ژنوار – گوندێکی ژنان پڕ لە گۆڕانکاری و هیوا لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا

ژنوار – گوندێکی ژنان پڕ لە گۆڕانکاری و هیوا لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا

ئەم ڕاپۆرتە لەلایەن Women defend Rojava – ژنان بەرگری لە ڕۆژاڤا دەکەن ئامادەکراوە.

“کاتێک گەیشتینە ژنوار، ژنان و منداڵان لە ماڵەکانیانەوە هاتنە دەرەوە بۆ پێشوازییمان. کەشێکی خۆشی و حەزی زانین هەبوو. خواستی ناسینی یەکتر، چیرۆکە جیاوازەکانمان و بینینە هاوبەشەکانمان”.

 جولیا، ئینتەرناسیۆنالیستێک باسی گەیشتنی بۆ ژنوار دەکات؛

گوندێکی ژنان لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا. ژنوار ماڵی زۆر ژنی جیاوازە کە بڕیاریان داوە پەیوەندی بەو جڤاتەوە بکەن بە هۆکاری جیاواز. شتێک کە هەموویان یەکدەخات کە گەڕان بە دوای ژیانێکی ئازادی کۆمیناڵ-هەرەوەزییانە، ئارەزووی فێربوون، بەهێزبوون و گەشەکردنیانە. هەندێکیان هاوژینەکانییان لە جەنگدا لەدەست داوە، یان خۆیان لە توندوتیژی ماڵەوە یان هاوسەرگیری زۆرەملێی ئازاد کردووە. هەروەها ژنانی ئێزیدیش هەن کە لێرە دەستیان بە ژیانێکی نوێ  کردووە دوای ئەوەی لە کۆیلایەتی داعش ڕزگارییان بووە.

ژنوار بە فەرمی لە ٢٥ی تشرینی دووەمی ٢٠١٨ کرایەوە، بەڵام پرۆسەی دامەزراندنی گەشتێکی دوور و درێژتر بوو. بیرۆکەی بنیادنانی گوندێکی ژنان ئیلهامی لە پێشنیارەکانی عەبدوڵڵا ئۆجەڵانەوە وەرگرت و بۆ ماوەیەکی زۆر لەلایەن بزووتنەوەی ئازادی ژنانی کوردستانەوە باسی لێوە کرا. لەگەڵ شۆڕشی ڕۆژئاوا لە ٢٠١٢ەوە دامەزراندنی خۆبەڕێوەبەری دوای کشانەوەی ڕژێمی بەعس لە زۆربەی ناوچەکان، ئەم بیرۆکانە زیاتر بەدی هاتن.

لە ٢٠١٦ دا دەست بەو پلانە کرا، بە دەستپێشخەری ڕێکخراوە جیاوازەکانی ژنان – کۆنگرەی ستار، وەقفی ژنانی ئازاد، ئەکادیمیای ژنۆلۆژی و ئەنجومەنی شەهیدان. ئەو زەوییەی لەلایەن دەوڵەتەوە دەستی بەسەردا گیرابوو، دوای شۆڕش لەلایەن کۆپەراتیڤی کشتوکاڵییەوە و لیژنەی ئابووری ژنانەوە چێندرا و پاشان بەخشرا بە پرۆژەکە.

لە ٢٠١٧ دا دروستکردنی گوندەکە دەستی پێکرد. ماڵەکانی گوندەکە بە شێوەیەکی نەریتی بنیاد نران، بە دروستکردنی خشت لە خۆڵ، ئاو و کا. هەندێک لە دیواری بیناکان بە وێنە ڕازێنرانەوە کە ڕۆح و پەیامی گوندی ژنانیان پیشان دەدا. بۆ نموونە وێنەی شاماران وەک هەڵگری زانینێکی دێرین، نیشانەی تێکۆشانی ژنان، هێزی گۆڕانکاریی و داناییە. پرۆسەی بنیادنانی ئەم گوندە پەیوەستە بە مێژوویەکی درێژی تێکۆشانی ژنان لە کوردستان و بە هەوڵ و قوربانیدانێکی زۆری ژنان.

“ژنان بە زۆری پەیوەستن بە کۆمەڵگەوە – ئەوان ژیان ڕێک دەخەن، شێواز و ئامرازەکان دادەهێنن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی کۆمەڵگە و دروستکردنی پەیوەندی هاودەنگی و پشتیوانی یەکتر. ئێمە جارێکی تر پەیوەست دەبینەوە بەم ڕۆڵە، ژیانمان پێکەوە ڕێکدەخەین و  پشتگیری یەکتری دەکەین و زانیارییەکانمان لەگەڵ یەکتری بەش دەکەین”.

شیرین یەک لە نیشتەجێیانی گوندەکەیە. ئەو وەک مامۆستای زمان هاتۆتە گوندەکە. پێشتر لە قامیشلۆ دەژیا کە مامۆستای قوتابخانە بوو. سەرەتا لەژێر حوکمی ڕژێمی بەعسدا و پاشان وەک بەشێک لە دامەزراندنی سیستەمی پەروەردەی نوێ بە زمانی دایک لە سیستەمی خۆبەڕێوەبەریدا کاری کرد. ئێستا لە ژنوار خوێندنەوە و نووسین، هەروەها بابەتەکانی تر، فێری دایکان و منداڵان دەکات بەهەردوو زمانەکانی کوردی و عەرەبی.

ژیان لە ژنوار بەپێی بەها و بنەما کۆمەڵایەتییەکانی وەک ئیکۆلۆژی، خۆڕێکخستنی دیموکراتی، ئابووری ژنان، تەندروستی ژنان، پەروەردە و بنیادنانی داهاتوویەکی هاوبەش دامەزراوە. ژنان زانیاری و زانینیان سەبارەت بە کاری باخ و بێستان و شێوازە ژینگەییەکانی چاندنی سەوزە و میوە، پێکەوە دەکەن. لە هەمان کاتدا، ئامانجیان بنیادنانی ژیانێکی خۆبەڕێوەبەرییە کە سەربەخۆیی لە ئابووریدا فەراهەم بکات. ژنانی نیشتەجێی ژنوار ئابوورییەکی کۆمەڵایەتی بنیاد دەنێن لەگەڵ هاوکارەکانیان لە هەرێمەکەدا. جگە لەوەش، نانەواخانە، دوکانێکی بچووکی گوند بەڕێوە دەبەن و سەوزە وشک دەکەن بۆ زستان و دەیفرۆشن. هەموو بڕیارەکانی تایبەت بە ژیانی ڕۆژانە، چالاکییەکان، بیرۆکە نوێکان و ئابووری گوندەکە لە کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی گوندەکەدا باس دەکرێن و بڕیاریان لەسەر دەدرێن. منداڵان و گەنجان ئەنجومەن و وتەبێژی خۆیان هەیە بۆ ئەوەی بەشداری پرۆسەکانی بڕیاردانی دیموکراتیانە بکەن.

پەیوەست بە گوندەکەوە، ناوەندی تەندروستی-  Şifa Jin یش هەیە. ناوەندی شیفاگەری و تەندروستی سروشتی لە ٢٠٢٠ کرایەوە و ژووری هەیە بۆ چارەسەر، ڕاوێژکاری، کاری پەروەردەیی و بەرهەمهێنانی دەرمانە سروشتییەکان. هەروەها پرۆژەکە باخچەیەکی تێدایە کە گژوگیا بۆ مەبەستی بەرهەمهێنانی دەرمان دەچێنرێت. ئۆتۆمبێلی فریاگوزاری شیفاژن دڵنیایی دەدات لە حاڵەتە پەلەکان و هاوکاری ژنان دەکات لە گوندەکانی دەوروبەر بۆ کۆکردنەوە و هاوبەشکردنی زانیاری چارەسەری سروشتی نەریتی لە پەیوەندی لەگەڵ زانیاری مۆدێرن و شێوازەکانی تری چارەسەر.

“ژیان لە ژنوار نموونەیەکە بۆ ئەو ژنانەی کە پێکەوە بە ڕێکخستنی دەژین و پێکەوە هێزی خۆیان دەدۆزنەوە. شوێنێکە لە سەرانسەری جیهاندا دەدرەوشێتەوە. بوونم لێرە و قسەکردن لەگەڵ ژنانی ئێرە، بە ڕاستی ئازادتر و پڕ هیواترە. ڕوونە، پێویستمان بە شوێنی زیاتری وەک ئەم گوندە هەیە  لە سەرانسەری جیهاندا. ئەرکی ئێمەیە وەک ئینتەرناسیۆنالیستەکان کە ئەم جێگەی وەها لە هەموو شوێنێک بنیاد بنێین و تۆڕێکی پەیوەندی لە نێوانیاندا دامەزرێنین”.

بابەتی پەیوەندیدار