شایەتحاڵیی دوو پارادایمی دژبەیەک

نووسینی: بانیان ماگوسا

شایەتحاڵی زۆر شت بووم. منداڵانێک لە برسان دەگریان، ساوایانێک لە سەرما ڕەق دەبوونەوە و گەنجانی وەک “جوامێر” و “گولیمۆر” کە چاوەکانیان لەبەر بێخەوی سوور هەڵگەڕابوون… بەڵام بە پێداگرییەوە دەیانوت: “ئێمە لێرەین و ئێرە خاکی ئێمەیە”. من ئەو ڕیشەی بەرخودانەم ناسی کە لە ناو بەفروکڕێوەدا، بە برسیێتی و تینوێتییەوە، لە دەوری ئاگر گۆرانی دەڵێن و هەڵپەڕکێ دەکەن.

لەلایەکی دیکەشەوە، شایەتحاڵی ئەوانە بووم کە کتێبخانەکانیان دەسووتاند، ئەوانەی گاڵتەیان بە دامەزراوەکانی ژنان دەکرد و دەیانوت “لای ئێمە مافی ژن بوونی نییە”. یان ئەو دڕندانەی بۆ ئەو ژنانەی بە دیلیان گرتبوون، دەیانوت “بە کیلۆ دەیانفرۆشین”… ئەو کەسانەم بینی کە دوای شەهیدکردنی شەڕڤانانی ژن  (YPJ)، دەستدرێژییان دەکردە سەر تەرمە بێگیانەکانیان و کەزییەکانیان دەبڕینەوە و گوێ و لوتیان دەبڕین.

ئەم دژایەتییە چیمان پێ دەڵێت؟ پێویستە چی بکەین؟

ئەگەر بارودۆخێکی زۆر ڕوون هەبێت، ئەوەیە کە ئێستا دوو پارادایم (سیستەمی فکری) لە شەڕ و ململانێدان. پارادایمێک بە پێداگرییەوە بەرگری لە پێکەوەژیانی گەلان دەکات و بەها دیموکراسییەکان دەپارێزێت، ئەوی دیکەشیان بووەتە بووکەڵەی دەستی دەوڵەت-نەتەوە و کۆمەڵکوژی ئەنجام دەدات.

تەنها بۆ خولەکێک چاوەکانتان داخەن و گوێ لە قسەکانم بگرن: شەڕڤانێکی YPJ لەسەر زەوی کەوتووە و غەرقی خوێن بووە، فیشەک بەر سەری کەوتووە و سنگی بریندارە. چەتەکانی HTŞ و داعش جلی سەربازییەکەی لەبەر دادەکەن و دەیانەوێت دەستدرێژی بکەنە سەری و بە مۆبایلەکانیان وێنەی دەگرن. کەمێک لەولاترشەڕڤانێکی قسد- QSD بەنزینی پێدا دەکرێت و دەسووتێنرێت و لە گیانەڵادایە. ئێستا چاوەکانتان بکەنەوە و لە ویژدانی خۆتان بپرسن: ئایا ئەم دڕندەییەت لە فیلمێکی ترسناک یان کتێبێکی خەیاڵیدا بینیوە؟ نەخێر. بەڵکو ڕاستییە و ئێستا لە شارەکانی ڕەققە، تەبقە و دێرەزۆر لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕوودەدات.

کەناڵەکانی دەوڵەتی تورکیا، چەتەکانی HTŞ و داعش و کۆمەڵکوژییەکانیان وەک “پاڵەوان و ڕزگارکەر” پیشان دەدەن، لە کاتێکدا کەناڵەکانی دەوڵەتانی دیکەی جیهان ڕۆڵی “سێ مەیموونەکە” (نابینم، نابیستم، ناڵێم) دەگێڕن.

بە پێچەوانەی ئەوانەی ڕۆڵی سێ مەیموونەکە دەگێڕن، ژنان زیاتر ڕێکدەخرێن و یەکدەگرن. لە بەرامبەر ئەو عەقڵیەتەی دەیەوێت پارادایمی نوێنەری بەهاکانی شۆڕشی ژن لەناوببات، ژنان بەرگری دەکەن؛ چونکە ئەوان “بێچارەییان”یان تێکشکاندووە. هەر بۆیە دایکان و کچانی گەنج لە ڕیزەکانی پێشەوەی بەرەکاندان. هەر لەبەر ئەم هۆکارەیە کە پێویستە چەمکی خۆپاراستن، دووبارە و دووبارە لێکبدرێتەوە. ئەو خۆپاراستنەی من لە گۆڕەپانی شۆڕشی ژندا بینیم، تەنها وەڵامدانەوەی هێرشەکان نییە، بەڵکو بەرجەستەبوونی ڕۆحی “کۆمۆن”ە.

بابەتی پەیوەندیدار