دیمۆگرافیا: زانستێک لە تەڵەی نەژادپەرستی و ڕەگەزگەرایی (سێکسیزم)دا

گفتوگۆ لە نێوان نەجیبە قەرەداغی-ئەندامی ئەکادیمیای ژنۆلۆژی و د.مەدیحە سۆفی- ژینگەناس

نه‌جیبه‌ قەرەداغی: دیمۆگرافیا لە نێو کۆمەڵگەدا کەمترین قسەی لەسەر دەکرێ؛ لە کاتێکدا زۆرترین کاریگەری لەسەر کۆمەڵگەدا هه‌یه‌، بەتایبەتی لەسەر ژن و جەستەی ژن هەیە.  ئەم بابەتە قسەی زۆر هەڵدەگرێ بەتایبەتی لەو کایەیه‌ی کە چۆن ژن بڕیار لەسەر جەستەی خۆی دەدات، وە چۆن ئەو بڕیارەی لێ زەوت کراوە.

ئێمە وەکو کۆمەڵگەیەك کە بەردەوام ڕوبەڕووی قڕکردن بووینەتەوە، پرسیار ده‌که‌ین ئایا ئێمە پێویستیمان بە زیادبوونێکی جەستەیی هەیە تا بە فراوانکردنی ئاستی وشیاری و فەلسەفەی ژیانی ئازاد؟ هەڵبەت کەم نین ئەو تیۆرانەی لەلایەن سیاسەتەوە، لەلایەن دەوڵەتەوە، لەلایەن شارەزا و پسپۆرەکانەوە باسی لەسەر دیمۆگرافی کردووە، یەکێك لەوانە تیۆری ماڵتۆزە، کە زۆرترین کاریگەری هەبووە لەسەر داڕشتنی سیاسەتی دەوڵەتەکان و بەتایبەتی جەستەی ژن،  لەم گفتوگۆیەدا قسە لەسەر ئەو بابەتە دەکەین، بەڵام ئێمە لێرەدا تەنها باسی ناکەین بەڵکو ئاماژەش بەوە دەکەین کە چارەسەری لە چیدا دەبینینەوە. چۆن ژن دەبێتە خاوەنی بڕیار لەسەر جەستەی خۆی؟ چۆن پەرە بە فەلسەفەی ژیانێکی ئازاد بدەین لە نێو کۆمەڵگەدا؟ بەتایبەتی لە نێو ژن و پیاودا.

ئەم بابەتە بەڕاستی قسە زۆر هەڵدەگرێ، بەڵام هەوڵدەدەین بەچەند ئاماژەیەك دەروازە لەسەر ئەو زانستە بکەینەوە، کە یەکێکە لە لقەکانی زانستە کۆمەڵایەتیه‌کانە، ئەو بابەتە لەگەڵ د.مەدیحە سۆفی، ژینگەناس تاوتوێ دەکەین.

پ : من بە پرسیارێکی زۆر سادە دەستپێدەکەم ئەویش ئەوەیە، دانیشتوانناسی یا دیمۆگرافی چیە؟ چۆن پێناسەی بۆ کراوە و کۆمەڵگەی ئێمە چۆن لە دیمۆگرافیا تێدەگات؟

مەدیحە سۆفی: زۆر سوپاس بۆ ئەم بانگهێشتە و هیوادارین بتوانین هەندێ لایەنی گرنگی ئەم چەمکە زانستیە شیبکەینەوە.

زانستی دیمۆگرافی بریتیە لە پرۆسەی سەرژمێریکردنی دانیشتوان، ئیتر دانیشتوانی هەر شوێنێك بێت، بەڵام ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ ڕابوردوویەکی دوور، دەگەینە ئەو دەرئەنجامەی، کە کردەی سەرژمێری لەو سەردەمە دوورەدا زیاتر بۆ سەرژمێریکردنی سوپا و هێزی دەوڵەت بووە، بۆ دەرخستنی توانا، هەیبەت و دەسەڵات بووە، واتە سەرژمێرییەك بووە کە تەنها بۆ ئەوانەی ڕۆڵ لە دەرخستنی ئاستی هێز و دەسەڵات دەبیننەوە، یا وەکو سه‌لماندنی ناسنامەیەكی سیاسی و سوپایی لە دەوڵەتدا.

ئەم زانستە خۆی لە سێ بەشدا دەبینێتەوە، ڕێژەی لەدایکبوون، کۆچبەری، یا هەردووکی پێکەوە، گرنگی ئەم زانستە لەوەدایە کە پێشبینی زۆر لە دیاردە کۆمەڵایەتیەکان دەکات، پێشبینیەکی پێشوەخت لەو کێشانە دەکات کە ئەگەری سەرهەڵدانیان هەیە، یەکێك لەو تیۆرانەی سەرەتا باسی لە دیمۆگرافی کرد، تیۆری ماڵتۆزە لە کۆتایی سەدەی هەژدەهەمدا، ماڵتۆز قەشەیەکی پێشووی بەڕیتانی بوو، لە هەمان کاتدا ئیکۆنۆمیستێکی ئەو سەردەمە بوو، یەکەم کەس بوو کە چەمکی زۆربوونی دانیشتوانی هێنایە کایەوە، بەتایبەت لەو دەمەدا و له‌ ئه‌وروپادا، برسێتی و کەمی خۆراك ببووە کێشە و خەڵکێکی زۆر لەژێر باری هەژاریدا دەیناڵاند، ماڵتۆز ترسی لە ناهاوسەنگی نێوان بڕی خۆراك و زۆربوونی دانیشتواندا هەبوو بۆ داهاتوو،  بەڕای ماڵتۆز؛ بڕی ئەو خۆراکەی، کە دەتوانرێ بەرهەم بهێنرێ، ناتوانێ لە داهاتوودا پێداویستی هەموو دانیشتوانی جیهان دابین بکات، بۆیە بە ڕای ماڵتۆز؛ دەبوو سنوورێك بۆ ئەو زۆربوونە دابنرێ، یەکێك لەو چارەسەرانەی کە ماڵتۆز پێشنیاری کردبوو دیاریکردنی تەمەنی هاوسەرگیری بوو، جگە لەوەی ماڵتۆز، وەکو پاڵنەر و چارەسەرێك بۆ کەمکردنەوەی ژمارەی دانیشتوان،  تەشەنەکردنی پەتای کوشندە و هه‌ڵگیرسانی شەڕی بەڕەوا دەزانی.

ئەگەر بەوردی لێکۆڵینەوە لە بیردۆزی ماڵتۆز بکەین، ئەوەمان بۆ دەردەکەوێ کە ژمارەی دانیشتوانی جیهان لە سەدەی هەژدەهەمدا تەنها یەك ملیار کەس بووە، لە میانەی دوو سەد ساڵدا زیاتر لە شەش ملیار کەس زیادی کردووە، پێشکەوتن و پەرەسەندن، بەتایبەتی بەبوونی وزەی تەقلیدی، توانیویەتی تا ڕادەیەك ڕێژەیەکی زۆری خەڵك له‌ برسێتی ڕزگار بکات، لە ئیستاشدا بەردەوام ڕێژەی هەژاری لە کەمبوونەوەدایە، ؛ لەساڵی ١٩٩٠ ڕێژەی هەژاری لە جیهاندا ١٥،٤٪ ی دانیشتوانی جیهان بوو، لە ساڵی ٢٠٠٠ دا ئەو ڕێژەیە بووە ١٣،٥٪ و لە ساڵی ٢٠١٥ دا بووە ٩،١٪، واتە بەردەوام لە کەمبوونەوەدایە، ئەم زانیاریانە بەڵگەی ئەوەن کە ده‌شێ بیردۆزی ماڵتۆز ئاوەژوو بکرێته‌وە.

پ: زۆر باشە بەڕێز مەدیحە، دیارە لە هەندێ تیۆری تازەدا، کاتێ باس لە دیمۆگرافی دەکرێ، جگە لە کۆچبەری، مردن و زایین، هاوسەرگیریش دەخرێتە ناو پۆلینی ئەو بابەتەی دەکەوێتە ژێر چەتری گفتوگۆکردن یا لکۆڵینەوە لە مەسەلەی دیمۆگرافیدا، بەڵام ئێمە، ئاینەکان، بەشێك لە فەیلەسوفەکان یا زاناکان بۆ نمونە ماڵتۆز کاریگەری گەورەیان هەبووە لەسەر داڕشتنی سیاسەتی دیمۆگرافی لە کۆمەڵگەدا، بەتایبەتی لە مەسەلەی کەمکردنەوە و زیادکردنی دانیشتواندا، هەروەکو ئێوەش ئاماژەتان پێدا، کە لە مێژوودا سەرژمێری زیاتر بۆ دوو هۆکار دەگەڕێتەوە، ئەویش بۆ دەرخستنی توانا و هێزی سوپا و تاڵانکردن لەلایەکەوە و بۆ وەرگرتنی باج لە لایەکیترەوە، بەڵام کەمتر قسە لەسەر ئەوە کراوە، کە لە داڕشتنی سیاسەتی دیمۆگرافیدا باس لە هاوسەرگیری و خێزان بکرێت، لەکاتێکدا زۆرترین کاریگەری لەسەر ئەو بوارەیە.

مەدیحە سۆفی: بەڵێ، ئێمە ئەگەر بێینە سەر ئەو لایەنەی کە ژمارەی دانیشتوان لەو شوێنانەی ئاستی وشیاریەکەی کەمترە، زیاتر دەبێ و بەرەو زیاتر دەچێ، لەچاو وڵاتە پیشەسازییەکاندا دەبینین ئەم دیاردەی زۆربوونە پاشخانی خۆی هەیە، واتە کاتێ لە وڵاتێکدا کچان دەرفەتی خوێندن یا تەواوکردنی خوێندندیان نەبێ و لە تەمەنێکی کەمدا دەکەونە ژێر باری هاوسەرگیری و ئەرکی قورسی ماڵداریەوە، بێگومان ئەم زۆربوونە کاریگەری نەرێنی لەسەر خودی کچ و خێزان و کۆمەڵگە دەبێ.

بۆ نمونە کیشوەری ئەفریقا، بە پێی پێشبینیەکان لە داهاتوودا ژمارەیان دەبێ بە دوو ئەوەندە، واتە زیاتر لە دوو ملیار کەس، ئەگەرچی کیشوەری ئەفریقا یەکێکە لەو کیشوەرانەی چ لە وزە، کان و کانزا و زۆر کەرەستەی خاوی دیکەدا زۆر دەوڵەمەندە، بەڵام سەرمایەدارەکانی جیهان بەتایبەتی ئەوروپا و ئەمریکا و چین ڕوو لە تاڵانکردنی ئەو داهاتانەن، بۆ ئەوان لە هیچ کاتێکدا نەخوێندەواری و کەم وشیاری بۆ ئەوان کێشە نیە، کچان نەخوێندەوار بن و لە تەمەنێکی کەمدا بکەونە ژێر باری هاوسەرگیریه‌وه‌، واتە لەو وڵاتانەدا؛ جگە لەوەی سامانەکەیان تاڵان دەکرێ، دانیشتوانەکەشی له‌ ناهۆشیاری و دواکه‌وتندا به‌رده‌وام ده‌بێ، بەتایبەتی ژنان دەکەونە ژێر زەبری تاڵانکردنی جەستەیی و ژێر باری مناڵی زۆر و ناهۆشیاریه‌وه‌.

یەکێك لەو فاکتانەی دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی دانیشتوان خوێندنە پاشان کارکردن، چونکە ئێمە دەزانین، ئەوەی بچێتە بەر خوێندن و پاشان کارکردن، هیچ نەبێ دەگاتە تەمەنی سەرووی بیست ساڵ، لەو کاتەدا هزریشی فراوانتر دەبێته‌وه‌، بیرکردنەوە و بەرچاوڕوونیەکەشی ئەوەندە ڕوون دەبێتەوە، کە هەموو بژارێک دەکات و لەوانەیە کە هاوسەرگیری کرد ببێتە خاوەنی دوو مناڵ.

نمونەیەکی زۆر زیندوو هەیە لە هیندستاندا، کە دوا توێژینەوەی، یانەی ڕۆما بڵاویکردەوە، ئەویش ئەوە بوو لە هیندستاندا کارگەیەکی به‌رهه‌نهێنانی کاغەز دروستکرا، کەرەستەخاوەکەی سروشتی بوو و بریتی بوو لە پاشماوەی دار و ڕەگی درەخت و هاوشێوەکانی، ئەو کرێکارانەی لەو کارگەیەدا دامەزرێنران، کچانی گەنج بوون، توێژینەوەکە باسی ئەوە دەکات ئەو کچانە یەکجار دڵخۆش بوون بەو کارە، زۆر بە خۆشیەوە کاریان کردووە، دوای تێپەڕبوونی دەساڵ بەراوردێك کرا لە نێوان  باری کۆمەڵایەتی ئەو کچانەی لەو کارگەیەدا کاریان دەکرد و لەچاو ئەوانەی هاوتەمەنی ئەوان بوون بەڵام کاریان نەکردبوو، دەرکەوت کچە کرێکارەکان ئەوانەی هاوسەرگیریان کردبوو خاوەنی دوو مناڵ بوون، ئەوانەی کاریان نەدەکرد و لە تەمەنێکی کەمدا هاوسەرگیریان کردبوو، خاوەنی زیاتر لە حەوت مناڵ بوون، واتە وشیاری، خوێندن، کارکردن و گەشەکردنی هزری ژنان بۆ هەڵبژاردنی هاوسه‌ر، ڕۆڵ و کاریگەری هەیە لەسەر تەمەنی هاوسەرگیری و زۆربوونی مناڵدا، چونکە بۆ وڵاتە سەرمایەدارەکان و کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی وزە، وەکو ئیکسون مابایل، تۆتال، شیڤرون و هەموو ئەو کۆمپانیایانەی بەدوای وزەدا دەگەڕێن، گرنگ نیە تا چ ڕادەیەك خەڵکی ئەو وڵاتانە لە دواکەوتووییدا ڕۆدەچن، نیجیریا گەورەترین وڵاتی ئەفریقیایە لە بوونی وزەدا، بەڵام ٧٠٪ ی دانیشتوانی لە ژێر هێڵی هەژاریدا دەناڵێنن، بۆیە دەڵێین ئەو زەینییەتەی دەڵێ قازانجێکی زۆر لە ماوەیەکی کەمدا، هیچ بەها و گرنگیەك بۆ دادپەروەی و پێشکەوتنی ئەو کۆمەڵگەیانە دانانێت، ڕێژەیەکی زۆری گەشەسەندنی کۆمەڵگە، دەکەوێتە سەر ڕادەی پێشکەوتنی هزر و تێڕوانینی ژن بۆ بنیاتنانی دواڕۆژی خۆی و پاشان دواڕۆژی ئەو کۆمەڵگەیەی تیایدا دەژی.

نەجیبە قەرەداغی: بەڵێ، ئەگەر ئاماژە بە خاڵێك بدەین، بەتایبەتی تۆ نمونەت لەسەر ئەفریقیا هێنانەوە، لە ڕاستیدا ئەو لێکۆڵینەوانەی تا ئێستا لە ئەفریقا کراون، بەتایبەتی ڕێکخراوە فیمینیستەکان یا ئەوانەی لە بواری کۆمەڵناسیدا توێژینەوە لەسەر کۆمەڵگە خۆجێیەکانی ئەوی دەکەن، کاتێ کە هێزەکانی کۆڵۆنیالیستی ئینگلیز یان فەرەنسییەکان ئەو شوێنانەیان داگرکردووە، ژنان لەوێ جۆرێ دەرمانیان دروست کردووە کە زایینی خۆیان پێ کۆنتڕۆڵ کردووە، ئەو ژنانە لە سەدەکانی ناوەڕاست و لە ژێر ناوی جادوگەریدا قڕکران، بەڵام لە ئەنجامی ئەو لێکۆڵینەوانەدا دەرکەوتووە؛ کە سوپای کۆڵۆنیالیست لەو دەڤەرەدا تەواوی ئەو گیا و دارو سەوزاییەیان سوتاندووە کە ژنەکان کەڵکیان لێوەرگرتووە بۆ دروستکردنی دەرمانێك کە ژنان کۆنتڕۆڵی زایین دەکەن، دەرکەوتووە کەمترین لێکۆڵینەوە لە دیمۆگرافیدا کراوە؛ کە چۆن ڕەنگدانەوەی لەسەر ژیانی ژن هەیە و چەند کاریگەری لەسەر جەستەی ژندا هەیە، وە کێ بڕیار لەسەر زۆربوونی دانیشتوان دەدات؟ کەی پێویست بە زۆربوونی دانیشتوان و کەی پێویست بە کەمبوونی دانیشتوان هەیە؟ ئایا پێوەرەکەی چیە؟ دەمەوێ بەراوردێك لە نیوان زیندەوەرەکاندا بەتایبەتی لە نێوان مرۆڤ و ئاژەڵدا بکرێ، مرۆڤ بە هەبوونێکی عاقڵ کە خاوەنی ژیریە، دادەنرێت، لەگەڵ ئەوەشدا لە هەندێ جۆری ئاژەڵدا جۆرە کۆنتڕۆڵێك لە زاییندا هەیە، هەموو لێکۆڵینەوەکان دەڵێن دوو جۆر ئاژەڵەکان کەمترین کۆنتڕۆڵیان بەسەر زایینی خۆیاندا هەیە، ئەویش مشك و کەروێشکە لەبەر ئەوەی زیاترین ڕاو دەکرێن، بۆ ئەوەی لەناونەچن زایینی خۆیان کۆنتڕۆڵ ناکەن، ئەمە ڕێسایەکی گەردوونییە بەڵام لە بەرئەوەی بوونێک بیرکەرەوەیە زیاتر دەبێ درک بەو قەیرانە بکات لە زۆربوونی جەستەییەوە سەرچاوە دەگرێت. ئه‌ی بۆ ئه‌م ته‌قینه‌وه‌ی دانیشتوانه‌ی ئێستا که‌ سنووری نیه‌، ئه‌م تاودانه‌ی غەریزە لە ئاستێکدایە که‌ له‌ ئێستادا بووه‌ته‌ کێشه‌ و کۆنتڕۆڵ ناکرێت، چ پاڵنه‌ر و هۆکارێکی هه‌یه‌؟ کێ بڕیار ده‌دات که‌ دانیشتوان که‌م بکرێت و زیادبکرێت؟

مه‌دیحه‌ سۆفی: به‌ڵێ، بۆ بابه‌تی ته‌قینه‌وه‌ی دانیشتوان، من بۆ ئه‌وه‌ی بیرم نه‌چێت، ده‌رئه‌نجامی ته‌قینه‌وه‌ی دانیشتوان له‌ توێی توێژینه‌وه‌یه‌ك، که‌ له‌ ماوه‌ی دوو مانگی پێشوودا له‌ زانکۆی واشنتندا کرا، ده‌خه‌مه‌ ڕوو و من وه‌کو بابه‌تێکیش بڵاومکرده‌وه‌، ئه‌و توێژینه‌وه‌یه‌ ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌کات که‌ ژماره‌ی دانیشتوانی جیهان تا ساڵی 2064 له‌ به‌رزبوونه‌وه‌دا ده‌بێت تا ده‌گاته‌ 9،7 ملیار، پاشان هێدی هێدی که‌م ده‌بێته‌وه‌ و له‌ کۆتایی سه‌ده‌ی بیسته‌مدا ده‌گاته‌ 8،8 ملیار که‌س، به‌ پێچه‌وانه‌ی توێژینه‌وه‌کانی ڕێکخراوی نێوده‌وڵه‌تی که‌ ئاماژه‌ به‌ زیادبوونی به‌رده‌وامی ژماره‌ی دانیشتوان ده‌کات تا ده‌گاته‌ نزیکه‌ی 11 ملیار که‌س، ئه‌م به‌راورده‌ ده‌رئه‌نجامه‌کانی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان ده‌خاته‌ ژێر پرسیاره‌وه‌، ئایا بنه‌مای ئه‌و توێژینه‌وانه‌ له‌سه‌ر چی کراون، چونکه‌ نزیکه‌ی دوو ملیار که‌س جیاوازی نێوان ئه‌و دوو توێژینه‌وانه‌یه‌، هه‌رچه‌نده‌ من زیاتر بڕوام به‌ ده‌رئه‌نجامه‌کانی توێژینه‌وه‌که‌ی واشنتنه‌ که‌ بنه‌ما سه‌ره‌کیه‌کانی وه‌رگرتووه‌ بۆ تاوتوێکردنی ئه‌م بابه‌ته‌.

بۆ بابه‌تی کێ کۆنتڕۆڵی ده‌کات، ده‌توانین بڵێین له‌و وڵاتانەی کە وەک دواکەوتوو پۆلێنیان دەکەن، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی وشیاری و پلان و به‌رنامه‌ نیه‌، کۆنتڕۆڵی زایینیش نیه‌، وڵاته‌ هه‌ژاره‌کان که‌ خاوه‌نی سامانێکی زۆری سروشتین، داگیر ده‌کرێن و تاڵان ده‌کرێن، وڵاته‌که‌ خۆیشی ئاڵاوه‌ته‌ زۆربوونی دانیشتوان و ئه‌م زۆربوونه‌ بێگومان له‌ وڵاتێک کە دانیشتووانەی ئاستی نه‌خوێنده‌وار و هه‌ژاری بەرزە، ئه‌وه‌نده‌یتر به‌ره‌و ناوشیاری و بێ ئاگایی ده‌بات، که‌ تاڵانکردنی سامانه‌که‌ی نابێته‌ کێشه‌ و کرۆکی بابه‌تێکی هه‌ستیار، چین له‌ ئه‌فریقا هاوڵاتی خۆی بردووه‌ بۆ قۆرخکردنی داهاته‌که‌ی، چ باکی هه‌یه‌ به وێرانبوونی‌ باری کۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌و وڵاتانه‌، واتا سه‌رمایه‌داری بۆ به‌دیهێنانی خۆشگوزه‌رانی خۆی و گیرکردنی چنگی خۆی له‌ تاڵانکردنی که‌ره‌سته‌ی خاوی ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌، ده‌ستێکی باڵای هه‌یه‌ له‌ ناهه‌مواری گوزه‌رانی ئه‌و وڵاتانە و هێشتنه‌وه‌یان له‌و زەلکاوی زۆربوون و ناوشیاریه‌دا. له‌ ئێستادا ئه‌مریکا، فه‌ره‌نسا و چین و چه‌نده‌ها وڵاتی سه‌رمایه‌داری له‌ کێبڕکێی ده‌ستکه‌وتن له‌ژێر سێبه‌ری ناوشیاری ئه‌و وڵاتانه‌دا.

له‌ ئه‌مڕۆدا، مرۆڤ حه‌ره‌می ژینگه‌ی ئاژه‌ڵیشی شکاندووه‌ و ده‌ستی بۆ ئیکۆسیستیمی ئه‌وانیش بردووه‌، توێژینه‌وه‌کان کۆکن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی له‌ ئیستادا 0،3 % ی شوێن ماوه‌ بۆ ئاژه‌ڵه‌ کێویه‌کان، ئێمه‌ ده‌زانین که‌ ئاژه‌ڵه‌ کێویه‌کان دوور له‌ نیشته‌جێی مرۆڤ دەژین، به‌ڵام له‌ ئێستادا ئاژه‌ڵه‌ کێویه‌کان له‌ ته‌ویله‌دا بۆ فرۆشتن و خواردن به‌ندن و  به‌خێوده‌کرێن، ده‌ستدرێژیکردنه سه‌ر مافی ئاژه‌ڵ و ڕووه‌ك و ئیکۆسیستیمه‌که‌یان، ئه‌وه‌نده‌ سنووری به‌زاندووه‌ که‌ ئیکۆلۆجیسته‌کان هه‌رده‌م له‌ شه‌ڕ و داکۆکین بۆ ڕاگرتنی، به‌ڵام لۆبی سیاسی و سه‌رمایه‌داری به‌رده‌وامن له‌و تاوان و دژایه‌تیه‌ی به‌رامبه‌ر ژینگه‌ و ئیکۆسیستیمی زینده‌وه‌ر ده‌یکه‌ن.

زۆربوونی دانیشتوان کێشه‌یه‌که‌، له‌گه‌ڵ ئاستی بژێوی تاك پارادۆکس‌ ده‌که‌وێته‌وه‌، واته‌ ئه‌گه‌ر باس له‌ (البصمة البیئیة) بکه‌ین، واته‌ جێ پێی ژینگەیی واتە به‌رکه‌وته‌ی هه‌ر تاکێك لە جیهاندا له‌ به‌رخۆری و به‌شە سامانی سروشتی سەر گۆی زەوی بو دابینکردنی پێداویستیه‌کانی، بە پێی ئەم پێوەرە ئەگەر هەر تاکێك وەکو هاوڵاتیەکی ئەمریکی بەرخۆر بێت، پێویستیمان بە پێنج گۆی زەوی هەیە بۆ دابینکردنی پێداویستیەکانی، ئەگەر وەکو کەسێکی ئەڵمانی بەرخۆر بێت، پێویستیمان بە سێ گۆی زەوی هەیە، بەڵام ئەگەر وەکو هاوڵاتیەکی هیندی بژین، پێویستیمان بە ٠،٧ ی گۆی زەوی هەیە، واتە کێشەی زۆربوونی دانیشتوان بۆ بەرخۆری و خەرجکردنی داهاتی سروشتی و وزە و بەرهەمهێنان، دەوەستێتە سەر ئاستی ژیاری کەسەکە لەو شوێنەدا، چەند ئاستی ژیاری تێدا بەرز بێت، بەرکەوتەی بەرهەمهێنانی تێدا بەرزتر دەبێت.

شارەزایانی بواری ئیکۆلۆژی شەڕی بەردەوام لەسەر دادپەروەری و ڕێگرتن لە قۆرخکردنی سامانی سروشتی دەکەن، بەڵام لۆبی سیاسی و ئابووری گەورەترین ڕیگری پاراستنی ژینگەیه‌، چونکە ئابووری لۆبی سیاسی دەبا بەڕیوە و فەرمانی پێدەکات، بۆیە دەستیان گەیشتووە بە هەموو شوێنێك و تا توانیویانە ئیکوسیستیمی زیندەوریان شیواندووە.

لە کۆی هەموو کێشەکانی زۆربوونی دانیشتواندا، کێ دەکەوێتە ژێر باری قورسی ژیان و وەکو سامانی سروشتی تاڵان دەکرێ و ئیکوسیستیمەکەی تێكدەدرێ و دەشێوێنرێ، بێگومان ژنانن. بۆیە هاوسەنگکردنی ژینگە، گەڕانەوەی هاوسەنگی سروشتی بۆ ئیکۆسیستیم، دەست نەبردن بۆ حەرەمی زیندەوەر بە گشتی، پێویستی بە شۆڕشە، پێویستی بە شۆڕشە بە ڕاشکاوی، پێویستی بە شۆڕشێکی بنەڕەتی فەلسەفی تازەیە کە ژیانی زیندەوەر بەگشتی بپارێزێ و لە چوارچێوەی هاوسەنگە سروشتیەکەی خۆیدا ڕایبگرێ.

نەجیبە قەرەداغی: هەڵبەتە ئێوە باسی لێکۆڵینەوەکانتان کرد، بەڵام ئیکۆلۆجیست و فێمینستێکی وەکو ڤاندانا شیڤا کاتێ کە باس لە داهاتەکانی سەر گۆی زەوی دەکات، دەڵێ ” کێشەکە لە زۆربوونی دانیشتوان نیە، ئەگەر دانیشتوان بەشێوەیەکی ئاسایی پەرە بسێنێ نەك لەسەر بنەمای ئەو تاودانەی پەیوەندی زایەندی یا پەیوەندی جنسی کە لە دونیادا هەیە بەرامبەر بە ژن، بەڵام ئەگەر گەشەیەکی ئاسایی بێت بۆ زەوی کێشە نیە کە هەشت ملیار کەس هەبێت، کێشەکە لە دابەشنەکردنی سەرچاوەکانی داهاتی گۆی زەویە بە نایەکسانی، لە هەمان کاتدا دەرفەت نەدانە بە  زەوی کە بتوانێ خۆی نوێ بکاتەوە….  ئەگەر قسەیەکت هەیە لەسەر ئەوە؟

مەدیحە سۆفی: بابەتێکی گرنگت وروژاند، ئێمە کە دەڵێین ئەگەر کەسێك وەکو کەسێکی ئەمریکی بژێت، پێویستمان بە پێنج گۆی زەوی هەیە، مەبەست لەوە ئەوەیە؛ کە بەکاربردنی سامانی سروشتی لە جیهاندا بەشێوەیەکە، کە زۆر خێراتر لە توانای نوێبوونەوەی ئه‌و سامانه‌ بەکاردەبرێت، بەجۆرێك دەرفەت بە نوێبوونەوەی نادات، واتە کورتهێنانی (ناقص) سەرچاوەکانی گۆی زەوی، بۆ نمونە ئاو، کاتێ ئاوی ژێر زەوی هەر هەڵدەهێنجێنرێ بێ ئەوەی جێگاکەی بە ئاوی باران پڕ ببێتەوە، ئەمەش مەودای ئەوێ، چونکە کاتێ لە مەودایەکی کەمدا ئاوێکی زۆر دەردەهێنرێ بێ ئەوەی پڕ بێتەوە، بێگومان ئەمە دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی ئاوی ژێرزەوی، پاشان ئێمە وەکو سەرچاوەی سامانی سروشتی چەند جۆرێکمان هەیە، جۆرێکی هەمیشەییە، واتە بنبڕ نابێت، وەکو خۆر و هەوا، جۆرێکیتر بنبڕ دەبێت و تەواو دەبێت، یا لە سیاقی ژیانی مرۆڤدا دووبارە دروست نابنەوە وەکو نەوت و غاز یا وزەی تەقلیدی بە گشتی، جۆرێکیتریش ئەوەیە کە دوبارە لە ڕێی زایین و چاندنەوە دروست دەبێتەوە، وەکو مرۆڤ، ئاژەڵ، گیانداری ئاوی و درەخت، بەڵام ئێمە ئێستا لەسەر گۆی زەوی بەشێوەیەك دەژین کە بەکاربردنی ئەو سامانانە خێراتر لە مەودای دروست بوون و نوێبوونەوەدا بەرکاردەهێنین، هۆشداریەکە لێرەدایە، کە ئیکۆلۆژیستەکان مشتومڕی لەسەر دەکەن، بەڵام بڕیارەکان لە دەستی لۆبی سیاسیدایە، ئەگەر وڵاتەکەی خۆشمان وەربگرین هەمان شتە، ئەو تاڵانیەی لەوێدا دەکرێ، دەرئەنجامەکەی هەر کورتهێنانی ئەو سامانەیە کە گۆی زەوی لە مەودای سروشتی خۆیدا ناتوانی دروستی بکاتەوە.

نەجیبە قەرەداغی: هەڵبەتە لە سەدەکانی ناوەڕاستدا، پێم وابێت لە ساڵی ١٤٣٧ دا ئەگەر لە مێژووەکە هەڵە نەبم، مارتین لوتەر  دەڵێت” ئەگەر ژنان بەهۆی منداڵبوونەوە دادەهێزرێن یا دەمرن، هیچ زیانێکی نیە، لێگەڕێن تا مردن با منداڵیان ببێت، هۆکاری بوونی ژن منداڵبوونە” ئەمە جۆرێك لە عەقڵیەتی دینی کە لەناو هەموو جۆرە دینەکاندا هەیە، لە هەمان کاتدا ئەم عەقڵیەتە لە خانەدان و خێڵ و عەشیرەتدا دەبینین، کە بۆ زۆربوون و تەنانەت بۆ درێژەدان بە ڕەچەڵەك بەکاریدەهێنێ، سیاسەتێکی دەوڵەت هەیە کە بەرامبەر بە کۆمەڵگە بەکاریدەهێنێت و ژن وەکو ماشینێکی خستنەوەی منداڵ و سەربازی جەنگە تاڵانکاریەکان وێنا دەکات، لە هەمان کاتدا حەقیقەتێك هەیە ئەویش ئەوەیە کە ئەو دەوڵەتانەی ژمارەیەکی زۆری دانیشتوانیان هەیە و ئابووریەکەیان ئابووریەکی باشە، لەسەر بنەمای ئەوەیە کە ژمارەیەکی یەکجار زۆر کرێکار بە حەق دەستێکی کەم کار دەکەن، یا ئەو وڵاتانەی وڵاتی پیشەسازی و سەرمایەدارین کرێکار یا کرێکاری کۆچبەر بە حەق دەستێکی کەم کار دەکەن، بۆ نمونە یەکێك لەو وڵاتانە ئەڵمانیایە، یەکیکیتر وڵاتی چینە، کە ژمارەی دانیشتوانیان زۆرە بەڵام کرێکارێکی زۆر بە حەق دەستێکی کەم کار دەکەن، ئەمە لەسەر حسابی کێیە ئەم تەقاندنەوەیەی دانیشتوان، ئایا سیاسەتێکی چۆن پەیڕەو بکرێ بۆ کۆنتڕۆڵ کردنی، ئایا کۆنتڕۆڵکردنی دانیشتوان دەبێ پەیوەست بێت بە چیەوە؟ بۆ نمونە لە کۆمەڵگەی ئێمەدا نمونەیەك هەبوو لەسەر زۆربوونی ژمارەی دانیشتوان، بەرامبەر بەو عەرەبانەی کۆچبەری باشور دەبوون، دەیانگوت با دایکەکان مناڵ زۆر بخەنەوە با بەرامبەر بە خەڵکی عەرەب کە نیشتەجێ دەبن، ژمارەیان زیاد ببێ، ئەمە چەندە سیاسەتێکی ڕاستە، کە کۆنتڕۆڵی دانیشتوان، یا عەقڵیەت بەرامبەر بە جەستەی ژن، پەیوەست بکرێ بە سیاسەتی دەوڵەت، سیاسەتی خستنەوە، درێژەدان بە ڕەچەڵەك، یا بۆ نمونە تەنانەت دروستکردنی کرێکارەکانی کەم حەق دەست و هەروەها سەربازی جەنگە تاڵانکاریەکان بێ.

مەدیحە سۆفی: ئێمە نمونەی زۆرمان لەو جۆرە هەیە، یەکێك لەوانە هیتلەر بوو، لە ئێستادا ئەو ژنانەی لە شەڕی جیهانی دووەمدا ژیاون و تەمەنیان لە نەوەدەکانە، باس لەوە دەکەن، کە هیتلەر پاداشت و مادالیای ڕێزلێنانی بەو ژنانە بەخشیوە کە زیاتر لە شەش حەوت مناڵیان هەبووە، خزمەتگوزاری پێبەخشێوەن و پاڵپشتی کردوون، وەکو بیرکردنەوەی نازی خۆی ویستوویەتی ڕەچەڵەکی خۆیان درێژە پێبدەن و زۆربن. نمونەی ئوردوگانیش هەیە، کە دەیگوت با ڕێژەی مناڵبوون زۆرتر بێت، ئەمەش هەر لەم سەدەی بیست و یەکەدا پاشخانێکی ڕەگەزپەرستی هەیە.

ڕێکخراوی نێودەوڵەتی چارەسەری گونجاوی بۆ زیادبوونی دانیشتوان خستووەتەڕوو، لەوانە دەبێ کچ بخرێتە بەرخوێندن و خوێندن تەواو بکات، ئەگەری کارکردنیشی زۆرتر ده‌بێ و تا ئەو کاتە هزری ئەوەندە هۆشیار دەبێ کە بەجۆرێکی دی دەڕوانێتە ژیان.

نەجیبە قەرەداغی: پەروەردە و بەرزکردنەوەی ئاستی وشیاری چ ڕۆڵێك دەبینێ؟ کاتێ ژن وشیار بێت لە خودناسیدا؟

مەدیحە سۆفی: لێرەدا خودوشیاریەکە کروکی بابەتەکەیە، کە ئەو کچە لە تەمەنێکی کەمدا بخرێتە ژێر باری هاوسەرگیری و خێزان و ماڵداریه‌وه‌، ئیتر ون دەبێت، نەك هەر خۆی ئەگەر مناڵەکەی کچیش بێت هەمان دواڕۆژی دەبێت، بۆیە خوێندن گرنگە، چونکە وا دەکات درەنگتر بچیتە نێو ئەو ژیانەوە، پاشان کارکردن زۆر گرنگە، کارکردن بوارێکە کە مرۆڤ زیندوو دەکاتەوە و سەرلەنوێ لەدایك دەبێتەوە، پشتیوانی زۆرت دەبێ لەلایەن هوشیاری خۆتەوە، پشت بەئابووری خودی خۆت دەبەستیت و وابەستەی کەس نابیت، دەبیتە خاوەن ڕای خۆت، ناترسیت، پاشان لە ناوەرۆکی هەموو مرۆڤێکدا میتۆزێك هەیە دەڵێ ” نا”، ئەو (نا) یە چەند نەخوێندەوار و سەرکوت و لاواز بووی، چەند ناهۆشیار بووی ئەو میتۆزی (نا) یە ئەوەندەیتر لاواز دەبێت و ناوێرێ بێتە گۆ و هاوارەکەی ناخی کپ دەبێتەوە، بەڵام چەند هوشیار و بەئاگا بووی، چەند بە سنووری مافی خۆت ئاشنا بووی و مەودای سەپاندنی بڕیارەکانی دەوروپشتت بەسەر خۆتدا نەدا، ئەو دەنگی (نا) یە بوێریەکەت زیاتر دەکات، دەوروپشتەکەت پشتگیریت دەکەن، دەتوانی کەسایەتی خۆت بسەلمێنی، ئەمانە ئەو خاڵانەن لەناو وشیاریدا کۆدەبنەوە و دەبنە پاڵپشتێك بۆ مرۆڤ.

گۆی زەوی دەتوانێ حەوت یا هەشت یا نۆ ملیار کەس لەخۆی بگرێ، بەڵام ئایا دابەشکردنی ئەو داهات و سەرچاوەی بژێویە لەسەر گۆی زەوی یەکسانە؟ یەکسان نیە، ئایا بەرکەوتەی هەر تاکێك لە جیهاندا یەکسانە؟ یەکسان نیە، بۆیە ئێمە تیۆری ماڵتۆز ئاوەژوو دەکەینەوە.

بە پێی توێژینەوەکان ژمارەی دانیشتوانی عیڕاق لە ٢٠٣٠ دا، دەگاتە پەنجا ملیۆن کەس، پەنجا ملیۆن لە ناو عیڕاقێکی وێران، کەم ئاو، خاوەن سیاسەتێکی ناجێگیر و ناسەقامگیر، کوا ئەوە نیشانەی هۆشیاری و پێشکەوتنە؟ بەڵکو نیشانەی ئەوەیە کە عیڕاق تا ٢٠٣٠ لە دۆخێکی سەخت و بێ بەرنامەییدا، تەنها سیما سیمای زۆربوونی دانیشتوانە.

فاکتەرێکی دی بۆ زۆربوونی دانیشتوان، سیستەمی فەرمانڕەواییە، نمونەی ئەمەش، لێکەوتەکانی دوای یەکگرتنەوەی ئەڵمانیای ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوایە، کاتێ لەگەڵ ئەو ژنانە گفتوگۆ دەکەین، کە لە ئەڵمانیای ڕۆژهەڵات ژیاون، دەڵێن ”ئێمە ڕاستە مناڵمان هەبووە، بەڵام لەو کاتەدا لە نێو سیستەمێکی فەرمانڕەوایی وا بووین کە ئەرکی سەرشانمانی سوك دەکرد، خزمەتگوزاری و دایەنگەمان هەبووە، ئێمەش کارمان کردووە” کارکردنەکەشیان لەو ڕوانگەیەوە نەبووە، کە مناڵەکە لە دایەنگەدا دابنێن و ئەوان بچنە سەر کار، بەڵکو دەستورەکەیان لەسەر ئەو بنەمایە نووسراوەتەوە، کە توانای ژن وەکو توانای مرۆڤ پێویستە و دەبێ بخرێتە کار، سیستەمە سۆسیالیستەکە وای کردووە کە توانای ژن و پیاو لەوێدا وەکو یەك پێویست بێ و بخرێتە کارەوە، واتە کاتێ سیستەمی فەرمانڕەوایی، بنەمای دابینکردنی پێداویستیەکانی دایك ئامادە دەکات، جیاوازە لە سیستەمێك کە ئەو توانا و بەرنامەیەی لە پەیڕەو و پرۆگرامدا نەبێت، واتە بەگوێرەی سیستەمی وڵاتەکە دەگۆڕێ.

ڕێژەی لەدایکبوون لە وڵاتە پیشەسازیەکاندا زۆر کەمە، بۆ نمونە لە ئەڵمانیا دەگاتە ١،٤ واتە، ئەگەر ئەو ڕێژەیە بەردەوام بێت، لە دواڕۆژدا ڕێژەی دەستی کار زۆر کەم دەبێتەوە، یەکێك لەو هۆکارانەی دەرگای بۆ هاتنە ژوورەوەی کۆچبەر کردەوە، پێشبینی کردنی کەمبوونەوەی ڕێژەی دەستی کار و زۆربوونی ڕێژەی خەڵکی سەرووی تەمەنی ٦٥ ساڵی بوو لە داهاتوودا، کە ناتوانن ئیتر بەشداری لە بەرهەمهێنان و باجدان بکەن، بۆ وەرگرتنی زیاتر لە ملیۆنێك کۆچبەر، بۆ هاوسەنگ کردن و پڕکردنەوەی ئەو کورتهێنانە بوو، کە لە دواڕۆژدا ڕوبەڕوویان دەبێتەوە. توێژینەوەکان ئەوە دەسەلمێنن کە پێشبینی کردنی بەهاری عەرەبی لەسەر بنەمای پێشبینی سیاسیەکان نەبوو، بەڵکو لەسەر بنەمای پێشبینی شارەزا و پسپۆرەکانی بواری زانستی دیمۆگرافی بوو، بۆ؟ لەبەر ئەوەی ئەو وڵاتە عەرەبیانە هەموو خاوەن ڕێژەیەکی زۆری گەنجی بێکار و دەست بەتاڵ بوون، کە هیچ بەرنامە و پلانێکیان بۆ ژیان نەبوو، ئەو گەنجانە مەبەستمان لە کوڕ و کچە، کە هیچ بەرچاوڕوونیەکیان بۆ ژیان نیە و لە تاوا پەنا دەبەنە بەر خۆکوشتن، نمونەی ئەو گەنجەی لە تونس خۆی سوتان یا ئەوەی لە دەرعا لەبەر ناهەمواری گوزەرانی ژیان، کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا، هەروەکو لای خۆمان. لە باشووریش هەمان دۆخی هەیە، کە گەنجێکی زۆر بێکار و هەژارن، سەرەرای تەواوکردنی خوێندن. ئەمە بەڵگەی دروستی توێژینەوەکانی بواری دیمۆگرافیە کە پێشبینی ئەو نائارامیەی دەکرد لەو دەڤەرەدا.

نەجیبە قەرەداغی: هەڵبەتە گفتوگۆیەکی زۆر گرنگە واتە قسەکردن لەسەر دیمۆگرافی یا دانیشتوانناسی، پێویستی بە لێکۆڵینەوەی جیدی هەیە، یەکێك لەو بابەتانەی یا ئەو بوارانەی کە ئێستا لە ژنۆلۆژیدا قسەی لەسەر دەکرێ، دیمۆگرافیە، قسەکردن لەسەر دیمۆگرافی بووەتە پێویستیەکی زۆر ژیانیی، بۆ گفتوگۆکردن و لێکۆڵینەوە لەسەری، لەو کتێبەی وا چاپ و بڵاوکرایەوە بەناوی (ژنۆلۆژی) یەکێك لە بوارەکانی بواری ژنۆلۆژیە، لێکۆڵینەوەیەکی گرنگ و ئەنجامی گفتوگۆی لێکۆڵینەوەیەکی گرنگی تێدا هاتووەتە، کە ماوەی سێ ساڵ زیاتری خایاندووە و ئاماژەی بە هەندێ خاڵی زۆر گرنگ کردووە، یەکێك لەوانەی زۆر پێم گرنگە ئاماژەی پێ بکەم، لەسەر کۆمەڵگە خۆجێیەکانی ئوسترالیایە، لەوێ جۆرێك لە شێوازی ژیانیان هەیە، جۆرێك لە فەلسەفەی ژیانیان هەیە، پێیان وایە ئەگەر ئەم دونیایە شایانی ئەوە نەبێ کە مناڵی تێدا گەورە بێت، جۆرێك دیالۆگیان هەیە پێش ئەوەی مناڵەکە بێتە ڕەحمی دایکیەوە، ئەمە لەگەڵ ئەوەشدا کە شتێکی مەجازیە، یا شتێکی ڕوحیە بەڵام پێوەرێکی گرنگە، پێوەرەکە ئەوەیە کە ئەگەر هەلومەرجی ژیان شایانی ئەوە نەبێ ئەو مناڵەی تێدا گەورە بێت، ئەوە ئەو مناڵە نایەتە دونیاوە، ئەو مناڵە ناکەوێتە ڕەحمی دایکیەوە، کەواتە پرەنسیپەکە چیە؟ بنەماکە ئەوە کە ئەو ژنانە دەڵێن ئەم جەستەیە هی منە، کەی چۆن دووگیان دەبم ئەوە من بڕیار دەدەم، نه‌ك که‌سی دیکه‌، ڕاسته‌ ئه‌گه‌ر مه‌به‌سته‌که‌ هاوژیانی بێت له‌ نێوان دوو که‌سدا، ئه‌وه‌ ده‌بێ له‌سه‌ر بنه‌مای دیالۆگ، له‌سه‌ر بنه‌مای هه‌ڵسه‌نگاندنی هه‌لومه‌رجی ئابووری هه‌لومه‌رجی کۆمه‌ڵایه‌تی، هه‌لومه‌رجی سیاسی، هه‌لومه‌رجی تەندروستی و ئیداری ئه‌و شوێنه‌ بێت، که‌ ئه‌و مناڵه‌ له‌ چ که‌شێك گه‌وره‌ ببێت، پێوه‌رێکی ئاینی هه‌یه‌ که‌ ده‌ڵێ خودا ده‌یدات، که‌ دای ڕزقیشی ده‌دات، به‌به‌رده‌وامی کۆمەڵگەکه‌ی ئێمه‌ له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه‌، جه‌سته‌ی ژنی وه‌کو ماکینه‌یه‌كی خستنه‌وه‌ی مناڵ به‌کارهێناوه‌، که‌واته‌ پێوه‌ره‌کان چی بن به‌ڕای ئێوه‌؟

مه‌دیحه‌ سۆفی: زۆر جوانت گوت نه‌جیبه‌ خان، ئێستا ئه‌و دوو جه‌مسه‌ره‌ی که‌ ده‌ڵێ، خودا ده‌یدات و ئه‌وه‌ی که‌ ده‌ڵێ ئایا ئاماده‌م مناڵێکی دیکه‌ بێنمه‌ دونیاوه‌، ئه‌وه‌ جیاوازیه‌که‌یان ته‌نها له‌ مه‌ودای هۆشیاریدایه‌‌، ئه‌گه‌ر که‌سه‌که‌ هۆشیار بێت و پێشبینی ئه‌وه‌ بکات که‌ ئایا ئامایی ئه‌وه‌ی تێدایه‌ مناڵێك بێنێته‌ دونیاوه‌ یا نا، ئایا ده‌توانێ به‌خێوی بکات، ئایا ده‌توانێ پێداویستیه‌کانی بۆ دابین بکات؟ ئه‌مه‌ له‌وپه‌ڕی ترۆپکی وشیاریه‌وه‌ دێت، واته‌ که‌سه‌که‌ هزری ئه‌وه‌نده‌ گه‌شه‌ی کردووه‌ که‌ بتوانێ بڕیار بدات، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ده‌ڵێ خوا ده‌یدات، هه‌ر خۆی نا، ده‌وروبه‌ره‌که‌شی هه‌ر ده‌ڵێ خوا ڕزقی ده‌دات، ئه‌و دوو بۆچوونه‌ هه‌رگیز یه‌ك ناگرنه‌وه‌، بۆیه‌ ئێمه‌ پێویستیمان به‌ گۆڕانێکی بنه‌ڕه‌تی هه‌یه‌ له‌ هزر و بیرکردنه‌وه‌ی ئه‌و که‌سانه‌دا، ئێستا بۆ نمونه‌ له‌ نیجیریا، هه‌ر ژنێك لانی کەم شەش منداڵی هه‌یه‌، ئه‌وه‌ له‌ کوێ؟ له‌ کۆمەڵگەیه‌ك که‌ هیچی نیه‌، دایکه‌که‌ خۆی برسیه‌، ئه‌مه‌ کاره‌ساته‌ نه‌ك هه‌ر بۆ ژن، بۆ هه‌موو کۆمەڵگە.

نه‌جیبه‌ قەرەداغی: به‌ڵێ، زۆر جاریش دایکه‌که‌ بڕیار نادات له‌ ڕاستیدا، نمونه‌یه‌کی ته‌نز ئامێز ده‌گێڕمه‌وه‌، که‌ گرنگه‌ له‌ کۆمەڵگەکه‌ی ئێمه‌دا ئه‌و بیرکردنه‌وانه‌ بخوێنرێته‌وه‌، له‌ ساڵی 2018 بوو ئه‌گه‌ر هه‌ڵه‌ نه‌بم، له‌ کوردستان بووم، له‌ دیالۆگی نێوان من و خێزانێکدا که‌ هاتبوون بۆ سه‌ردان، پیاوه‌که‌ له‌ جیاتی ژنه‌که‌ ده‌ڵێ ” بڕیارم داوه‌ سێ مناڵمان ببێ” منیش به‌ ته‌نزه‌وه‌ گوتم ” من نه‌مزانیوه‌ پیاویش منداڵی ده‌بێ” له‌ ڕاستیدا یه‌که‌م جار نه‌یزانی مه‌به‌ستم چیه‌ و هه‌ندێك ڕاما،  ئه‌وه‌یه‌ که‌ پیاو له‌ جیاتی ژنیش بڕیار ده‌دات، له‌ کاتێکدا نۆ مانگ دایك ئه‌و منداڵه‌ له‌ جه‌سته‌ی خۆیدا هه‌ڵده‌گرێت، جگه‌ له‌وه‌ی له‌ په‌روه‌رده‌کردن و گه‌وره‌کردندا، ئه‌رکی هه‌ره‌ زه‌حمه‌ت‌ ده‌که‌وێته‌ سه‌ر شانی دایکه‌که‌، له‌ ڕووی زهنیه‌تیشه‌وه‌ ڕیفۆڕمێکی بەو شێوەیە بە پێویست ‌نابینێت، ئه‌و پیاوه‌ ئەوە بە پێویست نابینێت یا ئاماده‌ نیه‌ ئه‌و لێپرسراوێتیه‌ به‌قه‌د دایکه‌که‌ هه‌ڵگڕێت، لە هەمان کاتدا ئەوەی بڕیار دەدات مناڵ بخاتەوە پیاوەکەیە، ئەم بۆچوون و بیرکردنەوەیە چ زیانێکی لە ژن داوە، لە دواییدا ناگاتە ئەوەی، ژنێك هەرچەندە بڕیارێکی ترسناکە، بۆ نمونە ئەوەی لێ بکەوێتەوە کە ئەو ژنەی لە بەغدا مناڵەکانی فڕێدایە ناو ئاوی دیجلەوە، لەبەر ئەوەی گەمارۆ دراوە بە کۆمەڵیك بارودۆخی ناهەموار کە ئیدی ژنەکە ناتوانێ شان بداتە بەری.

مەدیحە سۆفی: ئێمە دڵنیاین لەوەی، ئەگەر ژنەکە خۆیشی لەبەر کەم هوشیاری، بڕیاری لەسەر خستنەوەی مناڵی زۆر دابێت، هەر ژنەکەیە کە دەکەوێتە ژێر زەبری بەخێوکردن و ماندوبوونەوە، بۆ نمونە باسی وڵاتی خۆمان بکەین، ژنێك بە چوار پێنج مناڵەوە، نە ئاوی تەواوی هەیە، نە کارەبای بەردەوامی هەیە، نە ئابووریەکی سەقامگیری هەیە، چ زەحمەتیەك دەبینێ، بێگومان ئەمە دەگەڕێتەوە سەر ئاستی هوشیاری، چونکە ژن زیاتر دەکەوێتە ژێر زەبری ئەرکەکان، کاتی خۆی هیتلەر دەیوت ” نەوە بخەنەوە و با مناڵ زۆرتر بێت” هەر دایکێك مناڵی زۆر بوایە دەبووە خاوەن مەدالیای ڕێزلێنان، بەڵام جەستەی ژن هەڵدەپڕوکا و هەرەسی دەهێنا.

دەبێ ئەوەش بڵێین، کێشەی زۆربوونی دانیشتوان، یەکێکە لە کێشەکانی ژینگە، چونکە زۆربوونی دانیشتوان، ڕاستەوخۆ واتە بەکاربردنی وزەی زیاتر، بۆ ئاوەدان کردنەوە، بۆ خانوبەرە، بۆ پیشەسازی خۆراك، بۆ گەرمکردنەوە، بۆ زیاتر بەکارهێنانی ئاو، بۆ کەڵەکەبوونی خاشاك و فەراهەمکردنی هاتوچۆ، ئەمانە هەمووی فاکتەری دروستبوونی دووەم ئۆکسیدی کاربۆنن، کە کاریگەریان لەسەر گۆڕانی کەشوهەوا هەیە، بەڵام ئەم کێشانە دەتوانرێ لە وڵاتێکدا چارەسەر بکرێن، کە بنەماکانی سەقامگیربوونی تێدا چالاک بێت، بۆ نمونە سەقامگیرکردنی بنەما کۆمەڵاتیەکان، کە خێزان یەکەیەکی بچوکی ئەو بنەمایە کۆمەڵایەتیەیە، بە پەروەردەیەکی زانستی ئەو یەکەیە، دەتوانی کۆمەڵگەیەکی تەندروستی تێدا گەشە بکات، کاتێ باس لە عیڕاق دەکەین، باس لەوە دەکەین کە بە پێی داتاکان تا ساڵی ٢٠٣٠ ژمارەی دانیشتوان لە عیراق دەگاتە پەنجا ملیۆن کەس (ئەم داتایە باشوری کوردستانیشی تێدایە)، پەنجا ملیۆن کەس لە عیڕاقێکی پڕ لە کێشە و ناسەقامگیر و کەم ئاو، لێوانلێو لە ئاشوب و شەڕ و نائارامی، ئەمە دەرئەنجامی هیچ پێشکەوتن و هۆشیاریەك نیە، بەڵکو دەرئەنجامی شێواندن و بێ بەرنامەیی کۆمەڵگەیە، دەبینین لە ئەوروپادا ڕێژەی مناڵبوون کەمە، لەبەر ئەوەی لەو ناوەندەدا ژیان بەرنامەڕێژ کراوە، کاتیان کەمە، کار دەکەن، یا باشتر بڵێین ژیان و تەندروستی خۆیان لەلا گرنگە، بۆ بە جەستەیەکی نەخۆشەوە پیر ببن، یا ئامادەیی نیە تا بکەوێتە ژێر ئەو بارە قورسەوە.

دیمۆگرافی زانستێکە کە بەشێوەیەکی گشتی بنکۆڵی بارودۆخی کۆمەڵایەتی، ئابووری، سیاسی، دەروونی و تەنانەت بنکۆڵی بارودۆخی تاکە کەسیش دەکات، لێرەدا پێویست بە بوونی سەنتەری توێژینەوەیە تا بتوانێ بەراورد لە نیوان ڕێژەی مناڵبوون لە شوێنە جیاوازەکان بکرێ و ئاستی هۆشیاری وەکو بنەما بۆ ئەو بەراوردە دابنرێ و چۆن کێشە و دەرهاویشتەکانی چارەسەر بکرێ، ئێمە کە داواکارین ئەم کارانە بکرێ، دیارە ئەمە پێویستی بە سیستەمە، بە دامودەزگایە، بە بیرکردنەوەی نوێیە، پێویستی بە فەرمانڕەواییەکی دیموکراتیانەی سیاسی هەیە، کە زیاتر زانست تیایدا کاریگەر بێت.

نەجیبە قەرەداغی: بەڵێ، دیارە ئەوەی پێویستە لە سەرەتادا، گەڕاندنەوەی ئەو ئیرادەیە بۆ ژن، کە بتوانێ بڕیار لەسەر جەستەی خۆی بدا، نەك ئاین و دەوڵەت و بیری پیاوسالاری بڕیاری لەسەر بدات، هەندێك جار ژن لەسەر ژنێکیتر بڕیار دەدات، بۆ نمونە کەم نین لە عەقڵیەتێکی پیاوسالاری لای ئێمە، بۆ نمونە کەسوکار بڕیار دەدەن، تا پێی نەڵێن وەچاخی کوێرە، ئەو چەمکی (وەچاخی کوێرە) چەند توانیویەتی ببێتە گوشارێکی وا کە وا لە ژن بکات ببێتە ئامێرێکی خستنەوەی منداڵ لە ژێر ناوی پاراستنی ڕەچەڵەک؟

مەدیحە سۆفی: من وا هەست دەکەم، کە کۆمەڵگەکەمان لە هەشتاکاندا، له‌ زۆر بواردا، زۆر پێشکەوتووتر بوو لە چاو ئێستادا، لە بارەی ڕێژەی مناڵبوونەوە خەڵکە شارستانیەکە باشترە و کەمتر مناڵ دەخەنەوە، بەڵام لە شوێنە پەراویزخراو و کەم هۆشیارەکاندا، بابەتی وچاخی کوێر و وچاخی ڕۆشن هێشتا بابەتی گەرمی خەڵکە سادەکەیە، کە ژنەکە تیایدا خاوەن بڕیار نیە، چۆن جارەسەر دەکرێ؟ ئەوەیان دەبێ ئاستی هۆشیاریەکە بەرزتر بکرێەوە، پیاو تێگەیەنرێ لەوەی، کە مەرج نیە دە مناڵت هەبێ و نەتوانی پێداویستیەکانی بۆ دابین بکەی، بەڵکو دووان و سیان بێت و پۆشتە بن و خوێندەوار بن و بتوانن لە دواڕۆژدا، لەناو کۆمەڵگەدا ڕۆڵی خۆیان ببینن، بەڵام ئەگەر پێنج منداڵت هەبوو  و ئەوەندەی دوو مناڵ نەتوانی پیداویستیان بۆ فەراهەم بکەی، ئەو بیرکردنەوە و بۆچوونانەی مناڵی زۆر دەخەنە نێو پلانی ژیانیانەوە، دەبوایە دەمێك بوایە لە نیو ئێمەدا نەمایە، وەلێ لە میانەی ئەو سی و چەند ساڵەی ڕابوردوودا، ئەوەندەیتر هزر و ئاستی بیرکردنەوە و پلانی شایان بە سەردەمی مۆدێرن، بەرەو دواوە چووە و خەڵك زیاتر کەوتوونەتە ژێر باری ئابووریەکی سەختەوە، باری ئابووری ناهەمواریش مرۆڤ زیاتر بەرەو دواکەوتوویی، زیاتر بەرەو هەژاری و زیاتر بەرەو ناهوشیاریت دەبات.

نەجیبە قەرەداغی:  هەڵبەت، بابەتێکی یەکجار گرنگە، تەنانەت ئەو تێگەیشتنەی پێی وایە، دەبێ کۆمەڵگەکەی ئیمە  نەك لەڕووی جەستەییەوە خۆی زۆر بکات بەڵکو لە ڕێگەی پەرەپێدان بە فەلسەفەی ژیانێکی ئازادەوە، هاوسەنگی ڕەگەز نێوان ژن و پیاو و لەهەمان کاتدا ناسینی ئیرادەی یەکتری لە میانەی پیکەوە ژیان لە نێو خێزاندا، پەرەی پێبدرێت، بەڕێز مەدیحە سۆفی زۆر سوپاس بۆ بەشداریت لەم گفتوگۆییەی تۆوی ژنۆلۆژی.

بابەتی پەیوەندیدار