لە ڕوانگەی ژنۆلۆژییەوە، لە جوگرافیایەکەوە بە ناوی ئیتاڵیا
لە کاتێکدا خۆبەڕێوبەریی باکوور و ڕۆژھەڵاتی سووریا لەژێر ھێرشدایە، لە زۆرێک لە جوگرافیاکاندا کە هەزاران کیلۆمەتر دوورن، زۆرێک لە ژنان وەک بەشێک لە خۆیان سەیری ڕۆژئاڤا دەکەن. سوپاس بۆ ئەو ژنانە، بۆ ئەو هەڤاڵانەی بزووتنەوەکە و کۆمەڵگە، کە هەموو ڕۆژێک لە چوارچێوەی کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیکدا خۆیان ڕێکدەخەن و ئێستا نەک تەنها بۆ پاراستنی خاکێک، بەڵکو بۆ پاراستنی کەرامەتی ژیان بە هەموو شێوەکانییەوە بەرگری دەکەن. هەروەها سوپاس بۆ “ژنۆلۆژی”، ئەو زانستەی کە جارێکی تر واتا بۆ ئەو ئازادییە دەگەڕێنێتەوە کە لە پێناوی کۆمەڵگەکاندا لەدایکبوو؛ لێرەش، لەم جوگرافیایەی پێی دەوترێت ئیتاڵیا، دەرفەتمان بۆ ڕەخسا کە پارادایمە سیاسی، ئایدۆلۆژی و خوێندنەوەکانمان بۆ ئێستا و مێژوو بخەینە ژێر پرسیارەوە.
بە شۆڕشی ژنانەوە — ئەو شۆڕشەی کۆمەڵگە و ژیان — لە بەرامبەر سیستمێکدا کە بە شێوەیەکی سیستماتیک نەخشە بۆ مردن دەکێشێت، دەرفەتی ئەوەمان بۆ ڕەخسا ببینین کە ئەگەری گۆڕینی ئەم ڕێڕەوە بەرەو لەناوچوون بوونی هەیە؛ ئەویش کاتێک ژنان بە شێوەیەکی سەربەخۆ خۆیان ڕێکدەخەن، کاتێک لە ناخی خۆیاندا دەگەڕێن و هەنگاو بە هەنگاو ئەو پۆزەتیڤیزمە تێکدەشکێنن کە دەیەوێت بیانکاتە تاقیگە، ئامێری زاوزێ، یان کاڵای چێژبەخش.
لە بەرامبەر دەسەڵاتی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریدا کە وەک “مایکرۆپلاستیک” دەتوانێت تا ناو خانەکانیش بڕوات، ژنانی کورد پەیوەندییەکی کاریگەر و ئاڵوگۆڕێکی ئازادیان هۆنیوەتەوە کە هەموو شانەکانی کۆمەڵگەی بەهێز و خۆڕاگر کردووە.
بە پەیوەندییەکی “گەردوونی”ییەوە بەو خوشکانەوە کە بەستراومەتەوە — بەو واتایەی کە پەیوەندی بە گەردوون و هێزە نادیار و وردەکان و هێزە کۆنکرێتی و ڕۆژانەییەکانەوە هەیە — لەم شەوانەدا زۆر بیرم لێکردەوە، کاتێک سەیری مانگم دەکرد و دەمزانی کە تەنانەت لە دووری هەزاران کیلۆمەتریشەوە، هەمان ئەو مانگەیە کە لە ڕۆژئاڤایە.
ئەی مانگی هەڤاڵ، تۆ کە پاسەوانی ئێمە دەیکەیت، ئێمەیەک کە لە کەفی دەریا لەدایکبووین.
گەشەکردنی تۆ، وەک شەپۆلێکی بچووک لە ڕووناکی ئە شەوە سەختانەدا،
سەرەقەڵەمێکی لە قووڵایی کاتە دوورەکان داوە.
لە سەمفۆنیای درەوشاوەی پلانکتۆنەکان و گوڵە گەنمە شینەکان،
لە قەوزە نیشتووەکانی سەردەمی “کەمبری” و ئەو باڵندانەی هەموو پاییزێک لە کاتی خۆیاندا دێنەوە.
تۆ هەموو شتێک دەزانیت، ئاگاداری هەموو شتێکیت.
بەو یاسا ناسکەی کە ناوی دەنێین سروشت،
تۆ پرچی خوشکانمانت هۆنیوەتەوە.
ترپەی دڵەکان و گۆرانییە زێڕینەکان
ئێمە یەک جەستەین، گردەکانی ڕووناکی و سێبەر، دۆڵە سەخت و بەپیتەکانی تاریکی.
جارێکی تر، مێژوو لەسەر جەستەی ئێمە نەخش دەکرێت.
ئەی مانگی هەڤاڵ، تۆ کە گوێ لە هەموو شتێک دەگریت و هەست بە هەموو شتێک دەکەیت،
لە ژێر چاکەت و تفەنگەکاندا بە توندی بلەرەوە،
ئەو بزە چەکەرەکردوانە لە ڕۆژە سەختەکاندا کۆبکەرەوە.
تۆ کە بیر لە هەموو شتێک دەکەیتەوە و هەموو شتێک دەڵێیت، ئەم وشانە وەک ئاوی ناو بیرێک ڕەنگ بدەرەوە،
وەک تۆزی ناو با دەچرپێنێ، وەک سەما و گۆرانی خەونەکان…
تا کۆبانێ، بە غەزەدا تێپەڕە، بۆ هەمووان و بۆ هەر یەکێکیان.
تۆ کە هیوای هەموو شتێک دەخوازیت و هەموو شتێکت خۆشدەوێت،
ئاگاداری خوشکانمان بە، کە ڕۆژێکی تر و ڕۆژێکی تریش بەرگری دەکەن.
بەرێوەبەریی ماڵپەری ژنۆلۆژی

