هەناسەی درێژی تەبقا و ڕەققە

دیدار لەگەڵ ژنان لە نێوان جەنگ و شۆڕشی ڕۆژانەدا

ئێمە بە قووڵایی کنە و پشکنین دەکەین، بە ناو چینەکانی هەزاران ساڵدا ڕۆدەچین. گفتوگۆ دەربارەی سەرچاوەی ژیان دەکەین، هەوڵ دەدەین بچینە ناو کرۆکی ئەو پاشماوانەوە کە بە درێژایی سەردەمەکان ماوەتەوە. تۆو لە زەویدا دەچێنین و لە سوڕگەلێکدا کە چەندین ساڵ دەخایەنێت گەورەی دەکەین، بەو هیوایەی ڕۆژێک خەڵک لە ژێر سێبەری ئەم دارانەدا بژین.

لە پڕ دەست بە دوگمەیەکدا دەنرێت و  لە چەند چرکەیەکدا بۆمب دەتەقنەوە. لە سووریا، جوگرافیایەکی بەرین لەگەڵ زەوی تەخت دەکرێن. لە حەلەب، لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا تەواوی گەڕەکەکان بوونە وێرانە. ئێمە بە قووڵی و بە هێواشی کار دەکەین؛ دوژمنیش بە بە خێرایی وێران دەکات.

چەند مانگێک لەمەوبەر، لە گەشتێکی شاندێکدا بووین بۆ ناوچە خۆبەڕێوەبەرەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا. سێ هەفتە بوو کە دەرفەتی دونیایەک ئەزموون و دیدارمان بۆ کرایەوە. ئەمڕۆ دەربارەی هێرشە بەرفراوانەکانی میلیشیا ئیسلامییەکان دەخوێنمەوە کە لە ژێر چەتری حکومەتی کاتیی سووریا و بە پاڵپشتی نێودەوڵەتی، بەرەو تەبقا و ڕەققە دەچن. تەبقا و ڕەققە ئەو دوو شوێنەن کە ئێمەش سەردانمان کردن.

لە کەمپی تەبقا لەگەڵ ئەو ژنانەدا قسەمان کرد کە پێشتر دوو جار ئاوارە ببوون؛ جارێک لە عەفرینەوە کاتێک دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا هێرشی کردە سەریان و دواتر لە شەهباوە، ئەو شوێنەی بەو هیوایە لێی مابوونەوە کە ڕۆژێک لەوێوە بگەڕێنەوە بۆ عەفرین. لە کۆتایی ساڵی ڕابردوودا، دیسان لە شەهباوە لەلایەن “چەتەکانەوە” ئاوارە کران. ئەوان بەم گرووپانە دەڵێن “چەتە”، مەبەستیان سوپای نیشتمانی سووریا (SNA)، تەحریری شام (HTŞ)، نوسرە و داعشە. هێزەکانی بەرگری ڕێڕەوێکی دەربازبوونیان بۆ کردنەوە. لە کاتی هەڵاتنیاندا، لەلایەن ئیسلامییەکانەوە سووکایەتییان پێکرابوو، سەری بڕاویان بینیبوو و هەڕەشەی کوشتنیان لێکرابوو.

لە کەمپی تەبقا، لەلایەن خێزانی جیاوازەوە بانگی ناو خێوەتەکانمان دەکەن. بچووکترین کەس لێرە تەمەنی سێ مانگە و بەتەمەنترین ژنیش ١٠١ ساڵە. ئەمە نیشانم دەدات کە ئەم کۆمەڵگەیە دەبێت چەند بەهێز بێت کە ئەم ژنە بەتەمەنە توانیویەتی هەڵبێت. لە نێوان خێوەتەکاندا ژنێک دەبینین و گفتوگۆیەک لە نێوانماندا لەسەر خۆشەویستی و دایکایەتی دروست دەبێت. ئەو دەڵێت: ” ئەم شۆڕشە، شۆڕشی خۆشەویستییە.” دەڵێت دەبێت فێری ئەوە بین کە خۆشەویستی چییە و چۆن دڵمان بۆ هەموو خەڵک بکەینەوە، وەک دایکێک کە “بێ مەرج خۆشی دەوێن.” ئەو دەڵێت ئەم سەدەیە یان دەبێتە سەدەی شۆڕشی ژن، یان دەبێتە سەدەی بەها نوێیەکانی توندڕەویی-باوکسالاریی.

کاتێک ئەم دێڕانە دەنووسم، دەخوێنمەوە کە “چەتەکان” لە بەردەم تەبقادان. کاتێک بیر لەو کەسانە دەکەمەوە کە لە تەبقا بینیمان، هەست بە گرێیەکی قووڵ لە سنگم و ئازارێک لە دڵمدا دەکەم.

ئەو ژنانەی بینیمانن باسی ئەو شۆڕشەیان بۆ دەکردین کە دەبێت هەموو ڕۆژێک لەپێناویدا بجەنگن، تەنها بۆ ئەوەی ڕێگەیان پێبدرێت سیاسی بن، یان ڕێگەیان پێبدرێت بە سەربەخۆیی لە پیاوان بژین. ژنێکی عەرەب کە لە دامەزراوەی “ژنۆلۆژی” (Jineolojî)  لە تەبقا ڕێکخرابوو، پێی گوتین کە ئەو هەمیشە لەلایەن هەمووانەوە بە سووک سەیری دەکرا. خێزانەکەی کارەکەیان لە ژنۆلۆژی بە کات بەفیڕۆدان دەبینی. پێیان دەگوت تەمەڵ و بێ کەڵک. دواتر عەبدوڵڵا ئۆجالان نامەیەکی لە زیندانەوە بۆ ئەکادیمیای ژنۆلۆژی نووسی. لە ناو دیدگای گۆڕا. خێزانەکەی درکیان بەوە کرد کە ئەو کارێکی گرنگ دەکات. لەو کاتەوە، هاوژینەکەی سەیری هەواڵەکانی دەکات، هەمیشە دەڵێت: ‘ ئاخ، ژنۆلۆژی سەیری هەواڵ دەکات.’ ئەو دەزانێت کە هاوژینەکەی لە ڕووی سیاسییەوە خۆی پەروەردە دەکات و ڕێکخراوە؛ دەزانێت هۆشیارییەکی سیاسی دروست کردووە. ئەمە هێزی پێ دەبەخشێت. ئەمە شۆڕشێکی بچووکی لە ناو خۆیدا، خێزانەکەیدا و هاوسەرگیرییەکەیدا بەرپا کرد. ئێستا هەمووان دەزانن ئەو لە ڕووی سیاسییەوە بەئاگایە و کارێکی گرنگ دەکات.

قسەمان کرد لەسەر ئەوەی ئایا فەلسەفەی بزووتنەوەی ئازادی کورد دژی قورئانە؟ سەری ڕاوەشاند و گووتی : ” ئایین کراوەتە ئامرازێک. تێگەیشتنی باوکسالارانە ڕێگە بە پیاوان دەدات لە ژێر ناوی شەرەف ژن بکوژن، چ لە سەردەمی ئەسەد بێت یان لە ژێر دەسەڵاتی ئیسلامییەکاندا؛ ئەوانە سزا نەدەدران. یەکێک لەو جەنگانەی ژنان دەیکەن ئەوەیە کە ئەم کوشتنانە وەک “تاوان” بناسێنرێن. شۆڕش چوارچێوەیەکی سیاسی و یاسایی پێ بەخشیون بۆ ئەوەی بەرگری لە خۆیان بکەن دژی کوشتن بە ناوی شەرەفەوە. بەڵام کارکردن لە خێزانەکاندا، لەگەڵ باوک، هاوژین و برا، شۆڕشێکی بەردەوامە کە ژنان ساڵانێکە درێژەی پێدەدەن. هەرگیز ئەو خۆشەویستی و هێزەم بیر ناچێتەوە کە لەو گفتوگۆیانەدا بینیم. کاتێک قسەمان دەکرد و ئەوان بە سەبرەوە وەڵامی پرسیارەکانیان دەدایەوە، منداڵێک لەسەر دەست دەگێڕدرا لە دەوری مێزەکە.

بزووتنەوەکە بارودۆخی خەڵک دەگۆڕێت. ژنان بەردەوام کۆدەبنەوە، گفتوگۆ دەکەن و باسی دۆخی سیاسی دەکەن. لەگەڵ ژنانی دیکەدا قسە دەکەن، ڕێکیان دەخەن و هیوایان پێ دەبەخشن. هیوا بۆ ژیانێکی جیاواز، هیوا بۆ ژیانێکی ئازاد. چییان بەسەر دێت کاتێک میلیشیاکانی داعش لە بەردەم دەرگاکانیان بن؟

کاتێک لە ڕەققە بووین، ژنان زیاتر لە ناوچەکانی تری خۆبەڕێوەبەری داپۆشرابوون. هەڤاڵەکەمان دەیزانی لێرە خەڵک ترسێکی زۆری لە داعش هەیە. ڕەققە لەلایەن داعشەوە وەک پایتەختی خەلافەت دەبینرا. ترسی گەڕانەوەی داعش ڕێکخستنی خەڵک قورس دەکات. لێرە بە دەگمەن ژنێکی بێ حیجاب دەچێتە دەرەوە، چونکە دەترسن ئەگەر ئیسلامییەکان دووبارە دەسەڵات بگرنەوە دەست، لەسەر ئەوە دەکوژرێن. ساڵانێکی دەوێت تا ژنێک بتوانێت متمانەی پێویست بەدەست بهێنێتەوە بۆ ئەوەی دەنگی هەڵبڕێت. پلانی چەتەکانی داعش بۆ گرتنی ڕەققە، ئامانجی ئەوەیە جارێکی تر ئەو چروسکی هیوایانە بکوژێنێتەوە کە بە ڕەنجێکی زۆر بەرهەم هاتوون.

بیر لە (ز.) دەکەمەوە کە لە تەبقا دەژی. کاتێک لەبەردەم دەرگای ماڵەکەیدا وەستابووین، بە دەموچاوێکی پڕ لە فرمێسکەوە پێشوازی لێکردین. ئێمە درەنگ گەیشتبووین؛ ئەو وایزانیبوو شتێکمان بەسەر هاتووە. دوو شەو لە شوقەکەیدا خەوتین. هەموو ئێوارەیەک ئایسکرێمی بۆ دەهێناین. ئەو ژنێکی زۆر بەخۆباوەڕ بوو. هەڵهاتبوو، مێردەکەی جێهێشتبوو و پەیوەندی بە بزووتنەوەی ئازادی کوردەوە کردبوو. دەیگوت: “ئێستا ئازادم، ئەوە باشترین بڕیار بوو کە دابێتم.”

لە تەبقا، ژنێکی تر یاوەریی کردین. یەکسەر هەستم بە پەیوەندییەکی بەهێز کرد لەگەڵیدا. هێشتا گەنج بوو، لە ناوەڕاست یان کۆتایی بیستەکانی تەمەنیدا بوو. قژی ئەوەندە درێژ بوو دەگەیشتە پشت ئەژنۆکانی. لە کاتی شۆفێریدا زۆرجار دەنگی مۆسیقای زۆر بەرز دەکردەوە، لەگەڵیدا گۆرانی دەگوت و بە پێکەنینەوە سەیری دەکردین. هەمیشە ئەو شۆفێری دەکرد. بۆ ڕزگارکردنی ڕەققە لە دەست داعش، لەگەڵ سەربازانی هاوپەیماندا جەنگابوو. دەیگوت: ” پیاوەکان هەمیشە بە سووکی سەیریان دەکردم. وایان دەزانی دەتوانن کاری زیاتر بکەن تەنها لەبەر ئەوەی پیاون. بەڵام لای هێزەکانی ئێمە وا نییە. یەپەژە (YPJ) زۆر باشترە.”

جارێکیان بەیانی زوو لە خەو هەستام و ویستم پێش ئەوەی ئەوانی تر هەستن مێزەکە دانێم. ئەو لە من خێراتر بوو و پێشتر مێزەکەی ئامادە کرد. زەردەخەنەیەکی بۆ کردم و گوتی: “بۆ ئەوەی زیاتر بخەویت.” پێکەوە دانیشتین و هەوڵماندا لە ڕێگەی  (Google Translate)ـەوە گفتوگۆ بکەین. وێنەی پیاوێک لەسەر شاشەی مۆبایلەکەی بوو. پرسیم: “ئەوە هاوڕێکەتە؟” گوتی: “بەڵێ، مێردەکەمە. دەبوو هاوسەرگیری بکەم. بەڵام ژیان لەگەڵ هەڤاڵەکانم زۆر باشتر بوو.” پرسیم: ” بۆچی ناگەڕێیتەوە و لە مێردەکەت جیا نابیتەوە؟” گوتی: “ئاڵۆزە… خێزان… هەوڵ دەدەین. تۆ باشترە لەگەڵ هەڤاڵەکانت بمێنیتەوە!” ئەمەی بە نیگایەکی نەرمەوە گوت.

کاتێک ڕەققە و تەبقا جێدەهێڵین، دەڕۆین بێ ئەوەی بتوانین ماڵئاوایی لێ بکەین. بەڵام (س.) پێمان دەڵێت کە ئەو نەیویستووە ماڵئاوایی بکات چونکە دڵنیایە دیسان یەکتر دەبینینەوە. ئەمانە تەنها چیرۆکی بچووکن، بەڵام لە ڕێگەی ئەوانەوە تەبقا، ڕەققە، خەبات و بەرخودانی ژنان لە سووریادا لە دڵمدا هەڵدەگرم. کاتێک لەوێ بووم، هەموو وردەکارییەک نیشانی دەدام کە ژنانی ئەوێ هەموو ڕۆژێک چ شۆڕشێکی گەورە بەرپا بکەن بە ڕێکخستنکردنی خۆیان، دروستکردنی ئیرادەی خۆیان و بەرگری لە خۆیان دەکەن لە بەرامبەر هێرشەکان لە هەموو لایەکەوە. بزووتنەوەی ئازادی کورد و فەلسەفەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان ئەو هێزەی پێ بەخشیون کە هەموو ئەمانەی گونجاندووە. داگیرکارییە نوێی هێزە ئیسلامییەکان بۆ ناوچەکە، بۆ ئەوان واتە دووبارە ئاوارەبوون، یان زیندانیبوون لە ناو دیوارەکانی ماڵدا، دەستدرێژی و کوشتن.

هەناسەم لەم ڕۆژانەدا تەنگە. ناتوانم هەناسە بدەم. بەردەوام ئەو دەنگە کورتەی مۆبایلەکەم ئاگادارم دەکاتەوە، دیسان وێنەی نوێ، هەواڵی نوێ دەربارەی هێرشەکان دژی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیک. ساڵانێکی درێژی خەبات لە پشت و ساڵانێکی زۆریش لە پێشمانە. دەبێت هەناسە بدەین. هەناسەدان بۆ هەموو ئەو دەستکەوتانەی لە خەباتەکانی پێش خۆماندا بەدەست هاتوون، ڕێگەمان پێ دەدەن بژین.

ساتێکی ئارامی دەدۆزمەوە کاتێک لە نێوان نامەکانی ناو مۆبایلەکەمدا، وێنەی ژنێکی گەنج دەردەکەوێت. شەهید دەنیز چیا، فەرماندەیەکی بەرخودان بوو لە حەلەب و ژنێک بوو کە تا دوایین فیشەک بۆ بەرگری لە گەلەکەی جەنگا. دوایین قسەکانی ئەمانە بوون: “ئەوانەی ناتوانن لە کاتی پێویستدا ڕووبەڕووی مردن ببنەوە، ناتوانن ببنە هەناسەی ژیانێکی ئازاد.”

ڕووباری ئەم شۆڕشە لە ملیۆنان دڵۆپی بچووک پێکهاتووە؛ لە بەریەککەوتن، گفتوگۆ و ساتەکان، لەو ژنانەی لە کەمپی ئاوارەکاندا خۆیان ڕێکدەخەن، ئەو ژنانەی باس لە ئازادی دەکەن، ئەو ژنانەی دوایین فیشەک هەڵدەگرن بۆ ئەوەی نەکەونە دەستی دوژمن. ئەو ژنانەی بۆ بنیاتنان کۆدەبنەوە و لە ساتەکانی لەناوچووندا هیوا هەڵدەبژێرن. ڕۆژانە سەدان شۆڕش، کە لە کۆی گشتیدا تەنانەت بەردی ڕەقی سەردەستەییش دەشکێنن. لەم ڕۆژانەدا بە ئازارەوە دیسانەوە بیرمان دەخرێتەوە: ئاسان نابێت. بەڵام ئێمە هەمیشە بەردەوام دەبین لە ڕۆیشتن و هەرگیز پاشەکشە ناکەین.

بابەتی پەیوەندیدار