لە زاگرۆسەوە بۆ ژن، ژیان، ئازادیی: بەرخۆدانی هەزار ساڵەی ژنان

لێکۆڵینەوە: ڕۆژبین دەنیز

گۆڕانی ناسنامەی ژن لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان

پێشەنگایەتیی ژنان لە مێژووی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، تەنیا کۆمەڵە قارەمانێتییەکی تاکەکەسی نییە، بەڵکو زیندووترین پێکهاتەکانی ئەو بەرخۆدانە سیستەماتیكە، کە دژی سیاسەتی تواندنەوەی کولتووریی و باڵادەستیی دەسەڵاتە ناوەندییەکان پەرەی سەندووە.

لە کۆمەڵگەی ئێرانیی و کورد دا، ژنان بە درێژایی مێژوو و لە کاتە قەیراناوییەکاندا، ڕۆڵی هێزێکی پێشەنگی ستراتیژییان گێڕاوە بۆ وەگەڕخستنی بەرخۆدانی کۆمەڵایەتیی. ئەم شێوازە لە پێشەنگایەتیی، بە یەکگرتنی لەگەڵ ڕیشە دیموکراتیک و کۆمیناڵەکانی ناو یادەوەریی مێژوویی کۆمەڵگەی کورد دا، بووەتە میکانیزمێکی بەهێزی خۆپاراستن دژی پێکهاتە دەسەڵاتدارە پیاوسالارە ناوەندییەکان. لە کۆمەڵگە ئێرانییەکانیشدا، ئەم خەباتە لە هەندێک سەردەمدا بووەتە بواری تێکۆشانی تاکەکەسی و لە هەندێک سەردەمی تریشدا بووەتە تێکۆشانی بەکۆمەڵ. بۆ تێگەیشتن لە سروشتی بەرخۆدانی کۆمەڵایەتیی ئەمڕۆ، پێویستە لێکۆڵینەوە لەوە بکرێت، کە چۆن ئەو میراتە میتۆلۆژی، بنەما باوەڕ و یادەوەرییە کۆمەڵایەتییانەی، کە ئەم ئیرادەیەی لێوە هەڵقوڵاوە، لە کایە سەربازیی، سیاسیی و کولتوورییەکاندا وەرچەرخاوە بۆ هۆشیارییەکی بەرخۆدانی ڕێکخستنکراو.

پێگەی کۆمەڵایەتیی و کاراکتەری ژنانی بەرخۆدێری زاگرۆسیی، ڕاستەوخۆ گرێدراوی ئەو فیگەرە میتۆلۆژییە دایک-تەوەر و سیستەمە باوەڕییانەیە، کە لە قووڵاییەکانی میزۆپۆتامیادا هەن. ئەم ژێرخانە ئۆنتۆلۆژییە (بوونناسییە)، پیرۆزیی و ڕەواییەکی ئەخلاقیی بە پێگەی یەکلاکەرەوەی ژن لە ژیانی کۆمەڵایەتییدا بەخشیوە.

لە کۆمەڵگەی کوردییدا، نەک هەر تەنیا وەک بوونەوەرێکی بایۆلۆژی، بەڵکو لە هەمان کاتدا واتایەکی باوەڕیی، کۆمەڵایەتیی و پێکهاتەیی بە ژن بەخشراوە. ژنان بڕبڕەی پشتی سەرەکیی کولتووری کوردیی پێکدەهێنن. لەبەر ئەم هۆکارەش، ژنان لە زۆرێک لە کایەکانی ژیاندا وەک بکەرێکی کاریگەری هێزی سروشتیی و میکانیزمەکانی بڕیاردان، ڕۆڵی گرنگیان گێڕاوە. لە شار و شوێنەکانی نیشتەجێبوون لە کوردستاندا، ژنان لەو پێکهاتە کۆمەڵایەتییانەدا ڕێزیان لێ دەگیرێت و قسەیان قورسایی هەیە. لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیشدا، پێگەی باوەڕیی و فەلسەفیی ژنان گرنگییەکی تایبەتی هەیە. لە ناو “حەفتەن” (حەوت تەن)، کە یەکێکە لە فێرکارییە بنەڕەتییەکانی باوەڕی یارسانیی، ژنان بە پێگەیەکی ناپلەبەندیی بەشدارن. بەتایبەتی “خاتوون ڕێزبار” وەک کارەکتەرێکی گرنگی ژن دەردەکەوێت، کە تەمبوور دەژەنێت، پەروەردە دەکات و لە گفتوگۆ مەعنەویی(فەلسەفی) و کۆمەڵایەتییەکاندا لە پێگەیەکی بەهێزدایە.

ئەم مۆدێلە لە پێکهاتەی ئازادیی خۆجێی، بووە بە یەکێک لە بەهێزترین هێڵەکانی بەرگریی لە دژی داگیرکارییە دەرەکییەکان، کە بە هێرشە وێرانکەرەکانی ئەسکەندەری مەزن دەستی پێکردبوو.

زاگرۆس قەڵای ژنان، سوپای ئەسکەندەری مەزنی تووشی شۆک و شڵەژان کرد

فراوانخوازییەکانی هێلێنیزمی ئەسکەندەری مەزن، لە ڕوانگەی جوگرافیای میزۆپۆتامیاوە تەنیا داگیرکارییەکی سەربازیی نەبوو، بەڵکو لە هەمان کاتدا وەک هەوڵێکی سیستەماتیکی جینۆسایدی کولتووریش دەنرخێنرێت. لە هەندێک گێڕانەوەدا، سیاسەتی ئەسکەندەر بۆ ناچارکردنی ٤٠ هەزار ژنی زاگرۆسی بۆ هاوسەرگیریی لەگەڵ سەربازەکانیدا، وەک ئامرازێک بۆ توانەوەی بایۆلۆژیی و کولتووریی لێک دەدرێتەوە. پۆلێنکارییە ڕەگەزگەراکەی دیمۆستنیس، کە دەڵێت:”سۆزانییمان بۆ کات بەسەربردن، کەنیزەمان بۆ خزمەتکردن و هاوسەریشمان بۆ منداڵبوون دەوێت”، دەکرێت وەک یەکێک لەو نمونانە سەیر بکرێت، کە ڕەنگدانەوەی عەقڵیەتی پیاوسالاریی ئەو سەردەمەیە. لە بەرامبەردا، ئەو کولتووری بەرخۆدانەی لە جوگرافیای زاگرۆسدا گەشەی سەند، زەمینەی بۆ ئەوە خۆش کرد، کە ژنان ڕۆڵی چالاک لە خەباتی سەربازیی و کۆمەڵایەتییدا بگیڕن.

لە ناو ئەم خەباتەدا دوو ژنی کورد بەرچاو دەکەون، “یوتاب” خوشکی ئاریۆ بەرزان، دژی ئەسکەندەری مەزن فەرماندەیی سوپای کردووە. ئەم تێگەیشتنە لە بەرخۆدان، کە کاراکتەری ئازادیخوازی چیاکانی لەگەڵ ستراتیژییەکانی بەرگریی سەربازییدا یەکخستووە، شوێنێکی گرنگی لە یادەوەریی ناوخۆییدا گرتووە. بە هەمان شێوە “مەنیجە”، بە ڕێکخستنی بەرخۆدان لە لووتکە دوورەدەستەکانی هەوراماندا، سەلماندی کە خولیای ئازادیی ژنان مایەی ڕادەستبوون نییە. ئەم بەرخۆدانانە دەکرێت وەک نموونەی سیمبولیی ململانێی مێژوویی نێوان کولتووری میزۆپۆتامیا و عەقڵییەتە پیاوسالارەکان هەژمار بکرێن، کە یەکەمیان ژن وەک بکەرێکی چالاک و ئازادی ژیانی کۆمەڵایەتیی دەبینێت و ئەوی دیکەشیان ژن پەراوێز دەخات.

جەستەی ژن؛ ‘فەتح’، غەنیمەت، چەپەڵیی و گورزی سیغە

لە سەردەمی ئیمپراتۆریەتیی ساسانیدا، گۆڕینی ئاینی زەردەشتی بۆ ئاینی فەرمیی دەوڵەت، بووە هۆی ئەوەی ڕەهەندە ئازادیخواز و کۆمەڵایەتییەکانی ئەم بیروباوەڕە تا ڕادەیەکی زۆر بگۆڕدرێن. یەکگرتنی ئایین لەگەڵ دەسەڵاتی سیاسییدا، ژنی بە شێوەیەکی سیستەماتیک پاڵ پێوە نا بۆ پێگەی هاوڵاتیی پلە دوو. لەم قۆناغەدا، دامەزراوەییبوونی مارەیی، بووە بنەمایەکی یاسایی بۆ کۆدکردنی ژن وەک موڵکێک، کە لە باوکییەوە دەگوازرێتەوە بۆ هاوسەرەکەی. لێکدانەوەی پرۆسە بایۆلۆژییەکانی ژن، بەتایبەتی سووڕی مانگانە، لەلایەن پیاوانی ئاینییەوە وەک قڕێژی یان ‘پیسیی’، تێگەیشتنە ئاینییەکانی بۆ چاودێرییکردن و کۆنترۆڵکردنی جەستەی ژن لەگەڵ خۆیدا هێنا، کە بە دامەزراوە بووە. ژن لەم سەردەمانەدا وەک کەرەستەیەک، کە پیرۆزییەکان پیس دەکات، لە شوێنە تاریک و دابڕاوەکاندا بەند دەکرا. پێکهاتەی حەرەمسراکان لە کۆشکەکانی ساسانیدا، پێگەی ژنی تەنیا بۆ مۆدێلی کۆیلەیەکی گوێڕایەڵ لە خزمەت فەرمانڕەوادا کەم کردەوە. بە هەمان شێوە، دامەزراوەی سیغە (هاوسەرگیریی کاتیی)، کە وەک “سۆزانییەتی شەرعیی” پێناسە دەکرێت، ژنی بە تەواوی بۆ ئاستی کاڵایەک دابەزاند، لە ڕێگەی پێشکەشکردنی بە پیاو بۆ ماوەیەکی دیارییکراو و لە بەرامبەر بڕە پارەیەکدا. لەم سەردەمەدا ژن گۆڕدرا بۆ تەنێکی بێدەنگ، کە لەناو سنوورەکانی خاوەندارێتییدا پێناسە دەکرا و وەک “شتێک کە دەچێنرێت و دروێنە دەکرێت” سەیر دەکرا. هاتنی ئیسلام بۆ ئێران، ستەمکاریی ساسانییەکانی لەناو نەبرد، بەڵکو بەپێچەوانەوە زیاتر قایمی کرد. چەمکی “فەتح” پرۆسەی تاڵانکردنی بەها کۆمەڵایەتییەکان و دیتنی ژنان وەک “غەنیمەت”ی هێنایە کایەوە.

بەرخۆدانی فەلسەفیی و باوەڕیی، دژی ئەو عەقڵییەتەی ژن وەک موڵک و غەنیمەت دەبینێت

بیروباوەڕەکانی مانی و مەزدەک، کە دژی دەسەڵات پەرەیان سەند، بە داکۆکییکردن لە بیرۆکەی یەکسانیی ژن و پیاو و تێگەیشتنی هاوبەشێتی کۆمەڵایەتیی، هەڵوێستێکی شۆڕشگێڕانەیان دژی سیستەمی باڵادەستیی ئەو سەردەمە نیشان دا. وانەکانی “ڕووناکیی”ی مانی و تێگەیشتنی مەزدەک بۆ ژیانی کۆمیناڵ، وەک یەکێک لە بەهێزترین کاردانەوەکان دژی ئەو پەیوەندییانەی ژنیان دەکردە موڵک و دژی نایەکسانییە کۆمەڵایەتییەکان گەشەی سەند.

بزووتنەوەی خورەمییەکانیش وەک بزووتنەوەیەکی بەرخۆدانی کۆمەڵایەتیی، کە ڕەگ و ڕیشەی لە باوەڕە کۆنەکانی میزۆپۆتامیا و باوەڕی میترایزمەوە دەهات و ژیان و ئازادیی دەخستە ناوەندەوە. لە ڕاپەڕینی بابەکی خورەمییدا، کە ڕەنگی سوور بووە هێمای بەرخۆدان، ژنان تەنیا فیگەرێک نەبوون کە پاڵپشتیی لۆجستی دابین بکەن؛ بەڵکو لە هەمان کاتدا وەک بەرگریکاری چالاک ڕاستەوخۆ بەشدارییان لە تێکۆشاندا دەکرد. هەوڵی هێزە باڵادەستەکان بۆ ڕەشکردن و چەواشەکاریی دژ بەم بزووتنەوانە وەک “فەساد” یان “بێڕەوشتی”، بەڵگەیەکی مێژووییە لەسەر ئەوەی ئەو مۆدێلە کۆمەڵایەتییانەی داکۆکییان لە یەکسانیی ژن و پیاو دەکرد، وەک هەڕەشەیەکی گەورە بۆ سەر پێکهاتەکانی دەسەڵاتی ئەو کاتە دەبینران.

ئەو بەها کۆمەڵایەتیی و مەعنەوییەی ئەم سیستەمە باوەڕیی و هزرییانە بە ژنیان بەخشیبوو، بنەمایەکی ئەخلاقیی بۆ ئەو بەرخۆدانە پێکهێنا، کە دژی دەسەڵاتی ناوەندیی پیاوسالاریی پەرەی سەندبوو. ئەم میراتە مێژووییەی لە یارسانییەوە، نەریتە زەردەشتییەکان و باوەڕەکانی دایک-مێخوداوەندی کۆنی میزۆپۆتامیاوە سەرچاوەی دەگرت، خاوەن بڕیاریی ژنانی لە ژیانی کۆمەڵایەتییدا ڕەوا کرد. هەروەها زەمینەیەکی کولتووریی خۆش کرد بۆ ئەوەی ژنان لە سەردەمی قەیران و شەڕەکاندا ڕۆڵی ڕێبەرایەتی و فەرماندەیی بگێڕن.

ژنانی پێشەنگ و بزووتنەوەکان

لەو واقیعە سیستەماتیكەی ژنان لە ئێراندا تێیدا دەژین، ئەو ڕێکخستنە کۆمەڵایەتییەی ڕژێمە ئیسلامییەکان دایانمەزراندووە، جەستە و ئیرادەی ژنی لە ژێر کاریگەریی هەموو جۆرە هەژموونگەرییەکدا گەمارۆداوە. ئەو توێژەی لە کۆمەڵگەدا زۆرترین ئازاری ئەم سیستەمە نێرسالارەی چەشتووە، ژنانن. چەوسانەوە، ئەو دیاردە بنەڕەتییە بووە، کە ژنان لە هەموو چین و توێژەکان و لە هەموو کایەکاندا ڕووبەڕووی بووەتەوە. ئایدۆلۆژیای باڵی ڕادیکاڵی ئیسلامی سیاسیی ڕژێمی ئێران، بەو پێیەی ژنان وەک تاوانباری شاراوە دەبینێت، کە ئارامیی کۆمەڵگە تێک دەدەن، میکانیزمە چەوسێنەرە چڕەکانی پەرەپێداوە بۆ ئەوەی ژنان بخاتە ڕیزبەندیی پیاوسالارییەوە. ڕژێمی ئێران بۆ سەرکوتکردنی ژنان، هێزی گەڕۆکی پۆلیسی ئەخلاقی بە ناوی “سارۆڵا” دامەزراند. بەڵام لە پاڵ ئەمەشدا، لە ئێراندا پاشخانێکی مێژوویی زۆر دەوڵەمەند و میراتێکی کولتووری هەیە. ئەم میراتی ئازادیی و کولتووری بەرخۆدانە، بۆ بزووتنەوەی ژنانیش ڕاستە.

لە ساڵانی ١٨٤٠کاندا لە ئێران بابیزم (کە دواتر بە بەهاییزم ناسرا) بە هەوڵەکانیان لەسەر داکۆکیی لە دادپەروەریی کۆمەڵایەتیی، ئازادیی و مافەکانی تاک، چاککردنی باجە نادادپەروەرەکان، داننان بە پێگەی ژن، هەڵوەشاندنەوەی فرەژنیی، قەدەغەکردنی توندوتیژیی دژی ژنان و چاکسازییەکانی خوێندن، ناوبانگیان لە کۆمەڵگەی ئێراندا لە ساڵانی ١٨٥٠کاندا ڕووی لە زیادبوون کرد. کاتێک بزووتنەوەی چاکسازییخوازی “باب” لە ساڵی ١٨٤٤دا لە شیراز گەشەی سەند، خۆی وەک “باب” (دەروازەی ڕاستیی) ڕاگەیاند. ئەم بزووتنەوەیە گرنگییەکی تایبەتیشی بە ئازادیی ژنان دەدا. حکومەتی ئەو سەردەمە ئەم بزووتنەوەیەی وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر حکومەت دەبینی و ناڕەزایەتی و چالاکییەکانی دژی بزووتنەوەی باب ڕێکخست. لەسەر ئەم بنەمایە، “باب” و “قوڕەتولعەین”، کە یەکەمین ژنی چالاکوانی فێمینیستی ئێران بوو، لەگەڵ ٢٨ لە لایەنگرانیاندا لە ساڵی ١٨٥٠دا لەسێدارە دران.

بزووتنەوەی بابیزم (بەهاییزم) کە داوای ئازادیشی بۆ ژنان دەکرد، تەنانەت دوای لەسێدارەدانی ڕێبەر و پێشەنگەکانیشی، لە ئێراندا وەک بزوتنەوەیەکی کاریگەر مایەوە. ئۆپۆزسیۆنی کەمینەکانی ئێران، ڕۆشنبیران و ژنان بەردەوام بوون لە پشتگیریکردنی بیروڕاکانی بابیزم. لە ئێرانی ئەمڕۆشدا، کە سەرکوتکردنی دەوڵەت بۆ سەر بەهاییەکان بەردەوامە، لە ساڵانی ١٩٨٠کانی سەدەی ڕابردوودا نزیکەی ٢٠٠ بەهایی کوژران یان لەسێدارە دران. لە ساڵی ٢٠٠٥یشدا، ٦٥ بەهایی لە ئێران دەستگیرکران.

ژنانی پێشەنگ

قوڕەتولعەین (١٨١٤- ١٨٥٢)

فاتمە بەراغانی، کە وەک یەکەمین ژنە چالاکوانی ناسراوی ئێران دادەنرێت، لە ساڵی ١٨١٤دا وەک کچی ڕێبەرێکی ئاینی لە قەزوین لەدایکبوو. قوڕەتولعەین کە ناوی ڕاستەقینەی (فاتمە بەراغانی)یە و بە نازناوی (تاھیرە)ش دەناسرێت، شاعیر، تیۆلۆگ (زانای ئاینی) و ئەندامێکی دیاری بزووتنەوەی باب بوو، کە لە سەدەی ١٩دا لە ئێراندا ژیاوە. فاتمە ڕەسەن و مۆدێلێک بوو بۆ ژنی ئێرانی، خوێندنی ئاینیی بە زمانەکانی عەرەبی و فارسی خوێند. لە تەمەنی ١٤ ساڵیدا لەگەڵ ئامۆزاکەیدا، کە ڕێبەرێکی ئاینی بوو، هاوسەرگیریی کرد. لە ساڵی ١٨٢٨دا لەگەڵ خوشکەکەیدا چووە عێراق و لە نەجەف و کەربەلا سەرقاڵی خوێندن و لێکۆڵینەوەی ئاینیی بوو. لەم سەردەمەدا ئاشنای ئەو بیروڕا ئەوروپییانە بوو، کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کاریگەر بوون. ناوی خۆی نا (قوڕەتولعەین) و دوای ناسینی (خاتوون ڕەشتی)، هاوسەرەکەی جێهێشت و بەشداریی لە بزووتنەوەی بابیزمدا کرد و بوو بە یەکێک لە پێشەنگەکانی ئەم بزووتنەوەیە. لەگەڵ بابییەکاندا بەشداریی لە شەڕدا کرد. لەم سەردەمەدا زۆرێک لەو ژنانەی بە جلی پیاوانەوە بەشدارییان لە چالاکییە سیاسییەکاندا دەکرد، لە هێرشەکانی دەوڵەت بۆ سەر گەلدا گیانیان لەدەستدا. قوڕەتولعەین داوای پێدانی مافی یەکسان بۆ ژنان و قەدەغەکردنی فرەژنی دەکرد. قوڕەتولعەین لە لایەن کۆمەڵگەوە بە دژایەتیکردنی ئاین تۆمەتبار کرا و لە ساڵی ١٨٥٠دا لە کۆمەڵکوژیی بابییەکاندا لەسێدارە دران.

سدیقە دەوڵەتئابادی

لە ساڵی ١٨٨٢دا لە ئەسفەهان لەدایکبووە. لەبەر ئەوەی لە تەمەنێکی بچووکدا بە زۆر هاوسەرگیریی پێکرابوو، گرنگییەکی زۆری بەو ڕێکخراوانە دەدا، کە سەرنجیان لەسەر منداڵانی کچ بوو. لە ساڵی ١٩١٧دا یەکەمین خوێندنگەی کچانی لە ئەسفەهان کردەوە و لە ساڵی ١٩١٨دا خوێندنگەی (ئومولمەداریس)ی بۆ کچانی هەژار دامەزراند. لە ساڵی ١٩١٨دا (کۆمەڵەی ژنانی ئەسفەهان)ی دامەزراند و لە ساڵی ١٩١٩دا یەکەمین ڕۆژنامەی ژنانی ئەسفەهانی بە ناوی (دەنگی ژن- زبانی زن) بڵاوکردەوە. بەهۆی کاردانەوەی پیاوانی ئاینی (مەلاکان) و ڕەخنەگرتنی لە پەیماننامەی ( وسووق ئەلدەولە)، ڕووبەڕووی فشار بووەوە و دوای داخرانی ڕۆژنامەکەی، چووە تاران و لەوێ گۆڤاری (دەنگی ژن)ی بە شێوەی مانگانە بڵاوکردەوە. لە ساڵی ١٩٢١دا (کۆمەڵەی بەهاکانی ژن – ئەنجومەنی ئازمایشی بانویان)ی لە تاران دامەزراند. لە ساڵی ١٩٢٣دا چووە پاریس و لە زانکۆی سۆربۆن خوێندنی لە بواری بەڕێوەبردنی کاردا تەواو کرد. لە ساڵی ١٩٢٦دا لە (کۆنگرەی نێودەوڵەتیی هاوپشتیی مافی دەنگدانی ژنان)دا نوێنەرایەتیی ژنانی ئێرانی کرد. دوای گەڕانەوەی بۆ ئێران لە ساڵی ١٩٢٧دا باڵاپۆشییەکەی لابرد و لە ساڵی ١٩٣٥دا دژایەتیی خۆی بۆ حیجابی زۆرەملێ ڕاگەیاند. بوو بە سەرپەرشتیاری پەروەردەی ژنان لە وەزارەتی مەعاریف (پەروەردە)، دواتر بوو بە پشکنەری خوێندنگەکانی کچان، و پاشان لە ساڵی ١٩٣٦دا وەک سەرۆکی (کۆمەڵەی ژنان – کانونی بانویان) دەستنیشان کرا. لە ساڵی ١٩٤٧دا لە (کۆنگرەی نێودەوڵەتیی ژنان بۆ ئاشتیی و ئازادیی)دا نوێنەرایەتیی ژنانی ئێرانی کرد و وتارێکی لەژێر ناونیشانی “ژنی ئێرانی” پێشکەش کرد.

سدیقە دەوڵەتئابادی لە تشرینی دووەمی ١٩٤٢دا گۆڤاری (دەنگی ژن)ی وەک گۆڤارێکی ٤٨ لاپەڕەیی دووبارە بڵاوکردەوە. لە ساڵی ١٩٦٢دا لە تەمەنی ٨٠ ساڵییدا کۆچی دوایی کرد. گۆڕی سدیقە دەوڵەتئابادی خۆی، براکەی و باوکی لە مانگی ئابی ١٩٨٠دا لە لایەن ئیسلامییە توندڕەوەکانەوە تێکدران. ئەرشیفی تایبەتی و بەڵگەنامەکانیی لەگەڵ ئەرشیفی ڕۆژنامە و گۆڤاری (دەنگی ژن)، کە ڕووناکی دەخەنە سەر بزووتنەوەی ژنان لە نیوەی یەکەمی سەدەی ٢٠دا، لە لایەن بنەماڵەکەیەوە پێشکەش بە بەشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیای ناوەڕاستی (پەیمانگای نێودەوڵەتیی مێژووی کۆمەڵایەتیی) کرا.

لە قەڵای دمدمەوە بۆ خاتوون زێدان

لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە ناوچەی برادۆست، کە دەکەوێتە ڕۆژئاوای دەریاچەی ورمێ، بەرخۆدانی قەڵای دمدم ڕاپەڕینێکی داستانئاسایە، کە لە ساڵانی ١٦٠٩-١٦١٠دا بە پێشەنگایەتیی (خانێ لەپ زێڕین) دژی ئیمپراتۆریەتیی سەفەوی پەرەی سەند. ئەم بەرخۆدانە لە یادەوەریی بەکۆمەڵی کورددا وەک یەکێک لە بەهێزترین هێماکانی هۆشیاریی بەرگریی و خۆپاراستن دژی دەسەڵاتی دەوڵەتی ناوەندیی قبوڵ دەکرێت. بەرگریی قەڵای دمدم تەنیا پێکدادانێکی سەربازیی نەبوو، بەڵکو لە هەمان کاتدا دەربڕینێکی مێژوویی بوو لە هاوپشتیی کۆمەڵایەتیی و کولتووری بەرخۆدانی بەکۆمەڵ. لەم پرۆسەیەدا، ڕۆڵی ڕەگەزیی کۆمەڵایەتییش گۆڕانی بەسەردا هات و ژنان بوونە بکەرانی ڕاستەوخۆ و چالاکی بەرخودانەکە.

(خاتوون زێدان) وەک یەکێک لە گرنگترین هێماکانی بەرخۆدان و ژنە کوردە ئازاکان، کە بەرگرییان لە قەڵا گەمارۆدراوەکە دەکرد، دەردەکەوێت. خاتوون زێدان، کە هاوسەری یەکێک لە میرەکانی ئەردەڵان بوو، دوای کۆچی دوایی هاوسەرەکەی، دەسەڵاتی گرتە دەست و هێزە گەلییەکانی ڕێکخست، کە لە ژن و پیاو پێکهاتبوون بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی سوپای سەفەوی. ستراتیژی سەربازیی خاتوون زێدان تەنیا بە مەیدانی جەنگەوە سنووردار نەبوو، بەڵکو لە بواری بەرگریی دەروونییشدا کاریگەر بوو. ئەو بە پۆشینی جلی پیاوانە بەو ژنانەی، کە نەدەکرا ڕاستەوخۆ بەشداریی شەڕەکە بکەن، وای کرد سوپاکە گەورەتر و قەرەباڵغتر دیار بێت، لە هەمان کاتدا ئامانجی ئەوە بوو، کە لە ئەگەری بەدیلگرتنیاندا، ڕێگریی بکات لەوەی ژنان لەسەر بنەمای “نامووس” بکرێنە ئامانج. بەم شێوەیە، ژنان نەک هەر تەنیا پاڵپشتیکاری بەرخۆدانەکە بوون، بەڵکو بوونە بکەرانی سەرەکی بەرگرییەکە.

شاناز خاتوون

شاناز خاتوون، لە گێڕانەوە مێژووییەکانی کورددا یەکێکە لەو ژنانەی کە ناوی لەو بەرخۆدانانەدا دێت، کە دژی سەفەوییەکان بەرپا بوو. لەکاتی شەڕ و پێکدادانەکانی ناوچەی ئەردەڵاندا، وەک هاوسەری “هێلۆ”، کە یەکێک بوو لە فەرماندە هەرێمییەکانی ئەو سەردەمە، ناوی هاتووە. شەناز خاتوون تەنیا لە پێگەیەکی پاڵپشتیکاردا نەمایەوە، بەڵکو ڕاستەوخۆ ڕۆڵی ڕێکخەر و بەرخۆدێرێکی گرتە ئەستۆ. شەناز خاتوون بە پێکهێنانی یەکەیەکی چەکداریی نزیکەی ١٥ کەسیی لە ژنان، ڕۆڵێکی چالاکی لەو بەرگرییەدا گێڕا، کە دژی هێزەکانی سەفەوی بەڕێوە دەچوو.

سەردەمی پەهلەوی و بەرخۆدانی قەدەم خێر

لە سیاسەتەکانی بەناوەندییکردنی سەردەمی ڕەزا شادا، لەژێر دروشمی “مۆدێرنەکردن”دا ئامانجیان سڕینەوەی پێکهاتە کۆمەڵایەتییە خۆجێیەکان و تاکڕەهەندکردنی ناسنامەی کورد بوو. ئەو بەرخۆدانەی قەدەم خێر لە چیاکانی لوڕستاندا پەرەی پێدرا، وەک یەکێک لە ڕاپەڕینە کۆمەڵایەتییە گرنگەکان دەبینرێت، کە دژی ئەم سیاسەتە ناوەندیخوازانە سەری هەڵدا.

قەدەم خێر دوای کوژرانی “موراد خان”ی برای، ڕێبەرایەتییەکەی گرتە ئەستۆ و بە گۆڕینی جوگرافیای شاخاویی ناوچەکە بۆ مەیدانێکی ستراتیژیی بەرگریی، بۆ ماوەیەکی درێژ لە دژی سوپای پەهلەوی بەرگریی کرد. قەدەم خێر، کارەکانی دەسەڵاتی شای لەسەر قەدەغەکردنی باڵاپۆشیی، نەک وەک پڕۆژەیەکی ئازادکردنی ژن، بەڵکو وەک کارێک دەبینی، کە کۆنترۆڵی دەسەڵاتی ناوەندیی بەسەر جەستە و ناسنامەی ژندا زیاتر دەکات. لەبەر ئەم هۆکارەش، پێشنیارەکانی هاوسەرگیریی و لێخۆشبوونی ڕەزا شای بەم وتەیە ڕەتکردەوە:”گەلەکەم نابێتە موڵکی تۆ”.

ڕەزا شا کاتێک بە ڕێگەی سەربازیی نەیتوانی ئەنجام بەدەست بهێنێت، بە بەڵێنی ئاشتیی قەدەم خێری قایل کرد، کە خۆی بەدەستەوە بدات، بەڵام دواتر بەڵێنەکەی خۆی نەبردە سەر و قورسترین ئەشکەنجە و گوشاری خستە سەری. قەدەم خێر، قژی بە ئەسپێکەوە بەسترا و بە زەوی دا ڕادەکێشرا، وێڕای ئەوەی ڕووبەڕووی ئەم ئەشکەنجەیە بووەوە تەنانەت تا شکانی ئێسکەکانی، دوای پرۆسەی سێ ساڵ زیندانییکردنیش لەسێدارە درا. ئەم دڕندەییە، بووە یەکێک لە قووڵترین شوێنەوارەکانی ناو یادەوەریی مێژوویی لەسەر بێمتمانەیی گەلی کورد بەرامبەر بە دەوڵەتی ناوەندیی و باجی ڕێبەرایەتیکردنی ژنان.

مەرزیە ئەحمەدی ئۆسکۆیی

مەرزیە ئەحمەدی ئۆسکۆی

مەرزیە ئەحمەدی ئۆسکۆیی، ژنە پێشەنگێکی شۆڕشگێڕ بوو دژی ڕژێمی شا. مامۆستا و شاعیر بوو، کە لە کۆتاییەکانی ساڵانی ١٩٦٠ و سەرەتای ساڵانی ١٩٧٠دا ڕۆڵێکی چالاکی لەناو بزووتنەوە شۆڕشگێڕییەکانی ئێراندا گێڕا. ئۆسکۆیی، کە لە ئێران و بەتایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا ناسراو بوو، لەو خەباتە چەکداریی و سیاسییەدا بەشداری کرد، کە دژی ڕژێمی سەرکوتکەری پەهلەوی ئەو سەردەمە پەرەی سەندبوو. مەرزیە ئەحمەدی ئۆسکۆیی، کە یەکێک بوو لە کادرە ژنەکانی بزووتنەوەی (چریکەکانی فیدایی گەلی ئێران)، نەک تەنیا لە خەباتی سیاسییدا، بەڵکو لە کایەی هزریی و کولتوورییشدا وەک کەسایەتیەکی کاریگەر دەرکەوت. ئۆسکۆیی بە ناسنامەی مامۆستایەتیی و شیعرەکانی لەناو گەلدا دەناسرا، وەک یەکێک لە هێماکانی قۆناغێکی نوێ دەبینرێت، کە ژنان ڕاستەوخۆ دەبنە بکەری خەباتی شۆڕشگێڕانە.

لە ساڵانی ١٩٧٠دا، لە کاتی پێکدادانێکی دژ بە هێزەکانی ڕژێم، لەگەڵ گرووپی هاوڕێکانیدا گەمارۆ دران. وەک چۆن لە زۆرێک لە ڕێکخستنە ژێرزەمینییەکانی ئەو سەردەمەدا باو بوو، چەکدارەکان سیانۆریان لەگەڵ خۆیاندا هەڵدەگرت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسیی ئەشکەنجەی قورس و ئاشکرابوونی زانیارییەکان لە کاتی دەستگیرکردنیاندا. لەسەر بنەمای ئەم تێگەیشتنە، کە خۆبەدەستەوەنەدانی بە پرەنسیپێکی بنەڕەتیی دەزانی، مەرزیە ئەحمەدی ئۆسکۆیی لە کاتێکدا، کە بە قورسیی بریندار بووبوو، بە خواردنی سیانۆر کۆتایی بە ژیانی هێنا. دوای گیانلەدەستدانی، هێزەکانی دەوڵەت بە مەبەستی دروستکردنی ترس لەناو خەڵک و سەرکوتکردنی بەرخۆدانەکە، تەرمەکەیان بە پشتی ئۆتۆمبێلێکەوە بەستەوە و ڕایانکێشا. ئەم ڕووداوە، لە یادەوەریی بزووتنەوە شۆڕشگێڕییەکانی ئێراندا وەک یەکێک لە نموونە سیمبولییەکانی توندوتیژیی دەوڵەت و دووژمنکاریی تایبەت بەرامبەر بە ژنانی شۆڕشگێڕ تۆمار کرا.

کۆماری مەهاباد و مینا قازی

له‌ دژی سیاسه‌ته‌کانی ڕژێمی په‌هله‌وی که‌ نکوڵی لە ناسنامەی گەلی کورد دەکرد، ژنان لە بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکاندا ڕۆڵی پێشەنگایەتیی گرنگیان گێڕا. کۆماری کوردستان لە مەهاباد، کە لە ساڵی ١٩٤٦دا دامەزرا، وەرچەرخانێکی مێژوویی بوو لە پێگەی ژنان، کە لە پێکهاتە عەشیرەتییەکان تێپەڕی و بەرەو شێوازی ڕێکخستنی سیاسیی دیموکراتیک-کۆمیناڵ هەنگاوی نا.

مینا قازی

دایە مینا (مینا قازی)، وەک یەکێک لە کاراکتەرە هەرە کاریگەرەکانی ڕێکخستن و دیپلۆماسیی ئەم قۆناغە دەرکەوت. مینا قازی، کە یەکێک بوو لە دامەزرێنەرانی یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان (یایا)، نەک تەنیا لەسەر ئاستی خۆماڵیی، بەڵکو لە ڕێگەی دروستکردنی پەیوەندیی لەگەڵ ژنانی پێشەنگی ناوچەکانی تردا وەک (حەپسە خانی نەقیب) و (گوڵزار خانمی شکاک)، هەوڵی دا تۆڕێکی هاوپشتیی هەرێمیی لەنێوان ژناندا دروست بکات. ئەم دۆخە ئەوە پیشان دەدات، کە ئەزموونی مەهاباد تەنیا ڕاگەیاندنی خۆبەڕێوەبەریی دەڤەرێک نەبوو، بەڵکو بەشێک بوو لە ڕابوونێکی کۆمەڵایەتیی فرەوان کە سنوورەکانی دەبڕی. بڵاوکردنەوەی گۆڤاری “هەڵاڵە”، چالاکییەکانی خوێندن بە زمانی دایک و ئەو کەمپینانەی دژی هاوسەرگیریی زۆرەملێ بەڕێوە دەچوون، ڕۆڵی ژنانی لە بونیاتنانی کۆمەڵگەدا زیاتر دیار و بەرچاو کرد. لەم پرۆسەیەدا، زۆرێک لەو ژنانەی خەباتیان دەکرد باجی قورسیان دا. ئەو ناوانەی وەک “کچانی نەغەدە” کە لەژێر ئەشکەنجەدا چاوەکانیان لەدەستدا، خاوەن پێگەیەکی گرنگن لە یادەوەریی ئەم بەرخۆدانەدا. مینا قازیش بەهۆی لەسێدارەدانی هاوژینەکەی و گیانلەدەستدانی منداڵەکانی، ئازارێکی قووڵی چەشت، بەڵام سەرەڕای ئەمەش، تەنانەت لە دۆخی تاراوگە و زیندانیشدا، دەستبەرداری ئیرادەی سیاسیی خۆی نەبوو.

هێمای بەرخۆدانی ڕۆشنبیریی و کولتووریی: مەستوورەی ئەردەڵان

تێکۆشانی ڕەگەزیی لە کۆمەڵگەدا، لە کایەی جوانناسیی (ئەدەب و هونەر) بە تۆکمەترین شێوە بەردەوام بووە. لە ئەدەبی کلاسیکی ئێرانیدا، کۆد و بیرکردنەوە پیاوسالارییەکان بە ناوی “دانایی”یەوە خراونەتە ڕوو. نیزامولمولک لە کتێبی “سیاسەتنامە”دا ئامادەبوونی ژن لە کایەی گشتییدا وەک “فەسادی دەوڵەت” پێناسە دەکات، لە لایەکی تریشەوە فەرمانەکانی سەعدی شیرازی، کە دەڵێت “ژن نابێت بچێتە بازاڕ و نابێت دەنگی ببیسترێت”، بوونەتە یەکێک لە دیارترین نموونەکان لەسەر ئەوەی، کە چۆن ئەدەب گۆڕدراوە بۆ میکانیزمێکی چەوسانەوە. بەڵام دەنگی ژن، توانیویەتی ئەم دیوارە بێدەنگییە بپچڕێنێت. مەستوورەی ئەردەڵان وەک یەکێک لە یەکەمین ژنانی جیهان، کە بە هۆشیاریی خۆیان مێژوویان نووسیوەتەوە، خاتوون ڕەمزبار وەک ژنی دانای باوەڕی یارسان و ڕەیحانەی لوڕستانی کە دکتۆر و مۆسیقاژەنێک بوو، لە ڕێگەی هونەر و زانستەوە “هێزی هۆشیاری”ی ژنیان بە زیندوویی هێشتەوە.

شیعرەکانی فروغ فەروخزاد و پەروین ئیعتەسامی، کە وەک یاخیبووانی مۆدێرن ناودەبرێن، وەک هاوارێک دژی بێدەنگییەکی هەزار ساڵە دەرکەوتن. پێشەنگایەتیی ژنانی کورد ڕۆڵێکی بونیاتنەری هەبووە لە پاراستنی یادەوەریی کۆمەڵایەتیی، زمان و ناسنامەی مێژووییدا. مەستوورەی ئەردەڵان وەک یەکێک لە یەکەمین ژنە مێژوونووسەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دادەنرێت. مەستوورەی ئەردەڵان، کە بە توانای ئەدەبیی خۆی لە زمانەکانی گۆرانی، سۆرانی، فارسی و عەرەبییدا سەرنجی ڕادەکێشا، بە نووسینی کتێبی “مێژووی ئەردەڵان” نەک تەنیا گێڕانەوەیەکی مێژوویی تۆمار کرد، بەڵکو لە هەمان کاتدا ڕۆڵی بونیاتنەری ژنانی لە مێژوونووسییدا بەرجەستە کرد. بوونی ئەو پیشانی دەدات، کە مێژوو تەنیا سەربوردەیەکی پیاوسالارانە نییە، بەڵکو ژنانیش بەرهەمهێنەر، هەڵگر و لێکدەرەوەی یادەوەریی کۆمەڵایەتین.

فەروخڕوو پارسا

فەروخڕوو پارسا، وەک یەکێک لە یەکەمین ژنە پەرلەمانتارەکان و یەکەمین ژنە وەزیر لە مێژووی ئێراندا لە سەردەمی محەمەد ڕەزا شادا، وەک یەکێک لە گرنگترین فیگەرەکانی بزووتنەوەی ژنانی ئێران دادەنرێت. پارسا کە داکۆکیکاری مافەکانی ژنان بوو، لە ساڵی ١٩٦٣دا چووە پەرلەمان و بەتایبەتی بۆ باشترکردنی پێگەی یاسایی و کۆمەڵایەتیی ژنان کاری کرد. داکۆکیی لە چاکسازییەکانی یاسای خێزان، مافی خوێندنی ژنان و بەشداربوونیان لە ژیانی کۆمەڵایەتیدا دەکرد، هەروەها داوای دەکرد، کە پەروەردەی ڕەگەزیی بخرێتە ناو پرۆگرامی خوێندنی ئامادەییەوە.

فەروخڕوو پارسا

لە ٢٧ی ئابی ١٩٦٨دا، فەروخڕوو پارسا وەک یەکەمین ژنە وەزیری پەروەردەی ئێران دەستبەکاربوو و پێشەنگایەتیی گۆڕانکاریی گرنگی لە بواری پەروەردەدا کرد. لەو ساڵانەی کە مامۆستای بایۆلۆژی بوو، بەوە دەناسرایەوە، کە لە دەرەوەی کاتەکانی خوێندنگە، بە شێوەی خۆبەخش لە بەندیخانەکاندا وانەی بە ژنان دەوتەوە. لە سەردەمی وەزارەتەکەیدا، ملیۆنان ژن توانییان بە شێوەیەکی فرەوانتر دەستیان بە دەرفەتەکانی خوێندن ڕابگات (تەنانەت لە زانکۆکانیشدا)، بەمەش ئامادەیی و دیاربوونی ژنان لە کایەی گشتییدا زیادی کرد.

دوای شۆڕشی ئیسلامیی ئێران لە ساڵی ١٩٧٩دا، پارسا لە لایەن دەسەڵاتی نوێی کۆماری ئیسلامییەوە دادگایی کرا و بە تۆمەتی “دژایەتیکردنی خودا” و “تێکدانی بەها کۆمەڵایەتییەکان” سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا. فەروخڕوو پارسا  یەکێک بوو لە یەکەمین فیگەرە سیاسییە ژنەکان، کە دوای شۆڕش لەسێدارە دران، لە پرۆسەی دادگاییکردنەکەیدا پاشەکشەی نەکرد و بەردەوام بوو لە داکۆکییکردن لە ئازادیی ژنان. بەم وتەیەی، بووەتە هێمایەکی بەهێز لە یادەوەریی بزووتنەوەی ژنانی ئێراندا:”من دکتۆرم، لە مردن ناترسم. مردن تەنیا چرکەیەکە. مردن هەڵدەبژێرم لەوەی کە حیجابی زۆرەملێ قبوڵ بکەم.”

فەروخڕوو پارسا لە ڕێکەوتی ٨ی ئایاری ١٩٨٠دا لەسێدارە درا. ژیان و مردنی ئەو، وەک یەکێک لە هێما مێژووییەکانی خەباتی ژنان بۆ خوێندن، ئازادیی و یەکسانیی لە ئێراندا لە یادەوەرییدا ژنان و کۆمەڵگەدا بە زیندوویی مایەوە.

هما دارابی

هما دارابی، پزیشک و ئەکادیمیسیەنێکی ئێرانییە، کە خوێندنی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا تەواو کردووە. دوای شۆڕشی ئێران گەڕاوەتەوە بۆ وڵاتەکەی و هەڵوێستێکی ئۆپۆزسیۆنیی ئاشکرای لە دژی سیاسەتە سەرکوتکەرەکان بەتایبەتی سیاسەتەکانی دژ بە ژنان، نیشان داوە. سەپاندنی حیجابی زۆرەملێ لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە و زیادکردنی کۆنترۆڵکردنی ژنان لە ژیانی گشتییدا، لە سەرەکییترین ئەو سیاسەتانە بوون، کە هما دارابی بە توندیی ڕەخنەی لێ دەگرتن. لەو سەردەمەی وەک پزیشک کاری دەکرد، ڕووبەڕووبوونەوەی ژمارەیەکی زۆر لەو ژنانەی، کە بەهۆی حاڵەتەکانی توندوتیژیی و دەستدرێژیی سێکسییەوە سەردانیان دەکرد، سەرنجی ئەوی بەرەو سەرکوتی دەوڵەت ڕاکێشا. بەپێی گێڕانەوە ناوخۆییەکان و بانگەشەکانی مافی مرۆڤ، ئەو زانیارییانەی ئاماژەیان بەوە دەکرد، کە هەندێک لە ژنان لە پرۆسەی دەستبەسەرکردندا ڕووبەڕووی مامەڵەی خراپی قورس و توندوتیژیی سێکسیی بوونەتەوە، ڕەخنەکانی هما دارابی دژ بە ڕژێمی زیاتر تیژ و تیژتر کردەوە.

هما دارابی لە دژی چەوسانەوەی ژنان، سیاسەتەکانی حیجابی زۆرەملێ و توندوتیژیی دەوڵەت، لە ساڵی ١٩٩٤دا لە تاران چالاکیی خۆسووتاندنی ئەنجام دا. ئەم چالاکییە، لە ڕوانگەی بزووتنەوەی ژنانی ئێرانەوە وەک یەکێک لە سەرنجڕاکێشترین ناڕەزایەتییەکان دژی سەرکوتەکانی ڕژێم بەسەر جەستە و ناسنامەی ژندا لە یادەوەریید چەسپا.

لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا لەدایکبوونی بزووتنەوە مۆدێرنەکانی ژنان

مێژووی بزووتنەوەکانی ژنان لە ئێراندا، نەک تەنیا مێژووی خەباتی مافەکانی ژنان، بەڵکو لە هەمان کاتدا وەک مێژووی گەڕان بەدوای ئازادیی کۆمەڵایەتیی، سیکۆلاریزم، مافی خوێندن و دیموکراتیزەکردندا دەردەکەوێت. ئەو ڕێکخراوە ژنانەی، کە لە کۆتاییەکانی سەدەی ١٩وە پەرەیان سەند، هاوتەریب لەگەڵ پرۆسەکانی وەرچەرخانی سیاسیی وڵاتەکەدا پێشکەوتن. ژنان لە کاتێکدا خەباتیان بۆ مافە دەستوورییەکان، خوێندن، ژیانی کارکردن و ئامادەییان لە فەزای گشتیدا، ڕووبەڕووی سەرکوتی دەوڵەت، کۆنەپەرستیی ئاینی و سیستەمە یاساییە پیاوسالارەکان بوونەوە. سەرەڕای ئەمەش بزووتنەوەی ژنانی ئێران، زیاتر لە سەدەیەکە بە شێوازی جیاواز بەردەوامیی بە بوونی خۆی داوە و بووەتە یەکێک لە ڕەسەنترین کایەکانی خەباتی کۆمەڵایەتیی لە ناوچەکەدا.

سەرەتای بزووتنەوەکانی ژنان لە ئێران

سەرەتای بزووتنەوەی ژنانی ئێران، بەو کاردانەوانە دەستیپێکرد، کە دژی ئەو یاسایانە نیشان دران، کە ژنیان ناچار دەکرد بە زۆر باڵاپۆش بن، هەروەها دژی ئەو سەختییە ئابوورییانەی، کە هەبوون.

بەشداربوونی ژنان لە چالاکییە نەتەوەییەکاندا بۆ یەکەمین جار لە ساڵی ١٨٩٥دا دەستیپێکرد، کاتێک بەرهەمهێنانی توتن لە وڵاتدا کەوتە ژێر قۆرخی کۆمپانیایەکی بەریتانی بە ناوی (G. F. Talbott). زەینەب پاشا، ژنانی دژی پەیماننامەی ڕژێم ڕێکخست، کە قۆرخکاریی توتنی ڕێکدەخست، و ژنانیش چالاکیی داخستنی دوکانەکانیان بەڕێوەبرد. دەوڵەت بەهۆی فشاری ژنانەوە ناچار بوو پەیماننامەکە هەڵبوەشێنێتەوە.

ژنان، دوای پەسەندکردنی دەستوور لە ئابی ١٩٠٦دا، لە ڕێگەی فرۆشتنی زێڕ و گەوهەر و مارەییەکانیانەوە بەشدارییان لە کەمپینی دامەزراندنی یەکەمین بانکی نیشتمانیدا کرد و بایکۆتی کاڵا بیانییەکانیان کرد. سەرەڕای هەموو هەوڵەکان، دەستووری ١٩٠٦ مافی دەنگدانی بە ژنان نەدا. ژنان لەگەڵ کەمینەکان، ساختەکاران، قەرزداران، بکوژان، سواڵکەران و دزەکان لە هەمان پۆلدا هێڵدرانەوە و ڕاگەیەندرا، کە بەپێی یاساکانی ئیسلام سزا دەدرێن. ژنە چالاکوانانی وەک سەفیە یەزدی، سدیقە دەوڵەتئابادی و بەدری توندەری، کۆمەڵەی ژنانیان دامەزراند، کە زۆربەیان نهێنی بوون، و لە ڕێگەی بڵاوکردنەوەی ڕۆژنامە و نامیلکەی هەفتانەوە هەوڵیان دەدا بیروڕاکانیان بە خوێنەران بە گشتیی و ژنان بە تایبەتیی بگەیەنن. لە ساڵی ١٩٠٦دا ژنان سەرپۆشەکانیان لادا و بۆ بەدەستهێنانی مافی هاوڵاتیبوونیان ڕێپێوانیان کرد. ئەوانەی دژی ئەم بزووتنەوەیە بوون، ژنانی چالاکوانیان وەک “سۆزانیی بەکرێگیراو”ی شۆڕشەکە پێناسە کرد.

یەکەمین خوێندنگەکانی کچان

یەکەمین خوێندنگەی کچان ١٩٠٦

کاتێک ژنان بینییان، کە لە دەستووری ١٩٠٦ دا پێگەی پلە دوو بوونیان چەسپێنراوە، دەستیان بە کردنەوەی خوێندنگە کرد. هەوڵەکانی ژنان بۆ کردنەوەی خوێندنگەی کچان کاردانەوەی پیاوانی ئاینیی لێکەوتەوە؛ ئەوان دەیانویست ڕێگریی لە چوونە خوێندنگەی کچان بکەن. پێشتر یەکەمین خوێندنگەکانی کچان لە ئێران لەلایەن کاتۆلیکە مژدەهێنەرەکان (میسیۆنەرەکان) لە ساڵی ١٨٣٥ لە ورمێ، و لە ساڵی ١٨٦٠ لە تەورێز و ئەسفەهان کرانەوە.

لە چالاکیی ژنانی ٢٠ی کانوونی دووەمی ١٩٠٧دا، بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ژنان بڕیار درا، کە ئەو پارەیەی بۆ مارەیی و جیازیی ماڵ خەرج دەکرێت، بۆ بواری پەروەردە و خوێندن خەرج بکرێت. لە ساڵی ١٩٠٧دا یەکەمین خوێندنگەی کچانی موسڵمان و لە ساڵی ١٩٠٨دا خوێندنگەی کچانی فەرەنسی لە تاران دامەزران. لەم قۆناغەدا، لە شارەکانی دەرەوەی تارانیشدا کردنەوەی خوێندنگەکان بەردەوام بوو.

لەو بزووتنەوە کۆمەڵایەتییانەی، کە لە ئێراندا دژی ڕشتنی خوێن و داگیرکاریی ڕووسیای قەیسەری و بەریتانیا پەرەیان سەند، ژنانی هەموو چین و توێژەکان و ئاینە جیاوازەکان (جوو، بەهایی، زەردەشتی) بەشدارییان تێدا کرد. لە ١ی کانوونی یەکەمی ١٩١١دا، (کۆمەڵەی ژنانی نیشتمان) خۆپێشاندانێکی لەبەردەم پەرلەماندا ڕێکخست کە تێیدا هەزاران ژن بەشدارییان کرد. نزیکەی ٣٠٠ ژنی چەکدار، کە بەشدارییان لەم خۆپیشاندانەدا کردبوو، چوونە ناو پەرلەمان و بە ئەندامانی پەرلەمانیان ڕاگەیاند، کە پێویستە ئازادیی و کەرامەتی ئێران بپارێزن، ئەگەر نا سەرەتا هاوسەر و منداڵەکانیان و پاشان خۆشیان دەکوژن.

ژنانی ڕۆشنبیر لەم سەردەمەدا لە پاڵ کێشەکانی ژنی ئێرانیدا، گرنگییان بە پێکهاتەی سیاسیی سیکولار و چالاکییە هزرییەکانیش دەدا. بە کاریگەریی شۆڕشی ئۆکتۆبەری ڕووسیا، بیرۆکە سۆسیالیستی-کۆمۆنیستییەکان کە لە ئێراندا دەستیان بە بڵاوبوونەوە کردبوو، ڕەنگدانەوەیان لە کۆمەڵەکانی ژنانیشدا دۆزییەوە. ڕێکخراوە نهێنییەکانی ژنان، کە زۆربەیان لە تاراندا چالاک بوون، لە ڕێگەی نامیلکەکان، ئەو ڕۆژنامە و گۆڤارانەی کە دەریان دەکردن و ئەو کەمپینانەی ئەنجامیان دەدان، هەوڵیان دەدا سەرنج بۆ سەر دۆخی ژنانی وڵات ڕابکێشن. ژمارەی کۆمەڵەکانی ژنان لە ساڵی ١٩١٣دا گەیشتە نۆ کۆمەڵە.

دامەزراندنی کۆمەڵە و گۆڤارەکانی ژنان

لە ساڵی ١٩٠٧دا (یەکێتیی نهێنیی ژنان) و لە ساڵی ١٩١٠دا (کۆمەڵەی ژنانی نیشتمان) دامەزران. لە ساڵی ١٩١٥دا (کۆمەڵەی ژنانی دەرچووی مەسیحیی ئێران) و (کۆمەڵەی ژنانی جوو) بە مەبەستی یارمەتیدانی کۆمەڵگەکانی خۆیان دامەزران. (کۆمەڵەی ژنانی نیشتمانپەروەر) لە ساڵی ١٩١٩دا بە سەرۆکایەتیی “موحتەرەم ئەسکەندەری” دامەزرا، بۆ پێشخستنی پەروەردە، فێرکردنی خوێندەواریی بۆ ژنانی بەتەمەن، دابینکردنی خزمەتگوزاریی نەخۆشخانە و چاودێریی بۆ ژنانی هەژار، و هاندانی پیشەسازیی نیشتمانیی.

گۆڤاری (ڕابوونی ژن – بیداری زن)، کە لەلایەن ئەو ژنە مارکسیستانەوە دامەزرا، کە لە کۆمەڵەی ژنانی نیشتمانپەروەر جیابوونەوە، لەلایەن “کامبەخش”ی ڕێبەری حزبی کۆمۆنیستی توودە سەرپەرشتی دەکرا. کامبەخش، کە کۆمەڵەکانی ژنانی وەک گرووپی کولتووریی پێناسە دەکرد، لە ڕێگەی ئەم جۆرە کۆمەڵانەوە هەوڵی دەدا بنکەی جەماوەریی حزبی توودە فرەوانتر بکات.

کۆمەڵەی (مژدەهێنەرانی سەرکەوتنی ژنان)، لە ساڵی ١٩٢١دا لە لایەن ژنانی مارکسیستەوە لە شاری ڕەشت دامەزرا. کۆمەڵەکە خولی خوێندەواریی بۆ پێگەیشتووان و کۆپەراتیڤی ئابووریی کردەوە. هەروەها خوێندنگەی کچان و کتێبخانەی دامەزراند و ڕۆژنامەی بڵاوکردەوە. ئەندامانی کۆمەڵە کۆمۆنیستییەکانی ژنان، لە ساڵی ١٩١٥دا بۆ یەکەمین جار لە شاری ڕەشت یادی ڕۆژی جیهانیی ژنانیان کردەوە.

بوونی زیاتر لە ٢٠ بڵاوکراوەی خولیی لەنێوان ساڵانی ١٩١٠-١٩٣٠ لە ئێراندا، ئەوە پیشان دەدات، کە بزووتنەوەکانی ژنان بەهێز بوون. یەکەمین گۆڤاری ژنان بە ناوی (زانست) لە ساڵی ١٩١٠دا لە لایەن “خاتوون کەحال”ەوە دەرکرا.

“نەوابە سەفەوی” و “عەمید موزەیەنەدین سەلتەنە”، لە ساڵی ١٩١٢دا گۆڤاری (پشکۆتن – شکوفە)یان دەرکرد. “فەخروئافاق پارسا” لە ساڵی ١٩٢١دا بەهۆی بڵاوکردنەوەی گۆڤاری ژنانی (جیهانی ژن – جیهانی زن)، سەرەتا لە شاری مەشهەدەوە بۆ تاران و دواتر بۆ ئەراک دوورخرایەوە و وەک دووژمنی ئیسلام ڕاگەیەندرا.

بەپێی تۆمارەکانی وەزارەتی ناوخۆی ئێران و بەپێی داتاكانی ٢٥ ساڵی ڕابردوو، ژمارەی ئەو کۆمەڵە و ڕێکخراوە مەدەنییانەی سەرنجیان لەسەر ژنانە و لە ناوەوەی ئێراندا چالاکن، بەپێی کات گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووە، بەڵام ئاماژە بەوە کراوە، کە سەدان ڕێکخراوی ناحکومیی تۆمارکراو هەن، کە لە بوارەکانی پەروەردە، کارسازیی، تەندروستیی و ژینگەدا کار دەکەن. ئەو کۆمەڵانەی ژنان کە تۆمارکراون و ڕەزامەندیی دەوڵەتیان هەیە، بە گشتیی سەرنج دەخەنە سەر ئەو بوارانەی ڕاستەوخۆ تەحەدای یاساکان یان ڕژێم ناکەن. بۆ نموونە بابەتەکانی وەک پەروەردە، تەندروستیی خێزان و بەرەنگاربوونەوەی هەژاریی. بەڵام ئەو گرووپانەی لەسەر بابەتە ناکۆکەکانی وەک مافەکانی مرۆڤ یان چاکسازیی سیاسی چالاکن، ڕووبەڕووی پشکنینی توندی ئەمنی و مەترسیی داخران دەبنەوە. لە پاڵ ئەمەشدا، لە ساڵانی کۆتاییدا چەندین گرووپی سەربەخۆی مافەکانی ژنان هەن، کە پێگەی فەرمییان نییە و لە ڕێگەی زانکۆ، سەندیکا و گەڕەکەکانەوە لەگەڵ یەکتردا ڕێکخراون. بەتایبەتی دوای بزووتنەوەی “ژن، ژیان، ئازادیی”، ئەم جۆرە ڕێکخستنانەی ژنان، کە لە ناو خەڵکەوە (لە بنکەوە) سەرچاوە دەگرن، گوڕوتینێکی گەورەیان بەخۆوە بینیوە.

ئەزموونەکانی ژنان لە سەردەمی ڕەزا شادا

ڕەزا شا لە قۆناغەکانی سەرەتادا، لە ڕێگەی دەسەڵاتێکی سەرکوتکەرەوە هەوڵی دەدا ژنان ئازاد بکات و هانیان بدات بۆ بەشدارییکردن لە کۆمەڵگە و ژیانی کارکردندا، چاکسازیی لە پۆشاکدا ئەنجام دا وەک پەروەردەی ژنان و قەدەغەکردنی باڵاپۆشی و سەرپۆش.

بەپێی یاسای مەدەنیی ساڵی ١٩٢٨، ئەو دادگایانەی، کە لەلایەن کاربەدەست و یاساناسە عەلمانییەکانەوە سەرپەرشتیی دەکران، شوێنی دادگا ئاینییەکانیان گرتەوە. کاریگەریی ڕێسا ئیسلامییەکان کەمکرانەوە و تەمەنی هاوسەرگیریی کرا بە ١٥ ساڵ. مافی جیابوونەوەی ژن خرایە ناو گرێبەستی هاوسەرگیرییەوە، بەڵام لە بابەتەکانی هاوسەرگیریی، جیابوونەوە و سەرپەرشتییکردنی منداڵدا ڕێکارە کۆنەکان بەردەوام بوون. یاساکانی شەریعەت، کاریگەریی ئیسلامی سیاسیی بەسەر کۆمەڵگەدا و سیستەمی پیاوسالاریی لە پێکهاتەی خێزانی ئێرانیدا وەک خۆی مایەوە. بەهۆی ئەو چاکسازییانەی لە ساڵی ١٩٢٨دا لەڕووی یاساییەوە کران، ژنان جارێکی تر وەک هاوڵاتیی پلە دوو سەیر کرانەوە.

وێنەی ژنان لە زانکۆیەکی ئێران ١٩٣٠کان

لە ساڵی ١٩٣٥دا، ١٢ ژن مافی چوونە زانکۆیان بەدەستھێنا. لە ساڵی ١٩٣٤دا فەرمان بە مامۆستایان و قوتابییانی کچ کرا، کە باڵاپۆشییەکانیان لابدەن. لە ساڵی ١٩٣٦دا بۆ یەکەمین جار لە وڵاتێکی موسڵماندا، پۆشینی باڵاپۆش لە تەواوی وڵاتدا لەسەر ژنان قەدەغە کرا و بە فەرمیی ژنی باڵاپۆش وەک نایاسایی هەژمار کرا. ئەو فەرمانبەرانەی دەوڵەت، کە هاوسەرەکانیان باڵاپۆش بوون، چوونە ناو سینەما و شوێنە گشتییەکانیان لێ قەدەغە کرا. بە شۆفێرانی تەکسی ڕاگەیەنرا، کە  ژنی باڵاپۆش وەک سەرنشین سەرنەخەن، ئەگەر نا ڕووبەڕووی سزای دارایی دەبنەوە. لە ڕاگەیاندن و شانۆکاندا چاکسازییەکان ناسێندران، لە ڕێگەی وێنەی نوێی گۆڕاوی ژنانەوە، باسی کچانی خوێندنگە، کچانی داهێنەر و چالاکییەکانی یانەی ژنان دەکرا. چاکسازییەکان لەلایەن چینی ناوەڕاست و سەرەوەی کۆمەڵگەوە قبوڵ کران. فرەژنیی و نایەکسانیی لە هاوسەرگیریی و جیابوونەوەدا کەم بووەوە. مووچەی ژنانی کارێکار زیادی کرد. سەرەڕای دەستکەوتە گرنگەکان، ژنان لەڕووی یەکسانیی ئابووریی و کۆمەڵایەتییەوە لە مافە سیاسییەکان بێبەش کران. قەدەغەکردنی یاسایی باڵاپۆش لەلایەن بەشێک لە ژنانەوە پەسەند کرا. بەڵام نەریتییە موسڵمانەکان ئەم قەدەغەکردنەیان وەک پێشێلکردنی مافەکانی تاک و بێڕێزی بە ئیسلام سەیر دەکرد. خۆپیشاندانەکانی دژ بە حکومەت، کە لەلایەن پیاوانی ئاینییەوە، دژی قەدەغەکردنی باڵاپۆش لە مزگەوتی گوهەرشادەوە لە شاری مەشهەد ڕێکخرابوو، بە شێوەیەکی خوێناویی سەرکوت کرا.

تراژیدیای کچانی خۆچانی خۆراسان

کوردانی خۆراسان

لە سەردەمی ڕەزا شا پەهلەویدا، لە چوارچێوەی ئەو سیاسەتانەی ئامانجیان بەهێزکردنی نەتەوەپەرستیی فارسی بوو، گۆڕانکاریی لە پێکهاتەی دیمۆگرافیی گەلانی جیاوازدا کرا. لە چوارچێوەی ئەم سیاسەتانەدا، تواندنەوەی کولتووریی کۆمەڵگە کۆچەریی و ناوچەییەکان و لەیەکدابڕانی ناوچەیی و جوگرافیی کرانە ئامانج. ئەو کۆمەڵگە کۆچەرییە تورکمان و عەرەبانەی بە “کاشگاری” دەناسران، بە زۆرەملێی نیشتەجێ کران و لەو ناوچانەدا جێگیر کران، کە کورد لێی نیشتەجێ بوون، لەوانەش ناوچەی خۆراسان. بە جێگیرکردنی کۆمەڵگە کۆچەرییەکان لە ناوچە کوردییەکاندا، ئامانجیان توانەوەی کورد، لاوازکردنی ناسنامەی کولتووریی و نەتەوەییان و پارچەکردنی جوگرافییەکەیان بوو. سیاسەتی دەوڵەتی ئێران بەرامبەر بە کورد لەسەر ئەم بنەمایە داڕێژرا. کۆمەڵگە کۆچەرییەکانی تورکمان و عەرەبیش کۆنترۆڵ کران و کرانە ئامرازێکی سیاسیی.

لە سەردەمی ڕەزا شا پەهلەویدا، باجێکی قورس بەسەر کورددا سەپێندرا. کۆمەڵگەی کورد، کە زیاتر بژێویی لەسەر کشتوکاڵ بوو، ناچار دەکرا بەشێکی زۆری بەرهەمی ساڵانەی خۆی وەک باج بداتە دەوڵەت. پێدانی ئەو باجانەی دەوڵەت دیاریی دەکردن کرابووە زۆرەملێ، لەو خێزانانەش کە نەیاندەتوانی باجەکەیان بدەن، لە بەرامبەردا داوایان لێ دەکرا کچەکانیان ڕادەست بە دەوڵەت بکەن. بەتایبەتی لەو ساڵانەی دروێنە و بەرهەم کەم بوو، ژنان دەخرانە شوێنی باجی گەنم.

لە ساڵی ١٩٠٥دا بەهۆی وشکەساڵیی و هێرشی کولـلە لە قوچان (خۆچان)، ئەو بەرهەمەی چاوەڕوان دەکرا بەدەست نەهات. بۆ جێبەجێکردنی ڕێنماییەکانی دەوڵەت، والیی ئەو سەردەمە ئەو خەڵکانەی، کە نەیاندەتوانی باجەکانیان بدەن، ناچاری دەکردن کچەکانیان ڕادەستی دەوڵەت بکەن. لە هەمان سەردەمدا باس لەوە دەکرێت کە زۆرێک لە کچانی گەنج بە تورکمانەکان، ئەرمەنییەکان و عەرەبەکان فرۆشراون و بەو پارەیەی بەدەست هاتن، باجەکان دراونەتەوە. ئاماژە بەوە دەکرێت، کە ئەم جۆرە کارانە بە زۆریی لە ناوچەی قوچانی (خۆچانی) خۆراساندا دەکران.

وەک چۆن بەڵگەنامە هەن لەسەر ئەوەی دەوڵەت لە بەرامبەر باجی گەنمدا سەدان ژنی بردووە، ئەم ڕووداوە لە ناو خەڵکدا بووەتە بابەت و هەوێنی گۆرانیی، شیعر و چیرۆکەکان و وەک تراژیدیایەکی گەورە لە یادەوەرییەکاندا ماوەتەوە. ئەم ڕووداوە وەک برینێکی گەورەی یادەوەریی بەکۆمەڵی گەلی کورددا ماوەتەوە. ئەو سیاسەتانەی دەوڵەتی ئێران لە ناوچەکەدا بەرامبەر بە کورد پەیڕەوی دەکردن، لە سەردەمە جیاوازەکاندا بە ڕێگای جیاواز بەردەوام بوون، سیاسەتەکانی سەرکوت، نیشتەجێکردنی زۆرەملێ و توانەوە، لە توخمە بنەڕەتییەکانی ئەم پرۆسەیە بوون.

گۆرانییەکیش، کە بۆ کچانی قوچانی خۆراسان نووسراوە، پێگەی ئەم تراژیدیایە لە ناو یادەوەرییەکاندا نیشان دەدات. ئەم گۆرانییە، وەک دەنگدانەوەی ئەو تراژیدیایەیە، کە ژنان هەم لەسەر بنەمای ناسنامەی نەتەوەیی و هەم لەسەر بنەمای بوونی خۆیان چەشتوویانە.

داخرانی کۆمەڵەکانی ژنان و زیادبوونی فشارەکان

لە سەرەتای سەردەمی ڕەزا شادا، چالاکیی هەموو ڕێکخراوەکان، بە کۆمەڵەکانی ژنانیشەوە، لەگەڵ بزووتنەوە سیاسییەکانی حزبییەکاندا خرانە ژێر گوشار و سەرکوتەوە. لە ساڵی ١٩٢٩دا حزبەکان و لە ساڵانی ١٩٣٠یەکانیشدا تەواوی ڕێکخراوەکان داخران. لە ساڵی ١٩٢٢دا، باڵەکانی ژنان و گەنجانی حزبی (حەقیقەتی کۆمۆنیست) دامەزران. بەشی ژنان پەیوەندیی بە (ئەنتەرناسیۆنالی کۆمۆنیست)ەوە کرد کە کڵارا زەتکین لە ساڵی ١٩٢٠دا دایمەزراندبوو. فشارەکانی ڕەزا شا دوای ساڵی ١٩٢٥ حزبی لاواز کرد، و بەهۆی قەدەغەکردنی حزبەکەوە زۆربەی ژنان دەستگیرکران.

کۆمەڵەی ژنانی نیشتمانپەروەر، کە لە ساڵی ١٩١٩دا لە لایەن “موحتەرەم ئەسکەندەری”یەوە دامەزرابوو، لە تاران بەردەوام بوو لە کارەکانی. کۆمەڵەی ژنانی نیشتمانپەروەر، کە بە باشیی ڕێکخرابوو، لە پاڵ هەوڵەکانی وەک مافی دەنگدانی ژنان، مووچەی یەکسان بۆ کاری هاوشێوە و یەکسانیی لە خێزاندا، چالاکیی دژ بە باڵاپۆشی زۆرەملێی ئەنجام دەدا. بەهۆی دژایەتیکردنی شا بۆ ڕێکخراوە سەربەخۆکان، دوای داخرانی ڕێکخراوە کۆمۆنیستییەکان لە ساڵی ١٩٢٩دا، لە ساڵی ١٩٣٢دا کۆمەڵەی ژنانی نیشتمانپەروەریش، کە کۆتا ڕێکخراوی سەربەخۆ بوو، داخرا.

سەندیکای مامانەکانی ئێران، لە ئابی ١٩٣٤دا دامەزرا بە مەبەستی هاندانی پیشەی مامانیی و کارکردن بۆ باشترکردنی هەلومەرجەکانییان، هەروەها بۆ دروستکردنی تێگەیشتنێکی یەکگرتوو و بەدیهێنانی ئامانجێکی هاوبەش.

سەفیە فیروز

کۆمەڵەی ژنانی ئێران، لە ساڵی ١٩٤٣دا لە تاران بە مەبەستی دابینکردنی یەکسانیی ژن و پیاو دامەزرا. ئەندامانی ئەم کۆمەڵەیە لە ساڵی ١٩٤٧دا بوونە ئەندامی (IAW). لە ساڵی ١٩٤٢دا، ئەنجومەنی نیشتمانیی ژنان بە مەبەستی دابینکردنی مافی دەنگدانی ژنان لە لایەن “سەفیە فیرووز”ەوە و بە بەشداریی ژمارەیەکی کەم لە ئەندامان دامەزرا. کۆمەڵەکە لە ڕێگەی ڕێکخستنی کۆبوونەوەی ناڕەزایی و پێشکەشکردنی داواکاریی بە شا و حکومەتەکەی بۆ بەدەستهێنانی مافی دەنگدان، هەوڵی دەدا گوشار دروست بکات. لە ١١ی نیسانی ١٩٥٦دا، لە کۆبوونەوەی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵەکە لەگەڵ شادا، شا داواکاریی مافە سیاسییەکانی قبوڵ کرد و بەڵێنی سێ کورسیی بە ژنان دا لە ئەنجومەنی شارەوانییدا، بەڵام ئەم بەڵێنەی جێبەجێ نەکرد.

فیدراسیۆنی ڕێکخراوەکانی ژنانی ئێران لە ساڵی ١٩٥٧دا دامەزرا، بە مەبەستی هەماهەنگییکردنی چالاکییەکانی بەڕێوەبەرانی ١٤ ڕێکخراوی ئەندام و دروستکردنی ئامانجێکی هاوبەش لە ڕێگەی هاوپشتییەوە. فیدراسیۆنەکە دواتر ناوی خۆی گۆڕی بۆ (ئەنجومەنی باڵای ژنانی ئێران – شورای عالی جمعیەتی زنانی ایران).

ڕێکخراوی ژنانی ئێران (سازمانی زنانی ایران)، لە ساڵی ١٩٦٦دا لە ڕێگەی گۆڕینی ناوی ئەنجومەنی باڵای ژنانی ئێرانەوە دامەزرا. لە پرۆگرامەکەشیدا گۆڕانکاریی لە بابەتە سەرەکییەکاندا نەکرد. ڕێکخراوی ژنانی ئێران، بۆ هەموارکردنی یاسای پاراستنی خێزانیش کاری لۆبیگەریی ئەنجام دا. ڕێکخراوەکە کە پشتگیریی لە شا دەکرد، تا ساڵی ١٩٧٩ لە پاڵپشتیی دەوڵەت سوودمەند بوو. بودجەی ڕێکخراوەکە بۆ پڕۆژە لۆکسەکانی وەک گەشتەکانی دەرەوەی وڵات و کۆنفرانسەکان گونجاو بوو، ژمارەی ئەندامەکانی، کە زۆربەیان فەرمانبەری دەوڵەت بوون لە ساڵی ١٩٧٧دا گەیشتە ٧٠ هەزار کەس و ژمارەی لقەکانیشی گەیشتە ٤٠٠ لق. ئەندامان لەو ڕێکخراوانە پێکهاتبوون لە: یانەی زۆنتا، کۆمەڵەی مامۆستایان، ڕێکخراوی ژنانی جوو، و ڕێکخراوی ژنانی زەردەشتی. ڕێکخراوی ژنانی ئێران، پاڵپشتیی بۆ ناوەندەکانی هاوکاریی خێزان دابین دەکرد. چالاکیی و ڕۆڵە ڕەگەزییە نەریتییەکانی ئەندامانی ڕێکخراوی ژنانی ئێران، کە باڵادەستیی پیاویان قبوڵ دەکرد، بووە هۆی دروستبوونی کاردانەوە و ناڕەزایی لەلای زۆرێک لە ژنان.

ئامارەکانی خوێندنی زانکۆ و کارکردنی ژنان

لە سەردەمی پەهلەویدا، سیستەمی پەروەردە تەنیا لە ڕێگەی ڕۆڵە ڕەگەزییە نەریتییەکانەوە سەیری ژنانی دەکرد و پرۆگرامی خوێندنی خوێندنگەکانی لەسەر ئەم بنەمایە ڕێکخستبوو. بەو پێیەش، پرۆگرامی خوێندن بۆ ژنان بە جۆرێک بوو کە ئامادەیان بکات بۆ دایکایەتیی و ڕۆڵی چاودێرییکردن. سەرەڕای ئەوەش، خەباتی ژنان دژی پرۆگرامی خوێندنی ئەو کاتە ئەنجامی بەدەستهێنا و لە ساڵی ١٩٣٥دا کچان مافی خوێندنی زانکۆیان لە بوارەکانی تیۆلۆژی (خوداناسی) و کشتوکاڵدا بەدەستهێنا.

لە سەردەمی ڕەزا شادا، ژمارەی چوونە خوێندنگەی کچان لە سێ هەزار و ٤٦٧ کەسەوە لە ساڵی ١٩٢٥دا، پاشەکشە دەکات بۆ هەزار و ٧١٠ کەس لە ساڵی ١٩٣٠دا. لە ئەنجامی خەباتی ژناندا لە ساڵی ١٩٣٥دا ئەم ژمارەیە ڕووی لە زیادبوون کردەوە و گەیشتە دوو هەزار و ٥٩٩ کەس. بەڵام لە سەردەمی محەمەد ڕەزا شادا، ژمارەی کچانی خوێندنگەکان لە سەرەتاییەوە تا زانکۆ لەنێوان ساڵانی ١٩٤٩-١٩٥٦دا سێ هێندە زیادی کرد، هاوکات ڕێژەی خوێندکارانی کوڕیش دوو هێندە زیادی کرد.

ژمارەی کچانی خوێندکاری زانکۆ لە ساڵی ١٩٥٦دا لە ٨٠١ کەسەوە گەیشتە هەزار و ٩١٢ کەس لە ساڵی ١٩٥٩دا. کاتێکیش دەگەینە ساڵی ١٩٧٨، ژمارەی خوێندکارانی کچ لە زانکۆکاندا گەیشتە ڕێژەی ٣٠.٩٪ی کۆی گشتیی خوێندکاران.

دوای شۆڕشی ئیسلامی لە ساڵی ١٩٧٩دا، داکشان لەم ڕێژانەدا دەستیپێکرد. ژمارەی ژنانی کرێکار لە ٩.٣٪ لە ساڵی ١٩٥٦دا بەرزبووەوە بۆ ١٣.٧٪ لە ساڵی ١٩٧٦دا، بەڵام ئەم ژمارەیە لە سەردەمی ڕژێمی ئیسلامییدا لە ساڵی ١٩٨٦دا بۆ ٩٪ دابەزی.

بەپێی داتاکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە ساڵی ١٩٨٦دا، لە کۆی گشتیی ٤٩ هەزار خوێندکار لە زانکۆکانی ئێران، کچان تەنیا ٢٪یان پێکدەهێنا. ڕێژەی خوێندکاری کچ لە شارەکاندا لە ساڵی ١٩٧٦دا، واتە پێش شۆڕشی ئیسلامیی، ٦٤٪  بوو، بەڵام ئەم ژمارەیە دوای شۆڕش لە ساڵی ١٩٨٦دا بۆ ئاستی ٥١٪ دابەزی. لەگەڵ هاتنی ڕژێمی مەلایان، واتە لەو خشتەیەی تا ڕۆژی ئەمڕۆمان دێت، سەرەڕای ئەوەی گۆڕانکاریی و جووڵەیەکی زۆر کەم هەبووە، بەڵام خەباتی ژنان ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوە دەگێڕێت. بە شێوەیەک، کە ئەم ڕێژەیە توانیویەتی بگاتە نزیکەی٨٠٪. لە هەندێک ساڵیشدا، ڕێژەی سەرکەوتنی ژنان لە تاقیکردنەوەکانی چوونە زانکۆ دەگاتە ٦٠٪.

یەکەمین حزبی ژنان

حزبی ژنان، بە سەرۆکایەتیی “سەفیە فیرووز” دامەزرا. نووسەری ڕۆشنبیر “فاتمە سەیاح” پۆستی سکرتێری حزبەکەی گرتە ئەستۆ. حزبەکە بە ئەنجامدانی چالاکیی هێمنتر و نەرمتر لە (کانوونی بانووان)ی دەوڵەتئابادی، کارەکانی بۆ دیموکراتیزەکردنی یاساکانی خێزان، هاوسەرگیریی و جیابوونەوە،  بەرزکردنەوەی ئاستی خوێندەواریی و هۆشیاریی ژنانی چینە جیاوازەکان ئەنجام دەدا. حزبەکە دواتر بە بەشداریی ژنانی خاوەن بیروڕای جیاواز گۆڕدرا بۆ ئەنجومەن.

ڕێکخراوی ژنانی ئێرانی (تەشکیلاتی زنانی ایران)، دوای ساڵی ١٩٤٣ دامەزرا. زۆربەی ئەو ژنانەی کۆمەڵەی ژنانی نیشتمانپەروەریان دامەزراندبوو، چوونە ناو ئەم ڕێکخراوەوە. ئامانجەکانی ڕێکخراوەکە بریتی بوون لە: ڕێکخستنی ژنان و هاندانیان بۆ چالاکیی، بڵاوکردنەوەی ڕۆژنامە، بەشداریی لە پێشکەوتنی کولتووریی ژنان و بەدەستهێنانی مافەکانیان. بە پێشەنگایەتیی حزبی توودە، یاداشتێک بۆ پێدانی مافی دەنگدان بە ژنان پێشکەش بە پەرلەمان کرا. ڕێکخراوەکە ناوی لقەکانی لە شارە گەورەکاندا گۆڕی بۆ (ڕێکخراوی ژنانی دیموکراتی ئێران ). ڕێکخراوەکە، کە سیاسەتی پاڵپشتییکردنی هەموو بزووتنەوە نەتەوەییەکانی دژی ئیمپریالیزمی لەسەر بنەمای بەکۆمەڵ (کۆمیناڵیتە) قبوڵ کردبوو، لە هاندانی ژنانی ڕۆشنبیر و چینی کرێکاردا بۆ ئازادیی نەتەوەیی و دیموکراسی کاریگەر بوو، بەڵام لە ئامانجی ڕزگارکردنی ژناندا سەرکەوتوو نەبوو. ڕێکخراوی ژنانی دیموکراتی ئێران لە ساڵی ١٩٥١دا ناوی خۆی گۆڕی بۆ (کۆمەڵەی ژنانی پێشکەوتنخواز)، کەمپینی بۆ مافی دەنگدان و خۆپاڵاوتن ئەنجام دا، دوای ڕووخانی موسەدەق لەگەڵ تەواوی ڕێکخراوە سەربەخۆکانی تردا داخرا.

بەپێی یاسای پاراستنی خێزان، کە لە ساڵی ١٩٦٧دا لە پەرلەمان پەسەند کرا، یاساکانی شەریعەت هەڵوەشێنرانەوە و مافی جیابوونەوە و سەرپەرشتییکردنی منداڵ بۆ ژنان بە بڕیاری فەرمیی دادگا بەسترایەوە. بۆ ئەوەی فرەژنیی بە یاسایی هەژمار بکرێت، مەرجی ڕەزامەندیی هاوسەری یەکەم و پەسەندکردنی دادگا دانرا. مافی جیابوونەوە بە ژن بەخشرا، بەڵام مافی میراتی ژن بە نیوەی مافی پیاو دیاریی کرا. هەروەها کارکردنی ژن و گەشتی بۆ دەرەوەی وڵات بەسترایەوە بە ڕەزامەندیی هاوسەرەکەیەوە. لە حاڵەتی ئەنجامدانی زینا لە لایەن خوشک، هاوسەر یان دایکەوە، لە ژێر ناوی “پاراستنی شەرەف”دا ماف بە پیاو درا، کە ژن بکوژێت (کوشتن لەسەر بنەمای دابونەریت / تاوانەکانی شەرەف).

ژن، ژیان، ئازادیی: پارادایمی نوێی ژنان

تێکۆشانی ئازادیی ژنان، کە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا پەرەی سەندووە، تەنیا بزووتنەوەیەکی سیاسی نییە، کە لە دەوری مافە نەتەوەییەکاندا داڕێژرابێت، بەڵکو لە هەمان کاتدا وەک پەیجوورێک بۆ وەرچەرخانێکی کۆمەڵایەتیی گشتگیر دەردەکەوێت، کە دژی سیستەمی دەوڵەتی پیاوسالار، چەوسانەوەی ڕەگەزیی و پێکهاتەکانی دەسەڵاتی ناوەندیی پەرەی سەندووە. ئەو ناڕەزاییانەی دژی سیاسەتەکانی کۆنترۆڵکردنی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەسەر جەستە و ناسنامەی ژندا بەرزبوونەوە، بە تێپەڕبوونی کات تەنیا لە داواکاریی مافە تاکەکەسییەکان لایاندا و گۆڕدران بۆ پارادایمێکی ئازادیی بەکۆمەڵ. ئەم تێکۆشانەی لەسەر بنەمای “ژن، ژیان، ئازادیی” گەشەی کردووە، لەگەڵ خۆڕێکخستنی ژنان، خۆپاراستن، تێگەیشتنی کۆمەڵگەی دیموکراتیک و بیرۆکەی پێکەوەژیان، مۆدێلێکی کۆمەڵایەتیی نوێی هێنایە ئاراوە. ڕێکخراوەکانی ژنان، پێکهاتەکانی گەریلا و پلاتفۆرمەکانی ژنان، کە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا چالاکی بەڕێوەدەبەن، نیشانیان دا، کە ژنان نەک تەنیا لە ژیانی کۆمەڵایەتییدا، بەڵکو بوونەتە هێزی پێشەنگی بەرخۆدانی سیاسیی و بونیادنانەوەی کۆمەڵایەتییش. ئەو ڕاپەڕینە کۆمەڵایەتییەی دوای شەهیدکردنی ژینا ئەمینی لە ئێرانەوە بۆ جیهان بڵاوبووەوە، سەلماندی، کە تێکۆشانی ئازادیی ژنان بووەتە داینامیکی وەرچەرخانێکی مێژوویی کە سنوورە هەرێمییەکانی تێپەڕاندووە.

شۆڕشی ئیسلامیی ئێران و ئەوەی چاوەڕێی ژنانی دەکرد

کاردانەوەکانی ژنان لە دوای شۆڕشی ئیسلامی ئێران

شۆڕشی ١٩٧٩ی ئێران، هەرچەندە لە سەرەتادا لە لایەن زۆرێک لە چین و توێژەکانی کۆمەڵگەوە وەک بزووتنەوەیەکی ئازادیی و دادپەروەریی دژی پادشایەتیی پشتگیری لێ کرا، بەڵام ئەو کۆمارە ئیسلامییەی دوای شۆڕش دامەزرا، لە ڕوانگەی ژنانەوە بووە دەستپێکی قۆناغێکی نوێی سەرکوتکردن. زۆرێک لەو مافە یاسایی و کۆمەڵایەتییانەی لە سەردەمی شادا بەدەست هاتبوون، زەوت کرایەوە. جارێکی تر دەرکەوتنی ژنان لە کایەی گشتییدا سنووردار کرایەوە و جەستەی ژن کرا بە یەکێک لە کایە سەرەکییەکانی کۆنترۆڵی ئیسلامی سیاسیی.

دەستبەجێ دوای شۆڕش، ئایەتوڵڵا خومەینی لێدوانگەلێکی دا، کە لە دامەزراوە دەوڵەتییەکاندا، سەرپۆشی بەسەر ژناندا کردە زۆرەملێ. ئەم لێدوانانە، بەتایبەتی لە ناو ژنانی شارنشین و خوێندەواردا کاردانەوە و دژایەتیەکی گەورەی دروست کرد. لە ٨ی ئازاری ١٩٧٩دا لە ڕۆژی جیهانیی ژناندا، هەزاران ژن لە تاران و چەندین شاری تردا خۆپیشاندانی جەماوەرییان دژی باڵاپۆشیی زۆرەملێ ئەنجام دا. ژنان بە دروشمەکانی “ئازادیی نە ڕۆژهەڵاتییە و نە ڕۆژئاواییە، گەردوونییە” و “شۆڕشمان نەکردووە بۆ ئەوەی بگەڕێینەوە دواوە” ڕژانە مەیدانەکان. بەڵام لە ماوەیەکی کورتدا لە ژێر گوشاری هێزەکانی ڕژێم و لایەنە کۆنەپەرستەکاندا ئەم خۆپیشاندانانە کپ کرانەوە و سەرکوت کران.

ڕژێمە نوێیەکە، جارێکی تر یاساکانی ئیسلامیی خستەوە کار لەو بوارانەدا، کە ڕاستەوخۆ کاریگەرییان لەسەر ژیانی ژنان هەبوو، بەتایبەتی لە یاسای خێزاندا. مافی جیابوونەوە، کە لە سەردەمی شادا بە ژنان بەخشرابوو سنووردار کرا، سەرپەرشتیکردنی منداڵ تا ڕادەیەکی زۆر بۆ پیاوان جێهێڵدرا، و شاهیدیی ژنان لە دادگاکاندا بە نیوەی شاهیدیی پیاوێک قبوڵ کرا. تەمەنی هاوسەرگیریی کەمکرایەوە و نوێنەرایەتیی ژنان لە زۆرێک لە بوارە پیشەییەکاندا پاشەکشەی پێکرا.

خۆپیشاندانەکانی دژ بە سەپاندنی حیجاب

سەپاندنی سەرپۆش(حیجاب)ی زۆرەملێ، تەنیا ڕێکخستنی جۆری پۆشاک نەبوو، بەڵکو بە واتای کۆنترۆڵکردنی سیاسیی و ئایدیۆلۆژیی جەستەی ژن دەهات. ڕژێم دەستیکرد بە کۆنترۆڵکردنی قژ، پۆشاک، جەستە و دەرکەوتنی ژنان لە کایە گشتییەکان لە ڕێگەی گوتارەکانی “ڕەوشت” و “کۆمەڵگەی ئیسلامیی”یەوە. بۆ ئەم مەبەستەش پۆلیسی ڕەوشت ( پۆلیسی ئیرشاد) و چەندین میکانیزمی کۆنترۆڵکردنی تر داڕێژران. بەتایبەتی ژنانی گەنج، لە کایەی گشتییدا بە بەردەوامیی خرابوونە ژێر گوشار و چاودێریی توندەوە.

سەرەڕای ئەو فشارانەش، ژنان لە ئێران لە هیچ قۆناغێکدا بە تەواویی پاشەکشەیان نەکرد. ئەوان لە زانکۆکان، ڕاگەیاندنەکان، ڕێکخستنە نهێنییەکان، بواری مافەکانی مرۆڤ و هەموو کایەکانی ژیانی ڕۆژانەدا پەرەیان بە شێوازی جیاوازی بەرخۆدان دا. ڕێژەی خوێندەواریی ژنان لە ئێراندا بەردەوام لە بەرزبوونەوەدا بوو. لە زۆرێک لە قۆناغەکاندا ڕێژەی خوێندکارانی کچ لە زانکۆکاندا لە ڕێژەی کوڕان بەرزتر بوو. بەڵام زیادبوونی ڕێژەی ژنانی خوێندەوار، ناکۆکیی نێوان ڕژێم و ژنانی زیاتر بەرجەستە و دیار کرد.

ژنان لە لایەکەوە ناچار دەکران لەناو ئەو سنوورانەدا بژین، کە سیستەمەکە داینابوون، لە لایەکی تریشەوە بەدوای ڕێگاکانی تێپەڕاندنی ئەم سنوورانەدا دەگەڕان. بەتایبەتی لە بوارەکانی ڕۆژنامەگەریی، ئەدەبیات، سینەما و ئەکادیمیادا دیاربوونی ژنان زیادی کرد. زۆربوونی دەرهێنەرانی ژن و ئەو چیرۆکانەی، کە ژن تەوەری سەرەکییان بوو لەناو سینەمای ئێراندا، بووە یەکێک لە ڕەنگدانەوە کولتوورییەکانی ئەم وەرچەرخانە کۆمەڵایەتییە.

کچانی شەقامی شۆڕش

یەکێک لە دیارترین چالاکییەکانی یاخیبوونی مەدەنیی ژنان لە ساڵانی کۆتاییدا لە ئێران، بزووتنەوەی ” کچانی شەقامی شۆڕش” (دختران خیابان انقلاب) بوو. لە کانوونی یەکەمی ٢٠١٧دا، ژنێک لە شەقامی ئینقیلابی تاران، سەرپۆشەکەی لێکردەوە و بەستی بە دارێکەوە و ڕایوەشاند، بەمەش تەحەدای سەپاندنی حیجابی زۆرەملێی لە کایەی گشتییدا کرد. ئەم دیمەنە لە ماوەیەکی کورتدا لە تەواوی وڵاتدا بڵاوبووەوە و زۆرێک لە ژنان چالاکیی هاوشێوەیان ئەنجام دا.

چالاکیەکانی فڕێدانی حیجاب لە خۆپیشاندانەکانی ٢٠٢٢

ژنان بە لادانی سەرپۆشەکانیان، خۆپیشاندانی بێدەنگیان لە شوێنە گشتییەکاندا ڕێکخست. ڕژێم بە توندیی ڕووبەڕووی ئەم چالاکییانە بووەوە. ژمارەیەکی زۆر لە ژنان دەستبەسەرکران، سزای زیندانییکردنیان بەسەردا سەپێندرا و هەوڵ درا لەناو ڕای گشتییدا ناویان بزڕێنن. بەڵام “کچانی شەقامی شۆڕش” بوونە هێمای ئەوەی، کە ژنانی ئێران نەک تەنیا داوای مافە یاساییەکانیان دەکەن، بەڵکو کۆنترۆڵکردنی جەستە و ئەو شێوازە ژیانە ڕەت دەکەنەوە، کە ڕژێم دەیسەپێنێت.

ناکۆکیی بنەڕەتیی نێوان ژن و دەوڵەت لە ئێراندا

یەکێک لە ناکۆکییە بنەڕەتییەکانی خەباتی ژنان لە ئێراندا، ئەوەیە، کە دەوڵەت جەستەی ژن وەک کۆڵەکەی ڕژێمە ئایدیۆلۆژییەکە دەبینێت. ئەوەی ژن چۆن پۆشاک بپۆشێت، چۆن ڕەفتار بکات، لە کام بواراندا دیار بێت یان دیار نەبێت، ڕاستەوخۆ کراوەتە بابەتی ڕژێمی سیاسیی. لەبەر ئەم هۆکارە، هەر هەنگاوێک ژنان دەینێن، تەنیا داواکارییەکی ئازادیی تاکەکەسی نییە، بەڵکو لە هەمان کاتدا بە واتای ناڕەزایەتییەکی کۆمەڵایەتیی دژ بە پێکهاتەی ئایدیۆلۆژیی دەوڵەت دێت.

ژنانی ئێرانی، لە لایەکەوە لە دژی جێبەجێکردنی کارە سەرکوتکەرەکانی ئیسلامی سیاسی خەبات دەکەن، لە لایەکی تریشەوە ڕووبەڕووی شێوازە جیاوازەکانی چەوسانەوەی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری دژ بە جەستەی ژن، دەبنەوە. ئەم دۆخە بووەتە هۆی ئەوەی بزووتنەوەی ژنان نەک تەنیا داوای یەکسانیی یاسایی بکات، بەڵکو داواکارییەکانی بۆ ڕزگاریی کۆمەڵایەتی، کولتووریی و هزرییش گەورەتر بکات.

ئەمڕۆ لە ئێراندا خەباتی ژنان، لە دژایەتیکردنی باڵاپۆشیی زۆرەملێوە تا ئازادیی ڕادەربڕین، لە مافی خوێندنەوە تا نوێنەرایەتیی سیاسیی، لە کایەیەکی فرەواندا بەردەوامە. ئەم خەباتە، تەنیا بابەتێکی ناوخۆیی ئێران نییە، بەڵکو لە هەمان کاتدا وەک یەکێک لە گرنگترین کایە ئەزموونییەکانی خەباتی ئازادیی ژنان دەبینن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

فێمێنیزمی ئیسلامی

ژمارەیەکی زۆر لە ژنان هەن، کە لەپێناو یەکسانیی نێوان ڕەگەزەکاندا بە بەڵگە و ئارگۆمێنتی ئیسلامیی خەبات دەکەن. ئەم ژنانە دەڵێن، کە یاسا دژە ژنەکان لە ئێراندا، نەک لە ئیسلام خۆیەوە، بەڵکو لەو پیاوانەوە سەرچاوە دەگرن، کە لێکدانەوە بۆ ئیسلام دەکەن. بزووتنەوەی فێمێنیزمی ئیسلامی لە ساڵی ١٩٩٢دا لە ئێران دەستیپێکرد. لەو سەردەمەدا “شەهلا شەرکەت” گۆڤاری (زنان – ژنان)ی دامەزراند. ئەم گۆڤارە بەردەوام بوو لە بڵاوکردنەوە تا ئەو کاتەی لە ساڵی ٢٠٠٨دا قەدەغە کرا. زۆرێک لەو ژنانەی لە گۆڤارەکەدا کاریان دەکرد، هەرچەندە پێیان وابوو ئیسلام و فێمێنیزم لەگەڵ یەکتر ناگونجێن، بەڵام بڕوایان وابوو پەرەپێدانی ئارگۆمێنت لە ڕێگەی ئیسلامەوە ڕێبازێکی ستراتیژییە.

نەک تەنیا لە ئێران، بەڵکو بە گشتیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لە ساڵانی ١٩٧٠کانەوە، ئەو پلاتفۆرمانەی ڕێگەیان دا بیرۆکەی ناسراو بە فێمێنیزمی ئیسلامی یان فێمێنیزمی موسڵمانان لەڕووی تیۆرییەوە پەرە بسێنێت، لە پلەی یەکەمدا کایە ڕۆشنبیریی و ئەکادیمییەکان بوون. واتە ئەو کەسانەی بزووتنەوەکانی ژنانی موسڵمان بۆ داواکردنی یەکسانیی ڕەگەزیی لە چوارچێوەی ئاینی ئیسلامدا وەک گوزارەیەک لە فێمێنیزمی ئیسلامیی پێناسە دەکەن. زۆربەیان ڕۆشنبیرانی کولتووری موسڵمان، توێژەرانی زانستە کۆمەڵایەتییەکان و چالاکوانانی فێمێنیستی موسڵمانن. بە بڕوای فێمێنیستە موسڵمانەکان، ئیسلامی ڕاستەقینە نەک باڵادەستیی پیاو بەرز دەنرخێنێت، بەڵکو بە پێچەوانەوە پاڵپشتیی لە یەکسانیی ڕەگەزیی دەکات. لە کایەی ئیسلامیشدا، پرسیار لەو یاسا و فیقهە ئیسلامییە دەکەن، کە بە تێڕوانینێکی پیاوسالارانە و جێندەریی دروست کراوە، ڕەخنە لە پەراوێزخستنی ڕۆڵ و پێگەی ژنان لە مێژووی کلاسیکی موسڵماناندا دەگرن، و ڕەخنە لەوە دەگرن کە پیاوان کەڵەکەبوونی زانیاریی و دەسەڵاتی ئاینییان بە زیانی ژنان بۆ بەرژەوەندیی خۆیان قۆرخ کردووە. بەهۆی واتا ڕۆژئاواییەکەی دەستەواژەی فێمێنیزم، کەسانێکیش هەن، کە چەمکی “ڕیفۆرمخوازیی ژنان” پەسەند دەکەن.

دوو تەڵە: دیلبوون و مۆدێرنیتە

لە ئێراندا لەم قۆناغەی کۆتاییدا، ژمارەیەکی زۆر لە ژنان سەرەڕای سەرکوتکارییە خنکێنەرەکانی ڕژێم، کە ڕۆژ بە ڕۆژ لە زیادبووندایە، ناڕەزایی دەردەبڕن. لە کانوونی یەکەمی ٢٠١٧دا، لە کاتی خۆپیشاندانە جەماوەرییەکاندا لە شەقامی قەرەباڵغی ئینقیلابی تاران، ژنێک سەرپۆشە سپییەکەی بە دارێکەوە ڕاوەشاند. بە ئیلهاموەرگرتن لەم ژنە، دەیان و تەنانەت سەدان ژن لە ساڵی ٢٠١٨دا هەمان چالاکییان ئەنجام دا. لە قۆناغێکدا، ژنان ڤیدیۆی ئەو کاتانەی، کە سەرپۆشەکانیان فڕێ دەدا و هەڵدەپەڕین (سەمایان دەکرد)، بە چڕی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو دەکردەوە.

لە کەمپینێکی میدیای دیجیتاڵیدا بە ناوی itsmensturn# (نۆرەی پیاوانە)، پیاوان بە شێوەیەکی هێمایی ڕایانگەیاند، کە ئەو مافانەی کۆماری ئیسلامیی لە ژنانی سەندووەتەوە، بۆ هاوسەرەکانیانی دەگێڕنەوە. ئەو ڕووداوەی، کە بووە هۆی دروستبوونی ئەم کەمپینە، نەچوونی کاپتنی تیمی تۆپی پێی ژنانی ئێران بوو بۆ پاڵەوانێتییەک لە دەرەوەی وڵات بەهۆی هاوسەرەکەیەوە. “نیلووفەر ئەردەڵان” دەویست لە کۆتایی ئەیلوولی ٢٠١٥دا بچێتە ئەو پاڵەوانێتییەی لە مالیزیا بەڕێوە دەچوو، بەڵام نەیتوانیبوو واژۆی پێویست لە هاوسەرەکەی وەربگرێت بۆ درێژکردنەوەی ماوەی پاسپۆرتەکەی، کە بەسەرچوبوو.

خاڵێکی تری شایەنی لێکۆڵینەوە لە پەیوەندیی لەگەڵ ئێراندا، تێگەیشتنی جوانیی و کاریگەرییەکانی مۆدێرنیتەی سەرمایەدارییە. لە لایەکەوە ڕژێمی ئیسلامیی بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ سیاسەتی کۆیلەکەر لەسەر جەستەی ژن پەرەپێدەدات و بڕیار دەدات، کە ژن دەبێت چۆن پۆشاک بپۆشێت، لە لایەکی تریشەوە، بەپێی توێژینەوەیەک، جێگەی سەرنجە، کە ئێران ئەو وڵاتەیە لە سەرانسەری جیهاندا ژنان زۆرترین پارە بۆ مکیاج و نەشتەرگەریی جوانیی لووت خەرج دەکەن و لە ئێران باوترین دیاردەیە. دیسان ئێران یەکێکە لەو وڵاتانەی بەرزترین ڕێژەی خۆکوشتنی ژنانی تێدایە. ئێستاش لە ئێراندا، دوو لەسەر سێی خوێندکارانی زانکۆکان و یەک لەسەر سێی ئەو ئەکادیمیانەی دکتۆرایان هەیە، ژنن. ژمارەی مامۆستایانی ژن لە زانکۆکاندا زۆر لە هی ئەڵمانیا بەرزترە. لە ڕۆژی ئەمڕۆدا لە ئێران زیاتر لە ٣٠٠ ژن سەرنووسەرن. ژنان یەک لەسەر سێی هێزی کار پێکدەهێنن و ژنانی شۆفێری تەکسییش هەن. ڕێژەی خوێندەواریی ژنان لەمڕۆدا گەیشتووەتە ٨٠٪. لە پەرلەمانیشدا ٢١ ژنە پەرلەمانتار هەن.

ڕێکخراو و گەریلای ژنی کورد

ڕێکخراوی (نینا – ڕێکخراوی ئازادیی ژنانی کوردستان)، لەم ساڵانی کۆتاییدا وەک یەکێک لەو پێکهاتانەی ڕۆڵێکی چالاکی لە خەباتی ئازادیی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا هەیە. “ئاسۆی ژنی کورد” یان ڕێکخراوی ژنانی کۆمەڵە، وەک پێکهاتەی ژنانی بزووتنەوەی کۆمەڵە، بەتایبەتی لە قۆناغی دوای شۆڕشی ١٩٧٩ی ئێراندا دەرکەوتووە. ڕێکخستنەکانی ژنانی کۆمەڵە، لە ساڵانی ١٩٨٠کانەوە دەستیان بە ئەنجامدانی چالاکیی سیاسی، کۆمەڵایەتی و کولتووری لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا کردووە. ئەم ڕێکخراوە بە مەبەستی دابینکردنی بەشداربوونی ئەکتیڤی ژنانی کورد لە خەباتی ئازادیی نەتەوەییدا و بۆ داکۆکییکردن لە مافە سیاسیی، کۆمەڵایەتیی و کولتوورییەکانی ژنان دژ بە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییە پیاوسالارییەکان دامەزراوە. لەناو ڕیزەکانی کۆمەڵەدا لە هەمان کاتدا ژنانی پێشمەرگە هەن. بەڵام بە گشتیی ژنانی پێشمەرگە لە کایەی بەرگرییدا هیچ کات نەیانتوانی خۆسەریی خۆیان پێکبهێنن. ڕێکخراوەکە بەهۆی فشارەکانی ڕژێمی مەلایانی ئێرانەوە، چالاکییەکانی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە شێوەی نهێنی بەڕێوە دەبات و بە شێوەیەکی سەرەکیی لە ڕێگەی باشووری کوردستانەوە کارەکانی ڕادەپەڕێنێت.

پێشمەرگەی ژنی کۆمەڵە

هەروەها “ڕێکخراوی خەباتی ژنانی کوردستان-ئێران”، بە مەبەستی پەرەپێدانی هاوکاتی هەم خەباتی ئازادیی نەتەوەیی ژنان و هەم خەباتی ئازادیی ژنان دژ بە سیستەمی پیاوسالاریی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا دامەزراوە. ئەم ڕێکخراوەش بە شێوەیەکی سەرەکیی چالاکیی نهێنی بەڕێوە بردووە و لە دەرەوەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێگەی خۆی جێگیر کردووە.

 

پێشمەرگەی ژنی حزبی دیموکراتی کوردستان-ئێران

 

یەکێتیی ژنانی دیموکراتی کوردستانی ئێران، وەک یەکێک لەو ڕێکخستنە ژنانەی لە دەوروبەری حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا / PDKI) گەشەی کردووە. ئەگەرچی لەسەر مێژووی تەواوی دامەزراندنی ڕێکخراوەکە زانیاریی جیاواز هەبن، بەڵام ئەوە قبوڵکراوە، کە پێکهاتەی ژنانی ئەم حزبە بەتایبەتی لە ساڵانی ١٩٨٠کانەوە، واتە لەو قۆناغەی کە سەرکوتکارییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر ناوچە کوردییەکان چڕ ببووەوە، دامەزراوەیی بووە.

کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (کژار – KJAR)، یەکێکە لەو ڕێکخراوە ژنانەی، کە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا چالاکیی بەڕێوە دەبات. کژار بەتایبەتی بە ئامانجی پەرەپێدانی ئازادیی ژنان، تێگەیشتنی کۆمەڵگەی دیموکراتیک و خەباتی ڕێکخراوەیی ژنانی کورد دامەزراوە. دامەزراندنی کژار بە گشتیی بۆ ساڵی ٢٠١٤ دەگەڕێتەوە. ڕێکخراوەکە لەسەر هێڵێکی ئازادیخوازیی ژنان کە بنەمای پارادایمی “ژن، ژیان، ئازادی”یە، چالاکییەکانی ئەنجام دەدات. کژار بە مەبەستی گەشەپێدانی خۆڕێکخستنی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، گەورەکردنی خەباتی ئازادیی ژنان دژ بە سیستەمی دەوڵەتی پیاوسالار و بەکۆمەڵگەییکردنی فەلسەفەی “ژن، ژیان، ئازادیی” دامەزراوە.

هێزەکانی ژنانی ڕۆژهەڵات-HPJ

ئەو پێکهاتانەی خۆپاراستنی ژنان، کە لە دەوروبەری کژاردا گەشەیان کردووە، ئامانجیان ئەوەیە ژنان نەک تەنیا لە کایەی سیاسیی و کۆمەڵایەتییدا، بەڵکو لە کایەی خۆپاراستنی سەربازییشدا ڕێکبخەن. لەم چوارچێوەیەدا یەکینەکانی گەریلای ژنان، بوونەتە یەکێک لە پێکهاتە گرنگەکانی خەباتی ئازادیی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا. لەسەر ئەم بنەمایەش، وەک یەکەمین هەنگاو بە پێشەنگایەتیی ژنانی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، لەسەر تەوەرەی خۆپاراستن هێزەکانی پاراستنی ژن (هەپەژە – HPJ) ڕێکخران. هەپەژە، کە خاوەنی ئەزموونی زیاتر لە ٢٠ ساڵەی گەریلایەتییە لە ناوچەکەدا، لەگەڵ یەکینەکانی پاراستنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (یەرەکە – YRK) لە ناوچە شاخاوییەکان و گوندەکاندا ڕێکخراون.

ژن، ژیان، ئازادیی: پارادایمی ژنان

ئەمڕۆ لە ئێراندا، بوونی قژ یان دەنگی ژنێک وەک “بابەتێکی ئاسایشی نەتەوەیی”، دەکرێت وەک ڕەنگدانەوەی ئەو ترسە سەیر بکرێت، کە پێکهاتە پیاوسالارە دامەزراوەکان ـ کە ڕیشەیان لە سۆمەرییەکانەوە تا سەردەمی ساسانییەکان درێژ دەبێتەوە ـ بەرامبەر بە بوونی ژن هەیانە. دەسەڵاتدارەکان لە ڕێگەی ئەزموونی هەزاران ساڵەوە دەزانن، کە ناتوانن کۆمەڵگە کۆیلە بکەن بەبێ ئەوەی ژن لە کایەی گشتیی بسڕنەوە. هەر سەرکوتکارییەک لەسەر ناسنامەی ژن، لە هەمان کاتدا دەستێوەردانێکە لەدژی پۆتانسێلی ئازادیی کۆمەڵگە. بە درێژایی مێژوو، بە هێندەی بەهێزبوونی دەوڵەت و دەسەڵاتی ناوەندیی، بینراوە، کە پێگەی کۆمەڵایەتیی ژنیش پاشەکشەی کردووە. لێکدانەوە تیۆلۆژییەکان (خوداناسی) و دامەزراوە ئاینییەکانیش زۆربەی کات وەک ئامرازێکی ئایدیۆلۆژیی بۆ کۆنترۆڵکردن و بە موڵک کردنی ژن بەکار هێنراون. لە بەرامبەردا، کولتووری زاگرۆس لە ڕێگەی هونەر، کولتووری چنین (چنینی دەستیی)، مێژووی زارەکیی و هێما ئەفسانەییەکانەوە، دەماری ئازادیخوازیی ژنانی پاراستووە و گەیاندوویەتییە  ڕۆژی ئەمڕۆ.

لە جوگرافیای زاگرۆسدا، فەلسەفەی “ژن، ژیان، ئازادیی” تەنیا دروشمێک نییە، بەڵکو وەک هێڵێکی بەرخۆدانی فەلسەفیی و کۆمەڵایەتیی داڕێژاوە، کە مانا بە ژیان دەبەخشێت. ئەو ڕاپەڕینە کۆمەڵایەتییەی دوای شەهیدکردنی ژینا ئەمینی هاتە ئاراوە، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە دەستیپێکرد و گۆڕدرا بۆ بەرخۆدانێکی بەهێزی ژنان، کە تەواوی ئێران و پاشان ناوچەکە و جیهانی گرتەوە. ئەم بزووتنەوەیەی کە لەسەر تەوەرەی “ژن، ژیان، ئازادیی” گەشەی کرد، لە مێژووی ئێراندا وەک یەکێک لە گەورەترین ڕاپەڕینە کۆمەڵایەتییەکان لە یادەوەرییەکاندا تۆمار بوو، کە تێیدا ژنان لە دەوری داواکارییەکی هاوبەشی ئازادیی کۆبوونەوە.

ئەم قۆناغە ئەوە پیشان دەدات، کە بیرۆکەی ئازادیی ژنان تەنیا داواکارییەکی سیاسیی سەردەم نییە؛ بەڵکو پشت بە نەریتێکی درێژخایەنی بەرخۆدان دەبەستێت، کە لە یادەوەریی مێژوویی و کۆمەڵایەتیی میزۆپۆتامیا و زاگرۆسەوە سەرچاوە دەگرێت. بەهێزبوونی پێگەی کۆمەڵایەتیی ژنان لەو قۆناغانەی پەیوەندییەکان تێیدا بەکۆمەڵ (کۆمیناڵ) بوون، ئەوە دەسەلمێنێت کە ئەو مۆدێلە کۆمەڵایەتییانەی بناغەکەی لەسەر ئازادیی ژنە، خاوەن تایبەتمەندییەکی دیموکراتیکتر و بەشدارئامێزترە. ئەو پارادایمی “ژن، ژیان، ئازادیی”یەی، کە لە شۆڕشی ڕۆژئاڤا بەرجەستە بوو، دەکرێت وەک ڕەنگدانەوەیەکی هاوچەرخی ئەم کەڵەکەبوو و دەستکەوتە مێژووییە سەیر بکرێت. پارادایمی کۆمەڵگەی دیموکراتیک، دۆستی ژینگە (ئیکۆلۆژیک) و ئازادیخوازیی ژنان، لە ڕووی هزریی و ڕۆحییەوە بەستەر و پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ بەرخۆدانی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا هەیە.

پلاتفۆرمی ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان – ژینا (JÎNA)

پێنج ڕێکخراوی ژنان کە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا چالاکیی بەڕێوە دەبەن، لەژێر چەتری ” پلاتفۆرمی ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان – ژینا”دا کۆبوونەتەوە. ئامانجی ئەم پلاتفۆرمە، گەیاندنی خەباتی نەتەوەیی و خەباتی ئازادیی ژنانە بە زەمینەیەکی هاوبەش، لەگەڵ دروستکردنی ئیرادەیەکی بەکۆمەڵ و تۆڕێکی هاوپشتیی لەنێوان ژنانی ڕۆژهەڵاتدا. لە ناو ئەم پلاتفۆرمەدا ڕێکخراوی ئازادیی ژنانی کوردستان (نینا – NÎNA)، ئاسۆی ژنی کورد (ڕێکخراوی ژنانی کۆمەڵە)، ڕێکخراوی خەباتی ژنانی کوردستانی ئێران، یەکێتیی ژنانی دیموکراتی کوردستانی ئێران و کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (کژار – KJAR) بەشدارن.

ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە درێژایی مێژووی بوونیان لەدژی سەرکوتکارییە پیاوسالارییەکان و سیستەمە نێرسالارەکان پەرەیان بە پراکتیکێکی بەهێزی خەبات داوە. ژنانی ڕۆژهەڵات، کە خاوەنی ئەزموونێکی دەوڵەمەندن لەنێو بزووتنەوەی ژنانی ئێراندا، لە هەمان کاتدا بەهۆی ئاستی بەرزی هۆشیاریی نەتەوەیی و هەستی بەرپرسیارێتیی کۆمەڵایەتییانەوە، بە بایەخەوە لە کێشەکانی ژنان لە پارچەکانی تری کوردستان دەڕوانن. بەتایبەتی ئەو ڕۆڵەی، کە ژنان لە خەباتی دژی داعشدا گێڕایان، بووە یەکێک لە دیارترین نموونەکانی ئەم ئەزموونە مێژووییە.

لە پرۆسەی ١٠٠ ساڵی ڕابردوودا و بەتایبەتی لەو بزووتنەوە کۆمەڵایەتییانەی، کە لەسەر تەوەرەی “ژن، ژیان، ئازادیی” پەرەیان سەند، بەشداریی و هاوکاریی ژنان لە پرۆسەکانی دیموکراسیی، ئازادیی و وەرچەرخانی کۆمەڵایەتییدا لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا یەکلاکەرەوە بووە. فرەوانبوونی خەباتی ژنان بۆ ناو کایە کۆمەڵایەتییە جیاوازەکان، ئەوەشی نیشان دا، کە کێشەکانی ژنان تەنیا لە چوارچێوەی حزبه سیاسییەکاندا چارەسەر ناکرێن. لەبەر ئەم هۆکارەش، پێویستیی بوونی پلاتفۆرمێکی گشتگیر، بان-حزبی و هاوبەشی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر دەرکەوت. پلاتفۆرمی “ژینا”ش لەسەر بنەمای ئەم پێویستییە دامەزرا. بە مەبەستی کۆکردنەوەی نوێنەرانی حزبە سیاسییەکان، ئەو ژنانەی لە بواری کۆمەڵگەی مەدەنی کار دەکەن و ئەو ژنانەی ڕۆڵی ئەکتیڤ لە کایە جیاوازەکانی خەباتی کۆمەڵایەتیدا دەگێڕن، لە سەر زەمینەیەکی هاوبەش.

خۆپاراستن لە بزووتنەوەی ژنانی بەلووچدا

ژنان لە کاتێکدا خاوەندارێتی لە پارادایمی خۆیان دەکەن، لە هەمان کاتدا لەسەر هێڵی خۆپاراستنیش قووڵ دەبنەوە و ڕێکدەخرێن. ئەگەر لە مێژوودا یەکەمین توێژی کۆمەڵایەتیی، کە چەوسێنرابێتەوە ژنان بووبێتن، ئەوا گۆڕانی یەکەمین ڕاپەڕین و یەکەمین هێڵی خۆپاراستن بۆ بزووتنەوەیەکی گەلیی بە ئیرادەی پێشەنگایەتیی ژنان شتێکی گونجاوە. تێگەیشتن و یادەوەریی شەڕی گەلی شۆڕشگێڕ، کە بە پێشەنگایەتیی ژنان دەبێتە بزووتنەوەیەکی گەلیی، دەبێتە گەرەنتیی بنەڕەتیی پارادایمی ئازادیی ژنان. لەم چوارچێوەیەدا، ڕێکخستنی یەکینەی ژنان لەناو سوپای ڕزگاریخوازی بەلووچستان (BLA)دا، هەڵگری ئەو بانگەشەیەیە، کە بەرەیەکی پاراستنی هاوبەش دژی چەوسانەوەی هاوبەشی ژنان دروست بکات.

ئەو هێڵی پاراستنی ژنانەی، کە لە سووریاوە بۆ عێراق، لە عێراقەوە بۆ ئێران و بۆ ناوچە جیاوازەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بڵاوبووەوە و بە پێشەنگایەتیی ژنانی کورد گەشەی کرد، میراتی بەرخۆدانی مێژوویی ژنان دەگەیەنێتە ڕۆژی ئەمڕۆ. ڕاپەڕینی “ژن، ژیان، ئازادیی” دژ بە سیاسەتە ستەمکارەکانی ئێران بەسەر کۆمەڵگە و بەتایبەتی بەسەر ژناندا، بووە یەکێک لەو پێشهاتە گرنگانەی کاریگەریی لەسەر ژنانی بەلووچستان دانا. ئەو قەیرانە کۆمەڵایەتییەی لە ئێراندا لە دەوری سیاسەتەکانی ژنان قووڵ بووەوە، هاوتەریب لەگەڵ گرژییەکانی نێوان ئەمریکا، ئیسرائیل و ئێراندا لایەنێکی هەژێنەرتری بەخۆوە گرت. ئەو سیستەمە دکتاتۆرانەی، کە خەریکە لێکدەترازێن، کۆمەڵگە و بەتایبەتی ژنان بەرەو پەیجووری نوێ ئاڕاستە دەکەن. لەم پرۆسەیەدا ژنانی بەلووچیش بە تێگەیشتنی بەهێزکردنی کایەکانی پاراستنی خۆیان جووڵانەوە و بە فەرمی ڕایانگەیاند، کە یەکینەکانی پاراستنی ژنانیان دامەزراندووە.

شاناز بەلوج

لە ٢٤ی ئایاری ٢٠٢٦دا، سوپای ڕزگاریخوازی بەلووچستان (BLA)، ناسنامە و وێنەکانی “شاناز بەلووچ”ی وەک فەرماندەی یەکینەی ژنان بۆ ڕای گشتیی بڵاو کردەوە. ئەم هەنگاوە، وەک بەشێک لە ستراتیژیی ڕێکخراوەکە بۆ بەدەستهێنانی ڕەوایەتیی کۆمەڵایەتیی و دیارکردنی بوونی ژنان لە ناو پێکهاتەی سەربازیی و سیاسییدا لەقەڵەم دەدرێت. هاتنە پێشەوەی ژنێک بە شێوەیەکی فەرمیی لە ئاستی فەرماندەییدا، گۆڕانکاریی و پێشهاتێکی نوێیە بۆ ڕێکخراوەکە.

تا ئەو کاتەی ژن حەقیقەتی خۆی لە چنگی ئەم پێکهاتە پلەبەندییانە وەرنەگرێتەوە، ئازادیی کۆمەڵایەتیی وەک سەرابێک دەمێنێتەوە. بونیادنانەوەی ژن وەک هێزێکی هۆشیار، گەشتێکی گەڕانەوەیە بەرەو ئەو حەقیقەتەی مرۆڤایەتی، کە زەوت کرابوو.

ژنان، لە ڕێگەی ئەو خەباتانەی دژی پێکهاتەکانی دەوڵەتی سەفەوی، پەهلەوی، ڕژێمی مەلاکان و دەوڵەتە ناوەندییە مۆدێرنەکان پەرەیان پێداوە، ڕۆڵە جێندەرییە کۆمەڵایەتییەکانیان گۆڕیوە و بوونەتە یەکێک لە داینامیکە گرنگەکانی گۆڕانی کۆمەڵگەی دیموکراتیک. ئەم ئەزموونە مێژووییە ئەوە دەسەلمێنێت، کە ناسنامەی ژن و بەتایبەتی ناسنامە و ئیرادەی ژنی کورد، تەنیا شێوازێکی بوونی کۆمەڵایەتیی نییە، بەڵکو لە هەمان کاتدا یەکێکە لە بڕیاردەرترین گوزارەکانی تێگەیشتنی خۆبەڕێوەبەریی و ژیانی کۆمیناڵی کۆمەڵگە و پێکەوەژیانی گەلان، کە دژ بە دەسەڵاتی ناوەندیی پەرەی سەندووە.

لە کرمانجییەوە: نەجیبە قەرەداغی

پێداچوونەوە: شنا فایەق

بابەتی پەیوەندیدار