نووسینی: شارا تاهیر

ئادەم و ئارەزووی سێکسوالیتی: ئیدی خودا ئادەمی خوڵقاند!
هەر کاتێک بمانەوێت بگەڕێینەوە بۆ سەرچاوەی سێکسوالیتی و یەکەم پەیوەندی و جووتبوونی نێوان ژن و پیاو، ئەوا بمانەوێت یان نەمانەوێت، دەگەڕێینەوە بۆ یەکێک لە کۆنترین چیرۆکەکانی بوونی مرۆڤایەتی ئەویش چیرۆکی دروستبوونی ئادەم و حەوایە. لەبەر ئەوەی ئەم چیرۆکە لە زۆرێک لە کەلتوور و ئایینەکاندا وەک سەرچاوەی بوونی مرۆڤ لەسەر زەوی ناسراوە. لە جێی خۆیدایە بە وردی لەسەر ئەم بابەتە بوەستین؛ بە تایبەتی لەسەر ئەو پەیوەندییەی کە لەنێوان نەست، خودئاگایی و تێگەیشتنی مرۆڤ لە خۆی و دەوروبەری، هاوکات پێویستی مرۆڤ بۆ بوونی ئەویتر.
سەرەتا، لە زمانی کۆنی عیبریدا، ناوی “ئادەم” (Adam) لە وشەی “ئاداما” (Adamah) ـەوە هاتووە؛ وشەیەک کە بە مانای خاک، زەوی یان تۆز دێت. ئەم ناوە لە هەمان کاتدا هەم سەرچاوەی ماددیی مرۆڤ دیاری دەکات، و هەم نهێنییەکی قووڵ لە هەناوی خۆیدا هەڵدەگرێت. بەو مانایەی کە مرۆڤ بوونەوەرێکە لە نێوان دوو جیهاندا وەستاوە: لە لایەک خاک و ماددەیە، و لە لایەکی دیکەوە هەستی ڕووح، گەورەیی و باڵایی خودایی لە جەوهەریدا هەڵگرتووە.
بەپێی هەندێک لە گێڕانەوەکانی میدراش (Midrash)ی یەهودی، ئادەم لە تۆز دروست کراوە؛ بەڵام ئەو تەنها تۆز و خۆڵ نییە. لە ناو ئەم ماددەیەدا، کە یەکێکە لە توخمە سەرەکییەکانی ژیان، نهێنییەکی گەورە شاراوەیە؛ نهێنییەک کە مرۆڤ لە هەموو بوونەوەرەکانی دیکە جیا دەکاتەوە ئەویش توانای ناسین، ناونان و دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ نهێنییەکانی بوون. بە واتایەکی دیکە، مرۆڤ تەنها بوونەوەرێکی زیندوو لە ناو ماددەدا نییە؛ بەڵکو بوونەوەرێکە کە توانای چوونە ناو نهێنییەکانی بوون، هەڵگرتنی مانا و دروستکردنی مانای نوێیشی هەیە. لەوانەیە لە پشت ئەم چیرۆکەدا کاریگەریی ڕێبازی نهێنیی یەهودی، واتە کابالا (Kabbalah)، هەبێت؛ ئەو ڕێبازەی کە باوەڕی وایە گەردوون تەنها کۆمەڵە شتێکی بێمانا و هەڕەمەکی نییە، بەڵکو بوون خۆی کتێبێکی پیرۆزە، هەر بوونەوەرێکیش پیتێکە لە نووسینێکی بێکۆتایی ئەو کتێبە پیرۆزە.
لە یەکێک لە گێڕانەوە کۆنەکانی میدراش بەم شیوەیە باس لە چێرۆکی دروستکردنی ئادەم دەکات:
کاتێک خودا ئادەمی دروست کرد، بانگی فریشتەکانی کرد و داوای لێکردن کە کڕنۆش بەرن و ڕێز لەو مەخلوقە نوێیە بگرن؛ بوونەوەرێک کە خودا وەک نوێترین دەربڕینی توانای خۆی لە مەلەکوت و جیهانی بووندا دروستی کردبوو. بەڵام یەکێک لە فریشتە باڵاکانی خودا بە ناوی سامائیل (Samael) یان (Satan)، کە لە هەندێک ڕوایەتدا، بە تایبەتی لە ئەدەبیاتی ئاینی ئیسلامیدا، بە شەیتان ناسراوە، فەرمانی خودای ڕەت کردەوە و بە خودای گوت: ” تۆ ئێمەت لە شکۆ، ڕووناکی و گەورەیی خۆت دروست کردووە؛ چۆن ئێستا فەرمانمان پێدەکەیت کڕنۆش بۆ بوونێک بەرین کە سەرچاوەکەی خاک و خۆڵە؟ چۆن ئەو بوونەوەرە دەتوانێت لە ئێمە بەرزتر و بەهاتر بێت؟.”
لە تێگەیشتنە فریشتەییەکەی سامائیلدا، باڵایی هەر بوونێک پەیوەستە بەو ماددەیەوە کە لێی دروست کراوە. فریشتەکان لە ڕووناکی و شکۆی خودا دروست کرابوون، لە کاتێکدا ئادەم لە خاک و تۆز. بۆیە خاک ناتوانێت لە ڕووناکی باڵاتر و بە نرختر تر بێت.
بەڵام لێکدانەوەی خودا لەسەر گەورەیی و باڵایی ئادەم پەیوەست نیە بەو ماددەیەی لێی دروست بووە، بەڵکو پەیوەستە بە توانای ناسین، تێگەیشتن و هەستکردنی ئادەم بە مانای جیهان، ئەگەر ئادەم لە خاک دروست کرابێت، ئەوا ئەو خاکە توانای هەڵگرتنی تێگەیشتنێکی بەرزتری لە ناو خۆیدا هەڵگرتووە.
خودا فەرمووی : ” هەرچەندە ئادەم لە خۆڵ دروست کراوە، بەڵام بە هۆی هۆشیاری و دانایییەکەیەوە دەتوانێت لە تۆ، هەی سامائیل بەرزتر بێت.”
سامائیل لەو وەڵامەدا هەستی بە شکست و بێنرخی خۆی کرد، نەیدەتوانی ئەو ڕاستیە قەبوڵ کات کە چۆن ئەو بوونەوەرە نوێیە کە لە خاک دروستکراو توانایەکی وا گەورەی هەیە، کە ئەم بەو هەموو ڕووناکی و باڵاییەی خۆیەوە لێی بێبەشە! بۆیە داوای لە خودا کرد تاقیکردنەوەیەک بکرێت تا لەڕێگایەوە دیاری بکرێت کامەیان بەڕاستی خاوەنی تێگەیشتن و زانینە.
خودا داواکەی قبووڵ کرد و پێی فەرموو: ” من ئاژەڵەکان، باڵندەکان و هەموو بوونەوەرەکانم دروست کردووە. بچۆ خوارەوە و هەموویان ڕیز بکە و ناویان لێ بنێ؛ بەو شێوەیەی کە دەیزانیت.”
کاتێک ئاژەڵەکان یەک لە دوای یەک لەبەردەم شەیتان تێپەڕین، ئەو لە ناسینەوە و ناونانیاندا دۆش داما و هیچی بۆ نەگوترا، نەیتوانی ناویان لێ بنێت، چونکە تەنها شێوە و دەرەوەی بوونەوەرەکانی دەبینی، نەک مانا و جەوهەری بوونیان. لەو ساتەدا، خودا نهێنییەکی لە دڵی ئادەم دانا؛ توانایەک کە لە ڕێگەی ئەوەوە بتوانێت نیشانە و مانا و جەوهەری بوونەوەرەکان بخوێنێتەوە. ئادەم ئەو پەیوەندییەی نێوان وشە و بوون تێگەیشت، ناوی هەموو بوونەرەکانی یەک لە دوای یەک دەهێنا، بەم شێوەیە شەیتان گرەوەکەی دۆڕاند. کاتێک شەیتان تێگەشت کە خودا ئادەمی بە ڕووناکیی تێگەیشتن و ناسین ڕۆشن کردووەتەوە، بە تووڕەیی هاواری دەکرد. ” ئایا هاوار دەکەیت؟” خودا پرسی. شەیتان وەڵامی دایەوە:
” چۆن هاوار نەکەم؟ تۆ منت لە ڕووناکی و شکۆی خۆت دروست کردووە، کەچی تێگەیشتن دەبەخشیت بە بوونەوەرێک کە لە تۆز دروستت کردووە؟” ئەو فریشتەیەی کە لە تاقیکردنەوەی زمان و تێگەیشتن دەرنەچوو و سەرکەوتوو نەبوو، چی بۆ ماوەتەوە جگە لەوەی لە بەرامبەر خودا بە بێهودە هاوار بکات!
ئەوەی لەم گێرانەوەدا گرنگە تەنها لە حیکایەتی دروستبوونی ئادەم یان لە ناکۆکیی نێوان خودا و شەیتاندا نییە. نهێنیی سەرەکی لەوەدایە کە لە یەکەم ساتی بوونی ئادەمدا، زمان و ناسین و نهێنیی بوون بە یەکەوە گرێ دراون. ئادەم تەنها باوک و نەستی مرۆڤایەتی نییە؛ بەڵکو یەکەم هەڵگری ئەو توانایەیە کە مرۆڤ بەهۆیەوە دەتوانێت جیهان بخوێنێتەوە، ئادەم هەڵگر و خاوەنی زمانە. زمان وەک نەست و خودئاگایی مرۆڤ بە زمانە لاکانییەکە.
زمان تەنها ئامرازێک نییە بۆ گواستنەوەی بیر و هەست؛ بەڵکو نهێنییەکی قووڵی بوونە، توانایەکی پیرۆزە بۆ ئەوەی مرۆڤ بتوانێت ئەوەی بێسنوورە لە ناو سنووری وشە و دەنگدا گوزارشتی لێوە بکات. زمان ئەو پردە نهێنییەیە لە نێوان جیهانی دیار و نادیاردا ، سنووردار و بێکۆتایی. لە ناو ئەم تێگەیشتنەدا، زمان خۆی وێنەی خودایە.
خودا، کە سەرچاوەی هەموو بوونێکە، بە دابەشکردنی بێپایانی خۆی بۆ دروستکردنی جیهان و بوونەوەرە جیاوازەکان، ڕێگایەکی داناوە تا هەر بوونێکی سنووردار بتوانێت تیشکێک لە ڕووناکیی بوونی بێسنووری ئەو لە خۆ بگرێت. لە دیدی ئەم فەلسەفەیەدا، هەموو بوونەوەرەکان تەنها شتێکی بێ زمان و بێ مانا نین؛ بەڵکو وشە و پیتن لە کتێبی گەورەی زمانی خودادا. هەر گیانێک، هەر بەشێک لە سروشت، و هەر بوونێک لە جیهان، وشەیەکە لە ڕستەیەکی گەورە کە ئافرێنەر بە زمانی خۆی نووسیویەتی. مرۆڤ ئەگەر بتوانێت ئەم زمانە بخوێنێتەوە، تەنها درک بە شتەکان ناکات، بەڵکو دەگات بە مانای شاراوەی بوون خۆی. لە ڕێبازی کابالا، زمانی پیرۆز تەنها کۆمەڵێک وشە و پیت نییە؛ بەڵکو کلیلێکە بۆ تێگەیشتن لە نهێنییەکانی ئافراندن. ئەوانەی دەچنە قووڵایی ئەم نهێنییەوە، باوەڕیان وایە کە پیت، دەنگ و وشە هەریەکەیان هێز و مانایەکی نادیاری هەیە، و خوێندنەوەی ڕاستیی ئەم زمانە دەتوانێت مرۆڤ بگەیەنێت بە تێگەیشتنێکی قووڵتر لە خودا، لە ژیان و بوون.
لەمبارەیەوە لاکان دەڵێت؛” لە تەوراتی پیرۆزدا، تەواو ئەوە ئاشکرایە کە بە چ قازانجێک ئەو حەقیقەتە شکاوەتەوە کە نەک هەر بە تەنها سەرەتا وشە بوو بەڵکو وشە بۆ خۆی دەکەوێتە پێش سەرەتایشەوە. هەر لە بەرئەوەی وشە دەکەوێتە پێش سەرەتاوە، ئەوا خودا خۆی دەزانێت کە مافی ئەوەی هەیە هەموو داواکارییەک لە مرۆڤ بکات، چونکە ئەو خۆی سەرەتا دیارییەکی بچووکی پێبەخشیوون، دیارییەکی زۆر (بچووک، بچووک، بچووک)، وەک ئەو دەنکە گەنمەی دەیدەیت بە مریشکێک. خودا خۆی فێری ئادەمی کرد تا ناو لە شتەکان بنێت. تەماشا بکە ! خودا ڕاستەوخۆ وشەی نەبەخشی بە ئادەم چونکە ئەوە بۆ خۆی شتێکی گەورە بوو بەڵکو فێری کرد کە چۆن ناو لە شتەکان بنێت ئەمەیش دوو شتی جیاوازە، چونکە ناونان شتێکی ئەوەندە گەورە نییە، بەو مانایەی تۆ خۆت ناوەکەت هەیە و فێری ئەویتر دەکەیت کە بەکاریبهێنێت…”
ئیدی خەڵقکردنی ئادەم هەر بە تەنها دروستکردنی بوونەوەرێکی نوێ نەبوو؛ بەڵکو دەستپێکی گۆڕانێکی قووڵ بوو لە مانای بوون( الوجود)دا. لەو ساتەدا، خاک بوو بە ئاوێنەی ئاسمان، و مشتێک خۆڵ بوو بە جێگای ئەو نهێنییەی کە هەموو گەردوون لە ناخی خۆیدا هەڵدەگرێت.
پێش هاتنی ئادەم، جیهانی فریشتەکان لە ڕێکخستنێکی تەواو و هارمۆنیدا دەژیان؛ جیهانێک کە ڕووناکی تەنها مانای ڕووناکی بوو، هەر بوونێک لە سنووری خۆیدا ئارام بوو. بەڵام کاتێک خودا ئادەمی لە خاک دروست کرد، ئەو ئارامییەی مەلەکوتی خوداش ئیدی شڵەقا. چونکە مرۆڤ نە تەنها ڕووناکی بوو و نە تەنها خاک؛ ئەو پەیوەندیی نێوان دوو جیهان بوو: ئاسمان پڕ بوو لە ژاوە ژاو و دەنگی ناڕەزایی فریشتەکان، ئەو پرسیارەی عەرشی مەلەکوتی لەرزاند، ئەوە بوو ئەگەر فریشتەکان لە ڕووناکی دروست کراون، و ئەگەر ئەوان نزیکترین دەرکەوتنی شکۆی خودان، بۆچی خودا ئادەمی لە خاک دروست کرد و دواتر وشەی پێبەخشی؟
تا پێش دروستبوونی ئادەم، پێگەو باڵایی هەر بوونەوەرێک پەیوەست بوو بە سەرچاوەی دروستبوونیەوە، ئەوەی لە ڕووناکیەوە هاتبوو، باڵاتر بوو لەوەی کە لە خاکەوە هاتبوو. بەڵام بە دروستبوونی ئادەم، خودا ئەو یاسایەی شکاند. سامائیل یان شەیتان ــ ئەو فریشتە بەرزەی خۆی بە نزیکترین بوونەوەر بە ڕووناکیی خودایی دەزانی و کرنۆشی بۆ ئادەم نەبرد. ئەو کەوت و شکستی هێنا، بەڵام کەوتنی سامائیل تەنها کەوتنی یەک فریشتە نەبوو. لەگەڵ خۆیدا نزیکەی نیوەی هێزی ئاسمانی برد، یەکێتیی و هارمۆنی سەرەتاییی بوونیش شڵەقا. ئەو جیهانەی تا ئەو کاتە یەک دەنگ، یەک ئاراستە و یەک ئیرادەی هەبوو، ئیدی بوو بە جیهانێک لە جیاوازی، لە دژایەتی، لە دووانەیی. لە یەکێتیی سادە، جیهان چووە ناو جیهانی دژایەتییەکان: ڕووناکی و تاریکی، ملکەچی و سەرکەشی، هاوسەنگی و ملمڵانێ، یەکێتی و دابەشبوون. ئەوەی John Whitehead بە ” پێشچوونی داهێنەرانەی گەردوون لە ڕێگەی نوێبوونەوە” ناوی لێدەنێت، لێرەوە دەست پێدەکات؛ چونکە لە روانگەی ئەو، گەشە و داهێنان تەنها لە ناو هاوسەنگیدا ڕوونادات، بەڵکو لە کاتی تێکچوون، دژایەتی و ململانێدا گۆڕانکاری لەدایک دەبن. لەو ساتەوە بەدوا ئییدی گەردوون هەرگیز بۆ ئەو هاوسەنگیە سەرەتاییەی خۆی نەگەڕایەوە.
بەم مانایە، کەوتنی فریشتەکان سەرەتای کەوتنی مرۆڤە. وەلێ پێش ئەوەی ئادەم لە بەهەشت دەربکرێت، خۆی ڕۆحێکی تەنیا و پەژموردە بوو. بۆیە کەوتنی مرۆڤ ڕووداوێکی کتوپر نییە؛ بەڵکو بەردەوامیی ئەو درامایەیە کە پێشتر لە ئاسمان دەستی پێکردبوو.
سامائیل، کە لەبەر لووتبەرزیی خۆی بەرامبەر ئادەم شکستی هێنا، وەلێ هەر زوو تێگەیشت کە باڵایی مرۆڤ نە پەیوەستە بەهێزی جەستەیەوە نە بە بنەچەی ئەو ماددەیەی لێوەی خەلق بووە ؛ بەڵکو پەیوەستە بە زمانەکەیەوە، زمان ئەو تایبەتمەندییەیە کە مرۆڤ دەکاتە بوونەوەرێک ناوی شتەکان دەزانێت، مانا دروست دەکات و لە ڕێگەی وشەوە بە نهێنیی بوون دەگات. بۆیە سامائیل بڕیار دەدات هەر لەو شوێنەی کە خاڵی بەهێزیی مرۆڤە، هێرش بکات و تۆڵەی خۆی لە مرۆڤ و لەخودا بکاتەوە بۆ هەتا هەتایە!.
ئەو دەیەوێت ئەو تایبەتمەندییە بەرزەی یۆنانییەکان بە areté ناویان لێناوە ــ واتە باشترین و بەرزترین توانای مرۆڤ ــ بگۆڕێت بۆ hamartia؛ ئەو هەڵەیەی لە تراژیدیادا هۆکاری کەوتنی پاڵەوان دەبێت. بە واتایەکی تر، سامائیل هەوڵ دەدات هەمان ئەو زمانەی پایەی بەرزکردنەوەی مرۆڤە، بیکات بە ئامرازی فریودان و کەوتنی.
لەبەر ئەوە، لە هەموو ڕوایەتە پیرۆزەکاندا، فریودان هەمیشە بە هێز و زۆرداری دەست پێناکات؛ بەڵکو بە وشە دەست پێدەکات. سامائیل دەزانێت ئەگەر زمان بتوانێت مانای شتەکان بگۆڕێت، دەتوانێت هۆشیاریی مرۆڤیش بگۆڕێت. بۆیە هەوڵ دەدات ئەوانەی خودا هەڵیبژاردوون، نە بە شمشێر، بەڵکو بە قسە، بە گوزارشت، بە گومان و بە لادانی مانا تاقیان بکاتەوە. سەرچاوەی ئەم قسەیە تا ئێستاش لە ناو کولتوور و ژیانی ڕۆژانەمانەدا بوونی هەیە. مرۆڤ هەمیشە لە ترسی ئەوەدایە شەیتان گوێی لە نهێنییەکانی بێت، ڕیسی بۆ بکاتەوە بە خوری، لە زمانی کوردیدا گوتەی ” گوێی شەیتان کەڕ بێت” دیارە سەرچاوەکەی هەر بۆ ئەم چیرۆکە دەگەڕێتەوە.
لێرەوە چیرۆکی ئادەم و لیلیث دەست پێدەکات. میدراشیمە کۆنەکان ژیانی ئادەم لە بەهەشت دەگێڕنەوە. ئەم ڕوایەتە تەنها باس لە دروستبوونی یەکەم ژن یان یەکەم ناکۆکیی نێوان نێر و مێ ناکات؛ بەڵکو دەربارەی ئەو ساتەوەختەیە کە مرۆڤ یەکەمین جار هەستی بە تەنیایی، ئارەزوو، جیاوازی و گەڕان بۆ تەواوبوون دەکات. لەو ساتەوە، مێژووی مرۆڤ دەبێتە مێژووی گەڕان بەدوای ئەو یەکێتییە ونبووەی لە سەرەتای بووندا هەیبوو. میدراشە کۆنەکان دەگێڕنەوە کە ئادەم، سەرەڕای ئەوەی خودا بەرزترین دیاریی پێ بەخشیبوو کە زمانەکەی، زانایی و توانای ناونانی هەموو بوونەوەرەکان، هێشتاش لە ناخی خۆیدا ئارام نەبوو، ئادەم ناشاد و پەژموردە بوو. ئەو ناوی هەموو شتەکانی دەزانی، بەڵام هێشتا نەیدەزانی ئەو شتە چییە لە دڵی خۆی بەدوایدا دەگەڕێت. ئەو ناوی هەموو گیاندارەکانی دەنا، بەڵام هیچ ناوێک نەبوو بتوانێت تەنیایی خۆی پێ پێناسە بکات. ئادەم لە ناو بەهەشت و مەلەکوتی خودادا هەستی بە تەنیایی و ئافەرۆزبوونی خۆی دەکرد، لە باخچەی بەهەشت، هەموو شتێک وەک یاسایەکی گەردوونی بە جفت و دووانە بوو. هەر باڵندەیەک هاودەنگێکی هەبوو، هەر ئاژەڵێک هاوبەشێکی خۆی، هەر ژیانێک وەڵامی ژیانێکی تر بوو. تەواوی سروشت بە زمانی یەکبوون دەدوا، تەنها ئادەم بوو کە لە ناو ئەو گۆرانییەدا بە دەنگێکی تاک مابووەوە.
لە ئارەزووی ئادەم بۆ هاودەمێک، کەوتنێکی نهێنی و شاراوە هەیە، پێش ئەو کەوتنە گەورەیەی کە لە ئەفسانەدا بە کەوتنی ئادەم یان بە دەرکردنی لە بەهەشت ناسراوە. ئەم کەوتنە، کەوتنی مرۆڤە لە یەکبوونی سەرەتایی بۆ جیهانی دابەشبوون؛ لە تەواوی یەکێتی و بۆ جیابوونەوە، بۆ جیهانی دووانە، جیهانی نێر و مێ، «من» و «ئەوی تر».
ئەگەر بە زمانی هێما و ئەفسانە قسە بکەین، ئادەم بوونەوەرێکی ئەندۆژین بوو؛ بوونێک کە هەردوو هێزی نێرینە و مێینەی لە خۆیدا کۆکردبووەوە. لەو بوونە یەکگرتووەدا، جیاوازییەکان هێشتا دابەش نەبووبوون؛ هەموو شتێک لە یەک سەرچاوەوە دەهات. بەڵام ئەو یەکبوون و هارمۆنییە بۆ ئادەم بەس نەبوو و تەنیایی و بەتاڵییەکەی ناوی پڕ نەدەکردەوە. ئادەم ئارەزووی دەکرد ئەو دوو هێزەی ناوخۆی لە دەرەوەی خۆی ببینێت و بیانناسێتەوە؛ نەک وەک دوو هێز لە ناو یەک بووندا، بەڵکو وەک دوو بوونی جیاواز و سەربەخۆ لە بەرامبەر یەکتردا بن.
بەم شێوەیە، یەکبوون شکایەوە و بوو بە دابەشبوون؛ “یەک” بوو بە “دوو”. بەڵام ئەم دووانە هەرگیز بە تەواوی لە یەکتر جیا نەبوونەوە، چونکە لە قووڵایی ناخیاندا یادەوەریی ئەو یەکێتییە سەرەتایییەیان هەڵگرتووە. ئەو یادەوەرییەیە کە ئارەزوو دروست دەکات؛ ئەو هێزی نهێنییەی کە مرۆڤ بەرەو ئەوی تر ڕادەکێشێت، بۆ ئەوەی لە ئاوێنەی بوونی ئەوی تر، دووبارە خۆی بناسێتەوە.
لە ئەفسانەی عیبریدا، دابەشبوونی ئادەم بۆ نێر و مێ تەنها چیرۆکی دروستبوونی دوو جەستە نییە؛ بەڵکو هێمای دەستپێکی هەموو مێژووی مرۆڤە. لەو ساتەوە، دابەشبوون دەبێتە بنەمای ئەزموونی مرۆڤ: دابەشبوونی نێوان جەستە و ڕۆح، عەقڵ و ئارەزوو، ڕووناکی و تاریکی، هۆشیاری و ناهۆشیاری. مرۆڤ بەهۆی ئەم دابەشبوونەوە توانای خۆناسین، خۆشەویستی و دروستکردنی پەیوەندی پەیدا کرد؛ بەڵام هەمان کات هەستکردن بە ونبوونێکی ئەزەلیش، شتێک کە لە ناخی خۆیدا بەدویدا وێڵ و عەوداڵە.
بەپێی ڕوایەتەکە، ئادەم هەوڵیدا ئەو بۆشاییە پڕ بکاتەوە. دەچووە نێو ئاژەڵەکانی دەشت و کێو، هەوڵیدەدا بێتە هاوەڵ و هاودەمیان، بەڵام هەرچەند نزیک دەبووەوە، زیاتر هەستی بە دووری دەکرد. هیچ جۆرێک لە گیانداران نەبوون بە ئەو ئاوێنەیەی کە بتوانێت خۆی تێدا ببینێتەوە. لەو ئەزمونەوە تێگەیشت کە مرۆڤ، جیاواز لە هەموو بوونەوەرەکان، پێویستی بە بوونێک هەیە کە نەک تەنها بە جەستەی، بەڵکو بە زمان، هۆشیاری و ڕۆح هاوبەشی بێت.
جا ئیدی ئادەم هاواری کرد: ” هەموو بوونەوەرێک هاوەڵ و هاودەمێکی خۆی هەیە؛ تەنها منم کە هاودەمێکم نییە!”
خودا گوێی لە هاوارەکەی ئادەم بوو. لەو ساتەدا، بۆ یەکەم جار لە مێژووی ئەفسانە، “ئەوی تر” وەک پێویستییەکی وجودی بەرجەستە دەبێت، نەک تەنها وەک ئارەزوویەکی جەستەیی، بەڵکو وەک زەرورەتێک بۆ بەردەوامبوونی ژیانی ئادەم. بۆیە خودا بڕیاری دا هاوبەشێک بۆ ئادەم بخوڵقێنێت. جا لەبەر ئەوەی ئادەم لە خۆڵ دروست کرابوو، لیلیثش لە هەمان مادەی زەمینی و خۆڵ دروست کرا. سەرچاوەی هەردووکیان یەک بوو؛ بۆیە لە بنەڕەتدا هیچ کامیان جیاوازیان لەگەڵ یەکدی نەبوو.
کاتێک خودا لیلیثی بۆ ئادەم هێنا، دڵی ئادەم بە هاتنی ئەو شاد بوو. بەڵام ئادەم، هەرچەندە ناوی هەموو بوونەوەرەکانی دەزانی، هێشتا فێری نهێنیی نزیکبوونەوە، هونەری هاوبەشی و پێکەوە ژیان نەبووبوو. ئەو لە ژیانی ئاژەڵان تەنها یەک شێوەی پەیوەندی بینیبوو؛ ئەوەی کە لە کاتی جووتبووندا یەکێک لەسەرەوە بێت و ئەوی تر لە خوارەوە. بۆیە ویستی پەیوەندیی خۆی لەگەڵ لیلیث بە هەمان شێوەی سروشتی ئاژەڵان دابنێت: خۆی لەسەرەوە بێت و لیلیث لەخوارەوە. لەو ساتەی کە لە لیلیث نزیک بوەوە ویستی بە هەمان شێوازی جوتبوونی ئاژەڵەکان جووت بن، ئادەم سەرکەوێتە سەرەوە ولیلیث لە بنەوە، لیلیث تەنها یەک پرسیاری کرد؛ پرسیارێک کە دەنگی تا ئەمڕۆ لە ناخی مێژووی هۆشیاریی مرۆڤدا ماوەتەوە: ” بۆچی دەبێت من لە خوارەوە بم و تۆ لە سەرەوە بیت؟” ئەم پرسیارە تەنها پرسیارێک نیە لەسەر شوێنی جوگرافی دوو جەستە لە پەیوەندیەکدا؛ بەڵکو پرسیارە لە پێگە/ستاتوی دوو مرۆڤ لە ناو پەیوەندیەکەدا ، دوو مرۆڤ کە لە هەمان سەرچاوەی ژیانەوە هاتوون. ئەوەیش یەکەمین پرسیاری بنەڕەتیی مرۆڤایەتی بوو:
ئایا پەیوەندی دەتوانێت لەسەر بنەمای زاڵبوون و ملکەچکردن دروست بێت؟ ئایا خۆشەویستی دەتوانێت لە شوێنێکدا گەشە بکات کە یەکێک خۆی بە باڵاتر ببینێت و ئەوی تر لە پێگەیەکی نزمتر؟
لە تێگەیشتنی لیلیثدا، یەکبوون تەنها کاتێک ڕاستەقینە دەبێت کە دوو بوون بەرامبەر یەکتر بوەستن؛ نە یەکێک سەرچاوەی فرمان بێت و ئەوی تر شوێنی گوێڕایەڵی بگرێت. بەڵام ئادەم هێشتا ئەم زمانەی نەخوێندبووەوە. ئەو هێشتا بە زمانی دەسەڵات دەفکری، نە بە زمانی گفتوگۆ و هاوبەشی. لە بری ئەوەی گوێ لە پرسیاری قووڵی لیلیث بگرێت، هەوڵی دا خواستی خۆی بە هێز بسەپێنێت. لەو ساتەدا، لیلیث ناوی نهێنیی و پیرۆزی خودای هێنا؛ ئەو ناوەی لە نەریتە کاباڵییەکاندا هێمای هێزی خوڵقاندن، ئازادی و سەربەخۆییە. بە هێزی ئەو وشە پیرۆزە، لە سنووری جیهانی مادە بەرز بووەوە، ئادەمی بەجێهێشت و ڕێگای خۆی گرت.
ئیدی لەو ڕۆژەوە، لیلیث تەنها کارەکتەرێکی کۆنی ئەفسانەیی نەما؛ بەڵکو بوو بە هێمای ئەو دەنگەی ناوخۆیی مرۆڤ کە لە هەموو سەردەمێکدا هەمان پرسیار دەکاتەوە: ” ئایا دەتوانین پەیوەندیەکی ڕاستەقینە بژین، ئەگەر ئازادی و یەکسانی تێیدا نەبێت؟”
چیرۆکەکە لێرەدا تەواو نابێت، ئادەم بە ڕۆشتن و لەدەستدانی لیلت زیاتر خەمناک و پەژموردە دەبێت، زیاتر دەشکێتەوە بەسەر خۆیدا و هەست بە تەنیایی و پرزەبڕاوی دەکات. خودا ئاگاداری دڵشکاوی ئادەمە. هەر بۆیە هەندێک لە میدراشەکانی تر باس لەوە دەکەن خودا، دوای ئەو کێشە و ناکۆکییەی لەگەڵ لیلیث ڕوویدا،هەوڵی دا هاوژینێکی شیاو و گونجاو بۆ ئادەم دروست بکات. لێرەدا گرنگە ئاماژە بەوە بکەین خودای ناو ئەم میدراشانە وێنەیەکی جیاوازە لەو خودای کامڵ و بێکەموکوڕییەی لە فەلسەفەی کلاسیکی و ئاینەکاندا هەیە؛ ئەم خودایە زیاتر دەچێتەوە سەر وێنەی “ئارکۆن” لە ئایینی گنۆستیکی، چونکە ئەو بە یەک هەنگاو تەواوترین شێوەی مەخلوقەکانی خۆی دروست ناکات، بەڵکو لە ڕێگەی هەوڵ، تاقیکردنەوە و تێپەڕبوونی کات بەرەو تەواوبوون دەچێت. خودا، بەبێ ئەوەی لە شکستی هەوڵی یەکەمی خۆی دڵسارد بێتەوە، جارێکی تر و سەرلەنوێ دەست بە خوڵقاندن دەکاتەوە. ئەمجارە ئادەم لە نزیکی خودا وەستاوە و بە چاوی خۆی سەیری ئەو پرۆسەیە دەکات کە چۆن هاوژینی دووەمی لە خوێن، هەناو، ئێسک و تۆپەڵەقژی خۆی، دروست دەکرێت.
ئەو حەقیقەتە زبر، بێ بەزەیی و ڕووتەی ئاناتۆمیی و دروستکردنی جەستەی ژن، زۆر لەوە توندوتیژترە کە ئادەم بتوانێت بەرگەی بگرێت؛ ئەو لە بینینی ئەو مەخلوقە فڕانکشتاینیە تووشی بێزاری و نەفرەت دەبێت، هەرچەند لە کۆتایی ئەو پرۆسەیەدا ژنەکە لە فۆرمێکی جوان و تەواودا دەردەکەوێت، وەلێ ئادەم هەرگیز ناتوانێت ئەو وردەکارییە خوێناوییەی دروستبوونی ژن یان “حەوا “ لە بیر بکات.
میدراش لێرەدا تەنها باس لە چیرۆکی دروستکردنی ژن ناکات؛ بەڵکو وەک ئاوێنەیەک بۆ روانگەی پیاوانە لەسەر ئارەزوو و سێکس کار دەکات. خودی گێرانەوەکە ئاماژەیە بۆ ئەوەی پەردە لەسەر نهێنییەکی قووڵی ناخی مرۆڤ لاببات؛ نهێنیی سروشتی ئارەزووی پیاوانە، ئەو ئارەزووەی بۆ زیندووبوونەوەی خۆی تەنها پەیوەست نیە بە ڕاستییەکی ڕووت و بێپەردە، بەڵکو پێویستی بە خەیاڵ، نهێنی و پەردەپۆشی هەیە. ئارەزوو لەو شوێنەدا دەدرەوشێتەوە کە هێشتا شتێک لە پشت پەردە ماوە؛ لەو کاتەی نەزانین و خەیاڵ، دەست لەگەڵ یەک دەگرن و ئارەزوو زیندوو دەکەنەوە.
ئادەم پێویستی بە نیشانەیەکی نەرم و نهێنیی ژنانە هەیە؛ بە ناسکی و میهری ژن، بە جوڵەیەکی هێواش و چرپەیەکی نادیار تا دنەی خەیاڵ و ئارەزووی بدات. ئەو ناتوانێت بە هەمان ئارامی ڕووبەڕووی ڕاستیی زەبری و بێ پەردەی جەستەی حەوا ببێتەوە و لەگەڵی تێکەڵ بێت؛ ناتوانێت حەقیقەتی دروستبوونی حەوا لە بیر بکات، ترسی ئادەم لە جەستەی ژن تەنها ترسێکی دەرەکی نییە؛ بەڵکو ترس لەو هێزە کۆنەی ژیانە کە لە ناخی جەستەدا دەجوڵێت. ئەو هێزەی کە مرۆڤ بەرەو خۆی ڕادەکێشێت.
بەڵام خودا، سەرەڕای دوو شکستی لەدوای یەک بۆ دڵخۆشکردنی ئادەم هێشتا کۆڵ نادات و ڕاناوەستێت، جارێکی تر دەست بە تاقیکردنەوە دەکاتەوە، لە ئەدەبیاتی فۆلکلۆر و نوکتەی میدراشەکاندا لەسەر خۆشەویستی و سێکس، خودا وەک بەرگدوورێکی جولەکەی بەسەبر و ئارام دەردەکەوێت؛ بەرگدوورێکی بەحەوسەڵە کە دەیەوێت جلێکی زۆر گونجاو بۆمشتەرییەکی زۆر هەڵبژێر و دانسقە دروست بکات. کاتێک ئادەم لە شێوەی هاوژینەکەی ڕازی نابێت، خودا بە ئارامی دووبارە دەست بە کار دەبێتەوە؛ وەک ئەوەی هەر شکستێک کە تەنها هەنگاوێکی تر بێت لە گەشتێکی درێژ بەرەو دۆزینەوەی ئەو تەواوبوونەی (ئەو کەمالەی) لە نێوان دوو بووندا دەبێت دروست بێت. لە کۆتاییدا، میدراش وێنەی خودایەکمان پیشان دەدات تەنها دروستکەر نییە، بەڵکو هونەرمەندێکە لەگەڵ ناسازبوونی بووندا کار دەکات؛ و ئادەم، ئەو کڕیارە هەستیارەیە کە هێشتا دەیەوێت شێوەی تەواوی خۆی و جیهانی دەوروبەری بدۆزێتەوە.
هەر سێ ئایینە یەکتاپەرستەکان لە سەر ئەوە کۆکن کە خودا حەوای لە پەراسوی ئادەم خوڵقاندوە، لە کاتیکدا لە ئاینی ئیسلامدا حەوا تاکە ژنی ئادەمە و پێش ئەویش ئادەم هیچ ژنێکی تری نەبووە، بەڵام لە دوو ئاینەکەی تردا خودا بەر لە حەوا، لیلیث وەک یەکەم ژن دروستدەکات. لە ئینجیلدا لیلیث بە چەند شێوەیەک دەردەکەوێت بەڵام گرنگترینیان لە پەیوەندیەتی بە ئادەم و حەواوە. بە گوێرەی قوتابخانە عیبرییەکان لە کتێبی پیرۆزدا ئاماژە بەوە کراوە کە ئادەم پێش حەوا ژنێکی تری هەبووە ئەو ژنەیش لیلیثە. لە کتێبی پیرۆزدا هاتووە کە خودا پیاوی لە وێنای خۆی دروستکرد. لە وێنای خودا پیاوی خوڵقاند، نێر و مێی دروست کرد[1].
ئەگەر ئێمەش ئەم حیکایەتە بە هەند وەربگرین ئەوا دەڵین ئەو ژنەی خودا یەکەم جار دروستی کردووە لە وێنای خۆی حەوا نییە بەڵکو لیلیثە. حەوا بە پێی هەر سێ ئاینەکە و بە تایبەتی لە ئاینی ئیسلامدا جەختی لێکراوەتەوە لە پەراسووی ئادەم دروست بووە نەک لە سەر وێنای خودا خۆی. بە پێی ئەفسانەکان، خودا لیلیث لە بەهەشت دەردەکات چونکە لیلیث گوێڕایەڵی فەرمانەکانی خودا نابێت کاتێک داوای لێدەکات ببێتە خزمەتکار و پاشکۆ ئادەم.
لە کتێبی (دەروازەیەک بۆ ژنۆلۆژی) دا بوون و قۆناغی لیلیث بە چینی چوارەم لە هیرارکی نۆ قۆناغە مێژوویەکدا ئاماژەی بۆ کراوە و بەم جۆرەیش باسی لێوەکراوە؛
” لیلیث لە میتۆلۆژیاکاندا بە فۆرمی جیاواز دەردەکەوێت: لیلیث بۆ یەکەمین جار لە داستانی گلگامێش دا بینرا، ڕۆحێکی خراپی سەردەستی شەو و دونیای ژێر زەویە. لە میتۆلۆژیای سۆمەر، بابل و پەرس دا باوەڕیان وابووە ژنە ڤامپیر )خوێنمژ)، کۆتایی هەموو جەستەکان، کوندەپەپویەکە دەخوێنێ، سەگ و مارە. بەپێی باوەڕی سۆمەریەکان لیلیث لە قۆناغی بەرایی دا دەستی چەپی ئینانا بوو، ئەرکەکەی هێنانی پیاوان بووە بۆ پەرستگەی خوداوەندەکان. دواتر لیلیث لە میتۆلۆژی سۆمەریەکان دا دەگۆڕێ بۆ ئەلماشتو. دەبێتە عفریتێکی( دێوزەمە) پەڕ و باڵدار و مەخلوقێکی ترسناکە. دەبێتە هۆکاری مردنی ئەو کۆرپانەی تازە لە دایک دەبن، لەبارچوونی ژنانی دووگیان، خوێنی پیاوان دەخواتەوە و گۆشتەکەیان دەخوات. جانەوەرێکە لە ڕەگی داری هولوپوی ئینانا ماڵەکەی دروستکردووە، ناوەکەی تری ئەو عفریتە لیالکەیە، گلگامێش دەست لەو دۆخەی ئەو وەردە دەدات. لە ساڵی ٢٤٠٠ پ.ز لە نێو گەلانی میزۆپۆتامیادا وەک خوداوەندی لیل-ی با و گێژەلوکەی ڕووخێنەر، لای بابلیەکان وەک ڕۆحی با و پاڵنەری ڕەمەک دەناسرێت.”
گەڕانەوە بۆ ئەم مێژووە ئایینەیە و قسەکردن لە سەر وێنای لیلیث و حەوا لەوەدا گرنگە کە ئەم دوو ژنە هەردووکیان لە لایەن خوداوە لەبەهەشت دەکرێنە دەرەوە، بەو پێیەی هەردووکیان گوێڕایەڵی فەرمان و ڕێساکانی خودا( باوک) نەبوون. لە کاتێکدا لیلیث فەرمانی خودا ڕەتدەکاتەوە چونکە بانگەشەی یەکسانبوون و هاومافبوونی خۆی لە گەڵ ئادەمدا دەکات، بەو پێیەی ئەویش وەک ئادەم لە وێنای خودا دروستبووە. بە گوێرەی باوەڕی جولەکە و کریستیانیش، لیلیث یەکەمین ژنە لەگەڵ ئادەم بە شێوەیەکی یەکسان خولقێنراوە. لیلیث مێینەیەکی یاخییە لەبەرئەوەی بانگەشەی کردووە لەگەڵ ئادەم یەکسانە، بۆ ئەوەش خزمەتی ئەوەی ڕەت کردۆتەوە یان لە بەهەشت دەرکراوە. ژنێکە، ڕازی نەبوو مل بۆ خودا و ئادەمەکەی خودا کەچ بکات، باجی ئەم ملکەچنەبوونەیشی ئەوە بوو کە درایە پاڵ شەیتان و بەهەشتی لێ حەرام کرا. بە پێی گێڕانەوە و ئەفسانەکان بێت، خودا لەسەر داوای ئادەم جارێکی تر بانگهێشتی لیلیث بۆ بەهەشت دەکاتەوە، هەڕەشەی ئەوەیشی لێدەکات گەر ئەو داوایە ڕەتبکاتەوە ئەوا مناڵەکانی دەکوژرێت. بەڵام لیلیث دەست لە کەلەڕەقی خۆی بەرنادات و ئەمجارەیش فەرمایشتی خودا بەجێناهێنێت و ناگەڕیتەوە بۆ بەهەشت تا دڵی خودا و ئادەم لە خۆی ڕازیبکات. هەر بۆیەش سزای خودا هەر بە کوشتنی مناڵەکانی لیلیث نەوەستا، بەڵکو ژنێکی تری بە ناوی حەوا بۆ ئادەم خوڵقاند. بە دروستکردنی حەوا لە پەراسووی ئادەم خۆی، خودا بە دیوێکدا تەنیایی ئادەمی پڕکردەوە ،بە دیوەکەی تریشدا هەڵەکەی خۆیشی ڕاستکردەوە بەوەی ژن تەواو لە خەسڵەت و و سیفەتی مێخوداوەندیی داببڕێت و بیکات بە پاشکۆ و بەشێک لە ئادەم. بەو نیازەی حەوا وەک پاشکۆ و بەشێک لە ئادەم ملکەچی فەرمان و ڕیساکانی خودا دەبێت. ئەوەی جێی سەرنجە لە گێڕانەوەی لیلیث و دروستبوونی حەواش، دوا بە دوای ئەو، پاسیڤی ئادەمە کە هەمیشە بونەوەرێکی پاشکۆ و نەکردەیە. شەڕەکەیش لە نێوان ئادەم و لیلیث نییە، بەڵکو لە نێوان لیلیث و خودا ( یاسای باوک)دایە. ئادەم خۆی هەڵگری هیچ پۆتانسێلێک نییە و هیچیشی لە باردا نییە، لە هەردوو ڤێرژنەکەدا جا ئەوەی لە خۆڵ دروستکراوە یان ئەوەی لە سەر وێنای خودا خوڵقاوە وەک نێرێکی پاسیڤ، گوێڕایەڵ و ملکەچ دەردەکەوێت.
ڕۆحی تۆڵەکردنەوە لە لیلیثدا دوای ئەوەی کە دەزانێت حەوا جێی گرتۆتەوە زیاتر برەو دەسێنێت جا بۆ تۆلەکردنەوە لە خودا جارێکی تر لە وێنای مارێک خۆی دەکاتەوە بە بەهەشتدا و فریوی حەوا دەدات تا لە داری زانین(مەعریفە( میوەی ڕێپێنەدراو بخوات، بۆ ئەوەش خودا دەست و پێی دەبڕێتەوە. تۆڵەی لیلیث کۆتایی نایەت، منداڵەکانی ئادەم و حەوا دەخوات، زیان بە ژنانی زەیستان دەگەیەنێت. لەملایشەوە گەر لیلیث وەک لە تێکستە ئاینی و ئەفسانەکاندا ئاماژەی پێکراوە لە وێنای خودا دورست بووبێت وەک بوونێکی هاوکەماڵ لەگەڵ ئادەمی هاوژینی بەڵام سەرەڕای ئەم کەماڵبوونەیش هەر وەک فەسادکەرێک یاساکانی خودا(باوک( ڕەتدەکاتەوە و نایەوێت لە بەهەشتی بەریندا بمێنێتەوە. فرۆید دەڵێت ناوزەندکردنی لیلیث بەوەی کە مناڵدز بووە و بۆتە هۆی لە ناوبردنی مناڵەکان لە سکی دایکیاندا شتێک نییە لە خۆیەوە هاتبێت و زادەی هەل و فرسەتەکان بێت. بە ڕای فرۆید دزینی مناڵ لە ژنەکان واتە لێسەندنەوەی ئەو فرستەیە کە ببنە خاوەنی فالوسی خۆیان. لیلیث خۆی ژنێکە نەتوانراوە بخەسێنرێت بەڵام بوون و نەبوونی دەبێتە بە هەڕەشە بۆ ئەگەری خەساندنی ژنەکانی تر.
ئەوەی حەوا جیادەکاتەوە لە لیلیث ئەوەیە کە حەوا توانای بەرگەگرتنی فریوەکانی نییە، ئەگەر چی لە دۆخی حەودا فریوەکە دوورە لە فریوی سێکسی بەڵکو زیاتر فریوێکی مەعریفییە. چونکە خواردن لە داری مەعریفە واتا وەرگرتنی مەعریفەی زیاتر، شتێک کە ‘پێشتر حەوا نەیبووە، خوداش نەیبەخشیوەپێی’، ئەگەرچی حەوا لە ناو بەهەشتی بەریندا بووە هەموو خۆشی و شادییەک لە ژێر پێیەکانیدا بووە ،بەڵام هێشتا بۆ حەوا بەس نەبووە و هەموو کەماڵی بەهەشت بە ئادەمیشەوە نەیتوانیوە پڕی بکاتەوە و جڵەوی بکات، شتێکی نوقسان بووە ئەویش مەعریفە (زانین) بووە. کەواتە گەر بەهەشت بە نەزمی سیمبولێک دابنێن لە ژێر سایەی یاسای باوکدا، ئەوا حەوا یەکەمین بونەوەر لەم نەزمە هەڵدێت و ڕەتیدەکاتەوە بە زمانە دەرونشیکارییەکە. بەو مانایەی گەر نەزمێکی سیمبولی بیخەوشیش هەبێت لە جۆری بەهەشت، ئەوا بۆ ژن نییە و ژن ناتوانێت تیایدا بحەوێتەوە. ژن هیچ کات بەوە ڕازی نییە کە هەیەتی، گەر ئەو هەبوونەیش بەهەشت بێت. ئەم وێنایە بۆ ژنی خەتاکار و گوناهبار زیاتر لەگەڵ وێنای ژنی ئێستاوە نزیکە. جولیا کرێستیڤا لە پەیوەندی نێوان ئینجیل و ئابجێکشندا[2] باس لەوە دەکات کە سوبێکت بە هۆی ئابجێکشن لە یەک دەترازێت و لەت دەبێت، هەربۆیەش پێویستە بژاردەیەکی تر بدۆزێتەوە تا بتوانێت لە نەزمی سیمبولیکدا بەشدار بێت. کرێستیڤا لە شێکارەکەیدا دوورتر دەڕوات دەڵێت ؛ ” گرێی سەرچاوەی گوناهەکان لە ئاینی مەسیحیدا لە ڕێی زایەکردنی جەستەی مەسیحەوە دەکرێتەوە”، بەو مانایەی ئەو گوناهەی کە ژنێک کردی و بووە هۆی دەرکردن و بێبەشبوونی ئادەم(مرۆڤایەتی) لە بەهەشت لە ڕیی ئەشکەنجەدانی جەستەی پیاوێکەوە هەڵدەگیرێتەوە.
پرسیارەکە لێرەدا ئەوە نییە کە ئایا ئادەم یەک ژنی هەبووە یان دوو؟ بەڵکو پرسیارەکە بۆ من زیاتر ئەوەیە کە ئایا ژن بۆ یەکەم جار چۆن دروستبووە؟ ئایا ژن لە وێنای خودا دروستبووە وەک لە حیکایەتی لیلیثدا باسی لێدەکرێت یان ژن لە پەراسوی پیاوەوە هاتۆتەدەرەوە وەک لە حیکایەتی حەودا بیستوومانە؟ کام گێرانەوەیە دەتوانێت زیاتر بەرجەستەی وێنای ژن بکات بە مانا دەرونشیکارییەکە. چونکە گەر ئێمە باوەڕ بەوە بکەین کە ژن لە پەراسوی پیاو دروستبووە، پیاویش لە وێنای خودا ئەوا حەوا وێنای ئەو سوبێکتی مێینەییە کە بەشێکی خەسێنراوە، بەو پێیەی لە پەراسوی پیاو دروستبووە نەک لە وێنای خودا خۆی و هاوکەماڵی ئادەم، دواتریش وەک فریودراوێک بەوەی کە لە دەرەوەی بەهەشت بوونی هەیە کە مەعریفە و زانینە.
کەواتە گەر لیلیث ئەو ژنەیە بوونی نییە بە تایبەتی بە پیی ڤێژرنە ئیسلامیەکە ،ئەوا دەگەینە ئەو دەرئەنجامەی ژن بوونی نییە لە نەزمی سیمبولیکدا ،بە مانا لاکانیەکەی، چونکە ژن بە سروشتی خۆی ناتوانێت لە ناو نەزمە فالیکیەکەدا جێ بێتەوە و دروست بێت. کەواتە ئەوەی بوونی هەیە حەوایە. حەوا وەک پاشکۆ پیاو، حەوا وەک بەشێک و پەراسوی پیاو، حەوا وەک مێینەیەکی خەسێنراو بەو پێیەی لە پەراسوی ئادەم دروستبووە، بە مانایەکی تر ئادەم بەشێک لە خۆی دەداتە حەوا، بە بێ بەخشینی ئەو بەشەی خۆی (فالوس) بە حەوا، ئەو ناتوانێت بێتە بوون، بوونێک کە تەنها بۆ ئەوە و لە بەر خاتری ئەوە. واتە مەرجی پێشوەخت بۆ دروستبوونی ئادەم وەک نێرینەیەک، دروستبوونی حەوایە وەک مێینیەک بەڵام بە بەشێک لە ئادەم. دیسان ئەم بەخشینە شتێک نییە لە خۆیەوە هاتبێت و خۆبەخشی بێت بەڵکو بە فەرمانی خودایە. خودا ئادەم لە وێنای خۆی دروست دەکات بەڵام هەر خۆیشی بەشێک لە ئادەم دەبەخشیت تا حەوای بۆ بخوڵقێنێت ڕوونتر بڵێین خەساندنەکە هەر لەوێیەوە دەستپێدەکات وەکچۆنیش نکوڵیکردن لە خەساندن هەر لەوێوەوە دەست پێدەکات. ئەوەی لاکان دەڵێت ژن سیمپتومی پیاوە دەتوانێن لێرەوە سەرچاوەکەی بدۆزینەوە، بە ومانایەی بوونی ژن نکولیکردنە لە خەساندن. گەر ئێمە ئەم سەرچاوەی دروستبوونی ئادەم و حەوایەمان قبوڵ بێت کە ژن پەراسووی پیاوە و دەگەڕێتەوە بۆ پیاو، ئەوا دەڵێین ئەو بەشە بڕاوەی ئادەم لە دەستنەچووە، بەڵکو لە ناو حەوادایە وەک (ئۆبێکتە بچووکی ئەی) بە زمانە لاکانییەکە. حەوا وەک پاشکۆی ئادەم و هەڵگری بەشێکی ئەو هەمیشە لە ژێر هەڕەشەی ئەوەدایە کە ئەو بەشەی(فالوس)ەی لێبسەنرێتەوە کە لە سەرەتاوە ئادەم بە بێ ویستی خۆی بە فەرمانی خودا پێبەخشیوە.
بۆچی خودا پێویستی بە دروستکردنی ئادەم هەبوو؟
میتۆلۆژیای عیبری، هەرچەند لە ڕووکاردا بە چیرۆکە سادەکانی فۆلکلۆر دەچن، بەڵام لە ناخی خۆیدا فەلسەفەیەکی قووڵ و ئاڵۆزی هەڵگرتووە. لەم تێڕوانینەدا، مرۆڤ بوونێکە لە مادە دروستکراوە؛ بوونێک کە لە نێوان خاک و ڕۆح، جەستە و هۆش، سروشت و خودا وەستاوە. دوو نیشانەی سەرەکیی ئەم بوونە ماددییە، زمان و سێکسوالیەتییە؛ زمان وەک توانای ناونان و بەرهەمهێنانی مانا، و سێکسوالیەتی وەک هێزی بەردەوامکردنی ژیان. لە کاتێکدا فریشتە گەورەکان، وەک سامائیل، لە جیهانێکی جیاوازن. ئەوان لە ڕەگەزی ڕووناکین؛ بوونێک جەستەی ماددی و ئارەزووی جەستەیی نییە، هۆشیارییەکی زمانیشیان وەک مرۆڤ نییە. ئەوان نزیکترن بە سەرچاوەی خۆیان؛ دەربڕینێکی ڕاستەوخۆترن لە خواستی خودا و لە نوری ئەوەوە هەڵدەقوڵن. ئەگەر فریشتەکان بەو ڕادەیە نزیک و بە خوداوە پەیوەستن، و ئەگەر بوونیان لە ڕووناکیی خواستی پیرۆزی ئەوەوە سەرچاوە دەگرێت، ئەوا پرسیارێکی قووڵ لێرەدا سەرهەڵدەدات: ” بۆچی خودا پێویستی بە دروستکردنی ئادەم هەبوو؟”
هەمان پرسیار لە پانتایی بیرکردنەوەدا فۆرم و مانای جیاواز بەرهەمدێنێت بۆ نمونە لە ئەدەبیاتی سۆفیزمدا خودا کە خۆی هەم عەشقە و عاشقە و هەم مەعشوقیش هەر لە سەرەتاوە ئەم کەون و گەردوونەی بۆ دروستکردوە و مرۆڤیشی خوڵقاندوە؟ مرۆڤ وەک بەشێکی دانەبڕاو و دانسقەی کەونەکەی خۆی، وەک ئاوێنەی خودا خۆی لە سەر زەوی؟ ئەم پرسیارەیش بۆ پێغەمبەران و سۆفیەکانیش پرسیارێکی جەوهەری بووە، هەر بۆیە حەزرەتی یەعقوب لە خودا دەپرسێت؛ ئەی خودا تۆ پێمانناڵێیت بۆچی ئەم دونیایەت دروستکرد؟
خودا لە وەڵامدا دەڵێت: ” من کەنزێکی نەزانرا وو شاراوە بووم ، حەزمکرد دەرکەوم… هەر بۆیە مەخلوقاتم دروستکرد تا خۆم دەرکەوم.”
ئەم وەڵامە یەزدانیەیش بۆ رۆمی و زۆربەی سۆفیەکانی تر وەڵامێکی قاییلکەر بوو ، چونکە پێانوابووە بە بێ بوونی کەون و بێ بوونی مرۆڤ شتێک نە ئەبوو بە ناوی(ئەوان)، تا خودای پەروەدگاریان خۆشبووێت، واتە بێ بوونی مرۆڤ خۆشەویستی خودا، خۆشەویستی مرۆڤ بۆ خودای پەروەردگار بوونی نییە. خودا مرۆڤی دروستکرد تا خۆی بەیانبکات و دەرکەوێت، تا خۆشەویستی ببەخشێت وەلێ، خۆشەویستیش وەربگرێتەوە. پێویستی و ئارەزووی یەزدان بۆ عەشق و خۆشویستن مەرجی پێشوەختی لە دایکبوون و هاتنە دونیای مرۆڤە. خودا بۆ ئەوەی وێنای خۆی ببینێتەوە بەر گەورەیی و مەزنی خۆی بکەوێت مرۆڤی لە وێنای خۆی و لەبەر بەرجەستەبوونی وێنای خۆی دروستکرد.
بە گەڕانەوەیش بۆ ئایەتی قورئان بەر ئەم وەڵامە یەزدانییە دەکەوین کاتێک خوا خۆی دەفەرموێت: مرۆڤی لە شێوەی خۆی و لە باشترین شێوەدا دروستکردووە. گەر ئەم دیدەیش بە هەند وەربگرین ئەوا دەتوانین بڵیین یەکەمین جیابوونەوەی مرۆڤ و هاوکات ترواما ئەزەلیەکەیشی بە مانا دەرونشکیارییەکەی، تراومای ترازانمان لە ڕەحمی دایکە زەمینیەکەمان نییە بەڵکو، ترازانە لە ڕەحمی باوکە یەزدانیەکەمان! عەشق و زاریشمان بۆگەیشتنەوە بۆ چۆرای- ڕەحمی دایکمان نییە، بەڵکو بۆ باوەش و ڕەحمی باوکە یەزدانیەکەمانە. ئەم بەیەکگەیشتنەوەیش بە ڕەحمی و باوەشی باوکە یەزدانییەکەمان هەر بە جیابوونەوە و مەرگ دێتەدی.
ماویەتی….
[1] (پەیدابوون ١: ٢٧-٢٨) یەکێکە لە ناسراوترین و گرنگترین دەقەکانی پەیمانی کۆن (تەورات). ئەم بەشەی پەیدابوون پێی دەوترێت “سەرچاوەی کەشیشیی”، کە لە سەردەمی ڕاپێچکرانی جوولەکەکان بۆ بابل (سەدەی ٦ی پ.ز) کۆکراوەتەوە و ڕێکخراوەتەوە.
[2] چەمکی ئابجێکشن (Abjection). بە پێویستی دەزانم ئەوە ڕوون بکەمەوە کە وەرگێڕانی ئابجێکشن بۆ زمانی کوردی و دۆزینەوەی هاوتایەک بۆیی، زۆر ئەستەمە، هۆکارەکەیشی دەگەڕیتەوە بۆ فرە ڕەهەندی و فرە مانایی ئەم چەمکە کە لە کۆنتێکستی جیاوازدا ماناو دەلالەتی جیاواز لەخۆدەگرێت، ئەمە سەرباری ئەوەی کە لە زۆربەی زمانە ئەوروپیەکانیشدا هەر بە ئابجێکشن ناو دەبرێت. لە کتێبی ((دەسەڵاتی تۆقاندن:ووتارێک دەربارەی ئابجێکشن)) دا، کرستیڤا باس لە ئابجێکشن وەک هەستێکی زۆر بەهێز دەکات کە هەم جەستەییە و هەم سیمبۆلیکیشە، ئەمە جگە لەوەی کە شۆڕشێکیشە دژ بە هەر هێزێکی دەرەکی کە هەڕەشە بێت بۆ سەر قەوارە و شوناسی مرۆڤ، هەربۆیە دەبێت خۆتی لێ بە دووربگریت. ئابجێکشن ئارەزووی جیابوونەوەیە بۆ ئۆتۆنۆمی، ئەگەرچی هاوکات دەرککردن و هەستکردنیشە بەوەی کە مەحاڵ و سەختە بتوانیت ئەو کارە بکەیت. بە ڕای کرستیڤا ئابجێکت شتێکی قێزەونە چونکە لە یەک کاتدا، هەم بە لای خۆیدا ڕاتدەکێشيیت و سەرنجت دەبات، هەم ڕەتیشت دەکاتەوە، سەرباری قێزلێکردنەوە، هێڵنجدان و دڵتێکهەڵاتنیشت لێی، هەر لێت نابێتەوە. ئابجێکت بریتیە لەو شتەی کە دەکەوێتە سەر سنوور، بەڵام هیچ ڕێزێک لە سنوور ناگرێت. نە سوبێکتە و نە ئۆبێکتیش، بەڵکو شتێکە لە نێواندا، تەواو ئاڵۆز و تەمومژاویە. کرستیڤا خۆی بەم شێوەیە وەسفی ئابجێکت دەکات، ئەو دەڵێت: ( ئابجێکت تیرۆرێکە شاراوە و پەنهان، ڕق و کینەیەکە کە بەدەمتەوە پێدەکەنێت، عەشقێکە لەجیاتی ئەوەی بۆ جەستەی بەرامبەر بسوتێت، ئاڵوگۆڕی پێدەکات و بە شتێکی تری دەگۆڕێتەوە، قەرزارێکە، لەبری ئەوەی قەرزەکەت بداتەوە دەتفرۆشێت، هاوڕێیەکە کە پێت پێدا دەنێت…). کەواتە ئابجێکت بریتیە لەو شتەی کە نە (ئەم)ە و نە (ئەو) یشە، وەکچۆن سیفەتێکیش نیە بۆ خۆی لە خۆیدا، بەڵکو بوونی پەیوەندیە بە سنورێکەوە، نوێنەرایەتی هەموو ئەو شتانەیش دەکات کە دەکەونە دەرەوەی ئەو سنورە، بەمانایەکی تر، دیوەکەی تری ئەو سنورەیە: پەراوێزەکەیەتی. ئابجێکت بریتیە لە هەڕەشە بۆ سەر شوناس، نە باشە و نە خراپیشە، وەکچۆن نە ئیگۆیە و نە نەستیش، بەڵکو هەڕەشەیەکە بۆ سەر خودی سنورە جیاکەرەوەکان. ئابجێکت بریتی نییە لەو ئۆبێکتەی کە لەگەڵ ئیگۆ تەبایە، بەڵکو ئەو شتەیە کە لە لایەن سوپەرئیگۆوە دوورخراوەتەوە.
بەرێوەبەریی ماڵپەری ژنۆلۆژی

