ناوەندی هزر، توێژینەوە و ڕاوێژکاریی ژنۆلۆژی لە قاهیرە کراوەیە

ناوەندی هزر، توێژینەوە و ڕاوێژکاریی ژنۆلۆژی لە مەراسیمێکدا لە قاهیرەی پایتەختی میسر کرایەوە. کردنەوەی ناوەندەکە وەک چالاکییەکی گرنگ لە ڕووی ئەکادیمی و کولتوورییەوە بینرا کە جگە لە میسر، بیرمەند، ئەکادیمیست، ڕۆژنامەنووس و کەسایەتییە ناسراوەکانی ڕای گشتی لە وڵاتە جیاوازەکانی عەرەبییەوە بەشدارییان تێدا کرد.

دامەزراندنی ئەم ناوەندە وەک دەستپێشخەرییەکی گرنگ دەبینرێت کە ئامانجی دروستکردنی سەکۆیەکی زانستیی سەربەخۆیە بۆ هاندانی بەرهەمهێنانی زانین و پەرەپێدانی دیالۆگ لەسەر بابەتەکانی وەک کۆمەڵگە، گەشەپێدان و بەهێزکردنی ژنان.

مەراسیمەکە ژنانی لە وڵاتانی فەلەستین، سوودان، یەمەن، سووریا و عێراقی لەخۆ گرتبوو، ئامانجی ناوەندەکەی بۆ دروستکردنی فەزایەکی هاوبەشی زانینە لە نێوان توێژەران و دامەزراوەکانی ناوچەکەدا.

لە نێوان ئەو کەسایەتییانەی بەشدارییان لە کردنەوەکەدا کردبوو: پڕۆفیسۆر د. مونا ئەلشەهیدی، ڕاگر پڕۆفیسۆر د. سۆزان ئەلقەلینی، پڕۆفیسۆر د. عەزە فەتحی، سەرۆکی یەکێتیی ژنانی فەلەستین ئەمەل ئەلئاغا، سیاسی و ئەکادیمیست پڕۆفیسۆر د. کەریمە ئەلحەفناوی، ڕۆژنامەنووس و نووسەر ئیلهامی ئەلمەلیجی، پارێزەر پڕۆفیسۆر د. سەلوا ئیبسام، مونا شەماخ و مونا نەشئەت بوون. هەروەها ژمارەیەکی زۆر لە توێژەر، ڕۆژنامەنووس و چالاکوانانی بواری کولتوور و هونەریش ئامادەی چالاکییەکە بوون.

سەکۆیەک بۆ توێژینەوە، دیالۆگ و بەرهەمهێنانی زانین

لە گوتاری کردنەوەکەدا، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ناوەندەکە نوژین یووسف ڕایگەیاند کە ناوەندی ژنۆلۆژی لەو پێویستییەوە لەدایکبووە کە دامەزراوەیەک پێویستە توێژینەوە زانستییەکان و خزمەتگوزارییە ڕاوێژکارییە پسپۆڕییەکان پێکەوە کۆبکاتەوە.

JINHAGENCY

نوژین یووسف ئاماژەی بەوەدا کە ناوەندەکە ئامانجیەتی پردی پەیوەندی لە نێوان پسپۆڕان، توێژەران و ئەو دامەزراوانەدا دروست بکات کە لە بواری کولتووری و گەشەپێداندا کاردەکەن. لە قۆناغی داهاتوودا پرۆگرامەکانی توێژینەوە، دەستپێشخەرییەکانی تایبەت بە بەرهەمهێنانی زانیاری و هاوکارییە زانستی-کولتوورییەکان دەخرێنە بواری جێبەجێکردنەوە بەپێی وتەی کردنەوەی ناوەندەکە ئامانجیانە ناوەند ڕۆڵێکی کاریگەر هەم لە میسر و هەم لە جیهانی عەرەبیدا بگێڕێت و لە هەمان کاتدا فەزایەکی کراوە بێت بۆ دیالۆگ، داهێنان و بەرهەمهێنانی زانین.

 

سەرەتای پڕۆژەیەک کە بەشداری لە بەرهەمهێنانی زانیندا دەکات

سەرۆکی ناوەندەکە د. دینا موحسین ڕایگەیاند کە کردنەوەی ناوەندی ژنۆلۆژی، سەرەتای پڕۆژەیەکی زانستی و فکرییە کە ئامانجی بەشداریکردنە لە بەرهەمهێنانی زانین، ئامادەکردنی توێژینەوە پسپۆڕییەکان، پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی ڕاوێژکاریی شایستە و دروستکردنی سەکۆیەکی دیالۆگ لە نێوان توێژەران و پسپۆڕاندا.

دینا موحسین ئاماژەی بەوەدا ئەو بایەخە زۆرەی بە کردنەوەی ناوەندەکە دراوە، ڕەنگدانەوەی ئەو متمانەیەیە کە بە ڕۆڵی ناوەندەکە هەیە و پێویستیی کۆمەڵگە بە دامەزراوەیەکی سەربەخۆ نیشان دەدات کە گفتوگۆ لەسەر پرسە هەنوکەییەکان بکات و بەشداری لە گەشەپێدان و هۆشیاریی کۆمەڵایەتیدا بکات. باسی لەوەش کرد کە بنەمای ناوەندەکە لەسەر بەهاکانی پێکەوەژیان، هەمەجۆری کولتووری دامەزراوە و وتی کە ئەوان دژی هەموو جۆرە بیرکردنەوەیەکی پەراوێزخستن، جیاکاری و چەواشەکاریین. هەروەها ڕایگەیاند کە ئامانجیان بڵاوکردنەوەی کولتووری دیالۆگ و کاری هاوبەشە لە نێوان کۆمەڵگەکان، دامەزراوەکان و گەلاندا، ئەمەش بەشدار دەبێت لە بەهێزکردنی سەقامگیری و گەشەپێدان لە نێو کۆمەڵگەکاندا.

تۆڕێک کە لە قاهیرەوە بۆ ناوچەکە درێژ دەبێتەوە

دینا موحسین دیاریکردنی شاری قاهیرەی وەک خاڵی دەستپێکی ناوەندەکە گەڕاندەوە بۆ پێگەی مێژوویی و کولتووریی ئەم شارە لە ناوچەکەدا و ڕایگەیاند کە چالاکییەکان و هاوبەشییەکانی ناوەندەکە بە تێپەڕبوونی کات بۆ تەواوی وڵاتانی عەرەبی و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست فراوان دەبن. ئاماژەی بەوەشدا کە لەم ڕێگەیەوە ئامانجیان بەهێزکردنی هاوکاریی فیکری و زیادکردنی ئاڵوگۆڕی ئەزموونەکانە لە نێوان توێژەران و دامەزراوەکاندا.

JINHAGENCY

دینا موحسین سوپاسی هەموو ئەو کەس و دامەزراوانەی کرد کە پاڵپشتیی دامەزراندنی ناوەندەکەیان کردووە و ڕایگەیاند کە ئەو بایەخ و متمانەیەی لە قۆناغی دامەزراندنەکەوە بینیویانە، سەرچاوەیەکی گرنگی هاندانیان بووە.

ئامانج؛ توێژینەوەی زانستی و بەهێزکردنی ژنانە

ناوەندی هزر، توێژینەوە و ڕاوێژکاریی ژنۆلۆژی، ئامانجیەتی پشتگیری لە توێژینەوە زانستییەکان بکات، ڕاپۆرت و توێژینەوەی پسپۆڕی ئامادە بکات، کۆنفرانس، سیمینار و پرۆگرامی ڕاهێنان ڕێکبخات و خزمەتگوزاریی ڕاوێژکاریی زانستی و فکری پێشکەش بکات. ناوەندەکە ئامانجیەتی کار بکات بۆ پەرەپێدانی دیالۆگی کولتووری و ئەکادیمی، پشتگیریکردنی کارەکانی گەشەپێدان، بەهێزکردنی ژنان و دروستکردنی پردی هاوکاری لە نێوان وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا.

بابەتی پەیوەندیدار