ڕانانێک بۆ کتێبی گەڕیدەی حەقیقەت
چیمەن حەسەن
بۆ کتێبە پر بە پێزو جوانەکەی هەڤاڵی شەهید ناگیهان ئاکارسەل، گەڕیدەی حەقیقەت کە هەڤاڵی هێژا و ئازیز نەجیبە قەرەداخی زۆر بە جوانی وەریگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی-سۆرانی، ئێمە ناتوانین لەو گوتارە نایابانەی ناگیهان لابدەین، چونکە ئەم کتێبەمان پێمان ئاشنا دەکات کە خۆی گوڵەکێوییەکە تا دواڕادە عاشق و ڕاستگۆی کوردستانە، هەموو ئەو بابەتانەی بۆ شیکردووینەتەوە کە بەدوایدا دەگەڕێین، ئەویش بە سوود وەرگرتن و شیکاریەکی زۆر لەسەر ژنۆلۆژی.
ئەو باس لە سروشت و شعر و هونەرو ئازادی ژن دەکات بۆ ئەمانەش ڕوح بەبەر وشەدا دەکات. ئەو باس لە حەقیقەت دەکات و پێمان دەڵێت ؛ ” حەقیقەت، چیرۆکی تێگەیشتنی مرۆڤە بۆ ئەزەلیەت و ئەبەدیەت. لە هەمان کاتدا چیرۆکی خودناسیە” و ئامانجەکانی ژنۆلۆژیمان بۆ ڕوون دەکاتەوە بەم چەند خاڵەی کە جێی سەرنجن؛
پاراستنی جوانی و زانین، مەعریفەیە.
جوانکردن و هەمەچەشنکردنی مەعریفە، واتاکان چەند هێندە دەکات. بەجۆرێک کە بەها ئێتیک و ئێستیتکەکان فەراهەم دەکات، هەروەها ڕێبازی بەها ئەخلاقی و جوانناسیەکانیش دەستنیشان دەکات و جوانیان دەکات. ڕێبازێکی تریش شیعرە،؛ بۆ نموونە شیعر لای ئێزیدیەکان ڕیشەی مرۆڤایەتیە، شێوازێکی ژیانە.
بۆ یارسانەکان شیعر وەک نهێنیەک پێناسە دەکرێت، کە واتا سەرەکیەکانی ژیان تێدا شاراوەیە، شیعرو ژن حەقیقەتی یارسانەکان دەگێڕنەوە. ئەوەی دەمانەوێت بیڵێین هەر یەکێک لەم کولتوورو نەریتانە زمانی ژنۆلۆژی پێکدەهێنێت.
ئۆجالان دەڵێت؛ “خۆناسین بناغەی هەموو ناسینەکانە.”
تێگەیشتنی کۆمەڵگەی سرووشتی ژن سەرچاوەی هزرەکانی هێرمێسە، کە ڕەمزی حیکمەتە، کە شۆڕشی کشتوکاڵی بەرپا کرد، بەڵام ئەو ژنەی یەکەم داگیرکراوە لەسەردەمی هێرمێسدا بوونیان نەما.
ئۆجالان لە هەموو بەرگرینامەکانی ئاماژەی بەوە کردووە کە ناکۆکی سەرەکی لە مێژوودا لە نێوان ژنی کۆیلە و پیاوی بەهێزو فێڵبازدایە، نەک ناکۆکی نەتەوەیی و چینایەتی.
لە میتۆلۆژی میسریەکاندا ئیسیس دایکی خوداوەندی خۆر هۆرۆسە کە پەیکەرێکی ڕوخسار داپۆشراوی هەیە و کتێبێکی داخراو لەسەر ئەژنۆکانیەتی لەژێر پەیکەرەکەدا نوسراوە؛ ” هیچ مرۆڤێکی فانی نەیتوانی پەردە لەسەر ڕوخسارم هەڵداتەوە.” بەڵام ژنۆلۆژی پەرە بە شیکردنەوەیەک دەدات کە پەردەی سەر ڕووی ئیسیس بە پارادایمێکی ژیان لە تەوەری ژن و سیستمەکەیدا هەڵدرێتەوە.
ژنۆلۆژی زۆر جیاوازن لە ڕێبازە پۆزەتیڤستەکەی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری، بەڵام لە بری ئەوەی بەتەواوەتی ڕەتیبکاتەوە بە وریاییەوە مامەڵە دەکات کە بەشێکی حەقیقەت لەو ڕێبازانەشدا هەیە
ژنۆلۆژی نە لەسەر بنەمای ڕاستەهێڵانەی گەردوونگەراییە و نە لەسەر بنەمای ڕێژەگەرایی، تاکانەیی و خوولگەییە، بەڵکو زانستێکی کۆمەڵایەتییە لەسەر بنەمای ڕێبازێکی دیالێکتێکی ناڕوخێنەر کە گوزارشت لە هاوئاهەنگی ژیری شیکاری و ژیری هەستیاری دەکات.
ژنۆلۆژی ڕێبازی کراوەیی بە ڕووی فرەیی، گریمانەیی و ئەڵتەرناتیڤ و ڕێبازە دیموکراتییەکان بە بنەما دەگرێت کە دەرفەت بۆ کۆمەڵگەی دیموکراتی دەکاتەوە. ژنۆلۆژی لە هەمان کاتدا وەڵامدانەوەیەکیشە لە بەرامبەر ڕێبازی پۆزەتیڤیزم.
یەکێک لە ئامانجە سەرەکیەکانی وەڵامدانەوەی پێداویستیە کۆمەڵایەتیە سەرەتایەکانە، بە تایبەتمەندیە فرەکولتووری، ناقۆرخکاری، ئیکۆڵۆژیست، فێمینیسەکانی کە هەر جیاوازییەک وشیاریەک درووستدەکات و بە ڕێبازێکی نەرم و ئازاد، خۆبوون خۆی بخوڵقێنێت.
ئاشکرا کردنی ئەو ڕاستیە بە ژنۆلۆژی و ئەنجامدانی شیکاریەکی زانستیانە، دەبێتە هۆکارێک بۆ واتا کردنی بوون. لە هیچ تێکۆشانێکدا نە پیاو و نە ژن خۆیان نەخستۆتە ژێر لێپرسینەوەیەکی ئاوا قوڵەوە.
ئۆجالان دەڵێت: ئەوانەی ناتوانن ژیانێکی ئەڵتەرناتیڤ لە دژی شێوازی ژیانی قۆرخکاری سەرمایەداری پەرە پێبدەن، ئەوانەی کراوەن بۆ هێرشی ئایدۆلۆژی سیستەم، زۆر زوو لەبەریەک هەڵدەوەشێن و هزرەکانیان پێشوەختە پیر دەبن. هەر لەبەر ئەم هۆکارەشە ئێمە جیابوونەوەی ناکۆتا و پارادایمی ئەڵتەرناتیڤمان هێنایە ئاراوە. تەنانەت هاوژیانی ئازادمان وەک دامەزراوەیەک چارەسەر کرد.
هەر لە بارەی ئێزیدیەکان ناگیهان ئاکارسەل لە کتێبەکەدا باسی کردوون دەڵێت: ” هەندێ ڕووخسار هەیە لە هەموو هێڵێکیدا هەڵگری هاواری ئازارێکە کە نوقمی بێدەنگیە. ئازارێک سەدهەزار جار لەو ڕووخسارانەدا نوێ دەبێتەوە و لە هەر نیگایەکەوە ئازارێک هەیە.
ئێزدایەتی کە باوەڕێکی ڕاستگۆو پابەندە بە سروشت و ژیانەوە، بەشێکە لەم هەمەگیریە کولتووریە کە شاکارو کۆکارێکی بەشکۆ لە خۆ دەگرت. تا ئێستاش ئەو کۆدە کولتووریانەی ئەم شاکارەی پێکهێناوە چاوەڕێی شیکاریە، ڕەنگە بە شیکردنەوەی ئەو کۆدانە مرۆڤایەتی بە جەوهەری خۆی ئاشنا بێتەوە.
پێناسە کردنی باوەڕیەکەیان وەک زانستێک پێویستی بە یادەوەری تێگەیشتنێکی قووڵ هەبوو گرنگ بوو لەو زانستە تێبگەین کە لە دڵیاندا هەڵیانگرتبوو. هەموو ئەو شتانەی کە لەبارەیانەوە دەمانزانی سەرەوژێر دەبوو. قەڵاکانی پۆزەتیڤیزم، کە لەسەر ڕوانگە و ئاماژەی وەک ” زانست دەسەڵاتە، زانست هێزە، زانست حەقیقەتی ڕەهایە” یەک بەدوای یەک دەڕوخان.
گووتەکانی ” زانست مانایە ، مانا حەقیقەتە، حەقیقەت ئازادیە» لە زمانی هەموو ئێزیدیەکانەوە دەخرۆشا، کە بە تۆنێکی شیعر ئامێز لە ژیانیاندا بەرجەستە بووە. لە ناخەوە باوەڕیان بەوەیە هەموو شتێک لەم ژیانەدا مانایەکی هەیەو شێوازی سەرەکی دۆزینەوەی ئەو مانایەش خۆشەویستیە.
ڕێبازەکانی بەرخودانی ژن لەهەمان کاتدا ڕێبازەکانی بوونی ژنە.
بینینەوەی ڕبازەکانی بەرخودانی ژن بوونی ژن لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت بینینەوەی ڕێبازەکانی بەرخودانی ژن لەلایەن ژنۆلۆژیەوە کە زانستێکە بۆ ژن و ژیان لەسەر ئەو بنەمایەی بە پەرەدان بە سیسۆلۆژیەکی ڕاستەقینە لە تەوەرەی ژن هەروەها جۆرێک لە پێناسەی بوون ئاشکرا دەکات.
دەستەواژەی « دیاریکردنی مافی چارەی خۆنووسینی نەتەوە» لەبڵاوکراوەکانی چەپدا ڕەنگدانەوەی لەسەدەی بیستدا هەبوو و جێیەکی لە زەینمان کۆڵیوە، بابەتی سەرەکی ژنانیشە لە سەدەی ٢١دا. لەبەر ئەوەی ژن کە کۆنترین داگیرکراوە، بەشێوەیەکی چڕ، بە ئاگایی و مەنهەجییانە ڕووبەڕووی قوڵترین ناکۆکی کۆمەڵایەتی بۆتەوە و ئەوەش کاریگەری لەسەر پێشکەوتن و گەشەسەندنی کۆمەڵگەش هەیە.
گرنگە ژن لە بوونە ئۆبژێکتەوە وەرچەرخێنرێت بۆ سەبژێکتێکی ئازاد، ئەگەر ژن بۆ ئاستی بوونە سەبژێکت بەرز بکرێتەوە، ئازاد ببێت، ئەوە کۆمەڵگە، شار، خەڵک، کۆمینیشی ئازاد دەکات.
من ئەو چەند دێڕەم لە کتێبەکە دەرهێنا و نووسیم باشتر وایە هەموو تاکێک ئەو کتێبە بخوێنێتەوە بەتایبەت ژنان، چونکە زۆر بابەتی جوانترو بە پێزتری تێدا نووسراوە بۆ ئەوەی باشتر لە خۆمان تێبگەین و بە وریایەوە لە زانست و کۆمەڵگەش بڕوانین.