ژنبوون وەک ئۆنتۆلۆژیای ئازادی: دیسکۆرسێکی فەلسەفی لەسەر ئەپیستمۆلۆژیای تێکۆشانی ژنان

شیرین تاهیر

ئۆنتۆلۆژیاسازییەکی نوێ بۆ چەمکی ژنبوون

داڕشتنەوە یان بونیادنان ئۆنتۆلۆژیایەکی نوێ بۆ چەمکی ژنبوون؛ پێویستی بە تێپەڕاندنی ئەو ڕوانگە ناڕۆشنگەرانە هەیە کە ژنبوونیان وەک؛” جەوهەرێکی سروشتیی نەگۆڕ” یاخود وەک:” دروستکراوێکی کۆمەڵایەتی پەسەندکراو بۆ ژێردەستەیی” بینیووە. پێیر بۆدریۆ لە پەرتوکی “باڵادەستی نێرینە”دا ئەوە دەخاتە ڕوو کە چۆن کۆمەڵگە توانای ژن بە کەم دەبینن، دەڵێت:” لە حاڵەتی جیاوازی بایۆلۆژیی نێوان هەردوو ڕەگەز، واتە لە نێوان نێرینەیی و مێینەییدا…مافی پاساودانی سروشتی بۆ ئەو جیاوازییەی لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە لە نێوان هەردوو ڕەگەزدا دروستکراوە، بە تایبەتی بۆ دابەشکردنی کۆمەڵایەتییانەی (کار) لەسەر بنەمای ڕەگەز”.([1]) بە ڕێی ‘ پاساودانی سروشتی’ کۆمەڵگە جیاوازییە بایۆلۆژییە سادەکانی نێوان نێر و مێ بەکاردێنێت بۆ ئەوەی بڕیار و جیاکارییە کۆمەڵایەتییەکان(وەک دابەشکردنی کار) بپۆشێت، تا وەک دیاردەیەکی ‘سروشتی’ و نەگۆڕ دەربکەون.

ئەم بۆچوونەی بۆدریۆ پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆ و قووڵی بە ئۆنتۆلۆژیاوە هەیە، بە تایبەتی “ئۆنتۆلۆژیای کۆمەڵایەتی” و “ئۆنتۆلۆژیای جەستە”، ئەم پەیوەندییە”چۆنێتی بەرهەمهێنان و بوونی لەناو واقیعدا” دەردەخات. بەجۆرێک لەبری ئەوەی بایۆلۆژیا بونیادنەری ڕۆڵی کۆمەڵایەتی بێت، ئەوە کۆمەڵگەیە کە بە شێوازێک لە جیاوازییە بایۆلۆژییەکان دەڕوانێت، تاکو جیاکارییە کۆمەڵایەتییەکانی پێ بسەلمێنێت و بڵێت ئەمە شتێکی سروشتییە!

لە ڕووی ئۆنتۆلۆژییەوە، دەبێت وەک بژاردەیەکی سەربەخۆ و بونیادنەری بوون پێناسە بکرێتەوە. ئەم تێزە، ژنبوون؛ لە ئاستی ئامرازبوونەوە دەگوازێتەوە بۆ “بوونناسی ئازادی” لەم سۆنگەیەوە، ژن کارەکتەرێکی “بریکاری کاردانەوەیی” نییە بەرامبەر بونیادی زۆرداری، بەڵکو خۆی داڕێژەر و پێوەری بنەڕەتیی ئازادییە.

تێزی سەرەکی: ئازادیی ژن، مەرجی پێشوەختەی هەڵگرتنی ئازادیی گشتیی کۆمەڵگەیە؛ بەبێ ڕزگاریی ژن، چەمکی ئازادیی گشتی لە زاتی خۆیدا دەبێتە چەمکێکی بێناوەرۆک، تەنها لە سنووری “شێواندن و ڕێکخستنی تاکتیکیی دەسەڵاتدا” دەمێنێتەوە.

ژنبوون وەک بوون لە پێناو- خۆدا

ئەم پارادایمە فەلسەفییە لەسەر سێ تەوەری سەرەکی دەوەستێت:

١.  تێپەڕاندنی ئۆبجێکتیڤکردن: بۆ ئەوەی” لە چارەنووسی پێناسەی وەک ئەوی تر” ڕزگار بین، دەبێ خۆمان پێناسەی خۆمان بکەین، ئەوەی خۆی پێناسە نەکات، ئەوانیتر پێناسەی دەکەن.([2]) ئەم تێڕوانینە ئاماژەیە بۆ دیدی ئۆجالان کە دەڵێت:” بەر لە هەموو شتێک پێناسەکردنی ژن و دەستنیشانکردنی ڕۆڵەکەی لە ژیانی کۆمەڵگەدا بۆ ژیانی ڕاست مەرجە. لێرەدا ئۆجالان مەبەستی لە ژیانی ڕاست؛ ژیانی ئازادە. ڕزگارکردنی ژن لەو ڕۆڵە بەرتەسک و تەقلیدییەی کە مێژوو بەسەریدا سەپاندوویەتی، هاوبەشیکردنی لە تەواوی بوارە سیاسی، کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیرییەکاندا، مەرجی سەرەکییە بۆ ئازادبوونی تەواوی کۆمەڵگە، جگە لەوەش:” ڕۆشنکردنەوەی بەرفراوان و ڕاستەقینەی سروشتی کۆمەڵایەتی تەنیا لە میانەی ڕۆشنکردنەوەیەکی و بەرفراوانی سروشتی ژنەوە بەدیدێت.([3]) هۆسێرل دامەزرێنەری ڕێبازی “فێنۆمێنۆلۆژی”، ڕەخنە لە زانستی سەردەم دەگرێت کە هەموو شتێکی کردووە بە ئۆبجێکت(شتی سارد) و داوا دەکات بگەڕێینەوە بۆ ئەزموونی ڕاستەوخۆی هۆشیاری مرۆڤ([4]). فەلسەفەی نەریتی هەمیشە ژنی وەک کارلەسەرکراو و ئۆبجێکت(ئەوی تر) لە هەناوی دیالێکتیکی بەرامبەر پیاودا جێگیر کردووە. ڕوانگەی تێکۆشان و شۆڕشگێڕی ژنی کورد، ئەم پەیوەندییە دیالێکتیکییە کۆنەکە تێکدەشکێنێت و ژن وەک  مرۆڤێکی هۆشیار و خاوەنی بەرهەمهێنانی بەهای ڕەوشتی، کۆمەڵایەتی و ئۆنتۆلۆژی بەرجەستە دەکاتەوە. هایدگەریش بە گشتی تێڕوانینی ئۆبجێکتیڤانە بۆ جیهان ڕەتدەکاتەوە، ئەوە دەخاتە ڕوو کە مرۆڤ ناتوانێت وەک بینەرێکی بێلایەن و ئۆبجێکتیڤ سەیری جیهان بکات، بەڵکو مرۆڤ لەناو بوونی جیهاندا ژیان دەکات و ئەزموونەکانی پڕن لە واتای کەسی.([5])

٢. سەروەریی ڕەهای خودی(خودتەوەریی): ئەم چەمکە ڕاستەوخۆ پەیوەستە بە “سەربەخۆیی ڕەهای باڵادەستی تاک” و پرسیارکردنی ڕادیکاڵانەیە لە خاوەندارێتیی بونیادەکان (سەرمایەداری، نەریت، ئایدیۆلۆژیا، یان دەوڵەت) بەسەر جەستە، هۆش و ڕۆحی ژندا. ئەم بابەتە ڕاستەوخۆ دەبەسترێتەوە بە بابەتەکانی ئیڕادەی ئازاد، بەرپرسارێتی ڕەوشتی و ڕزگاربوونی تاک لەژێر دەسەڵاتی دەرەکی، وەک(خێزانگەریی و بنەماڵەگەریی، یاسا، نەریت…)، لەمبارەیەوە ئۆجالان ئەم خۆئازادکردنەی لەبەرامبەر ئەو زانستە کۆمەڵناسیانەی خزمەتی پیاوسالاری هەڵدەسەنگێنێت و پیناسەی دەکات بە:” دەرچوو لە پاوانی دەسەڵات”.([6]) بۆیە ژنبوون؛ لە بنەڕەتدا بریتییە لە شیانێکی ئازاد و خودبونیادنەر.  پێویستە تێڕوانینمان لەبەرامبەر تێڕوانینەکانی پیاوسالاری لە کۆمەڵگەدا بۆ ژن وەها بخەینەڕوو، کە ئیڕادەی ئازادی ژن بە تەنها لە ڕووبەرێکی ڕووتی جەستەدا فۆرم وەرناگرێت، بەڵکو بوونێکە پێویستی بە سەلماندنی خۆی نییە لە چاوی بەرامبەرەکەیەوە، بەڵکو تەواوکارییەکی ئۆنتۆلۆژیی سەربەخۆیە. سارتەر لە کتێبی” بوونگەرایی دۆکترینی مرۆڤدۆستی” دا چەمکی سەروەری خودی بەستۆتەوە بە ئازادیی ڕەهاوە لە  گوتاری “بوونی مرۆڤ پێش جەوهەرەکەی دەکەوێت”: دەڵێت: “مرۆڤ سەرەتا دروست دەبێت، دێتە ناو جیهانەوە، پاشان لە ڕێی هەڵبژاردن و بڕیارەکانییەوە پێناسە و بەهای خۆی دیاری دەکات”.([7]) هەروەها سارتەر لەوبڕوایەدا بوو کە ” مرۆڤ مەحکومە بە ئازادی”.([8])

٣. ئیکۆفێمینیزم: دۆزینەوەی ئینتیمایەکە لە نێوان توانای خولقاندنی ژنانە و بەردەوامیدانی ئیکۆلۆژی، بە هەمان ئەو دیالێکتیکەی زەوی و سروشت ژیان دەخولقێنن، ژنیش وەک خولقێنەر و بونیادنەری ژیان ڕووبەڕووی لۆژیکی تاڵانکارانەی دەسەڵاتگەرایی دەبێتەوە. هەردوو زانستی ئیکۆلۆژی و ژنۆلۆژی لە کێشەکانی تێکچوونی ژینگە دەکۆڵنەوە و پەرە بە چارەسەری زانستی دەدەن… هۆکار و سەرچاوەی ئەم کێشانە لە پەیوەندی باڵادەستی و ژێردەستەیی نێوان مرۆڤ- مرۆڤ، مرۆڤ – سروشتدا دەبینن… پاراستنی سروشت پەیوەندی بە ئازادیی ژنەوە هەیە.([9])پەیوەندی نێوان ئیکۆلۆژی(ژینگەناسی)، تێکۆشانی ژن و ژنۆلۆژی پەیوەندییەکی ڕیشەیی و فەلسەفی قووڵە. لە دروشم و فیکری سەردەمدا- بە تایبەتی لە فیکری ڕزگاریخوازی ژناندا؛ ناکرێت ئەم سێ چەمکە لەیەکتر جیابکرێتەوە، لەبەرئەوەی هۆکاری سەرەکی سەرکوتکردنی ژن و تێکدانی سروشت؛ هەردووکییان لەڕێگەی دەسەڵاتگەرایی هاوبەشی ستەمکاریی پاتریارکی دروستبووە.

ئەپیستمۆلۆژیای تێکۆشانی ژنان لە ناو جەرگەی خەباتدا

بەرهەمهێنانی مەعریفەی ژن، پڕۆسە و هەوڵێکە بۆ ڕەتکردنەوەی ئەو تێگەیشتنە باوەی کە مەعریفەی وەک شتێک(بێلایەن) و(ڕەها)دەبینی. لە مێژووی فیکری مرۆڤایەتییدا، ئەوەی وەک ” مەعریفەی گەردوونی” پیشان دراوە، زۆرجار مەعریفەی پیاوانە یان ئەزموونی پیاو بووە.

ئەپیستمۆلۆژیای ژنانە (تیۆری مەعریفەی ژنان) بونیاد و بنەمای خۆی لە سەرچاوەی مێژوویی، کۆمەڵایەتی و سیاسیی تایبەتی ئەزموونی ژنانەوە وەردەگرێت. ئەم تیۆرییە مەعریفییە بەرهەمی دیسکۆرسی دابڕاو و ئەکادیمییای ڕۆژئاواییانە نییە، بەڵکو “ئەپستمۆلۆژیایەکی ئەزموونی-مەیدانییە” کە لە ناو ڕەوتی خەباتی مەیدانی و لە یەکخستنی هاوکاتی ستەمی ڕەگەزی، نەتەوەیی و ئابوورییەوە زادە بووە.

سەرچاوەکانی بەرهەمهێنانی مەعریفە

سەرچاوەکانی بەرهەمهێنانی مەعریفەی ژن؛ فرە ڕەهەند و دەوڵەمەندە، تێکەڵەیەک لە ئەزموونی جەستەیی، دەروونی، کۆمەڵایەتی، و فیکریی ژنان پێکدەهێنن، تێگەیشتن لەم سەرچاوانە دەکرێت بەسەر چەند تایتڵێکی سەرەکی دابەش ببێت:

تیۆری پێگەی مەعریفی (Standpoint Theory): ئەم تیۆرییە بە ئەپستمۆلۆژیای پێگەی مەعریفە دەناسرێت، یەکێکە لە تیۆرە گرنگەکانی فەلسەفە، کۆمەڵناسی و تیۆرییەکانی فێمنیزم. ئامانجی سەرەکی ئەم تیۆرییە تێگەیشتنە لەوەی چۆن دەسەڵات، پێگەی کۆمەڵایەتی و ئەزموونی ژیان کاردەکەنە سەر ئەوەی کە ئێمە چی دەزانیین و چۆن لە جیهان تێدەگەین، ئەو کەسەی لە ژێر چەپۆکی ستەمی فرەڕەهەنددا دەژیێت، خاوەنی تێگەیشتنێکی قووڵتر و ڕاستەقینەترە بەرامبەر بونیادی ستەم. هاوتەریب بەهۆی یەکخستنی زوڵمی نەتەوەیی و چینایەتی و ڕەگەزییەوە، ژن گەیشتۆتە دیدگایەکی فرەڕەهەند بۆ چەمکی “ئازادی”. پاتریشیا هێڵ کۆڵنیز؛ کە بە یەکێک لە ڕابەرە سەرەکییەکانی فێمنیزمی ڕەشپێست و تیۆرییەکانی مەعریفەناسی لە کۆمەڵناسییدا دادەنرێت، پێیوایە:” سەرکوتکاری لە کۆمەڵگەدا لە سەریەک هێڵ یان یەک ئاڕاستە کارناکات، بەڵکو وەک تۆڕێک یان ماتریسێک کاردەکات کە تێیدا ٠ڕەگەزپەرستی، پاتریارکی/ پیاوسالاری، جیاکاریی چینایەتی) پێکەوە تێکەڵ دەبن.”([10])

ئەرشیفی مەعریفەی زارەکی(Oral Archive & Collective Memor) : زارەکییبوون؛ ڕێگە دەکاتەوە بۆ ئەو ژنانەی لە مێژوودا بێبەشکراون؛ لە خوێندەواری یان نووسینەوەی مێژوو، بێنەدەرەوە و ببنە بەرهەمهێنەری مەعریفە. هەروەها گواستنەوەی هۆشیاریی مێژوویی لە ڕێگەی گێڕانەوەی زارەکی  و بەسەرهاتی کەسایەتییەکانی وەک لەیلا خانم، حەفسەخانی نەقیب، زارین، و پارتیزانەکان وەک سەرچاوەیەکی ئەلتەرناتیڤی مەعریفە لێی دەڕوانرێت. هەندێک پرۆژە و دامەزراوەی مێژووی جیهانی وەک:” کۆمەڵەی مێژووی زارەکی”([11]) بەتایبەت لە ئەمریکا و بەریتانیا لە ساڵانی ١٩٧٠ بەدواوە، بەشێکی تایبەتی بۆ ئەرشیفکردنی دەنگی ژنانی کرێکار، ژنانی بەشداربوو لە جەنگەکان، بەرهەڵستکاران تەرخان کرد. هەروەها پڕۆژەی” ڕۆزی ڕاڤیتەر”([12]) پڕۆژەیەکی بەرفراوانی مێژووی زارەکی بوو بۆ بە بەڵگەکردنی ئەزموونی ئەو ملێۆنان ژنەی لەسەردەمی جەنگی جیهانی دووەمدا لە کارگە و ناوەندەکانی بەرهەمهێنان کاریان دەکرد، کە پێشتر لە مێژووی سەربازیی فەرمییدا ناویان نەدەهێنرا.

مێژووی زارەکیی ژن لە نێو کورددا؛ بەهۆی نەبوونی دەوڵەت و سەرچاوەی نووسراوی فەرمی، زارەکییبوون؛ بە بڕبڕەی پشتی پاراستنی کولتوور دادەنرێت، ژنان ڕۆڵێکی سەرەکییان تێدا بینیووە، بەیت و حەیران و لاوک(ژنان وەک حەکایەتخوان و لاوکبێژ) چیرۆکەکانی ژنانییان پاراستووە. جگە لەوەش ئەرشیفکردنی کۆمەڵکوژییەکان (ئەنفال و هەڵەبجە و شەنگال)؛ توێژەرەکانی بواری کۆمەڵناسی و مێژوو لە کوردستان، ڕێکخراوەکانی ژنان و ناوەندە ئەکادیمییەکان؛ گرنگییەکی زۆریانداوە بە تۆمارکردنی گێڕانەوەی زارەکی ژنانی ڕزگاربووی ئەنفال و کەسوکاری ئەنفالکراوان و ژنانی ئێزیدی ڕزگاربووی دەستی داعش. ئەم گێڕانەوانە بوونەتە سەرچاوەی سەرەکی بۆ دووبارە بونیادنانەوەی کارەساتەکان کە لە دەقە فەرمییەکاندا نەبوون.

ئەوانەی زۆرترین گرنگییان بە مێژووی زارەکی ژنان داوە، توێژەرانی ژن ناو بزووتنەوەی ژنان و ژنۆلۆژی، مێژوونووسانی مێژووی کۆمەڵایەتی و دامەزراوەکانی مافی مرۆڤ بوون، چونکە مێژووی زارەکی تەنها کۆکردنەوەی زانیاری نییە، بەڵکو جۆرێکە لە دادوەری ئەپستمیک (Epistemic Justice) بۆ داننان بە دەنگ و ئەزموونی ئەو ژنانەی سیستەمی نووسین و دەسەڵات لە مێژوودا بێدەنگی کردوون.

پایە و بونیادەکانی ئەپیستمۆلۆژیای تێکۆشان

مێژووی زیندوو و ئەزموونی بەرەنگاربوونەوەی مەعریفەی ژنان تەنها تیۆریی بەرز و ناو نییە، بەڵکو مەعریفەیەکە لە ناو واقعی خەبات دژی ستەمی ڕەگەزی، نەتەوەیی، و چەوسانەوەی چینایەتیدا شێوەدەگرێت واتا “زانین لە ڕێگەی خەباتەوە” . پایە و بونیادەکانی ئەپستمۆلۆژیای تێکۆشانی ژن لە پراکتیکدا بەندە بە چەند سەرچاوەیەکی مەعریفی تێکۆشانەوە، لەوانە:

١ژنۆلۆژی  (Jineolojî Epistemology of Woman)

لە رێگەی بەرگرینامەی “سۆسیۆلۆژیای ئازادی” بەڕێز عەبدولڵا ئۆجالان؛ چەمکی(ژنۆلۆژی)ی خستۆتە ڕۆژەڤی بزاڤی ئازادیخوازی ژنەوە. لەبەرامبەر هەموو ئەو گوتارە پیاوێتیانەی کە مۆرکی خۆی لە زانستە کۆمەڵایەتییەکانیش داوە، دەڵێت:” ئەو دیاردانەی ژنۆلۆژی ئاشکرایان دەکات، لایەنی ڕاستییان لە زۆربەی بەشەکانی دیکەی سۆسیۆلۆژیای لە جۆری تیۆلۆژیا (خوداناسی)، ئیسکاتۆلۆژیا (ئاخیرەتناسی)، پۆلۆتیکۆلۆژیا (سیاسەتناسی) و پێداگۆژیا (زانستی پەروەردە) کەمتر نییە.([13]) بێگومان دۆخ و ستاتۆی ژن ڕەهەند و  لایەنێکی بابەتەکەیە، ڕەهەندێکی گرنگتر پەیوەندی بە پرسی ڕزگارییەوە هەیە… زۆرجار دەگوترێت، کە ئاستی ئازادیی گشتی کۆمەڵگە بە ڕادەی ئازادی ژنەوە پەیوەستە.([14])ژنۆلۆژی داوای ڕاماڵینی بونیادە زانستییە پیاوسالارەکان دەکات و هەوڵدەدات بۆ داڕشتنەوەی مێژوو و زانست لە ڕوانگەی ئەزموونی ئازادبوونی ژنانەوە. ژنۆلۆژی (زانستی ژن) وەک سەرچاوەی سەرەکیی ئەپیستمۆلۆژیای ژن سەیر دەکرێت.

٢شیکاریی یەکتربڕگەرایی  (Intersectionality)

چەمکی یەکتربڕگەرایی یاخود ئینتەرسێکشناڵێتی([15]) تێهەڵکێشبوون و پەڕینەوەیە بە ناو سێبەرەکانی جیاکارییدا، لە دووتوێی ناساندنی ئەم چەمکەدا؛ جەوهەری ستەم وەک تۆڕێکی ئاڵۆز  لە نێوان یاسا، ئابووری، ڕەگەزدا پێکەوە بەستراوە. خەباتی ژنان بەرامبەر هەڵوەشاندنەوەی بنەمای ئەم توندوتیژییە، ڕێگە بۆ سەرچاوەکانی تر دەکاتەوە، بۆیە ئەپیستمۆلۆژیای ژن؛ دابڕاو نییە لە کۆمەڵگە و بونیادی ستەمکاریی. زۆرجار ژنان لە یەک کاتدا ڕووبەڕووی سێ ئاستی جیاکاری و چەوساندنەوە دەبنەوە، لەوانە:

– چەوساندنەوە ڕەگەزی (لە ناو کۆمەڵگە)

– چەوساندنەوەی نەتەوەیی (لەلایەن دەوڵەتە داگیرکەرەکانەوە)

– چەوساندنەوەی کۆمەڵایەتی-ئابووری (پەراوێزخستنی ئابووری و نەریتی زێدەڕۆ)

دیالێکتیکی خەباتی نەتەوەیی و جێندەری: بەپێچەوانەی فیمینیزمی لیبڕاڵی ڕۆژئاوایی کە سەنتەرێتی دەداتە مافی تاکانەیی، ئەپیستمۆلۆژیای ژنانیی ڕێبازی ئینتەرسێکشناڵێتی، جێندەر یاخود چەوساندنەوەی ڕەگەزی؛ بە یەکسانی چین و توێژەکان و ڕزگاریی کۆمەڵگەوە دەبەستێتەوە. بۆیە بە گوێرەی دەقی تیۆرییەکانی یەکتربڕگەرایی و ئینتەرسێکشناڵێتی؛ یاسا و تیۆرەکان شکست دێنن لە تێگەیشتن لە چەوساندنەوەی ژنان، ئەگەر تەنها جێندەر ببینن و بەربەستەکانی تر، وەک: (نەتەوە، ڕەگەز، یان چین) پشتگوێ بخەن.([16]) بۆ ئەوەی لە چۆنێتی بە ناویەکداچوونی جۆری کۆمەڵایەتی لەگەڵ نەژاد و چین تێبگەین، هەروەها بەرنامەی داخوازی فیمنیزمی بە نەتەوە ببەستینەوە و بەرە و پێشچوونێکی هەمەلایەن دەستەبەر بکەین، دەبێت میکانیزمی تێکۆشان و مامەڵەکردن لەگەڵ فێمنیزم و نەتەوە بگۆڕین، بە شێوەیەک؛ کە ئەم پرەنسیپانە بچەسپێنین، یەکەم: تێپەڕاندنی دووانەی (ڕەگەزی نێر و مێ) دەبێت فێمنیزم وەها لە بزاڤەکەی بڕوانرێت، بە تەنها خەباتی فێمنیزم؛ بێ خەباتی نەتەوەی هەڕەشەیە بۆ سەر نەتەوە، بەڵکو وا کاربکرێت؛ فێمنیزم بەشێکی جیا نەکراوەیە لە سەرجەم بەشەکانی دیکەی بزاڤی نیشتمانی و نەتەوەیی، بە شێوەیەک چالاکییە فێمنیزمییە ڕێکخراوەکان؛ بە کاری نیشتمانی و نەتەوەییەوە ببەسترێتەوە. دووەم: بونیادنانی دابڕانگەرایی؛ بۆ دەستەبەرکردنی هەموو جۆرە مافەکان، پێویستە شرۆڤەی جۆری کۆمەڵایەتی(یەکسانی ڕەگەزی) لەگەڵ چین و نەژاد و نەتەوە و بنەچەکان بکرێت.

٣ کردار  (Praxis):

مەعریفەی تێکۆشان تەنها فۆرمەلەیەکی تیۆری نییە؛ بەڵکو هۆشیارییەکە لە کردەوەی ڕۆژانە، یاسادانان، و خەباتی مەیدانیدا دەبێتە کردار. ئەمە ژن لە “قوربانییەکی بێدەنگ” ەوە دەگوازێتەوە بۆ “سوبژەیەکی هۆشیار”.

تۆڕی چەمکی نێوان ئۆنتۆلۆژیا، بوونگەرایی و ئەپیستمۆلۆژیا

ئەم سێ چەمکە فەلسەفییە بەم شێوەیە ئاوێتەی یەکتر دەبن: [ئۆنتۆلۆژیا ← دیاریکردنی زوڵم← چەوساندنەوە و سڕینەوەی بوون. بوونگەرایی ← بەدیهێنانی ئازادی لە ڕێگەی کرداری هۆشیارانە (تێکۆشان). ئەپیستمۆلۆژیا ← داڕشتنی پارادایمێکی نوێ بۆ زانین، دەسەڵات و ژیان.

لە دەرئەنجامدا ئەپیستمۆلۆژیای تێکۆشانی ژنان خاڵی بەیەکگەیشتنی ئۆنتۆلۆژیا و بوونگەراییە کە دەگۆڕێت “بوونێکی سەپێنراو و چەوساو” بۆ “سوبژەیەکی ئازاد و بونیادنەر”. ئەم مەعریفەیە تەنیا چوارچێوەیەکی زانستیی داخراو نییە، بەڵکو پارادایمێکی گەردوونیی نوێیە بۆ پێناسەکردنەوەی دەسەڵات، کۆمەڵگە، و چەمکی ئازادی.

١.  ئۆنتۆلۆژیا: ژن و سڕینەوەی بوونناسییانە

کاتێک ئەو ژنانەی بەر پڕۆسەی بەکۆمەڵایەتیکردن دەکەون، بەرەو بچوککردنەوە و پشتگوێخستن دەچێت، ڕادێن لەسەر فەزیلەتە نەرێنییەکانی وەک خۆبەخشین، ملکەچی و بێدەنگی؛ ئەوا پیاوانیش بە بێدەنگی، بەندکراوی و قوربانی ئەو تێڕوانینە باڵادەستن.([17])

بوونی ژن لە ژێر سێبەری سڕینەوە و ئۆنتۆلۆژیکدایە. دەبێت ژن ڕووبەڕووی جینۆسایدی بوونناسی (سڕینەوەی بوون- Ontological Genocide) ببێتەوە، لەڕێگەی هەردوو شێوازی ڕەتکردنەوە لەلایەن دەوڵەتی داگیرکەر، و پەراوێزخستن لەلایەن پێکهاتە نەریتییە ناوخۆییەکانەوە.

 ڕەتکردنەوەی بوونی ژن وەک ئۆبجێکت، کە پێشوەخت لە لایەن دەسەڵاتگەرایی پیاوسالارییەوە ئەرک و سنوورەکانی بۆ دیاریکراوە.

٢.  تێکۆشان وەک کرداری جەوهەری (Existential Action)

لێرەدا تێکۆشانی ژن لە ڕوانگەی بوونگەراییەوە سەرهەڵدەدات. ئەگەر سارتەر بڵێت “بوون پێش جەوهەر دێت”، ژن لە ڕێگەی خەباتەوە ئەم بیرۆکەیە دەسەلمێنێت، لە ڕێگەی:

یەکەم/ کردار (Praxis) : ڕەتکردنەوەی بێدەنگی بەرامبەر جەوهەرە سەپێنراوەکان.

دووەم/ داهێنانی خودی نوێ: ڕاگواستنی بوونگەرایی لە ژووری داخراوەوە بۆ ناو سەنگەر، شار و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی، خۆبەخاوەنداریکردنی چارەنووس، بنەمای هەڵوێستی بوونگەراییانەیە.

بۆ دەربازبوون لە هەژموونی دەسەڵاتگەرایی و داڕشتنەوەی خود، بەلای بۆدریۆوە:” ئەوە بەس نییە کە تەنیا لە ڕووی زهنییەوە هۆشیاریی تێپەڕێنیت، بەڵکو پێویستە دەستکاری بونیادە جەستەیی و سایکۆلۆژییەکان بکرێت، کە پێشتر لە ڕێگەی پەروەردە و نەریتەوە خەمڵێنراون، ئەفراندنی سەربەخۆیی ڕاستەقینە(ئێکزیستانسیالیستی) کاتێک دەست پێدەکات کە ژن توانای ئەوەی هەبێت مانا بۆ جەستە و کردارەکانی خۆی بگەڕێنێتەوە، دوور لەو پێوەرە ئامادەکراوانەی کە هەژموونی پیاوانە وەک “سروشتی مرۆڤ” سەپاندوویەتی.([18]) لە بوونگەرایی سیمۆن دیبۆڤوار لە ڕستە بەناوبانگەکەیدا:” مرۆڤ بە ژن لەدایک نابێت، بەڵکو دەبێتە ژن” خود پێشوەختە دیاری نەکراوە، بۆدریۆ لە کتێبی “هەژموونی نێرگەرایی” ڕوونیدەکاتەوە کە چۆن دەسەڵاتگەرایی ڕەگەزیی دروستکراوە، ئەفراندنی خودی نوێ پێویستی بە تێکدانی ئەم دەسەڵاتگەرایی و هەژموونگەراییە هەیە.

٣. ئەپیستمۆلۆژیا: زانینی زادەی بوونناسی و بوونگەرایی

ئەپیستمۆلۆژیا (تیۆری مەعریفە) دەپرسێت: ژن چۆن جیهان دەناسێت و زانیاری لەوێوە وەردەگرێت؟ ئەپیستمۆلۆژیا یاخود مەعریفەی تێکۆشانی ژن، لە ئاوێتەبوونی واقیعی چەوسانەوە (ئۆنتۆلۆژیا) لەگەڵ کرداری ئازادان (بوونگەرایی) لەدایک دەبێت. بوونناسی (ئۆنتۆلۆژیا، واقیعی چەوسانەوە) کاتێک لەگەڵ بوونگەراییی ئازاد یەکدەگرێتەوە، ئەپیستمۆلۆژیای تێکۆشان (مەعریفەی ژن بۆ ئازادی) پێکدەهێنن. لەوانەش:

یەکەم/ مەعریفەی جەستەیی:  ناسین و زانینی دۆخی ژن تەنها سەرچاوەی تیۆری زانین نییە، بەڵکو مەعریفەی جەستەیی لەسەر جەستە، ئەزموونی ئازار، ڕووبەڕووبوونەوە نەخشێنراوە.

دووەم/ دەستبەرداربوون لە مەعریفەی سەپێنراو: ڕەتکردنەوەی ئەو زانست و یاسایانەی کە دەسەڵات یان داگیرکەر بەرهەمیان هێناوە، کە ژن ناتوانێت ئازادی لێوە بەدەستبهێنێت. لەبەرامبەردا مەعریفەیەکی ڕەخنەیی (وەک ژنۆلۆژی) تیۆریزە دەکات.

سێیەم/ ئازادیی گشتی لە ڕێگەی ئازادیی خودەوە: بەستنەوەی ئازادی کەسی (چەمکی بوونگەرایی) بە ڕزگاریی سەرجەم ئازادی کۆمەڵگەوە.

 

سەرئەنجام

ئەپیستمۆلۆژیای تێکۆشانی ژنان لە نێوان ئۆنتۆلۆژیا و بوونگەراییدا، خاڵی بەیەکگەیشتنی ئۆنتۆلۆژیا و بوونگەراییە،  کە “بوونێکی سەپێنراو و چەوساوە” دەگۆڕێت بۆ “سوبژەیەکی ئازاد و بونیادنەر” لە ڕێگەی کردەی هۆشیارانەوە.

ئەم مەعریفەیە تەنیا چوارچێوەیەکی زانستی داخراو یان فۆرمەلەیەکی تیۆری نییە، بەڵکو پارادایمێکی گەردوونی نوێیە کە مافی تەواوی هەیە لە ناو سیستمی زانستیی جیهانیدا جێگەی خۆی بگرێتەوە، ژن تەنها هەوڵی تێگەیشتن لە جیهان نادات، بەڵکو لە ڕێگەی ئامادەیی و خەباتی ڕۆژانەیەوە، خۆی و جیهانی دەوروبەریشی دەگۆڕێت.

سەرچاوەکان:

[1] – بییر بودریو: الهیمنة الذکوریة، ترجمة/ سلمان قعفراني، ط١، ٢٠٠٩، ص٢٩

[2] – ئەکادیمیای ژنۆلۆژی: دەروازەیەک بۆ ژنۆلۆژی(زنجیرەی – ٤)، چاپی دووەم، ٢٠٢٠، ل٢٠٠

[3] – تێزەکانی ڕێبەر ئۆجالان بۆ ئازادی ژن: ژنۆلۆژی، ٢٠١٢، ل١٠١

[4] – Edmund Husserl; General Introduction to pure  Phenomenology(تەوەر: چۆن فەلسەفە لە ئۆبجێکتەوە دەپەڕێتەوە بۆ ناو ئەزموونی ڕاستەوخۆی مرۆڤ)

[5] – Martin Heidegger; Being and Time(بونیاد و کات),

٤ – ئەکادیمیای ژنۆلۆژی: سەرچاوەی پێشووتر، ل٩٩

[7] – Jean- Paul Sartre: Existentialism is a Humanism,(Existence precedes essence), 1945, pp.22

[8] – جان پۆل سارتر، هەمان سەرچاوە ،   (Man is condemned to be free, pp.29)

[9] – ئەکادیمیای ژنۆلۆژی زنجیرە(١٣): ژنۆلۆژی زانستی ئازادبوونی کۆمەڵگە لە ڕەگەزگەرایی کۆمەڵایەتی، چاپی یەکەم، ٢٠٢٥، ل٦١

[10] – Collins P. H; Black Feminist Thought Knowledge, Consciousness, and the politics of Empowerment, Chapter11 (2nd ed), 2000 . Rutledge, pp. 273-276

[11] -Gluck. S.B & Patai. D. (Eds.), (1991). Daphne’s Daughters: Women’s Oral History and Feminist Practice. Routledge.

[12] – Gluck, S.B (1987). Rosie the Riveter Revisited: Women, the War, and Social Change.Twayne Publishers/ Twains Oral History Series

[13] – ع.ئۆجالان: مانیفستۆی شارستانێتی دیموکراتی، بەرگی سێیەم، سۆسیۆلۆژیای ئازادی، چاپی چوارەم، و:لوقمان عەبدولڵا، ل٤٥٣

[14] – سۆسیۆلۆژیای ئازادی، ع. ئۆجالان، ل ٤٥٤

[15] – ئەم چەمکە بۆ یەکەمجار لەلایەن (کیمبرلی کرینشۆ) بۆ بەستنەوەی: (ڕەگەز، چیندەر، چینایەتی) پێناسەی کرد لە کتێبی” سڕینەوەی پەراوێزبوون لە تێهەڵکێشی ڕەگەز و ڕەگەزایەتیدا: ڕەخنەیەکی فێمنیستی ڕەشپێست لە باوەڕی دژە ڕەگەزپەرستی، تیۆریی فێمنیستی و سیاسەتی دژە ڕەگەزپەرستی”دا ١٩٨٩

[16] -Crenshaw (1991(Mapping the Margins, Intersectionality, Identity Politics, and violence against Women of Color. Stanford Law Review, 43 )6(, 1241-1299

[17] – بیر بۆدریو: سەرچاوەی پێشووتر، ل٨٣

[18] – بڕوانە بودریو، بییر: (٢٠٠٩)، سەرچاوەی پێشووتر، بەشی سێیەم

بابەتی پەیوەندیدار