میشتیلد ئێکسۆ: دەتوانرێت ژنۆلۆژی بکرێتە زانستێک بۆ هەمووان

میشتیلد ئێکسۆ مامۆستای زانکۆ و ئەندامی ئەکادیمیای زانستە کۆمەڵایەتیەکان بۆ کۆنفرانسی ژنۆلۆژی لە ئەورووپا:

کاتێک لە ساڵی ٢٠١٤دا دەستمان پێکرد کە یەکەمین کۆنفرانس لە شاری کۆڵن بەڕێوەچوو، هێشتا هیچ پێکهاتە و بوونیادێکی ڕێکخراوەییمان لە ئەورووپادا نەبوو. چەند ساڵێکی خایاند تا توانیمان دەست بە دامەزراندنی ئەو پێکهاتانە، ڕێکخستنی خولی پەروەردەیی و کردنەوەی کامپەکان بکەین. خاڵی ئەرێنی و جوان لەوەدا بوو کە ئەم بزووتنەوەیە دواتر لە گەلێک وڵاتی جیاوازی ئەورووپادا گەشەی سەند و ئاڵوگۆڕی ئەزموونەکانیش هاتە ئاراوە.

لە ساڵانی یەکەمدا، کار و توێژینەوەکان زیاتر لەسەر ئاستی وڵاتە جیاوازەکان و لەلایەن ئەو کەسانەوە بەڕێوە دەبران کە ڕەگ و ڕیشە و پێشینەیان لە ئەورووپادا بوو؛ بەتایبەت لەڕێگەی کارکردن لەسەر پرسەکانی پەیوەست بە گەڕان بەدوای مێژوودا لە ئەورووپا. بەڵام پێم وایە ئەوەی ئێستا لە ئارادایە و دەگۆڕێت، سەرنجدانی زیاترە لەسەر چۆنییەتی بەستنەوەی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ کۆمەڵگەی کورد، ئەنجومەنەکانی ژنان و تەواوی پێکهاتەکانی دیکەدا. ئەگەرچی هەندێکمان پێشتریش ئەم پەیوەندییەمان هەبوو، بەڵام ئەوە بەس نەبوو.

جوانیی ئەم کۆنفرانسەی ئێستا لەوەدایە کە نەک هەر لەو وڵاتە جیاوازانەی ئەورووپاوە کە لە ساڵانی ڕابردوودا کاریان تێدا کراوە کۆبووینەتەوە، بەڵکو بەشدارییەکی زۆر بەهێزی ڕەوەندی کوردی لە وڵاتانی جیاوازەوە بەدی دەکرێت؛ لە نەرویج، هۆڵەندا و ئەڵمانیاوە بگرە تا ئەو بەشداربووانەی لە باکووری کوردستان و بەشەکانی دیکەشەوە هاتوون.

ئێستا زۆر بە ڕوونی دیارە کە دەبێت کارەکان بە شێوەیەکی بەهێزتر لە ناو پێکهاتەکانی ڕەوەندی کوردیدا ڕەنگ بدەنەوە، بەو واتایەی لەناو جەرگەی کۆمەڵگەدا، چ لەناو کۆمەڵگەی کوردیدا بێت و چ لەناو گروپە پەنابەرەکانی دیکەدا. ئەمەش لەگەڵ تەواوی کارە کۆمەڵایەتییەکانی دیکەماندا کۆک دەبێت؛ وەک ڕێکخراوە فێمێنیستییەکان کە پشت بەەم پارادایمە دەبەستن، یان پڕۆژە ئەکادیمییە تازە دامەزراوەکان کە بە هەمان شێواز کار دەکەن و ڕوو لە کۆمەڵگە جیاوازەکانی ئەورووپا دەکەن. هەرچەندە یەکەمین کۆنفرانس گشتی بوو و تاکە ئامانجی پێناسەکردنێکی سەرەتایی پڕۆژەکە بوو.

ئێمە لە سەرەتادا بە تەواوی نەماندەزانی ژنۆلۆژی چییە؛ تەنیا ئەوەندەمان دەزانی کە زانستێکە و لە قۆناغی دامەزراندندایە. بڕواشم وایە زۆربەی ئەو بابەتانەی لە یەکەم کۆنفرانس لە شاری کۆڵن پێشکەش کران، بەکرداریی بەردەوامییان پێ نەدرا. ئەوەش بریتی بوو لە گەڕان و هەوڵدانێکی زۆری سەرەتایی. لە دەستپێکدا بەکردەیی هیچ دەقێکمان لە بەردەستدا نەبوو، چونکە هێشتا هیچ بابەتێک وەرنەگێڕدرابووە سەر زمانە جیاوازەکان.

واتە ئێمە بە ژمارەیەک سەرچاوەی زۆر سنووردارەوە دەستمان پێ کرد و ئیرەییمان بەوانە دەبرد کە توانای خوێندنەوەیان بە زمانەکانی تورکی یان کوردی هەیە، چونکە پەرتووکەکان تەنیا بەو زمانانە بەردەست بوون. ئامانجی ئێمەش دروستکردنی ئەم پەروەردەیە و تێگەیشتن لە چەمکە بنەڕەتییەکان بوو. لە سەرەتادا زۆر سەرنجمان لەسەر رەخنەی زانستی و پرسی ئێپیستمۆلۆژی بوو؛ واتە زیاتر لە گۆشەنیگای تیۆریی زانستەوە لە بابەتەکانمان دەڕوانی. بەڵام دواتر ئەمە گۆڕانکاری بەسەردا هات و سەرنجەکان زیاتر چوونە سەر پرسە مێژووییەکان؛ وەک ئەوەی: «پیاوسالاری چۆن سەریهەڵدا؟»، «مێژووی ژنان چییە؟»، «مێژووی خۆمان و ئەو شوێنەی ژیانی کۆمەڵایەتی و بەکۆمەڵمان تێیدا لەدەست داوە کوێیە؟» و «مێژووی دایکان چییە؟».

هەموو ئەم پرسیارانە گرنگییەکی زیاتریان پەیدا کرد کاتێک پرسیار لەوبارەیەوە کران کە ژنان چۆن بوون بەو بوونیادەی ئەمڕۆ هەن و چۆن لەژێر کاریگەریی سیستەمی پیاوسالاریدا دافۆرمیان گرتووە. لە هەمان کاتدا لێکۆڵینەوە لە مەرجەکانی ژیان، گوزەران و تەنانەت شێوازی بیرکردنەوەی خۆمان، هەروەها بابەتی ئەوەی «بۆچی گرنگە ژنان خۆیان ڕێکبخەن و بەتەنیا نەبن؟» لەگەڵ زۆر پرسی بنەڕەتی و پێشهاتە سیاسییەکان، بڕگەیەکی تری گفتوگۆکان بوون؛ وەک ئەوەی ڕووداوە کۆمەڵایەتییەکانی ئێستا چیین و چۆن ڕووبەڕوویان ببینەوە، بەتایبەتی بەرامبەر پەرەسەندنی فاشیزم و تاوانەکانی ژنکوژی (فێمیساید) کە ئەمانە هەموویان بابەتی گرنگ بوون و تا ئێستاش هەر وەکو خۆیان بەگرنگی ماونەتەوە.

جیاوازییەکە لە پێکهاتەی ئەو کۆبوونەوەیەدا ئەوە بوو کە ژمارەیەکی زۆر لە چالاکوانانی بواری کۆمەڵایەتی و بەتایبەتی لە کۆمەڵگەی دیاسپۆرای کوردی ئامادەی بوون. ڕەخنەیەکی بەهێز ئاراستە کرا کە ژنۆلۆژی هێشتا بە تەواوی نەگەیشتووەتە ناو کۆمەڵگە و پێویستە لە ناو کارە کۆمەڵایەتییەکانی دیاسپۆرادا ئەم زانین و زانستە زیاتر بڵاو بکرێتەوە، تاوەکو بتوانرێت بە سەربەخۆیی کاری پێ بکرێت. ئەمەش بابەتێکی ناوەندی بوو لە کۆبوونەوەکەدا و لە ئامادەبوونی بەشداربووانیشدا ڕەنگی دابووەوە. زۆر کەم ڕێکەوتووە لەگەڵ ئەم ژمارە زۆرەی ژنی کورددا، ئێمە وەک ئەکادیمیای ژنۆلۆژی کۆببینەوە، هەرچەندە هەمیشە هەندێک بەشدار بوون، بەڵام هیچ کات بەم ڕێژە بەرچاوەی ئێستا نەبووە.

ئێستا ئێمە لەوە دەکۆڵینەوە کە چۆن دەستپێک و بنەماکانی کارکردنمان، لەوانە پڕۆژەکانی ئەکادیمیا، ڕێکبخەین؛ چونکە من خۆم لە ئەکادیمیای زانستە کۆمەڵایەتییەکانەوە هاتووم. پێموایە دەتوانرێت ژنۆلۆژی بکرێت بە زانستێک بۆ هەمووان؛ کە نەک تەنیا وەک ڕێکخراوێک یان گروپێک ببینرێت کە بۆ هەندێک کاری دیاریکراو زمانحاڵ بێت و داوای هاوکاری لێ بکرێت، بەڵکو بەڕاستی وەک زانستی خۆمان پەرەی پێ بدەین. هەروەها چۆن وەک ئەکادیمیای زانستە کۆمەڵایەتییەکان دەتوانین بانگهێشتی ئاڵوگۆڕی بیروڕا بکەین لەسەر ئەو بابەتانەی لێکۆڵینەوە دەربارەیان دەکەین.

ئامانجەکە تەنیا ئاڵوگۆڕ لەنێوان ژنۆلۆژی و پرسە تایبەتییەکان نییە، بەڵکو لەگەڵ هەموو پڕۆژەکانی تری ئەکادیمیا، کارە کۆمەڵایەتییەکانی گەنجان، ژنانی گەنج و لایەنەکانی ترە، تاوەکو ببینین کێ لەسەر بابەتی هاوشێوە کار دەکات و چۆن دەتوانین دیالۆگ لە نێوانماندا ڕێکبخەین. ڕێکخستنی ئەم ئاڵوگۆڕە پرسیارە سەرەکییەکە بوو. ئەمەش پێویستی بە هەوڵی هەموومان هەیە تا زانستی ژنۆلۆژی ببێتە بنەمایەکی کردەیی لە ژیانی ڕۆژانەدا، نەک تەنیا تێۆرییەک بۆ ڕێخستنەوەی وتار.

لە سەرەتادا لە سەرجەم چالاکی و کارەکان، تەنانەت لە شێوازی پێکەوەبوونمان وەک ئەکادیمیاش، لەگەڵ ئاستەنگییەکاندا ڕووبەڕوو بووینەوە کە بریتی بوون لە بەربڵاویمان لە بەشێکی زۆری وڵاتاندا. لە ئەکادیمیاکەماندا زانایان و توێژەران لە کیشوەر و وڵاتە جیاوازەکانەوە کۆدەبوونەوە و بە شێوەیەکی بەربڵاو لە زانکۆ جیاوازەکاندا کار دەکرا. هەربۆیە ئاڵوگۆڕی ئەزموون بە شێوەیەکی هەرەوەزییانە بۆ ئێمە تا ئێستا کەمتر بووەتە ئامرازێکی پراکتیزەکراو بە بەراورد لەگەڵ بوارەکانی تردا.

لە جیهانی ئەمڕۆدا دەتوانین وانەش لە بوارە جیاوازەکانی تر وەربگرین کە تێیاندا کاری بەکۆمەڵ گەشەی سەندووە، تا بتوانین خۆمانی لەگەڵدا بگونجێنیم و ڕێگەی نوێ ببینینەوە بۆ بەهێزکردنی ئەم کارە هاوبەشە. لە لایەکی ترەوە، ئێمە خاوەنی بوار و بابەتگەلێکی ترین کە دەتوانین پێشکەشی بکەین؛ چ بەرهەمی توێژینەوەکانمان بێت، یاخود بناغەی تیۆری یان تواناکانمان لە بواری بڵاوکردنەوە و ئاڵوگۆڕی زانیندا، تا بتوانین پرۆسەی ئاڵوگۆڕی ئەزموونەکان بە باشترین شێوە ڕێکبخەین.

ئەکادیمیای زانستە کۆمەڵایەتییەکان بڕیاریداوە پەیوەندییەکی بەردەوام و ئاڵوگۆڕی ڕێکخراوی لەگەڵ پرۆژەکانی پەیوەست بە ژنۆلۆژی هەبێت، تا بتوانێت لە دوایین پێشهات و توێژینەوەکان بکۆڵێتەوە و بزانرێت کام توێژینەوەیە ڕۆژەڤە و بە چ شێوازێک دەتوانرێت بەش بکرێت. بۆ نموونە، تازەکی کۆمەڵێک توێژینەوەمان سەبارەت بە شارستانیەتیی دیموکراتیک دەستپێکردووە کە تیشک دەخەنە سەر مێژوو. هاوکات ژمارەیەک پرۆژەی دیکەش لە قۆناغی پێکهاتندان کە سەرنج دەخەنە سەر چەمکی ئاشتی، جگە لە توێژینەوەیەکی پراکتیکیی دیکە دەربارەی بەرهەمهێنان و دابەشکردنی دیموکراتییانەی خۆراک.

لە هەمان کاتدا گرووپی توێژینەوەی نەتەوەی جیهان (Nation World) لە بنکۆڵکارییەکاندا بەشدارن، هەتا بزانرێت لە کوێدا ئاکامی توێژینەوەکانمان، بۆ نموونە دەربارەی پرسەکانی ئاشتی یان مێژوو، بەیەک دەگەن، تا ڕێگە لە گۆشەگیری و دابڕانی هەوڵە زانستییەکان بگیرێت. لە لایەکی ترەوە، لە ڕێگەی گۆڤاری مۆدێرنیتەی دیموکراتیکەوە (Democratic Modernity) کە ئێمە بڵاوی دەکەینەوە، هەوڵ دەدەین ئەم ئامانجانە بەدی بێنین. بۆ نموونە لە یەکەم ژمارەدا بابەتێکمان بڵاوکردەوە سەبارەت بە واتای ژنۆلۆژی. ئامانجی بەردەواممان ئەوەیە ڕوونی بکەینەوە کە چۆن چەمکی ژنۆلۆژی لە ناو توێژینەوەکانمان، گۆڤارەکەمان و چالاکییە پەروەردەییەکانماندا ڕەنگ دەداتەوە. دەمانەوێت ئەم بنەمایە نەک تەنیا لە ڕێگەی بڵاوکراوەکانەوە، بەڵکو لە ئاستی پراکتیکی و لە شێوازی پەیوەندی و پێکەوەبوونماندا ڕەنگ بداتەوە و ژیان بەبەریدا بکرێت.

بەڕوونی هەست بەوە دەکرێت کە ئێمە لە گەلێک وڵاتی جیاوازەوە لێرە کۆبووبووینەوە و بەردەوام پرۆسەی وەرگێڕانی زمانەوانیش لە ئارادا بوو. بەشداربووان لە ئێرلەندا، سکۆتلەندا، فەلەستین، ئیتالیا، کاتالۆنیا و چەندین وڵاتی دیکەوە ئامادەییان هەبوو. بە هەمان شێوە، نوێنەرایەتییەکی بەرچاو لە وڵاتانی سکەندیناڤیا و ڕەوەندی کوردی، لەگەڵ بەشداربووانی پارچە جیاوازەکانی کوردستانەوە هەبوو. کۆنفرانسەکە لە ڕووی فرەیی و هەمەجۆریی ئامادەبووانەوە زۆر ژیندوو بوو و بێگومان ئەم ئاراستەیەش بەردەوام دەبێت. ئەم جۆرە لە کۆنفرانسانە ئەزموونێکی نوێ بوون کە تێیدا بنەما سەرەکییەکان داڕێژران. لەگەڵ ئەوەشدا، ڕاسپاردنی کار و بابەتگەلێکی زۆرمان لە ڕێگەی کارگرووپە جیاوازەکانەوە تاوتوێ کرد.

لە ئێستادا ئەرک و زەحمەتییەکی زۆر لە پێشمانە و ئەوەی پلانی بۆ دانراوە دەبێت ڕێگەی کرداریی بۆ بدۆزرێتەوە تاوەکو درێژەی پێ بدرێت؛ چ لە پرسی کارکردن لەسەر ژینگە و پەرەپێدانی خێزانی دیموکراتیک، چ لە دروستکردنی هاوبەشییەکی نوێ لەگەڵ پیاواندا. لە لایەکی دیکەشەوە، سەرنج خرایە سەر ڕەخساندنی دەرفەت تاوەکو منداڵان بتوانن توێژینەوە و پەروەردەی سەربەخۆی خۆیان بڕەخسێنن و دیالۆگ لە نێوان خۆیاندا بکەن، لەگەڵ چەندین بابەتی دیکەی وەک کاری ڕۆشنبیری و کولتووری.

ئەرکێکی زۆر لە پێشمانە و بە شێوازێک لە شێوازەکان درێژەیان پێ دەدرێت. بڕوام وایە جێبەجێکردنی هەموو ئامانجەکان کارێکی ئاسان نابێت، بەڵام بنەما سەرەکییەکانیش بەردی بناغەیان بۆ دانراوە.

سەرچاوە: ئاژانسی فرات

بابەتی پەیوەندیدار