ڕوانگەی گەردوونی کولتووری دێرینمان

ڕۆنی ئەیلەم

چەند ڕۆژێک بوو لەگەڵ زیاتر لە سەد هەڤاڵ و هاوڕێی ژن لە کۆنفرانسی ژنۆلۆژیدا بووین. کۆبوونەوەی ژنانی ناوچە و کولتوورە جیاوازەکان لەسەر بنەمای ژنۆلۆژی، بەقەد ئەوەی پڕ لە پەرۆش و خۆشی بوو، بە هەمان ئەندازەش لە ڕووی ئاڵوگۆڕکردنی ئەزموونە ژنۆلۆژییەکان لە تەواوی کایەکانی ژیاندا هۆشیارکەرەوە، ڕێنیشاندەر و ئاسۆبەخش بوو.

لە خۆم پرسی: ئایا ئەم وزە ژنەرژیکە چییە کە ژنانی جوگرافیا جیاوازەکان لە دەوری یەک کۆدەکاتەوە؟ ئەوەی زۆربەیان کوردی دەزانن و بە ڕەوانی قسەی پێدەکەن زۆر دڵخۆشکەرە… لە قسەکردن زیاتر، ئەوەی کە کوردی وەک زمانی ژیانی ئازاد، پەیوەندیداریی، هۆشیاری و هەست دەبینن، بە دڵنیاییەوە ڕوانگە و خرۆشانی گەردوونیی کولتوورە دێرینەکەمانە… ئاوێتەبوونی جەوهەر و ڕیشەی دێرین و خرۆشانی بۆ ناو جەستە جیاوازەکان، لایەنی چاکە و جوانیی بوونە…

دیارە؛ لە سەردەمێکدا دەژین کە واتا و هەست تێیدا بەرەو توانەوە دەچێت، لە ڕاستیدا لە توانەوەش تێپەڕیوە و بێبەها کراوە. لە شوێنی دڵی ژیان، سەوزی کایەی ژیان، ئاو و هەناسەی ژیان، قەڵەویی و ئاڵوودەبوونی بەردەوام “خلیسکاندنی شاشە” و کوشتنی کات، مرۆڤ و کۆمەڵگە ڕۆژ بە ڕۆژ دەکاتە ڕووبۆت؛ خوێندنەوە، سەرنج و خوڵقاندنی واتا، بەها و هەست دەکوژێت. عەقڵی گریمانەیی پیاوسالاریی سەردەست، پەرە بە نەنووسین و بیرنەکردنەوە دەدات و بە دەستی خۆمان لەناو گێژاوی کۆیلایەتیی هەڵبژاردنە بەناو ئازادەکانماندا لەناومان دەبات. ڕزگاربوون لە ئۆتۆماسیۆنی (خلیسکاندنی شاشە)، سەرنجدان، نیشاندانی سەبر بۆ خوێندنەوە و نووسین، و بێگومان لە هەمووی گرنگتر دەرچوون لە پەیوەندییە میکانیکییەکان، جوانترین لایەنەکانی ئەم جۆرە کۆبوونەوانەن… ڕیشەکێشکردنی چەمک و زانیارییەکان، دەستگەیشتن بە ڕێگاکانی گەیشتن بە ڕاستی و هۆشیاربوونەوە لەگەڵ گەیشتن پێیان و ئاشکراکردنی ئازایەتیی دەرهێنانی ئەو خەنجەرەی پیاوسالاری داویەتی لە مێشک و مێژوو و ئەدەبیاتماندا لە ڕێگەی کۆکەرەیی هەر یەکێکمان لەگەڵ بوونی خۆیدا؛ جیاوازیی تایبەتیی زانینی ژنانە، خوێندنەوەی ژنانە و ژیانی ژنانەیە…

باش بوو بۆمان…

سیفەتی ئەم سەردەمە، کە ژیان و بوون تەنها بۆ بیۆلۆژیزم کورت دەکاتەوە، لەبری ژیان، مێتا (کاڵا و کەلوپەل) دادەنێت و ئەم خولگەیە دەکاتە بت، سات بە سات ژیان، سروشت، ژن و کۆمەڵگە دەشکێنێت و دەیکاتە خڵتە و پاشماوە. جەماوەریبوونی زبڵ و خڵتە یان کۆکراوەی توێکڵەکان، سەرمایەداری بە پێوە ڕادەگرێت و چەرخەکەی دەسوڕێنێت… لەم ژینگەیەی ناوەندی جیهانی مەجازی حوکم لەسەر هەر یەکێکمان و هەموومان دەکات، تەنانەت ڕۆچۆتە ناو موولولەکانی خوێنمانەوە و عەقڵ و هەستمان دەگۆڕێت؛ دابڕان لە ئامرازەکانی ئەم جیهانە مەجازییە و گوێگرتن لە عەقڵ و دەنگی ڕۆح و ئیلهامە بریندارەکانمان، خۆی لە خۆیدا چەندە باش بوو بۆمان… فێربوون لە ڕێگەی پەیوەندیکردن لەگەڵ یەکتردا، ڕەواندنەوەی هەژاریی مەعریفی و هەستیارییمان بە دەوڵەمەندییەکانی یەکتر، تێرکردنی ڕۆحمان بە بەیەکەوەبەخشینی جیاوازییە کولتوورییەکانمان و تێگەیشتن لەوەی بۆچی و چۆن دەبێت بژین بە ئاست و پایەی ئەو پەیمانانەی بە یەکترمان داوە و بە ئازاری ئەو شتانەی لەدەستمان داون بۆ ئەوەی ئازادی بە پێوە بێنێت و نەمرێت؛ ئایا خۆی لە خۆیدا ئەوە ڕۆح و عەقڵی زانینە نییە؟

زیادکردنی کۆلێکتێڤەکانمان بەرامبەر بە دژە-کۆمەڵگەیی

دەرچوون لە چەرخی چەوسێنەری سیستەمی سەرمایەداری کە تەواوی حەقیقەتی بوونی مرۆڤ دەڕەتێنێت، و گەڕان بەدوای ڕێگاکانی زیادکردنی کۆلێکتێڤەکانمان دژ بە دژە-کۆمەڵگەبوون بە ڕێگەی هاوبەشکردنی ئەزموونەکانمان بۆ ئیرادەی بەرهەمهێنانی ئەلتەرناتیڤەکان؛ سیاسیبوونی کۆمەڵایەتیبوونمانە لە ڕووی ژیان، هۆنینەوە و بونیادنان… تا گەڕان و ژیان بۆ چاکە، جوانی و ئازادی تێکەڵ بە یەکتر نەبن، تاوەکو فێربوون بە دەم ڕێکردنەوە و ڕێکردن بە فێربوون گەشە نەکات، قسە جوانەکان هەڵدەفڕن و دەبنە بڵق و لە سنووری دابڕانی میستیکیدا دەمێننەوە… بۆیە جەوهەر و ئامانجی دانوستاندنەکانمان ئەوە بوو کە چۆن ژنۆلۆژی کە زانینی ژیانی ئازادە، کۆمەڵایەتی بێتەوە و سادەبێتەوە، چۆن کاتێک دەچێتە ناو ژیانی ژنانەوە ڕێگە لە خولگەی پەیوەندییە کوشندەکانی ڕەگەزگەرایی دەگرێت و بە تێپەڕاندنی ئەوەش چۆن ڕێگە لە قڕکردنی ژنان و کۆمەڵگە دەگیرێت. ئایا پێوەری دەرهێنانی زانیاری و زانین لە ناوچەی خۆڵەمێشی، بەرهەمنەهێنانی ئەندازیارێتی کۆمەڵایەتی، و دەرهێنانی لە دیموگۆجی لە پێناوی چاکەی کۆمەڵایەتی، سوودی کۆمەڵایەتی و بەرگریی کۆمەڵایەتی نییە؟ ئەگەر زانین لە پەیوەندیی بەرهەمهێنانی دەسەڵات، هێز و هەژموونگەری دەرنەهێنرێت، بەردەوام دەبێت لە کوشتنی کۆمەڵگە و ژیان. ئایا گۆی زەویمان بەهۆی ئەوەوە نەبووەتە دۆخێک کە بە خێرایی زانین و زانست لە سوودی کۆمەڵایەتی و ئێتیک دابڕێنراوە و لەلایەن مشتێک تەکنۆ-فاشیستەوە بەبێباکانە بەکاردەهێنرێت؟ بە دانانی گەشەپێدانی زانینی هەمەگیریی (هۆلیستیک) لە شوێنی عەقڵ-هەستی پارچەبوو، تاك-کۆمەڵگەی پارچەبوو، و زانست-فەلسەفە و ئێتیکی لەیەکتر دابڕاو و لە پەنای ئەم گەشەپێدانەشدا بە ئافراندنی پەیوەندیداریی و سیستەمی ئەم جەوهەرە لە بنەمای دانوستاندنەکانماندا، هەوڵماندا پەرە بە چارەسەری هاوبەش بدەین.

بە یەکترمان گوت کە دەبێت کەمێک گومانمان لە وێرانکردنی گشتگیرانە، بەدیهاتنی گشتگیرانە، و بیرکردنەوەی گشتگیرانە هەبێت. لە ڕاستیدا، گۆڕینی ئەو تۆڕی پەیوەندییانەی تێیداین لە ڕووی زەیینیی و ژیانییەوە، تا ئەو شوێنەی ژیانی مرۆڤانە و سۆشیالیستانە بکەینە شتێکی کرداری، دروستکردنی جێگرەوەکان ئەگەر زۆر بچووکیش بن (میکرۆ)، کاریگەریی دۆمینۆییانەی وەک فڕینی پەپوولە دروست دەکات. چۆنایەتی، جەوهەر و بەرهەمهێنانی کۆلێکتێڤانەی، کاتێک دەبێتە ژیان و کولتوور، ژوورەکانی تایبەت بە خۆمان و بە یەکتر زیاد دەکات.

ساڕێژبوون – وەستان – ئارامبوونەوە

لەناو ئەم شیکارییانەدا، بینینی بریقەی چاوی یەکتر، دانیشتن لەگەڵ یەکتر، هاوبەشکردن و هاوئەقڵیی و هاوهەستیی بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ ئەو کێشەیانەی ژن ڕووبەڕووی دەبنەوە، گەشەپێدانی کۆی ئەمانە دەبێتە “هەڤاڵێتی” و کەوتنە ژێر کاریگەریی جوانیی ئەمانەوە؛ جوانترینیان ئەوە بوو کە سەیری مۆبایل نەکرا کە لە دڵەڕاوکێی ئەوەدا بین ئایا چ پەیامێک هاتووە، دوورکەوتنەوە لە تەکنۆ-هابیتوس (تەکنەلۆژیای خوویەیی)، ئارامبوونەوە، لە کۆڵبوونەوەی دڵەڕاوکێی گەیشتن و پێگەیشتن؛ هەموومانی ساڕێژ کرد، و ڕایوەستاندین… ڕاکەڕاکی بێ شوێنەوارمان، بەیەکدادانی کوێرانەمان، و هەوڵی ڕزگاربوون لە ساردیی فۆرمە بیرۆکراتیکییەکان لە لای هەمووان هەبوو. ڕزگاربوونی ئەوانەی تێکۆشان بۆ ئازادیی کۆمەڵایەتی، ئازادیی ژن و ئازادیی خاک دەکەن و ژیانی خۆیانی پێدەبەخشن لە کۆیلایەتیی دۆگماکان، مۆنۆتۆنی (سادەیی و بێزارکەری)، بێڕۆحی و بێواتایی لەبەرکراوەکان و گەڕانەوەیان بۆ ڕەوتی جەوهەر و پەیوەندیداریی؛ دەبێتە یەکێک لە هەنگاوەکانی دەرچوون لە قەیرانە بونیادییەکان.

لەپێناو ئەمەشدا، هەر یەکێکمان کەمێک وەستاین و پرسیارمان لە خۆمان کرد، لەبەرامبەر سامناکی و بێبەزەیی بەرەوکوێچوونی باری دەروونی و زەیینی جیهانەکەماندا، باسی ئەوەمان بۆ یەکتر کرد کە چۆن چاکە و عەقڵی هاوبەش لەم دیستۆپیا (تاریکییەی) تێیکەوتووین ڕزگارمان دەکات و چۆن بەرەنگاری دەبینەوە، و ئیرادە و سووربوونمان لەسەر تێکۆشان تیژتر کردەوە.

ڕەگ، ناسنامە و دایکەکانمان

بە قوڵی هەستمان بەوە کرد کە بۆچی چیرۆکی دایکەکانمان نازانین، ئەم نەزانییە شاراوەیە لە کوێوە دەستپێدەکات، و کاتێک درک بەو نامۆبوونە دەکەین کە بە کۆدەکانی هزری پیاوسالاری و کولتووری کۆدکراوە، چۆن لە یەکتر نزیک بینەوە. کاتێک لە زاری ئەم ژنانەوە گوێبیستی نەزانراوەکانی مێژووی ژنان بووین، تەنانەت لەو جوگرافیایانەی کە بە ناوەندی زانست و عەقڵانییەت دادەنرێن و گوێمان لە بێبەشبوونیان لەم خود-هۆشیاریی بوو؛ بینیمان کە لە هەر شوێنێکدا تێکۆشان و هۆشیاریی ژنانی کورد بەری کەوتبێت، چۆن گەڕان بەدوای ڕەگ و ناسنامەدا لەناو ژناندا دروست دەکات… تێگەیشتین کە سەرکەوتنی بنەڕەتیمان ئەوەیە ژنۆلۆژی وەک زانینی ژیان، لە چەمکێکی تیۆری زیاتر، لە ڕاستیدا گەڕان بەدوای ڕەگ و ناسنامەدا لە هەر ژنێکدا (لە هەر کوێیەک بێت) زیندوو دەکاتەوە و ئەم لێگەڕینەش دەگوڕێت بۆ توێژینەوەی کۆلێکتێڤ، و میتۆد و ئامانج یەکتر دەگرنەوە.

دار تووەکەی ناگیهان

لەو هۆڵەی دانوستاندنەکانمان تێیدا بەڕێوەدەبرد، دار تووەکەی ناگیهان، پەرتووکەکان و شیعرەکانی، ئەو وێنەیەی هەڤاڵە ئینتەرناسیۆناڵەکانمان کە لەسەر دار هەڵکۆڵرا بوون، ئەو نەخشانەی لە وێنەی پێشەنگە شەهیدەکانی ژنانەوە چندرابوون، و کەرەستە نووسراوەکانی کار و چالاکیی کۆلێکتێڤی ژنان لە ناوچە جیاوازەکاندا؛ وەک چۆن هەستی هەموومانی بزواند ، بە هەمان شێوە پێچەوانەی ئەو زانیاری و زانینانەی بەرەو بەکارهێنان و تێكچوونمان دەبەن، هانی داین بۆ خوێندنەوەی دووبارە، توێژینەوە و خرۆشانە ناو ڕووباری زانیاریی ئازادکەری ژن و ئیکۆلۆژی. منیشی پاڵپێوەنا بۆ ئەوەی دووبارە سەرنج بدەم و بنووسم. پێموایە پێویستیی ڕوانگەی ژنۆلۆژیش لەسەر شکاندنی ڕێسا کۆنەکان و قاڵبە باوەکانی ئێمەی سەرقاڵ بە میدیای ئازادیخواز ئاشکرایە… تەشییەکەی خۆمان دەسوڕێنین. دەیسوڕێنین وەک هەڵگرانی زانین و ڕەنج، و وەک بیناتنەرانی ژیانی ئازاد…

بابەتی پەیوەندیدار