ڕەققە: بەرخودانی کەرامەت

ئامادەکردنی : ئەکادیمیای ژنۆلۆژی

لە ئینگلیزییەوە: بەهرە ئەحمەد

تا ئێستاش یەکەم جارم بیرەمە کە سەردانی ڕەققەم کرد؛ حوزەیرانی ٢٠١٨ بوو. چەند مانگێک پێشتر، لە تشرینی یەکەمی ٢٠١٧دا، ئەو ئۆپەراسیۆنەی ناوی نرابوو «تووڕەیی فورات» ــ کە لە حوزەیرانی هەمان ساڵدا پێی نابووە قۆناغی کۆتایییەوە ــ کۆتایی بە چوار ساڵ لە تاریکیی داعش هێنا لەو شارەی وەک پایتەختی خەلافەتە تیرۆریستییەکەی ڕایگەیاندبوو. دوای چەندین مانگ لە شەڕی سەخت، هێزەکانی سوریای دیموکراتیک(هەسەدە) بە پێشەنگایەتیی یەکینەکانی پاراستنی ژن (یەپەژە) شارەکە و دانیشتووانەکەیان ڕزگار کرد.

​ڕەققە شارێکی زۆر دێرینە و زۆرینەی دانیشتووانی عەرەبن کە هەمیشە کورد و ئاشوورییەکانیش تێیدا پێکەوە ژیاون. کەشوهەوایەکی بیابانیی هەیە، بەڵام بە شینیی تۆخی ڕووباری فورات و سەوزایی کەنارەکانی ڕەنگاوڕەنگ کراوە.

​کاتێک لە ساڵی ٢٠١٨ سەردانمان کرد، ٩٠٪ی شارەکە بەهۆی جەنگەوە وێران ببوو. ئەو گۆڕەپانەم زۆر چاک لەبیر بوو کە فەرماندەیی YPJ تێیدا کۆتا شەڕی ڕەققە و ڕزگارکردنی شارەکەی ڕاگەیاند. ئەو گۆڕەپانە پێشتر لەلایەن داعشەوە بۆ بڵاوکردنەوەی پەیامی ترس و تۆقاندن بەکاردەهێنرا؛ سەری بڕاویان لە دەوروبەری دادەنا و خەڵکیان لە ناوەڕاستەکەیدا دەخستە ناو قەفەسەوە. هەمان ئەو گۆڕەپانەی بۆ ماوەی چوار ساڵ هێمای قووڵترین دڕندەیی سەدە بوو، ئێستا بووە بە هێمای ڕزگاری و هیوا.

​دووەم جار کە سەردانی ڕەققەم کرد چەند مانگێک لەمەوبەر بوو. دوای حەوت ساڵ، شارەکە جیاواز بوو؛ ڕەققە لەناو وێرانەکانیدا دووبارە هەستابوویەوە. ژیان، ژاوەژاو و ڕەنگەکانی شارەکە هیچ شێوەیەکیان نەدەچووە سەر ئەو بێدەنگی، بێمتمانەیی و خەمۆکییەی کە جاری یەکەم باڵی بەسەر شارەکەدا کێشابوو. ڕەققە لە کابووسێکی زۆر درێژ بەخەبەر هاتبوو، کە لەبیرکردنی ئاسان نەبوو.

​بە هەوڵ و کۆششێکی زۆر و بە ئیرادەیەکی پۆڵایینەوە، پایتەختەکەی پێشووی داعش ببووە پایتەختی کارگێڕیی بەڕێوەبەریی خۆسەری دیموکراتی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا؛ بەڕێوەبەرییەک کە لەلایەن ژنانەوە پێشەنگایەتی بۆ دەکرێت و هەموو پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکان تێیدا نوێنەرایەتییان هەیە.

​هەلمان بۆ ڕەخسا سەردانی ناوەندی زەنۆبیا بکەین کە بزووتنەوەی ژنانی ناوچە عەرەبییەکانە (یان ناوچە ڕزگارکراوەکان، وەک خۆیان ناویان دەبرد). ژنانی عەرەب، هاوشێوەی ژنانی کورد، ڕێبەرایەتی پڕۆسەی گۆڕانکاریی کۆمەڵگەکەیان دەکرد؛ کاریان لەسەر بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری و ڕێکخستنی ژنانی تر دەکرد.

​ناوەندەکە بە چەندین ئاڵای بچووکی عەبدوڵڵا ئۆجالان ڕازاوەتەوە، کە ڕێبەر و دامەزرێنەری پارادایمی “نەتەوەی دیموکراتیک”ـە و شۆڕشی ڕۆژئاڤا لەسەر ئەو فکرە بونیادنراوە؛ پارادایمێک کە ژنانی عەرەبی ڕەققە تێیدا دەرفەتی بوونی خۆیانیان دۆزیوەتەوە. لەو ژوورەی پێشوازییان لێکردین، وێنەی ئەو ژنە عەرەب و کوردانە دەبینران کە بەهۆی هێرشەکانی تورکیا یان گرووپە جیهادییەکانەوە شەهید ببوون. ​ئەو ژنانەی کە لەژێر نیری داعشدا ژیابوون و بەردەوام بوون لە یاخیبوون دژی ئەو ڕۆڵە کلاسیکی و نەریتییانەی کۆمەڵگە لێیان چاوەڕوان دەکرد، ئێستا دڵخۆش، بەهێز و سوور بوون لەسەر بەردەوامبوون لە داواکردنی ئازادی و شکۆمەندی.

​لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، لەگەڵ ئەو هێرشانەی لەلایەن گرووپەکانی حکومەتی کاتیی دیمەشق و تورکیاوە ئەنجام دەدرێن و بە کەوتنی دووبارەی ڕەققە بۆ ژێر چنگی تەحریری شام- هەتەشە کە ناوێکی نوێیە بۆ هەمان ئایدۆلۆژیای سەلەفیی داعش- لەگەڵ گشت ئەو وێنە و زانیارییانەی لەوێوە دەگەن سەبارەت بە گەڕانەوەی کابووسێک کە لە ساڵی ٢٠١٧وە هەوڵی لەبیرکردنی دەدرا، بەردەوام لە خۆم دەپرسم: چارەنووسی ئەو ژنانە چی بوو ؟

​ئەوەی ئەمڕۆ هێرشی دەکرێتە سەر، جیا لە گەل و خاک، شێواز و کولتوورێکی ژیانە؛ شکۆمەندی و جوانیی پێکەوەژیانە. بەڵام ئەگەر ڕۆژئاڤا و ڕەققە لەم ساڵانەدا شتێکیان سەلماندبێت، ئەوەیە کە کاتێک ژنان چاویان دەکرێتەوە، هیچ هێزێک نییە بتوانێت دووبارە چاویان داخاتەوە؛ کاتێک ژنان بڕیاری ژیانێکی ئازاد دەدەن، هەمیشە ڕێگەیەک بۆ گەیشتن بەو ئازادییە دەدۆزنەوە. هیچ شتێک نییە بتوانێت بەربەست لەبەردەم هێز و ئیرادەی ژناندا دروست بکات.

​ویستم سوود لەم وتارە کورتە وەربگرم بۆ بڵاوکردنەوەی بەشێک لە چاوپێکەوتنێکی ساڵی ٢٠١٩ لەگەڵ جیهان شێخ ئەحمەد، فەرماندەی YPJ و وتەبێژی ئۆپەراسیۆنی ڕزگارکردنی ڕەققە، کە لە کتێبی ” ژن، ژیان، ئازادی: لەناو ئاگری شۆڕشی ژنان لە ڕۆژئاوا” بڵاوکراوەتەوە. جیهان خۆی کوردێکی خەڵکی ڕەققەیە:

”  بۆ من ئەزموونێکی مەزن بوو کە وەک وتەبێژ هەماهەنگیی شەڕەکە بکەم. بە نوێنەرایەتیکردنی YPJ ناوی خۆم لە مێژوودا تۆمار کرد. زۆر دڵخۆشم. کاتێک جیهادییەکان هاتنە ناو ڕەققە، من لەوێ بووم. وەک برینێک وابوو، من لە ڕەققە بریندار بووم. ناچار بووین جێی بهێڵین، بەڵام هەمیشە خەونی گەڕانەوە و ڕزگارکردنی ڕەققە لە مێشکمدا بوو.

​کاتێک بەرەی شەڕی ڕەققە دەستی پێکرد، سروشتی بوو کە بەشداری بکەم، چونکە هەم خاکەکە و هەم خەڵکەکەش دەناسم. خەڵکی ڕەققە بانگیان کردین؛ ئەوان هێزەکانی سووریای دیموکراتیک (هەسەدە) یان دەناسی و ئەو ئازارەی لەژێر دەستی داعشدا چەشتبوویان گەیشتبووە لوتکە. بۆیە، دەستپێکردنی شەڕەکە لە لایەک بۆ خەڵکەکە بوو و لە لایەکی ترەوە تۆڵەسەندنەوە بوو بۆ ژنانی ئێزدی.

​ڕەققە شارێکی ئاشتیخواز بوو؛ کورد، عەرەب و ئاشووری… دراوسێکانمان لە هەموو شوێنێکەوە بوون؛ موسڵمان و مەسیحی، هیچ جیاوازییەک لەنێوانماندا نەبوو. ئەو شارەی هەمیشە لە خەیاڵتدا جوانە، ببووە شوێنێک کە ژنانی تێدا دەفرۆشران و دەستدرێژییان دەکرایە سەر. خێزانەکەم بۆ ماوەی ساڵێک لەژێر دەسەڵاتی داعشدا لە ڕەققە ژیان. ئازاری خێزانەکەم و گەلەکەم، لەگەڵ بانگەوازی خەڵک، هۆکاری سەرەکی بوون بۆ ئەوەی بڕۆین و شارەکە ڕزگار بکەین.

​لە ڕەققە واقیعەکە وابوو کە ژنان هەم لە هەماهەنگی، هەم لە شەڕ و هەم لە پێشەوەی بەرەکانی جەنگدا بوون. هەڤاڵە پیاوەکانیشمان جەنگان، ناڵێم نەجەنگان، بەڵام تا ئەمڕۆش هەموو جەنگەکانی جیهان و مێژوو بە عەقڵیەتی پیاو بەڕێوەچوون؛ ئەو جەنگەی پیاوان دەیکەن زۆر جیاوازە لەو جەنگەی ژنان دەیکەن. ئەو جەنگەی پیاوان دەیکەن وێرانیی زیاتر و دەسەڵاتی لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت، بەڵام ئەو جەنگەی ژنان دەیکەن، ژیان لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت.”

​من وەک وتەبێژ لە ڕەققە بووم. ڕەنگە لە سەرەتادا لە ڕووی ئایدۆلۆژییەوە ئێمەیان نەناسیبێت، چونکە ڕاستەوخۆ چووینە بەرەکانی پێشەوە، بەڵام خەڵک لەناو ژناندا، لە تێکۆشان و فیداکارییاندا، ئەو شۆڕشەیان بینی کە ئێستا پێی دەڵێین شۆڕشی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا. ئێمە دەڵێین شۆڕشەکەمان بۆ هەموو سووریایە، هەرچەندە پێشتر خەڵکی مەنبج، ڕەققە و دێرەزوور لێمان دوور بوون و زۆر حەزیان لێمان نەبوو. بەڵام لە بەرەکانی شەڕدا، کاتێک پیاوان، ژنان، کچان یان بەساڵاچووانمان بۆ ناوچە ئارامەکان دەگواستەوە، هێزی ئێمەیان بینی، واتە ژیانیان بینی.

​لەناو ژنانی عەرەبدا شتێکی زۆر سەیر ڕوویدا، چونکە کولتووری کوردی و عەرەبیمان لە یەکتر جیاوازن. جگە لەوەش، ئێمە وەک کۆمەڵگەی کورد خاوەن میراتێکین، بزووتنەوەکە دەناسین و هەستیارییەکمان هەیە، بۆیە ساڵانێکی هەوڵێکی زۆرمان بۆ ئازادی داوە. ئەمە هەمیشە لەناو گەلی کورددا هەبووە، بەڵام لەناو کۆمەڵگەی عەرەبیدا، بەتایبەت لەناو ژناندا، ئەمە ڕووی نەدابوو؛ ئەوان دوای ڕزگارکردنی ئەم شارانە فێری بوون.

​لە سەرەتادا کە کچانی گەنجی عەرەب دەهاتنە ڕیزمان، دەیانگوت: ” چەکمان بدەنێ تا تۆڵە لە داعش بکەینەوە”. داعش باوک، دایک یان برایانی کوشتبوون و سەری بڕیبوون؛ ئەوان تەنیا تۆڵەیان دەویست، چونکە ئەو ئازارەی ژنان لەژێر دەستی داعش چەشتبوویان بەڕاستی زۆر گەورە بوو. بەڵام دوای ئەوەی هاتن و پەیوەندییان پێوە کردین، یەکەم پێداویستی بۆ ئەوان ئەوە بوو کە خۆیان بناسن؛ کەسایەتی، مێژوو و بوونی خۆیان بناسن، تا بتوانن بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆیان بدەن. بۆیە گوتمان: “تۆڵەی ئێمە بریتییە لەوەی وەک ژن هەرچی دەربارەی خۆمان هەیە بیزانین”.

​تۆڵەی ئێمە تەنیا سەربازی نییە. بۆچی ئەمە دەڵێم؟ YPJ تەنیا ناچێتە جەنگ و شەڕ دژی دوژمنان ناکات، بەڵکو پێش هەموو شتێک ئامانجی کۆتاییهێنانە بەو عەقڵیەتی دەسەڵاتخوازییەی کە هەزاران ساڵە لە کۆمەڵگەدا چەسپاوە؛ دەیەوێت عەقڵیەتی سەردەست بشکێنێت و ئیرادەی خودی ژن دووبارە بونیاد بنێتەوە. کاتێک ژنانی عەرەب لەم ڕاستییە تێگەیشتن، لە ڕووی بیرکردنەوە و متمانەبەخۆبوونەوە بەهێزتر بوون. بە جیهانمان سەلماند کە ژنان ئەگەر لە ڕووی فکرییەوە سەرکەون، ئیدی ڕزگاریان بووە. تا ژن لە ڕووی زهنییەوە ئازاد نەبێت، ناتوانێت چەک هەڵگرێت و بجەنگێت.

​داعش نوێنەرایەتیی بەرزترین ئاستی زهنیەتی سەردەست دەکات؛ زهنیەتێك کە دەیەوێت بمانسڕێتەوە. ئەگەر یەکگرتوو نەبین، ئەگەر تێکۆشانێکی بەهێز نەکەین و ڕێکخستنەکانمان گەورەتر نەکەین، هەمیشە ڕووبەڕووی ئەم عەقڵیەتە دەبینەوە. داعش بەیانی ناوێکی تری لێ دەنرێت. زۆری پێ ناچێت کە کۆتایی بە داعش دەهێنین، بەڵام عەقڵیەتەکەی هەر دەمێنێت. بۆیە تێکۆشانی ئێمە بە کۆتاییهاتنی داعش تەواو نابێت، بەڵکو بە لەناوبردنی عەقڵیەتی سەردەست کۆتایی دێت. کاتێک بەڕاستی کۆمەڵگەیەکی ئازاد بە ڕەنگی ژن بونیاد دەنێین، ئەوکات دەتوانین بڵێین گەیشتووینەتە ئەو ئەنجامەی کە دەمانەوێت.

ئەوە سەرکەوتنێکی یەکجار مەزن بوو. لە لایەکەوە دەجەنگاین و لە لایەکی تریشەوە ڕێکخستنەکانمان گەورەتر دەکرد. هەر شارۆچکەیەکمان ڕزگار بکردایە، هەموو گەنجەکانی دەهاتنە ڕیزمان، مەشقیان دەبینی و دەچوونە بەرەکانی جەنگ. سەرۆک‌ هۆزەکان دەهاتنە لامان و زۆر هاوکارییان دەکردین، خەڵکەکەش لەگەڵمان بوون. ڕاستییەک هەیە: لە هەر جەنگێکدا ئەگەر گەل لەپشتت بێت، تۆ براوە دەبیت. خەڵک دەیانگوت: ” کاتێک دەبینین ژنان لە پێشەوەی تیمەکانن، دڵمان ئاو دەخواتەوە و دەزانین ئەو شارۆچکەیە یان ئەو گەڕەکە ڕزگار دەکرێت”. لە ڕەققە دەیانگوت “ژنانی کورد”، بەڵام لە ڕاستیدا ئەوان تەنیا ژنانی کورد نەبوون بەڵکو ژنانی YPJ بوون.

​بۆ ئێمە ئەزموونێکی زۆر گەورە بوو. بەهۆی ئەو توندوتیژییەی داعشەوە، دەروونی خەڵکی ڕەققە شێوا بوو. کاتێک ئەو خەڵکەت ڕزگار دەکرد و سەیری ناوچاویانت دەکرد، دەتبینی کە بەهای ژیان و هیوای ژیان لایان مردووە. بۆیە بەرەی ڕەققە تەنیا سەربازی نەبوو، بەڵکو کۆمەڵایەتی و مرۆیی بوو. چۆن ژیان بۆ مرۆڤێک دەگێڕیتەوە؟ کاتێک گوێ لەو منداڵانە دەگریت کە داعش مەشقی پێکردبوون، دەزانیت ئەو منداڵانە منداڵێتیی خۆیان لەدەستداوە؛ فێری جەنگ، کوشتن، سەربڕین و دەستبڕین کرابوون. کاتێک لە باوەشیان دەگریت و پێدەکەنن، هەست دەکەی شتێکی نوێ لە ناخیاندا دروست دەبێت و ئارەزووی ژیانیان بۆ دەگەڕێتەوە.

​کاتێک گەیشتینە ڕەققە، خەڵک پێیان دەگوتین: “ئایا ئێوە ڕاستین؟”. وەک خەونێک وابوو. جارێکیان ژنێک هاتە لام، ماچی کردم و گوتی: ” ئەمە بۆ من بەسە، تۆ ژنێکیت و هاتووی ئێمە ڕزگار بکەیت”. ژنێک کە دێت بۆ ئازادکردنی ژنان؛ ژنێک کە دێت بۆ پاراستنی ژنان. ژنێکی تر گوتی: “سەیرت دەکەم و هەست بە خۆشی دەکەم، خۆم لە تۆدا دەبینمەوە”.

​ڕاستە، ئێمە ڕەققە و مەنبجمان ڕزگار کرد و ئێستاش (ساڵی ٢٠١٩) دێرەزوور ڕزگار دەکەین، بەڵام ئەم خەڵکە پێویستییەکی زۆریان بە هاوکاریی دەروونی هەیە. دووبارە دروستکردنەوەی شارێک کێشە نییە، بەڵام دووبارە دروستکردنەوەی مرۆڤێک، ئەمە گرنگترین شتە. ئەگەر سەیری مێژوو بکەین، دەبینین هەموو ئەو جەنگانەی ڕوویان داوە بۆ دەسەڵات و سەردەستی بوون، بەڵام ژنان بۆ بوونی خۆیان و بۆ ئازادی دەجەنگێن.”

بابەتی پەیوەندیدار