ناگیهان ئاکارسەل
هەندێ نهێنی هەیە، لە زەمەندا شاراوەیە. چەسپیوە بە خاکەوە. لە تیشکی خۆردا تۆمارکراوە. وریایە لە ڕەنجی مێروولە. ئەو نهێنیانەن، کە ئاشقی پەرەسەندنی بەردە، نهێنیگەلێکی سوێندخواردووی ژیانن.
هەندێ ڕووخسار هەیە لە هەموو هێڵێکیدا هەڵگری هاواری ئازارێکە، کە نوقمی بێدەنگییە. ئازارێک، سەدهەزار جار لەو ڕووخسارانەدا نوێ دەبێتەوە. لە هەر نیگایەکەوە ئازارێک هەیە. تیشکێک، کە شایەنی گەرمکردنەوەی دڵی هەر ژنێکە. هەر تیشکێک زەردەخەنەیەکی لێ بارکراوە، زەردەخەیەک پڕ لە ئازار.
لەوێدا نهێنیگەلێک هەیە، کە یاوەری ئازارەکانن. نهێنیەگەلێک، کە بەرەنگاری ئازار دەبنەوە، یان… ئەو نهێنیانە ئەزموونەکەی بە دایکە سرووشتەوە هۆنراوەتەوە. مەعریفەکەی خرۆشاوەتە ناو دەنگی ئاوەوە. نهێنیگەلێکن بەرخودانەکەی لە ڕیشەی داردا، جۆشی لەسەر باڵی باڵندە، نەستیشی لە تاشەبەردەکانی چیایە.
ئەوان، هەڵگری مەعریفەی خاکێکن لە هەر سوڕانەوەیەکی مانگدا خۆی نوێ دەکاتەوە. ئەو مەعریفانەشیان لە ئاسۆی دەمکەلدا نەخشاند، ئەو مەعریفەیەیان لە دەسپێکی ڕۆژەوە دانەبەدانە لەگەڵ ژیانیان وەگەڕخست و ڕوو لە خۆر دۆعایان کرد. ئەوانە بوون، کە نهێنی بەردیان تۆمار کرد و پیرۆزییەکانیان بێ گفتوگۆ قبوڵکرد. بە وتەی هەندێک پێیان دەوترێت ئێزیدی، بە وتەی هەندێکی دیکە پێیان دەوترێت ئێزدایەتی، بەپێی هەندێکی دیکە ئێزدایی و ئێزدی و بە وتەی ئەوانی دیکە بە ئێزدی ناودێر کراون. ئەی ئەوان؟ ئەوان چۆن خۆیان پێناسە دەکەن؟
ئەو مرۆڤانەی دەڵێن: “ئەو بۆن ڕێحانەی لەگەڵ شنەبادا دێت، بە دونیا ناگۆڕمەوە” بۆچی نەفرەتیان لێکرا؟ ئەو مرۆڤانەی بەو بۆنەوە، هەر ڕۆژێکی نوێیان بە سوپاسگوزاری زەردەکەلی خۆر دەسپێدەکەن، بۆچی بوون بە ئامانجی دونیا؟ بەڵام ڕاست لە تەنیشت ئەوانەوە کەسانێک بوون، کە دەمرن بۆ ئەوەی پارچەنانێک لەگەڵ تۆدا بەش بکەن. جگە لەوەش ئەوان ئەو مرۆڤانە بوون، ئەگەر نانێکیان هەبووایە بە پەرۆش بوون لەگەڵ تۆدا بەشی بکەن.
زەحمەتە تێبگەین بۆچی ئەم خەڵکەی کە بەهایان بۆ بەرد، خاک، دار، گوڵ، ئاو، گوێچکە دەریا، ئاگر، ڕۆژ و هەموو شتێک هەیە، کە ڕایەڵەی بە ژیانەوەیە، بۆچی کرانە ئامانج؟ ژیانی ئەم مرۆڤانە، ئەوە نییە، کە وەک هێز دیارە، بەڵکو ژیانیان زۆر سادە و سرووشتی بووە. هێزی دەوێ مرۆڤ تێبگات لەوەی بۆچی ئەم مرۆڤانە کرانە ئامانج؟
لەم سەردەمە نائاساییەی زانیاری – پەیوەندیدا، کە کات بەخێرایی دەگوزەرێت و زانینمان لەگەڵ کاتدا لەپێشبڕکێدایە، بۆچی نەمانتوانی لەوان تێبگەین؟ مەگەر زانست تێگەیشتن نییە؟ کاتێک ڕێ لە پێدەشتەکانەوە بۆ دەریاکان، لە دەریاکانەوە بۆ زەریاکان، لە زەریاکانەوە بۆ بۆشایی ئاسمان بڕراوە و هیچ شوێنێک نەماوە داگیرنەکرابێ، بۆچی خۆمان نەگەیاندە ئەو مرۆڤانەی کە لە تەنیشتمانەوە بوون، بۆ نەمانتوانی لێیان تێبگەین؟ ئەگەر نەتوانین تێبگەین و زانست تێگەیشتن نەبێت، ئەوە چ زانستێکە؟ بوونی زانست بۆ چییە؟
لەم وتارەدا لە حەقیقەتی ئێزدییەکاندا، کە ناسنامەیان لە باوەڕییەکەیاندا دەردەبڕن ڕاوەستە لەسەر واتای ژیان، حەقیقەت و ژن و بەتایبەتی مانای زانست دەکەین. ئێمە سەرنج دەخەینە سەر واتا ونبووەکانمان لە واقیعی ئەو مرۆڤانەی حەقیقەت لە چوارچێوەی “ژن-ژیان-سرووشت”دا پێناسە دەکەن. لە کاتێکدا بە دوای واتای ژیانمان دەگەڕێین، ڕێبازەکانمان دەخەینە ژێر پرسیارەوە، کە چەند ئێمەی گەیاندۆتە حەقیقەتی جوگرافیاکەمان. ئێمە ڕووبەڕووی ئەو پێکهاتە مەعریفانەی کە “لەم سەردەمەماندا حەقیقەت بووە بە ڕێباز، ڕێبازیش بووە بە حەقیقەت”[1]. مێژوو نەک ئەوەیە، کە ڕابردووە و ڕوویداوە، بەڵکو لەو شتانەی لە تەنیشتمانەوە ڕوودەدات، بەدوایدا دەگەڕێین.
“ئەز دایێ مە”-من دایکم[2]
ئەو دایکە بەشێوەیەک باسی زەمەنی دەکرد کە ئێستایە. قووڵیی هێڵەکانی سەر ڕووخساری هاواری دەکرد، کە ئێستا چەند لە ویژدان دابڕاوە. چاوەکانی لە نێو ئازارێکی ناکۆتادا، ئازاری کۆمەڵگەیەکیان بۆ دەگێڕاینەوە، کە ئەزموونی ئازاریان کردووە. کاتێک دەستی بەرز دەکردەوە و دۆعای دەکرد، یاخیبوونی لەو ئازارە دەنگی دەدایەوە. زەوی خەریک بوو شەرم بکات، کە زەوی بێت. واقیعێکی پڕ لە کۆکوژی، ئومێدگەلێکی شکاو، خەونگەلێکی سەروژێر بوو، ژیانێکی ئاخنراو لە بنبەست. بە دوا فەرمان[3]، کە هەموو مرۆڤایەتی شایەتحاڵی بوو، دوایین پردەکانی نێوان دڵ و مێشکی مرۆڤایەتی دادەڕما. شایەتحاڵی دایکێک بووین، کە ڕۆڵەکانی خیانەتیان لێکردبوو. “ئەز دایێ مە. ئەز دزانم زارکێن من چ دخوازن. لێ نها زارۆکێن من ل من دەدەن”[4]. ئەم گووتانە بووە هاواری خاک و جوگرافیایەک. هاواری جوگرافیایەک، کە دایک بوو، بەڵام ئێستا لەلایەن ڕۆڵەکانیەوە هێرش دەکرێتە سەری.
بۆ یەکەمجار لە مانگی ئابی ٢٠١٤دا ئەو دایکەم بینی، کاتێک لە تەلەفزیۆن سەیری کۆمەڵکوژی شەنگالمان دەکرد. قژی سپی بەسەر دەموچاویدا هاتبووە خوارەوە، جلە سپییەکانیشی نوقمی تەپوتۆز و خۆڵ ببوو. واتای جلە سپییەکانی، کە نیشانەی ڕەسەنایەتییەکەی بوو، لە نێو تۆز و دوکەڵدا بوو. لێوەکانی لە تینوێتی وشک ببوون. شوێنەواری فرمێسک بەسەر پێستی ڕوویەوە بوو. دەستەکانی بۆ ئاسمان بەرز دەکردەوە و دۆعای دەکرد. کات خەریک بوو لە ئاسەواری فرمێسکەکانی ئەو دایکەدا دەتەزی. ئێمەش وەک مرۆڤایەتی خوومان بە سەیرکردنی ئازارەکانی بەردەم تەلەفزیۆنەوە گرتبوو، جارێکی تریش لە حەقیقەت دوورکەوتبووینەوە.
وەک کەسانێک کاتێک بەرگەی مردنی منداڵانێک لە تینوێتیدا دەگرین، لە درکی ئەوەداین نیوەی جیهان لە ژێر هێڵی هەژاریدا دەژین. سرووشت تاڵان دەکرێت، بەڵام ئەو کۆمەڵکوژیەشمان بردەوە قاوغی خۆمان. ئەوکاتە هەریەکەمان شتێکمان لە ژیانمان ونکردبوو. ئەو کاتە بووینە کەسانێک هەست بەو شتانە ناکەن کە بیری لێدەکەنەوە. بەردەوام دەبین لە لێپرسینەوە، بە خوێندنەوەی درامای هەر ژنێکی زەوتکراوی دەستی داعش و بینینی لە هەر ساتێکدا. ئەگەر وازیشیان لێ بهێنین، درامای ئەو ژنانە وازمان لێناهێنن. ڕژانی فرمێسکی ئەو دایکەی نهێنی جلە سپییەکانی ئاشکرا نەدەکرد، بەردەوام ناخمان دەسووتێنن.
ئەم کۆمەڵکوژییە دژ بە ئێزدییەکان لە شەنگال وەک فەرمانی ٧٤ تۆمارکرا. بەو کۆمەڵکوژییەی بە بەرچاوی جیهانەوە ڕوویدا، بە زۆرێک لەو فەرمانانەمان زانی، کە ئیزدییەکان ڕووبەڕووی ببوونەوە. باشه بۆچی؟ بۆچی گەلی ئێزدی، کە جگە لە باوەڕیان هیچ ناسنامەیەکیان نەبوو، هێزی هەژەمونی داعشیان وەک مقاشێک بەکارهێنا و ئێزیدیەکانیان کردە ئامانج؟ و بۆچی ژنانی ئێزیدی؟ کاتێک بەدەستپێکردنمان بەو پرسیارە هەوڵماندا ناکۆکییەکانمان لەو بارەیەوە چارەسەر بکەین، بووینە شایەتحاڵی کێشمەکێشی یادگاکانی دوو شارستانیەتی جیاواز. ئەو زانیارییانە زۆر بەنرخ بوون. گێڕانەوەی زانیارییەکانی ئەم حەقیقەتە بەبێ دەستکاریکردنی پێویستی بە ڕەنجێکی زۆر بوو.
ئەو زانیارییانە لە لایەک لە نێو ڕەشایی پڕاوپڕ لە سەمبولی شامانەکان داعشی هێزی ڕێکخستنکراوی نەتەوە-دەوڵەت و لە لایەکی تر ژنان بە جلی سپی و پشتێنی ڕەنگی خۆرەوە، یەکێکن لە ڕیشە سەرەکییەکانی شارستانیەتی دیموکراتی کە هەزاران ساڵە بەرەنگاری ئەم دەسەڵاتە بۆتەوە. کەواتە چۆن بەدوای ئاسەواری ئەو زانیارییانەدا بچین؟ ڕێبازەکەمان چۆن بێت؟ چۆن خۆمان بگەیاندایە حەقیقەتی ئەو باوەڕەی بۆتە ئامانجی زلهێزەکانی جیهان؟
هاواری ئەو دایکەی دەیگوت: “ئەز دایێ مە”، کە ئاسەواری لە دڵماندا هەڵکەندبوو، سەرەتایەکی مانادار دەبوو بۆ هەنگاوی یەکەمی ئەو ڕێیە. “ئەز دایێ مە” واتە من دایکم، یان.. “ئەز دی”، “منی بینی”، “ئەزدا” بەخشیمی یان منی دا، “ئێ زیدی” فرەبوون، بەرهەمهێنان، ئازادی، یەک بەیەک بەر دڵمان دەکەوت. ئایا بەڕاستیش هەموویان لەگەڵ پێناسە جیاوازەکانی جوگرافیای بەرهەمدار، داهێنەر، بەبەزەیی، خۆڕاگر و هەمەگیری ئێمەدا ناگونجێن؟
“عیلمی مە لەسەر دڵێ مەیە “[5]
تا ئێستا پێمان وابوو مێژوو تەنیا لە یەک ڕووبارەوە دەخرۆشێت. قەناعەتیشمان بەوە کردبوو، ڕەوتی ئەو ڕووبارە شێوەی بە ژیانمان دەدا. جگە لەوەش، لە ئەنجامی ئەو پەروەردە و ڕاهێنانەی ساڵانێکە پێمانوتراوەتەوە، قەناعەتمان وابوو هیچ بەدیلێکی دیکە نییە. لە درکی ئەوەدا نەبووین، کە ئەو هەموو زانینەمان چەندە وایلێکردووین لەخۆ نامۆبین. ئەوە شێوەگرتنێکی كولتوورییانە بوو، کە ههست نەکات بەوەی بیری لێدەکاتەوە، به شێوهیهكی پراگماتیزم مامەڵە لەگەڵ مەعریفە دەکات، خووی بەوەوە گرتووە، کە بە زانست نەک دڵخۆش بێت بەڵکو پێی ببێتە هێز. هەڵوێستەکانمان لەسەر بنەمای دژایەتی، یان بەرهەڵستیکردن لە نێو ڕەوتێکی مێژوویی تاکڕەهەنددا، تاکە سەرچاوەی خۆراکدانی شۆڕشگێڕێتیمان بوو، بەڵام دواتر زانیمان، کە هەموو ئەم کاردانەوانە خۆی لەخۆیدا ڕووبارێک بووە. لە نێو خۆیەوە دەخرۆشێت. خاوەنی هەمەگیرییەکی کولتووریی هێندە فراوانە، کە دەکرێت وەک سیستەمێکی بەدیل ڕێکبخرێت.
ئێزدایەتی کە باوەڕێکی ڕاستگۆ و پابەندە بە سروشت و ژیانەوە، بەشێکە لەم هەمەگیرییە کولتوورییە، کە شاکار و کۆکارێکی بەشکۆی لەخۆدەگرت. تا ئێستاش ئەو کۆدە کولتوورییانەی ئەم شاکارە پێکهێناوە، چاوەڕێی شیکارییە. ڕەنگە بە شیکردنەوەی ئەو کۆدانە، مرۆڤایەتی بە جەوهەری خۆی ئاشنا بێتەوە. بەئامانجگرتنی ژنانی ئێزدی لەلایەن هێزەکانی شارستانییەتی دەوڵەتەوە، دۆخێکی ئاسایی و بەڕێکەوت نەبوو. کاتێک لێرەوە دەستمان پێکرد، ئەو ئەنجامانەی بەدەستمان هێنا ڕێخۆشکەربوون بۆ ئێمە لە زۆر بابەت، بە تایبەت لە پستەمۆلۆژی و ڕێبازناسیی ژنۆلۆژییەوە. گەشتەکەمان کە بە پرسیاری بۆچی ژنانی ئێزیدی دەستیپێکرد، لەگەڵ ناسینی ئەو پێکهاتە کولتووری و کۆدانەی زانین، دەست بە دۆزینەوەی شوێنی ڕاستەقینەی خۆی دەکات.
ئەم یەکانگیرییە کولتوورییە، کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕۆڵی خانە ڕیشەییەکانی دەگێڕا، یەکێک بوو لە خۆڕاگرترین ڕیشەکانی دژ بە شارستانییەتی دەوڵەت. ئیزدییەکان، کە مەعریفەیان بە ڕێی کولتووری زارەکی، قەول[6] و سەمبول-هێماکان هەڵگرتووە، خۆیان لە پشتبەستن بە زانستی نووسراو بەدووردەگرن و ئەمڕۆ بوونە ئامانجی زلهێزە هەژموونگەراکانی جیهان، پەیوەندی بە هێزی مەعریفەیانەوە هەیە.
هەر لەبەر ئەم هۆیەشە دەستبردن بۆ پرسی ئێزدییەکان زۆر هەستیار بوو، کە وەک باوەڕ و قەومێکی نەفرەتلێکراو چوونەتە ناو مێژووەوە، چونکە بەپێی زانیاری باو، ئیزدییەکان قەومێکی نەفرەت لێکراو بوون. لە ڕێی حەق لایانداوە! ‘شەیتانپەرستن’، خیانەتیان لە خودا کردووە. پیس و چەپەڵ بوون، نزیکبوونەوە لێیان گەورەترین گوناحە. درووست نەبووە نانی دەستیان بخورێت، یان نان لە ماڵیاندا بخورێت. نموونەی لەو شێوەیە دەکرێت زۆر زیاتریش هەبن. بەو پێیەی بیروباوەڕێکی نەفرەتلێکراو بووە. سیاسەتێکی جیهانییە، کە هەموو کۆمەڵکوژییەک لە بەرامبەریاندا جێبەجێکراوە و ڕەوا کراوە. بەشێوەیەکی سەرەکی لە ناوچەکانی شێخان و شەنگالی سەر بە موسڵ، لە باشووری کوردستان و لە گوندەکانی موسڵ، لە تفلیس پایتەختی جۆرجیا، یەریڤانی ئەرمینیا هەروەها لە کانتۆنەکانی جزیرە و عەفرینی ڕۆژاڤای کوردستان، میدیات، ساڤور و نوسەیبین لە مێردین، ئێزیدییەکانی دانیشتووی ناحیەکانی ویرانشەهیر، سورویچ و جەیلانپیناری ڕوحا، ناحیەکانی بسمیل و چناری ئامەد، بەشیری و کورتەلانی باتمان، کیلیس، ئەنتاپ و لە زۆرێک لە شارەکانی ئەوروپا بەتایبەت ئەڵمانیا بەهۆی کۆچبەربوونیانەوە و زۆر جێگەی تری جیهان ژمارەیان لە نێوان ٧٠٠ هەزار بۆ ٨٠٠ هەزار کەسن[7].
یەکەم هەنگاومان ئەوە بوو، زانیارییەکانمان لەسەر ئێزدییەکان، کە یەکێکە لە دێرینترین بیروباوەڕەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەڵەیە. هەروەها نەبوونی سەرچاوەی نووسراوی ئیزیدییەکان، کە پێناسەکردنی ناسنامەکەیان پشت بە بیروباوەڕ دەبەستن، شێوازی لێکۆڵینەوەکەمانی دیاری دەکرد. زانینی خۆیان بە قەڵەم و کاغەز نەسپارد، لە ترسی ئەوەی پارچەکاغەزێک دەکرێت بدڕێنرێت، بسوتێنرێت یان دەستکاری بکرێت و لە هەموو شوێنێک بێ بەها بێت. زانینی خۆیان بە یەکتر سپارد، یان زانستی خۆیان بە کەسانێک سپارد، کە گەورەیان دەکردن و متمانەیان پێدەکردن. لە یەکێک لە قەولەکانیاندا دەڵێن: “شیرەتا نەکە لە بەلاشان” واتا “،ئامۆژگاری مەدەن بە کەسی بێهودە”. دەبوو زانین بەو کەسانە بسپێردرێت، کە لێی تێدەگەن و جێبەجێی دەکەن. زانین دەبێ بدرێتە کەسانێک خزمەت بەو ڕەوتە دەکەن و لە ژیاندا پێکیدەهێنن. قسەی ناخی دایکێک: “ئیلمێ من لەسەر دڵێ منە” واتە زانستی من لەسەر دڵمە، واتایەکی بەنرخی بۆ ئێمە ئاشکرا دەکرد. ئەوان، وەک زانستێک مامەڵە لەگەڵ باوەڕییەکەیان دەکەن. باوەڕیان بە پەیوەندی ئەو زانستە بە مانا و حەقیقەتەوەیە. لە بیروباوەڕییەک زیاتر، بنەمای شێوازێکی ژیان بووە بۆ ئەوان. لەبری نووسین، پشتیان بە بەهای ئەو مەعریفەیە بەست، کە لە ڕێگەی زار بە زار، شیعر، قەول و گۆرانی لەسەر هەموو بوارەکانی ژیان، لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی تر گواستیانەوە.
بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ڕاستییەی؛ “زانست لێکدانەوەی مانایە”[8]، بینیمان ئەم مانایە لەلایەن ئێزیدییەکانەوە بە شێوازی زۆر بەهێزتر و ژیانئامێزتر مامەڵەی لەگەڵدا دەکرا. پابەندبوونی ئەم گەلە بە سرووشتەوە بەشێوەیەک مانا بە ژیان دەبەخشێت، کە هاوتای ڕۆحی ئەو سەردەمەیە، ڕۆشنکەرەوەیە بۆ بردنی ئێمە بەرەو قووڵایی مانا. بە جەختکردنەوە لەسەر گرنگی کۆکردنەوەی زانینیان دەربارەی ژیان لە خودی ژیانەوە، شێوازی ژیانی ئەم خەڵکە بە یەکبوونیان لەگەڵ سرووشت، دۆستایەتیان لەگەڵ خاک و هەناسەدانی هاوئاهەنگیان لەگەڵ هەوا، شێوەی گرتووە.
ئەوان هەڵگری کولتوورێک بوون لە ناو کرۆنۆلۆژیای مێژوودا نەبوون، تەنانەت بەرهەڵستکاریشی بوون. ئەوان باوەڕیان بەوەیە، کە مێژوو ئێستایە. گەیشتن بەم یادەوەرییە، کە ئێستا دوا ئاسەوارەکانی زیندوون، شتێک نەبوو بە ڕێبازی باو بەدی بهێنرێت. لە بردنی پرسیارکردنمان لێیان، گەڕان بە دوای وەڵامی پرسیارەکانمان لە ژیاندا، یەکەم زانین بوو کە لێیانەوە فێربووین.
واقیعێک بوو لە هەموو بوارێکی ژیاندا مانای هەبوو، کاتێ پرسیاری “بۆچی جلی سپی “مان لە دایە مەرجان کرد؟ بە پێکەنینەوە وەڵامی دایەوە، کە “چوکە حەرزمان لێیەتی” و پرسیارەکەی بێواتا کرد. هەموو کارێک کە دەیانکرد، لەبەر ئەوەی حەزیان لێی بوو، دەیانکرد. هیچ شتێکیان نەدەکرد کە پێیان خۆش نەبێت. ئەو ژیانەی لە دەرەوەی ئەوان لە خۆشەویستی دابڕابوو، بەڵام لای ئەوان دەخرۆشا. ئەوان لە مێژە سەریان لەسەر زیادکردنی خۆشەویستی بۆ ژیان و پاراستنی مانای ژیان دانابوو. تەنانەت کاتێک دەڵێن: “لەبەری دەکەین لەبەرئەوەی حەزمان لێیە “، ئەوان مانایەک، کولتوورێکیان دەپاراست. کەواتە ئەو مانایە چی بوو، کە ئەوان دەیانپاراست؟
پێناسەکردنی باوەڕەکەیان وەک زانستێک، پێویستی بە یادەوەری و تێگەیشتنێکی قووڵ هەبوو. گرنگ بوو لە مانای ئەم زانستە تێبگەین کە لە دڵیاندا هەڵیانگرتبوو. هەموو ئەو شتانەی کە لەبارەیەوە دەمانزانی، سەروژێر دەبوون. قەڵاکانی پۆزەتیڤیزم، کە لەسەر ڕوانگە و ئاماژەی ڕەهای وەک “زانست دەسەڵاتە”، “زانست هێزە”، “زانست حەقیقەتی ڕەهایە” یەک بەدوای یەک دەڕووخان. گووتەکانی “زانست مانایە” ، “مانا حەقیقەتە” “حەقیقەت ئازادییە” لە زمانی هەموو ئێزیدییەکانەوە دەخرۆشا، کە بە تۆنێکی شیعرئامێز لە ژیانیاندا بەرجەستە بوو. لە ناخەوە باوەڕیان بەوەیە هەموو شتێک لەم ژیانەدا مانایەکی هەیە و شێوازی سەرەکی دۆزینەوەی ئەو مانایەش، خۆشەویستییە. زۆر ڕوون بوون، کە ئەم مانایە سەرچاوەی زانستە، پۆتانسێل-ماتەوزەی حەقیقەتە.
واتای ڕاستەقینەی زانستێکیان دەچرپاند، کە لە مانا و حەقیقەت دابڕابوو. بە خۆشحاڵییەکی زۆرەوە دەیانبینی، ئەو کەسانەی پارچەیەک نانی ئەوانیان نەدەخوارد، لەبەرئەوەی نەفرەتیان لێکرابوو، بەڵام ئێستا هەروەک ئەوان، بە بێ پێشداوەری ژەمەکانیان لەگەڵ دەخۆن. پێش نان خواردن دەستیان بە سابوون دەشۆن و بە خاولی وشکی دەکەنەوە. وەک ئەوەی بڵێن؛ “سەیرکەن ئەمە کولتووری ئێمەیە، ئێمە پیس نین”. کاتێ تەماشایان دەکردی بە بریقەی چاوەکانیان، بەر دڵت دەکەوتن. ئەم خەڵکە توڕە نەبوون لەوەی پێشبینی سەربڕینیان دەکرد بە بەرچاوی جیهانەوە بۆ بەشکردنی پارچەیەک نانیان. “نازانین ئایا پێویست بوو باجێکی وا گەورە بدرێت و بکوژرێت بۆ ئەوەی حەقیقەت تێبگەین، کە باوەڕمان پێیە؟” بەڵام ئەوان یادی ئەو کۆمەڵکوژییانەیان دەکردەوە، کە بەسەریان هاتووە و هێشتا بە ئاهێکی قووڵەوە کۆتایی نەهاتووە، دەڵێن: “هەموو خراپەیەك چاکەی خۆی هەیە”. لەگەڵ هەر ئاهێکیاندا، زیاتر بێدەنگ دەبووین.
لولو…
هەندێک جار مرۆڤ قەناعەتێکی لا درووست دەبێ، کە زۆر بەبەختە. کاتێک بەدوای ئاسەواری مێژوویی کەسییدا دەگەڕێت، زۆر زیاتر هەست بەو ڕێگا، ڕێبوار، مرۆڤ و واتایانە دەکات، کە دێنە ڕێی. ژیان لەم ڕووەوە بێوچان دەرفەتی بۆ دەڕەخسێنێت. ژنۆلۆژی دەرفەتێکی بەو شێوەیە بە هەموو کەسێک دەڕەخسێنیت، سەرەتاش بۆ ژنان. یەکەم هەنگاویش لێپرسینەوەیە بە دوای ئەو پێکهاتە مەعریفیانەی لەگەڵ سیستەم یەکانگیر نەبووە. هەرچی هەنگاوی دووەمە بۆ ڕێ و ڕێبازی ئەو مەعریفانە دەمێنێتەوە.
زانیاری زۆر بەنرخ هەبوو، کە لە ژنەوە بۆ ژن دەگوازرایەوە. یەکێک لەوانە شەیتانۆک بوو. شەیتانۆک لە زمانی کوردیدا لولو بوو. ئێمە لەوانەوە ئەمەمان زانی . لولو پیرۆز دەبینرا. چونکە تەنانەت ئەگەر تەرمی مرۆڤێک ساڵانێک لە لولودا بمێنێتەوە، هەڵنەدەوەشایەوە. هەروەها ئەو لولوە لە چیرۆکەکانی خوڵقاندنیشدا هەبوو. ئەوەی لە ناو دووتوێی گوێچکە دەریادا بوو، مرواری بوو. ئایا ئەو چیرۆکەی لولو، دەکرێت تێزی ئەو زانایانە پشتڕاست بکاتەوە، کە مرۆڤ لە زۆربوونی بوونەوەرێکی تاکەخانەیی دەستی بە پرۆسەی خوڵقان کردووە؟ هاوکات ئەمە بابەتی لێکۆڵینەوەی بەرفراوانە.
ڕێزگرتن لە دایک وەک گرنگترین ڕێوڕەسمی ژیانی سرووشتی بەردەوام بوو. ئەو دایکانەی میوان بووین لە لایان و هەڵوێستی ئەو پیاوانەی لە چاوەڕوانی قسەیەکی ئەو ژنانەدا بوون لە ئەگەری ئەوەی هەر پێویستییەکیان هەبێت، ئەو ڕاستییەیان پێدەگووتین. میوانەکان لەلایەن پیاوانەوە پێشوازییان لێدەکرا نەک ژنان و حەزیان لە پێشکەشکردنی چا و قاوە بوو. بۆ نموونە لە بارەی مێژوویانەوە دەیانگووت؛ “مێژووی ئێمە زۆر دوورودرێژە، زۆر ڕیشەدارە، مێژوویەکمان هەیە دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای مرۆڤایەتی. ئەوەندەی ئێمە بزانین حەوت هەزار ساڵە”. مێژووی ناسراو بە حەوت هەزار ساڵ، بەو واتایە دێت کە پرۆسەی گواستنەوە لە کۆمەڵگەی سرووشتییەوە بەرەو شارستانیەتی دەوڵەت لە پێش زایین ژیاوە و هاوکات بووە لەگەڵ ٢٠٠٠ پ.ز. ئەم قۆناغە هاوتای ئەو قۆناغانە بوو کاتێک شەڕەکانی نێوان چینی یەکەمی داگیرکراو، کە ژن بووە و چینی یەکەمی داگیرکەر کە پیاو بووە، لە توندترین ئاستیدا بووە. قۆناغی یەکەمین شکستی گەورەی ڕەگەزی بووە. ئەو قۆناغە بوو کە ژن لە هێزی کۆمەڵگەی سروشتی وەدەرنرا و و لە چوار دیواردا قەتیسکرا. مێژووی سەرەتای سۆمەریەکان بوو. ئەم قۆناغە، ئەو قۆناغەیە، کە باس لە لیلیت دەکرێت نوێنەرایەتی هێڵی بەرخودانی ژن دەکات. ئەو هێڵەی بەرخودانی ژن، کە باڵادەستیی پیاو قبوڵ ناکات و بەرەنگاری دەبێتەوە.
لیلیت لە هەمان کاتدا، ناوێك بوو بۆ وزەی ژن. ئایا وشەی شەیتان، کە لای ئێزیدییەکان وشەیەکی ڕێپێنەدراوە لە دەربڕینیدا، ئەم مانایەشی نەدەگەیاند؟ ئایا دەرنەبڕینی ئەو وشەیە، گەورەترین میکانیزمی بەرگرییان لە نەفرەتکردن و بە گوناح هەژمارکردنی نییە لە ئاست پیرۆزییەکانیاندا؟ شەیتانی ڕاستەقینە کێ بوو؟ ئایا ئەوە نەبوو بە هاوکاری لەگەڵ مار لە ئەفسانەی ئادەم و حەوادا سێوی لە درەختی ژیان لێکردەوە؟ یان ئەو نەبوو هانی حەووای دا سێوێک لە درەختی ژیان بکاتەوە؟ بابەتەکان لە ئەفسانەکاندا جیاواز بوون، بەڵام سەمبول-هێماکانیان وەک یەک بوون. کاتێ لێکۆڵینەوەمان لە کولتوورە دێرینەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکرد، زیاتر لە مێژوو، هێما و چیرۆکە زارەکییەکانیاندا دۆزیمانەوە.
بەو ڕێیەش زانیشمان، کە سێو سەمبولی زانین-مەعریفەیە لای عەلەوی و ئێزیدییەکانیش. هەروەها پێداگرییش بوو لەسەر وەرگرتنی ئەو زانینە و سەندنەوەی ئەو بەهایانەشی کە دزراون. هەرچەندە ئەو سەمبول و ئاسەوارانەی لەو سەردەمەوە ماونەتەوە شێوێنرابن، بەڵام ئێستا بەرەوڕووین لەگەڵ شوێنەوارەکانی بیروباوەڕییەک، کە ئاوێتەی شارستانییەتی دەوڵەت نەدەبوو. ئاماژەیەک بوو بۆ زیندوویی ئەو یادگا کۆمەڵایەتییەی دەخوازرا لەناوببرێت. دەبوو ئەو یادەوەرییانە بپارێزرێت، کە خودا، پیاوەکان هەوڵیان دەدا لەبیرمان بەرنەوە. ئایا ئەو دیوار، تابۆ و دۆگمایانەی لە دەوری ناسنامەی ژن بنیات نرابوون، لە ئێستادا بە دیدێکی پۆزەتیڤیست، سەرلەنوێ لە بەرگی نوێ وەک کولتوورێک بەردەوام نەبووە لە بەرهەمهێنانەوە؟ لە سەردەمی دووەمی شکستی ڕەگەزییدا، کە ناوی ئەو قۆناغە ڕەواکردنی کۆیلایەتییەک بوو وەک فەرمانێکی خودایی بەسەر ژناندا سەپێندرا، ئایا لیلیت ئیتر بوونەوەرێکی نەفرەتلێکراو نەبوو؟
لیلیت کە بۆ یەکەمجار لە داستانی گیلگامێشدا کەوتە بەرچاومان، ئیتر لە ئەفسانەکانی سۆمەری، بابلی و پارسدا ژنێکی خوێنمژ بوو. لە قۆناغەکانی سەرەتای سۆمەرییەکاندا، لیلیت کە باوەڕی وەهایە دەستی چەپی خوداوەندە ئینانا بووە، دواتر گۆڕا بۆ لاماشتو، کە ژنێکی جنۆکەیە، ئەو ژنانەیان دەکوشت کە کۆرپەیان هەبوو. یەکەم ژن بوو، کە لە ئایینی جوولەکە و مەسیحیدا بە بەیەکسانی لەگەڵ ئادەم خوڵقێنرا، بەڵام چەند بانگەشەش بکرێت کە یەکسانە لەگەڵ ئادەم، یان لە بەهەشت دەرکرا لەبەرئەوەی ڕەتیدەکردەوە خزمەت بە ئادەم بکات، یان بە خواستی خۆی بەهەشتی بەجێهێشتبێت، ئەو ئیتر ژنێکی یاخی بوو. نەک ملکەچی بۆ ئادەم و خودا، بەڵکو یەکگرتنی لەگەڵ شەیتان، بوونە شەیتانی هەڵبژارد. ناسنامەی ئەو ژنە بوو، کە لە زۆرێک لە کولتوورە دێرینەکاندا مایەی ترس بوو و ڕێوشوێنی خۆپارێزیی جۆراوجۆری لە بەرامبەر دەگیرایەبەر. کاریگەرترین ڕێوشوێنییش لە دژی، کانزای ئاسن بوو. تەنانەت ئەم نموونانەش نیشانی نادەن، لیلیت ناسنامەی ئەو ژنەیە بەرەنگاری دەکات لەو قۆناغەدا، کاتێک دەخوازرێت باوەڕی خوداوەندی لەناوببرێت؟ هەرچەندە بە لاوازییش بێت، ئایا لیلیت ناسنامەی ڕەمزی وزەی ژن نییە، کە تا ئەمڕۆش بوونی هەیە؟ ئایا ناسنامەی ژنێک نییە کە بەرەنگاری شارستانیی دەوڵەت دەبێتەوە و بژاری مانەوەیە لە دەرەوەی سیستەم و ئامادەیە هەر باجێکی بۆ بدات؟
بەڵێ، لیلیت بەهۆی هەڵوێستی بەرەنگارییەوە بە شەیتانی سیستەم ناودەبرێت، بەڵام لە ئیزدایەتیدا، خانەی ڕیشەیی یادگای کۆمەڵایەتی پێکدەهێنێت. لە زۆر وێنەدا، کە بۆ پێناسەکردنی لیلیت کێشراون، بەشێک لە جەستەی لیلیت وەک مارێک نیشان دراوە. ئەمەش هێمای شامارانمان بیردەخاتەوە. کاتێک لیلیت وەک دۆستی مار لە پێکهاتەکانی پارادایمی میکانیکی پێناسە دەکرێت، بەو پێیە ناسنامەیەکی نەفرەتلێکراوە، بەڵام سەری ژنیش وەک هێزێکی سەرەکی ڕووباری شارستانیی دیموکراتییە. سەرەکەی ژنە و بەشەکەی تری جەستەی مارێکە، کە شامارانە و ڕەنجی دەستی ژنە و لە گۆشەیەکدا هەڵواسراوە. ئەم زانینە وەک کردارێکی پاراستن لە ژیانی ژناندا، وەک حیکمەتێک، وەک زانستێکی پزیشکی جێیەکی هەیە لە ژیانی ژناندا. پەیوەندی نێوان زانینی پیرۆزیی ماری ڕەش بە تایبەت لە عەلەویەت و ئیزدایەتیدا، شایەنی لێکۆڵینەوەیە.
کاتێک بەدواداچوونمان بۆ ئەو زانینانە کرد لە کۆمەڵگەی ئێزدیدا، بەشێوەیەکی زۆر بەرجەستە بینیمان سزای تێکەڵنەبوون لەگەڵ شارستانی دەوڵەتدا، پەراوێزخستن لە شارستانییەت و کوشتن بووە. یەکەم هێرشی داعش، کە پشت بە یادەوەریی شارستانیی دەوڵەت دەبەستێت و نوێنەرایەتی ئەو شارستانییە دەکات و هێرشی یەکەمی بۆ سەر شەنگال و کۆیلەکردنی ژنانی ئێزیدی پەیوەندی بەو ڕاستییەوە هەیە. ئایا ئەو ڕاستییەی کورتکراوەی ئینگلیزی داعش، ئیسیسە، دەکرێت پەیوەندی بە درێژەی ئەو یادەوەرییەی زاڵبوونی پیاوەوە هەبێت، کاتێک زانینی لە کۆمەڵگەی سرووشتی و ژن دزی؟
“ئەوانەی لە ڕێی حەقدان” و واریان
واتا، تێگەیشتنە لە هەموو شتێکی، کە لە ناو ناخی زانیندا هەیە. بە هێندەی قووڵی و هەستیاری بۆ دۆزینەوەی ئەو واتایە، دەبوو ڕێزی لێ بگیرایە. ئەو زانینە، بە زۆری لە چلخانەکانیاندایە کە دەروازەکانی ماچ دەکەن، لە عەشقی لەیلا و مەجنووندا، لەسەرکانیاوەکەی لەیلاوە، کە مەجنوون لە ئەشکەوتەکەیەوە لێی ڕادەما، لەو کوتە پەرۆیانەی (بە کوتە پەرۆیانە دەڵێن پەری) مرازەکانیان پێدەبەستەوە[9]، لە واری نزا بۆ باران و نزیکترین شت لێیان، کە هەورەکان بوون. لە پەرستگەی پیری هەورەکانەوە، لە پیرۆزیی لالەشی تێکەڵ بە خۆزگە، لە گەنجینەی نانەکانی سیتی ئەزێ[10]، لە پیرۆزی خاتوونا فەخرا، لە سوپای سیتی نیسرا، لە “نهێنی’ ئەو تۆوەی ژیان لە خاکەوە دەمژێت، لە پشتێنی باتیزم، کە لە ناوقەدی خۆیەوە دەیپێچێت، لە مەچەکی وەفاداریی ئەو دایکانەی دەرمانن بۆ هەموو دەردێک، لە بریقەی چاوی ئەو کوڕانەی بسکیان بەردابووەوە.
ئەو حەقیقەتەی لە ناواخنی ئەو واتایەدا هەبوو، وێرای نکوڵی و کۆمەڵکوژی، یادەوەرییەکی شاراوەی هەبوو، کە نەیاندەتوانی بیسڕنەوە. خاڵێکی دیکەی سەرنجڕاکێش ئەوە بوو، ئیزدییەکان، کە یەکەم بەرخودانی گەورەیان لە دژی شارستانیی دەوڵەت بەرپا کرد، لە تابلێتی سۆمەرییەکان، کە بە سەرەتای مێژووی نووسراو هەژمار دەکرێت، ئەوانیان وەک “ئەوانەی لەسەر ڕێگای حەقیقەتن”[11] پێناسەکردووە. وشهی ئامارگی، كه له لایهن سۆمهرییهكانهوه به ئازادی و گهڕانهوه بۆ دایک پێناسهی كراوە، لهم ڕووهوه نموونهیەکی بەرجەستەیە.
لە هەموو شوێنێکدا ئاسەواری کۆمەڵگەی سرووشتی هەبوو. ئەمەش بە واتای ئەو زانیارییانەی پێشوومان دەهات کاتێ دەمانگووت: “لە هەموو شوێنێکی کۆمەڵگەیەکی سرووشتی تێدایە، شوێنەواری کولتووری ژن هەیە”. دۆخێک بوو بۆی پشتڕاست دەکردینەوە، کە ئەو جێگە و کولتوورە، هەرگیز ڕێکەوت نەبوو بۆ هێرشکاران(داعش). دایکە خوداوەندی کۆمەڵگەی سروشتی-بۆ ئەوان خاتوون فەخرا بوو-، بۆ ئەوەی زانینی خوداوەندەکان بپارێزن، وەدەرنانیان لە مێژووی شارستانیی قبوڵکردبوو. بۆ پاراستنی مەعریفەیان، ڕێگەی چیاکانیان گرتبووەبەر، لە چیاکانیشیدا ئەشکەوتەکان و ئەو پەرستگایانەی کە پێیاندەگوت چلەخانە. جێگای سەرنجە، کە شوێنەکانیان، یان لە بناری چیایەک، یان لە ژێر دارێکدا، یان لە لێواری ئاوێکدا بوو. سەرچاوەی بژێوییان لە سرووشتەوە بوو و لە دژی ئەوانەی، کە سرووشت قڕدەکەن. لە چیا، ئەشکەوت، نزیک کەناری ئاو بەرگرییان دەکرد، ڕێک وەک ئەوانەی ئێستا بەرەنگاریی وێرانکەرەکانی جیهان دەبنەوە.
مانای هەر بستەخاکێک، کاتێک بەسەریدا گوزەرابن، هەر بەرد، ئاو، گوڵێکیان دەزانی. بۆ نموونە لە شوێنێک چلەیان دەگرت، کە لە عەفرین چلخانەیان پێدەگووت.
چەند شوێنێک هەبوو، کە مۆمیان تێدا داگیرسێنرابوو و هەروەها چەند شوێنێک بەردیان لە کونەکانی دیوارەکەدا دانابوو بۆ داخوازی مراز. جگە لە سەرچاوەیەکی ئاو لە ناوەوە، شوێنەواری مارێکی ڕەش هەبوو، کە بەرەو سەرەوە هەڵکشابوو. یەکسەر ح. موحەممەدم هاتەوەبیر، کە بۆ ماوەی چل ڕۆژ لە ئەشکەوتێکدا لەسەر چیای حەرا چووبووە خەڵوەتەوە. ح. موحەممەد لە وەڵامی ئەو فەرمانەی دەڵێت: “بخوێنە” بێ چەند و چوون قبوڵ دەکات، بە پێچەوانەی ئەو دۆگماتیزمەی لە جوگرافیای ئێمەدا هەیە، ڕایدەگەیەنن کە دوای چل ڕۆژ مانەوەیان لە چلەخانەدا گەیشتوونەتە حەقیقەتی “خۆت بناسە”. ژمارە چل ژمارەیەک بوو سەرنجی ئێمەی ڕاکێشا، هەم لە نێو عەلەوییەکان و هەم لە نێو ئێزیدیەکاندا. کاتێک پرسیمان بۆچی چل، لە وەڵامدا وتیان: “سروشت هەم لە چلەی ساردی زستاندا و هەم لە چلەی گەرمای هاویندا دوای ئازار، خۆی نوێ دەکاتەوە”، بەم سەرنجانە نیشانیان دا، کە زانست لێکدانەوەیە بۆ مانا. ئێمە نازانین وشەی چلە بەو واتایە دێت یان نا، بەڵام ئەم لێکدانەوەیە دەرگای بە ڕووی ڕێبازێکی گرنگ کردەوە بۆ ئێمە. ڕێبازێک مرۆڤی کردە بەشێک لە سرووشت، نەک سەروەر بەسەر سرووشتەوە. چلمێران، چل کەچکان (چل کچ)، چلخانە و چەندین ناوی دیکە، کە بە چل دەست پێدەکەن و زۆر ناوی دیکە باس لەو حەقیقەتە دەکەن. چل، چلە لە زمانی کوردیدا هەم چلەگرتنە و هەم لە کرمانجی ژووریندا ناوی مانگی یەکەمی ساڵە (مانگی ڕێبەندانە).
بە هەموو ئەم مانایانەوە، ئێمە ڕێگای ڕاست لە مێژووی ئێزیدییەکان دەبڕین. مێژوویەک لە وردەکارییەکانی ژیان و ڕەوتی زەمەن. ڕابردوو لە ئێستادا، لەم ساتەوەختەدا دەخرۆشا. هەندێک وەک فەلسەفە و هەندێکی تر ئێزیدایەتیان وەک ئایین، بەڵام باشترین دەستەواژە، ئەوەی خۆیانە کاتێک دەڵێن: “عیلمی مە” واتە “زانستی ئێمە”یە. ئەم زانستەی پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ ژیاندا هەیە. هێزی یەکانگیری خۆی لەگەڵ باوەڕ و فەلسەفەدا نیشان دەدات. وەک زانست، باوەڕ و هزرێک، کە ڕایەڵەی بە بنەما ئێتیک و ئێستێتیک (ئەخلاق و جوانناسی)یەکانەوە نەبڕیوە. لە کاتی گەڕان بە دوای ئاسەواری ژن لەو جۆرە ئایینە و باوەڕییانەی هەمیشە لە پاوانی پیاوسالارییدا بینومانە، ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم جۆرە مانایانە، هێزی ئەو کولتوورە ڕیشەدارەی کۆمەڵگەی سرووشتیی، بۆ ئێمە ئاشکرا دەکرد. دەستپێکردنی کنەوپشکنین و لێکۆڵینەوە لەو بوارەدا، کە تێگەیشتنی ئێستای زانستە کۆمەڵایەتییەکان وایکردووە زۆرترین پارێزبەندی لەسەر بێت، وردەکاریی ناوازەمان بۆ دەردەکەوێت.
لالەش شوێنێکی پیرۆز بوو. کەشوهەواکەی، جوگرافیاکەی، نە زۆر سارد بوو و نە زۆر گەرم. ئاماژەیان بەوە دەکرد کە هەموو پێشەنگەکانی لەوێ بوون و لالەش ڕۆڵی ناوەندێکی لێکۆڵینەوە و خوێندنگەیەکی دەبینی. ئەوان باوەڕیان وایە لالەش شوێنێکە وانەیان لەسەر هەموو بوارەکانی ژیان پێدەگوترایەوە. کاتێکیش لالەشی وەک ناوەند هەڵبژارد، هێزی ئەوەی هەبوو خێراتر جووڵەی ئەستێرەکان شی بکەنەوە. ئەوان پێیان وابوو سێ قوبەی سەر لالەش بریتیین لە خۆر، مانگ و زەوی. ئەوان پێیانوایە کاتێک هەرسێکیان لە هێڵێکدا یەکدەگرن، خۆرگیران ڕوودەدات و ڕۆژمێری ساڵ لێرەوە دەستپێدەکات.
کاتێک کە تاتەقوڕینەکانی ٧٦٢٢ ساڵ لەمەوبەری سۆمەرییەکان شیدەکرێتەوە، دەردەکەوێت کە دابونەریتەکانیان وەک یەکن. ئەو کاتە هاوتا بووە لەگەڵ پێنانە قۆناغی شارستانی دەوڵەتەوە. قۆناغێک بووە کە هەموو بەهاکانی کۆمەڵگەی سرووشتی شێوێنرا، تاڵانکرا. گفتوگۆی نێوان گۆنول تەکین و موراد پارداغچی لە بەرنامەی “ژووری پشتەوەی مێژوو”[12]مان دەهێنێتەوە بیر سەبارەت بە پێویستیی دووبارە لێکۆڵینەوە و کنەوپشکنینی ئەو تاتەقوڕانەی بانگەشە دەکرێت بۆ سۆمەرییەکان دەگەڕێتەوە. گۆنول تەکین ئەوە دەدرکێنێت، کە سیاسەتێکی بەئاگاییانە پەیڕەوکراوە، کە هەموو شتێک کراوەتە هی سۆمەرییەکان. هەروەها لێکچوونی پیرۆزباییەکانی چوارشەمەسوور لە شارستانییە جیاوازەکاندا، قەناعەتەکان بەهێزتر دەکات. هەروەها ئاماژەشیان بەوە دەکرد شارستانییە جیاوازەکان بە تایبەت سۆمەرییەکان هێلکەیان بە ڕەنگاوڕەنگ بۆیاخ کردووە و وەک ساڵڕۆژی ئەو شوێنە ئاهەنگیان گێڕاوە.
ئەم مرۆڤانە کاتێ دەیانگووت: “ساڵی نوێ هات، ژیان نوێ بووەوە” باوەڕیان بە حەوت فریشتە هەبوو و دەیانگوت هەموو ساڵێک فریشتەیەک دێت بۆ ئەوەی جیهان لە خراپە ڕزگاربکات. هەرچەندە نەیاندەزانی کام فریشتە دێت، بەڵام دەوراون دەوراونێک، نیشانەی بەرجەستەبوونی سیستەمێکی دیموکراتیش بوو. هەر لەبەر ئەم هۆکارەشە، ئەو گوڵە سوورانەی لە مانگی نیساندا دەپشکوێن بە پیرۆز دادەنێن. منداڵان ئەو گوڵانەیان کۆدەکردەوە، ئێواران دەیانهێنا و پێش ئاوابوونی خۆر لەگەڵ توێکڵی هێلکە و قوڕ دەیانشێلا و بە دەرگای زیارەتگەکەدا هەڵیاندەواسی و ماچیان دەکرد. ئەڵبەتە ئەم ڕێوڕەسمانە چەندین ڕەهەندی جیاوازیان هەیە، بەڵام لە درکی ئەوەشدان ئەو ڕێوڕەسمانە هی مرۆڤایەتین و ئێستاش بەداخەوە تەنیا بە ئەوانەوە سنووردار بووە. لەبەرئەوەی ناوی ئەو گوڵەی مانگی نیسانی پێوەیە، ئەو گوڵە سورەی زوو سیس دەبێ و لەبەرئەوەی هێلەکەکان بە سوور بۆیاخ دەکەن جەژنەکەیان ناوناوە “چوارشەممەی سوور”. بەردەوام جەخت لەوە دەکەنەوە، کە باوەڕیان وایە ئەو گوڵانە لە کاتی هاتنی مەلەکی تاوس، دەردەکەون.
مایەی سەرنجە زۆرێک لە دابونەریتەکانی وەک برایەتی قیامەت، گۆڕینی کراس یان گۆڕینی دۆن، لێدانی دەف و بلوور لە مەراسیمی مردوودا، لە ئایینە دێرینەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەیە، بەتایبەتی ئێزیدییەکان. هەمان ڕێوڕەسمەکانی کۆمەڵگەی سرووشتییە، کە بەپێی سووڕی ژیان – مردن-ژیانن، لەگەڵ کولتووری زارەکیدا بەردەوام بووە.
لە لایەکی تر، پێیانوایە هەموو شتێک خوداوەندێکی هەیە. خوداوەندی خۆر، کشتوکاڵ، خۆشەویستی، زەوی و ئاسمان، هەریەکەیان خوداوەندێکی هەیە. باوترینیان لای ئێزیدییەکان ئەو خوداوەندەیە، کە پێی دەڵێن شێشم. هەندێک لە کاتی کشتوکاڵدا هاوار بۆ ئەو خوداوەندە دەکەن، هەندێک کاتێ کاری چاکە دەکەن. ئەو کاتانە دیاری دابەشدەکەن. هەندێکیان سەرقاڵی چاندنی پەموو دەبن و پێیانوایە بەرەکەتی پەمووکەیان زیاددەکات.
بەردەوامین لە گەڕان بەدوای ئاسەواری ژن لە ئێزدایەتیدا. ئێمە شایەتحاڵی کولتوورەکەیان بووین، کە پەیوەندیی ژن –سرووشت-ژیانی پێوە دیارە. بەرجەستەترین دەربڕینی ئەم کولتوورە ئەو ڕێوڕەسمانانە بوو، کە پێیان دەگووت “باتیزمی”، کە هەموو ساڵێک لە ٢٥ی کانوونی دووەمدا ئەنجامی دەدەن. زانیمان ئەرکی هۆزێکە ئەم ڕێوڕەسمە ئەنجامبدات. هەر هۆزێکیش لەو بارەیەوە ئەرکێکی هەیە. هەموو شتێک زۆر هەمەگیر و پەیوەستی یەک بوون. لە بەرامبەر تێڕوانینی پەرتەوازەکارانە و تەریکخستنی پۆزەتیڤیزمدا، هەموو شتێکیان بە هاودەنگی و دابەشکاریی ئەنجام دەدا. هەر هۆزێک بەرپرسیار بوو لە ئەرکێک. هۆزی چلکێ ئەرکی باتیزمی لەئەستۆ بوو، هۆزێکی تر بەرپرسیار بوو لە خزمەتی پزیشکی، هۆزێکی تر بەرپرسیار بوو لە کاری زەویوزار و کشتوکاڵ.
خێزانەکانی سەر بە هەر هۆزێک لە هۆزەکان کارەکانیان لە نێوان خۆیاندا دابەشدەکرد. ئەرکی گشتی هۆز خزمەتی تەندروستی بوو، بەڵام هەر خێزانێک لە یەکێک لە هۆزەکان، شێوازی چارەسەری نەخۆشییەکی جیاوازیان دەزانی. هەندێک لەو شێوازانە پەیوەست بوون بە ناسینی گیا، هەندێکیان زانیارییان لەسەر بایۆلۆژی ژن هەبوو و هەندێکی دیکەشیان تایبەتمەندیی شیفاگەرییان هەبوو بۆ ژنان. ئەمەش خۆی لەخۆیدا بە تەنیا بابەتی کتێبێکی جیاواز بوو. شێوازی ڕێکخستنیان پەیوەست بوو بە شێوازی ژیانیانەوە. هەر خێزانێک بە پەروەردەکردنی منداڵەکانیان لە خێزانەکەدا، زانینی خۆی بۆ نەوەکانی داهاتوو دەگواستەوە. نەک هەموو منداڵێک، بەڵکو بەهرەمەندترینیان لەم بابەتەدا پەروەردە دەکران. هەر وشەیەک، کە لە هەمەگیرییەکی کولتووریەوە هاتبوو، کە هەندێکمان لە ژێر چەند ناونیشانێکدا باسکردووە لە ڕێوڕەسم، مانا و حەقیقەتێکی هەبوو. لێکدانەوە و تێگەیشتنی دانە بە دانەی هەموو ئەم مانایانە بە شێوەیەکی گەنجاو و بەپێی پێکهاتەی ئەو یەکێتییە کولتوورییە، ئەرکێکی سەرشانی ژنۆلۆژییە[13].
“ئێزیدییەکان بە ڕێی ژن، بە باوەڕییەکەیان ئاشنابوون”[14]
ئەم مرۆڤانەی پێش هەڵهاتنی خۆر لەخەوهەڵدەستن، دوای دەستشۆردن ڕوو لە خۆر ڕادەوەستن و نزا دەکەن. سەردانی خاک یان درەختێک دەکەن و لە ئاگایی و درکی ئەوەدان بەبێ بوونی زەوی-ئاو-ئاگر-هەوا، ژیان نییە. ساڵانێکبوو دەیانزانی بە بێ خۆر، کە بارستەیەکە لە ئاگر، ژیان نامێنێت. وە باوەڕیان بە پیرۆزی ئەم زانینە هەبوو، کە دەیانزانی. ئەم چوار توخمەی سەرچاوەی بوونیان بوو، دەپاراست. بە درککردن بەم ڕێسایەی ژیان، کە بۆ هەموو زیندەوەران ڕەوایە، بە ڕێوڕەسمی نزاکردن بۆ خۆر، ڕێزی خۆیان لە سرووشت دەگرن.
بێگومان ئەو پێشداوەرییانەی لە بەرامبەر ئەو مرۆڤانە، کە نوێژیان دەکرد و بە ڕێز و خۆشییەوە سڵاویان لە خۆرهەڵاتن دەکرد، ناچاری بیرکردنەوەیان کردین. هەموو ئەو زانیارییانە درۆ بوون، کە بۆ ڕەواییدان بە کۆمەڵکوژییەکان بەرهەم دەهێنران. ئەو زانیارییانە، مرۆڤایەتییان لە کولتوورێکی گەورە بێبەش کردبوو، بە ئاگاییەوە ئەوەیان ئەنجام دەدا. شارستانیی دەوڵەت، سۆسیۆلۆژیای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی بە ڕوانگەیەکی پۆزەتیڤیستی پێناسەکردووە و لە ئەنجامدا بەو زهینیەتەی درووستی کردبوو، ڕەوایی بە کۆمەڵکوژییەکان دەدا.
ئەوان دەستبەرداری ئەو ڕایەڵە نەبوون، کە زانست بە ژیانەوە دەبەستێتەوە، پێیان وابوو ئەم پەیوەندییە لە هەموو شتێکدا بەرجەستەیە، لە جریوەی باڵندەیەکەوە تا شێوەی بەردێک. هەر لەو پەتانەی مراز کاتێک بە لقوپۆپەکانی دارێکەوە دەیانبەست، تا ئەو مۆمانەی لە کاتی سەردانیاندا دایاندەگیرساند. بەردەوامی ئەو زانستەی لە ژیان، کۆمەڵگە و ژن دابڕێنراوە، بەو پەیوەندییە بەهێزەی لەگەڵ ئەم کولتوورە ڕیشەدارەدا، زانیاری پێویستمان پێدەبەخشێ لەسەر قووڵیی ئەو ڕەگوڕیشەیەی، کە ژنۆلۆژی دەیەوێ وەک سەرچاوە پشتی پێببەستێت و بەدوایدا دەگەڕێت.
ژنانێکی دانا هەبوون کە دەیانگووت؛ “ئەوانەی لە ڕێگای حەقیقەتدان”[15] شایەنی ئەم ڕێگایەن. ئەم ژنە دانایانە هاوسەرگیریان نەدەکرد و ملیان بۆ نیعمەتەکانی دونیا کەچ نەدەکرد. ئەو جۆرە ژنانەیان دەیانگووت؛ “شکەستی” و بەو دۆخەشیان دەگووت؛ “خۆشکاندن”. واتە ئەوانەی نەفسی خۆیان شکاندبوو. تەنها ژنانی گەنج نەبوون ئەم بڕیارەیان دەدا. هەروەها ئەو ژنانەش کەم نەبوون، کە دوای تەمەنی چل ساڵی خۆیان بۆ ڕێگای حەقیقەت تەرخان کردبوو. ئەم ژنانە پێیان دەگوترا؛ “فەخرا”. بە گشتی ئەو ژنانە، ئەو کەسانە بوون گەیشتبوونە ئاستی حیکمەت لەو کۆمەڵگەیەدا و بووبوون بە کەسایەتییەک، کە خۆیان سەلماندبوو.
ئێزدایەتی کە باجی بەردەوامیدانی بە کولتوورەکەی داوە، کولتوورێکی ژنانەی وەفاداری کۆمەڵگەی سرووشتییە. شێوازەکانی ژیانی، لە نەریتە زارەکی، گێڕانەوەی میتۆلۆژی-ئەفسانەیی، هێما و چیرۆکەکانیاندا پاراست. ئەم ژیانە پشت بە ڕیشەی کولتووری کۆمەڵگەی سرووشتی دەبەستێت. یەکێک لەوانە چیرۆکی سیتی نیسرا بوو. ئەوان باسی سوپایەکی ژنانیان دەکرد، کە بە چل ژنەوە دەستی پێکرد. هەر ژنێک چل ژنی دیکەی پەروەردە کردووە، کە ژمارەیان دواتر بۆتە هەزاران ژن. سوپایەک لە ژن! لە نەریتی زارەکیی ئێزیدیدا زۆر دەربڕین و هێما و چیرۆکی ئەفسانەیی لەسەر هەیە. هەروەها قەولی زارەکی لەسەر گووتراوە. قەولی سیتی نیسرا. ئەم قەولە باسی ژنێک بوو، کە فەرماندەی ڕێکخراوێکی سەربازی بوو. قسەی بۆ گەل و سوپاکەی دەکرد. تا ئێستاش ژنان کاتێ دەکەونە تەنگانەوە هاوار بۆ سیتی نیسرا دەبەن. بۆچی؟ بۆ نموونە دەیانگووت کاتێک گەریلاکان هاتبوون بۆ ڕزگارکردنی شەنگال، ئاماژەیان بەوە دەکرد کە سوپای سیتی نیسرا گەڕاوەتەوە!
ئەوان ئەمەیان وەک دۆخێکی سرووشتی دەبینی. ڕایەڵەیان بە مێژووەکەیانەوە دەپاراست. ئەوان لە ئانوساتدا ئەو پارچەبوون و نامۆبوونەیان ئاشکرا دەکرد، کە هزری پۆزەتیڤیستی، لە تێڕوانینەکانماندا درووستیان کردووە. بۆ نموونە ڕوون بوو لە ململانێ لە پێناوی پاراستنی خاک و سرووشت زیاتر کەوتووەتە سەرشانی ژنان. لەبەر ئەو هۆکارەش ئەو ژنانەی بە دوورەپەرێزیی لە پەیوەندی زایەندی و هاوسەرگیری لە پێناو بەدیهێنانی پێداویستییەکانی زانین و تێکۆشانەکەیان خۆیان تەرخان کردبوو بۆ ڕێی حەق، زۆر پیرۆزن.
ئەوان بە شوێنە پیرۆزەکانیانەوە هەروەک بەرزترین شوێنی شەنگال کە چلمێرانە، باسی ئەو حەقیقەتەیان دەکرد. پیرۆزیی بۆ ئەوان، ئەوە بوو کە یەکانگیرییان لەگەڵ سرووشتدا سەلماندبوو و سەرکەوتووانە بە خەباتێکی خوددا تێپەڕیبوون بۆ ئەوەی نەفسی خۆیان لە هەموو نیعمەتەکانی دونیا پاکبکەنەوە.
شیرین ساڵح بە ئاماژەی “ئێمە نهێنیمان هەیە. وەسیەتە لەسەرمان، کە نابێ ئەو نهێنییە بدرکێنین”، نەیدەویست قسەبکات و بەو ئاماژە قووڵەی کە هەریەکەیان لەخۆیدا بابەتی کتێبێکە، زانیاری گرنگی سەبارەت بە تێکچوونی کۆمەڵناسیی ئێزیدیەکان لە قۆناغی ئێستادا دەخستەڕوو. شیرین ساڵح، ئاماژە بەوەی ژن لە ئایینەکەیاندا پیرۆزە، وتی: “ئێزیدییەکان بە ڕێی ژنان بە باوەڕەکەیان ئاشنا دەبن. لە ئایینەکەماندا ژن پیرۆزە. ئێمە ئاگر و ئاو دەپارێزین، بەڵام بە دزەکردنی ئیسلام بۆ ناومان پێگەی ژن پاشەکشەی کرد. ژن بووە کۆیلەی ماڵ. ژنانی پێشەنگ وەک فەخرا خاتوون، سیتی نیسرا، ستار تا ئێستاش لە کۆمەڵگەکەماندا سوێندیان پێدەخورێت. ئەوانە ئەنجوومەنیان هەبووە. دیوانیان هەبووە. پیاوانیش ڕێزیان لێدەگرتن. ژنانی دانا و تێگەیشتوو بوون. هەموو ئەرکەکانیان جێبەجێ دەکرد. ئەوان پەیمانیان دەبەست. لێپرسینەوەی دونیایان دەکرد. ئێمە دەمانەوێت بەهێزتر بگەڕێینەوە بۆ ئەو کولتوورە و تا ئێستاش هاوار بۆ فەخرا خاتوون و سیتی نیسرا دەبەین”.
ئەم قسانەی شیرین ساڵح مەعریفەی ئەو مێژووەی پێبەخشین، کە لەو ساتەوەختەدا دەگوزەرێت. لەسەر ئەو ژنە گەریلایانەی لە کاتی کۆمەڵکوژیەکەدا هاتبوون بەهانایانەوە بۆ ڕزگارکردنیان دەیانگووت؛ “سوپای سیتی نیسرا وەڵامی بانگەوازەکەمانی دایەوە و هاتن” و ئەوەش ئەنجامی ئەو مەعریفە و باوەڕە فراوانەیانە. ئەو فەرمانانەی دەرهەقی ئەوان درا، تەنانەت پاراستنی ئەوان لە لایەن گەریلاکانەوە لەو فەرمانانە، ئەنجامی ئەو زانینەیە، کە لەگەڵ ژیانیان ئاوێتەبووە. بۆ ئەوەی ئەو وشیارییە لەدەستنەدەن، کە باوەڕیی خودی ژیانە، بەردەوامبوون لە پاراستنی واتاکانیان، بەو واتایانەی هەموو ساتەوەختێک بە ژیانیان دەبەخشی.
[1] عەبدوڵڵا ئۆجالان، مانیفستۆی شارستانی دیموکراتی، قەیرانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و چارەسەری شارستانی دیموکراتی
[2] دەستەواژەی ” ئەز دایێ مە” … یەکێک لە تایبەتمەندییە هەرە گرنگەکانی ئێزیدییەکان ئەوەیە کە لە هەموو لایەنەکانی ژیاندا زمانی کوردی بەکاردەهێنن و هەموو بەرهەمە کولتوورییە زارەکییەکانیان بە زمانی کوردییە
[3] فەرمان، لە زمانی ئێزیدییەکاندا دێتە واتای ئەنجامدانی کۆکوژی
[4] ” من دایکم. من دەزانم منداڵەکانم چییان دەوێت. بەڵام ئێستا منداڵەکانم هێرش دەکەنە سەرم”
[5] ” ئێمە زانستەکەمان لە دڵماندا هەڵدەگرین”
[6] پەندی ئێزیدییەکان
[7] ئامەد گوێکچەن، ئێزیدییەکان: کتێبی ڕەش، بەختی ڕەش، پەخش و بڵاوکراوەکانی زانکۆی بلگی، ٢٠١٤
[8] عەبدوڵڵا ئۆجالان، مانیفستۆی شارستانی دیموکراتی، شارستانی سەرمایەداری، سەردەمی خودا بێدەمامکەکان و پادشا ڕووتەکان ٢٠٠٩
[9] ئەو قوماشەی لە شوێنی پیرۆزەکانیانە بە پەری ناودەبەن. ڕێوڕەسمی کردنەوەی گرێی پەریەکان و مراز خواستن بە گرێدانی هەندێک لە پەرییەکان…
[10] سیتی بە عەرەبی، کوردی و هەندی بەو ژنانە دەگووترێت کە ڕۆڵی پێشەنگیان هەیە. سیتیا ئەزێ لە نێو ئێزدییەکاندا بە خوداوەندی نان دەناسرێت
[11] هەندێ سەرچاوە هەن کە دەستەواژەی “ئەوانەی لەسەر ڕێگای حەقیقەتن ” لەسەر تابلێتێکی سۆمەرییەکان کە مێژووەکەی بۆ ٧٦٢٢ ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە، بۆ ئێزیدییەکان بەکارهاتووە
[12] گونول تەکین، ” ژووری پشتەوە مێژوو” لە تۆڕی یوتیوب ٢١ کانوونی دووەمی ٢٠١٢ https://www.youtube.com/watch?v=QiiD9eCRfLM
[13] ئاکادیمیای ژنۆلۆژی، دەروازەیەک بۆ ژنۆلۆژی، ٢٠١٧
[14] ” ئێزیدییەکان بەڕێی ژن ئاشنا بوون بە باوەڕییەکەیان”
[15] خانا هۆمەرخاڵی، شیکردنەوەی قەولی ئێزیدییەکان، ئەستەمبول، وەشانخانەی ئاڤێستا، ٢٠٠٩
تێبینی: ئەم وتارە بەشێکە لە کتێبی ” گەڕیدەی حەقیقەت” کە کۆکراوەی وتارەکانی ناگیهان ئاکارسەل ئەندامی ئەکادیمیای ژنۆلۆژییە. ناگیهان ئاکارسەل لە ٤ تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢ لە گەڕەکی بەختیاری شاری سلێمانی لە کاتێکدا کە سەرقاڵی دامەزراندنی کتێبخانەی ژنی کورد بوو لەگەڵ ژنانی هەرچوار بەشی کوردستان، لە لایەن دەزگای هەواڵگری میت بە هاوکاری بەکرێگیراوانی ناوخۆیی تیرۆر کرا. ئەم وتارە ” ئەوانەی واتا بە واتا دەپارێزن: ئێزیدیەکان” پێشتر لە گۆڤاری ژنۆلۆژی، ژمارە ٥، ٢٠١٦ ل ١١١- ١٢٣ بڵاوکرایەوە.
بەرێوەبەریی ماڵپەری ژنۆلۆژی

