ئەکادیمیای ژنۆلۆژی هەندێ لە تاوانەکانی جەنگ دژی منداڵان لە ڕۆژئاڤا و سووریا ئاشکرا دەکات

ئەکادیمیای ژنۆلۆژی ڕۆژئاوا ڕاپۆرتێکی نوێی ئامادە کردووە ( بە زمانەکانی ئینگلیزی و ئەڵمانی) بۆ شیکردنەوەی کاریگەریی ئەو هێرشانەی دواییە کە لە لایەن حکومەتی ڕاگوزەری سووریا (کە لەلایەن هەیئەت تەحریر ئەلشام  -ـەوە پێکهێنراوە) لە ٦ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦دا دژی منداڵان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ئەنجام دران.

ئەو هێرشانەی لەلایەن سوپای سووریا، گروپە چەکدارەکانیان و چەکدارە خێڵەکییەکان (بە ئەندامانی پێشووی داعشیشەوە) و سوپای تورکیای ئەندامی ناتۆ ئەنجام دراون، بە شێوەیەکی سیستماتیک مافە بنەڕەتییەکانی منداڵانیان بۆ ژیان، تەندروستی، خۆراک، پەناگە، یاری، پەروەردە و ئاسوودەیی دەروونی پێشێل کردووە. ئەم ڕاپۆرتە پشت بە شایەتحاڵە مەیدانییەکان، یاداشت و نموونە بەڵگەدارکراوەکان بەستراوە کە بە ڕوونی ئەوە دەخاتە ڕوو منداڵان «قوربانیی لاوەکی» یان تەنها ئازارچەشتوویەکی پاسیفی جەنگ نین؛ بەڵکو کارەکتەری کۆمەڵایەتین کە ڕاستەوخۆ وەک ئامرازێک بۆ ژێردەستەکردنی کۆمەڵگە و کۆنترۆڵکردنی داهاتوو دەکرێنە ئامانج.

ئامانجی ڕاپۆرتەکە تێپەڕاندنی ئەو تێڕوانینە تەسکانەیە کە جەنگ تەنها وەک پێکدادانی چەکداری، جووڵەی بەرەکانی جەنگ و ئەنجامە سەربازییەکان دەبینن. ئەم توێژینەوەیە جەنگ وەک شێوازێکی فرەڕەهەند و سیستماتیکی توندوتیژی دەبینێت کە لەلایەن عەقڵییەتێکی باوکسالار، دیکتاتۆر و داگیرکەرەوە بەسەر کۆمەڵگەدا سەپێنراوە. ئەم توندوتیژییە تەنها بە بۆمب و چەک بەرهەم نایەت، بەڵکو لە ڕێگەی ئاوارەکردنی زۆرەملێی، ڕفاندن، دروستکردنی ترس و تۆقاندن، هەژاری و هەڵوەشاندنەوەی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانیشەوە بەرهەم دێت. قورسترین لێکەوتەکانی ئەمەش لە جەستە، ڕۆح و خەونەکانی منداڵاندا دەبینرێت.

ئامانجی ئەم ڕاپۆرتە ئاشکراکردنی ئەم پێشێلکارییانەیە و مامەڵەکردنە لەگەڵ ئەزموونەکانی منداڵان نەک تەنها وەک کارەساتێکی مرۆیی، بەڵکو وەک هێرشێکی کۆمەڵایەتی و مێژوویی. بۆ منداڵان، جەنگ تەنها ئەو ساتە نییە کە چەکەکان تێیدا دەدوێن؛ بەڵکو پرۆسەیەکە کە تێیدا تەواوی بەردەوامیی ژیان دەپچڕێت و ئاسایش، هەستی سەربەخۆبوون و داهاتوو بە شێوەیەکی سیستماتیک وێران دەکرێن. جەنگ بە شێوەیەکی سیستماتیک ئاسایشی جەستەیی و دەروونی منداڵان، هەستی ئینتما، مافی خوێندن و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانیان دەکاتە ئامانج.

ژنۆلۆژی بە شێوەیەکی گشتگیر (هۆلیستیک) لە ژیان دەڕوانێت؛ چەقەکەی ژن و کۆمەڵگەیە. لەم ڕوانگەیەوە، هەر هێرشێک دژی منداڵێک، لە هەمان کاتدا هێرشە دژی ژنان، کۆمەڵگە و ئایندە کۆلێکتیڤەکەی. منداڵان داهاتووی کۆمەڵگەن؛ هەر هێرشێک بۆ سەر منداڵان هێرشە بۆ سەر یادەوەری و بەردەوامیی کۆمەڵگە.

دەتوانن ڕاپۆرتەکە لێرەدا بە زمانی ئینگلیزی ( ڕاپۆرت) و لێرەشدا ( ڕاپۆرت)ەکە بە زمانی ئەڵمانی دابگرن.

بابەتی پەیوەندیدار