مەریەم فەتحی

سەرمایەداریی پیاوسالار بۆ ژنان، چینی کرێکار، گەلانی بن دەست، پەراوێزخراوەکان و هەموو قوربانیانی ئەم سیستەمە، وەک مەترسییەکی بێ کۆتایی دەبینرێت، کە زۆرترین ئازاری ڕەتاندن، نایەکسانیی، توندوتیژیی و هەڵاواردنی لەتەک خۆی هێناوە. ئەو دۆخە خراپ و قەیراناوییە، کە سەرمایەداریی پیاوسالار دروستیکردووە، بەشێوەیەکی سیستەماتیک فێمیسایدی فیزیکی، کولتووریی، ئابووریی، سیاسیی و کۆمەڵایەتیی ژنان پەیڕەو دەکات. ژنان لەم سیستەمەدا نێچیری گەورەترین نادادپەروەرییەکانن و بە درێژایی تەمەنیان هەموو ئەو ئازار و هەوڵی پاکتاوکردنانە دەیانگرێتەوە، کە بەرەو ژێردەستیی، نەهامەتیی و لەناوچوونی زیاتریان دەبات.
ترسناکترین بەشی ئەو توندوتیژیی و هەوڵی لەناوبردنانە، هێندە ورد دەکرێنەوە، وەک شتێکی سروشتیی نیشان دەدرێن و وای لێ دەکەن، کە هەستی پێ نەکرێت. سیستەم بەپێی بەرژەوەندیی و سوودمەندیی خۆی پێناسە بۆ ژنکوژیی دەکات، بەپێی بەرژەوەندیی خۆی هیڵی بۆ دادەنێت، هەوڵی ڕادەستبوون بەسەر ژن-دا دەدات تا بیخاتە ئەو چوارچێوەی، کە ژیانیان لا بێ واتا ببێت. تەنانەت لە شیکاریی بیرکردنەوەکانی وەک مارکسیزمیش وای ڕوون دەکەنەوە، کە توندوتیژیی و فێمیسایدی ژنان شانبەشانی سەرهەڵدانی کۆمەڵگە دابەشکراوەکان بە سەر چین و توێژەکاندا دێن، لەکاتێکدا چینایەتیی و دابەشکردنی کۆمەڵگەیش لە دوای سەرهەڵدانی پیاوسالاریی و لەناوبردنی ئەو کۆمەڵگە سروشتییانەی، کە لەسەر ڕەنجی ژن بونیادنرابوون دەستیپێکرد. هەموو ڕەنجی ماددیی و مەعنەویی و کولتووریی ژن دەستی بەسەردا گیرا، داگیر کرا و بەو شێوازە کۆمەڵگەیش بەرەو داڕمان و لێکترازان ئاڕاستە کرا. لە کۆمەڵگەیەک، کە خودان خەسڵەتی سوسیالیزمی سروشتی بوو، بە هیچ شێوەیەک نوێنەرایەتیی زاڵبوونی بەشێکی بەسەر بەشێكی دیکەدا نەدەکرد، بە پەرەسەندنی کۆمەڵگەیەک لەسەر بنەمای زاڵبوونی پیاوسالاریی، لە سێ قۆناغی جیاکاریی ڕەگەزییدا ژنی کردە ئۆبژە، کردیە موڵکی پیاو و پیاوی کردە پاسەوانی ئەو نۆرمانەی، کە لە ڕێگای ئایینگەرایی، زانستگەرایی، نەتەوەپەرستیی و و سێکسیزمەوە لە چوارچێوەی مۆدێرنیتەی سەرمایەدارییدا بۆ کۆمەڵگە دیاریی کرا.
پێناسەی ژنی لە وشەدان و عەقڵیەتی پیاوسالاریی و ڕوانگەی ڕەگەزگەراییەوە کردە کەسایەتییەکی ماڵییکراو و ئارام، کە هەبوونی بە هەبوونی پیاوەوە بەسترایەوە. گەر بێتوو ژنان لە هەوڵ و گەڕان بەدوای ئازادییدا بن و ڕادەستی عەقڵیەتی پیاوسالاریی – ڕەگەزگەرا نەبن و بەمشێوە پێناسەی پیاو لە ژن بخەنە ژێر پرسیار و لەبەرانبەریدا بوەستنەوە، دەستبەجێ دەکەونە بەر هێرش و توندوتیژیی، کە تا ئاستی کوشتنی ژن دەچێت. چونکە هزر، شێوازی ژیان و هەڵسوکەوتی دیموکراتییانەی ژنان بە مەترسییەکی جدیی بۆ دامەزراوەی دەوڵەت و سیستەمی پیاوسالار دەبیندرێت و دامەزراوەی دەوڵەت دەربازبوونی خۆی لە شەپۆلی بەرخۆدان، هزر و ڕێبازی دیموکراتییانەی ژناندا، لە بەردەوامیی و زیاتر پێشخستنی سیستەمی کۆیلایەتیی و دواتر لە کوشتنی ژناندا دەبینێتەوە.
دەرئەنجامە خراپەکانی سیاسەتی لەناوبردنی ئەو سیستەمە لەسەر ژن، ژینگە و کۆمەڵگە تا ئێستا ئەوەندە بەهێزە، کە ئیدی لە سەردەمی نیۆلیبرالیزمدا سیستەم بۆ خۆی تووشی قەیرانێکی قووڵ بووەتەوە. شەڕ و ململانێی زلهێزە جیهانیی و ناوچەییەکان، کۆچبەریی زۆرەملی و گۆڕینی دیمۆگرافیای وڵاتان، عەسکەرتارییەت، شەڕ و ماڵوێرانی، قەیرانی ژینگە و ناکارامەیی دەوڵەتان لە کارەساتە سروشتییەکانی وەک لافاو، بومەلەرزە و چوونە سەرەوەی پلەی گەرمای زەوی و قەیرانی وزە لە لایەک و ڕێگە گرتن لە هێزە ئەلتەرناتیڤەکان، هێرش کردنە سەریان، گۆشەگیرکردنیان و هەوڵی لەناوبردنیان لە لایەکی دیکە، بووەتە هۆکاری ئەوەی، کە شارستانیەت لەتەک لەناوچوون ڕووبەڕوو بێتەوە.
لەم دنیا دژە ژنەدا، ڕژێمی داگیرکار و زاڵمی ئێران لە پێشەنگەکانی ئەو سیستەمە دێتە ئەژمار، کە کۆمەڵگەی بەند کردووە و لە بەندینخانەشدا، ژیانیانی زیاتر گۆشەگیر کردووە. ئەو سیستەمەی لەدوای شۆڕشی گەلان لە ١٩٧٩ی زایینی بە پێشەنگایەتی ژنان و جەوانان سەریهەڵدا و سەرکەوت، ئەم ڕاستییەی لە هەموو کات زیاتر ئاشکرا کرد، کە بە درێژایی مێژوو و بە شێوەی بەردەوام ژنان وەک ئامرازێک بۆ سەرکەوتنی پیاوسالاریی و سیستەمی دەوڵەت و دەسەڵات کەڵکیان لێ وەرگیراوە و دواتریش بوونەتە یەکەمین قوربانیی دەستی پیاو- دەوڵەت. ڕووپۆشی زۆرەملی، بێکاریی، لەشفرۆشیی لە ئەنجامی هەژاریی، برسیەتیی، زیندان، سێدارە، تێزاب ڕشتن، هاوسەرگیرییپێکردنی منداڵان، کوشتن و خۆکوژیی تەنیا بەشێکن لە دیاریی ڕژێمی دەسەڵاتداری سێکستی ئێران بۆ ژنان.
ڕژێمی ئیسلامیی ئێران لە یەکەم هەنگاویدا، ژنانی خستە بەر پەلامار و هێرش، توند و تیژیی و ژنکوژیی بە یاسایی کرد، نەتەوەکان و ڕەگەزەکانی لە یەکتر جیا کردەوە و بە گرتنە بەری سیاسەتی “پارچە بکە و دەسەڵاتداریی بکە”، ناکۆکیی خستە نێوان گەلان و ژنان و پەراوێزخراوەکانی لە گۆڕەپانی ژیانی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی دوور و پەراوێز خست و بەمشێوە گەورەترین مەترسیی لەسەر خۆی وەلانا. مەترسیی یەکگرتوویی ئازادیخوازان، ژنان، جەوانان و گەلانی بن دەست، کە دەیتوانی دیموکراسییەکی بەهێز بەدی بێنێت.
هەموو ئەو هەوڵانەی لە بواری تیۆرییسازی و پراکتیکدا لە شۆڕشەکانی مێژوو نیشانی داوین دەیسەلمێنیت، کە ناتوانین تەنیا بە داوای ڕیفۆرم لە سیستەمی سەرمایەداریی پیاوسالاردا بگەڕێین و چاوەڕوان بین، کە سەربکەوین بەڵکو پێویست بە شۆڕشێکی بنەڕەتیی هەیە، کە بە مێژوودا قوڵ بێتەوە، خەسارناسی[1] بکات، لایەکانی سیستەم بە باشیی شیبکاتەوە و بتوانێت بەپێی هەستیاریی قۆناغی ئێستا ئەلتەرناتیڤ بخاتە بەردەم ژنان و کۆمەڵگە. هەڵەیە ئەگەر کێشەکە تەنیا لە دەوڵەتدا ببینینەوە لەکاتێکدا، کە سیستەمی دەوڵەت ئامرازێکە بۆ کەڵەکەکردنی هێز و دەسەڵات و ئەوەی پێویستە وشککردنی شادەمارەکانی ئەو دەسەڵاتخوازییە پیاوسالارانەیە، کە لەسەر بنەمای فێمینیساید بونیاد نراوە و وەک تاوانەکانی دژی مرۆڤایەتیی و ژیان پێناسەی بۆ بکەین. بۆ نمونە دەوڵەت، کەڵک لە پیاوسالاریی وەردەگرن بۆ گەرەنتییکردنی کۆنترۆڵیان بەسەر کۆمەڵگەوە. کەوایە پێویستە ئەو گەرەنتیە لەناوببرێت و کۆمەڵگە سەرلەنوێ و بە پارادایمێکی نوێ و بە پێداچوونەوە بە هەموو ئەو پەیوەندیانەی، کە سیستەم لەسەری بونیاد نراوە، بە جیهانبینیەکی جیاواز و دیمکراتیک بونیاد بنێتەوە.
لە بەرانبەر کۆماری ئیسلامی ئێران ژنان، کرێکاران، ژینگەپارێزان، کۆمەڵگەی مەدەنیی و سیاسیی و گەلانی بندەست بە دەیان ساڵە خەبات و تێکۆشان دەکەن، وەلێ ئەو شکستە ئایدۆلۆژییە، کە کۆماری ئیسلامی لەدوای فێمینیسایدی ژینا ئەمینی و بە شۆڕشی “ژن ژیان ئازادیی” تووشی بوو، دەرەنجامی شۆڕشێکی زهنیی کۆمەڵایەتییە، کە لەسەر فکر و ڕامانی بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجالان و خەبات، تێکۆشان و پێشەنگایەتیی ژنان لە کوردستان لە باکووری کوردستان، ڕۆژاڤا و ئێستاش لە ڕۆژهەڵات بناغەکەی دەیان ساڵە داڕێژڕاوە. شێوازێکی نوێیە لە ژیان، کە لە کاتی گەرمەی شۆڕشدا بیری شیکاریی ڕەخنەیی پشتگوێ ناخات. چونکە ئەگەر مەیلی لادان یان مەترسییە ئەگەرییەکان بە باشی نەناسرێن و کۆدەنگیی و پلانی دەستەجەمعی بۆ ئەو پێکهاتە سیاسییە دیموکراسییە نەبێت، کە کۆمەڵگە دەیەوێت بەدەستی بهێنێت، ئەوا بزووتنەوەکە تووشی لاوازیی دەبێت. شۆڕشی “ژن ژیان ئازادیی” ناوەندی شۆڕشی کۆمەڵایەتییە، کە گۆڕانی کولتووریی و گۆڕانی شێوازی ژیانی دروستکردووە لە ئێستادا و لە گەشەکردندایە. بەڵام ڕاپەڕین و شۆڕشەکانی ڕابردوو، هەرچەندە هەندێک بیری نوێیشیان هێنایە مەیدان بە شێوەیەکی سەرەکیی لە دەوری چاکسازیی و ڕیفۆرم لە سیستەمی حکومەتدا، کە لە سەر بنەمای پیاوسالاریی سەرمایەداریی دانراوە، دەسوڕانەوە و هەندێکیش تەنانەت بەرەی چەپی ئێرانیی ناوەندگەرا وایان دەزانی، کە ڕووخانی حکومەت و گواستنەوەی دەسەڵات ڕێگای ڕزگار بوونە، چونکە خاوەن بیری فەلسەفی و بەرنامەیەکی سیاسیی تۆکمە نەبوون، کە ببێتە هۆی دیموکراسی ڕادیکال و خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵگە.
شۆڕشی “ژن ژیان ئازادیی” بەهۆی سروشتی دیموکراتیک، بناغەی فەلسەفەی دامەزراندنی دەتوانێت هەنگاو بە هەنگاو خۆی شیبکاتەوە تا بتوانێت هەم هەڵەکانی ڕابردوو دوپات نەکاتەوە و هەم لە هێزەکانی دژە شۆڕش لە پانتایی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی ئێران و بەشێک لە دیاسپۆرای ئێرانی، کە لەلایەن سیستەمەوە پشتگیری لێ دەکرێت، خۆی بپارێزێت.
هێزەکانی سیستەم هەوڵ دەدەن بە بەڵێنی وەک پێدانی هەندێک مافی سەرەتایی کۆمەڵایەتیی شۆڕش بەلاڕێدا ببەن، دروشمەکەی لە مانای ڕاستەقینەی خۆی خاڵی بکەنەوە، بەدیلی بۆ دروست بکەن و دەسەڵاتی ئێران لەناو هەمان بازنەی سەرمایەداریی پیاوسالارییدا بهێڵنەوە، بەڵام بە سیماگەلێکی نوێ لە بەڕێوەبەریی دەوڵەتدا. لە هەمان کاتدا لە حاڵەتی پاوانخوازیی و هەژموونی گروپەکاندا، بزووتنەوەکان بەرەو پێکهێنانی هەمان جۆری دەسەڵات دەڕۆن، کە ئێستا دژین و دەیانەوێت بیانڕوخێنن.
بنەمای فکری و سیستەمی کۆنفیدرالیزمی دیموکراتیک وەک پرۆژەی کرداریی “ژن ژیان ئازادیی” هەموو جۆرە مەیلێک، کە بەرەو دەسەڵات، هەژموونگەرایی و خواستی بوونە دەوڵەت بێت، ڕەت دەکاتەوە و سازش لەگەڵ ئەو جۆرە مەیلانە ناکات، کە بۆ ئازادیی، دیموکراسیی و یەکسانیی کوشندەن. سروشتی ئەو شۆڕشە وایە، کە هەر جۆرە کورسییەکی دەسەڵات لاببات. دەسەڵاتی پیاو لە ماڵ، دەسەڵاتی سەرمایە لە شوێنی کار، کورسی دەسەڵاتی حکومەت بەسەر کۆمەڵگەوە و هەموو ئەو کێشانەی، کە تێکدەری ئازادیییە تاکەکەسیەکان و جەماوەریەکانن. چونکە شۆڕش کاتێک سەرکەوتوو دەبێت، کە توانای هەڵوەشانەوەی دەسەڵاتی ڕەهای هەبێت و هەروەها توانای ڕێگریی لە پێکهێنانی دەسەڵاتێک هەبێت، کە لە هەر فۆرمێکی ئایینگەرایی یان هێزگەراییدا بیەوێت خۆی بە سەر کۆمەڵگەدا بسەپێنێت.
لە کوردستاندا، لە ئێراندا، لە ڕۆژهەڵاتی ناوین لە هەموو شوێنێکدا دەبێت هەنگاو بۆ لەناوبردنی هەموو هێزە فاشیستەکان، خواوەندە ساختەکان و پیرۆزییە درۆیینەکان بدرێت. چونکە لە ساتەوەختی بونیادنانداین و ئازادیی لەو کاتەوە دەست پێ دەکات، کە دەست بە بونیادنانی ژیانێکی نوێ دەکەین. ئێمە ژنبوون، کوردبوون و هەموو ناسنامەکانی خۆمان وەک قۆقنوس لە خۆڵەمێشی خۆمانەوە دروست دەکەینەوە. پێشەنگایەتی ” ژن ژیان ئازادیی” لە شۆڕشی ئێستای کوردستان و ئیراندا نیشانەی ئەم خوڵقاندنەیە.
بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی “ژن ژیان ئازادیی”ململانێی نێوان” شێوازی ژیانی فرەڕەهەند و دیموکراتیک”ە لە دژی شێوازی ژیانی تاکڕەهەندیی، کە کۆماری ئیسلامی سەپاندویەتی. بۆیە تا ئێمە پێداگریی زیاتر لەسەر شێوازی ژیانی دیموکراسیی و هەمەچەشندا بکەین، کە لەگەڵ سروشتی هەر شوناس و نەتەوە و ڕەگەزێکدا بگونجێت، ئازادییش بوونی دەبێت و پارێزراو دەبێت.
ژن ڕەمزێکە لە کەسایەتیی ئەودا، هەم تاک و هەم کۆمەڵگە ڕەت کراوە و قەدەغە کراوە، ئێستاش لە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی “ژن ژیان ئازادیی”دا، هەموو ئەو تاک، کۆمەڵگە و شێوازی ژیانانەی قەدەغە کراون، دەرفەتی خۆدەربڕینیان خوڵقاندووە. بەڵام بۆ گەیشتن بەو ئازادییەی مەبەستی ئەو پرۆژەیەیە، دەبێت هەموو ناسنامە سەرکوتکراوەکان سەرهەڵبێنن و بە پێشەنگایەتی ژنی ئازاد بە خۆئاگاهی و سۆبژێکتیڤیەت بگەین. ئەم کردەوە سیاسییە ناتوانرێت لە کەشی داخراو و دیکتاتۆریەتی کۆماری ئیسلامییدا جێبەجی بکرێت. بۆیە تاکە ڕێگا خەبات و تێکۆشان و شۆڕشە. ژنانی ئازاد کوشندەترین گورز لە پێکهاتە و بیرکردنەوەی کۆماری ئیسلامی، دیکتاتۆریەت و فاشیزم و مۆدێرنیتەی هاوردەی سەرمایەداریی پیاوسالار دەدەن، کە ڕێگە لە ئازادیی ڕاستینەی کۆمەڵگە دەگرێت.
بەرزکردنەوەی دروشمی “ژن ژیان ئازادیی” هاواری مۆدێرنیتەی دیموکراتیک، ئازادیی و یەکسانییە لەلایەن ژنان و کۆمەڵگەکانی ئێرانەوە. ئەو دروشمە وەها قۆناغێکی نوێی لە ئێران هێنایە پێش، کە ئیدی چین و توێژەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیی لە ئێران پێیان ناوەتە گەڵاڵەکردنی جۆراوجۆری جاڕنامەی مەدەنیی، کە لە ڕوانگە، پارادایم و دونیابینییەکی نوێوە سەیری هەموو پرسە سیاسیی، کۆمەڵایەتیی، کولتوریی و ئابوورییەکانی کۆمەڵگە دەکات. وەڵامی کۆماری ئیسلامی سێدارەیە، هێنانی تۆپ و تانکە بۆسەر شەقامەکان، زیندانییکردن و ئەشکەنجەیە، شکاندنی کەرامەتی مرۆڤە بە دڕندانەترین شێوە، بەڵام “ژن ژیان ئازادیی” بە سیحری خۆی هەمو ئەمانە لەبن و بێخ هەڵکێشێ، کە فاشیزم بن بڕ بکات و بە تووڕەیی سەر شەقامەکان تەختی دیکتاتۆرەکان و داگیرکەران بهەژێنی و کۆتاییان پێ بێنێ، بێگومان بە پشتیوانیی ئازادیخوازان بە سەرکەوتن دەگات.
تێبینی: ئەم وتارە لە لایەن مەریم فەتحی، بە نوێنەرایەتیی کۆمەڵەی ئازادیی ژنانی ڕۆژهەڵات (KJAR)، پێشکەش کرا لە کۆنفرانسی ” تەحەدایی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری، بونیادنانی مۆدێرنیتەی دیموکراتیک ” لە ١٠-١٤ ئادار ٢٠٢٣ لە هامبۆرگ.
پێداچوونەوە/ شنا فایەق
[1] خەسارناسی، واتە پێداچوونەوە و دەستنیشانکردنی کەموکوڕیی و زیانەکان. هەروەها بریتییە لە زانستی لێکۆڵینەوە لە هۆکارەکانی زیان، کەموکوڕی، هەڵە، یان دیاردە نەخوازراوەکان لە بوارێکی دیاریکراودا. مەبەست لێی ناسینی کێشەکانە بە مەبەستی چارەسەرکردن و پێشگرتن لە دووبارەبوونەوەیان. دەتوانرێت ئەم چەمکە بەپێی بوارەکان بەم شێوەیە پۆلێن بکرێت: خەسارناسیی کۆمەڵایەتی و سیاسی: لێکۆڵینەوە لە کێشە و دیاردە زیانبەخشەکانی ناو کۆمەڵگە (وەکوو خیانەت یان لاوازیی بزووتنەوەکان) بۆ دۆزینەوەی هۆکار و ڕێگەی چارەسەر. خەسارناسیی زمانەوانی: دەستنیشانکردنی هەڵە زارەکی و نووسینەکان یان گۆڕانە نائاساییەکانی زمان کە بەهۆی کاریگەریی دەرەکییەوە ڕوویان داوە. خەسارناسیی کارەسات: شیکردنەوە و لێکۆڵینەوە لە ڕووداوە نەخوازراوەکان (وەکوو بۆردومانی کیمیایی) بە شێوازێکی زانستی بۆ هەڵسەنگاندنی قەبارەی زیانەکان.
بەرێوەبەریی ماڵپەری ژنۆلۆژی

