نووسینی: شارا تاهیر

بەشی یەکەم:
پێشەکی: لە سکانداڵێکی کەسییەوە بۆ پرسێکی مرۆیی
بڵاوبوونەوەی هەندێک فایل و دەنگی کەسایەتییە ئایینییەکان لە سۆشیال میدیا- وەک زۆرێک لە ڕووداوە هاوشێوەکانی ڕۆژەڤ- بووە جێی باس و خواسی سۆشیال میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان. وەک هەمیشەش کۆمەڵگەی کوردی کرد بە چەند بەشەوە؛ بەشێک بە توندی ڕەخنە دەگرێت، بەشێکی دیکە بەرگری یان پشتیوانی دەکات و بەشێکیش دەیکاتە بابەتی نوکتە و گاڵتە و گەپ. زۆرجار گفتوگۆ و ڕەخنەکان لەسەر ئەم بابەتانە لە سنووری کەسایەتییەکان، تاوان، ئابڕووچوون یان بەرگری لە کەسێکدا دەوەستن و هەر لەوێشدا بیردەچنەوە. هەڵبەت من لێرەدا لە هیچ بەرەیەکیاندا نیم، بەڵکو دەمەوێت ئەم بابەتە بەکاربێنم تا پرسیاری جدی و وردتر سەبارەت بە پەیوەندیی نێوان ئایین و سێکسوالیتی بکەم. جێی پرسیارە کە چۆن کۆمەڵگەیەک دەتوانێت لە هەمان کاتدا زۆر ئایینی بێت (تا ڕادەی هایپەربوون) و زۆریش سێکسوالیزە بێت بە هەمان ڕادە؟ بۆچی لە کۆمەڵگەیەکدا کە گوتاری ئایینی، پیرۆزی، پاکی، کۆنترۆڵکردنی جەستە و سنووردارکردنی ئارەزوو هێندە باڵادەستە کە هەموو خانەکانی گرتۆتەوە، هەمان کات بابەتی سێکس، جەستە و پەیوەندیی نێوان ژن و پیاو وەک جۆرێک لە ئاڵوودەبوون دەبێتەوە بابەتی سەرەکیی گوتار، خەیاڵ و سەرنجی پیاوە ئایینییەکان؟
لێرەدا مەبەست لە تاکێک، فیگەرێکی ئایینی، یان ئابڕووچوون و سکانداڵێکی تایبەت نییە؛ چونکە زۆر بە سادەیی گەر ئەم پیاوە سەلەفییە گێچەڵی سێکسی بەو کچانە کردووە و پێگەی خۆی وەک مامۆستایەکی زانکۆ بەکارهێناوە بۆ فریودان یان کاریگەری خستنە سەر ئەو کچانە، ئەوا یاسا و دادگا دەبێت ئەو بابەتە یەکلایی بکەنەوە و سزای خۆی وەربگرێت. هەربۆیە بابەتی وتارەکەی من لێکدانەوەی تاوان یان بڕیاردان لەسەر تاکێکی دیاریکراو نییە، وەک چۆن تەنها پرسی ئەخلاقیش نییە؛ بەڵکو پرسی دەروونشیکاری، فەلسەفی، کۆمەڵناسی و تەنانەت زانستی نێرۆبایۆلۆژیشە. بابەتەکە پەیوەندیی مرۆڤە بە خۆی، خودا و سێکسەوە. بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارانە، پێویستە لە چوارچێوەی تێگەیشتنێکی فراوانتر سەیری سێکسوالیتی و ئایین بکەین؛ بەو مانایەی سێکسوالیتی تەنها پرۆسەیەکی بایۆلۆجی و غەریزەیی نییە، هەروەک چۆن ئایینیش تەنها کۆمەڵێک ڕێسای ڕیتواڵی و گوتاری سەر مینبەرەکان نییە. بەڵکو هەردووکیان شوێنی تێکەڵبوونی جەستە، زمان، کولتوور، هێز، مانا و ئارەزووە قووڵەکانی مرۆڤن.
بۆیە بیرمەندانی سەدەی بیست و بیست و یەک هەوڵیان داوە ئەم پەیوەندییە ئاڵۆزە بخوێننەوە: لە سیگمۆند فرۆید و کارل یۆنگەوە تا جاک لاکان، لوسی ئیریگاری، میشێل فوکۆ، جۆرج باتای، جولیا کریستێڤا و فاتمە مێرنیسی. دواتریش لە زانستی نێرۆبایۆلۆژیدا کەسێکی وەک ئەندرۆ نیوبێرگ ئەم پرسە دەخاتە شوێنێکی تر. لە ئەدەبیاتی ژنۆلۆژیشدا ئاپۆ بە ناو مێژووی شارستانیەتەکاندا قاڵدەبێتەوە تا ڕەگی ئەم پەیوەندییە قووڵە لەناو میتۆلۆژیای مێزۆپۆتامیادا بدۆزێتەوە.
هەر یەکێک لەم بیرمەندانا لە ڕوانگەیەکی جیاوازەوە پرسیارێکی بنەڕەتییان کردووە:
- ئارەزووی مرۆڤ لە کوێوە دێت؟
- بۆچی هەندێک ئارەزوو سەرکوت دەکرێن؟
- چۆن زمان و گوتار ئارەزوو دروست دەکەن؟
- چۆن دەسەڵات جەستە ڕێکدەخات؟
- بۆچی مرۆڤ هەوڵی تێپەڕاندنی سنووری خۆی دەدات؟
- لە مێشکی مرۆڤدا ئایین و سێکس چ پەیوەندییەکیان هەیە؟
ئەم وتارە هەوڵێکە بۆ نزیکبوونەوە لە وەڵامی ئەم پرسیارانە؛ وەلێ بەرلەوەی بچینە سەر بیروڕای هەندێک لەم بیرمەندانە، سەرەتا پێویستە بە کورتی باس لە پەیوەندیی نێوان ئایین و سێکسوالیتی بکەین.
بەشی یەکەم: پەیوەندیی نێوان ئایین و سێکسوالیتی
یەکێک لە کۆنترین و زیندووترین بیرۆکەکانی مێژووی بیرکردنەوەی مرۆڤ ئەوەیە کە ئایین و سێکسوالیتی دوو بوارن، هەریەکەیان بە شێوەیەکی جیاواز سەیری جیهانی مرۆڤ دەکەن؛ وەک ئەوەی سێکسوالیتی پەیوەندیی بە جەستە، ئارەزوو و سروشتی مرۆڤەوە هەبێت، لە کاتێکدا ئایین پەیوەندیی بە ڕۆح، مانا و جیهانی نادیارەوە هەیە. ئەم دابڕانەی نێوان جەستە و ڕۆح-یان نێوان سێکس و ئایین- سەرەڕای ئەوەی بووەتە کۆدێکی گرنگ لە پەیوەندیی مرۆڤ بە ئایین و سێکسەوە، وەلێ ئەم تێڕوانینە بۆ جەستە و سێکس هەموو مێژووی ئایین و مرۆڤایەتی نییە.
لە شارستانییە کۆنەکاندا (وەک شارستانیی هیندی، سومەری، میسری و یۆنانییەکان)، سێکس و وەچەخستنەوە وەک بەشێک لە جیهانی پیرۆزی و بەردەوامیی ژیان بینراوە. لە مێژووی مێزۆپۆتامیادا، پەیوەندیی نێوان بەرهەمهێنانی ژیان و هێزی خوداوەندی لە هەندێک ڕیتواڵدا بە شێوەیەکی ڕەمزی گوزارشتی لێکراوە. هەڵبەت مەبەست لەو ڕیتواڵانە تەنها سێکس بە مانای ئێستایی نەبوو، بەڵکو تێگەیشتنێکی قووڵتر بوو لە پەیوەندیی نێوان مرۆڤ بە ژیان، زەوی، بەرهەم و بەروبوومی سروشتەوە. وەک چۆن کتێبی “کاماسوترا“ تەنها دەقێک نییە سەبارەت بە سێکس، بەڵکو بەشێکە لە بیرکردنەوەی کۆمەڵایەتی و ئەخلاقیی کۆنی هیند کە پەیوەندیی نێوان خۆشەویستی، چێژ، جەستە و ژیانی مرۆڤ باس دەکات. بە مانایەکی دیکە، خۆشەویستی و هاوسەرگیری تەنها پەیوەندیی نێوان دوو کەس نەبوون، بەڵکو زمانێک بوون بۆ تێگەیشتن لە ژیان، سروشت و ڕێکخستنی ئەو جیهانەش کە مرۆڤ تێیدا دەژێت.
لە میتۆلۆژیای مێزۆپۆتامیادا، بە تایبەتی لە دەقە کۆنە سومەری و ئەکەدییەکاندا، گەردوون و ژیان وەک سیستەمێکی هاوسەنگ و پەیوەست بەیەک دەبینرێن؛ سیستەمێک کە تێیدا هێزە جیاوازەکانی بوون، نەک وەک دژایەتییەکی ڕەها، بەڵکو وەک تەواوکەری یەکتر کاردەکەن. چیرۆکەکانی ئینانا (Inanna)، دوموزی (Dumuzi) و گلگامێش (Gilgamesh) ئاماژەی ڕوونن بۆ ئەم تێگەیشتنە. ئەم چیرۆکانە ئەوەمان بۆ ڕووندەکەنەوە کە چۆن مرۆڤی مێزۆپۆتامیا ژیانیان بە تێکەڵبوونی هێزە ئاسمانی، سروشتی و مرۆییەکان بینیوە؛ هێزێک کە لە هاوسەنگیی نێوان لەدایکبوون، گەشە، وێرانبوون، مردن، زیندووبوونەوە و هەردوو ڕەگەزی نێرینە و مێینە پێکدێت.
ئینانا، یەکێک لە گرنگترین مێخوداوەندەکانی سومەر، تەنها مێخوداوەندی زایین و بەرهەمهێنان نەبوو، بەڵکو بوونێکی خاوەن فرەڕەهەند بوو کە نوێنەرایەتیی هێزی خۆشەویستی، سەروەری، جەنگ، دانایی، گۆڕان و ژیانەوەی دەکرد. لە چیرۆکی “داچوونی ئینانا بۆ ژێرزەوی“ (Inanna’s Descent to the Netherworld)، ئەو گەشتەی ئینانا بۆ جیهانی مردووان و گەڕانەوەی دووبارەی بۆ ژیان، ئاماژەیە بۆ سووڕی ژیان؛ واتە ئەو بیرۆکەیەی مردن کۆتایی نییە، بەڵکو بەشێکە لە پرۆسەی گۆڕان و نوێبوونەوە.
لە پەیوەندیی نێوان ئینانا و دوموزیدا بە یەکێک لە گرنگترین بیرۆکەکانی ئایینی مێزۆپۆتامیا دەگەین؛ ئەویش “هاوسەرگیریی پیرۆز” (Hieros Gamos)ـە. ئەم ڕێوڕەسمە تەنها هاوسەرگیرییەکی ڕەمزیی نێوان دوو کەس نییە، بەڵکو بەشێکە لە جیهانبینیی ئایینی و کۆمەڵایەتیی مێزۆپۆتامیا کە لەسەر بنەمای هاوسەنگیی هێزە جیاوازەکانی گەردوون دامەزراوە. یەکگرتنی ئینانا (مێخوداوەندی خۆشەویستی، زایین، جەنگ و بەرهەمهێنان) لەگەڵ دوموزی (نێرخوداوەندی شوان)، هێمای یەکبوونی ئاسمان و زەوی، باران و خاک، مێینە و نێرینە، و بەردەوامبوونی بازنەی ژیان بوو. لە بیرکردنەوەی میتۆلۆژیی مێزۆپۆتامیادا، ئەم یەکگرتنە بە هۆکاری هاتنی باران، گەشەکردنی ڕووەک، زۆربوونی بەرهەم و پاراستنی هاوسەنگیی سروشت و کۆمەڵگە دادەنرا.
لە ڕووی مێژووییەوە، ئەم بیرۆکەیە لە ڕێوڕەسمی ساڵانەدا بە شێوەیەکی ڕەمزی دووبارە دەبووەوە؛ پاشای شار و نوێنەری مێخوداوەند لەناو پەرستگەدا هاوسەرگیرییەکی ڕەمزییان ئەنجام دەدا. هەڵبەت مەبەست لەم ڕیتواڵە تێرکردنی ئارەزووی تاکەکەسی نەبووە، بەڵکو بۆ نیشاندانی یەکگرتنی دەسەڵاتی سیاسی و پیرۆزیی ئایینی، و دڵنیابوون لە بەردەوامبوونی ژیان، بارودۆخ و ئاسایشی کۆمەڵگە بووە. بەم شێوەیە، پاشا خۆی وەک ناوبژیوانێک لەنێوان مرۆڤ و خوداوەندەکاندا دەناساند و ڕەوایەتیی دەسەڵاتی خۆی لە جیهانبینیی ئایینیدا دەدۆزییەوە.
لێرەدا جێگەی خۆیەتی ئاماژە بە خوێندنەوەی عەبدوڵڵا ئۆجالان (ئاپۆ) بکەین، چونکە ئەو میتۆلۆژیای مێزۆپۆتامیا تەنها وەک کۆمەڵە چیرۆکێکی ئەفسانەیی ناخوێنێتەوە، بەڵکو وەک بەڵگەیەکی مێژوویی بۆ تێگەیشتن لە گۆڕانە بنەڕەتییەکانی کۆمەڵگە و دەسەڵات لێک دەداتەوە. لە خوێندنەوەی ئاپۆدا، ئینانا، دوموزی و گلگامێش تەنها کارەکتەری ئەفسانەیی نین، بەڵکو هەر یەکەیان هێمای قۆناغێک لە گواستنەوەی مرۆڤایەتین لە کۆمەڵگەی دایکەخوداوەندەوە بۆ سیستەمی دەوڵەت، چینایەتی و پیاوسالاری.
بەپێی ئەم خوێندنەوەیە، “هاوسەرگیریی پیرۆز“ لە سەرەتادا ڕێوڕەسمێکی هاوسەنگی بوو؛ هاوسەنگیی نێوان هێزی مێینە و نێرینە، سروشت و کۆمەڵگە، بەرهەمهێنان و ژیان. لەو قۆناغەدا، ئینانا تەنها مێخوداوەندی خۆشەویستی نەبوو، بەڵکو هێمای ئەو جیهانبینییە بوو کە ژن لە ناوەندی بەرهەمهێنان، ڕێکخستنی ژیان و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکاندا پێگەیەکی سەرەکیی هەبوو. پەیوەندیی ئینانا و دوموزی لە مانایەکی قووڵتردا نیشانەی یەکبوونی مرۆڤ و سروشت و بەردەوامبوونی بازنەی ژیان بوو، نە زۆرداری و زاڵبوونی ئەمیان بەسەر ئەوی دیکەدا. وەلێ ئاپۆ پێیوایە لەگەڵ سەرهەڵدانی دەوڵەتی شارستانیی نوێدا- بە تایبەتی لە شارەکانی وەک ئۆروک- ئەم ڕێوڕەسمە بە هێواشی لە مانا سەرەتاییەکەی دوورکەوتەوە. دەسەڵاتی سیاسی و دامەزراوە ئایینییەکان هێمای هاوسەنگییان گۆڕی بۆ ئامرازێک بۆ ڕەوایەتیدان بە دەسەڵات و چەسپاندنی هەژموونی پیاوسالاری. ئەمە سەرەتای گۆڕانێکی مێژوویی بوو کە تێیدا دەوڵەت و دامەزراوە ئایینییەکان کۆنترۆڵی جەستەی ژن و هێزی بەرهەمهێنانیان خستە ژێر دەسەڵاتی خۆیانەوە؛ بۆیە ئاپۆ ئەم دیاردەیە بە هێمای سەرەتای کۆڵۆنیزەکردنی ژن و دامەزراندنی سیستەمی پیاوسالاری دەزانێت.
لە هەمان چوارچێوەدا، ئاپۆ ئەفسانەی گلگامێش وەک یەکەم دەقی شارستانی دەخوێنێتەوە. بۆ ئەو، گلگامێش تەنها پاڵەوانێکی ئەفسانەیی نییە، بەڵکو هێمای مرۆڤی دەوڵەتدار و دامەزرێنەری دەسەڵاتی ناوەندییە. دروستکردنی دیوارە گەورەکانی ئۆروک، کوشتنی هومبابا و لەناوبردنی گا پیرۆزەکەی ئاسمان، هەموویان لە خوێندنەوەی ئاپۆدا هێمای سەرکەوتنی شارستانیی دەوڵەتیین بەسەر جیهانی سروشت و باوەڕە کۆنەکاندا. لە هەموو ئەم کردارانەدا، سروشت و هێزی خوداوەندیی ژن وەک شتێک دەبینرێن کە دەبێت بخرێنە ژێر کۆنترۆڵ و هەژموونی پیاوەوە. هەر لەبەر ئەم هۆیەشە کە ڕەتکردنەوەی داوای خۆشەویستیی ئینانا لەلایەن گلگامێشەوە، تەنها بڕیارێکی تاکەکەسی نییە، بەڵکو لە خوێندنەوەی ئاپۆدا هێمای گۆڕانێکی قووڵی مێژووییە. ئەم ڕەتکردنەوەیە نیشانەی ئەوەیە کە جیهانی نوێی دەوڵەتدار چیتر خۆی بە ڕەوایەتیی مێخوداوەندەکانەوە پەیوەست نابینێت و لەبری هاوسەنگیی نێوان مێینە و نێرینە، سیستەمێکی پیاوسالاریی دامەزراند.
لە کاتێکدا لە ئەفسانەی گلگامێشدا، ئەنکیدو- بە پێچەوانەی گلگامێشەوە- هێمای جیهانی پێش شارستانییە. ئەو مرۆڤێکە هێشتا لەگەڵ ئاژەڵ و سروشتدا بە هاوسەنگی دەژێت و سنووری نێوان مرۆڤ و ژینگەی تێنەپەڕاندووە و نەشکاندووە. بەڵام کاتێک شەمحات (Shamhat)[1] دەهێنرێت بۆ ئەوەی ئەنکیدو بخاتە ناو شارستانییەوە و فێری کۆدەکانی ژیانی شاریی بکات، لەوێدا تەنها چیرۆکێکی خۆشەویستی ڕوونادات، بەڵکو ئەوە هێمای چوونە ناو قۆناغێکی نوێی مێژووییە کە تێیدا مرۆڤ لە سروشت جیادەبێتەوە، دەست بە چاندن، شارنشینی، یاسا و دەوڵەت دەکات. لە خوێندنەوەی ئاپۆدا، شەمحات هێمای ئەو پرۆسەیەیە کە لە ڕێگەیەوە ژن و جەستەی ژن دەگوازنەوە لە کۆمەڵگەی سروشتییەوە بۆ شارستانی، هەرچەندە دواتر هەمان شارستانی ئەم هێزە ژنانەیە دەخاتە ژێر دەسەڵاتی خۆی.
کۆتایی ئەفسانەی گلگامێش، کە تێیدا پاڵەوان بەدوای نەمریدا دەگەڕێت، ڕەهەندێکی تر لە جیهانبینیی مێزۆپۆتامیا ئاشکرا دەکات. دوای مردنی ئەنکیدو، گلگامێش بۆ یەکەمجار بە ترسی مردن ڕووبەڕوو دەبێتەوە و هەوڵ دەدات نهێنیی ژیانی هەتاهەتایی بدۆزێتەوە. بەڵام گەشتەکەی بە ئاکام ناگات و لە کۆتاییدا تێدەگات کە نەمری لە هەڵوەشاندنەوەی مردندا نییە، بەڵکو لە بەرهەم، یادگار، شارستانی و میراتی مرۆڤدا دەژێت. بەم شێوەیە، ئەفسانەی گلگامێش ژیان وەک بازنەیەکی بەردەوام پیشان دەدات؛ بازنەیەک کە تێیدا لەدایکبوون، گەشەکردن، وێرانبوون و نوێبوونەوە بەردەوام یەک لەدوای یەک دێن.
لە کۆتاییدا، چ میتۆلۆژیای ئینانا و دوموزی و چ گلگامێش، هەردووکیان تەنها چیرۆکی ئایینی نین، بەڵکو یادەوەرییەکی مێژوویی و فەلسەفین بۆ تێگەیشتن لە گواستنەوەی مرۆڤایەتی لە جیهانبینیی “سروشت وەک چەقی گەردوون“ بۆ “شارستانیی دەوڵەت وەک ناوەندی هێز و هەژموونی دەسەڵاتە. لە خوێندنەوەی ئاپۆدا، ئەم گواستنەوەیە لە هەمان کاتدا مێژووی دامەزراندنی دەوڵەت، پیاوسالاری، کۆنترۆڵکردنی ژن، جیابوونەوەی مرۆڤ لە سروشت و لێکدابڕانی جەستە لە ڕۆحە؛ پرۆسەیەک کە کاریگەرییەکانی هێشتا لە ژیان و شارستانیەتی ئەمڕۆدا بەردەوامن.
لێرەدا گرنگە ئاماژە بەوە ببنێین کە لەناو ئەم گۆڕانە مێژووییەدا، چەمکی “لەشفرۆشیی پیرۆز” (Sacred Prostitution) لە هەندێک نووسین و لێکۆڵینەوەی کۆندا بەکارهێنراوە بۆ باسکردنی پەیوەندیی نێوان پەرستگە، خوداوەندەکانی خۆشەویستی و ڕێوڕەسمە پەیوەستەکان بە جەستە. هەندێک توێژەر پێیانوایە ئەم دیاردەیە دەربڕینی ئەو جیهانبینییە بووە کە تێیدا سێکسوالیتی و زایین بە پیرۆزییەوە پەیوەست بوون؛ بەڵام توێژینەوە نوێیەکان ئاگادارمان دەکەنەوە کە دەبێت لە بەکارهێنانی ئەم چەمکەدا وریابین، چونکە بەڵگە مێژووییەکان بۆ بوونی سیستەمێکی گشتی و دامەزراوەیی بە ناوی “لەشفرۆشیی پیرۆز” بابەتێکی تەمومژاوییە و تەواو پشتڕاستنەکراوەتەوە (Budin, 2008).
لەبەر ئەوە، گرنگیی ئەم چەمکە لە تەنها بوونی ڕێوڕەسمێکی دیاریکراو زیاترە؛ گرنگییەکەی لەوەدایە کە نیشان دەدات چۆن جەستە لە مێژووی مرۆڤدا بووەتە مەیدانی دروستکردنی مانا. جەستە لە هەمان کاتدا دەتوانێت هێمای پیرۆزی، ژیان و ئازادی بێت، و هەمان کاتیش ببێتە بابەتی کۆنترۆڵ، یاسا و دەسەڵات. لە خوێندنەوەی ئاپۆدا، ئەم گۆڕانە بەشێکە لە پرۆسەی گەورەی گۆڕینی کۆمەڵگەی مرۆڤ؛ پرۆسەیەک کە تێیدا هێز و ڕۆڵی ژن لە ناوەندی کۆمەڵگەوە بەرەو لاوازبوون چووە، و لەگەڵ دامەزراندنی دەوڵەت و پیاوسالاریدا، جەستەی ژن زیاتر چووەتە ژێر سیستەمی خاوەندارێتی و دەسەڵاتەوە (Öcalan, 2015).
لە میتۆلۆژیای یۆنانیشدا، خوداوەندەکان خاوەنی هەمان ئارەزوو و هەستە مرۆییەکان بوون: خۆشەویستی، تووڕەیی، ئیرەیی و ئارەزوو. بوونی مێخوداوەندانی وەک ئەفرۆدیت (خوداوەندی خۆشەویستی و جوانی) و ئیرۆس (پەیوەندیدار بە خۆشەویستی و ئارەزوو) ئاماژەیەکی ڕوونە کە لەو جیهانبینییەدا جەستە و پیرۆزی دوو شتی جیاواز و نامۆ نەبوون بەیەکدی، بەڵکو دوو هێزی هاوتا و هاوشانی یەکتر بوون.
وەلێ لە دیدی فەیلەسوف، ژنە بیرمەند و فێمینیستێکی وەک لوسی ئیریگاری (Luce Irigaray)، ئەفسانە کۆنەکانی یۆنان تەنها چیرۆکی خەیاڵی و دێرین نین، بەڵکو وێنەیەکی قووڵی مێژوویی و کولتوورین کە چۆن کۆمەڵگەی ڕۆژئاوا لەسەر بنەمای سیستەمێکی پیاوسالار دامەزراوە. بە بڕوای ئیریگاری، ئەفسانەکان گواستنەوەیەکی گرنگ پیشان دەدەن: گواستنەوە لە جیهانێکەوە کە تێیدا ژن، دایک و سروشت سەرچاوەی هێز و بەرهەمهێنان بوون، بۆ جیهانێک کە تێیدا پیاو، باوک و یاسای پیاوان دەسەڵاتی سەرەکییان هەیە. بە واتایەکی تر، ئەفسانەکانی یۆنان مێژووی شەڕی نێوان دوو جۆری ڕێکخستنی جیهان پیشان دەدەن:
- جیهانی دایک و سروشت: کە لەسەر بەردەوامیی ژیان، بەرهەمهێنان و پەیوەندیی خوێنیی دایک-کچ دامەزراوە.
- جیهانی باوک و یاسا: کە لەسەر دەسەڵاتی پیاو، خاوەندارێتی و ڕێکخستنی کۆمەڵایەتی دامەزراوە.
بەم شێوەیە، ئەفسانەکان تەنها باس لە خوداوەند و پاڵەوان ناکەن، بەڵکو باس لە مێژووی دروستبوونی ناسنامەی ژن و پیاو و شێوەی دامەزرانی دەسەڵاتی ڕەگەزی لە کۆمەڵگەدا دەکەن. لە بەشی دووەمی ئەم نووسینەدا بیروڕای تەواوی ئیریگاری سەبارەت بەم باسە بە بەراورد بە ڕای فرۆید دەخەمە ڕوو.
دواتر بە هاتنی ئاینە یەکتاپەرستە ئەبراهیمییەکان (یەهوودی، مەسیحی و ئیسلام)- بە تایبەتی لە هەندێک خوێندنەوە و تێگەیشتنی مێژووییدا- هێڵێکی ڕوونتر لەنێوان جەستە و ڕۆحدا دروست بوو؛ جەستە بووە شوێنی تاقیکردنەوەی مرۆڤ و ڕۆح بووە شوێنی نزیکبوونەوە لە خودا. لەم ڕوانگەیەوە، سێکسوالیتی تەنها بابەتی جەستە نەبووە، بەڵکو بووەتە یەکێک لە گەورەترین مەیدانەکانی ململانێی مرۆڤ لەگەڵ خۆی، لەگەڵ کۆمەڵگە و لەگەڵ ئەو پرسیارە قووڵەی: چۆن مرۆڤ لەنێوان سروشت و پیرۆزیدا خۆی ڕێکبخات؟
نەریتی یەهوودی-مەسیحی یەکێکە لە گرنگترین چوارچێوە ئایینی و کولتوورییەکان کە کاریگەرییەکی زۆری لەسەر بیرکردنەوەی مرۆڤایەتی، بەها کۆمەڵایەتییەکان و تێگەیشتن لە ڕۆڵی پیاو و ژندا هەیە؛ بە تایبەتی ئایینی مەسیحی کە لەسەر بنەمای وێنەیەکی خودای پیاوانە و دەسەڵاتداری باوک دامەزراوە، وێنەیەک کە پیاو لە ناوەندی ناسنامە و پیرۆزیدا دادەنێت، لە کاتێکدا ژن لە شوێنێکی لاوازتر و پشتگوێخراودا دەهێڵێتەوە.
لە دیدی ئیریگاریدا، مەسیحیەت کاریگەرییەکی قووڵی لە شێوەگرتنی پەیوەندیی نێوان ئایین، جەستە و جیاوازیی ڕەگەزیدا هەیە. یەکێک لە خاڵە سەرەکییەکانی ڕەخنەی ئیریگاری بریتییە لەوەی کە مەسیحیەت خودا بە شێوەی “باوک” پێناسە دەکات. لەو سیستەمەدا پیاو دەتوانێت خۆی لە بەرامبەر خودایەکی نێرینەدا بناسێت و بۆ خۆی ئامانج و مۆدێلێکی بێکۆتایی دروست بکات؛ بەڵام ژن بەهۆی نەبوونی وێنەیەکی خودایی ژنانە (وەک دایک، کچ یان ڕۆحێکی پیرۆزی ژنانە)، هەست بە نەبوونی ئەو ئایدیایە دەکات کە بتوانێت ناسنامەی خۆی لەسەر بونیاد بنێت. خودای نێرینە دەبێتە هۆی بەهێزبوونی ناسنامەی پیاوانە و لاوازبوونی دەنگی ژنانە.
وەک چۆن ئیریگاری ڕەخنە لە ڕێوڕەسمی «قوربانیی پیرۆز» (Eucharist) دەکات و دەڵێت ئەم ڕێوڕەسمە پەیوەندییەکی شاراوەی لەگەڵ جەستەی ژندا هەیە. کاتێک کاهینی پیاو دەڵێت: «ئەمە جەستەی منە، ئەمە خوێنی منە»، ئیریگاری ئەوەمان بیردەهێنێتەوە کە هەموو مرۆڤێک بەر لە هەموو شتێک و سەرەتا لە جەستە و خوێنی دایکێکەوە دروست بووە؛ بەڵام لە نەریتی مەسیحیدا، ئەم ڕاستییەی ژیان و ژن وەک سەرچاوەی ژیان، زۆرجار شاردراوەتەوە و ژن دەبێتە بنەمایەکی نادیار بۆ ڕێوڕەسمێک کە بە دەستی پیاوان بەڕێوە دەچێت.
یەکێک لە چەمکە گرنگەکانی ئەم نەریتە “دایکی پاکیزە” یان وێنەی دایکی پیرۆزە. ئەم چەمکە بە تایبەتی لە ڕێگەی وێنەی مریەم، دایکی عیساوە ناسراوە؛ ژنێک کە بە پاکی، بێگەردی، فیداکاری و خۆبەخشین دەناسرێتەوە. ئەم وێنەیە ڕۆڵی ژن زۆرجار بە پەیوەندییەکەی لەگەڵ دایکایەتی و چاودێریکردنی منداڵدا پێناسە دەکات و ژن وەک نموونەی دایکێکی پاک و فیداکار پیشان دەدات. ئیریگاری باس لە سەرکوتکردنی ڕەچەڵەکی ژنانە دەکات. بە بۆچوونی ئەو، لە کولتووری مەسیحیدا ژن لە ڕێگەی پەیوەندییەکەی بە کوڕ، مێرد یان بنەماڵەی پیاوەوە پێناسە دەکرێت، نەک وەک بوونێکی سەربەخۆ. نموونەی “دایکی پاکیزە” (Virgin Mother) بۆ ئیریگاری نیشانەی ئەوەیە کە ژن چۆن بەپێی ئەرک و پەیوەندییەکانی لەگەڵ پیاودا پێناسە کراوە، نەک بەپێی خودی بوونی خۆی.
هەر بۆیە دەبینین لە ئایینە یەکتاپەرستەکاندا ئەم پەیوەندییە بە شێوەیەکی تایبەت دەردەکەوێت. جەستە و ئارەزووی سێکسی بووەتە زۆنێکی گرنگ بۆ دیاریکردنی سنووری نێوان پاکی و ناپاکی، تاوان و بێتاوانی، ڕێگەپێدراو و قەدەغەکراو. بە واتایەکی تر، ئایین لە زۆر شوێندا لە ڕێگەی بەڕێوەبردنی جەستە و ئارەزووەوە هەوڵی ڕێکخستنی ژیانی تاک و کۆمەڵگەی داوە.
لە زۆربەی سیستەمە ئایینییەکاندا، شەرم- بە تایبەتی شەرم لە جەستە، لە ڕووتیی جەستە، لە چێژ و لە ئارەزووی سێکسی- بووەتە ئامرازێک بۆ دروستکردنی تاکێکی پابەند بە یاسا و بنەما ئایینییەکان. چونکە کاتێک مرۆڤ جەستەی خۆی بە شتێکی ناپاک یان مەترسیدار دەبینێت، پێویستی بە دامەزراوە و ڕێبەرێک هەیە بۆ ئەوەی ڕێگەی پاکبوونەوە و ڕزگاربوونی پیشان بدات. لێرەدا دەکرێت بڵێین کۆنترۆڵکردنی جەستە بووەتە یەکێک لە بنەما گرنگەکانی دامەزراندنی زۆرێک لە دامەزراوە ئایینییەکان، ئەویش لە ڕێی کارکردنی بەردەوام لەسەر چەمکی شەرم یان ئەوەی لە کوردیدا پێی دەڵێن “حەیا و حورمەت”.
لە تێگەیشتنی میشێل فوکۆدا، سێکسوالیتی تەنها بابەتێکی تایبەتیی تاک نییە، بەڵکو یەکێکە لەو مەیدانانەی دەسەڵات لە ڕێگەی یاسا، زانست، ئەخلاق، ئایین و دامەزراوەکانەوە کاری تێدا دەکات. بەپێی فوکۆ، کۆمەڵگە نوێیەکان نەک تەنها سێکسوالیتی قەدەغە ناکەن، بەڵکو بەردەوام قسەی لەسەر دەکەن و زانیاری و چاودێری لە دەوریدا دروست دەکەن (Foucault, 1978). ئەم دیدەی فوکۆ یارمەتیدەرە بۆ تێگەیشتن لەوەی بۆچی جەستە و ئارەزوو زۆرجار دەبنە شوێنی ململانێی نێوان تاک و کۆمەڵگە، ئازادی و یاسا، سروشت و کۆنترۆڵ.
لێرەدا جێی خۆیەتی ئاماژە بەوە بکەین کە مرۆڤ بە شەرم و هەستی تاوانەوە- ئەو دوو هەستەی مرۆڤ دەهارن و زەلیلی دەکەن- لەدایک نابێت، بەڵکو ئەم هەستانە لە ڕێگەی کولتوور، زمان و کۆمەڵگەوە لە ساڵانی سەرەتای ژیانی منداڵدا فێر دەکرێن. لە کولتووری کوردیدا وشەی ‘بڤە’ نموونەیەکی زۆر بەرچاوە بۆ ئەو شێوەیەی کە چۆن منداڵ لە سەرەتای ژیانی خۆیدا فێری سنوورەکانی جەستە و ئارەزوو دەکرێت؛ ‘ بڤەیە نەکەی’ دەبێتە دەنگێکی نەستەکی کە دواتر لە زۆر بڕیار و هەستەکانی تاکدا بەرامبەر بە خۆی و دەوروبەری بەردەوام دەبێت.
لە گوتاری زۆرێک لە پیاوانی ئایینیی کورددا، پەیوەندیی نێوان ئایین و سێکسوالیتی زۆرجار لە سنووری ڕێنمایی و ڕێکخستنی ئەخلاقی تێدەپەڕێت و دەگاتە ئاستێک کە سێکسوالیتی دەبێتە ناوچەیەکی پڕ لە ترس، شەرم، تاوانبارکردن و چاودێری. لەم جۆرە گوتارانەدا، بابەتی سێکس تەنها وەک پرسیارێکی تایبەتی یان جەستەیی مامەڵەی لەگەڵدا ناکرێت، بەڵکو دەگۆڕدرێت بۆ مەیدانێک بۆ پێوانەکردنی پاکی، باوەڕداری و ئەخلاقیبوونی تاک.
ئەم دۆخە لە ڕوانگەی کۆمەڵناسیدا دەتوانرێت وەک کۆبوونەوەی دوو هێزی پێچەوانە، بەڵام لە هەمان کاتدا پەیوەندیدار، لێک بدرێتەوە: هایپەرئایینیبوون و هایپەرسێکسوالیتیبوون. واتە لەلایەکەوە زیادبوونی قەدەغە، کۆنترۆڵ و سنووردارکردنی دەربڕینی سێکسوالیتی، و لەلایەکی دیکەوە زیادبوونی گرنگی و سەرنجدان بە هەمان بابەت بەهۆی هەمان ئەو قەدەغەکردنانەوە. بە واتایەکی تر، ئەو شتەی بە توندی قەدەغە دەکرێت، زۆرجار بەهۆی هەمان تابۆ و پەیامە دووبارەکانەوە دەبێتە بابەتی سەرەکیی بیرکردنەوە و چاودێری لە ناخی تاک و کۆمەڵگەدا.
لە ڕوانگەی کۆمەڵناسیدا، تابۆکردنی سێکسوالیتی بە مانای خامۆشکردنی تەواوی ئەو بابەتە نییە؛ بەڵکو زۆرجار دەبێتە هۆی دروستبوونی گوتارێکی فراوانتر لە دەوری جەستە، ئارەزوو و ڕەفتاری سێکسی. فوکۆ لە توێژینەوەکانی خۆیدا، بە تایبەتی لە کتێبی “مێژووی سێکسوالیتی”دا، ئەم پرۆسەیە بە چوارچێوەی “سیاسەتی جەستە” و “دەسەڵاتی زانستی” شی دەکاتەوە. لە دیدی فوکۆدا، دەسەڵات تەنها بە ڕێگەی قەدەغەکردن و خامۆشکردن کار ناکات، بەڵکو بە دروستکردنی گوتار، زانیاری، پۆلێنکردن و چاودێری، جەستە و سێکسوالیتی دەخاتە ژێر ڕێکخستن و بەڕێوەبردن (Foucault, 1978).
لە هەندێک شێوەی گوتاری پیاوانی ئایینیدا، بە تایبەتی ئەو گوتارانەی کە سێکسوالیتی بە ترس، تاوان و ناپاکی دەبەستنەوە، جەستە دەگۆڕدرێت بۆ مەیدانی تاقیکردنەوەی ئەخلاقی. تاک لەم دۆخەدا تەنها لەلایەن دەزگا و کۆمەڵگەوە چاودێری ناکرێت، بەڵکو فێردەکرێت خۆیشی چاودێریی خۆی بکات. واتە دەسەڵات لە دەرەوەدا تەنها سەپێنراو نییە، بەڵکو دەچێتە ناو ناخی تاک و دەبێتە بەشێک لە نەست و هۆشیارییەکەی.
بەو پێیەی ئێمە لەناو کۆمەڵگەیەکی ئایینیدا کە ئیسلام ئایینی زاڵە باس لە پەیوەندیی نێوان ئایین و سێکسوالیتی دەکەین، ئەوا گرنگە هەندێک وردەکاری بخەینە ڕوو. بۆ ئەم مەبەستەش دەتوانین بگەڕێینەوە بۆ فاتمە مێرنیسی. لەم بەشەی خوارەوەدا هەوڵ دەدەم کەم تا زۆر دید و بۆچوونەکانی مێرنیسی لەسەر وێنەی ژن لە ئیسلامدا بخەمە ڕوو:
ئیسلام و پرسیاری ئازادیی ژن لە خوێندنەوەی فاتمە مێرنیسیدا
بۆ تێگەیشتن لەو نائارامییە فکری و کۆمەڵایەتییەی بەشێک لە کۆمەڵگە موسڵمانە هاوچەرخەکان تێیدا دەژین، پێویستە – وەک فاتمە مێرنیسی جەختی لێ دەکاتەوە- بگەڕێینەوە بۆ مێژوو. ئەم گەڕانەوەیە بۆ مێژوو بۆ ئەوە نییە کە ڕابردوو بکەینە پەناگە و نموونەیەکی ئایدیاڵ بۆ تێگەیشتن لە پەیوەندیی نێوان ژن و پیاو، بەڵکو بۆ ئەوەیە بتوانین جیاوازی لەنێوان میراتی ئایینی و شێوازەکانی بەکارهێنانی سیاسی و دەسەڵاتداریی مێژووییدا بکەین.
لە خوێندنەوەی مێرنیسیدا، کێشەی سەرەکی لە بنەما و پەیامی سەرەتایی ئیسلامدا نییە، بەڵکو لەو پرۆسە مێژووییەدا هەڵکەوتووە کە تێیدا دەق و بیرۆکە ئایینییەکان لەلایەن دەسەڵات، دامەزراوە کۆمەڵایەتییەکان و هەژموونی پیاوسالارییەوە لێکدراونەتەوە و هەندێک جار بوونەتە ئامراز بۆ ڕێکخستنی پەیوەندیی نێوان دەسەڵات، جەستە و ناسنامە. پرسیاری بنەڕەتیی مێرنیسی ئەوەیە: ئایا مێژوو دەخوێنینەوە بۆ ئەوەی تێی بگەین، یان بۆ ئەوەی بە ناوی مێژووەوە سنووری ئازادیی ئێستا دیاری بکەین؟
لە دیدی مێرنیسیدا، گەڕانەوە بۆ سەدەی حەوتەمی زایینی نابێت بە مانای گەڕانەوە بێت بۆ شێوەیەکی کۆنی ژیان، بەڵکو دەبێت گەڕانەوە بێت بۆ ئەو ساتە مێژووییەی مەدینە تێیدا وەک تاقیکردنەوەیەکی نوێی کۆمەڵایەتی هەوڵی دا پەیوەندییەکانی مرۆڤ، بەرپرسیارێتی و بنەماکانی کۆمەڵگە دووبارە پێناسە بکاتەوە. ئەو ساتە نابێت تەنها وەک یادەوەرییەکی پیرۆز ببینرێت، بەڵکو دەبێتە بابەتێک بۆ بیرکردنەوە، لێکۆڵینەوە و پرسیارکردن لەسەر ئەو بەها و بنەمایانەی کە کۆمەڵگەی مرۆیی پێیان ڕێکدەخرێت.
مێرنیسی جەخت لەوە دەکاتەوە کە تێگەیشتن لە پەیوەندیی نێوان ئایین و دەسەڵات پێویستی بە خوێندنەوەیەکی ڕەخنەیی بۆ مێژوو هەیە. لە ڕوانگەی ئەوەوە، زۆرێک لە سنووردارکردنەکانی ژنان و تاکەکان لە هەندێک کۆمەڵگەی موسڵماندا، لە خودی پەیامی سەرەتایی ئیسلامەوە سەرچاوەیان نەگرتووە، بەڵکو لەو لێکدانەوە مێژوویی و دامەزراوە سیاسییانەوە دروست بوون کە دواتر بۆ پاراستنی هەژموونی دەسەڵات و ڕێکخستنی کۆمەڵگە بە شێوەیەکی دیاریکراو پەرەیان پێدراوە.
لەو چوارچێوەیەدا، پرسیاری ژن تەنها پرسیاری ماف و یاسا نییە، بەڵکو پرسیارێکی قووڵترە دەربارەی چۆنیەتیی تێگەیشتنمان لە مرۆڤ، شکۆ و کەرامەتی مرۆڤ، ئازادی و دادپەروەری. بۆ مێرنیسی، کۆمەڵگەیەک نیوەی دانیشتووانەکەی لە بەشداریی تەواو لە ژیانی گشتیدا دوور بخاتەوە، ناتوانێت بە تەواوی بانگەشەی پێشکەوتن و مۆدێرنیتە بکات؛ چونکە پێشکەوتن تەنها بە گۆڕینی دامەزراوەکان نییە، بەڵکو بە گۆڕینی شێوەی بینینی مرۆڤ و تواناکانیشیەوە پەیوەستە.
بۆ زیاتر ڕوونکردنەوەی بۆچوونەکانی سەبارەت بە وێنەی ژن لەناو مێژووی کۆنی ئیسلامدا، مێرنیسی باس لە کۆچی پێغەمبەر بۆ مەدینە لە ساڵی (٦٢٢)ی زایینیدا دەکات. بە ڕای مێرنیسی، ئەوە تەنها کۆچێک نەبوو بە مانای گواستنەوەیەکی جوگرافی لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی دیکە، بەڵکو دەستپێکی دامەزراندنی سیستەمێکی نوێی کۆمەڵایەتی و سیاسی بوو؛ گواستنەوەیەکی مێژوویی گرنگ بوو لە کۆمەڵگەی پێش ئیسلام( جاهیلی)ـەوە بۆ کۆمەڵگەی ئیسلامی. لە کۆمەڵگەی پێش ئیسلام(جاهیلی)دا پێگەی تاک لەسەر بنەمای خێڵ، ڕەچەڵەک و هاوپەیمانییە خوێناوییەکان دیاری دەکرا، هەروەها پاراستن، دەسەڵات و مافەکانیش زیاتر بەهۆی سەر بە خێڵبوونەوە بەدەست دەهاتن. بەڵام ئیسلام هات بۆ ئەوەی ئەم شێوازە بگۆڕێت و بیرۆکەی “ئوممە” جێگیر بکات؛ واتە کۆمەڵگەیەکی نوێ کە ئەندامەکانی لەسەر بنەمای باوەڕ و پابەندبوون بە یەک سیستەمی بەها و یاسا لە دەوری خۆی کۆدەکاتەوە، نەک تەنها بەهۆی خوێن و بنەماڵەوە.
مێرنیسی پێی وایە ئەم گۆڕانە شوێن و پێگەیەکی نوێی بۆ ژنانیش دروست کرد. یەکەمین ژنانی موسڵمان تەنها لە ژیانی ماڵەوەدا نەمانەوە، بەڵکو وەک ئەندامانی ئوممە لە ژیانی گشتیدا ئامادە بوون؛ ئەوان بە ئازادی پرسیاریان لە پێغەمبەر دەکرد، لە باس و گفتوگۆ ئایینی و کۆمەڵایەتییەکاندا بەشدارییان دەکرد، و لە هەندێک بارودۆخدا لە کاروباری سیاسی، کۆمەڵایەتی و تەنانەت بەرگریشدا ڕۆڵیان هەبوو. لە ڕوانگەی مێرنیسییەوە، ئەمە نیشانەی ئەوەیە کە پەیامی سەرەتایی ئیسلام بوارێکی فراوانتری بۆ بەشداریی ژنان لە ژیانی گشتیدا دابین کرد.
لە هەمان کاتدا، ئیسلام هەوڵی دا پەیوەندییە خێزانی و سێکسییەکان لەژێر چوارچێوەی یاسایەکی ڕووندا ڕێک بخات. بۆیە یاساکانی وەک هاوسەرگیری، عیددە (ماوەی چاوەڕوانیی ژن دوای جیابوونەوە یان مردنی هاوسەرەکەی)، میرات و نەسەب دانران، تاوەکو نەسەب و باوکی منداڵ بە ڕوونی دیاری بکرێت و مافە خێزانییەکان بپارێزرێن. بەم شێوەیە، خێزان بوو بە یەکەی سەرەکیی کۆمەڵگە و پەیوەندییە سێکسییەکانیش تەنها لە چوارچێوەی هاوسەرگیریی یاساییدا ڕێگەپێدراو بوون.
وەلێ مێرنیسی ئاماژەش بەوە دەکات کە ئیسلام وەک هەر سیستەمێکی یاسایی نوێ، لەگەڵ ڕێکخستن و پاراستنی مافەکاندا، سنووری تازەشی دروست کرد. ئەگەر پێش ئیسلام دۆخی منداڵانی دەرەوەی هاوسەرگیری زیاتر لە چوارچێوەی نەریت و خێڵدا چارەسەر بکرایە، لە سیستەمی یاسایی نوێدا ئەو دۆخە بە یاسا و ناسنامەی خێزانییەوە گرێ درا. بۆیە ئەم جۆرە منداڵانە لە هەندێک بارودۆخدا ڕووبەڕووی هەڵسەنگاندنێکی کۆمەڵایەتیی جیاواز بوونەوە، چونکە سیستەمە نوێکە سنوورێکی ڕوونی لەنێوان پەیوەندیی یاسایی و نایاساییدا دابوو (منداڵی ناو هاوسەرگیری یان منداڵی دەرەوەی هاوسەرگیری- ئەوەی لە زمانی کوردیدا پێی دەڵێن “زۆڵ”). ئەوەی لە خوێندنەوەی مێرنیسیدا گرنگە، ئەوەیە کە ئەو جیاوازییەکی گرنگ لەنێوان پەیامی سەرەتایی ئیسلام و لێکدانەوەی فقهی و سیستەمی پەتریارکیی (پیاوسالاری) دواتردا دەکات. بە بڕوای ئەو، زۆرێک لە سنوورداربوونی ژنان لە مێژووی ئیسلامدا نەک لە دەقی ئیسلامییەوە، بەڵکو لەو لێکدانەوە و بارودۆخە سیاسی و کۆمەڵایەتییانەوە سەرچاوەیان گرتووە کە دواتر دروست بوون. هەر بۆیە مێرنیسی مێژووی ئیسلام وەک مێژووی ململانێی نێوان پەیامێکی سەرەتایی بەرفراوان بۆ دادپەروەری و بەشداری، لەگەڵ هێزە پەتریارکییەکانی دواتردا دەخوێنێتەوە.
یەکێک لە بنەما سەرەکییەکانی ئایینی ئیسلام بۆ وێنەی ژنێکی موسڵمانی خاوەن باوەڕ، بەستنەوەی وێنە و جەستەی ژنە بە چەمکی “حیجاب”ـەوە. ئەگەرچی پێشتر لە وتارێکی تردا بە درێژی باسی ئەم چەمکەم لە دیدێکی دەروونشیکارییەوە کردووە، وەلێ لێرەدا دەگەڕێمەوە بۆ بیروڕای فاتمە مێرنیسی لەسەر ئەم بابەتە بۆ ئەوەی دیوێکی تری بابەتەکە ببینین.
حیجاب لە هزر و بیرکردنەوەی فاتمە مێرنیسیدا تەنها بابەتێکی ئایینی یان شێوازێکی دەرەکیی پۆشین نییە کە ژنی باوەڕدار و بێباوەڕی پێ جیابکرێتەوە، بەڵکو ڕووپۆشێکی مێژوویی و کۆمەڵایەتییە کە لەناو خۆیدا هەڵگری پرسیارەکانی دەسەڵات، ناسنامە، پێگەی ژن و پەیوەندیی نێوان فەزای تایبەت و فەزای گشتییە. مێرنیسی لە کتێبی (The Veil and the Male Elite: A Feminist Interpretation of Women’s Rights in Islam, 1991) هەوڵ دەدات حیجاب لە چوارچێوەیەکی مێژووییدا بخوێنێتەوە؛ واتە نەک تەنها وەک فەرمانێکی دیاریکراوی ئیلاهی، بەڵکو وەک چەمکێک کە لە پرۆسەی کۆمەڵایەتی و سیاسیی دواتردا لەگەڵ کات و شوێندا ماناکانی فراوانتر بوون.
لە بنەڕەتدا، وشەی حیجاب لە ڕەگی عەرەبیی «حَجَبَ»ـەوە هاتووە، کە مانای دانانی بەربەست، شاردنەوە و ڕێگری دەگەیەنێت. بۆیە حیجاب لە مانا فراوانەکەیدا تەنها شاردنەوەی جەستە نییە، بەڵکو دروستکردنی سنوورێکە لەنێوان دوو بواردا: بوارێکی تایبەت و بوارێکی گشتی، لەنێوان ئەوەی دەبێت ببینرێت و ئەوەی دەبێت بە نهێنی و شاراوەیی بمێنێتەوە.
مێرنیسی جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە بۆ تێگەیشتن لە حیجاب، دەبێت بگەڕێینەوە بۆ بارودۆخی مێژوویی دابەزینی ئایەتی ٥٣ لە سورەتی ئەحزاب[2]. بەپێی خوێندنەوەکانی سیرە و فەرموودە، ئەم ئایەتە پەیوەندیی بە ڕووداوی هاوسەرگیریی پێغەمبەر محەمەد لەگەڵ زەینەبی کچی جەحشدا هەبوو، کاتێک لەو ڕۆژەدا هەندێک میوان دوای خواردنی نانی ئێوارەی ئاهەنگی هاوسەرگیرییەکە لە ماڵی پێغەمبەر بۆ کاتێکی درێژتر مانەوە و بە جۆرێک سنووری تایبەتمەندیی ماڵەکەیان تێپەڕاند. بەپێی سەرچاوەکان، سەرەتا حیجاب بۆ جیاکردنەوەی نێوان ژن و پیاو نەبووە، بەڵکو بۆ جیاکردنەوەی دوو پیاو[3] بووە لە یەکتر.
لە خوێندنەوەی مێرنیسیدا، خاڵی گرنگ ئەوەیە کە یەکەم “حیجاب” لە سەرەتادا نەک بۆ جیاکردنەوەی ژن و پیاو دابەزی، بەڵکو بۆ دیاریکردنی سنووری نێوان ژیانی تایبەتیی پێغەمبەر و بوارە گشتییەکەی بوو. بە واتایەکی تر، بنەمای سەرەتایی حیجاب پەیوەندیی بە “ژنانی پێغەمبەر” و “تایبەتمەندیی ئەوەوە” هەبوو. بەم مانایە، پەردەکە نەک تەنها شتێکی فیزیکی بوو، بەڵکو نیشانەیەکی کۆمەڵایەتی بوو بۆ دانانی سنوور: ئەو سنوورەی کە دەڵێت هەموو شوێنێک بۆ هەموو کەسێک نییە، و هەموو نزیکبوونەوەیەکیش نابێت بێ ڕێکخستن و مۆڵەت بێت.
لە ڕوانگەی فاتمە مێرنیسییەوە، ئەم خاڵە زۆر گرنگە، چونکە ئەو جیاوازی دەکات لەنێوان مانای سەرەتایی حیجاب و ئەو مانایەی لە مێژووی دواتردا پێی بەخشراوە. لە سەرەتادا، حیجاب پەیوەندیی بە ژنان و تایبەتمەندیی ماڵی پێغەمبەرەوە هەبوو؛ بەڵام لە دواتردا، لەژێر کاریگەریی بارودۆخی کۆمەڵایەتی و سیاسی، ئەم چەمکە فراوان بوو و زۆرجار بۆ ڕێکخستنی پەیوەندیی نێوان ژن و پیاو بەکارهێنرا. مێرنیسی گرنگی لەوەدا دەبینێت کە چۆن چەمکێکی تایبەت دواتر بەهۆی گۆڕانکارییە مێژوویی و سیاسییەکانەوە بوو بە یاسایەکی گشتی بۆ ڕێکخستنی پەیوەندیی نێوان ژن و پیاو. ئەو لێرەدا جیاوازی دەکات لەنێوان ئەوەی دەق لە کاتی خۆیدا باسی کردووە و ئەوەی کۆمەڵگەکان دواتر لێی تێگەیشتوون.
لە دیدی مێرنیسیدا، یەکێک لە پرسیارە سەرەکییەکان ئەوەیە کە چۆن پەردەیەک کە بۆ پاراستنی ژنان دادەنرێت، دەتوانێت لە هەندێک بارودۆخی مێژووییدا ببێتە ئامرازێک بۆ سنووردارکردنی ئامادەبوونی ژنان لە بوارە گشتییەکاندا؟ ئەم پرسیارە ناچێتە سەر خودی حیجاب بەتەنها، بەڵکو دەچێتە ناو پرسیارێکی گەورەتر: کێ دەسەڵاتی دانانی سنوورە کۆمەڵایەتییەکانی هەیە؟
لە شیکردنەوەی مێرنیسیدا، جەستەی ژن و بوونی ژن لە کۆمەڵگەدا بووەتە شوێنی گفتوگۆی نێوان ئایین، سیاست و کۆمەڵگە. لە مێژووی ئیسلامدا ژنان تەنها بابەتی یاسا نەبوون، بەڵکو خۆیان بەشدار بوون لە ژیانی فکری و سیاسیی کۆمەڵگەدا. بۆیە، خوێندنەوەی حیجاب دەبێت لە چوارچێوەیەکی فراوانتر و لە پەیوەندی بە دەسەڵات و مێژووی کۆمەڵایەتییەوە بکرێت. چونکە ئەو سنوورەی سەرەتا بە شێوەی پەردەیەک بۆ جیاکردنەوەی دوو شوێن لەنێوان تایبەتی و گشتیدا دروست بوو، هێواش هێواش گوازرایەوە بۆ سەر جەستەی ژن. واتە ئەو سنوورەی پێشتر لەنێوان دوو شوێندا دادەنرا، دواتر لەسەر جەستەی ژن جێگیر کرا و جەستەی ژن خۆی بوو بە شوێنی جێبەجێکردنی ئەو سنوورانە. مێرنیسی ئەم گۆڕانە بە بەشێک لە پرۆسەی مێژوویی دروستبوونی دەسەڵاتی پیاوسالاری دەزانێت، کە تێیدا حیجاب لە چەمکێکی شوێنییەوە گۆڕا بۆ چەمکێکی ئەخلاقی، تا ببێتە ئامرازێک بۆ ڕێکخستن و کۆنترۆڵکردنی ئامادەبوون و جووڵەی ژنان لە کۆمەڵگەدا. لە کۆتاییدا، لە ڕوانگەی فاتمە مێرنیسییەوە، حیجاب پەردەیەکی سادە نییە کە تەنها شتێک بشارێتەوە، بەڵکو نیشانەیەکی مێژووییە کە چیرۆکی ململانێی نێوان تایبەتی و گشتی، ژن و دەسەڵات، ئایین و کۆمەڵگە دەگێڕێتەوە.
یەکێک لە گوتارە گرنگەکانی تری ئایینی ئیسلام- بە تایبەتی لە کۆمەڵگەی کوردیدا کە پیاوانی ئایینیی کورد وەک چەکێک لە دژی ژن و کۆمەڵگە بەکاری دەهێنن- بریتییە لە گوتاری دژەژن بە گەڕانەوە بۆ فەرموودەکانی پێغەمبەر. لێرەدا لە ڕوانگەی مێرنیسییەوە لەسەر ئەم بابەتە دەوەستین:
فەرموودە وەک ئامرازێک بۆ کۆنترۆڵکردنی سێکس و ژنان لە دیدی فاتمە مێرنیسیدا
لە کتێبی (The Veil and the Male Elite)دا، مێرنیسی باس لەوە دەکات کە دوای وەفاتی پێغەمبەری ئیسلام، بە تایبەتی لە سەردەمی ململانێ سیاسییەکان و ململانێکان لەسەر دەسەڵات، بەشێکی گرنگ لە فەرموودەکان (حدیث) بوونە مەیدانێک بۆ دروستکردن و گۆڕینی ڕیوایەتەکان، تاوەکو بەرژەوەندییە سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان بپارێزرێن. هەربۆیە زۆرێک لە فەرموودەکان لە چوارچێوەی ئەو ململانێیانەدا دروست کران یان بە شێوەیەکی هەڵە گوازرانەوە، بە تایبەتی ئەوانەی ژنانیان لە دەسەڵات، ڕۆڵی گشتی و هاوبەشبوون لە ژیانی سیاسی دوور دەخستەوە.
مێرنیسی ئاماژە بەوە دەکات کە زانایانی فەرموودە، بۆ پاراستنی دروستیی سووننەت، سیستەمێکی وردیان بۆ هەڵسەنگاندنی ڕاوییەکان دروست کرد. دیارترین نموونەش ئیمامی بوخارییە، کە بەگوێرەی سەرچاوە کلاسیکییەکان نزیکەی ٦٠٠ هەزار فەرموودەی کۆکردەوە، بەڵام تەنها ٧٢٥٧ فەرموودەی (لەگەڵ دووبارەبوونەوەکاندا) بە دروست بینیوە و وەرگرتووە. ئەم ژمارەیە، لە دیدی مێرنیسیدا، ئەوە پیشان دەدات کە لە سەدەکانی یەکەمدا ژمارەیەکی زۆر لە فەرموودەکان دروستکراو یان گوماناوی بوون و هەوڵ دەدرا بە ناوی ئیسلام و پێغەمبەر محەمەدەوە بڵاوبکرێنەوە. بەشێک لەم فەرموودانە مەبەستیان ئەوە بوو ژنان وەک سەرچاوەی فیتنە، پیسی یان مەترسی بۆ ڕێکخستنی کۆمەڵگە پیشان بدەن و لە بەشداری لە ژیانی گشتیدا دووریان بخەنەوە. لێرەدا هەندێک لە نموونەی ئەو فەرموودانە دەخەینە ڕوو کە ئێستاش کاریگەریی نەرێنییان لەسەر وێنەی ژن لە کۆمەڵگەدا هەیە.
یەکێک لە زۆرترین ئەو فەرموودانەی لە مێژووی فقهی و سیاسیی ئیسلامدا بۆ ڕەتکردنەوەی ڕێبەریی ژنان بەکارهاتووە، ئەو فەرموودەیەیە کە لە سەحیحی بوخاریدا هاتووە: «لَنْ يُفْلِحَ قَوْمٌ وَلَّوْا أَمْرَهُمُ امْرَأَةً» (واتە: “ئەو گەلەی کاروباری خۆیان بە ژنێک بسپێرن، هەرگیز سەرکەوتوو نابن“). ئەم فەرموودەیە تەنها لەلایەن هاوەڵی پێغەمبەر، ئەبو بەکرە نُفەیع بن حارث، ڕیوایەت کراوە. مێرنیسی ئەم فەرموودەیە بە میتۆدی زانستیی حەدیس و مێژووی ئیسلامی هەڵدەسەنگێنێت، و پرسیار لەسەر هەم ڕاوی و هەم بارودۆخی گێڕانەوەی دەقەکەش دەکات.
مێرنیسی سەرەتا ئاماژە بە ڕووداوێکی مێژوویی دەکات کە لە سەردەمی خەلیفەی دووەم، عومەری کوڕی خەتابدا ڕووی داوە. ئەبو بەکرە لە کەیسی تۆمەتبارکردنی موغیرەی کوڕی شوعبە بە زینا، یەکێک بوو لەو شایەتانەی کە نەیانتوانی مەرجی چوار شایەتیی تەواو پڕ بکەنەوە. بۆیە بە حوکمی ئایەتی چوارەمی سورەتی نوور، بە تاوانی قەذف سزا درا و هەشتا شەلاقی لێ درا.
لە فقهی ئیسلامیدا، ئایەتی ﴿وَلَا تَقْبَلُوا لَهُمْ شَهَادَةً أَبَدًا﴾ (نوور: ٤) دەربارەی ئەو کەسانەیە کە بە قەذف سزا دەدرێن. زۆرێک لە فەقیهان ئەم ئایەتەیان بەو شێوەیە تێگەیشتوون کە کەسێکی مەحکووم بە قەذف، دادپەروەریی (عەدالەت) بریندار دەبێت و شایەتی لە دادگادا لێ وەرناگیرێت، مەگەر دوای تۆبە و جێبەجێکردنی مەرجە فقهییەکان.
مێرنیسی لێرەدا پرسیارێکی بنەڕەتی دەکات: ئەگەر فقهی ئیسلامی لە بابەتی شایەتیی دادگادا ئەم ئاستە لە وردبینی و هەڵسەنگاندنی دادپەروەریی ڕاوی پەیڕەو دەکات، بۆچی هەمان بنەما لە هەڵسەنگاندنی ڕیوایەتی حەدیسدا بەکار نەهاتووە، بە تایبەتی کاتێک ئەم حەدیسە کاریگەرییەکی گەورەی یاسایی و سیاسی لەسەر ژیانی ژنان هەبووە؟ بە بۆچوونی مێرنیسی، پرسیارەکە تەنها لەسەر کەسایەتیی ئەبو بەکرە نییە، بەڵکو لەسەر کاتی گێڕانەوەی حەدیسەکەشە. بەگوێرەی سەرچاوە مێژووییەکان، ئەبو بەکرە ئەم فەرموودەیەی نزیکەی بیست و پێنج ساڵ دوای وەفاتی پێغەمبەر یادی کردەوە، ئەویش دوای شەڕی جەمەل و شکستی عائیشە. مێرنیسی دەڵێت ئەم کاتبەندییە پرسیاری زانستی دروست دەکات: بۆچی ئەم فەرموودەیە پێشتر نەگێڕدرایەوە، بەڵام لەو ساتە هەستیارە سیاسییەدا دەردەکەوێت؟
هەر لەبەر ئەم هۆکارانە، مێرنیسی پێی وایە کە پێویستە ئەم فەرموودەیە تەنها بە پێوەری سەحیحیی زنجیرەی ڕاویان (إسناد) هەڵنەسەنگێندرێت، بەڵکو بە ڕەخنەی مێژوویی، بارودۆخی سیاسی، دادپەروەریی ڕاوی و ناوەڕۆکی دەقیش هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت. بە بۆچوونی ئەو، ئەگەر یاسای قەذف کاریگەریی لەسەر باوەڕپێکراویی شایەتیی کەسێک هەبێت، ئەوا ئەو بارودۆخە نابێت لە هەڵسەنگاندنی ئەو کەسەدا وەک ڕاویی حەدیس بە تەواوی پشتگوێ بخرێت[4].
هەڵبەت مێرنیسی ڕۆڵی عائیشە، هاوسەری پێغەمبەر، وەک یەکێک لە گرنگترین ڕەخنەگران و هەڵسەنگێنەرانی ڕیوایەتەکان دەبینێت. بەپێی مێرنیسی، عائیشە بەردەوام هەوڵی داوە هەڵە لە گواستنەوەی هەندێک فەرموودەدا ڕاست بکاتەوە و ڕوونی بکاتەوە کە هەندێک لە ڕاویان قسەکانی پێغەمبەریان بە تەواوی نەبیستووە، یان بەشێکی وتارەکەیان لە سیاق و هۆکاری دەربڕینەکەی جیاکردۆتەوە و بە شێوەیەکی هەڵە گواستوویانەتەوە. بۆیە عائیشە تەنها گواستنەوەی فەرموودەکانی پێغەمبەری نەکردووە، بەڵکو ڕۆڵی ڕەخنەگر و چاکسازیشی گێڕاوە.
یەکێک لە نموونە ناودارەکان، ئەو ڕیوایەتەیە کە دەڵێت: “سێ شت نەهامەتی دێنن: ماڵ، ژن و ئەسپ[5].” ئەم ڕیوایەتە لە ژمارەیەک سەرچاوەی فەرموودەدا بە عەبدوڵڵای کوڕی عومەر و سەهلی کوڕی سەعد گەیشتووە، هەروەها لە هەندێک باس و مشتومڕی دواتردا ناوی ئەبو هورەیرەش پەیوەست کراوە بە گواستنەوەی ئەم فەرموودەیە. بەڵام عائیشە ئەم تێگەیشتنەی ڕەتکردۆتەوە و وتوویەتی کە پێغەمبەر ئەم قسانەی وەک باوەڕی خەڵکی جاهیلییەت یان گەلانی تر گێڕاوەتەوە بۆ ئەوەی ڕەخنەیان لێ بگرێت، نەک بۆ ئەوەی پشتگیرییان بکات. بەگوێرەی ئەو ڕیوایەتەی مێرنیسی پشتی پێ دەبەستێت، عائیشە دەڵێت: ” ئەبو هورەیرە تەواو گوێی لە هەموو قسەکە نەبووە؛ کاتێک هاتە ژوورەوە، پێغەمبەر لە ناوەڕاستی قسەدا بوو، تەنها کۆتایی قسەکانی بیستووە و سەرەتایەکەی گوێ لێنەبووە.” بۆیە، بە بۆچوونی عائیشە، هەڵەکە لە گواستنەوەی نیوەی قسەکە و لەدەستدانی سیاقی فەرموودەکەدا بووە. مێرنیسی ئەم نموونەیە بە بەڵگەیەک دەزانێت بۆ ئەوەی نیشان بدات کە پێویستە فەرموودەکان تەنها بە زنجیرەی ڕاویان نەخوێندرێنەوە، بەڵکو لە چوارچێوەی مێژوویی و سیاقی خۆشیاندا لێکبدرێنەوە.
نموونەیەکی دیکە ئەو فەرموودەیەیە کە دەڵێت: “سەگ، گوێدرێژ و ژن نوێژ دەبڕن و بەتاڵی دەکەنەوە.” عائیشە بە توندی ئەم ڕیوایەتەی ڕەت کردەوە و بە ناڕەزاییەوە وتوویەتی: “ئێستا ئێمەتان بە گوێدرێژ و سەگ چواند؟” پاشان بەڵگەی ئەزموونی ڕاستەوخۆی خۆی هێنایەوە و وتوویەتی کە زۆرجار پێغەمبەر نوێژی دەکرد، لە کاتێکدا عائیشە خۆی لەنێوان ئەو و قیبڵەدا پاڵکەوتبوو، بەڵام هەرگیز پێغەمبەر نەیوتووە کە نوێژەکەی بڕاوە. بەم شێوەیە، عائیشە بە شایەتیی ڕاستەوخۆ و ئەزموونی خۆی هەوڵی چاککردنەوەی ئەو تێگەیشتنەی دا کە بە بۆچوونی ئەو لەگەڵ کردار و هەڵسوکەوتی پێغەمبەردا نەدەگونجا.
مێرنیسی لەم دوو نموونەیەدا، دەربڕینی عائیشە بە گرنگترین بەڵگەی ناوخۆیی بۆ هەڵسەنگاندنی ڕیوایەتەکان دەزانێت. بە بۆچوونی ئەو، عائیشە نەک تەنها وەک هاوسەری پێغەمبەر، بەڵکو وەک شایەتی ڕاستەوخۆی ژیانی ئەو، هەوڵی داوە مانا و مەبەستی ڕاستەقینەی فەرموودەکان بپارێزێت و لە هەڵەی گواستنەوە و لێکدانەوە ڕێگری بکات.
لە کۆتاییدا، مێرنیسی دەگاتە ئەو دەرئەنجامەی کە لە ماوەی چەندین سەدەدا، بەهۆی گواستنەوە و لێکدانەوەی جیاوازەوە، بەشێک لە پەیامی بنەڕەتیی ئیسلام- کە لەسەر دادپەروەری، یەکسانی و کەرامەتی مرۆڤ دامەزراوە- پەردەپۆش کراوە. بەپێی ئەو، زۆرێک لە فەرموودە دژەژنانەکان نابێت بە شێوەیەکی سادە وەک فەرمانی خودایی یان وتەی دڵنیایی پێغەمبەر وەربگیرێن، چونکە لە زۆر حاڵەتدا بەرهەمی کێشە سیاسییەکان، پیاوسالاری و هەوڵی کۆنترۆڵکردنی ژنان و سێکسوالیتی بوون لە مێژووی کۆمەڵگە ئیسلامییەکاندا. لەبەر ئەوە، مێرنیسی پێی وایە خوێندنەوەی ڕەخنەگرانەی مێژوو و فەرموودە، هەنگاوێکی بنەڕەتییە بۆ گەیشتن بە تێگەیشتنێکی نزیکتر لە پەیامی سەرەکیی ئیسلام.
یەکێک لە بابەتە گرنگەکانی تر کە پێویستە هەڵوەستەی لەسەر بکەین، بابەتی فرەژنییە، کە بەشێکی گەورە لە گوتاری پیاوانی ئایینی لە کۆمەڵگەی کوردیدا پێکدەهێنێت. هەڵبەت دەزانین کە بابەتی فرەژنی (چەندهاوسەری) یەکێکە لەو بابەتانەی کە لە مێژووی ئیسلامدا هەمیشە بووەتە جێگەی گفتوگۆی فقهی، کۆمەڵایەتی و فەلسەفی. بۆ تێگەیشتن لەو بابەتە، فاتمە مێرنیسی پێی وایە نابێت تەنها لەسەر وشەکانی دەقە قورئانییەکە بوەستین، بەڵکو دەبێت بزانین ئەو دەقە لە چ کۆمەڵگەیەکدا هاتووە، چ کێشەیەکی کۆمەڵایەتیی چارەسەر کردووە، هاوکات چۆن لە قۆناغی دواتردا لێکدانەوەی جۆراوجۆری بۆ کراوە.
لە کۆمەڵگەی عەرەبیی پێش ئیسلامدا، پەیوەندیی نێوان پیاو و ژن بێ هاوسەنگی بوو؛ پیاوان دەیانتوانی بە شێوەیەکی بێسنوور لەگەڵ ژناندا بن، بەڵام ژنان زۆرجار ماف و پارێزگارییەکی کەمتر یان هیچ مافێکی دیاریکراویان نەبوو. لەو بارودۆخە مێژووییەدا، ئیسلام هات و هەوڵی دا ئەو سیستەمە ڕێک بخات و سنوورداری بکات. لە خوێندنەوەی مێرنیسیدا، ئەمە خاڵێکی زۆر گرنگە: ئیسلام لە سەرەتادا نەهاتووەتە سەر بنەمای دروستکردنی سیستەمێکی نوێ بۆ بێسنووریی پیاوان، بەڵکو هەوڵی داوە ڕەفتارێکی کۆن و ناعادادڵانە کۆنترۆڵ بکات.
مێرنیسی سەرنج دەخاتە سەر ئەوەی کە ئایەتی فرەژنی لە سورەتی (النساء)دا، لەناو باسێکی فراوانتر سەبارەت بە مافی بێوەژنان و منداڵانی بێباوک هاتووە. ئەو، پەیوەندیی نێوان فرەژنی و پاراستنی کەسانی لاواز بە خاڵێکی بنەڕەتی دەزانێت. بە تێگەیشتنی ئەو، دەقەکە لە کۆنتێکستی خۆیدا هەوڵێک بوو بۆ ڕێکخستنی کۆمەڵگەیەک کە دوای جەنگ و ناکۆکییەکان ژمارەیەکی زۆر لە ژنان و منداڵانی بێ پشتیوانی تێدا بوو.
لە دیدی مێرنیسیدا، گرنگترین وشە لەو بابەتەدا وشەی دادپەروەرییە. دەقەکە ڕێگە بە فرەژنی دەدات، بەڵام ئەم ڕێگەدانە بە مەرجێکی زۆر قورس بەستراوەتەوە: پیاو دەبێت توانای دادپەروەریی لەنێوان ژنەکانیدا هەبێت. ئەم مەرجە، لە خوێندنەوەی مێرنیسیدا، نیشانەی ئەوەیە کە بابەتەکە تەنها مافی پیاو نییە، بەڵکو بەرپرسیارێتی و ئەخلاقیشی لەگەڵدایە. واتە پرسیارە سەرەکییەکە تەنها ئەوە نییە ” ئایا پیاو دەتوانێت ژنێکی زیاتری هەبێت یان نا؟”، بەڵکو ئەوەیە ” ئایا دەتوانێت بەرامبەر هەموویان دادپەروەر بێت؟”.
لە هەمان کاتدا، مێرنیسی ڕەخنە لەو خوێندنەوانە دەگرێت کە زۆرجار تەنها بەشی ماف بۆ پیاو دەبینن و مەرج و بەرپرسیارێتییەکان لەبیر دەکەن. بە بۆچوونی ئەو، لە سەردەمی دواتری ئیسلامدا هەندێک جار خوێندنەوەی پیاوسالاری وای کردووە کە دەقەکان بە شێوەیەک لێک بدرێنەوە کە دەسەڵاتی پیاو بەرز بکەنەوە، بەڵام دەنگی ژن و پرسیاری دادپەروەری لاواز بکەن.
لە چوارچێوەی ئەم بیرکردنەوەیەدا، مێرنیسی گرنگییەکی تایبەت بە ژنانێکی وەک عائیشە دەدات. عائیشە تەنها شایەتێکی ژیانی پێغەمبەر نەبوو، بەڵکو زانایەک بوو کە ڕۆڵی لە گواستنەوە و ڕوونکردنەوەی زانیاریی ئایینیدا هەبوو. بۆ مێرنیسی، بوونی ژنانێک وەک عائیشە نیشان دەدات کە لە سەرەتای ئیسلامدا ژن تەنها بابەتی یاسا و فتوای پیاوان نەبووە، بەڵکو خۆشی بەشدار بووە لە دروستکردنی زانست و تێگەیشتنی ئایینیدا.
لە ڕوانگەی مێرنیسییەوە، کێشەی فرەژنی لە ئیسلامدا لە کۆتاییدا دەگەڕێتەوە بۆ پرسیارێکی گەورەتر: ئایا دەقەکان چۆن دەخوێندرێنەوە و بۆ کام ئامانج بەکاردەهێنرێن؟ ئەگەر دەقەکە لە چوارچێوەی دادپەروەری، ڕەحمەت و پاراستنی کەرامەتی مرۆڤدا بخوێندرێتەوە، ئەوا فرەژنی نابێتە تەنها ئامرازێک بۆ زیادکردنی دەسەڵاتی پیاو، بەڵکو دەبێتە بابەتێک کە پێویستی بە بەرپرسیارێتی، ئەخلاق و لەبەرچاوگرتنی مافەکانی هەموو لایەنەکان هەیە. بە مانایەکی دیکە، مێرنیسی فرەژنی وەک بابەتێکی سادەی “حەڵاڵ و حەرام” بەتەنها ڕوون ناکاتەوە؛ بەڵکو وەک دیاردەیەکی مێژوویی دەیبینێت کە پەیوەندیی بە دەسەڵات، جێگەی ژن لە کۆمەڵگەدا و شێوازی لێکدانەوەی دەقە پیرۆزەکانەوە هەیە. بۆ ئەو، خوێندنەوەی نوێی ئیسلام پێویستی بەوە هەیە کە دەنگی ژنان، ئەزموونی مێژووییان و بنەماکانی دادپەروەری لە ناوەندی ئەو تێگەیشتنەدا دابنرێن.
بۆ ئەوەی لێرەدا لە کرۆکی بابەتەکەمان دوور نەکەوینەوە کە ئەویش پەیوەندیی نێوان ئایین و سێکسوالیتییە، ئەوا لە جێی خۆیدایە ئاماژە بەوە بکەین کە مێرنیسی هێندەی جەخت لەسەر ژیانی عائیشە دەکاتەوە وەک ژن و هاوسەری محەمەد و بە ژنێکی ئاقڵ، زیرەک و دانا دەیبینێت، هێندە لەسەر عائیشەی منداڵ ناوەستێت؛ مێرنیسی هێندەی جەخت لەسەر عەشق و خۆشەویستیی پێغەمبەر بۆ عائیشە دەکاتەوە و بە نموونەیەکی ئایدیاڵی دەبینێت، نیو هێندە لەسەر ڕەهەندە سایکۆلۆژی و کۆمەڵایەتییەکانی ئەو پەیوەندییە و کاریگەرییەکانی لەسەر ژنانی موسڵمان نەوەستاوە، پەیوەندییەک هێندە بە ئایدیاڵ ببینرێت کە لەم سەردەمەدا لە وڵاتێکی ئیسلامیی وەک عێراقدا خەریکی بەیاساییکردنی بەشوودانی منداڵی ٩ ساڵان بن، نەک ئەوەش، ژنان خۆیان ببنەوە بە پاڵپشت و پشتیوانی یاساکە!
لە ڕاستیدا، ڕەهەندە ترسناکەکانی یاسایەکی لەم چەشنە دۆزینەوەی فرتوفێڵی یاساییە بۆ ڕەوایەتیدان بەو چەشنە لە هاوسەرگیری لەسەر بنەماگەلێک کە ڕیشەیان لەناو خودی ئایینی ئیسلامدایە: چ وەک ئایدیاڵ و بەرزەمنیی پیاوان کە (محەمەد)ە، هەروەها کردنی مۆدێلی هاوسەرگیریی پێغەمبەر محەمەد لەگەڵ (عائیشە)ی دایکی موسڵماناندا وەک تاقە مۆدێلی ڕەوا و شایستە بە پەیوەندیی هاوسەرگیری. بە بۆچوونی سەلەفییەکی وەک مەلا عەبدوللەتیف (وەک لە ڕادیۆی دەنگی ئەمریکادا لەسەر یاساکە دوا)، هیچ گرفتێک لەم یاسایەدا نییە گەر هاتوو باوکی کچە تەمەن نۆ ساڵانەکە هەستی کرد پیاوێک هاتۆتە داوای کچەکەی کە هاوشان، هاوشێوە و هاوئاکاری (محەمەد)ە لە نەجابەت و شەرافەت، شەهامەت و کەرامەتدا. گەر ئێمە ئەم دیدە هەڵبووەشێنینەوە، ئەوا دەڵێین ئارەزووەکە بەتەنها مەبەست لێی تێرکردنێکی سێکسییانە نییە (بە مانا سەلەفییەکەی)، بەڵکو ئەم پرۆسەیە لە نەستی خۆیدا ئیش بۆ ئەوە دەکات کە هەموو پیاوانی دنیا بکات بە محەمەد؛ واتە بیناکردنی کارەکتەری شەریف و نەجیبی محەمەد لەناو کەسێتیی هەموو پیاوێکدا وەک یۆتۆپیایەکی ئیسلامییانە. کەواتە گرفتەکە لێرەدا بەتەنها بەشوودانی کچێکی نۆ ساڵان نییە، بەڵکو گرنگ ئەوەیە بەم یاسایە کارەکتەری پیاوێک بونیاد بنرێت لەسەر وێنەی محەمەد! بە مانایەکی تر، ئارەزوو لە دوالیزمی بوون-هەبووندا خۆی نمایش دەکاتەوە بە مانا فرۆمییەکەی.
وردتر بڵێین، ئەم دیدە سەلەفییە ئەوەمان پێ دەڵێت کە ئارەزوو ئەو شتە نییە کە پیاوان نییانە و ئارەزووی دەکەن (هاوسەرگیری و سێکسکردن لەگەڵ منداڵێکی نۆ ساڵاندا وەک ئەوەی لە یاساکەدا هەیە)، بەڵکو ئەوەیە کە دەیانەوێت ببنە هاوشێوەی ئایدیاڵە ئایینییەکەیان و ببنە ئەوی تری باڵا (فیگەری محەمەد). گرفت لەم جۆرە کولتوورەدا ئەوەیە کە ژن نەک هەر نابێتەوە بە ئەوی تری پیاو وەک ئەوەی سیمۆن دە بوڤوار باسی دەکات، بەڵکو هەر پیاو خۆی دەبێتەوە بە ئەوی تری خۆی؛ واتە دروستبوونی کولتوورێکی مۆنۆسێکسواڵ بە مانا ئیریگارییەکەی—کولتوورێک لە یەک ڕەگەز و یەک چەشن لە پیاو کە ژن تێیدا بوونی نییە. واتە لەم جۆرە کولتوورەدا، ژن وەک ڕەگەز بوونی نییە، بەڵکو بریتییە لەو ئەوی ترەی کە پیاو نییە.
گەڕانەوە بۆ کارکردن بە دوالیزمی پیرۆز/پۆخڵ لە پەیوەست بە جەستەی ژندا، بەشێکی تری کارەساتەکەیە. مێینە (وەک ئەوەی لە شەرعی ئیسلامیدا باوە) کاتێک بۆ یەکەمجار بە دۆخی سوڕی مانگانەدا دەڕوات، ئیدی لەوە دەکەوێت منداڵ بێت، بەڵکو دەبێتە بوونەوەرێکی شیاو بۆ منداڵ دروستکردن لەپاش پرۆسەی سێکسی. پاش ئەم دۆخە بیۆلۆژییە، ئیدی کەلێنێک دەکەوێتە جەستەیەوە کە وادەکات خودی جەستەی بەدەست جۆرێک لە بێئۆقرەیییەوە بناڵێنێت و بەردەوام لەنێوان دۆخی (پیرۆز/پۆخڵ)دا جۆلانێ بکات. هەربۆیە ڕەوایەتیدان بە بەشوودانی بەر لە ڕژانی خوێن (وەک سوڕی مانگانە) پتر ئارەزووکراوە لای پیاوی ئایینی.
نابێت ئەوەشمان لەیاد بچێت کە لەم تەمەن و قۆناغەدا منداڵ خۆی لیبیدۆی[6] لە دۆخێکی مت و سستدایە، بەو مانایەی کە هیچ ئارەزوویەکی بۆ ڕەگەزی بەرامبەر نییە، بەڵکو جۆرێک لە ڕقی تێدایە و بێزی لێ دەکاتەوە. هەردوو تیۆریی فرۆید و ئیریکسۆن بۆ گەشەی منداڵ لەسەر ئەوە تەبان کە لەم قۆناغەدا منداڵ ڕێنمایی بکرێت و ئیش لەسەر بزواندنی ئەو لیبیدۆ/وزە سستە بکرێت تا بتوانێت لە ژیان و چوونە ناو پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکاندا بەکاری بهێنێت. بەهەڵەدابردنی منداڵ لەم قۆناغەدا و شکاندنەوەی ئەم وزە مت و سستە بە شێوەیەکی ناڕێک و ناپەروەردەییانە، دەبێتە مایەی گەڕاندنەوەی بۆ قۆناغی ئۆیدیپی.
هەر بۆیە بەشێکی زۆری ئەو منداڵانەی دووچاری پەلامار و لاقەکردنی سێکسی بوون لەو قۆناغەدا، یان دەبنە خاوەن لیبیدۆیەک کە مردوو، پاسیڤ و هیچنەکردەیە – لیبیدۆیەک کە لە قۆناغی ئۆیدیپیدا گیری خواردووە- یان ئەوەتا لە پاشەڕۆژدا دەبنە کەسێکی بێسنوور و پەڕگیر لە ژیانی سێکسیدا. باشترین نموونەشمان ژیانی تایبەتیی عائیشەی هاوسەری محەمەد خۆیەتی کە ئێستا باڵی شیعە سەرزەنشتی دەکەن بەوەی کە گوایە وردەکارییە سێکسییەکانی سەرجێگای خۆی و محەمەدی لەلای خەڵکی گێڕاوەتەوە و بەمەش نارسیزمی ئەوی شکاندووە: لە دۆخە پیرۆزەکەی خۆی دەریهێناوە و کردوویەتیە بابەتێکی پۆخڵ بۆ تانە و تەشەر.
لە کۆتاییدا، فاتمە مێرنیسی وەک یەکێک لە پێشەنگ و نووسەرە گرنگەکانی فێمینیستی ئیسلامی، هەوڵی داوە مافی ژنان لە چوارچێوەی مێژوو و دەقە ئیسلامییەکاندا بخوێنێتەوە و نیشان بدات کە زۆرێک لە خوێندنەوە نایەکسانیخوازەکان لە کولتوور و دەسەڵاتی پیاوسالارییەوە سەرچاوەیان گرتووە، نەک لە خودی ئیسلام. مێرنیسی بەئاگا بێت یان نائاگا، ئەوەی لەیاد کردووە کە ئەم دوو سیستەمە دوو دیوی یەک دراون و لە یەک سەرچاوەوە هەڵقوڵاون؛ لەو شوێنەی یەکێکیان خاو دەبێتەوە، ئەویتریان خۆی توندوتۆڵ دەکاتەوە.
هەر بۆیە ئاساییە کە مێرنیسی تووشی ڕەخنەی هەندێک لە فێمینیستە سێکولار و ئیسلامییەکان بووبێتەوە. هەندێک ڕەخنەگر پێیان وایە میتۆدی ئامادەکراوی ئەو هەندێک جار هەڵبژاردەیییە (ئیختیارییە) و زۆر پشت بە چوارچێوەی ئایینی دەبەستێت، لە کاتێکدا نایەکسانیی ژنان تەنها بە دەق و ڕیوایەت ڕوون نابێتەوە، بەڵکو ڕەهەندی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتیشی هەیە.
ڕەجا ڕهونی (Raja Rhouni) لە کتێبەکەیدا (Secular and Islamic Feminist Critiques in the Work of Fatima Mernissi) دەڵێت مێرنیسی لەنێوان دوو ئاراستەدا دەژێت: لە لایەکەوە بە زمانی فێمینیستێکی سێکولار ڕەخنە لە دەسەڵات و پیاوسالاری دەگرێت، و لە لایەکی ترەوە هەوڵ دەدات خوێندنەوەیەکی یەکسانیخوازانە لەناو ئیسلامدا پێشکەش بکات. بەپێی ڕهونی، هەندێک جار ئەم دوو ئاراستەیە لە بیری مێرنیسیدا دەبنە دوو دیوی پارادۆکسیی یەکتر و جۆرێک لە ناهاوسەنگی لە فکری مێرنیسیدا دروست دەکەن.
کۆتایی بەشی یەکەمی ئەم وتارە
ماوییەتی
[1] لە ئەفسانەی گلگامێشدا، شەمحات (Shamhat) ژنە کاهینێکی جوان و پەیوەست بە پەرستگەی خوداوەندی ئینانا (ئیشتار)ـە. لە هەندێک وەرگێڕاندا بە «فاحیشەی پیرۆز» یان «کاهینەی پیرۆز» ناو دەبرێت؛ گەر شەمحات نەبووایە، ئەنکیدۆ و گلگامێش یەکتریان نەدەبینی.
[2] ئایەتی ٥٣ لە سورەی ئەحزاب: ” يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا لَا تَدْخُلُوا بُيُوتَ النَّبِيِّ إِلَّا أَنْ يُؤْذَنَ لَكُمْ إِلَىٰ طَعَامٍ غَيْرَ نَاظِرِينَ إِنَاهُ وَلَٰكِنْ إِذَا دُعِيتُمْ فَادْخُلُوا فَإِذَا طَعِمْتُمْ فَانتَشِرُوا وَلَا مُسْتَأْنِسِينَ لِحَدِيثٍ ۚ إِنَّ ذَٰلِكُمْ كَانَ يُؤْذِي النَّبِيَّ فَيَسْتَحْيِي مِنكُمْ وَاللَّهُ لَا يَسْتَحْيِي مِنَ الْحَقِّ ۚ وَإِذَا سَأَلْتُمُوهُنَّ مَتَاعًا فَاسْأَلُوهُنَّ مِن وَرَاءِ حِجَابٍ ۚ ذَٰلِكُمْ أَطْهَرُ لِقُلُوبِكُمْ وَقُلُوبِهِنَّ ۚ وَمَا كَانَ لَكُمْ أَن تُؤْذُوا رَسُولَ اللَّهِ وَلَا أَن تَنكِحُوا أَزْوَاجَهُ مِن بَعْدِهِ أَبَدًا ۚ إِنَّ ذَٰلِكُمْ كَانَ عِندَ اللَّهِ عَظِيمًا.”
[3] بەپێی سەرچاوەکان، هۆکاری دابەزینی ئایەتی ٥٣ی سورەتی ئەحزاب ئەوە بوو کە لە ڕۆژی هاوسەرگیریی پێغەمبەر بە زەینەبی کچی جەحش دابەزی. لەو بۆنەیەدا، هەندێک میوان دوای نانخواردنی ئێوارە کاتێکی زیاتر لە ماڵی پێغەمبەردا مانەوە و خەریکی قسە و باس بوون. پاشان فەرمانی خوایی هات کە هەر کەسێک شتێکی لە هاوسەرانی پێغەمبەر دەوێت، “لە پشت حیجاب (پەردە)” داوای بکات. بەپێی گێڕانەوەی ئەنەسی کوڕی مالیک، لەو کاتەدا پەردەیەک دانرا لەنێوان ئەو و ماڵی پێغەمبەردا. بۆیە لە هۆکاری دابەزینی ئەم ئایەتەدا، “حیجاب” بە مانای پەردە و سنووری ماڵی پێغەمبەر هاتووە، نەک بە شێوەیەکی گشتی بۆ جیاکردنەوەی پیاوان و ژنان.
[4] بەڵام پێویستە ئاماژە بەوەش بدرێت کە زۆرێک لە زانایانی کلاسیکیی حەدیس و فقه، وەک ئیبن حەجەر و نەوەوی و هەروەها کۆمەڵێک لە فەرموودەناسان، لەگەڵ ئەم ئەنجامەی مێرنیسیدا هاوڕا نین. ئەوان جیاوازی لەنێوان شایەتیی دادگا (الشهادة) و گێڕانەوەی حەدیس (الرواية)دا دەکەن، و پێیان وایە سزادانی ئەبو بەکرە بە قەذف، بەڵگەی ڕەتکردنەوەی هەموو ڕیوایەتەکانی نییە. بۆیە ئەم بابەتە تا ئێستاش یەکێکە لە مشتومڕترین بابەتەکانی لێکۆڵینەوەی هاوچەرخی حەدیس و فقهی ئیسلامی. هەروەها مێرنیسی ئاماژە دەکات کە ئەم فەرموودەیە تەنها دوای شکستی عائیشە لە شەڕی جەمەل (٣٦ی کۆچی) بە شێوەیەکی فراوان بڵاو بووەوە، ئەمەش لە دیدی ئەودا گومان دروست دەکات کە ڕیوایەتەکە بۆ دوورخستنەوەی ژنان لە ڕابەرایەتیی سیاسی بەکارهاتبی.
[5] لەو ڕیوایەتەدا وشە عەرەبییەکەی بەکارهاتووە بۆ سێیەم شت «الدَّابَّة» یان لە هەندێک دەقدا «الْفَرَس» هاتووە، و لێرەدا گرنگە جیاوازییەکە ڕوون بکرێتەوە: ئەگەر وشەکە «الفرس» بێت، بە مانای ئەسپە (بە تایبەتی ئەسپێک کە بۆ سواربوون بەکار دێت)؛ ئەگەر وشەکە «الدابة» بێت، بە مانای ئاژەڵی بارگیرە، کە دەتوانێت ئەسپ، گوێدرێژ یان ئاژەڵێکی تری هاوشێوە بگرێتەوە.
[6] لیبیدۆ یان ئارەزووی سێکسی، دەستەواژەیەکە لە دەرونناسی و پزیشکیدا بۆ ئاماژەدان بە ئاستی ئارەزوو و وزەی سێکسی کەسێک بەکاردێت. تێگەیشتنی لیبیدۆ یەکەمجار لەلایەن دەرونناس زیگمۆند فرۆیدەوە پەرەی پێدرا. فرۆید لیبیدۆی وەک وزەیەکی دەرونی یان غەریزەی ژیان دەبینی کە بزوێنەری زۆربەی ڕەفتارەکانی ڕەگەزی مرۆڤە.
بەرێوەبەریی ماڵپەری ژنۆلۆژی

