەستدرێژی دەکاتە سەری و لە کۆتاییدا زیندانی دەکات. بۆ ئەوەی نەتوانێت ئاشکرای بکات، زمانی دەبڕێت. فیلۆمێلا کاری ڕستن و چنینی دەکرد و داوای ڕایەڵێکی کرد تا دیارییەک بۆ خوشکەکەی پرۆکن بچنێت. چیرۆکەکەی خۆی لەناو پارچەکەدا چنی و ناردی بۆ خوشکەکەی (لە هەندێک چیرۆکدا جلێکە، لە هەندێکی تردا تابلۆیەکی سەر دیوارە). پرۆکن پەیامەکەی تێگەیشت، خوشکەکەی ڕزگارکرد و پێکەوە تۆڵەیان لە تێرێئۆس کردەوە. کاتێک ڕاویان دەنێت، خوداوەندەکان هەردوو خوشکەکە دەکەن بە باڵندە تا کوشتنیان ڕاوەستێنن. لێرەدا دووبارە پەیوەندییەک لەگەڵ خوداوەندی باڵندە دەبینین.

بۆ تێگەیشتن لەوەی چی دەچنین، ئەفسانەکانی خوڵقاندن دەتوانن پیشانمان بدەن چۆن دەکرێت جیهان لە دەرەوەی پیاوسالاری و سەرمایەداری شیکار بکرێت و بژین. لە ئەفسانەی خوڵقاندنی هۆپی، هۆزێک لە باکووری ئەمریکا (دوورگەی کیسەڵ)، کە تا ئەمڕۆش بە شێوەی کۆمەڵگەی سروشتی- کۆمەڵگە دایکانە ڕێکخراوە، ژنە جاڵجاڵۆکە فیگەرێکی سەرەکییە. ئەو هێزی هەیە جیهانە جیاوازەکان لە ڕێگەی تۆڕەکەیەوە پێکەوە بچنێت و بیانخاتە ژیانەوە. لە بەشێک لە ئەفسانەکەدا، بە ڕاشکاوی پەیوەندی بە لەدایکبوونی مرۆڤەوە هەیە. ژنە جاڵجاڵۆکە خەڵکی فێر کرد چۆن لەگەڵ سروشتدا بە هارمۆنی بژین. تۆڕی جاڵجاڵۆکە هێمایە بۆ هاوسەنگی نێوان توخمە جیاوازەکانی جیهان و گرنگی ئەم هاوسەنگییە.

بە چنین، فیلۆمێنا توانی بێدەنگی سەپێنراوی بشکێنێت و پەیوەندی لەگەڵ خوشکەکەی دروست بکات. ژنە جاڵجاڵۆکەکان ژیانە جیاوازەکان پێکەوە گرێ دەدەنەوە و پارێزگاری لە هاوسەنگی دەکەن. کەواتە کاتێک باسی چنین دەکەین، ئەمە ئەوەیە کە ئێمە وەک ئەکادیمیای ژنۆلۆژی مەبەستمانە – شکاندنی بێدەنگی و سەرکوتکردنی ژنان، پەیوەندی دروستکردن لەگەڵ یەکتر و دۆزینەوەی هێزی خۆمان. بۆ هەموو ئەمانە پێویستمان بە توێژینەوە هەیە بەڵام وەک دەزانین ئەو توێژینەوانەی لە سیستەمی سەرمایەداری و پیاوسالاریدا دەکرێن لە بەرژەوەندی ژنان یان خەڵکی بندەستدا نین. بۆیە ناوەندی توێژینەوە و گرووپی تایبەت بە خۆمان درووست دەکەین. بابەتی توێژینەوە دەتوانێت بەپێی پێداویستییەکانی ژنان لە جوگرافیا جیاوازەکاندا، جیاواز بێت. توێژینەوەکانمان تەنها بۆ مەبەستی کۆکردنەوەی زانیاری نین. توێژینەوەیە بۆ دۆزینەوەی چارەسەری قووڵ بۆ ئەو کێشە یان ئەو ناکۆکییانەی ڕووبەڕوومان دەبنەوە وەک کاریگەری تەکنەلۆژیا لەسەر کۆمەڵگەکانمان. تێگەیشتنی هەڵەی جوانناسی، کە ئازادی ژنان سنوورداردەکات یان کاریگەری ئایینەکان – تەنها بۆ ناوهێنانی چەند بابەتێک، کە لە ساڵانی دواییدا لێکۆڵینەوەمان لەسەر کردوون. بە سیمینار، کەمپ و پەروەردە لە ئاڵوگۆڕکردنی بەردەوامداین لە گەڕاندنەوەی ئەو زانیارییانەی توێژینەوەیان لەسەر دەکەین، بەڵام هەموو ژنێک و ئەزموون، بۆچوون و زانیارییەکانی وەک دەوڵەمەندکردنی گەڕانمان بۆ حەقیقەت دەبینین، دەزووی تایبەتی خۆی دەخاتە سەر تەونەکە. بە ئازادکردنی مێشک و بیرکردنەوە، خەون و دیدەکانمان لە کاریگەری پیاوسالاری و سەرمایەداری، دەتوانین ئەڵتەرناتیڤی ڕاستەقینە بنیات بنێین.

ڕاستە ئەو ئامێرە سەرەتاییانە ئیتر بە شێوەیەکی بەربڵاو بەکارناهێنرێت، بەڵام گرنگ ئەو بەها کولتووری و مێژووییەیە، کە لە دەوری ئەو تەشیە شێوەی گرتووە، کە لە یەکێک لە داهێنانەکانی ژن-دایکە. بێ ئەو ئامێرانە، هەرگیز ڕستن و چینین بە ڕۆژی ئەمڕۆ نەدەگەیشت. بناغەی هەموو داهێنانە تەکنەلۆژییەکانی سەردەم بەو هەنگاوە بەراییانە دەستی پێکردووە.

بەم شێوەیە، هەروەها هیوادارین هونەری کۆنی چنین بگەڕێنینەوە بۆ ژیان. بە کەڵک وەرگرتن لە دانایی و زانیاری ژنان لە سەرتاسەری جیهان، پێکەوە گرێدانیان و بەکارهێنانی ئەم زانیارییە بۆ گۆڕینی کۆمەڵگە بە گشتی.

سەرچاوە:

https://www.facebook.com/watch/?v=971813007503548

https://goranikurdi.com/ck/track/186

https://syriacmuseum.com/wp-content/uploads/2023/02/DSC009165.jpg

بابەتی پەیوەندیدار