” ئێمە جگە لە شۆڕش هیچ ماڵێکی ترمان نییە!”

پەلشین تۆڵهەڵدان

لە تورکیەوە: نەجیبە قەرەداغی

گەشەکردنی شۆڕشی جیهانیی ژنان لە سەدەی ٢١دا: شۆڕشی ژنانی ڕۆژئاڤا

گه‌لانی ناوچەکە کە لەنێو بەرداشێکدا گیریان خواردبوو، توانییان لەناوەڕاستی شەڕ و هێرشە دژە-شۆڕشەکاندا، پێکهاتە خۆبەڕێوەبەرییەکانی خۆیان بونیاد بنێن. لە هەمان کاتدا، گەلێک وانە هەن دەکرێت لەم ئەزموونە مێژووییەوە وەربگیرێن.

لە ٦ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦دا، ئەو هێرشە سەربازییانەی لەلایەن هێزەکانی حکومەتی کاتیی دیمەشقەوە، بە هاوبەشی لەگەڵ داعش و پاشماوەکانی و دەوڵەتی تورکیا، بۆ سەر گەڕەکە کوردنشینەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە لە حەلەب دەستی پێکرد، بۆ سەرانسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بڵاوبوویەوە و جارێکی دیکە ڕۆژئاڤای هێنایەوە ناو ئەجێندای جیهانەوە. لە ماوەی دە ساڵی ڕابردوودا، زاراوەکانی ڕۆژئاڤا و شۆڕشی ڕۆژئاڤا لەتەواوی جیهاندا بیستران. دەیان ملیۆن مرۆڤ بە جۆرێک کەوتنە ژێر کاریگەری ئەم زاراوانە یان کاریگەرییان لەسەر دروست کرد، بۆ هەندێک کەس بووە سەرچاوەی ئیلهام وەک فۆرمێکی زیندووی شۆڕشێکی تەواونەکراو، ژیانێکی یەکسانخواز، ئازاد و کۆمەڵایەتی کە جارێکی دیکە هاتووەتە دی. ئەمە بووە هۆی بوژانەوەی هەستی پۆزەتیڤ، جۆش و خرۆش. لە لایەکی دیکەشەوە، بۆ هەندێک گروپ و هێز، وەک گەشانەوەی ئاگرێک بوو کە پێیان وابوو کوژاوەتەوە، بەڵام لە ناو خۆڵەمێشەکەیەوە هەستایەوە و بووە مایەی ترس و ڕق و کینە. لە ڕوانگەی چەپگەرایی کلاسیکییەوە دەتوانین ئەم شۆڕشە لە ڕووی کاریگەرییەکانی لەسەر هەردوو بەرەی شۆڕش و دژە شۆڕش لێک بدەینەوە. شۆڕشی ڕۆژئاڤا، تەنیا شۆڕشێک نییە هەستەکان بجوڵێنێت، بەڵکو شۆڕشێکە بزووتنەوەیەکی گەورەی لە بواری فیکریدا دروست کردووە، لە پێناسەکەیەوە بگرە تا خەسڵەتەکانی. لە جێی خۆیدایە ئەگەر بڵێین شۆڕشێکە مرۆڤ ناچار بە بیرکردنەوە دەکات. کەواتە شۆڕشی ڕۆژئاڤا چی بوو کە کاریگەری لەسەر ئەو هەموو مرۆڤ، دەوڵەت، ڕێکخراو، ژن، گەنج و شۆڕشگێڕە کرد، هەندێکی بەرەو لای خۆی کێش کرد و هەندێکی تریشی ترساند؟

زۆر کەس لە توێژە جیاوازەکانەوە هەر لە خوڵقێنەرانیەوە تا پێشەنگەکانی، شایەتحاڵەکان و دژەکانیشی هەوڵیان دا پێناسە و ناوێک بۆ ئەزموونی تێکۆشانی کۆمەڵایەتی ڕۆژئاڤا دانێن. هەندێک ئەم ئەزموونەیان بە شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی[1] ناوبرد. بە هەمان شێوە، میشێل کناپ و ئانیا فلایخ و ئەرجان ئایبۆغا لە کاری مەیدانی خۆیاندا سەبارەت بە ڕۆژئاڤا لە دیدی خۆیانەوە بە ئاماژەدان بە شۆڕشی ژنان، ئابووریی هەرەوەزی، دیموکراسیی ڕاستەوخۆ و سیستەمی هاوسەرۆکایەتی، سیستەمی کۆمین و ئەنجومەنەکانی ڕۆژئاڤایان وەک ئەزموونێکی شۆڕشگێڕانە پێناسەکرد. گەنگەشەی زۆر دروست بوو لەسەر ئەوەی ئایا ئەزموونی ڕۆژئاڤا شۆڕشێکی ڕاستەقینەیە یان نا. جانێت بیل، کۆمۆنەکان و سیستەمی ئەنجومەنەکانی لە ڕۆژاڤا بە “شارەوانی ئازادیخواز”[2] پێناسە دەکات و ئاماژە بەوە دەکات کە “ئەزموونێکی شۆڕشگێڕانەیە”. لە زانکۆی گلاسکۆ گفتوگۆکان سەبارەت بەوەی ئایا ئەزموونی ڕۆژاڤا “شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی ڕاستەقینە” پێکدەهێنێت یان نا، پەرەی سەند. هەندێک بە “شۆڕشی سنووردار” ناویان برد، “شۆڕشی ناتەواو”[3]، ڕۆژاڤایان بە “ئیدارەیەکی سەردەمی جەنگ” وەسف کرد. هەندێکی تر پێشنیاریان کرد کە دەتوانێت مۆدێلێک بێت بۆ “سیاسەتێکی نادەوڵەتی”، “پڕۆژەی گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی”. هەروەها هەندێکیش هەبوو کە وەک تاقیگەیەکی شۆڕشگێڕانە و مەیدانی ئەزموونکردن لە سەدەی ٢١دا شیکارییان بۆ دەکرد. بێگومان پێناسەکانی عەبدوڵڵا ئۆجالانیش لەم ڕووەوە گرنگن، چونکە فیکر و ڕێبەرایەتی ئەو لە ڕێگەی تێکۆشانێکی گەورەی پەنجا ساڵەوە، زەمینەی بۆ ئەزموونی ڕۆژئاڤا خۆش کرد. پێناسەی ئەو بریتییە لە: “شۆڕشی ئازادیی ڕۆژئاڤای کوردستان”.

ئەم پرسیارانە وەک زۆر پرسیاری دیکە، پێناسە و شیکاری تر بۆ هەموو شۆڕشی گەلان و شۆڕشە کۆمەڵایەتییەکان دروستن، تەنانەت سەد ساڵ دوای ڕوودانیان، شۆڕشە گەورەکان هێشتا شیکارییان بۆ دەکرێت: خاڵە بەهێزەکانیان چیبوون؟ چ لێکچوونێکیان هەبوو؟ بۆچی شکستیان خوارد؟ و هتد… و زۆر پرسیاری تر لە دەوری شۆڕشەکانی گەل شیکردنەوەی لەسەر دەکرێت. ئەمە بۆ شۆڕشی ڕۆژئاڤاش ڕاستە، شۆڕشێکە چەقەکەی ژنە و پێدەچێت باس و خواستەکانی لایەنگەلێکی جیاواز، بۆ ماوەیەکی درێژ بەردەوام بێت. ئەگەر بمانەوێت لیستێک لە پێناسەکانی ئەزموونی ڕۆژئاڤا لەلایەن ناوەندە ئەکادیمییەکان، سیاسییەکان، بزووتنەوە فێمێنیستەکان و تێکۆشەرانی ئازادیی ژنانەوە ئامادە بکەین، ئەمە چەندین مانگی دەوێت و دەبێتە بابەت بۆ کتێبێک نەک تەنیا وتارێک. دەبێت ئەوە لەبەرچاو بگرین کە پێکهاتەی فیکری و هەستیی کەسەکان و ئەو ساتەوەختە مێژووییەی تێیدان، ڕۆڵ دەگێڕێت لەداڕشتنی شیکارییەکاندا. چونکە زۆرجار کاتێک شۆڕش یان ئەزموونەکان ڕووبەڕووی مەترسی دەبنەوە یان شکست دەهێنن، ئەمە بۆیان دەبێتە هۆی گۆڕانکاری لە گۆشەنیگای خەڵکدا. بەڵام ئەو ڕاستییەی شۆڕشی ڕۆژئاڤا لە ماوەی پازدە ساڵی ڕابردوودا بەلایەنی کەمەوە دوو یان سێ جار لە ئاستی جیهاندا باوەشی بۆ کراوەتەوە، دەیسەلمێنێت شتێکی گەردوونی تێدایە. بەبێ ئەوەی خۆمان لەناو داوی پێناسەی “شۆڕش”دا گیر بکەین، ئەو خەسڵەتانەی ئەزموونی ڕۆژئاڤا چیین کە دەتوانین بێترس باوەشیان پێدا بکەین؟

ئامانجی ئەم دەقە پێناسەکردنی شۆڕشی ڕۆژئاڤا نییە. لێرەدا هەوڵ دەدەم شۆڕشی ژنان – یان ئەزموونی ئازادیی ژنان- لەناو ئەزموونی ڕۆژئاڤادا لەڕێگەی هەندێک لایەنی دیاریکراوەوە لێک بدەمەوە و پێناسەی بکەم. هەوڵ دەدەم وەڵامی ئەم پرسیارە بدەمەوە: “بۆچی شۆڕشی ڕۆژئاڤا وەک شۆڕشی ژنان، گەلان و گەنجان ناوزەد کراوە؟” هەرچەندە شیکردنەوەی ئەزموونە کۆمەڵایەتییەکان لە کاتێکدا هێشتا لە پەرەسەندندان، لایەنی باش و خراپی هەیە، بەڵام من هەوڵ دەدەم ئەوە بکەم. چونکە ڕەنجی ژنان لە ڕۆژئاڤا ڕەنجێکی بەکۆمەڵە، شیکاریی ژنان لە جوگرافیا و نەتەوە جیاوازەکانیشەوە خەریکە دەردەکەون و لە داهاتوودا زیاتریش گەشە دەکەن.

ڕۆژئاڤا شۆڕشێکە کە بۆ ماوەی نزیکەی ١٥ ساڵ لە ناو جەرگەی قەیرانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا تێکۆشانی بۆ ژیان و مانەوە کردووە. ئەم تێکۆشانە، وەک هەموو شۆڕشە جەماوەرییەکان، دژی هێزە کۆنەپەرستە ناوخۆیی و دەرەکییەکان بەرپا کراوە. لە گەشەکردن و دەستکەوتەکانی ئەم شۆڕشەدا، تێزەکانی عەبدوڵڵا ئۆجالان لەسەر شارستانییەتی دیموکراتیک، نەتەوەی دیموکراتیک و کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیک، پارادایمی مۆدێرنیتەی دیموکراتیک، دیدگاکانی ژنۆلۆژی و ئیکۆلۆژی یەکلاکەرەوە بوون.

پێش هەموو شتێک، ئەم ئەزموونە و شۆڕشە کۆمەڵایەتییە – کە من ئەم پێناسەیەم هەڵبژاردووە و هاوڕام لەگەڵ پێناسەکەی ئۆجالان و بەشێکی زۆر لە کۆمەڵگە – بێگومان بە ڕێبەرایەتی ژنان ڕوویدا. ئایا ئەمە جیاوازییەکی ئاشکرایە لەگەڵ شۆڕشەکانی تر؟ لە لایەکەوە نەخێر، چونکە لە هەموو شۆڕشەکانی جیهاندا ملیۆنان ژن ڕەنجیان داوە، ڕێبەرایەتییان کردووە و ڕەنج و ڕەنگی خۆیان بە شۆڕش بەخشیوە. بەڵام ئایا جیاوازە؟ بەڵێ؛ لە ڕێگەی سیستەمی هاوسەرۆکایەتی و تێزی هاوژیانی ئازاد و لە ڕووی مەودا و بەردەوامیی ئاستی ڕێکخستنی ژنانەوە جیاوازە. هەروەها جیاوازە چونکە پاشخانێکی ٤٠ ساڵەی ڕێبەرایەتی ژنان لەلایەن ئۆجالان، توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگە و خودی ژنانەوە چنراوە و سەرپێخراوە. لە لایەکەوە، شۆڕشی کۆمەڵایەتی ڕۆژئاڤا بەرهەمی بارودۆخی شەڕە لە سووریا و هاوشێوەی شۆڕشەکانی ترە، کە ئۆجالان بەم شێوەیە دەری دەبڕێت:

کاتێک شەڕی ناوخۆ لە سووریا پەرەی سەند، هێزە شۆڕشگێڕەکانی ڕۆژئاڤا سوودیان لەو بارودۆخە وەرگرت و شۆڕشی ئازادیی ڕۆژئاڤای کوردستانیان بەرپا کرد. کاتێک مێژووی شۆڕشەکان لێک دەدرێتەوە، شۆڕشەکان لە ڕێگەی دەستوەردان لە بارودۆخە مێژووییەکان و دەرفەت و ئەگەرەکانەوە بەدی دێن.”[4]

لەو ڕووەوە، ڕەنگە لایەنگەلێک هەبن بە شۆڕشی سۆڤیەت و چین بەراوردی بکەن، بەڵام لە لایەکی ترەوە، پێش دەستپێکردنی ئەم شۆڕشە، ساڵانێکی زۆر ڕەنج، تێکۆشان و کەڵەکەبوونی مەعریفی هەبوو. سەرەکیترین سەرچاوەی ئەم شۆڕشە، ئەو ڕەنجە بێهەژمارە بوو کە پێش ساڵانی ٢٠١١-٢٠١٢ هەبوو. جیاوازییەکی تری ڕۆژئاڤا لەوەدایە کە ئۆجالان بۆ ماوەی بیست ساڵ (لەکۆتایی حەفتاکان تا کۆتایی نەوەدەکان) لەوێ ژیاوە. بۆ تێگەیشتن لەبناغەکانی ئەم شۆڕشە، زۆر گرنگە ئەزموونی بەرەی ڕزگاری نەتەوەیی کوردستان- ERNK لێک بدرێتەوە، چونکە لەوێدا هەزاران تۆوی شۆڕشی ڕۆژئاڤا چێنران. ژیانی کۆمیناڵ لەم ئەزموونەدا بنەڕەتییە. تێکۆشان و لێگەڕین بۆ ناوەندیکردنی ڕوانگە و دیدی ژنان لە پێش هەموو شتێکەوەیە. منداڵ، گەنج، بەساڵاچوو، ژن و پیاو هەریەکە و پێگەی تایبەتی خۆیان لەم بەرەیەدا هەبوو. ئەو شوێنەی کاراترین ئەزموونی بەرەی تێدا بووە واقیعێک، ڕۆژاڤایە. یەکەمین ڕەگەکانی سیستەمی هاوسەرۆکایەتی، کۆمین و ئەنجومەنەکانی گەل (لە گوند و گەڕەکەکانەوە بۆ قەزا و شارەکان) لەو ساڵانەدا داڕێژران. ژنان لە سەرەتای نەوەدەکانەوە بۆ پێگەی یەکسان و پێشەنگ ئامادە دەکران.

ماڵی ژن، یەپەژە (YPJ)، کۆنگرەی ستار، ئەنجومەنەکانی ژنانی زەنوبیا و زۆر ڕێکخراوی تری ژنان لە شۆڕشی ڕٶژئاڤادا گەشەیان کردووە، بەرهەمی ئەو بەها کەڵەکەبووانە و ئەم کولتوورە دێرینەی ئازادیی ژنانە کە پەرەی پێدراوەتەوە. ئەم ڕاستییە لە هەڵوێست و ڕاوەستەی هەزاران ژندا ڕەنگ دەداتەوە کە بەشدارییان لە ئەزموونی ڕۆژاڤادا کردووە، پێشەنگایەتییان کردووە و لە بواری خۆپاراستن، کولتوور و هونەر، چاپەمەنی و ڕاگەیاندن، ئابووری، ئیکۆلۆژی، دیپلۆماسی، پەروەردە، ژنۆلۆژی، داد و یاسا، تەندروستی و سیاسەتدا بەشداریان کردووە. ئۆجالان کە لە سەرەتاوە ئاگاداری ئەم ڕاستیە ئافرێنراو و کاریگەرییەکانی بووە، بەم شێوەیە باسی دەکات؛

دەبینرێت کە ژنی کورد چۆن کاریگەرییان نەک تەنیا لە کوردستان، بەڵکو لە تورکیا، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تەواوی جیهاندا دروست کردووە… ئیرادەبوون و ئازادی ژنان ئەنجامی کۆمەڵایەتی و مێژوویی زۆر گەورەی لێکەوتۆتەوە و لێشیدەکەوێتەوە. لە دۆخی ئێستادا ژنی کورد بە پێشەنگایەتیی بزووتنەوەی ئازادیی ژنانی کوردستان، بووەتە پێشەنگی ژنانی هەرێمەکە و جیهان. گەشەسەندنی ئازادیی ژن و بەبەردەوامی بەرزبوونه‌وەی ئاستی ئەم ئازادییە، بەو هێزی کاریگەرییەی کە لەم ئاستەدا بە تایبەتی لە کوردستان و تورکیا، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهاندا دروستی کردووە، ڕێگە بۆ بەشداریی چڕتر، قووڵتر و گشتگیرتری ژنان لە تێکۆشانی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا دەکاتەوە. ئەمەش بە سەراوژێرکردنی ڕێکخستنی کۆمەڵایەتی، پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و سیستەمی سیاسیی هەیی دەستی پێکردووە. لەمە بەدواوە ئەمە زیاتر گەشە دەکات، قووڵتر دەبێتەوە و بەردەوام دەبێت”[5].

ئەم شۆڕشە لە ڕاستیدا تەنیا شۆڕشی ژنانی ڕۆژئاڤا نییە، بەڵکو بۆ داننان بە ڕەنجی ژنانی عەرەب، سریانی، ئاشووری، ئەرمەنی، تورکمان و نەتەوەکانیتر کە بەشدارییان لەم تێکۆشانەدا کردووە، دروستتر وایە لە ڕووی جوگرافییەوە بە “شۆڕشی ژنانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و ڕۆژئاڤا” ناو ببرێت. ئەگەر سەیری پێکھاتەی ئەو ژنانە بکەین کە بەشدارییان لەم شۆڕشەدا کردووە، تەنانەت ئەگەر ئەم ناوە جوگرافییەشی لێ بنێین، لە ناوەڕۆک و لە واقیعی ژیاندا، ئەم شۆڕشە شۆڕشی ژنانی هەموو جیهانە. ڕۆژئاڤا تەنیا نەبووە شۆڕشی ژنانی کورد، عەرەب یان ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵکو ڕووی لە ژنانی سەرانسەری جیهان کرد و کێشی ناو خۆی کرد، ئەوانیش قوربانییاندا و باوەشیان بۆ کردەوە. لە سەدەی بیست و یەکەمدا، تێکۆشانی ئازادیی ژنانی کوردستان، جەوهەری شۆڕشی جیهانیی ژنان. هەرچەندە مەیدانی سەرەکیی ئەم تێکۆشانە چیاکان بوو، بەڵام بوو بە شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی، جەماوەری و جیهانی. تەنیا ئەو شوێنەی ئەم جەوهەرە تێیدا بەرجەستەتر و زیاتر گەشایەوە، “شۆڕشی ژنانی ڕۆژئاڤا” بوو. ژنانی زۆرێک لە وڵاتانەوە بەشدارییان لەم شۆڕشەدا کرد، بێوچان تێکۆشان، ڕەنجیان دا، بەهایان خوڵقاند و گیانی خۆیان بەخت کرد. تەنانەت ئەمڕۆش، سەدان ژن لە ناوچە جیاجیاکانی جیهانەوە پەیوەندی بەم تێکۆشانەوە دەکەن و ڕۆڵی پێشەنگایەتی کارا دەگێڕن. شۆڕشی ژنانی ڕۆژئاڤا ئەو ڕاستییە لە خۆ دەگرێت کە لە دروشمێکی سەر دیوارەکانی ئێراندا نووسراوە: ” شۆڕش ماڵی ژنە، چونکە ئەو هیچ شوێنێکی تری نییە.”

ئەگەر بمانەوێت ناونیشانێکی وەک ” ئەو گۆڕانکارییانەی خوڵقێنران و ئەو ڕەهەندانەی شۆڕشی ژنانی ڕۆژئاڤا کە هێشتا بەدی نەهاتوون” بۆ ئەم وتارە دابنێین، ئەوا شیکارییەکی درێژخایەنی لێ دەکەوێتەوە لە سنووری ئەم دەقە دەردەچێت. بەڵام ئێمەی ژنان لەسەر بنەمای ژنۆلۆژی، دەبێت بابەتییانە بین و ڕووبەڕووی هەڵەکانی خۆمان ببینەوە.

تەنانەت لەم ساتەدا ئەم دێڕانەم دەنووسی، شەڕێکی بێوچان و فرەڕەهەند لە ڕۆژئاڤا و لە سەرانسەری سووریادا بەردەوامە. ئابڵۆقەی توندی ئابووری و گەمارۆدان، پشتگوێخستنی ئازادیی ڕۆژنامەگەری، هێرشی قورس بۆ سەر ناوچە مەدەنییەکان، دیلکردن، دەستدرێژی، فرۆشتنی ژنان لە بازاڕی کۆیلەکاندا، ئەشکەنجە لە زیندانەکاندا، شێواندنی تەرمەکان و ململانێی توندی سەدان هەزار ئاوارە بۆ مانەوە لەناو سەرمایەکی سەخت و کەمیی خۆراکدا. هەموو ئەمانە وەک ڕاستیگەلێکی ڕووت بەردەوامن و تا مۆخی ئێسقان ئازاری مرۆڤ دەدەن. ئەم ڕاستییانە بێگومان وامان لێ دەکەن سەرنج بخەینە سەر بەرگریکردن لە شۆڕشی ژنان و گەلانی ڕۆژئاڤا. تێکۆشانی ئازادیی ژنانی کورد هەمیشە لەژێر بارودۆخی وەها سەختی شەڕدا، بۆ بوون و ئازادی جەنگاوە. عەبدوڵڵا ئۆجالان، هەر لە کۆتاییەکانی نەوەدەکانەوە و بە دەستپێکردن بە “ئایدۆلۆژیای ڕزگاریی ژن”، لە سەختترین هەلومەرجی شەڕ و تێکۆشاندا، لەگەڵ تێکۆشەرانی ژن و پیاو گەنگەشەی زۆر پڕۆژەی ئازادیخوازیی کرد لە تەوەری ژن دا و وەک ڕوانگەیەک پەرەی پێدا، بۆ نموونە “کوشتنی پیاوێتی”، “گۆڕینی پیاو”، “پڕۆژەی ژیانی ئازاد”، “تیۆریی دابڕان”، “بەسوپابوونی ژنان” و “پارتیبوونی ژنان”. تێکۆشەران، بەتایبەتی ژنان، لەژێر ئەم بارودۆخانەدا هەوڵیان دا تێبگەن، ئەم ڕوانگانە لە ناخی خۆیاندا بچەسپێنن و بیکەنە بەشێک لە ژیانیان.

کاتێک شیکردنەوە بۆ شۆڕشی ئازادیی ڕۆژئاڤا دەکەین، ڕەهەندێکی گرنگ کە پێویستە هەمیشە لەبەرچاوی بگرین، ڕۆحی ئەو سەردەمەیە کە شۆڕشەکە تێیدا ڕوویدا. شۆڕشی ڕۆژئاڤا – و شۆڕشی ژنان لە نێویدا- واتایەکی ئێجگار گرنگی بۆ تێکۆشانی ئازادیی ژنان هەیە. داعش هاتە سەر شانۆی مێژوو (یان باشترە بڵێین؛ هێنرا) پێکهاتەیەک کە دڕندەترین، ستەمکارترین و بێبەزەییترین دەستدرێژییەکانی شەڕی هەموو سەردەمەکانی لە خۆیدا کۆکردبووەوە. داعش بەرهەمی تەنیا دەوڵەتێک نەبوو، بەڵکو وەک بەرهەمێکی هاوبەشی هێزە نێودەوڵەتییەکان خرایە ڕوو. ئەم ئامێری کوشتن، ئەشکەنجە و دڕندەییە، هەناسەیەکی تاریکی لە ترس و تۆقاندنی بەسەر ڕۆحی سەردەمەکەدا کێشا، هەوڵیدا بێڕۆحی، بێبەزەیی و ناشیرینی بخزێنێتە ناو دەمارەکانی ئەم چەرخە. لە سەر ئەم خاکە دێرینە، مرۆڤایەتی ناچار دەکرا گۆشتی خۆی بکرۆژێت، خیانەتی لە هەموو بەها بنەڕەتییەکانی دەکرد کە دروستی کردبوو هەر لە ئایین، هونەر، زمان و کولتوورەوە بیگرە، تا دەگات بە زانست و فەلسەفە.

هەرچەندە داعش وا نیشان درا کە هێزێکی کۆنەپەرستی ناوخۆییە، بەڵام لەڕاستیدا لە مێشکی هێزە نێودەوڵەتییەکانەوە لەدایک ببوو. داعش عەقڵییەتێکی تاریکی هەبوو دژی گەلان، ژنان و منداڵان بوو. کاتێک ئەم تاریکییە بڵاوبووەوە، دەوڵەت و سوپاکان نەیانتوانی لە بەرامبەریدا ڕابوەستن، هەڵهاتن، پەرشوبڵاو بوون و هەرەسیان هێنا.

بەڵام لە ڕۆژئاڤادا گەلێک هەبوو کە زیاتر لە چل ساڵ بوو سوێندی خواردبوو کات و سەردەم بە ڕۆحی ئازادی بچنێت. ئەوان خاوەنی کولتوورێکی ئازادی و بەرخودان بوون کە ڕەگ و ڕیشەکەی بۆ هەزاران ساڵ لەمەوبەر دەگەڕایەوە. نەریتی “کۆمینی دایک” و ژیانی هاوبەش لەم خاکەدا دەمارە گەورە ڕۆچووەکانی بوون. ژنانی کورد سەرقاڵی چنینی ئازادی بوون بە فەلسەفەی هەزاران ساڵەی “ژن، ژیان، ئازادی”. تاریکیی داعش، لەلایەن ئەم ژنانەوە تێکشکێنرا.

بنەڕەتیترین خەسڵەتی شۆڕشی ڕۆژئاڤا و شۆڕشی ژنانی ڕۆژئاڤا کە دەبێت بە دڵسۆزی و بە هەستکردن بە بەرپرسیارێتییەکی پیرۆز بەرگری لێبکرێ، ڕێک ئەمەیە: لە ساتەوەختێکی شۆڕشگێڕانەدا کە ڕۆحی سەردەم بە تاریکی ئاوێتە کرابوو، ئەوان هەوڵیان دا ببنە ڕووناکی و ئەو ڕۆحیەتە بەئازادی دابڕێژنەوە کە یەکێکە لە بەها هەرە سەرەکییەکانی مرۆڤایەتی.

ئەگەر ئەمە وەربگێڕینە سەر زمانێکی سیاسی هاوچەرخ، دەتوانین بڵێین: شۆڕشی ژنانی ڕۆژئاڤا تەنیا لە کات و جوگرافیایەکی ئاساییدا ڕووی نەدا. ئەم شۆڕشە لە سووریا سەری هەڵدا، ڕێک لەو شوێنەی شەڕی سێیەمی جیهانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا گەیشتبووە چڕترین قۆناغی خۆی. ئەمەش بەو مانایە بوو هەموو هێزە هەژموونخوازەکانی جیهان لەم گۆڕەپانەدا ئامادەبوون. بە واتایەکی تر، تەنیا داعش نەبوو کە باڵی تاریکیی بەسەر خاکی سووریادا دەکێشا، زۆرێک لەو هێزانەی ڕێگەیان بۆ دەرکەوتنی داعش خۆشکردبوو، لەوێ بوون، بە دەزگا هەواڵگرییەکان، سوپاکان، ڕێکخراوە ناحکومییەکان و سیخوڕەکانیانەوە.

عەبدوڵڵا ئۆجالان ئەم دۆخە بەم شێوەیە هەڵدەسەنگێنێت: ” لە سووریا، شەڕی سێیەمی جیهانی بە چڕترین و ئاڵۆزترین شێوەی بەڕێوە دەچێت. ئەم شەڕە ستراتیژیترین قۆناغی شەڕی سێیەمی جیهانییە. شۆڕشی ڕۆژئاڤایش لەم سەردەمەدا ڕوویدا. بۆیە دەبێت پێگەی شۆڕشی ڕۆژئاڤا لەم چوارچێوەیەدا شیکاری بۆ بکرێت و مایەی تێگەیشتن بێت”.

لەبەر ئەم هۆکارە، ژنان لە ڕۆژئاڤا بە تێکشکاندنی داعش مێژوویان تۆمار کرد. ئەوان ڕۆحی سەردەمیان بە ئازادی و خۆشەویستی چنی؛ باجی وایان دا کە وەسفیکردنیان ئەستەمە. شەهید بوون، بریندار بوون، دیل کران، ئەشکەنجەدران. بەڵام سەرکەوتوو بوون لەوەی ڕۆحی سەردەم لە دەستی ئەوانە دەربهێنن کە دەیانویست هەناسە بکەنەوە بە بەر داعشدا.

لە نوێترین هێرشەکان بۆ سەر ڕۆژئاڤا، چەتەکانی داعش و تەحریری شام(HTS)  بە بڕینی پرچی ژنان و نمایش کردنیان، هێرشکردنە سەر تەرمی ژنانی شەهید و بریندار، سوکایەتیکردن بە شەڕڤانانی دیل و بازرگانیکردن بە ژنان، هەوڵ دەدەن تۆڵەی ئەو شکستە بکەنەوە کە دە ساڵ لەمەوبەر بەریان کەوت. بەڵام هەرچییەک بکەن، ناتوانن ئەو ڕاستییە بگۆڕن کە تەواوی جیهان شایەتحاڵی بوو: بە ڕێبەرایەتی ژنانی کورد، ژنانی ڕۆژئاڤا و باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا مێژوویان نووسیەوە. ئەوە ڕاستییەکە کە ناگەڕێنرێتەوە دواوە و ناسڕدرێتەوە. ئەمە کاریگەریی لەسەر ژنان و مرۆڤایەتی لە سەرانسەری جیهان کرد و بووە هۆی بزواندنی داینامیکەکانی شۆڕشێکی جیهانیی ژنان. ئەم هێزی کاریگەری و بزواندنە بە زیندوویی ماوەتەوە. بەردەوامە لە گۆڕین، وەرچەرخان و جووڵاندنی کۆمەڵگەکان و لە تەواوی قۆناغەکانی گەشەکردنی شۆڕشی ژناندا بەردەوام دەبێت.

شۆڕشی ژنانی ڕۆژئاڤا پێگەی خۆی لە یادەوەریی بەکۆمەڵی ژناندا چەسپاند. سڕینەوەی ئەم یادەوەرییە مەحاڵە. گیان، ڕەنگ و وزەی شۆڕشی ڕۆژئاڤا ئەمڕۆ لە ناو بزووتنەوەکانی ژنان لە زۆرێک لە وڵاتانی جیهاندا دەژی. ئەم کاریگەرییە لە ڕێگەی قوربانیدانی هەزاران ژنەوە دروست بوو کە ژیانیان خستە سەر لەپی دەستیان.

هەروەک چۆن لە سەدەی بیستەمدا، گیانی دەیان هەزار ژن کە ڕێبەرایەتیی شۆڕش و بزووتنەوە جەماوەرییەکانیان لە زۆرێک لە کیشوەرەکاندا دەکرد، ئەوانەی لە پێناو بنیاتنانی جیهانێکی شکۆمەند، ئازاد و دیموکراتدا شەهید بوون، لە ناو یەپەژە (YPJ) و شۆڕشی ژنانی ڕۆژئاڤادا ژیانێکی نوێیان دۆزییەوە، بە هەمان شێوە، ئەو ژنانەی لە زۆرێک لە گەلانەوە بەشدارییان لە شۆڕشی ڕۆژئاڤادا کرد، بە بەخشینی ژیانیان، بەرگریکردن لە بەها گەورەکان و تێپەڕاندنی تراجیدیای قووڵ، ڕۆحیان بەبەر دڵ و گیانی ژنان لە زۆر شوێنی جیهاندا کردووەتەوە. وەک چۆن لە هەموو سەردەمەکاندا کردوویانە، ژنان سوورن لەسەر هونەری بەخشینی ژیان و ڕۆح بە یەکتری.

تێگەیشتن لە دژە-شۆڕش

کاتێک بە دیدێکی ڕەخنەیی شیکاری بۆ شۆڕشی ژنانی ڕۆژئاڤا دەکەین، یەکێک لە بابەتە سەرەکییەکانمان پەیوەندی بە ئامراز، ڕێباز، سیاسەت، تاکتیک و هاوپەیمانییەکانی تێکۆشانی ئازادیخوازانەوە هەیە. گرنگە بەو قووڵاییەی زانستەکانی سیاسەت، کۆمەڵناسی، مێژوو و فەلسەفە پێمان دەبەخشن، مامەڵە لەگەڵ ئەم بابەتانەدا بکەین. لە “سەدەی شۆڕشی ژنان”دا، ڕەنگە یەکێک لە گرنگترین بوارەکانی زانست کە تێدا بەهێزتر بین، خودی سیاسەت بێت. فەیلەسوفانی وەک هانا ئارێنت هانیان داوین کە بە شێوەیەکی ئازادانە و بوێرانە، بە لەبەرچاوگرتنی پێداویستییەکانی ئێستامان، بیر بکەینەوە. ئارێنت هەڵسەنگاندنی بۆ ئەوە دەکرد کە ئایا کردنەوەی مەودا بۆ سیاسەت و پیادەکردنی سیاسەت دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی تۆتالیتاریزم یان نا و گەنگەشەی ئەوەی دەکرد کە کە “سیاسەت ڕزگارکەرە”. ئەو وزەیەکی فیکریی ئێجگار گەورەی تەرخان کرد بۆ ئەوەی لە ڕەگ و ڕیشەی کێشە کۆمەڵایەتییەکان تێبگات.

ئێمە وەک ژن، لەکاتی بەدەستهێنانی هۆشیاریی بوون و ناسنامەی خۆمان، دەبێت سەرنج بخەینە سەر پەیوەندی نێوان “بوون” و “ئازادی”. چونکە لە زۆربەی شوێنەکانی جیهان، هێرشە سیستماتیکەکان بۆ سەر بوونی ژن گەیشتووەتە ئاستی جەنگ. لەم ڕووەوە، ژنان لە هەموو شوێنێک دەبێت ستراتیژیی یەکەمی خۆیان لەسەر بنەمای پاراستن، بەرگری و ڕزگارکردنی بوونی خۆیان دابڕێژن. ئەمە جەوهەر و تەوەرەی سەرەکیی شۆڕشی ژنانە.

تێکۆشانێکی ژنان کە نەتوانێت ئەمە بەدەست بهێنێت، تێکۆشانێکی سەرکەوتوو نییە. لە ڕاستیدا، ئەوە هەر بە شۆڕش دانانرێت. ئەرکی سەرەکیی ئێمە وەک ژن بریتییە لە پاراستن و دەستەبەرکردنی ژیانی کۆمەڵایەتی، ئەویش لە ڕێگەی بەهێزکردن، ڕێکخستن و ئازادکردنی بوونی خۆمانەوە. گرنگیی تێگەیشتنی دروست و پیادەکردنی پەیوەندیی نێوان ئازادیی تاک و ئازادیی کۆمەڵایەتی، ئەو پەیوەندییەی بە شێوەیەکی دوولایەنە دەبنە خۆراکدانی یەکتر و پێویستی بە یەکتری دەبینن.

جارێکی دیکە لە ئەزموونی بەرجەستەی ڕۆژئاڤادا ئەوەمان بینییەوە کە هێزە دژە-شۆڕشەکان هەرگیز شۆڕشیان بۆ هەرس ناکرێت؛ ئەوان هەرگیز ئەوە لەبیر ناکەن و نابەخشن کە شۆڕش ژیانی گۆڕیوە، زیانی بە بەرژەوەندییەکانیان گەیاندووە و ئیمتیازاتەکانی لێ سەندوونەتەوە. کاتێک ئەمە لە ڕێگەی سۆسیۆلۆژیا و مێژووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سووریاوە دەخوێندرێتەوە، هەستێکی زۆر قووڵتر لە ڕق، کینە و ئارەزووی تۆڵەسەندنەوە بەرامبەر بە هێزە شۆڕشگێڕەکان دەردەکەوێت. خۆ ئەگەر ئەم شۆڕشە “ژن-تەوەر” بێت، ئەوا تووڕەییەکە هێندەی تر گەورەتر دەبێت. توانای خوێندنەوەی ئەم کۆدە سۆسیۆلۆژی و مێژووییانە و لێکدانەوەیان چ لە ڕێگەی ڕەگ و ڕیشەیانەوە و چ لە ڕێگەی دەرکەوتە هاوچەرخەکانیانەوە، خۆی لە خۆیدا شێواز و هێزێکی خۆپاراستنە. لە ڕاستیدا، ئەو بیرۆکەیەی کە دەڵێت؛ “سیاسەت هونەری ئازادییە”، بنەماکەی لەم هێزی زانینەدا وەردەگرێت.

مەترسی لە کوێوە دێت؟ مەترسییەکان چین، کەی و چۆن سەرهەڵدەدەن و لەلایەن چ هێزێکەوە هەوڵی خنکاندنی شۆڕش دەدرێت؟ ئەم جۆرە پرسیارانە خاڵی سەرەکیی چڕبوونەوەن بۆ ئەوەی بوونمان واتادار، ئازاد و بەردەوام بێت و ئەمانە کۆڵەکەی خۆپاراستنن.

ئەو ڕووداوانەی لە کانوونی دووەمی ٢٠٢٦دا ڕوویاندا هێشتا نوێن. شۆڕشی ژنانی ڕۆژئاڤا ئێستا بە یەکێک لە مەترسیدارترین و هەستیارترین قۆناغەکانیدا تێدەپەڕێت. ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگر لەبەردەمماندایە: شۆڕشی ژنانی ڕۆژئاڤا دەبێت خۆپاراستن لەناو هەست، مێشک، ڕێکخستن و هەموو کایەکانی ژیاندا بە شێوەیەکی زۆر بەهێزتر پەرە پێ بدات.

بۆ پاراستنی چارەنووسی شۆڕش، پێویستە لە زانستی سیاسەتدا قووڵببینەوە و بتوانین شیكاریی بابەتییانە بۆ پەرەسەندنە ناوخۆیی، ناوچەیی و جیهانییەکان بکەین. کاتێک سیاسەت بە دروستی بخوێنینەوە، دەتوانین هێزی فیکری و هەستیی خۆمان بە شێوەیەکی کاریگەرتر ڕێک بخەین. هێزە شۆڕشگێڕەکانی ژنان دەبێت هاوسەنگییە سیاسییەکان بناسن، نەک تەنیا دوای ئەوەی جێگیر دەبن، بەڵکو لە کاتی دروستبوونیاندا.

لە کۆتاییدا، پاش ١٥ ساڵ لە هێرشی بەردەوام بۆ سەر ڕۆژئاڤا، دەرکەوت کە چەندە گرنگە بۆ هێزە شۆڕشگێڕەکان و هاوپەیمانەکانیان و هەموو کۆمەڵگە، بەتایبەت ژنان، کە بتوانن نەخشە و شێوازی بیرکردنەوەی هێزە هەژموونخوازەکانی جیهان بخوێننەوە و پێشبینی بکەن.

پێویستە پێشەنگان، دۆستان و لایەنگرانی شۆڕشی ژنانی ڕۆژئاڤا توانایەکی زۆر بەهێزتر بۆ خوێندنەوەی سیاسەتی جیهانی لە ئاستە گەردوونی، کیشوەری و ناوچەییەکاندا پەرە پێ بدەن. بەم ڕووداوانەی دوایی، بە ڕوونی تێگەیشتین کە تەنیا خوێندنەوە و لێکدانەوە بۆ ئەو وڵاتەی تێیدا دەژین و ناوچە دەوروبەرەکەی بەس نییە. سیاسەتەکان لە ئاستی جیهانیدا دادەڕێژرێن. ستراتیژی ئاسایشی نەتەوەیی و ستراتیژی بەرگری ئەمریکا کە بە ئاشکرا ڕادەگەیەنرێن، تێڕوانینێکی گرنگمان پێ دەبەخشن لەسەر ئەوەی هێزە هەژموونخوازەکان چۆن سەیری جیهان دەکەن و پلانی چییان هەیە. ئەو ژنانەی لە هەر شوێنێکی جیهاندا دەژین و باوەڕیان بە تێکۆشانی ئازادیی ژنان هەیە، بەم پلانانە کاریگەر دەبن، لە ڕاستیدا هەموو کەسێک کاریگەر دەبێت، چ لەڕووی سیاسییەوە چالاک بێت یان نا. ئەمە بە شێوەیەکی بەردەوام، پێکەوەبەستراو و گشتگیر لە ئاستی جیهاندا ڕوو دەدات. تێگەیشتن لەم چوارچێوەیانە، سوودێکی گەورەمان پێ دەگەیەنێت.

هەژمار و لێکدانەوەکانی هێزە هەژموونخوازەکان کە لە چوارچێوەی سیاسەتی ئاسایشی ئەمریکادا دەردەکەون، لە ڕۆژئاڤا و سووریایان دا، لە فەلەستینیان دا، لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا ئۆکرانیایان وێران کرد، مافی پەرەپێدان و بەڕێوەبردنی ڕێڕەوی زانگەزووریان لە نێوان ئازەربایجان و ئەرمەنستان بۆ ٩٩ ساڵ کۆنترۆڵ کرد، ڤێنیزوێلایان گەمارۆ دا، هەڕەشەیان لە ئابیایالا (ئەمریکای لاتین) کرد، مەبەستی خۆیان بۆ دەستبەسەرداگرتنی گرینلاند ڕاگەیاند و ڕاپەڕینە جەماوەرییەکانی ئێرانیان بەپێی بەرژەوەندییە پراگماتیستییەکانی خۆیان بەکارهێنا و زۆر نموونەی تریش. هەموو ڕۆژێک و هەموو ساتێک، شوێنێک دەکرێتە ئامانج. لەبەر ئەم هۆکارە، سیاسەت لە سەرتۆپی ئەو زانستانەیە کە دەبێت هێزەکانی تێکۆشانی ئازادیی ژنان بە هەند وەری بگرن. خوێندنەوە و لێکدانەوەی شیاو، پێشبینیی لەم بوارەدا، هاوشان بە کردەی پراکتیکیی لە شوێن و کاتی گونجاو، گرنگییەکی زۆری هەیە.

یەکێک لەو هێزانەی توانای خوێندنەوەی ئەم سیاسەتانەمان پێ دەبەخشێت، ئەمەیە. چەند هێندەکردن (زۆرکردن)ی شۆڕش لە ناو خۆمان و لە دەوروبەرمان، لە ناو کۆمەڵگەکەماندا. شۆڕشێک کە زیاد بکات، بڵاو بێتەوە، گەشە بکات و لەمێشک و ڕۆحدا ڕەگ دابکوتێت، ناتوانرێت ڕێگری لێ بکرێت و ناتوانرێت شکستی پێ بهێنرێت. زۆرکردنی شۆڕش لە ناو خۆماندا بە چ مانایەک دێت؟ فرەیی شۆڕشی ژنان لەناو خۆماندا بە چ واتایەک دێت؟ هەرچەندە ئەمە بابەتێکە پێویستی بە تێڕامان و گفتوگۆیەکی فرەڕەهەند هەیە، بەڵام لێرەدا بە کورتی ئاماژەی پێ دەدەم.

هەر ناوێکی لێ بنێین؛ شۆڕش، کردەوەی شۆڕشگێڕانە، دیموکراسیی ڕادیکاڵ، ئازادی، وەرچەرخان یان گەڕان بەدوای ژیانی کۆمیناڵ هیچکام لەمانە زیاد ناکەن و بڵاو نابنەوە ئەگەر تاکەکان لە ژیانی خۆیاندا تێی نەگەن و بەرجەستەی نەکەن. پێش هەموو شتێک دەبێت لە ناو خۆماندا سەرکەوتوو بین لە بەسیاسیکردن و کۆمەڵایەتی کردنی جیهانی هەستەکانمان بە شێوەیەکی تەندروست. گەیشتن بەمە، سەرەڕای هەموو ناشرینییەکانی ئەم سەردەمە، تەنیا مانەوە نییە لە ژیان، بەڵکو زیادکردنی شۆڕشە لە ناو خودی خۆماندا.

ساتەوەختگەلێکی مێژوویی هەن کە تێیدا باوەڕ بە گۆڕانی کۆمەڵایەتی و دیموکراتیک و ڕۆحی ئازادیخوازی تەنیا لە تاکەکەسێکدا بە زیندوویی دەمێنێتەوە. کاتێک ئەو هەست و باوەڕەی ناو ئەو تاکە، خاکێکی گونجاو دەدۆزێتەوە، دەبوژێتەوە و زیاد دەکات و شۆڕش پێشکەش بە مرۆڤایەتی دەکات. لە شۆڕشە زانستییەکان و گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکاندا، ئەم پرۆسەی زیادبوونە یەکلاکەرەوەیە.

پێویستە هەر ژنێکی بەهێز لە هەر بوارێکدا، خۆی زیاد بکات (خۆی بکاتە چەندین کەس لە ڕووی کاریگەرییەوە). بە بڕوای من، ئەمە بەهادارترین و ئەفسوناوییترین چەک و شانسی ژنانە بۆ ئازاد کردنی جیهان. ئەوەی تاکێک تواناکانی خۆی بناسێت، ڕێکیان بخات، بیانکاتە بەرهەم و هاوبەشییان پێ بکات و ئەو هێزە لە تاکەکانی تریشدا دروست بکات، ئەوەیە فرەیی و گەشەکردن.

لەوانەیە لەبری منداڵبوون لەم جیهانە نەفرەت لێکراوەدا، لە هەسارەیەکدا کە کەسانی وەک ئێپستاین (دەستدرێژیکەران بۆ سەر منداڵان) کە ڕووی دیاری هێزە دڕندەکانن، باڵادەستن، دەبێت ئەم جۆرە لە زۆربوون وەک جێگرەوە هەڵبژێرین. ئەمە بایەخێکی ژیانیی هەیە. لەسەر ئەم بنەمایە، دەبێت بەردەوام لەخۆمان بپرسین: ئەم سەردەمە لە چ بوارێکدا گۆڕانکاریی ڕادیکاڵ و دیموکراتیکمان بەسەردا دەسەپێنێت؟ چۆن ئەمە بەدی دێت؟ دەبێت ئەو بوارانە بدۆزینەوە کە دەتوانین خۆمانی تێدا زیاد بکەین.

ئەو واتا و هەستانەی سەرەتا لە ناو خۆماندا بەرهەمی دەهێنین و دواتر بڵاوی دەکەینەوە، دەبنە خۆراک بۆ فەلسەفەی ژیانی ئازاد کە سەرچاوە سەرەکییە نەهەژاوەکەی شۆڕشی ژنانە. زۆرکردنی شۆڕش، ئازادی و هۆشیاری لە ناو خۆماندا، ڕێگە و میتۆدی نوێمان بۆ دەدۆزێتەوە بۆ دەربازبوون لە تەوەری مەرگ کە سیستەمی سەرمایەداری و پیاوسالاریی هەژموونخواز دروستیان کردووە.

بوونی ژنان لە هەموو شوێنێکی جیهان لەژێر هەڕەشەدایە، بەڵام لەجوگرافیایەکی وەک ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ئەم هەڕەشەیە چەند هێندەیە. شۆڕشی ژنانی ڕۆژئاڤا و تێکۆشانی ئازادیی کورد کە ئیلهامی لێ وەردەگرێت، هەمیشە لە بارودۆخی سەختی شەڕدا بەڕێوە چووە. لەم ڕووەوە، ئەوان خاوەنی ئەزموونێکی گەورەن لە بواری خۆپاراستنی ڕەوادا. بەڵام پەرەسەندنەکانی ئەم دواییە هەندێک خاڵی لاواز و کەلێنیان نیشان داین. پێویستە بە شێوەیەکی بابەتییانە شیکارییان بۆ بکەین.

پێویستی بە ڕەخنە و ڕەخنەدانە

ئەو خاڵە لاوازانە یان ئەو کەلێنانە چیین؟ بریتییە لە دابڕان لە خۆپاراستن و پێداویستییەکانی، لە ئەنجامی ئەو باوەڕە هەڵە و ئاسوودەییەی کە دەڵێت: ” شۆڕش ڕوویدا، هەموو شتێک تەواو بوو”. شۆڕشی ژنانی ڕۆژئاڤا خاوەنی پێکهاتەی بەردەوامی خۆپاراستنە: وەک یەپەژە  (YPJ)، ئاسایشی ژنان، هێزەکانی پاراستنی جەوهەری HPC-Jin، یەکەکانی هەواڵگری و زۆر شێوەی تری ڕێکخستن. بەڵام ئەوەی من ئاماژەی پێ دەدەم، تێگەیشتنێکی بەرفراوانتر و قووڵترە لە خۆپاراستن. هەوڵ دەدەین فۆرمێکی قووڵی خۆپاراستن پێناسە بکەین کە هەردوو کایەی تاکەکەسی و کۆمەڵایەتیی ژیان دەگرێتەوە، ئەو جۆرەی لە هەموو ساتێکی ژیاندا بە بێداری و وریایی دەمێنێتەوە.

لە جوگرافیای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کە ڕەنگە شۆڕشێکی تێدا بەدیهاتبێت بەڵام هەمیشە لەژێر مەترسیدایە و لەلایەن هێزە دژە-شۆڕشەکانەوە هەڕەشەی لێ دەکرێت. ئێمە لە شۆڕشی ژنانی ڕۆژئاڤادا تووشی کەلێنبووین لە ڕێکخستنی خۆپاراستن وەک ” فەلسەفەی ژیان، شێوازی ژیان و ڕیتمی بوون” لە نێوان ژنان و کۆمەڵگەدا. ئەمە دیاردەیەک نییە تەنیا بەزاراوە سەربازییەکان ڕوون بکرێتەوە. چونکە هەموو ڕەهەندەکانی نەتەوەی دیموکراتیک، وەک عەبدوڵڵا ئۆجالان پێناسەی کردووە، لە هەمان کاتدا ڕەهەندەکانی خۆپاراستنن.

بەپێی ئەم پێناسەیە، ڕێکخستنی بەهێزی پەروەردە، مەیدانێکی خۆپاراستنە. هەمان شت بۆ ئابووری ڕاستە کە بایەخێکی ژیانیی هەیە. ئۆجالان چەندینجار ئەوەی وەبیرهێناوەتەوە کە شۆڕشی ڕۆژئاڤا شۆڕشێکی کۆمەڵایەتییە و بۆئەوەی بەرگری لە خۆی بکات و خۆی لە بەرامبەر هێرشەکان بپارێزێت، پێویستە سیستەمی ئابووریی تایبەت بە خۆی پەرە پێ بدات. چونکە بە بڕوای ئەو، ئەگەر ئەمە بەدی نەیەت، دەکرێت ببێتە هۆی “لەناوچوون و تەسفییەکردنی شۆڕشی کۆمەڵایەتی”. لەبەر ئەم هۆکارە ساڵانێک لەمەوبەر ئەم وشیارکردنەوانەی خستبووەڕوو:

لە هەر شوێنێک شۆڕشی کۆمەڵایەتی ڕوو بدات، دەبێت سەرەتا سیستەمی ئابووریی خۆیان پەرە پێ بدەن. بۆ ئەوەی شۆڕشی ڕۆژئاڤا و گەلەکەمان لەڕۆژئاڤا پارێزگاری لە شۆڕش و بوونی خۆیان بکەن، دەبێت پەرە بە ئابووریی شەڕی شۆڕشگێڕانە بدەن.”

ئەگەر لە ڕوانگەی ئەم ئاگادارکردنەوەیەوە، بە کۆنکرێتی باس لە ڕەهەندی ئابووری بکەین، زۆر بوار هەن کراوەن بۆ گفتوگۆ. بۆ نموونە، زۆر دامەزراوە لەبواری ئابووریدا پەرەیان سەند. هەر کانتۆن و قەزایەک خاوەنی ئەنجومەن و لیژنەی ئابوورییە. هەروەها کۆمەڵەی هەرەوەزی لە کەرتە جیاوازەکاندا دروست بوون. ڕەنجێکی بێهەژمار بۆ ئەم بونیادنانە درا و ئاسۆیەکی نوێی بۆ ژنان کردەوە.

بەڵام سەرەڕای هەموو لایەنە ئەرێنییەکان، بواری ئابووریی ژنان کەموکوڕی و تێگەیشتنی هەڵەی تێدا بوو لە ڕووی نەبوونی بە سیستمێکی ئابووری کە لەگەڵ “ئابووری شەڕ”دا بگونجێت. ئێستا لە بەشێکی گرنگی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، زۆرێک لەو دەستکەوتە ئابوورییانەی ڕەنجی ژنانیان پێوە بوو، کەوتوونەتە دەست چەتەکانی تەحریری شام و داعش وەک ” غەنیمەی شەڕ”. ئەوانەشی کە لە ناوچەکانی ڕۆژئاڤادا ماونەتەوە، ڕووبەڕووی هەڕەشەی سیاسەتەکانی حکومەتی کاتیی سووریا دەبنەوە کە داننان بە سیستەمی خۆبەڕێوەبەری ژنان لای ئەوان نادیارە. ئەم دۆخە وا دەخوازێت ژنان لە ئاستی نێودەوڵەتیدا بەرگری لەم دەستکەوتانە بکەن.

ئەم دۆخە لە بوارەکانی تریشدا وایە؛ بۆ نموونە لە بواری پەروەردەدا، نزیکەی٩٠٪ی مامۆستایانی خوێندنگە فەرمییەکان ژنانن. ئایا ڕێگەیان پێ دەدرێت بەردەوام بن؟ وانەکانی ژنۆلۆژی لە ئامادەییەکان و فاکەڵتیی ژنۆلۆژی لە زانکۆ، سیستەمی هاوسەرۆکایەتی و مافی خوێندن بە زمانی دایک، هەموویان کەوتوونەتە ژێر هەڕەشەی زهنییەتی پاوانخواز. هەمان مەترسی لەسەر کەرتەکانی تەندروستی، دادوەری و یاساش هەیە کە ژنان تێیاندا بەسیستەمی ئەنجومەن و هاوسەرۆکایەتی ڕێکخرابوون. ماڵی ژن کە یەکێکە لە دیارترین هێماکانی شۆڕشی ڕۆژئاڤا، ئێستا لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی سەختدایە.

دۆخێکی هاوشێوە لە بواری تەندروستیشدا بوونی هەیە. لە سەرتاسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، ئەنجومەنێکی تەندروستیی تایبەت هەیە، هەموو ئەو ژنانە دەگرێتەوە کە لە کەرتی تەندروستیدا کار دەکەن. لەم ئەنجومەنەدا، ئەو ژنانەشی تێدایە کە لە بواری شیفاگەرییدا و بواری پزیشکیی سروشتی-کۆمەڵایەتیدا کار دەکەن. لە هەموو دامەزراوەکانی ناو کەرتی تەندروستیدا سیستەمی هاوسەرۆکایەتی پەیڕەو دەکرێت. وەک چۆن لە هەموو ڕەهەندەکانی تریشدا هەیە، لە بواری تەندروستیشدا ئەکادیمیا و بەرنامەی پەروەردەی جیاواز و تایبەت هەن.

لە بوارەکانی دادپەروەری و یاساشدا، ئەنجومەنەکانی ژنان، سیستەمی هاوسەرۆکایەتی، ئەکادیمیاکان و شوێنە تایبەتەکانی کارکردنی ژنان ڕێکخراون. وەک یەکێک لە ناسراوترین دامەزراوە سیمبولییەکانی شۆڕشی ژنانی ڕۆژئاڤا، ماڵی ژن لە نزیکەی هەموو قەزا و شارۆچکەیەکدا بوونی هەیە. بواری دیپلۆماسیش لە شێوەی کۆمیتە، ئەنجومەن، ئەکادیمیا و چەندین یەکەی لاوەکیدا ڕێکخراوە. لەناو ئەو ڕەهەندەی وەک کایەی کۆمەڵایەتی ڕێکخراوە، کۆمیتەکانی منداڵان، کۆمەڵەکانی ژنان، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بۆ خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان و زۆر شێوازی تری تایبەتی ڕێکخستن بوونیان هەیە.

ئۆجالان لە چوارچێوەی دیدی نەتەوەی دیموکراتیکدا، ئیکۆلۆژی وەک “شێوازێکی بنەڕەتیی هۆشیاری” پێناسە دەکات. هەر بەو پێیەش، بە ڕێکخستنی هەموو ڕەهەندەکان لە نێو شۆڕشی ژناندا، هەمیشە هەوڵی داوە پەرە بە دیدێکی ئیکۆلۆژی بدات، هەر وەک چۆن لەسەر بنەمای ژنۆلۆژی داڕژاوە. لەسەر ئەم بنەمایە، ڕێکخستنەکانی ژنانی کۆنگرا ستار کە هەوڵی داوە هەشت ڕەهەندەکەی کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیکی ژنان[6] ڕێکبخات، لەپاڵ هەموو ڕەهەندەکانی تر، هەوڵیشی داوە کۆمیتە، ئەنجومەن و ڕێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنیی جیاواز لە بواری ئیکۆلۆژیدا پەرەپێبدات.

لە تەواوی ئەم ڕەهەندانەدا و لە ناو کایەی ئیکۆلۆژیشدا، هەزاران سیمینار و خولی پەروەردە بۆ ژنان، منداڵان، گەنجان و پیاوان کرانەوە. هەر ڕەهەندێک بەپێی پێداویستییە تایبەتەکانی خۆی، پەروەردەی پیشەیی دەوترێتەوە. پشتگوێخستنی ئەم ڕەنجە گەورەیە، کە تەنیا لە ماوەیەکی زۆر درێژدا دەتوانرێت ئەنجام بدرێت، نادادییە. چونکە ڕەنجی هەزاران ژن لە ئەم ڕەهەندانەدا هەیە.

بەڵام ڕێک لە پێناو ئەوەی ئەم ڕەنجە بەهێزتر، ئازادتر و ڕێکخراوتر بێت، ئێمە هەڵسەنگاندن بۆ ئەو لایەنانەش دەکەین کە بە ناتەواوی ماونەتەوە. وەک پەرەسەندنەکانی ئەم دواییە نیشانیاندا، بنەڕەتیترین کەموکوڕی بریتییە لە ناتەواوی لە تێڕوانین بۆ ڕێکخستنی هەموو ئەم ڕەهەندانە لە تەوەری خۆپاراستن و پەرەپێدانیان بە دیدێکی گشتگیر.

لە ڕاستیدا، هەرچەندە بە شێوەیەکی گشتی تێڕوانینی ژنان مەیلی بۆ ئەوە نییە ڕەهەند و کایەکانی ژیان دابڕاو لە یەکتر ببینێت، بەڵام تێبینیمان کردووە کە لە ٥-٦ ساڵی کۆتایی شۆڕشدا، ژنانیش لەم ڕووەوە کەموکوڕییان هەبوو. ئەمە پەیوەندی بەوەوە هەیە کە ژنان نەیانتوانیوە بە شێوەیەکی ڕادیکاڵ لە دید، شێوازەکانی بیرکردنەوە، شێوازی ژیان و خووەکانی دەسەڵات و باڵادەستیی پیاو خۆیان داببڕێنن.

ئەو ڕاستییەی ئۆجالان ناوی دەنێت “جیابوونەوەی ناکۆتا”، تا چ ڕادەیەک لە شۆڕشی ژنانی ڕۆژئاڤادا هاتە دی؟ ئەم پرسیارە بۆ زۆرێک لە کایەکانی ژیان دەکرێت بخرێتە ڕوو. لەو کایە کۆمەڵایەتییە بنەڕەتییانەی ژیاندا کە لە سەرەوە بە کورتی هەوڵم دا کورتیان بکەمەوە، ئایا بە ڕاستی زهنییەتی دەوڵەت و باڵادەستیی پیاو تێپەڕێنراوە؟

پرەنسیپە دیموکراتییەکانی وەک فرەیی، یەکسانی و جیاوازی ئەو بەهایانەی کاتێک ژنان لە ناو کەسایەتی و هەڵوێستی خۆیاندا بەرجەستەیان دەکەن، چەند هێندە دەبن، تا چ ڕادەیەک لە شۆڕشی ژندا کرانە هەوێنی ژیان؟ ئەم پرسیارانە یەکلاکەرەوەن و بەردەوام لەلایەن پێشەنگ و ڕەنجدەرانی شۆڕشی ژن، شیکردنەوەیان بۆ دەکرێت.

لە ئەنجامدا، ئەو کەموکوڕیانەی لەم ڕووەوە ڕوویاندا، بوونە هۆی لەدەستدانی هەندێک دەستکەوت و هەندێکی تریشی خستە بەر هەڕەشە و مەترسییەوە. لە ئێستادا، بەرخودانێکی ئێجگار گەورەی ژنان لە ڕۆژئاڤا بەردەوامە. بێگومان ئەوان خۆیان بۆ پاراستنی دەستکەوتە ماددی و مەعنەوییەکانیان و پەرەپێدانیان بە شێوەیەکی بەهێزتر، لە زۆر گۆشەنیگاوە خەریکی شیکردنەوەی ئەم ئەزموونەن. بەڵام ڕەنگە ئێستا زیاتر لە هەر کاتێکی تر، پاڵپشتیکردنیان و پیشاندانی هاوپشتی، بووبێتە بەرپرسیارێتیی ئێمەش.

پەرەپێدانی تۆڕە کۆنفیدراڵییەکان لە تەواوی ڕەهەندەکانی ژیانی کۆمەڵایەتیدا (تەندروستی، ئابووری، دیپلۆماسی، پەروەردە، یاسا، کایەی کۆمەڵایەتی، سیاسەت، ژیانی ئازادی هاوبەش) یەکێک بوو لە ئامانجە بنەڕەتییەکانی شۆڕشی ژنانی ڕۆژئاڤا. پەرەپێدانی ئەم تۆڕانە هەم لە ڕۆژئاڤا-سووریا و هەم لەسەر ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان، دیدێکی بنەڕەتی بوو. ئایا ئەمە بەدەست هات؟

ئەزموونی زۆر گرنگ هەم لە بواری فیکریدا (خولەکانی پەروەردە، نامیلکەکان، سیمینار، کۆنفرانس و کۆنگرە، کۆڕ، گروپی کاری-وەرشەی گفتوگۆی هاوبەش، کۆبوونەوە خولییەکان و هتد) و هەم لە کایەی پراکتیکیدا لە تەواوی ڕەهەندەکاندا ڕوویاندا. ئەزموونێکی کەڵەکەبووی زۆر گرنگ و دەوڵەمەند و یادەوەرییەکی ژنانە لە هەموو ڕەهەندەکانی نەتەوەی دیموکراتیکدا (پەروەردە، دیپلۆماسی، ئابووری، کایەی کۆمەڵایەتی، یاسا-دادپەروەری، تەندروستی، سیاسی، هاوژیانی ئازاد) پێکهات. ئەم بابەتە خۆی لە خۆیدا شایانی شیکردنەوە و گفتوگۆیە و ڕەنگە باشتر بێت لە وتارێکی جیادا باسی لێوە بکرێت.

سەرباری ئەمانە، لەم دەقەدا کە هەوڵ دەدەین شیکردنەوە بۆ شۆڕشی ژنانی ڕۆژئاڤا بکەین، دەتوانین دەست بۆ چەند لایەنێکی بنەڕەتیی ببەین. ڕەنگە هەندێک لە لایەنە ناتەواوەکان بە شێوەیەکی ڕەخنەیی و ڕەخنەدان دەربڕم. بێگومان کاتێک ئەم ڕەخنانە دەگیرێن، دەبێت هەمیشە ئەم خاڵە لەبەرچاو بگیرێت: لە سەرەتای ئەزموونی ڕۆژئاڤاوە تا ئەمڕۆ، هەمیشە کەشوهەوایەکی بێڕەحمانەی شەڕی سێیەمی جیهانی هەبووە، هێرشە بەردەوام و لایەنەکانی بەرەی دژە-شۆڕش کە کاتێک لێکۆڵینەوەی لێ دەکرێت، دەردەکەوێت بەرەیەکی زۆر فراوان و بەهێزە و ئەو هێزە کۆنەپەرستانەی لە ناوخۆدا هەن ( ناسیۆنالیزم، هاوکاری لەگەڵ دوژمنانی کورد و زۆر کایەی تر و دامەزراوە و زهنییەتی باڵادەستیی پیاو کە هێشتا تێنەپەڕێنراون).

سەڕەرای هەموو ئەم دۆخە نەخوازراوانە، نابێت هەرگیز ئەوەش لەبیر بکرێت کە ژنان بەرگریی بەردەوام، ڕەنجی بەردەوام، پەروەردەی بەردەوام و هەوڵی بەردەوامیان بۆ خۆپاراستن نیشانداوە. بەڵام تەنانەت بە لەبەرچاوگرتنی هەموو ئەمانەش، ئەنجامدانی ڕەخنە و ڕەخنەدانمان بە شێوەیەکی بابەتییانە، دەتوانێت بمانپارێزێت لەو هەڵە و خاڵە لاوازانەی ڕەنگە ئەمڕۆ و لە داهاتوودا ڕووبەڕوومان ببنەوە. ئەگەر ئەمە وەک هەنگاوێکی بەهێزی خۆپاراستن بخوێنینەوە، پێم وایە زۆر بەسوودتر دەبێت.

لەسەر ئەم بنەمایە، ئەو بوارانە چی بوون کە پێویست بوو ڕێبەرایەتیی ژنان تێیاندا بە بەهێزییەوە سەرکەوتوو بێت لە تێگەیشتن، ڕێکخستن و زیندووکردنەوەی هەشت ڕەهەندەکەی نەتەوەی دیموکراتیک؟ پێش هەموو شتێک، ئەم ڕەهەندانە بە تەواوی سەرکەوتوو نەبوون لەوەی خۆیان وەک گشتگیرێکی یەکگرتوو لە ناو تۆڕێکی کۆنفیدراڵدا ڕێکبخەن. ڕەهەندەکان، بە واتایەکی تر، کایە بنەڕەتییەکانی ژیان، نەتوانرا بە تەواوی لە تۆڕێکی کۆنفیدراڵدا بنیات بنرێن کە بەردەوام، نەرم، گشتگیر و تەواوکاری یەکتر بن. ئەو تێڕوانینەی بە هۆی پۆزەتیڤیزم، دۆگماتیزم یان شێوازە فیکرییە جیاوازەکانەوە شێوەی گرتبوو کە وەک پارچەپارچە و لێکدابڕاو مامەڵەی لەگەڵ ئەم کایانەدا دەکرد، نەتوانرا بە تەواوی تێپەڕێنرێت.

لەلایەکی دیکە، هەرچەندە ئەزموونی تەواوی ئەم ڕەهەندانە لە ناو هزری کۆمەڵایەتی و یادەوەریی کۆمەڵایەتیدا وەک گەنجینەیەکی بێپایان و دەوڵەمەند تۆمار کراون، بەڵام پێشەنگ، کادر و دۆستانی شۆڕشی ژنانی ڕۆژئاڤا، هەروەها ئەو هەزاران کادرە ناوخۆییانەی لە مەیدانی شۆڕشدا بوون، لە خوێندنەوە و سوودوەرگرتن لەم گەنجینەیەدا لاواز مانەوە.

لە شۆڕشی ڕۆژئاڤادا، هەوڵدرا ئەم هەشت ڕەهەندە لە کایە گشتییەکەی کۆمەڵگەشدا بنیات بنرێن و لەپاڵ ڕەهەندە تایبەتەکاندا، هەزاران ژن بەشدارییان لە ڕێکخستنی کایە گشتییەکانیشدا کرد. ئێمە وەک ژن، لەوەشدا کەموکوڕ بووین کە نەمانتوانی پێشەنگایەتیەکی دروستی ئەم بنیاتە گشتییانە بکەین بە ئاراستەیەکی دروست و مۆدێل و نموونەی ڕاستەقینە بخولقێنین. لە هەمان کاتدا، دەمانتوانی بە شێوەیەکی بەهێزتر گرنگیی ژیانیی ڕێکخستنی ئەم ڕەهەندانە بە هەموو توێژەکانی کۆمەڵگە بگەیەنین. دەمانتوانی خوێندنەوەی زانستیتر و بابەتییانەتر بۆ سۆسیۆلۆژیا و دەروونناسیی ژنان و کۆمەڵگەکانی گەلانی جیاواز لە ڕۆژئاڤا و باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بکەین. دەمانتوانی پڕۆژەگەلێک پەرەپێبدەین کە بە شێوەیەکی بابەتییانەتر کۆدە مێژووییەکان، شێوازە کولتوورییەکان و بەتایبەتی کاریگەریی ئایین لەبەرچاو بگرن.

لەم ڕووەوە، پێم وایە یەکێک لە بنەڕەتیترین وانەکانی شۆڕشی ژنانی ڕۆژئاڤا ڕێک ئەمەیە: کە هەر بزووتنەوەیەکی ئازادیی ژنان دەبێت لەو جوگرافیایەی لێی دەژیت، بە شێوەیەکی سۆسیۆلۆژی، مێژوویی و کولتووری لە دیاردەی ئایین و سیستمە باوەڕییەکان تێبگات و بە قووڵی درکی پێ بکات.

ژنێک پابەند بێت بە باوەڕێکی ئایینی یان نا، ئەگەر نەتوانێت بە دروستی لێکدانەوە بۆ کەشی ئایینی و باوەڕی ئەو جوگرافیایەی لێی دەژیت و ئەو مەیدانە شۆڕشگێڕانەی کارلێکیان لەگەڵ دەکات و کاریگەرییان لێ وەردەگرێت بکات، ناتوانێت دیدگایەکی دروست بۆ شۆڕشی ژنان پەرەپێبدات.

جوگرافیای ئەورووپا کە دووسەد ساڵ لەمەوبەر شەڕی ئایینیی زۆر خوێناوی و سەختی بەخۆوە بینی، هەروەها لە سەدەی ڕابردوو و لەمڕۆشدا جوگرافیای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵکان، هیندستان-پاکستان و ناوچەکانی تریش، لەم ڕووەوە بە ئەزموونی زۆر بەئازار و تراژیدیدا تێپەڕیون و هێشتاش بەردەوامن. ئەم ئەزموونانە هەرگیز لە یادەوەریی گەلان و پێکهاتە باوەڕییەکاندا ناسڕدرێنەوە، تەنیا لەو ساتەدا نامێننەوە کە تێیدا ڕوویانداوە. ئەو شەڕانەی بە ناوی ئایینەوە دەکرێن، لە یادەوەریی بەکۆمەڵدا کۆد دەکرێن و شوێنەوار و کاریگەرییەکانیان بە زیندوویی دەمێننەوە. ئەوان ڕق و کینە بەرهەم دەهێنن، یان ژیانی هاوبەشی کۆمەڵگە، یەکێتیی چارەنووسی گەلان و هیواکانی ژیانی دیموکراتیک و ئازاد ژەهراوی دەکەن. لەم سۆنگەیەوە، تێکۆشانی ژنان دەبێت مێژووییبوونی باوەڕە ئایینییەکان و ئەو کاریگەرییانەی لەو ناوچانەی تێیدا گەشە دەکەن و کاریگەرییان هەیە دروستیان کردووە، بناسن و لێکدانەوەیان بۆ بکەن.

بۆ نموونە، یاساکانی ژنان کە لە شۆڕشی ژنانی ڕۆژئاڤادا دەرچوون و ئەزموونی جێبەجێکردنیان، ئەزموونێکی شایستەی شیکردنەوەن لەم دیدگای ئایین و باوەڕەوە. هەرچەندە لە هەمان جوگرافیادا دەژین و باوەڕیان بە هەمان ئایین هەیە، بەڵام کۆدە کولتوورییە دێرینەکانی کۆمەڵگەکان وایان کردووە خوێندنەوە، ناوەکییکردن و جێبەجێکردنی ئەم یاسایانە جیاواز بێت. ئەو ئەنجام و داتایانەی دەرکەوتوون زۆر دەوڵەمەندن.

باوەڕی گەلان و پێکهاتە ئایینییەکانیان، هەروەها ئەو شێوازانەی کە سیستەمی سەرمایەداری، هێزە کۆنەپەرستە ناوخۆییەکان، دەوڵەت-نەتەوەکان و هێزە میلیشیاکانی ژێر کاریگەرییان، ئەم پێکهاتانە بۆ بەرژەوەندیی خۆیان هان دەدەن، بەکاریدەهێنن، دەیشێوێنن، بابەتگەلێکی ژیانی و شایستەی شیکردنەوەن. ئێمە وەک ژن، هەموو ڕۆژێک لە زۆر شوێنی جیهان ئەو دێوەزمانە دەبینین کە لەلایەن ئەم سیاستە ناشیرینەی کە هیچ بەهایەکی ئەخلاقی ناناسێت، دروست دەکرێن و ئەو ژیانەی وێرانیان دەکات. لەبەر ئەم هۆکارە، پێم وایە دەبێت ئەم پرسە بە تایبەتی بوروژێنرێت و لە بواری ئەکادیمیدا لێکۆڵینەوەی لەسەر بکرێت.

کاتێک باس لە ڕێکخستنی ژیانی کۆمەڵایەتی لە ڕێگەی ڕەهەندە بنەڕەتییەکانیەوە دەکەین، پێویستە ئاماژە بە بیرۆکەی “ئینتگراسیۆنی دیموکراتیک” و کاریگەرییەکانی لەسەر شۆڕشی ژنان بدەین کە یەکێکە لەو دیاردانەی زۆرترین جۆش و خرۆش و مەیلی لێکۆڵینەوە دەوروژێنێت. بێگومان، ئەمە بابەتێکی ئەوەندە فرەڕەهەند و ئاڵۆزە کە دەکرێت ببێتە بابەتی چەندین نووسینی جیاواز و دەبێت بە وریایی و هۆشیارییەکی زۆرەوە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت، چونکە پەیوەندییەکی نزیکی بە هەموو ژیانمانەوە هەیە. بەتایبەتی لە جیهانی ئەمڕۆدا، کە هێزە ئیمپریالیستە جیهانییەکان سەرقاڵی دیاریکردن و جێبەجێکردنی پلان و پڕۆژەی نوێن بۆ هەموو جیهان و بەتایبەتی بۆ دەوڵەت-نەتەوەکان، تێگەیشتنی دروست و جێبەجێکردنی ئەم پرسە بابەتێکی ژیانییە.

چۆن پێویستە خوێندنەوە و لێکدانەوە بۆ ئینتگراسیۆنی دیموکراتیک بکەین لە پەیوەندی لەگەڵ دۆخی گشتیی ڕۆژئاڤا و بەتایبەتی لەگەڵ شۆڕشی ژنانی ڕۆژئاڤادا؟ وەڵامی ئەم پرسیارە لە قۆناغی داهاتووشدا وەک ئەجێندایەکی بنەڕەتییە. بۆ ئێستا، تەنیا ئاماژەدان بە چەند خاڵێک لە چوارچێوەی ئەم وتارەدا بەسە. ئەگەر هێزەکانی شۆڕشی ژنانی ڕۆژئاڤا، کە ڕەهەندە بنەڕەتییەکانی ژیان (وەک ئەوەی لەسەرەوە ئاماژەی پێدرا) پێناسە بکەن و بە بەهێزی ڕێکخی بخەن، بتوانن ئەمە بە سەرکەوتوویی ئەنجام بدەن، ئەوا بێگومان دەگەنە ئینتگراسیۆنێک لەسەر بنەمایەکی دیموکراتیک و پرەنسیپی.

کوردان وەک هێز و پێکهاتەیەکی بنەڕەتیی دەوڵەتی سووریا، وەک هەموو دەوڵەتەکانی تر، تیشک دەخەنە سەر تێکۆشان بۆ بەدەستهێنانی مافە دیموکراتییەکانیان. ژنانی کوردیش، وەک هەمیشە، دەبێت لە هەموو کایەکانی ژیاندا بە تێگەیشتنێکی تۆکمە و قووڵی دیموکراسی، وەک تەوەرەی سەرەکیی ئەم تێکۆشانە، بە ڕێکخراوەیی بمێننەوە. مێژوو دەیان نموونەمان نیشان دەدات لەوانەی بۆ مافەکانیان جەنگاون و بەدەستیان هێناوە، بەڵام دواتر لەدەستیان داوە چونکە نەیانتوانیوە ڕێکخستنەکەیان بپارێزن. لە ڕوانگەی شۆڕشی ژنانی ڕۆژئاڤاوە، ئەم مەترسییە بە ڕادەیەکی زۆر بوونی هەیە.

نە توانەوە لە ژێر ناوی ئینتیگراسیۆن، نە مانەوە لە دۆخی یاخیبوونی بەردەوام و پەکخستنی هێز لە ژێر ناوی ئۆپۆزسیۆن بووندا، دیدگای بنەڕەتیی شۆڕشی ژنان بریتییە لە: بوونی هۆشیاری، ڕێکخراوەیی، و بەردەوامبوون لە بوونێکی ئازاد لە هەموو کایەکانی ژیاندا.

دوای ئەوە چی ڕوودەدات؟

بێگومان مەترسیی قورس، هەڕەشەی بەردەوام، زەمینەیەکی سۆسیۆلۆژیی سەخت و چەندین فاکتەری نەرێنیی تر هەن. بەڵێ، سەردەمێکی تاریک، ڕۆحێکی فاشیستی و دەستێکی گڵاو بەسەر ئێمەدا دەسەپێنرێت، بەسەر مرۆڤەکان لە هەموو شوێنێکی جیهان، بەسەر ژنان و هەموو گروپە چەوساوەکان و بەتایبەتی بەسەر منداڵەکانماندا. کۆمەڵگەکان بەرەو ناو “قەفەسی ئاسنین”ی دەوڵەت-نەتەوە پاڵپێوە دەنرێن. چەندین پەرەسەندنی نائومێدکەر و هیوا-بڕ دەورمان دەدەن. لە سەردەمێکی ئاوادا، ڕەنگە کەسێک بپرسێت: ئایا ئینتیگراسیۆنی دیموکراتیک لەگەڵ دەوڵەتدا مومکینە؟ لە ڕاستیدا زۆر کەس ئەم پرسیارە دەکەن.

بەڵێ، ئەو کەسانەی لە ناو خۆیاندا، لەسەر ئاستی هۆشیاری و ڕێکخستن، دیموکراسی، کۆمیناڵبوون، ژیانی بەکۆمەڵ، و بەهاکانی سۆسیالیزم و ئازادی بنیات دەنێن، لە بەرامبەر لایەنە تاریک، دژە-دیموکرات و دژە-مرۆییەکانی دەوڵەتدا، لە ڕێگەی ئینتگراسیۆنەوە ناتوێنەوە. ئەوان بوونی خۆیان بە تۆکمەیی و وەک “خۆبوون” ڕێکدەخەن، لە کاتێکدا هەمیشە وریان لە مەترسییەکانی کۆمەڵکوژی. تێگەیشتن لەم دیاردەیە تەنیا بە بینین و هەستکردن بەو دێوەزمانەی ژیانی سەرمایەداری، دەمارگیریی مەزهەبی و تاریکیی داعش کە لە دەوروبەرمان دروستکراون، دەبێتە کارێکی گونجاو.

لە دژی ئەو هێزانەی بەردەوام دژایەتی دەکرێن، دەکرێنە “ئەویتر” و بە “تیرۆریست” ناوزەند دەکرێن، گەورەترین چەک هەمیشە ئەو ئارگومێنتانە بووە کە دەڵێن “ئەوان دەیانەوێت دەوڵەت تێکبدەن” یان “ئەوان مەترسین بۆ سەر یەکپارچەیی دەوڵەت”. سەندنەوەی ئەم ئارگومێنتانە لەوانەی بەکاری دەهێنن و گۆڕینیان بۆ زەمینەیەک بۆ خۆڕێکخستنی ژیانی ئازاد و دیموکراتیانە، ڕێگەیەکی گرنگە بەرەو پێشەوە، بێگومان بە هۆشیارییەکی بەهێزی ئازادی، هۆشیاریی بوونگەرایی، و هێزێکی بەردەوامی بنیاتنەر.

ئەمەش، لە بەرامبەردا، بەندە بە توانای ئێمە بۆ بنیاتنانی هەموو ئەو ڕەهەندانەی لە سەرەوە ئاماژەیان پێدرا، بە شێوەیەکی بەهێز و بە پێشەنگی ژنان. خاڵی سەرەکی لێرەدا، داننانی یاسایی و دادوەرییە بە مافەکان. سەندنەوەی شەرعیەت لەوانەی دەیانەوێت واتای بوونمان لە دەرەوەی یاسا قەتیس بکەن، ئەوانەی بەردەوام هەوڵ دەدەن وەک تاوانبار دادگاییمان بکەن، ستراتیژییەکی گرنگ دەبێت و پێگەی نوێش بۆ شۆڕشی ژنان دەکاتەوە. لێرەدا دیسان، چەمک و ئارگومێنتەکانی “خۆزیادکردن”، زیادکردنی ویست، چارەسەر، هۆشیاری و ڕێکخستنمان، و لەو ڕێگەیەشەوە فراوانکردنی مەودای سیاسەت، گرنگییەکی یەکلاکەرەوەی هەیە.

یەکێک لەو بابەتانەی زۆرترین مشتومڕی لەسەرە سەبارەت بە شۆڕشی ڕۆژئاڤا، پرسی پەیوەندییەکانە لەگەڵ دەوڵەت و هێزە نێودەوڵەتییەکانی سەر زەوی، بەتایبەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ڕووسیا، ئیسرائیل و فەڕەنسا. ئۆجالان، کە گەورەترین پشکی هەبووە لە داڕشتنی شۆڕشی ڕۆژئاڤادا، لە سەرەتاوە چەندین ئاگادارکردنەوە و دیدی خۆی دەربارەی ئەم بابەتانە پێشکەش کردووە:

“ئێمە دەزانین ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا چۆن دژی هێڵی ڕێبەرایەتیی ئێمە و بزووتنەوەی ئازادی تێکۆشاوە و تا ئێستا چی کردووە. بۆیە دەبێت زۆر وریای ئەو پەیوەندییانە بن کە لەمەودوا لە سووریادا لەگەڵ ئەمریکا دەست پێدەکەن. دەبێت بە هۆشیاری و چاوکراوەییەوە مامەڵە بکەن. ئامانجی ئەمریکا پاکتاوکردنی هێڵی ڕێبەرایەتیی ئێمە و بزووتنەوەی ئازادی دەبێت لە ڕۆژئاڤا… بەڵام نابێت مرۆڤ تەنیا لەبەر ئەوەی ئەوان بە ئامانجێکی وەهاوە نزیک دەبنەوە، خۆی لە دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ ئەمریکادا بپارێزێت. دەکرێت پەیوەندی لەگەڵ ئەمریکا دروست بکرێت، نەک تەنیا ئەمریکا، بەڵکو لەگەڵ هەر هێزێکی تر کە خوازیار بێت. دیارە کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە چ واقیعێکدا تێپەڕ دەبن، دیارە واقیعی جیهان چییە. دەکرێت لەسەر بنەمایەکی پرەنسیپی پەیوەندی لەگەڵ هەموو هێزەکان دروست بکرێت. لە کۆتاییدا ئەمانە پەیوەندیی تاکتیکین. بۆیە نابێت مرۆڤ دوودڵ بێت لە چوونە ناو پەیوەندیی سیاسی، سەربازی و دیپلۆماسییەوە.”

ئەم هەڵسەنگاندنانە، ئاراستەی سەرەکی بۆ شۆڕشی ڕۆژئاڤا و ئەو شۆڕشەی ژنان پێکدەهێنن کە لە ناویدا گەشەی کرد و پێشەنگایەتی بۆ کرد. ئەمانە پوختەی زۆرێک لەو لایەنانەن کە دەبوو هەبن. بەڵام ئایا پەیوەندییەکان بەم ئاراستەیەدا گەشەیان کرد؟ ئەمە بابەتێکی جێی مشتومڕە. بەتایبەتی لە پەیوەندی لەگەڵ ئەجێندای سووریا و ڕۆژئاڤا کە لەگەڵ هێرشەکانی ٦ی کانوونی دووەمی حەلەب دەستی پێکرد و هێشتاش بە چڕی گفتوگۆی لەسەر دەکرێت، ئەمە بووەتە یەکێک لە مشتومڕە ناوەندییەکانی ناو باسەکە.

لە ڕوانگەی هێزە شۆڕشگێڕەکانی ڕۆژئاڤاوە، چەندین پێناسە و دەربڕینی وەک “پشتبەستن بە ئەمریکا و هێزە ڕۆژئاواییەکان و ئیسرائیل”، “متمانەی زۆر پێکردنیان”، “ڕێگەدان بەوەی وەک ئامراز بەکاربهێنرێن”، “خیانەت لێکردن” و “فرۆشتن” دەوترانەوە. لە لایەکی تریشەوە، لە ڕوانگەی هێزە ئەمریکییەکانەوە، دەستەواژەی وەک “فرۆشتن”، “خیانەتکردن”، “بەجێهێشتن”، “پشتگوێخستن” و “بەکارهێنان” و چەندین وەسفی تری هاوشێوە بەکار دەهێنران.

ئەوەی کە ئایا ئەم پێناسانە و ئەم ناونانە بۆ زمانی سیاسەت و دیپلۆماسی گونجاون یان نا، بابەتێکی ترە. بەڵام ڕاستییەک هەیە بۆ هێزە شۆڕشگێڕەکانی ڕۆژئاڤا، ڕەهەندی پەیوەندییە دیموکراتییەکان، هاوپەیمانییەکان، یان دیپلۆماسی – یەکێکە لە ڕەهەندە بنەڕەتییەکانی نەتەوەی دیموکراتیک- لە ئاستی پەیوەندیکردن بە گەلان، هێزە دیموکراتە ئەلتەرناتیڤەکان و هێزی ناوخۆیی خۆیاندا، زۆر بە ناتەواوی ڕێکخرابوو. ئایا ڕێکخستنی ئەم ڕەهەندە بە شێوەیەکی زۆر بەهێزتر، دەکرا ئەنجامەکان بە تەواوی بگۆڕێت؟ ناتوانین بە تەواوی بیزانین، بەڵام ئەگەری ئەوەی زیانە ماددی و مەعنەوییەکان زۆر کەمتر ببوونایە، زۆر بەرزە. لەم سۆنگەیەوە، ئەزموونی شۆڕشی ڕۆژئاڤا نیشانی دا لە پەیوەندی لەگەڵ هێزە هەژموونخوازە جیهانی و ناوچەییەکاندا، هەڵوێستی نەرم و داهێنەرانە لەگەڵ پاراستنی پرەنسیپەکان، بەهایەکی ئێجگار گەورەی هەیە.

بۆ هێزەکانی شۆڕشی ژنانی ڕۆژئاڤاش، ئەم شیکردنەوە ڕەخنەییە پێویستە. ژنان دەیانتوانی ڕێگەی بێهاوتا و نوێتر بدۆزنەوە بۆ ڕەنگدانەوەی عەقڵی بەکۆمەڵی ژنان لە کایەی دیپلۆماسیدا بە شێوەیەکی ڕێکخراو و داهێنەرانە. سەبارەت بەو کەموکوڕیانەی لەم بوارەدا ڕوویاندا، دەیانتوانی بە دەسپێشخەرییەکی ڕێکخراوتر و بوێرانەتر بجوڵێنەوە، هاوتەریب لەگەڵ ئەو ڕەخنانەی پێشتر گرتبوویان و ئەو پێشبینییانەی هەیانبوو.

بێگومان ئەوەش گرنگە کێ هەڵسەنگاندن بۆ پەیوەندییەکان لەگەڵ هێزە هەژموونخوازە جیهانی و ناوچەییەکان دەکات، بۆ چ مەبەستێک و لە چ دیدگایەکەوەیە. هێزە شۆڕشگێڕەکانی ڕۆژئاڤا دەبوو لە پەیوەندییەکی دیالێکتیکێکدا بجوڵێنەوە کە لە هەمان کاتدا هەم دژبەیەک بوو، هەمیش پەیوەست بوو بە هێزەکانی وەک ئیسرائیل و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. ئەمە هاوکێشە یان فۆرمولەیەک نییە کە بەڕێوەبردنی ئاسان بێت- بەتایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا نەبێت- کە گۆڕانکارییەکان تێیدا ڕۆژانەن. هەرچەندە بزووتنەوەی ژنان هەمیشە هەستیاری و هۆشیارییەکی ڕەخنەیی لەسەر ئەم بابەتە پاراستووە، بەڵام توانای گۆڕینی ئەمە بۆ سیاسەتێکی پراکتیکی بە سنوورداری مابووەوە. ئەم ئەزموونە، بە هەردوو لایەنە ئەرێنی و نەرێنییەکەیەوە، جارێکی تر ناچارمان دەکات سەرنج بخەینە سەر “هونەری سیاسەت” و گەیشتن بەو ئەنجامانەی کار دەکەنە سەر ژیانمان. بۆ نموونە، لە ڕۆژئاڤا ژنان دامەزراوەی گرنگیان لە ڕەهەندی دیپلۆماسیشدا دامەزراند. ئەی بۆچی سەرەڕای بوونی ئەو هەموو دامەزراوە و شێوازە جیاوازانەی ڕێکخستن، ئەمانە نەگۆڕدران بۆ ئەو پەیوەندی و هاوپەیمانییە دیموکراتییانەی کە مەبەست بوو؟

ئەم پرسیارە دەمانبات بەرەو تێڕامان لە پەیوەندی نێوان وزەی خرۆشاو و لێشاوی ئازادی و ئەو وزە جێگیر و ماددییەی لە دامەزراوەبووندا بەرجەستە دەبێت؛ ئەمەش لەو پرۆسانەی ژنان تێیدا هەوڵ دەدەن کێشەکانی ئازادیی خۆیان لە دیدگای شۆڕشی ژنان یان تێکۆشانی ئازادیی ژنانەوە چارەسەر بکەن. کەواتە، لەپاڵ پاراستنی خرۆشاویی وزەی ئازادیی ژنان، ئەرکی ئەوەشمان لەسەر شانە لێکۆڵینەوە بکەین لەوەی کەی و چۆن ئەم وزەیە وەک دیاردەیەکی سۆسیۆلۆژیی بنەڕەتی فۆرم وەربگرێت.

دەتوانین ئەمە لە نموونەی بەرجەستەی شۆڕشی ژنانی ڕۆژئاڤادا ئەنجام بدەین. بۆ نموونە: وزەی ئازادیی ئێمە لە شۆڕشی ژنانی ڕۆژئاڤادا چ فۆرمێکی لەخۆگرت؟ وزەی فرەڕەهەند، دەوڵەمەند، داهێنەر و ڕەنگاوڕەنگەکەی ژنانمان خستە کام قاڵب و فۆرمەوە؟ گرنگە شیکردنەوە بۆ دیاردەکانی وەک ڕێکخستن، دامەزراوەبوون، پەیماننامەکان، یاساکانی ژنان و پێکهاتە هاوشێوەکان بکەین، هەم لایەنە ئەرێنی و هەم نەرێنییەکانیان. دەتوانین ئەمە لە ڕێگەی بەراوردکردنی کارە دامەزراوەییەکان لەگەڵ ئەو چالاکییانەی بەبێ پێکهاتەیەکی دامەزراوەیی تەواو بەردەوامن و کاردەکەن ئەنجام بدەین، هەروەها لە ڕێگەی شیکردنەوەی ئەوەی چۆن کۆمەڵگە کایە سروشتییەکانی ژیانی خۆی بەبێ دامەزراوەی دیار دەپارێزێت.

زۆرێک لە ژنانی سۆسیۆلۆگ، مێژوونووس و زانایانی سیاسی دەتوانن سەردانی ڕۆژئاڤا بکەن بۆ لێکۆڵینەوە لەم بابەتانە و چەندین پرسی تریش لە دیدگای فێمینیستی و ژنۆلۆژییەوە. دڵنیام زۆرێک لەو ژنانەی سەردانی لەو شێوەیە دەکەن، دەگەنە ئەنجامێکی زۆر دەوڵەمەندتر لەو تێبینی و ئاماژانەی من سەرنجم خستنە سەر و هەوڵم داوە لەم دەقەدا بەشییان بکەم. ژنانی ڕەنجدەر و بەرخۆدەری شۆڕشی ڕۆژئاڤا، کە لە زۆر وڵاتی جیهاندا بڵاوبوونەتەوە، لە ڕێگەی شیکردنەوەی بەهێزەوە داکۆکی لەم ئەزموونە دەکەن و بەرەو پێشی دەبەن. بڕوا و متمانەم بەمە زۆر بەهێزە، چونکە تەنانەت لە سەختترین کاتەکاندا ژنانی جیهان و ژنان لە مەیدانی شۆڕشی ڕۆژئاڤادا دەستیان لە بەرگریکردن، زەردەخەنە، هیوا، خۆشەویستی و بەرهەمهێنان هەڵنەگرت. ئەوان جارێکی تریش کۆڵ نادەن و هەر وەک چۆن نان و ئاو بەش دەکرێت، ئەوانیش دانایی، ئەزموون، هۆشیاری و ڕۆشنگەریی زانستیی خۆیان لەگەڵ یەکتردا بەش دەکەن و دەبنە خاوەنی هەنگاوی بوێرانە لەسەر ڕێگای شۆڕشی ژنان.

گرنگە شۆڕشی ژنانی ڕۆژئاڤا لە دیدگایەکی ئینتەرناسیۆنالیستییەوە بخوێندرێتەوە. لە ڕاستیدا، ئەزموونی ڕۆژئاڤا تێگەیشتن و پێناسەی ئینتەرناسیۆنالیزمی گۆڕیوە و بەردەوامیشە لە گۆڕینی. ئەوەی لە ماوەی دوو مانگدا ( مانگەکانی کانوونی دووەم و شوباتی ٢٠٢٦) لە سەرتاسەری جیهان ڕوویدا، لەسەر بنەمای هاوپشتیی گەلان لەگەڵ شۆڕشی ڕۆژئاڤا، جارێکی تر ئەمە دەسەلمێنێتەوە. هەموو ئەو ژن و پیاوانەی بەشدارییان لە شۆڕشی ڕۆژئاڤادا کردووە، تۆکمەترین ئەندامانی “ئینتەرناسیۆنالێکی کۆمیناڵ”ی نوێن.

ئەم شۆڕشە بە شێوەیەکی بنەڕەتی ئەو تێگەیشتنەی بۆ ئینتەرناسیۆنالیزم گۆڕی کە لە شۆڕشەکانی سەدەی بیستەمدا هەبوو. ئینتەرناسیۆنالیزم چیتر تەنیا پەیوەست نییە بەوانەی لە دەرەوە دێن بۆ ناو شۆڕشی وڵاتێکی تر، یان تەنیا هاوپشتیی نێوان شۆڕشگێڕانی وڵاتە جیاوازەکان. ئەو تێکۆشانەی هەرکەسێک لە وڵاتی خۆیدا دژی سیستەمی سەرمایەداری و دژی توندوتیژیی دەوڵەت-نەتەوەی خۆی پەرەی پێ دەدات، بەهایەکی ئینتەرناسیۆنالیستی و مانایەکی تایبەتی هەیە. ئەو دیاردە بنەڕەتییەی ڕۆژئاڤا لەم سۆنگەیەوە داڕشت و دروستی کرد، ئەوە بوو ژنان، سەرەتا شکستیان بەو دڕندەییە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەی تاریکترین هێزەکانی جیهان وەک داعش هێنا. ئەم شکستە، یان سەرکەوتنی ڕۆژئاڤا، هەڵگری مانایەکی ئینتەرناسیۆنالیستییە. ڕاوەستاندن یان تێکشکاندنی داعش و سەلماندنی ئەوەی دەکرێت تێکبشکێنرێت، کۆمەکێک بوو لە خۆپاراستنی تەواوی جیهان، کارێکی خۆپاراستنی پڕ باج، شکۆمەند و مێژوویی بوو. هەر بۆیە گەلانی جیهان ئامێزیان بۆ گرتەوە. هەر بۆیە هەر کەسێک بەشداری لە شۆڕشی ڕۆژئاڤادا کردبێت، ئینتەرناسیۆنالیستێکی بەهێز و خۆڕاگرە.

لەسەر ئەم بنەمایە، هەرچەندە ڕەنگە تۆڕەکانی پاراستنی ڕۆژئاڤا (Women Defend Rojava) وەک تۆڕی هاوپشتی دەربکەون لە دەوری شۆڕشی ڕۆژئاڤا، بەڵام لە ڕاستیدا ئەزموونێکی ئێجگار گەورەیان بۆ ژنان لە تەواوی جیهاندا خوڵقاندووە و بەردەوامیشن. ئەمەش دەکرێت وەک نموونەیەک بۆ چەندبارەبوونەوە و زیادبوونی شۆڕش لە ناو خودی مرۆڤدا، یان هێزی فرەبوونی شۆڕش سەیر بکرێت.

زۆر گرنگە تۆڕەکانی پەیوەندی لە نێوان پێشەنگەکانی شۆڕشی ژنانی ڕۆژئاڤادا بە شێوەیەکی ڕۆژانە، بەردەوام و نەرم و گونجاو لەگەڵ پێداویستییەکاندا بمێننەوە. لە ماوەی ئەم پرۆسەیەدا و لە قۆناغەکانی پێشووتری شەڕیشدا، ئەزموونی دیاردەیەکمان کرد کە تێیدا تۆڕەکانی پاراستنی ڕۆژئاڤا (کە هەر یەکەیان لە بنەڕەتدا کۆمینێکن) کاتێک ئاستی شەڕ لە ڕۆژئاڤا کەمی دەکرد، کز دەبوون، بەڵام کاتێک شەڕ دەگەیشتە بەر دەرگا یان چڕ دەبووەوە، چالاک دەبوونەوە. پێویستە ئەوان لە هەڵوێستێکی وەها تێپەڕێنن. بەتایبەتی لەو قۆناغەی ئەمڕۆ پێی گەیشتووین، ئەمە بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانی ژنان لە مەیدانی شۆڕشی ڕۆژئاڤادا ئێجگار پێویستە.

بۆ نموونە، ئەو بوارانەی ژنۆلۆژی تێیاندا لە مەیدانی شۆڕشی ڕۆژئاڤادا پێگەی بەدەستهێناوە وەک: فاکەڵتیی ژنۆلۆژی و بەرنامەکانی ماستەر لە زانکۆ، سەنتەرەکانی ژنۆلۆژی، ئەکادیمیاکانی ژنۆلۆژی و وانەکانی ژنۆلۆژی بۆ خوێندکارانی ئامادەیی. هەرچەندە هێشتا ناتەواوە، بەڵام ئەزموونێکی بێوێنە لە ڕووی کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیکی ژنانەوە هەیە. پێویستە ئەنجومەنەکانی ژنان، کۆپەراتیفەکان، و دامەزراوە و ڕێکخراوەکانی ژنان لە هەموو کایەکانی ژیانی کۆمەڵایەتیدا، بە عەقڵ و هەستی بەکۆمەڵی ژنان بەرگرییان لێ بکرێت. تۆڕەکانی پاراستنی ڕۆژئاڤا دەتوانن ڕۆڵێکی بێوێنە بگێڕن هەم لە ناساندنی ئەم دەستکەوتانە بە جیهان و هەم لە بەرگریکردن لێیان لە کاتێکدا کە لەژێر هەڕەشەدان.

لە کۆتاییدا، دەمەوێت ئاماژە بەو تاوانانەی شەڕ بکەم کە لە کاتی هێرشەکان بۆ سەر شۆڕشی ڕۆژئاڤا و شۆڕشی ژنان ڕوویاندا، کە لە ٦ی کانوونی دووەمەوە دەستی پێکرد و لە هەندێک ناوچەدا بەردەوامە، لە کاتی نووسینی ئەم دەقەدا، کۆبانێ هێشتا لەژێر گەمارۆدایە. لەم ڕووەوە، ڕاپۆرتەکانی “تاوانەکانی شەڕ لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا” (دوو ڕاپۆرت، یەکێکیان تیشک دەخاتە سەر ژنان و ئەوەی تریان لەسەر منداڵان) کە لەلایەن ئەکادیمیای ژنۆلۆژیی ڕۆژئاڤاوە ئامادە کراون، بە هەشت زمان بڵاوکراونەتەوە و کاریگەرییەکی بەرفراوانیان دروست کردووە، زانیاریی زۆر گرنگ دەخەنە ڕوو.

خوێندنەوەی ئەم ڕاپۆرتانە ئێجگار گرنگە، نەک تەنیا بۆ تێگەیشتن لە بارودۆخی وڵاتێک، بەڵکو بۆ ناسینەوەی دووبارەی ئەو شەڕە بێوچانەی کە لە سەرانسەری جیهاندا دژی ژنان بەڕێوەدەچێت. کاتێک کۆتایی بەم دەقە دەهێنم، پێشنیاری ڕێکخستنی چالاکییەکی جیهانی لەلایەن ژنانی جیهانەوە سەبارەت بەم تاوانانەی شەڕ دەکەم. پێم وایە ئەو ژنانەی بەتایبەتی لە بواری یاساییدا کار دەکەن، هەروەها سیاسییەکان، ئەکادیمییەکان، چالاکوانانی ئازادیی ژنان، ڕەنجدەران و ئەو ژنانەی لە هەموو شوێنێکی جیهاندا دەژین، دەبێت یەکبگرن و وەڵامێکی بەکۆمەڵی بەهێز بدەنەوە، لە هەر شوێنێک کە تاوانی لەو شێوەیە ڕووبدات.

دەمانەوێت جارێکی تریش ئەوە وەبیر بهێنینەوە شۆڕشی ڕۆژئاڤا و شۆڕشی ژنان لە سووریایەکدا گەشەیان کرد کە هەموو دڕندەییەکانی شەڕی جیهانیی سێیەمی تێدا نمایش کراوە. ئەم دڕندەییانە لە ناو ئەو کەشوهەوایەی پەیوەندی و دژبەرییانەدا قووڵتر بوونەوە بەهۆی سیاسەتەکانی دەوڵەتی تورکیا و دەوڵەتانی تری ناوچەکە و هێزە جیهانییەکان بەرامبەر بە ڕۆژئاڤا داڕێژرابوون.

لەو هەلومەرجەدا زۆرێک لەو هیوا، بیرۆکە و پڕۆژانەی ژنان سەبارەت بە هەموو کایەکانی ژیان پەرەیان پێدابوو، بە نیوەچڵی مانەوە، یان بە کەمی جێبەجێ کران، یان لە ناو ئەو نادیارییەی شەڕ دروستی کردبوو، ون بوون. لە گەمارۆی قورسی ئابوورییەوە (کە هیچ دەروازەیەکی گومرگی بە ڕووی ڕۆژئاڤادا نەکرایەوە)، تا دەگاتە هێرشە سەربازییە ڕۆژانەییەکان، لە بڕینی سەرچاوە ئاوییەکان کە بەرەو ڕۆژئاڤا دەچن، تا دەگاتە تێکەڵکردنی ماددەی زیانبەخش و ماددەی هۆشبەر بە دەرمان و بارە خۆراکەکان، لە بڵاوکردنەوەی بەئەنقەستی بازرگانیی ماددەی هۆشبەر و لەشفرۆشی، تا دەگاتە دروستکردنی تۆڕی سیخوڕی، لە پچڕاندنی پەیوەندی و کارلێکی بواری ئەکادیمی لەگەڵ کایەکانی تر، تا دەگاتە ڕێگریکردن لە گەیشتنی دەرمان و کەلوپەلی تەکنیکیی پێویست بۆ کەرتی تەندروستی، و لە هاتنی ئەو ڕێکخراوانەی لە وڵاتە جیاوازەکانەوە لەژێر ناوی کۆمەڵگەی مەدەنی دێن و زیان بە پێکهاتەی کۆمەڵایەتی دەگەیەنن، شۆڕشی ژنانی ڕۆژئاڤا شۆڕشی ئەو ژنانەیە کە لەژێر هێرشێکی بێبەزەییانەدا تێکۆشان بۆ ژیان دەکەن.

لەم ڕووەوە، شۆڕشی ڕۆژئاڤا هاوشێوەی ئەو سیاسەتی تۆڵەسەندنەوە و سەپاندنی ڕادەستبوونەوەی ئاراستەی شۆڕشی کوبا کرا و هاوشێوەی ئەو شەڕە وێرانکەرەیە کە بەرەی ئیمپریالیستی دژی شۆڕشی ڕووسیا بەرپای کرد. ئەم ئەزموونە لە زۆر لایەنەوە لەگەڵ ئەزموونە شۆڕشگێڕییەکانی تری جیهاندا هاوبەشە. ئەو ژنانەی لەو وڵاتانەشدا دەژین، ڕەنگە بە قووڵی هەست بەمە بکەن، هاوسۆزییان هەبێت و ئەمڕۆ لە ساڕێژکردنی برینەکانی ڕۆژئاڤادا کاریگەرتر بن.

لەم سۆنگەیەوە، بانگەوازیم بۆ هەموو ئەو ژنانەیە کە خاوەن دڵێکی جوان و ڕۆحێکی خۆڕاگرن: چەندە بە دیدێکی ڕەخنەییەوە دەڕوانین، هێندەش با چاکساز و بنیاتنەر بین. چەندە هەوڵی تێگەیشتن دەدەین، هێندەش دەستی هاوکاری، ئەگەر تەنیا بە سڵاوێکیش بێت، بۆ ژنانی ڕۆژئاڤا درێژ بکەین و خۆشەویستی، هەڤاڵێتی و ئازادی چەند هێندە بکەین. با بە ئازارەکانمان، بە هیواکانمان، و بەو خوێنبەرانەی پڕن لە ئیرادە و بوێری و بڕیار، باوەش بە شۆڕشی ژنانی ڕۆژئاڤادا بکەین.

وتارەکەم بەو ڕستەیە کۆتایی پێ دەهێنم کە ژنە بوێرەکانی ئێران لەسەر دیوارێک نووسیویانە، و بە ڕێزەوە سڵاو بۆ هەموو ئەو ژن، دایک و گەنج و منداڵانە دەنێرم کە لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان دژی دڕندەیی، تێکۆشانی بۆ شکۆمەندیی و ئازادی دەکەن:

” ئێمە جگە لە شۆڕش هیچ ماڵێکی ترمان نییە!”

٢٥/ ٢ / ٢٠٢٦

پەلشین تۆڵهەڵدان، ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەری کەژەکە (کۆمەڵێن ژنێن کوردستان)

[1]  ئەنترۆپۆلۆژیست دەیڤید گرایبەر (لە کتێبەکەیدا شۆڕش لە ڕۆژاڤا: ئۆتۆنۆمی دیموکراتیک و ئازادی ژنان) ڕۆژاڤا بەم شێوەیە وەسف دەکات. “تاقیکردنەوەیەکی ئەزموونی دیموکراسی ڕادیکال.”

[2]   جانێت بیل (تیۆریستێکی ئیکۆلۆژیای کۆمەڵایەتی)، هاوکارێکی نزیکی موری بوکچین.

[3]  گیڵز داڤێ – ڕۆژاڤا – ئەفسانەیەکی ئازادیخوازانە؟

[4]  یاداشتەکانی ئیمرالی ٢٠١٤-٢٠١٥

[5]  هەڵسەنگاندنەکانی ئیمرالی ٢٠١٤ – ٢٠١٥

[6]  هەشت ڕەهەندەکەی کۆنفیدرالیزمی دیموکراتی ژنان، لە درێژەی وتارەکەدا باسی کراوە.

بابەتی پەیوەندیدار