کاریگەریی ٧٤ فەرمانەکە و مەترسیی فەرمانە نوێیەکان لەسەر ژنانی ئێزدی

ئەکادیمیای ژنۆلۆژی لە شەنگال

کولتوور و باوەڕی ئێزدایەتی

کولتوور و باوەڕی ئێزدایەتی، یەکێکە لە کولتوورەکانی تەوەری شارستانیەتی دیموکراتیک کە لە خاکی میزۆپۆتامیادا، بە هێز و فەلسەفەی کولتووری دایک-خوداوەند خۆی خەملاندووە. زۆرێک لە لێکۆڵینەوەکان نیشانی دەدەن کە مێژووی کولتوور، فەلسەفە و باوەڕی ئێزدایەتی دەگەڕێتەوە بۆ پێش شارستانیەتە دەوڵەتییەکان و ئایینە تاکخوداییەکان و فۆرمێکی ڕەسەنی باوەڕییە. واتە دەکرێت وەک کۆتێزی کولتووری کۆمەڵگەی سروشتی و باوەڕە تاکخوداییەکان سەیر بکرێت.

کاتێک ئەو بنەمایەی ئێزدایەتی تێیدا لەدایک بووە و ئەو تەوەرەی تێیدا بڵاوبووەتەوە لەبەرچاو بگیرێت، دەبینرێت یەکەمین شوێن و لانکەکانی کۆمەڵگەی دایکانە، کە لە هەمان کاتدا یەکەمین شوێن و لانکەکانی شارستانیەتن، شوێنەواری ئێزدایەتییان تێدایە. لە کولتووری کۆمەڵگەی ئێزدیی ڕەسەندا، ژیان-باوەڕ-کۆمەڵگە-ڕێوڕەسمە ئایینییەکان لەناو یەکدا شێوەیان گرتووە و ئەوەش زیاتر لە دەوروبەری بوونی ژن-دایکدا دەهۆنرێتەوە.

هەموو پیرۆزییەکان، تابوو، ڕێوڕەسم و وتەکانی کۆمەڵگەی دایکانە کە لە دەوروبەری ناسنامە و بوونی ژندا ئاوا بوون، لەناو کولتووری ئێزدایەتیدا هەن. لە میتۆلۆژیای ئافراندنی مرۆڤەوە تا چۆنێتیی مامەڵەکردنیان لەگەڵ سروشت، لە ڕێوڕەسمەکانی لەدایکبوون و مردنەوە تا باوەڕبوون بە وزە و ئەنیمیزم، بەڵگەی سەلمێنەر هەن. بوونی ژن، پێشەنگی و بەڕێوەبەریی ژن لە کولتووری ڕەسەنی ئێزدایەتیدا دیاریکەرە.

لە کولتوور و باوەڕی ئێزدایەتیدا زوڵم و خۆسەپاندن نییە؛ بەپێچەوانەوە، ژیان لە ئاشتی و ئارامیدا وەک فەلسەفەیەک پێشینەیە. لە هەمان کاتدا، بەرخودان و پاراستنی پاڵنەرە کولتووری و باوەڕییەکان زۆر بەرچاوە. هەر بۆیە لە مێژووی ئاوابوونی شارستانیەتە ناوەندییەکانەوە تاوەکو ڕۆژی ئەمڕۆمان، کۆمەڵگەی ئێزدی هەمیشە ڕووبەڕووی هێرشەکانی قڕکردن بووەتەوە. چ لە ڕووی جەستەییەوە بێت یان لە ڕووی کولتوور و باوەڕەوە، لە تەواوی مێژوودا هێرش بە مەبەستی قڕکردن ڕوویداوە. سەپاندنی زۆرەملێی گۆڕینی ئایین و دەستوەردان لە فۆرمەکانی ژیان، بەشێک بوون لەو هێرشانە. لەو هێرشانەشدا ژنان زیاترین زیانیان لێکەوتووە. لەو ٧٤ فەرمانەی بە دەستی تەوەری شارستانیەتی دەوڵەت کرانە سەر ئێزدییەکان، ئەوانەی زیاتر لە هەمووان کوژران، دیل گیران و ئەشکەنجە دران، ژنان بوون. بەتایبەتی لە فەرمانی ٧٤ەمدا (٤ی ئابی ٢٠١٤)، هەزاران ژنی ئێزدی بە دەستی داعش کوژران، ڕفێنران، دەستدرێژییان کرایە سەر و وەک کۆیلە لە بازاڕەکاندا فرۆشران. واتە لە کۆمەڵگەی ئێزدیدا، ئەوەی شێوەی بە کولتوور و باوەڕ داوە هەر ژنە، ئەوەش کە لە ئەنجامی جینۆسایدەکاندا زیاتر کراوەتە ئامانج و کوژراوە، دیسان ژنە.

لەبەر ئەوەی نەک تەنیا بە کاریگەریی فەرمانەکان، بەڵکو یەکێک لەو باوەڕانەی زیاترین کاریگەریی هێڵی شارستانیەتی ناوەندی لەسەر بووە، ئێزدایەتییە. ئەوە لە سەرانسەری مێژوودا بە شێوەیەکی پلانڕێژکراو بەڕێوە چووە. لەبەر تایبەتمەندییە دژە-سیستەمییەکانی، هەمیشە لەژێر هێرشی دەسەڵاتداری و پیاوسالاریدا بووە. سیاسەتەکانی قڕکردن زیاترین ئامانجیان توانەوەی کۆمەڵایەتی-کولتووری-باوەڕیی بووە، ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەی لەناو پێکهاتەی کۆمەڵگەشدا گۆڕانکاریی نەرێنی پەرە بسێنێت. زۆرێک لە تایبەتمەندییەکانی کولتووری نامۆ و دەرەکی بە شێوەیەکی پلانڕێژکراو لە کولتووردا چەسپیوە. ئەگەر لە بەرامبەر ئەوەشدا بەرگرییان کردبێت و ڕێگەی توانەوە و (تەعریب/تەتریک)کردنیان پەیڕەو نەکردبێت، ئەوا ڕێبازی جینۆسایدیان لە دژیان خستۆتە گەڕ.

بە کاریگەریی ئەو هێرشانە، کۆمەڵگە لە ماوەی سەدان ساڵدا بۆ خۆپاراستن لە فەرمانەکان، خۆی پەراوێز خستووە و دوورەپەرێز بووە؛ بەو شێوەیەش فۆرمەکانی باوەڕی و کولتووری خۆی پاراستووە. زۆربەی لێکۆڵینەوەکان لەبارەی ئێزدییەکانەوە، باسی داخراوی و دۆگماتیزمی کۆمەڵگەی ئێزدی دەکەن. لەم خاڵەدا، ئەوەی داخراوە فۆرمەکانی باوەڕ نییە، بەڵکو هەوڵدانە بۆ پاراستنی فۆرمەکانی باوەڕ و کولتوور.

ئەو فەرمانانەی لە مێژوودا لەسەر کۆمەڵگەی ئێزدی جێبەجێ کراون

ئێزدییەکان بەو قڕکردنانەی ڕووبەڕوویان دەبێتەوە دەڵێن: “فەرمان”. ئەو قڕکردنانە هەموو جارێک بە دەستی دەسەڵاتدارێک یان دەوڵەتێک بەسەریاندا هاتووە. فەرمان وەک دەستەواژە واتە ئەمرکردن، بەڵام لە ڕاستیی کۆمەڵگەی ئێزدیدا، چەمکی فەرمان لە ئەمرکردن تێپەڕیوە و گوزارشتە لە کۆکوژی، بەوەش ناوەڕۆکێکی نوێی بەدەست هێناوە.

بەپێی تۆمارە فەرمییەکان، کۆمەڵگەی ئێزدی ڕووبەڕووی ٧٤ فەرمانی گەورە بووەتەوە. بەڵام ئەوانە تەنیا ئەو فەرمانانەن کە لە مێژووی فەرمییدا تۆمار کراوە؛ ژمارەی ڕاستەقینەی قڕکردنەکانی سەر ئەم کۆمەڵگەیە زۆر زیاترە لەوانەی دەزانرێن. لە هەموو فەرمانەکاندا؛ کولتوور، باوەڕ، مێژوو و جوگرافیای کۆمەڵگەی ئێزدی ئامانج گیراون. بەپێی ئەوەی دەزانرێت، ژمارەی دانیشتووانی ئێزدی لەسەر ڕووی زەوی لە ئەنجامی ئەو فەرمانانەدا ٩٠٪ کەم بووەتەوە. ئەوانەشی خۆیان لە فەرمانەکان ڕزگار کردووە، زۆربەیان لە دەرەوەی وڵات، لە وڵاتانی کیشوەری ئەورووپا و ئەمریکا بڵاو بوونەتەوە. دیسان لە ڕووسیا و ئەرمەنستان ژمارەیەکی زۆر ئێزدی دەژین.

لەو جوگرافیایەی کۆمەڵگەی ئێزدی تێیدا دەژین، زۆر دەوڵەت، دەسەڵاتدار و ئایینی تاکخودایی سەریان هەڵداوە. هەر دەسەڵاتدار یان ئایینێک ویستوویەتی گۆڕانکاری لە کولتوور، باوەڕ و شێوازی ژیانی ئەم کۆمەڵگەیەدا بکات، بەڵام لە بەرامبەر ئەو هێرشانەدا خۆڕاگرییان کردووە. لە ئەنجامدا، لەبەر ئەوەی ملکەچ نەبوون، ٧٤ جار فەرمان (بڕیاری قڕکردن)یان لەسەر دەرکرا و کۆمەڵکوژ کران.

ئەو فەرمانانەی تا ئێستا بەسەر ئێزدییەکاندا هاتوون، بەشێکیان بەم شێوەیەن[1]:

١. ١٩٠٦: والیی مووسڵ (حەمەدانی)، هەزار خێزانی ئێزدیی لە شەنگال کوشت لەبەر ئەوەی ئیسلامییەتیان قەبوڵ نەکرد.

٢. ٩٨٠: هێزە دەسەڵاتدارەکانی دەوڵەتی عوسمانی لە مووسڵ، هێرشیان کردە سەر کوردانی نائیسلامی لە جۆلەمێرگ. کوردە نائیسلامییەکان یان لە سێدارە دران یان سەریان بڕرا و لەناو کۆمەڵگەدا گەڕێندران.

٣. ١١٠٧: نزیکەی ٥٠٠ هەزار ئێزدی لەلایەن سوپای خەلافەتی عوسمانییەوە کوژران.

٤. ١٢٤٥: مەغۆلەکان چوونە شارەزوور، شارەکەیان ڕوخاند و هەزاران ئێزدییان کوشت.

٥. ١٢٥٤: بەگی مووسڵ (بەدرەدین لۆلۆ)، هێرشی کردە سەر ناوچەی شێخان و هەزاران ئێزدیی کوشت.

٦. ١٢٢١: شێخ حەسەن کە لە باوەڕی ئێزدایەتیدا وەک پێشەنگ دەناسرێت، لەلایەن دەوڵەتی عوسمانییەوە ڕفێنرا و لە سێدارە درا. کاتێک ئێزدییەکان پەنایان برد بۆ ناوچە شاخاوییەکان، شوێنە پیرۆزەکانیان وێران کران.

٧. ١٦٤٠–١٦٤١: سوپایەک لە ٧٠ هەزار کەس بە فەرماندەیی مەلیک پاشا (والیی ئامەدی دەوڵەتی عوسمانی)، هێرشی کردە سەر شەنگال و کۆمەڵکوژیی لە بەرامبەر ئێزدییەکان ئەنجام دا.

٨. ١٦٤٧–١٦٤٨: سوپا بە فەرمانی والیی وانی عوسمانییەکان، هێرشی کردە سەر شێخان و کۆمەڵکوژیی لە بەرامبەر ئێزدییەکان ئەنجام دا؛ شێخ میرزا دیل گیرا و لە سێدارە درا.

٩. ١٧١٥: والیی بەغدای دەوڵەتی عوسمانی (حەسەن پاشا) هێرشی کردە سەر شەنگال، ئێزدییەکانی کوشت و بەڕێوەبەریی ناوچەکەی ڕادەستی عەرەبە بەدەوییەکان کرد.

١٠. ١٧٣٣–١٧٣٤: پاشای عوسمانییەکان (ئەحمەد پاشا)، لە بەرامبەر ئێزدییەکانی نیشتەجێی ناوچەی شەنگال کۆمەڵکوژیی ئەنجام دا.

١١. ١٧٥٢–١٧٥٣: هێزەکانی سوپای عوسمانی بە فەرماندەیی سولەیمان پاشا، هێرشیان کردە سەر شەنگال و ژمارەیەکی زۆریان لە ئێزدییەکان کوشت. هێزە عوسمانییەکان گوند و شوێنە پیرۆزەکانی ئێزدییەکانیان ڕووخاند و نزیکەی ٢ ساڵ لە شەنگال مانەوە.

١٢. ١٧٦٧–١٧٦٨: ئەمین پاشای والیی مووسڵی عوسمانی بە سوپایەکەوە بە فەرماندەیی کوڕەکەی، هێرشی کردە سەر شەنگال و کۆمەڵکوژیی ئەنجام دا.

١٣. ١٧٧٠–١٧٧١: دەوڵەتی عوسمانی لە شێخان کۆمەڵکوژیی ئەنجام دا.

١٤. ١٧٧٣–١٧٧٤: والیی مووسڵ (ئەمین پاشا)، ناوچەی شەنگالی خاپوور کرد و کۆمەڵکوژیی ئەنجام دا.

١٥. ١٧٧٩: برای والیی مووسڵ (ئەمین پاشای دەوڵەتی عوسمانی) هێرشی کردە سەر شەنگال و ژمارەیەکی زۆری لە ئێزدییەکان کوشت.

١٦. ١٧٨٥: والیی مووسڵی دەوڵەتی عوسمانی (عەبدولباقی)، هێرشی کردە سەر ئێزدییەکانی دێندەنی لە ڕۆژهەڵاتی ڕووباری دیجلە.

١٧. ١٧٨٦–١٧٨٧: ئەمیری شێخان (چۆلۆ) لە بەرامبەر والیی ئامێدی بەرخودانی کرد. کاتێک چۆلۆ لە بەرخودانەکەدا تێکشکێنرا، ئێزدییەکان کۆمەڵکوژ کران.

١٨. ١٧٨٩–١٧٩٢: عەشیرەتەکانی دەوروبەری شەنگال هێرشیان کردە سەر ئێزدییەکان؛ لە ئەنجامی هێرشی پچڕپچڕی ٣ ساڵدا، سەدان ئێزدی کوژران.

١٩. ١٧٩٢–١٧٩٣: والیی مووسڵ (محەمەد)، ٨ گوندی ئێزدیی ناوچەی شەنگالی وێران کرد.

٢٠. ١٧٩٤–١٧٩٥: هێزەکانی سوپای عوسمانی بە فەرمانی سلێمان پاشا کە لە بەغداوە نێردرابوون، ناوچەی شەنگالیان وێران و تاڵان کرد.

٢١. ١٨٠٢–١٨٠٣: والیی مووسڵ (عەلی پاشا) هێرشی کردە سەر شەنگال. لەم گەمارۆ و هێرشەدا کە چەندین مانگ بەردەوام بوو، دەیان ئێزدییان کوشت، زەوییە کشتوکاڵییەکانیان تێکدا، و دارەکانیان بڕییەوە و سووتاندیان.

٢٢. ١٨٠٩–١٨١٠: والیی بەغدا (سلێمان قاتل) بە فەرمانی ئەفسەر حوسێن دوبلایین هێرشی کردە سەر شەنگال؛ بەلەد، شەنگال، میهیرکان و زۆر گوندی باکووری تاڵان کرد و کۆمەڵکوژییەکی گەورەی لە بەرامبەر ئێزدییەکاندا ئەنجام دا.

٢٣. ١٨٣٢–١٨٣٣: میر محەمەدی ڕواندزی هێرشی کردە سەر ئێزدییەکانی ناوچەی ئاکرێ و ئێزدییەکانی ناوچەی زاپیشی کوشت. دواتر لە ساڵی ١٨٣٤دا هێرشی کردە سەر ناوچەی شەنگال، کۆمەڵکوژیی ئەنجام دا و میر عەلی بەگی بە ئەشکەنجەوە کوشت تەنیا لەبەر ئەوەی ئیسلامییەتی قەبوڵ نەکرد.

٢٤. ١٨٣٦: والیی ئامەد (ڕەشید پاشا) بە سوپایەکی ٤٠ هەزار کەسییەوە لە بەرامبەر ئێزدییەکانی ڕۆژهەڵاتی ئامەد و خەرزان هێرشی ئەنجام دا. دواتر هێرشی کردە سەر جزیرە، تەلەعفەر و شەنگال. لەو هێرشانەدا هەزاران ئێزدیی کوشت، سەدانیشی دیل کرد و وەک کۆیلە بەکاریهێنان.

٢٥. ١٨٤٦: والیی مووسڵ (تەیار پاشا) لە مانگی تشرینی یەکەمدا هێرشێکی بردە سەر شەنگال، زۆر گوندی سووتاند و وێران کرد.

٢٦. ١٨٥٦: ئێزدییەکان لەگەڵ هەندێک عەشیرەتی ناوچەی چیای دێرسیم لە بەرامبەر سەروەریی عوسمانیدا ڕاپەڕین؛ دوای ئەوەی ڕاپەڕینەکە سەرینەگرت، لەگەڵ کوردانی دێرسیمدا کۆمەڵکوژ کران.

٢٧. ١٨٧٢: والیی بەغدا (میدحەت پاشا) بۆ ئەوەی ئێزدییەکان سەربازی بۆ دەوڵەتی عوسمانی بڕیارێکی دەرکرد. ئێزدییەکانی باشووری کوردستان لە بەرامبەر ئەو بڕیارەدا وەستانەوە، لە ئەنجامدا تەنیا لە شێخان سەدان مرۆڤی ئێزدی کوژران.

٢٨. ١٨٧٩: عەشیرەتی سیپکا بە بەرپرسیارێتیی عومەر ئاغا کۆچیان پێکرا بۆ قەرس. تا ساڵی ١٨٩٧ زیاتر لە ١٥ هەزار ئێزدی کۆچیان پێکرا یان دوورخرانەوە بۆ قەوقاز. ئەم ژمارەیە لە نیوەی جەنگی یەکەمی جیهانیدا (ساڵی ١٩١٦) زیاتری کرد و گەیشتە ٤٠ هەزار.

٢٩. ١٨٩٠: لە بەرامبەر ئێزدییەکانی باشووری کوردستان کە لە دژی سیاسەتە چەوسێنەرەکانی عوسمانی دەوەستانەوە، شاڵاوێکی لەناوبردن ئەنجام درا. سەدان ئێزدی کوژران و سەدان خێزانیش ناچاری کۆچبەری کران.

٣٠. ١٨٩٢: جەنەراڵ عومەر وەهبی پاشا بڕیارێکی دەرکرد کە پێویستە ئێزدییەکان هەموویان یان ببنە موسڵمان یان ئایینێک کە لە قورئاندا هەقە هەڵبژێرن، بەوەش زەمینەی کۆمەڵکوژییەکی نوێی لە بەرامبەر ئێزدییەکاندا ئامادە کرد. لە بەرامبەر شێخان و شەنگالدا هێرش ئەنجام دران. کەلوپەلە پیرۆزەکانیان برد بۆ مووسڵ. یەکینەکانی سەر بە عومەر وەهبی پاشا هێرشیان کردە سەر لالش و شوێنە پیرۆزەکانیان ڕووخاند. دەستیان بەسەر زۆر کەلوپەلی پیرۆزی ئایینی و مێژووییدا گرت، سەرەڕای سەنجه‌قی ئێزدییەکان لە لالش، و بردیان بۆ مووسڵ. لەلایەکی دیکەوە لە لالشی شوێنی پیرۆزی ئێزدییەکان، مەدرەسەی ئیسلامی کرایەوە. سرووتی ئێزدییەکان و وشەی ئێزدی قەدەغە کران.

٣١. ١٩١٤–١٩١٨: لە جەنگی یەکەمی جیهانیدا کاتێک کۆمەڵکوژی لە بەرامبەر ئەرمەنییەکاندا دەستی پێکرد، ٢٠ هەزار ئەرمەنی لە کۆمەڵکوژییەکە هەڵهاتن و پەنایان بۆ ئێزدییەکانی شەنگال برد. لەبەر ئەوەی ئێزدییەکان ئەو ئەرمەنییانەیان ڕادەستی سەربازە عوسمانییەکان نەکرد، سوپای عوسمانی هێرشی کردە سەر شەنگال.

٣٢. ١٩١٨: ئەو ئێزدییانەی بەهۆی کۆمەڵکوژییەکانی دەوڵەتی عوسمانییەوە کۆچبەری ئەرمەنستان بووبوون، لەوێش ڕووبەڕووی هێرشی عوسمانییەکان بوونەوە.

٣٣. ٢٠٠٧: لە ١٤ی ئابدا، لە کۆمەڵکوژییەکەی سیبا شێخ خدر و تەلعزێری شەنگالدا بەپێی ژمارەی فەرمی نزیکەی ٥٠٠ ئێزدی کۆمەڵکوژ کران. ئەلقاعیدە بەرپرسیارێتیی ئەم هێرشەی گرتە ئەستۆ؛ ژمارەی ئەو منداڵ و ژنانەی لەم فەرمانەدا ون بوون نازانرێت.

ئەو چەند نموونەیەی فەرمانەکان کە لە بەرامبەر کۆمەڵگەی ئێزدیدا جێبەجێ کران، نیشانی دەدەن کۆمەڵگەی ئێزدی دوای پەرەسەندنی شارستانیەتە دەوڵەتییەکان و ئایینە تاکخوداییەکان، هەمیشە بوونەتە ئامانجی هێرشەکان. گۆڕینی ئایین بەسەریاندا سەپێنراوە، خواستەکانی سەربەخۆیی و ژیانی خۆسەرییان بە کولتوور و باوەڕی خۆیانەوە، هەمیشە بە کۆمەڵکوژی وەڵام دراونەتەوە.

بێگومان لە هەموو فەرمان و قڕکردنەکاندا زیاتر ژنان و منداڵان بوونەتە ئامانج. ژنان دیل گیران، کوژران، دەستدرێژییان کرایە سەر و بە زۆرملێی لە کولتوور و باوەڕی خۆیان دوور خرانەوە. بە ڕێگەی بوون، ناوەڕۆک و ناسنامەی ژنانەوە، بوون، ناوەڕۆک و ناسنامەی کۆمەڵگەیەک کرایە ئامانج.

فەرمانی ٧٤ و جینۆسایدێکی دانپیانەنراو

ئەو ئێزدییانەی لەسەر خاکەکەی خۆیان ڕووبەڕووی ٧٣ فەرمان کرانەوە، لە مێژووی ٣ی ئابی ٢٠١٤دا، تووشی فەرمانی ٧٤مین بوونەوە. لاپەڕەیەکی ڕەشی نوێ لەسەر ڕابردووی ئەو خاکە دێرینە زیاد بوو. چەتەکانی داعش کە لەلایەن وڵاتانی هەرێمەکە و هەندێک وڵاتی نێودەوڵەتییەوە هێنرانە مەیدان، لە شەنگال بە بەرچاوی دونیاوە فەرمانێکی نوێیان ئەنجام دا. دوو مانگ پێش ئەو کۆمەڵکوژییە، داعش پارێزگای نەینەوا و ناوەندی مووسڵی بەبێ هیچ بەرگرییەک داگیر کرد و دوای ئەوە ڕوویان کردە شەنگال. لە شەنگال هێزەکانی حکوومەتی عێراق و پارتی دیموکراتی کوردستان (PDK) کە پێویست بوو پارێزگاری لە کۆمەڵگەی شەنگال بکەن، لە ماوەی ٢ کاتژمێردا شەنگالیان چۆڵ کرد و کۆمەڵگەیان ڕووبەڕووی فەرمانێکی نوێ کردەوە. ١٢،٠٠٠ پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە بۆ پاراستن و ئاسایشی شەنگال ئەرکدار کرابوون، چەکەکانیان دانا و لە شەنگال هەڵهاتن. زۆر وێنە و بەڵگە هەن کە ئەم بابەتە پشتڕاست دەکەنەوە و مەزەندە دەکرێت لە ڕاپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکاندا (UN) لەسەر جینۆسایدی شەنگال، زانیاری لەسەر فەرمانەکە و هاوبەشانی ئەنجامدانی فەرمانەکە هەبن. داعش لە شەنگال هەزاران مرۆڤی کوشت، هەزارانی دیل کرد. دوای فەرمانەکە هەزاران ژنیان ڕفاند و وەک کۆیلە لە بازاڕەکاندا فرۆشتیان.

کاتێک هێرشەکانی داعش دەستیان پێکرد، ژمارەیەکی زۆری کۆمەڵگەی ئێزدی ڕوویان کردە چیای شەنگال. زۆرێک لەو منداڵ و بەساڵاچووانە، بەهۆی بێدەرفەتییەوە لە تینوێتی و برسیێتیدا ژیانیان لەدەست دا. ئەوانەی توانییان لە هەلومەرجی سەختدا خۆیان ڕزگار بکەن، لە نێوان مەمرە و مەژیدا هەوڵیان بۆ مانەوە لە ژیاندا دەدا.

سەدان هەزار ئێزدی ناچار بوون لە شەنگال کۆچ بکەن؛ بە شار و شارۆچکەکانی باشووری کوردستاندا وەک دهۆک، زاخۆ و لارشدا بڵاو بوونەوە. ژمارەیەکی زۆر لەسەر ڕێڕەوی مرۆیی و ئەمنییەکەی شەڕڤانانی YPG-YPJ کردیانەوە، ڕوویان لە ڕۆژئاڤا و باکووری کوردستان کرد. لەم کاروانە سەختەدا ژمارەیەکی زۆر ئێزدی ژیانیان لەدەست دا.

سەرەڕای زۆرێک لە لێکۆڵینەوەکان، ئەمڕۆ هێشتاش بوونی داتای سەلمێنراو و فەرمی مەحاڵە. پێش فەرمانەکەش بەهۆی بۆشایی بەڕێوەبەریی هەرێمەکەوە و پەیوەندیدار بە پێکهاتەی دیمۆگرافییەوە، داتای سەلمێنراو و فەرمی نەبوون. بەڵام کاتێک زۆرێک لە لێکۆڵینەوە و داتاکان کۆ دەکەینەوە، دەبینین:

بەپێی داتا نافەرمییەکان و زۆرێک لە لێکۆڵینەوەکان، ئەنجامەکان دەگۆڕێن؛ پێش هێرشەکانی داعش، لە شەنگال ٥٥٠ هەزار ئێزدی دەژیان. دوای فەرمانەکە زۆربەی ئەو دانیشتووانە کۆچیان بۆ شار و وڵاتانی جیاواز کرد و تووشی سیاسەتێکی قڕکردنی سیستماتیک بوونەوە. هێشتاش لە کامپەکانی باشووری کوردستاندا زیاتر لە ١٣٥ هەزار ئێزدی دەژین. لە فەرمانەکەوە تا ئێستا نزیکەی ١٣٠ هەزار ئێزدی لە شوێن و ماڵی خۆیان هەڵکەندراون و بە وڵاتانی جیاوازدا بڵاو بوونەتەوە[2].

بەپێی ڕاپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق؛ تا ئێستا ٩٣ گۆڕی بەکۆمەڵ کە ئەو ئێزدییانەی لە فەرمانەکەدا کوژراون و تێیاندا نێژراون، دۆزراونەتەوە. بەڵام بەپێی ئەوەی مەزەندە دەکرێت، ژمارەی ڕاستەقینە لەوەی دەستنیشان کراوە زۆر زیاترە. بەپێی وەزارەتی بەرگری و کاروباری گۆڕە بەکۆمەڵەکانی عێراق؛ لە ساڵی ٢٠١٩وە تا ئێستا ٦٢ گۆڕی بەکۆمەڵ کراونەتەوە، لەو گۆڕە بەکۆمەڵانە تا ئێستا ٧٩٨ تەرم دەرهێنراون. لە گوندی سۆلاخ لە گۆڕێکی بەکۆمەڵدا، تەرمی ٨٠ ژن و ٢ منداڵ دۆزراوەتەوە. دیسان لە ١٨ی ئابی ٢٠٢٤دا، لە تەلەعفەر گۆڕێکی بەکۆمەڵ کرایەوە، لەم گۆڕەدا زیاتر لە ١٥٠٠ تەرم دۆزراونەتەوە، زۆربەی ئەو کەسانە ئێزدین کە لەلایەن داعشەوە ڕفێنراون و کوژراون[3].

داعش لە هەمان کاتدا ٦٨ شوێن و پەرستگەی ئایینیی ئێزدییەکانی ڕووخاند، سووتاند و وێران کرد. لە ڕۆژانی سەرەتای فەرمانەکەدا؛ دوو ژنی گەنج بە ناوەکانی ناجیە حاجی و سوعاد ئیبراهیم، بۆ ئەوەی پارێزگاری لە پەرستگەی ئایینی (قوبەی شێخمەندێ قیبلەت) بکەن و کۆمەڵگە لە داعش ڕزگار بکەن، لەبەر قوبەکە بە چەکی تاکەکەسی شەڕ دەکەن. داعش کاتێک دەگاتە بەر قوبەکە، لەگەڵ ئەو ژنانەدا، ژمارەیەک مرۆڤی بەساڵاچوو کە نەیانتوانیبوو دوور بکەونەوە، لەگەڵ قوبەکەدا دەتەقێنێتەوە.

هەروەها بەپێی ڕاپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق، لە هێرشەکانی داعشدا، زیاتر لە ٦٥٠٠ ئێزدی ڕفێنران، لەوانە زیاتر لە ٣٥٠٠ ژن و نزیکەی ٣ هەزار پیاو. تا ئێستا ١٢١١ ژن، ٣٣٩ پیاو، ١٠٧٦ منداڵی کچ و ٩٦٤ منداڵی کوڕ لە دەستی داعش ڕزگار کراون. زۆربەی ئەو کەسانەی ڕزگار کراون، لە هەرێمەکانی وەک ڕەققە، تەبقە، دێرەزوور و هۆڵ کە سەرەتا لە ژێر کۆنترۆڵی داعشدا بوون، لەلایەن یەپەژە/یەپەگە ڕزگار کران. هێشتاش چارەنووسی زیاتر لە ٢٥٠٠ ئێزدی نادیارە[4].

لە مووسڵ لە حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٦دا، ١٩ ژنی ئێزدی کە لە دەستی داعشدا دیل بوون، بەهۆی ئەوەی سەپاندنی ئایینی ئیسلامیان ڕەت کردەوە و کۆیلایەتییان قەبوڵ نەکرد، لەلایەن داعشەوە بە زیندوویی لەناو قەفەزێکدا سووتێنران.

ئێزدییەکان لە ساڵی ٢٠١٤دا تەنیا ڕووبەڕووی خوێناویترین قڕکردنی مێژووی نزیک نەبوونەوە، لە هەمان کاتدا، بە بەرچاوی هەموو جیهانەوە ژنان قڕ کران[5]. سەرەڕای ئەوەی ١١ ساڵ بەسەر فەرمانەکەدا تێپەڕیوە، هێشتا زۆرێک لە ژن و منداڵان کە وەک دەستکەوتی شەڕ ڕفێنراون نادیارن. لە زۆر شوێنی جیهاندا، بە ناوی “بازرگانیی کافران”ەوە، بە هەزاران ژن هێشتا وەک کۆیلە بەکاردەهێنرێن[6].

زۆرێک لەو منداڵانەی لە فەرمانەکەدا (کۆمەڵکوژییەکەدا) کەوتنە دەست داعش، لە شەڕی داعش دژی گەلاندا بەکارهێنران. منداڵانی تەمەن بچووک ڕاهێنانیان لەسەر چەک پێکرا و وەک “جیهادیست” بەکارهێنران. ژمارەیەکیشیان وەک بۆمبی زیندوو (خۆکوژ) ڕاهێنانیان پێکرا و بە زۆر چالاکییان پێ ئەنجام درا.

نە دەوڵەتانی هەرێمەکە و نە هی جیهانیش لە بابەتی فەرمانی شەنگالدا بەرپرسیارێتییان لە ئەستۆ نەگرت. ئەو خاکەی ئێزدییەکانی تێدا دەژین، بە دەوڵەتی عێراقیشەوە، هێزە نێودەوڵەتییەکان ٣ی ئابی ٢٠١٤یان وەک جینۆساید نەناساند. کاتێک دۆخی ئێستای دوای فەرمانەکە لەبەرچاو دەگیرێت، دەیان هەزار مرۆڤ کۆچبەر و نیشتەجێی ناو کامپەکان بوون، کۆچیان بۆ وڵاتانی جیاواز کردووە و ناتوانن بگەڕێنەوە سەر خاکەکەیان. قڕکردن، واتە فەرمان، بە شێوەیەکی جیاواز هێشتاش بەردەوامە.

لە لایەکی دیکەوە، هەڕەشەکان لەسەر ئێزدییەکان و شەنگالیش بەردەوامن. هێزە هەرێمییەکان بەشێوەیەکی سیستەماتیک هەڕەشە لە کۆمەڵگەی ئێزدی دەکەن، بە تایبەتی ئەوانەی دوای فەرمانەکە گەڕانەوە سەر خاکەکەی خۆیان، خۆیان ڕێکخست و ژیانی خۆیان ڕێکخستەوە. ئێزدییەکان میکانیزمەکانی خۆپاراستنیان دامەزراندووە و ژیانی خۆیان ڕێکخستووە، بەڵام لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە هێشتاش هەڕەشەیان لێدەکرێت و ڕووبەڕووی هێرشی ئاسمانی و زەمینییەکانی دەوڵەتی تورک و هەڕەشەی وڵاتانی دیکە دەبنەوە. بەپێی ئاماری بەڕێوەبەریی خۆسەری شەنگال، لە هێرشە ئاسمانییەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر شەنگال لە دوای فەرمانەکەوە، لە ساڵی ٢٠١٧وە تاوەکو ئێستا ٥٠ کەس گیانیان لەدەستداوە و ٢٢ کەسیش بە سەختی بریندار بوون. لەسەروبەندی ئەو هێرشانەدا؛ لە هێرشەکەی ١٧ی ئابی ٢٠٢١دا، فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی تورک نەخۆشخانەی سکێنیێیان بۆردومان کرد، لە ئەنجامی ئەم بۆردومانەدا ٣ کارمەندی تەندروستی و ٥ هاووڵاتی گیانیان لەدەستدا و نەخۆشخانەکە بە تەواوی ڕووخا. لە ١٥ی حوزەیرانی ٢٠٢٢دا، فڕۆکە جەنگییەکانی سەر بە دەوڵەتی تورک ئەنجومەنی گەلی سنونێیان بۆردومان کرد، لە ئەنجامی ئەم بۆردومانەدا منداڵێک بە ناوی سەلاح ناسۆ (١٢ ساڵ) و ئیبراهیم دەروێش گیانیان لەدەستدا و ٧ کەسیش بریندار بوون[7].

کاریگەرییەکانی فەرمان لەسەر ژنان

فەرمانی ٧٤مین بەبەرچاوی جیهانەوە، لە هەلومەرجی سەدەی ٢١ەمدا ڕوویدا. هەموو جیهان بەدواداچوونیان بۆ ئەم فەرمانە کرد و بینییان. ژنانی ئێزدی لەبەرچاوی جیهان کۆیلە کران، ڕفێنران و سووتێنران. زۆرێک لە دەوڵەت و هێزەکان کە توانای دەستوەردانیان هەبوو، هاوکارییان نەکردن و خاوەنداریی بەرپرسیارێتییەکانی خۆیان نەکرد. تەنیا ١٢ شەڕڤانی HPG-YJA-Star و دواتریش شەڕڤانانی YPG-YPJ هاتنە هاواریان. بە ژمارەیەکی زۆر کەمی شەڕڤانان، شەنگال پارێزرا و دەستوەردانی گەریلا و شەڕڤانان بووە هۆی ئەوەی پێش بە کۆمەڵکوژییەکی گەورەتر بگیرێت.

زۆرێک لەو ژنانەی کەوتنە دەستی داعش، دیسان بە ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکانی شەڕڤانان ڕزگار کران. دوای فەرمانەکە لە شەنگال نە حکوومەتی عێراق و نە بەڕێوەبەرایەتییەکی فەرمی نەمابوو. پێشتریش زۆر ئیدارە یان بەڕێوەبەرایەتیی دەوڵەت لە شەنگال نەبوو، بەڵام دوای فەرمانەکە، ئەو بەڕێوەبەرایەتییە لە ڕیشەوە لەناوچووبوو. لەم نێوەندەدا، دیسان بە هێزی شەڕڤانانی HPG و YPG-YPJ و سەدان ژن و پیاوی ئێزدی کە بۆ پاراستنی خاکی خۆیان چەکیان هەڵگرت، لە ١٣ی تشرینی دووەمی ٢٠١٥دا شەنگال بە تەواوی لە دەستی چەتەکانی داعش ڕزگار کرا.

دوای پرۆسەی ڕزگارکردنی شەنگال، خەڵکەکەی هەوڵی ئاوەدانکردنەوەیان دا و لە ڕووی خۆبەڕێوەبەری، خۆپاراستن، پەروەردە، ئاسایش، خزمەتگوزاری و هتد… بە دەرفەتەکانی خۆیان سەرلەنوێ هەموو بوارەکانی ژیانیان بونیاد نایەوە. کۆمەڵگەی ئێزدی، سەرباری هەموو سیاسەتەکانی لەناوبردن و سەرباری فەرمان و جینۆسایدێکی ئەوەندە سەخت، لە ماوەیەکی زۆر کورتدا دامودەزگا و دامەزراوەکانی ژیانی خۆی دامەزراند. لە سەرلەنوێ دروستکردنەوەی ماڵ و بینا ڕووخاوەکانیانەوە بگرە تا نەخۆشخانە و شارەوانییەکان، لە قوتابخانەکانەوە تا ئەکادیمیای گەل، لە ئەنجومەنی گوندەکانەوە تا ئەنجومەنی گەنجان، لە دامەزراوەکانی کلتور و هونەرەوە تا ڕاگەیاندن، لە زۆر لایەنەوە بە توانا و دەرفەتەکانی خۆیان ژیانیان هۆنییەوە.

ئەو لێکەوتە دەروونییەی فەرمانە بەردەوامەکان لەسەر کۆمەڵگەی ئێزدی، بەتایبەتی لەسەر ژنانی ئێزدی بەجێی هێشتووە، بە ڕزگارکردنی فیزیکی لەناو ناچێت. لە زۆرێک لە خێزانەکان دەیان کەسیان کەوتنە دەستی داعش؛ هەندێکیان کوژران، هەندێکیان ڕزگار کران، هەندێکی دیکەشیان هێشتا چارەنووسیان نادیارە. زۆرێک لە خێزانەکان پەرشوبڵاو بوونەوە. گوندەکانی وەک کۆچۆ، هەردان، تەل قەساب نزیکەی بە تەواوی لەناوچوون.

فەرمانە بەردەوامەکان دەبنە هۆی ئەوەی لە کۆمەڵگەدا هەستی ئاسایشی ژیان نەمێنێت؛ هیوا بە ئایندە، ئامانج و مەبەستەکان لاواز دەبن. لەناو کۆمەڵگەی ئێزدیدا خەونەکانی ئاییندە زۆر لاوازن، چونکە ناتوانن مسۆگەرییەک بۆ ژیانیان ببیننەوە. بەتایبەت لە ساڵانی دواییدا ژمارەی خۆکوشتنی گەنجان زیادی کردووە. بیمەی ژیانیان نییە، چێژ لە ژیان وەرناگرن و هەمیشە مەترسیی فەرمانی نوێ بەسەر سەریانەوە دەسوڕێتەوە، ئەوەش ڕاستییەکەیە.

لەو بابەتەدا هەڵوێستی دەوڵەتان و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان، لە شوێنی ئاوەدانکردنەوە و چارەسەر، ناکۆکی و نیگەرانییەکانیان قووڵتر دەکەنەوە. زۆرێک لەو ژنانەی لە دەستی داعش ڕزگار کراون، لە خۆگونجاندن لەناو کۆمەڵگەی خۆیاندا زەحمەتی دەچێژن، چونکە بە دەستی دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان و ڕێکخراوە ناحکومییەکان (NGOs) دەبرێنە دەرەوەی وڵات. لە جیاتی ئەوەی هۆکار و بکەرانی فەرمانەکان نەهێڵن یان هەوڵ بدەن کۆمەڵگەی ئێزدی لە خاکی خۆیاندا لەناو ئاسایش و ئارامیدا بژین، دێن ژیانی تاکەکەسییان پێشکەش دەکەن. ئەو ژنانەی چەندین ساڵ لە دەستی داعشدا ماونەتەوە، ئەمجارەیان بە دوورکەوتنەوە لە وڵاتەکەیان، لە کۆمەڵایەتیبوونی خۆیان دوور دەخرێنەوە[8].

ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی (NGO) دەرفەت بۆ ئەو ژنانەی لە دەستی داعش ڕزگار بوون دەڕەخسێنن کە خۆیان و ١٠ کەس لە خێزانەکانیان بچنە دەرەوەی وڵات. ئەو دەرفەتە خۆی لە خۆیدا ئەنجامی سیاسەتەکانی چۆڵکردنی شەنگالە. لە لایەکی ترەوە، ئەو ١٠ کەسەی ناو خێزانەکان، بۆ چوونە دەرەوەی وڵات دەبنە هۆی کێبڕکێ و ناکۆکی. زۆرێک لەو ژنانەی لە دەستی داعش ڕزگار بوون، لەم بابەتەدا ڕووبەڕووی توندوتیژی یان گوشار دەبنەوە. واتە دەکرێت بگوترێت ڕوانگە و مامەڵەی تاکەکەسی و خێزانی لەگەڵ خۆیدا چارەسەر ناهێنێت، بەپێچەوانەوە ڕێگە لە بەرامبەر توندوتیژی و ستەمی نوێدا دەکاتەوە. زۆر جاریش پشتڕاست بووەتەوە کە کێشە و لێکەوتە دەروونییەکانی فەرمانەکان، کێشەیەکی بەکۆمەڵن. کێشەی مسۆگەربوونی بوون و ئازادیی ئێزدییەکان، بە مامەڵەی ماف و ئازادییە تاکەکەسییەکان ناتوانرێت چارەسەر بکرێت. زۆرێک لە ژنان بە ڕێگەی ڕێکخراوە مەدەنییەکان چوونەتە دەرەوەی وڵات و تووشی توندوتیژییەکی دەروونیی گەورەتر بوون؛ زۆرێکیان گەڕاونەتەوە وڵات یان لەناو کۆمەڵگەکانی دیکەدا تواونەتەوە. واتە لە جیاتی ئەوەی ئەو مەترسی و هۆکارانەی بواری دەروونییان تێکدەدەن لەناو ببرێن، چارەسەری کاتییانەیان بۆ دەکرێت و بواری دەروونییان خراپتر دەبێت.

سەرەڕای ئەو وێرانکاری و فەرمانەی هەموو جیهان تەنیا سەیری کرد و ئەو هەموو ئازارەی بەسەر ئێزدییەکاندا هات، لە شەنگالدا کەشی زاڵ بێچارەیی و پەرێشانی نییە، بەڵکو ئێزدییەکان سەرەڕای هەموو دەستوەردانەکانیش، بە بەرخودانێکی گەورەوە هەوڵیان دا ژیانیان سەرلەنوێ بونیاد بنێنەوە و ئەو هەوڵانە هێشتاش بەردەوامن. ئەوەی سەرلەنوێ شەنگال بونیاد دەنێتەوە خەڵکی شەنگالە. ئەو شەنگالییانەی دامەزراوە و دەزگاکانیان لە هەموو بوارەکانی ژیان و هێزەکانی خۆپاراستنیان بونیاد ناوە، ئێستا بۆ پاراستنی ئەو بەهایانە و بۆ ئەوەی فەرمانێکی دیکە دووبارە نەبێتەوە، داوای داننان بە پێگەی شەنگالدا دەکەن.

ژنانی ئێزدییش لە ئەمڕۆدا، ئیتر نایانەوێت تەنیا بە ڕێگەی فەرمان و قڕکردن باسی ژن بکرێت؛ دوای فەرمانی ٧٤مین ژنانی ئێزدی گۆڕانکاریی گەورەیان ئەنجام دا. ژنانی ئێزدیی شەنگال بە ئاشنابوونیان بە بزووتنەوەی ئازادیی ژنانی شەنگال، پێشکەوتنی گەورەیان هێنایە ئاراوە، بەڵام جێی سەرنجە کە ئەو گۆڕانکارییانەی دوای ساڵی ٢٠١٤ ئەنجامیانداوە، لە بنەڕەتدا گەڕانەوە بوو بۆ ڕیشە و ناوەڕۆک. هێزی ژن، بەخۆباوەڕبوون، خۆپاراستن، پێشەنگایەتیی کۆمەڵگە و مەیدانەکانی ژیان وەک گوتاری سەرەکی جارێکی دیکە بوونەوە بابەتی باس و ژنانی ئێزدی لە واقیعی کۆمەڵگەی خۆیاندا، بە تێکۆشانێکی فرەلایەن، زۆر تایبەتمەندیی پێشووی خۆیان جارێکی دیکە زیندوو کردەوە. لە بەرخودانێکی بێوێنەدا، تێکۆشانێکی ژیانیی فرەلایەن بەڕێوە دەچێت. لە زۆر مەیدانی ژیاندا وەک: پەروەردە، تەندروستی، پاراستن، سیاسەت، ئابووری و هتد… ژنانی ئێزدی لە تێکۆشانی بونیادنانەوەی ژیانێکی نوێدان[9].

لە هەمان کاتدا، تێکۆشان لە دژی ڕەگەزگەرایی دەکەن کە کاریگەریی لەسەر ژنانی گەنج و ژنان بە گشتی هەیە. بەر لە خۆڕێکخستن و پەروەردەکردنی ژنان، لە کۆمەڵگەدا ژنان بەهۆی کاریگەرییە زۆرەکانی باوکسالارییەوە، بە چاوێکی بچووک سەیر دەکران. هاوسەرگیری لە تەمەنی بچووکدا، فرەژنی، هێشتنەوەی ژنان لە دەرەوەی سیاسەت، ئابووری و پەروەردە، بەندکردنیان لە ماڵەکاندا و بە نەزان و نەخوێندەوار دیدەنییان زۆر زەق ببووەوە. ژنانی ئێزدی لە هەمان کاتدا لە دژی ئەم عەقڵییەتەش تێکۆشانیان کرد و ئەو تێکۆشانە تا ئێستاش بەردەوامە. وێڕای ئەوەش، ڕۆژانە بە هەڕەشەی هێز و دەوڵەتانی ناوچەکە و عەقڵییەتی جیهادیست، ئەو ژیانە نوێیەی لە شەنگال دامەزراوە، دووبارە دەکرێتەوە ئامانج.

مەترسییەکانی دوای هێرشەکانی HTŞ و شەڕی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا

لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٦دا، بە دەستی HTŞ (هەیئەت تەحریر ئەلشام) و بە هاوکاریی هێزە نێودەوڵەتییەکان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، شەپۆلێکی هێرشی نوێ دەستی پێکرد. ئەو هێرشانە لە ٦ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦دا لە گەڕەکەکانی ئەشرەفییە و شێخ مەقسوودی حەلەبدا دەستیان پێکرد، دواتر ناوچەکانی وەک ڕەققە، تەبقە، دێرەزوور، تەل کۆچەر، تەل حەمیس، هۆل، حەسەکە و کۆبانێشیان گرتەوە. لەو شاڵاوی هێرشانەدا، بە هەمان ئەندازەی HTŞ، شانە نادیارەکانی چەتەکانی داعشیش بەشدارییان کرد و ئاسایشی ناوچەکە کەوتە ژێر مەترسی و هەڕەشەیەکی نوێوە. بەپێی لێکۆڵینەوەکانی ئەکادیمیای ژنۆلۆژی لە ڕۆژئاڤا، لەو هێرشانەدا زیاتر بوارەکانی ژیانی مەدەنی کرانە ئامانج[10].

ئەو کۆمەڵکوژییەی لە نەخۆشخانەی خالید فەجر لە شێخ مەقسوود، لەو ناوچەیەی کوردانی لێ دەژین ڕووی دا، دۆخێکی نوێی هێنایە ئاراوە. پێکهاتەکانی ناوچەکە وەک کورد، سووریانی، ئەرمەنی و ئێزدی بوونە ئامانجی هێرشەکان. هێشتاش نەتوانراوە زانیاری لەسەر ئەو پێکهاتانەی لە حەلەبدا دەژین بزانرێت. لە هەمان کاتدا، دیمەنی هێرشی چەتەکانی داعشی ساڵانی ٢٠١٤-٢٠١٦ جارێکی دیکە دێنێتەوە بیری مرۆڤایەتی. ئەو ژنانەی وەک دیل کەوتنە دەستی هێزەکانی HTŞ وەک کۆیلە فرۆشران، بەرەوڕووی دەستدرێژی و توندوتیژییەکی زۆر گەورە کرانەوە. تەرمی کەسانی مەدەنی و شەڕڤانانی QSD و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ شێوێنران. شوێنە پیرۆزەکانی باوەڕە جیاوازەکان تەقێنرانەوە. لە زۆر دیمەنی کاتەکانی شەڕدا دەبینرێت کە هێزەکانی HTŞ هێرشێکی سیستماتیک دەکەنە سەر دانیشتووان، بەتایبەت بۆ سەر ژنان و منداڵان. ئەندامانی نوێی HTŞ و ئەندامی پێشووی داعش (ڕامی ئەلدەحش) لە شەڕدا کەزیی شەڕڤانێکی ژنی شەهیدیان بڕی و وەک دەستکەوتی شەڕ نیشانیان دا. عەقڵییەتی جیهادیست، بوونی ژن بەتایبەتی دەکاتە ئامانج و زمانی سووکایەتی، ڕق و نەژادپەرستانە بەکاردەهێنێت. لەگەڵ ئەو کردەوانەدا، کۆچبەرکردنی زۆرەملێ، ڕووخاندنی شوێنە کلتووری و دێرینەکان و تاڵانکردنی دامەزراوە و دەزگاکانی ژنان، ئەو تاریکییەی لە مێژووی نزیکی هێرشەکانی داعشدا پێی ئاشنا بووین، جارێکی دیکە هێنایەوە یادی مرۆڤایەتی و ئەو ئەزموونی قڕکردنە وەک ساڵی ٢٠١٤، جارێکی تر بە بەرچاوی ڕای گشتی و هێزە نێودەوڵەتییەکانەوە پێکهات.

لەو شاڵاوی هێرشانەدا، بابەتێکی تایبەت گیراوانی داعش بوون. هەندێک زیندانیی داعش کە چەندین ساڵ بوو لە زیندانەکانی ژێر کۆنترۆڵی QSD و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیدا بوون، کەوتنە ژێر کۆنترۆڵی HTŞ؛ لەو زیندانانەدا، هەزاران داعشی کە دەستیان لە قڕکردنی هەزاران ئێزدی و فەرمانی ٧٤ەمدا هەبوو، ئازاد کران. واتە کۆنترۆڵی زیندانیانی داعش کەوتە دەستی هێزێک کە هاوکاریی ئەو چەتانە دەکات. زۆر دیمەن هەن پشتڕاستی دەکەنەوە کە لەو زیندانانەوە سەدان کەس دەرچوون و لە کەمپی هۆلیش هەزاران خێزانی داعشی ئازاد کران. تا ئێستا زیاتر لە ٥ هەزار گیراوی داعش گوازراونەتەوە بۆ زیندانەکانی عێراق. ئەو گواستنەوەیە هێشتاش بەردەوامە؛ زۆرینەی ئەو گرتووانە سەرچەتەن و دەستیان لە زۆر کۆمەڵکوژیی خوێناویدا هەبووە[11].

دۆخی ڕۆژئاوای کوردستان و سووریا ئێستا لە قۆناغێکی نوێدایە. ڕێککەوتنێک لەنێوان هێزەکانی QSD و حکوومەتی کاتیی دیمەشقدا واژۆ کرا و دانوستانەکان هێشتاش بەردەوامن، بەڵام دیار نییە ئەو دۆخە ئارامە تا چەند بەردەوام دەبێت و دۆخی ناوچەکە جارێکی دیکە دەگەڕێتەوە قۆناغی ڕابردوو یان نا.

لە شەنگال نیگەرانیی فەرمانی نوێ و دۆخی ژنان

دوای دۆخی شەڕی نوێ، نیگەرانی و مەترسیی نوێ لە شەنگال و لەسەر گەلی ئێزدی ڕووی لە زیادبوون کردووە. ئەو دۆخە هەم لەلایەن ئەو هێزانەی شەڕ تاو دەدەن بە شێوەیەکی سیستماتیک، هەم لەلایەن چەتە و شانەکانی داعش کە دوای شەڕی دوایی جارێکی دیکە کەوتنە جووڵە، مەترسییەکی گەورە بۆ شەنگال دروست دەکەن:

١. سنووری عێراق-سووریا:  لە دەستی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک (QSD)دا بوو، کەوتە دەستی هێزەکانی HTŞ؛ واتە دراوسێی دەروازەی شەنگال بوو بە هێزێکی جیهادیست کە دەستی لە زۆر کۆمەڵکوژیی ئەتنیکی، ئایینی و دژ بە ژناندا هەیە.

٢. زیندانییەکانی داعش: کە دەستیان لە فەرمانی ٧٤میندایە، ژمارەیەکی زۆریان بە ناوی ئەوەی لە ئاڵۆزیدا هەڵهاتوون لە زیندانەکان ئازاد کران، ژمارەیەکی زۆریشیان وەک زیندانی هاتنە خاکی عێراقەوە. مەترسیی ئەوە هەیە ئەو چەتانە جارێکی دیکە ئازاد بکرێن و ڕوو بکەنەوە شەنگال.

٣. کەمپی هۆڵ:  کە لەلای سووریاوە دەبێتە دراوسێی سنووری شەنگال، کۆنترۆڵێکی زۆر جدی و فەرمی لەسەری نەمابوو. لەم کەمپە هەزاران داعشی و خێزانی داعشییەکان دەرچوون و دیار نییە بەرەو کوێ چوون.

٤. دیلە ئێزدییەکان:  لە کەمپی هۆڵ و ناوچەکانی دیکەی سووریا، هێشتاش ژمارەیەکی زۆر لەو دیلە ئێزدییانەی لە ئەنجامی فەرمانی ٧٤میندا دەستگیر کرابوون، هەبوون. زۆرێک لەوان بۆ ئەوەی تووشی کۆمەڵکوژییەکی نوێ نەبن، ناسنامەی خۆیان دەشاردەوە، واتە ترسێکی گەورەیان هەبوو. دوای دۆخی دوایی، دیار نییە چارەنووسی ئەو دیلانە چۆن دەبێت.

٥. هەڕەشە هەرێمییەکان: لە هەرێمەکانی ژێر دەسەڵاتی دەوڵەتەوە، ڕۆژانە هەڕەشە لە شەنگال دەکەن کە وەک باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕووبەڕووی شەڕی بکەنەوە. بەتایبەتی لێدوانەکانی دوایی وەزیری کاروباری دەرەوەی تورکیا (هاکان فیدان) کە گوتی: «حەشدی شەعبی لە زەمینەوە، ئێمە لە ئاسمانەوە لێیان دەدەین، ئێمە لە ٢-٣ ڕۆژدا ئۆپەراسیۆنی شەنگال تەواو دەکەین»، لە ناوچەکەدا نیگەرانییەکانی زیاتر کرد[12].

٦. جووڵەی سوپای عێراق : لە ١٠ی شوباتەوە بەدواوە، سوپای عێراق لە دەوروبەری شەنگال جووڵە و چالاکییەکانی خۆی زیاد کردووە؛ لە هاتووچۆی هاووڵاتییاندا و لە چالاکییە کۆمەڵایەتییەکاندا گوشار دەکاتە سەر کۆمەڵگەی ئێزدی.

٧. ململانێ نێودەوڵەتییەکان:  گفتوگۆ لەسەر ڕێگەی بازرگانی و دەستوەردان لەسەر عێراق لەلایەن دەوڵەتانی وەک ئەمریکا و ئیسرائیلەوە بەڕێوە دەبرێت، ئەمەش بۆ ناوچەی شەنگال مەترسیی شەڕێکی نوێ دەهێنێتە ئاراوە.

لەبەر ئەو هۆکارانە و گەلێک هۆکاری تر کە لەم دەقەدا ئاماژەیان پێ نەدراوە، لە شەنگالدا مەترسی و دڵڕاوکێی فەرمانێکی (کۆمەڵکوژیی) نوێ ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر دەبێت.

ئەنجام

شەنگال و گەلی ئێزدی، ئەو گەلە ئێزدییەی پێش ساڵی ٢٠١٤ نین. لە ماوەی ١٢ ساڵی ڕابردوودا، گەلێک پێشکەوتنی گەورە و گۆڕانکاری لەم جوگرافیایەدا ڕوویان دا.

فەرمانی ٧٤ (جینۆسایدی ئێزدییەکان) لەگەڵ ئازارە گەورەکاندا، ڕۆح و ئیرادەیەکی گەورەی خۆڕاگریشی خوڵقاند. بەتایبەت بەرگریی جەوهەری، خۆپاراستن و خۆبەڕێوەبردن؛ گەلی ئێزدی ١٢ ساڵە سەرباری هەموو بێدەرفەتییەک بەرخۆدان دەکات. لە سەرجەم کۆمەڵگەدا ئەو تێڕوانینە هاوبەشەی کە دەردەکەوێت ئەوەیە: “ئێزدییەکان، ئێزدییەکانی پێشوو نین، خۆیان دەپارێزن”؛ ئەمەش هەڵوێستێکە لە بەرامبەر ئەو دۆخانەی دێنە ئاراوە.

هەمان هەڵوێست لەلای ژنانی ئێزدیش هەپێ دەبرێت. ئەگەری ڕوودانی شەڕێکی نوێ، لەبری ئەوەی وەک پێشوو دوورکەوتنەوە بێت لە وڵاتی خۆیان یان خۆسپاردن بێت بە هێزێکی دەرەکی؛ هەڵوێستی خۆپاراستن و پشت بەستن بە هێزی جەوهەریی خۆیان بۆ ئایندەیان ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر دەبێت. بەڵام ئەم ڕاستییە و ئەم هەڵوێستە، مەترسیی کۆمەڵکوژی و شەڕی نوێ لەناو نابات.

کۆمەڵگەی ئێزدی، سەرباری خەباتی چەندین ساڵە، لەناو دەستووری عێراقدا بە شێوەیەکی فەرمی دانیان پێدا نە نراوە. کاروبارەکانی خۆپاراستن، خۆبەڕێوەبردن و ئابووری کە گەلی ئێزدی بە تواناکانی خۆیان دایانمەزراندووە، بە شێوەیەکی فەرمی قبووڵ نەکراون. ئەمەش هیچ گەرەنتییەکی ژیان و ئاسایش ناهێنێت؛ لەم قۆناغە مەترسیدارەدا بۆ ئەوەی ڕێگە لە جینۆسایدی نوێ بگیرێت، هەنگاوی بنەڕەتی کە پێویستە بنرێت، دانپێنانی فەرمییە لە یاساکانی عێراقدا بە بوونی گەلی ئێزدی، دامودەزگاکانی و مۆدێلەکانی پاراستنیان.

لەبەر ئەو دۆخانە، دوای شەڕی دوایی، لە شەنگالدا کەش و لایەنی دەروونیی فەرمان (کۆمەڵکوژی) جارێکی تر سەری هەڵداوەتەوە. لەگەڵ بڕیاری بەرخۆدان و خۆپاراستندا، ئەو ترسە دەروونییەی کە هەمان کۆمەڵکوژی جارێکی تر دووبارە ببێتەوە زۆر بەرزە. زۆرێک لە ژنان لەم قۆناغەدا تێڕوانینی خۆیان دەربڕیوە و لەسەر هەمان ڕاستی هاوڕان: «کاتێک یەپەژە، یەپەگە و قسد لەسەر سنوور بوون، ئێمە بە شەودا بە ئارامی دەخەوتین، بەڵام دوای شەڕ لەبەر دڵڕاوکێ تا بەیانی خەومان لێ ناکەوێت» یان تێڕوانینی وەک: “ئەو داعشییانەی هێناویانیانە بۆ عێراق، ئازادیان دەکەن و جارێکی تر بەریان دەدەنە گیانمان”، زۆر باون.

بڕوای ژنان نە بە دەوڵەت هەیە و نە بە هێزە نێودەوڵەتییەکان، چونکە لە مێژووەوە تا ئێستا هەمان دۆخیان دووبارە و دووبارە ئەزموون کردووە؛ بەرخۆدانیشیان کردووە، بەڵام ڕووبەڕووی قڕکردنی گەورە بوونەتەوە. هێزەکانی ئاسایش و پاراستنی ناوچەکە یەبەشە- YBŞ، یەژەشە-YJŞ  و ئاسایشی ئێزدخان) کە دوای فەرمانی ٧٤ دامەزراون، وەک هێزی بنەڕەتیی پاراستنی ناوچەکە دەبینرێن؛ بەڵام ئەمڕۆ گوشارێکی گەورە لەسەر کۆمەڵگە دەکرێت بۆ ئەوەی ئەو هێزانە هەڵبواشێندرێنەوە و بێکاریگەر بکرێن. پلانسازییەک هەیە بۆ نەهێشتنی هێزە خۆجێییەکانی شەنگال و ئەسپاردنی ئاسایشی ناوچەکە بە هێزە دەرەکییەکان؛ کە لە مێژووەوە تا ئێستا دەبینرێت ئەو ڕێگەیە جگە لە فەرمانی نوێ هیچ چارەسەرێک لەگەڵ خۆیدا ناهێنێت.

لەم قۆناغەدا، بۆ ئەوەی فەرمان دووبارە نەبێتەوە، دەرکەوتنی بیروڕای گشتی گرنگییەکی ژیانیی هەیە. پێویستە حکومەتی عێراق، دەوڵەتانی ناوچەکە و هێزە نێودەوڵەتییەکان پێگە و بوونی شەنگال و ئیرادەی خۆجێیی ئەم ناوچەیە بناسن و لە دەرەوەی شەنگال بە دوای چارەسەریدا نەگەڕێن. پێویستە ڕێگە لە سیاسەتی چۆڵکردنی شەنگال و بەئامانجگرتنی کولتوور، باوەڕ و ڕێکخستنی کۆمەڵایەتیی گەلی ئێزدی بگیرێت.

بۆ ئەوەی ئەو هۆشیاری، زانین و خۆڕێکخستنەی لەم ١٢ ساڵەدا هاتووەتە ئاراوە جارێکی تر بڵاوەی پێنەکرێت و کۆمەڵگەی ئێزدی جارێکی تر لە شوێن و ماڵی خۆیان دەربەدەر نەبن و تووشی کۆمەڵکوژی نەبنەوە، کەوتنەخۆی هەر کەسێکی خاوەن ویژدان و هۆشیاریی مرۆڤایەتی زۆر گرنگە.

 لە کرمانجی ژوورینەوە: نەجیبە قەرەداغی

 

[1]  محەمەد ئۆزجان، ” منداڵانی ڕۆژ” ئێزدی.

[2]  https://iraq.un.org/en/278382-isil-attack-sinjar-august-2014-and-subsequent-acts-committed-against-yazidi-community-iraq

[3]  https://www.rudaw.net/turkish/kurdistan/19092025

[4]  https://news.un.org/en/story/2016/06/532312

[5]  https://gulanmedia.com/kmr/story/13764/1621551181-11223-dai%C5%9F-li-firotina-jin%C3%AAn-kurd%C3%AAn-%C3%AAz%C3%AEd%C3%AE-mikur-hat

[6]  https://www.amnesty.org.tr/icerik/irakta-ezidi-kadinlar-ve-kiz-cocuklari-acimasiz-bir-sekilde-cinsel-siddet-ile-karsi-karsiya

[7]  زانیارییەکانی خۆبەڕێوەبەریی خۆسەر لە شەنگال.

[8]  https://www.bbc.com/turkce/haberler-dunya-45204499

[9]  https://rojnews.news/ku/riham-hico-li-sengale-serhildana-jinan-ne-tisteki-rehet-bu/

[10]  https://jineoloji.eu/bakur-u-rojhilata-suri-de-tawanen-ser-en-ku-hatine-kirin/

[11]  https://rojnews.news/ku/ceteyen-daise-li-xwe-mikur-ten-ku-li-diji-ezidiyan-komkuji-kirine/

[12]  https://artigercek.com/politika/fidandan-sengal-aciklamasi-hasdi-sabi-karadan-biz-havadan-23-gunluk-operasyon-343094h

بابەتی پەیوەندیدار