ئەلیف کایا- ئەندامی ئەکادیمیای ژنۆلۆژی

ئاماری کۆمەڵکوژیی ژنان هیچی لە ئامارەکانی شەڕ کەمتر نییە و گوتی، ” ئەم سیاسەتە تەنها لە ناوچەیەک یان بەشێکی کۆمەڵگە نییە؛ دەشێت بگوترێت لە سەرانسەری جیهان بە ڕێ و ڕێبازی جیاواز پەیڕەودەکرێت. تەنها بە گوێرەی داتای ساڵی ٢٠٢٣ـی نەتەوە یەکگرتووەکان ٨٥ هەزار ژن و منداڵ کوژراون. لە وڵاتێکی وەکو ئەڵمانیا کە خۆی وەک دیموکراتیک-هاوچەرخ پێناسەدەکات، بە گوێرەی داتاکانی ڕێکخراوی تاوانکاریی پۆلیسی فیدراڵیی ئەڵمانیا هەموو ساڵێک نزیکەی ٣٦٠ ژن و منداڵی کچ دەکوژرێن. بێگومان ئەمانە تەنها ئەو ژمارانەن کە تۆمارکراون، ئەگەر ئەوانەشی بۆ زیاد بکرێت کە تۆمار نەکراون، دەگاتە ئاستێکی مەترسیدار.
بە گوێرەی داتاکان لە سەرانسەری جیهان هەموو ڕۆژێک ژنان لەلایەن کەسوکاری نزیکی خۆیان؛ باوک، برا، هاوسەرەوە کە لە ژێر یەک بنمیچدا دەژین، لەسەر یەک سفرە ناندەخۆن، دەکوژرێن. بێگومان ئەمە کێشەیەکی گەورەیە، کۆمەڵکوژییەکی گەورەیە و سەرچاوەکەشی پشت پەردەی کۆمەڵایەتی و مێژووییە. تاوەکو ئەم کێشەیە بنبڕ نەکرێت، تاوەکو کولتووری کۆمەڵکوژی نەوەستێنرێت، ناتوانرێت لەژێر ناوی کۆمەڵایەتیبوون، دیموکراسی و ئازادی هەنگاو بنرێت.
٢ـی تشرینی دووەم لە ئەڵمانیا دیلان ئاراس لەلایەن ئەو پیاوەوە کە لە هەمان ماڵدا لەگەڵی دەژیا، بە ٤٠ لێدانی چەقۆ کوژرا. من دەڵێم ‘پیاو’؛ چونکە ئەو کەسانە نابنە هاوژین، بەڵکو ئەوانەن کە کولتووری کوژەری کاستیک جێبەجێ دەکەن، کە حکومڕانی دەکات و لەناودەبات. چی وا دەکات کە کوشتن بەس نەبێت بۆ مرۆڤێک، هەڵبستێت بە شێواندن و پارچەپارچەکردنی جەستەیەک؟ با ڕووداوی مونەوەر قەرەبوڵوت بیربهێنینەوە کە چەند ساڵێک لەمەوبەر ڕوویدا؛ ئەو بکوژەی کە بە ڕووخساری بە ماسکی خۆشەویستی داپۆشیبوو، جەستەی ژنە گەنجەکەی شێواندبوو و فڕێیدابووە زبڵدانەوە.
‘پەیوەندییەکانی ژن و پیاو لە دیالەکتیکی سرووشتی دابڕاوە’
ماڵ، ناو خێزان کە وەکو ژینگەیەکی سەلامەت نیشاندەدرێن بۆ ژنان، دەبنە شوێنی کۆمەڵکوژی. ئەوەی دەبێتە هۆکاری ئەو کۆمەڵکوژییانە، ئەو پەیوەندییە ڕەگەزییە چەقبەستووانەن کە مۆری خۆیان لە هەموو پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان داوە و لەسەر بنەمای دژبەربوون شێوەیان گرتووە. لە پەیوەندی بەردەوام-گۆڕانکاریدا ژیان لەسەر بنەمای دژبەربوون نا، بەڵکو لەسەربنەمای گۆڕانکاری بەڕێوەدەچێت. بەڵام ئەوەی لە پەیوەندییەکانی ژن و پیاودا دەردەکەوێت گۆڕانکاری نییە، بەڵکو دژبەرییەکە لەسەر بنەمای لەناوبردنی یەکتر.
بێگومان ناتوانین بڵێین کە ئەمە هەمیشە بەم شێوەیە بووە. لە ماوەیەکی مێژووییدا بە دەستوەردانێک ئەم پەیوەندییە لە دیالەکتیکی سرووشتیی خۆی دابڕا و گۆڕا بۆ دژایەتیکردنی یەکتر. دژایەتیکردنی یەکتر بە مانای چی دێت؟ پێناسەکردنی بوونی یەکێک لەسەر نەبوونی ئەوەی تر، لەناوبردنی یەکێک بۆ بوونی یەکێک. هەر لەبەر ئەوەش لەناو پەیوەندییەکانی ژن و پیاودا کە لە ئێستادا لەسەر بنەمای دژایەتییە، لەبری ئافراندنی ژیان، توندوتیژی، باڵادەستی و مردن لە پێشینەن.
پەیوەندیی موڵکایەتی بە هەستی سادیستانە، ڕێگەخۆشکەر دەبێت بۆ کوشتنی ژن
کاتێک دەڕوانینە ئەو هۆکارانەی کە ڕێگەخۆشکەر دەبن لەبەردەم کوشتنی ژنان، شوێنەواری پەیوەندییە چەقبەستووەکان دەبینین. کاتێک ژنان مل نادەن بۆ داخوازییەکانی پیاو، کاتێک داوای ژیانێک دەکەن لە دەرەوەی سنوورە دیاریکراوەکان، یاخود کاتێک دەیانەوێت بە گوێرەی فکری خۆیان بژین، لەلایەن پیاوانەوە دەکوژرێن. پیاوان زۆر جار قسەی وەکو ‘تووڕەبووم، قسە هاتە سەر نامووسم، بە تەلەفوون قسەی لەگەڵ کەسێکی تر دەکرد، جلوبەرگی گونجاوی لەبەر نەبوو’ وەکو بیانووی کوشتنی ژنان دەهێننەوە. واتا لەبەر ئەو هۆکارانەی کە ژنان وەکو موڵکی خۆیان دەبینن، ژنان بە ئیرادە و ژیانی خۆیانەوە قبووڵناکەن، ژنان دەکوژرێن. ئەو پەیوەندییانەی لەسەر بنەمای پەیوەندیی موڵکایەتی دادەنرێن، کوشتنی ژنانی بە هەستە سادیستەکان، بچووککردنەوە و ڕقوکینە لێ دەکەوێتەوە.
بێدەنگیی کۆمەڵگە بەرامبەر کوشتنی ژن تێڕوانینێکی شاراوەی قبووڵکردنە
ئەم توندوتیژی و کێشەی لێ دەکەوێتەوە. پیاو هەمیشە هەوڵدەدات خۆی بسەلمێنێت. بەو مەبەستەش فشار درووستدەکات، هەوڵدەدات قسەی خۆی بسەپێنێت. هەربۆیە لە کۆمەڵگەدا بۆ پیاو ڕەوا دەبینرێت، کە فەرمانڕەوایی ژن بکات و هەموو جۆرە توندوتیژییەک و لەنێویاندا کوشتنیش، بەکاربهێنێت. هۆکاری بێدەنگیی کۆمەڵگە بەرامبەر ئەو هەموو کۆمەڵکوژییەی ژن، ئەو تێڕوانینە شاراوەیەی قبووڵکردنە کە نادرکێنرێت. هەم سیستەمی باوکسالاری، هەم دەوڵەت لەم مژارەدا دەستیان لەناو دەستی یەکترە. بەرەنگاربوونەوەی کۆمەڵکوژیی ژنان بەرپرسیارێتیی هەموو ئەو کەسانەیە کە بە دوای ژیانێکی ئازاد و شکۆمەنددا دەگەڕێن.
هیچ هێزێک دەرەقەتی ژنی هۆشیار نایەت
بەهێزترین چەک دژی کولتووری دەستدرێژی، هۆشیارییە. دەتوانین بە خاوەندارێتیکردن لە بوونی خۆمان، بە ڕێکخستن و بەبنەماگرتنی خۆپاراستن، تێبکۆشین. هیچ هێزێک ناتوانێت ئەو مرۆڤ-ژنە تێکبشکێنێت، کە هۆشیار بووەتەوە.
تاوەکو کولتووری دەستدرێژی تێنەپەڕێنرێت، ڕاستیی کۆمەڵایەتی دەرناکەوێت. دەستدرێژی تەنها سێکسی زۆرەملێ ناگرێتەوە، بەڵکوو میکانیزمێکە بۆ باڵادەستی و شکاندنی ئیرادە، کە بە هەموو بوارەکانی ژیانی کۆمەڵایەتیدا بڵاوبووەتەوە.
دەستدرێژی تەنها پێشێلکارییەکی تاکەکەسی نییە، بەڵکوو میکانیزمێکە کە باڵادەستیی کۆمەڵایەتی بە دەستی دەوڵەت زاڵدەکات، دەستدرێژیکردنە سەر ژنێک، ترساندنی هەموو ژنانە و هەموو پەیوەندییەکانی باڵادەستی، دەخاتە جووڵە، و بە گوێرەی پێناسەی ڕێبەر ئاپۆ، ئەم کولتوورە پرۆسەیەکی “بەژنکردن”(بە مانای ژێردەستەبوون)ـی لێ دەکەوێتەوە کە کۆمەڵگە بێ ئیرادە دەکات.
ئەم کولتووری دەستدرێژییەی کە کۆمەڵگەی کوردی ڕووبەڕووی دەبێتەوە، بە لایەنە مێژوویی و سیاسییەکانەوە بەستراوە. کورد لە پەیمانە نەتەوەیی و نێونەتەوەییەکاندا نکۆڵی لێکراوە و ئەم نکۆڵیکردنە هەوڵێکی قووڵە بۆ شکاندنی ئیرادە، دەستدرێژیکردنە سەر ژن لە چەقی سیاسەتەکانی داگیرکارییدایە و ئامانج لێی شکاندنی بەرخۆدانی کۆمەڵایەتییە.
هیچ هێزێک ناتوانێت ئەو مرۆڤ-ژنە تێکبشکێنێت، کە هۆشیاربووەتەوە و ژنۆلۆژی بەهێزترین میکانیزمی خۆپاراستنە دژی کولتووری دەستدرێژی، کە وادەکات ژن بە بوونی خۆی بزانێت و خۆی ڕێکبخات.
کاتێک دێین ئەو هەڵسەنگاندنەی ڕێبەر ئاپۆ کە ” تاوەکو کولتووری دەستدرێژی تێنەپەڕێندرێت، ڕاستیی کۆمەڵایەتی دەرناکەوێت” دەخەینە بەرچاو، پێویستە لەدژی کولتوورێکی هێندە قووڵ، ستراتیژییەکی تێکۆشانی چۆن بگرینەبەر؟
دەستدرێژی، گوزارشتە لە هێرشگەلی بەرفراوان و سەپاندنەکانی شکاندنی ئیرادە. دەتوانین دەستدرێژی، بە سادەترین شێوە، وەکو پێشێلکردنی مافەکان بە ئامانجی باڵادەستی، بەبێ داننان بە ئیرادە و سنوورەکانی کەسی بەرامبەر، پێناسە بکەین. لەبەرئەوە، لە شوێنێک کە دەستدرێژی هەبێت، ناتوانین باسی دیموکراسی، یەکسانی، ویژدان و ئازادی بکەین. تەنانەت لە شوێنێک کە دەستدرێژی هەبێت، ناتوانین باسی مرۆڤ و مرۆڤایەتییش بکەین. دەستدرێژی هێندە بڵاوبووەتەوە و بە قووڵی چووەتە ناو هەموو بوارێکی کۆمەڵایەتییەوە، کە لە مامەڵەی کۆمەڵگەدا گەیشتووەتە ئاستی ئاسایی.
لەوانەیە سەرەتا بپرسین، ئایا کولتووری دەستدرێژی بونیادنراوێکە ؟ ئایا کولتووری ئەم کردەوەی شکاندنی ئیرادە و نامرۆڤانەیە دروست کراوە؟ بەڵێ، لەبەرئەوەی بنەماکەی دەگەڕێتەوە بۆ ڕابردوویەکی مێژوویی و لە ژیانی کۆمەڵایەتییدا بڵاوبووەتەوە، وەکو کولتوور پێناسەدەکرێت. دەتوانین ناوی بنێین “کولتووری پێچەوانە،” یاخود “کولتووری دژبەر.” مێژووی ئەمە، دەگەڕێتەوە بۆ یەکەم تێکشکانی پەیوەندیی مێژوویی نێوان ژن و پیاو، فراواندەبێت و تاوەکو ئەمڕۆ قووڵتر دەبێتەوە.
ئێمە ناتوانین دەستدرێژی تەنها لە سێکسی زۆرەملێدا سنووردار بکەین. دەستدرێژیی سێکسی، تەنها ڕووێکی دەستدرێژییە. ئێمە لە هەمووی زیاتر ئەم شێوازی دەستدرێژییە دەبینین و قسەی لەسەر دەکەین، بەڵام شێوازەکانی تری دەستدرێژی لەبیردەکەین یاخود ناتوانین ڕێگربین لە ڕەوابوونیان.
یەکەم کۆڵۆنی جەستەی ژنە، هەربۆیە یەکەم دەستدرێژی دژی جەستەی ژن ئەنجامدراوە
لەوانەیە بۆ زیاتر بەرچاو ڕوونی، باشتربێت دەستدرێژی بکەین بە دووبەشەوە، “لەلایەن پیاو و لەلایەن دەوڵەتەوە.” هەردووکیشیان مەبەستیان دامەزراندنی دەسەڵاتی خۆیانە، بەڵام یەکێکیان لەنێوان ژن و پیاودا، ئەوی تر لەنێوان دەوڵەت و کۆمەڵگەدا پەرەدەستێنێت.
دەستدرێژییەک هەموو پەیوەندییەکانی باڵادەستی دەخاتە جووڵە
دەتوانن ئەمە کەمێک زیاتر ڕوون بکەنەوە؟
سەرەتا، کاتێک لە ڕووی مێژووییەوە سەیریدەکەین، لە ئەفسانەکاندا ڕووبەڕووی زۆر نموونەی دەستدرێژی دەبینەوە. وا دەردەکەوێت کە هیچ خوداوەندێک نەبێت کە ئەنکی و زیۆس دەستدرێژییان نەکردبێتە سەر. لەو دەستدرێژییانەوە شارستانییەتە نوێیەکان، یاخود سیستەمە باڵادەستەکان دێنە بوون. دۆخی کۆمەڵگە بەرامبەر دەوڵەت و ژن بەرامبەر پیاو، لەسەر ئەم پەیوەندییانە دەستنیشاندەکرێن. بۆ نموونە، ئیسکیتەکان کە بە جەنگاوەرییان بەناوبانگ بوون لە مێژوودا، لەو خاکانەی داگیریان دەکرد، پاشایان دەکوشت، شاژنیان بەدیل دەگرت و لەبەردەم تەختی پاشایەتی، دەستدرێژییان دەکردە سەر. تەختی پاشایەتی، وەکو سیمبولی هێز و باڵادەستی دەبینرا. دەستدرێژیکردنە سەر شاژن لەبەردەم تەختی پاشایەتی، ڕاگەیاندنی شکانی ئیرادەی کۆمەڵگە و بەدەستهێنانی خاکەکە بوو. بە واتایەکی تر، جەستەی ژن بە خاک و کۆمەڵگە دەچوێنرێت. بەم شێوەیە، دەستدرێژی تەنها پێشێلکارییەکی بایۆلۆژیی ئاسایی نییە، بەڵکو گۆڕەپانێکە کە تێیدا سەرلەنوێ کولتووری باڵادەستی و دەسەڵات هەڵدەبژێردرێت و بە تەواوی کۆمەڵگەدا بڵاودەکرێتەوە. دەستدرێژیکردنە سەر ژنێک، ترساندنی هەموو ژنانە. دەستدرێژییەک، هەموو پەیوەندییەکانی باڵادەستی دەخاتە جووڵە و بەردەوامییان مسۆگەر دەکات.
ڕێبەر ئاپۆ ئەم کولتووری دەستدرێژییەی کە لەناو کۆمەڵگەدایە، وەکو ” بەژنکردن” پێناسەدەکات. واتا کۆمەڵگەیەک کە ئیرادەی تێکشکێنراوە، دێتە ئەو ئاستەی کە بۆ ژن پێشبینیکراوە، لە کۆمەڵگەدا. لەبەرئەوەی ژن، ئەو بوونەیە کە زۆرترین ستەمی بینیوە و زیاتر لە هەمووان ئیرادەی تێکشکێنراوە.
بێگومان گرنگترین شت ئەوەیە کە مرۆڤ تەنها لەو کۆمەڵگەیەی تێیدا لەدایکبووە و لەگەڵ سرووشتدا مانا دەدۆزێتەوە. واتا هێرشکردنە سەر یەکێک لەوانە بە شێوەیەکی سرووشتی هەموو کەسێک دەگرێتە خۆ. توندوتیژی بەرامبەر ژن لەناو کۆمەڵگە و لەوێشەوە بۆ سرووشت بڵاودەبێتەوە. بە پێچەوانەشەوە ڕاستە.
نکۆڵیکردن لە بوونی کورد، قووڵترین هەوڵی دەستدرێژییە
بەو شێوەیە، پەیوەست بە پرۆسەکانی داگیرکردنی کوردستانەوە، دەگەینە ئەوە دەرئەنجامەی کە گەلی کورد، بە ژن و پیاویەوە، قوربانیی کولتووری دەستدرێژییە. بەڵام ئەم دۆخە لەمڕۆدا چۆن ئەزموون دەکرێت؟
ئێمە دەتوانین بڵێین کە ئەم دۆخە بۆ کورد مەترسیدارترە. کورد گەلێک نییە کە تەنانەت لە دۆخی کۆڵۆنیی ئاساییشدا هەژمار بکرێت. بوونی کورد لە ڕێکەوتننامە نەتەوەیی و نێونەتەوییەکاندا نییە. بێدەنگیی نێونەتەوەیی لە بەرامبەر کۆمەڵکوژیی زۆر گەورە کە ١٠٠ ساڵە بەردەوامە، بەو هۆیەوەیە. لەبەرئەوەی وا دەخەمڵێنرێت کە ئەوەی نکۆڵی لێ دەکرێت، کۆمەڵکوژ ناکرێت. دەشێت بگوترێت، کورد بەسەریدا سەپێنراوە کە خاوەن خراپترین فۆڕمی بوون بێت؛ ناچاریی بەردەوام بۆ سەلماندنی بوونی خۆیان، وەکو خراپترین دۆخی بوون بۆ کورد ڕەچاوکراوە. تەنانەت کاتێک دەشکوژرێت، لە دۆخێکدایە کە ناتوانێت بیسەلمێنێت کوژراوە. کورد لە ١٠٠ ساڵی ڕابردوودا، کۆمەڵکوژیی زۆری ئەزموونکردووە، بەڵام بەدەر لە دوایین کۆمەلکوژیی ئێزدییەکان، هیچ کاردانەوەیەکی بەهێز لە گۆڕەپانی نێونەتەوەییدا ڕووینەداوە. لەبەرئەوەی بوونی لەنێوان چوار دەوڵەت-نەتەوە دابەشکراوە و پێیان گوتراوە وەک چۆن ژن سەری بۆ پیاو دادەنەوێنێت، پێویستە ئەویش سەری بۆ نەتەوەی باڵادەست دانەوێنێت.
بەم واتایە، پێویستە کولتووری دەستدرێژی لەم ڕووەشەوە هەڵبسەنگێنرێت. نکۆڵیکردن لە بوونیان، قووڵترین هەوڵی دەستدرێژی و شکاندنی ئیرادەیە. کورد ناچارکراون کە ببنە شتێکی دوور لە خۆیان، بە قەدەغەکردنی بەها ڕەسەنەکانیان. بە قەدەغەکردنی ناسنامە، زمان و بوونیان، هەوڵدراوە کە بیانخەنە دۆخی نەبوونەوە. ئەمانە ئەو سیاسەتی سەپاندنانەن، کە کولتووری دەستدرێژی قووڵ دەکەنەوە.
دەستدرێژیکردنە سەر ژن لە چەقی هەموو سیاسەتەکانی داگیرکارییدایە
لە چوارچێوەی پرۆسەی داگیرکردنی کوردستان و سیاسەتەکانی دەوڵەتدا، ئامانج لە دەستدرێژیکردنە سەر ژن چییە و ئەم دۆخە چ کاریگەرییەکی لەسەر کۆمەڵگە دەبێت؟
بێگومان، دەستدرێژیکردنە سەر ژن بەرفراوانترە و لە ناواخنی هەموو سیاسەتەکانی داگیرکارییدا هەیە. لەبەرئەوە، ناوەندەکانی دەستبەسەرکردن، ئەو شوێنانەن کە زۆرترین دەستدرێژی بە دەستی دەوڵەت تێیاندا ڕوودەدات. بە مەبەستی ڕادەستکردنی کەسێک، دەستدرێژی دەکرێتە سەر ژنان؛ بەم شێوەیە دەیانەوێت بێدەنگی بەسەر ژناندا بسەپێنن، بە واتایەکی تر لەناوببرێن. هەندێک خار بۆئەوەی پیاو قسە بکات و ئیرادەی بشکێت، بەبەرچاوییەوە دەستدرێژی دەکرێتە سەر ژنێکی نزیکی. لەبەرئەوەی ژن وەکو پاشکۆیەکی پیاو دەبینرێت و بەهۆی تاوانەکانی پیاوەوە سزادەدرێت. ئامانجی هاوبەشی هەموو ئەمانە، شکاندنی ئیرادەی تاک-کۆمەڵگەیە. ئەم سەپاندنانە تەنها لە ژناندا ناهێڵدرێنەوە، دواتر بەسەر تەواوی کۆمەڵگەدا دەسەپێنرێن.
لە کوردستان قڕکردنی ژنان، قڕکردنی ژینگە و قڕکردنی کۆمەڵگە بەیەکەوە ڕوودەدەن. دەستدرێژیکردنە سەر ژن لە هەمان کاتدا لە سیاسەتەکان دژی ژینگە و کۆمەڵگەشدا ڕەنگدەداتەوە. لە ساڵانی ڕابردوودا، بەتایبەتی لە ڕووداوی ئیپەک ئەردا، بینیمان کە داگیرکاری لە کوردستان چۆن لەگەڵ جەستەی ژندا ئاوێتە دەبێت.
بۆچی پیاوێک دەستدرێژی دەکاتە سەر ژن؟ لەبەرئەوە نییە کە ناتوانێت جڵەوی هەستەکانی بکات، بەڵکو لەبەرئەوەیە کە سەر بە کەسی بەرامبەر نەوی بکات و ئیرادەی تێکبشکێنێت. کەسێک کە ئیرادەی تێکشکێنراوە، توانەی بەرەنگاربوونەوەی هەموو جۆرە باڵادەستییەک لەدەستدەدات و ملکەچ دەبێت. دەستدرێژی و کوشتنی ژنان بە دەستی دامەزراوەکانی دەوڵەت لە کوردستان، بەتایبەتی دژی ژنانی گەنج، لە ساڵانی ڕابردوودا پەرەی سەندووە، وەکو بەشێک لە درێژەدان بە داگیرکردنی خاک، پەرەی پێ دەدرێت.
لە ساڵانی ڕابردوودا، بە نزیکەیی لە هەموو شوێنێکی کوردستان، وەک بەشێک لە شەڕی تایبەت، چەتەکانی لەشفرۆشی دامەزرێنران. لە ساڵی ٢٠١٠ـدا، کاتێک ئاشکرابوو کە چەتەیەک، بە هاوکاریی یاریدەدەری بەڕێوبەری قوتابخانەیەک لە سێرت، لەشفرۆشی بە کچانی خوێندکار دەکەن، پارێزگاری ئەو کاتەی سێرت پشتیوانی لەو سیاسەتە کرد و گوتی، “لەبری ئەوەی بچنە چیا، لێیانگەڕێن با لەشفرۆشی بکەن”، بەم شێوەیە ئاشکرای کرد کە ئەم سیاسەتانە لەلایەن دەوڵەتەوە بەرنامەیان بۆ داڕێژراوە.
هیچ هێزێک ناتوانێت ئەو ژنە تێکبشکێنێت، کە هۆشیاربووەتەوە
پێویستە هەنگاوەکان چی بن بۆ تێکۆشان دژی کولتووری دەستدرێژی؟ ژنۆلۆژی لەم چوارچێوەیەدا چ ئەرکێکی هەیە؟
گرنگترین ڕێگەی بەرەنگاربوونەوەی دەستدرێژی، پاڵپشتیکردنە لە بوونی خۆت بە بەرزکردنەوەی هۆشیاریی ئەوەی ‘تۆ کێی’.
دەستدرێژی نەک تەنها هۆشیاری تێکدەشکێنێت، بەڵکو کەڵک لە ئامڕازەکانی زۆرەملێش وەردەگرێت. هەر بەو هۆیەوە، بە ڕێکخستنی زیاتر، پەرەپێدانی خەباتەکانی هۆشیاربوونەوە و خۆپاراستن کردنە بنەما، وەکو گۆڕەپانێکی سەرەکیی کارکردن دەتوانرێت درێژە بە تێکۆشان بدرێت. بۆ ئەم مەبەستە، پێویستە سەرەتا گرنگی بەو کارانە بدەین کە دەمانگەیەننە هۆشیاری، ڕزگارمان دەکەن لە زیهنییەتی هەڵە و نامۆیی. ژنۆلۆژیش خۆی لە خۆیدا بۆ ئەم مەبەستە بوونی هەیە. واتا کارەکانی پێناسەکردن و تێگەیشتن لە بوونی خۆمان بە زانینی خۆمان، زۆر گرنگن. بە پێشخستنی کۆمەڵگە، بە ڕێکخستن لە گەڕەک، گوند و ماڵەکانمان، دەتوانین گەنجان و داهاتوومان بپارێزین. هیچ هێزێک ناتوانێت ئەو مرۆڤ-ژنە تێکبشکێنێت، کە هۆشیاربووەتەوە.
ئازادیی ژن بناغەی گۆڕانی کۆمەڵایەتی و ژیانی کۆمیناڵە
ڕێبەر ئاپۆ لە ساڵانی نەوەدەکانی تێکۆشانی ئازادیی کوردستانەوە، تەنانەت پێش ئەوەش بە ڕەخنەگرتن لە کۆیلایەتی ژن، ئاستێکی گرنگی ئازادیی لە ژنانی کورددا هێنایە ئاراوە. ئەگەر پەیامەکەی لە ٨ـی ئادار، بۆ ئاستی ئازادیی ژنی کورد وەربگرین، کە “کولتووری ژنی ئازاد بنیات نراوە” بەڵام تەنها لەسەدا ١٠ـی جێبەجێ کراوە، ژنێک کە گەیشتووەتە کولتوورێکی سەد لەسەد ئازادی، دەبێت هەڵوێست، هۆشیاری و پراکتیکی ژیانی چۆن بێت؟
ئازادی، لێگەڕینی خۆبوون، خود دۆزینەوە، ڕامان و چالاکییە. بوون لە کاروانی ئازادیدا، پێش هەموو شتێک بە وەڵامدانەوەی ئێمە کێین و کێ نین، دەکرێت. بە واتایەکی تر بەبێ پەرەپێدانی زانینی ئەوەی کێین، ناتوانین هەنگاوێک بەرەو ئازادی بنێین. وەک پێشتر ئاماژەم پێدا، ئاسان نییە کەسانێک کە لە ناسنامەی خۆیان دوورخراونەتەوە، لە بوونی خۆیان نامۆ بوون و بەردەوام لە ژێر هەڕەشەی دەستدرێژییدا دەژین، ئازاد بن. چونکە جگە لە بیرکردنەوە لە بوونی جیهانێکی جیاواز، تەنانەت ناتوانن خەیاڵ بکەن. جیهان تەنها بە شتگەلێک دەزانن کە ئەزموون دەکرێن. بۆ نموونە ئەو قسانەی کە لە دەمی زۆرێک لە ژنانەوە دەیبیستین، “پیاوەکەت هەم خۆشی دەوێی، هەم لێت دەدات”، نیشانەی ئەمەیە. بە واتایەکی تر هیچ ڕاستییەک لەوەدا نییە لە خۆشەوستییدا توندووتیژی هەبێت، لە کوێ توندووتیژی هەبێت ژیانیش دەکوژرێت. نزیکایەتییەک سەرهەڵدەدات کە ئەو پەیوەندییە نائاساییەی کە هەیە ئاسایی دەکاتەوە و دەیکاتە شتێکی پەسەندکراو. واتە دەتوانین ئەمە ناوی بنێین کۆیلایەتی پەسەندکراو.
لێگەڕینی ئازادی لە خواستی نووسینی چارەنووسی خۆتەوە دەست پێدەکات
هەربۆیە دەستپێکردنی لێگەڕینی کێین و کێ نین زۆر گرنگە. لێگەڕینی ئازادی، دەتوانێت لە خواستی نووسینی چارەنووسی خۆمانەوە دەست پێ بکات. ڕێبەر ئاپۆ ساڵانێک لەمەوبەر ئەم دۆخەی بە ‘شوێنەوارناسی ژن’ پێناسە کردبوو. واتە وەک چۆن بە کارێکی زۆر وردەوە دەگەینە ئاسەواری ئەوەی لە ڕابردوودا ڕوویداوە لە ڕێگەی هەڵکۆڵینی شوێنەوارەکانەوە، ئەویش وەک ڕێبازێک بۆ ئەوەی ژنان خۆیان بناسن و وەڵامی پرسی کێبوونی خۆیان بدەنەوە، شوێنەوارناسی ژنی پێشنیارکرد. چونکە ناسینی هەبوون و پێناسەکردنی هەبوون بۆ دەستپێکردنی تێکۆشانی ئازادی مەرجی سەرەکییە. هەربۆیە ژنۆلۆژی ماوەیەکە بە وردی و ئاگادارییەوە دەستی بە لێگەڕینی سەرچاوەی ئەو زانینە کردووە کە هەبوونی ژن پێناسە بکات. هەوڵ دەدات وەڵامی ئەنتۆلۆژی و ئیپیستمۆلۆژی بۆ ئەو پرسیارانە بدۆزێتەوە کە ئێمە کێین.
لە ڕاستیدا لێگەڕین و بەرخۆدانی ژنان بە درێژایی پرۆسەی مێژوویی بوونی هەبووە. ئەم لێگەڕینە هەرگیز کۆتایی نەهاتووە. ئەوانەی ئەمڕۆ بەدوای ئازادیدا دەگەڕێن، بەم نەریتە بەرخۆدانییە لە تێکۆشان بەردەوامن. بە تایبەت لە دوو سەدەی ڕابردوودا، سەرهەڵدانی تەڤگەری فێمینیست لە سەرانسەری جیهاندا، لەم نەریتەی تێکۆشاندا کولتوورێکی ڕەتکردنەوە و خۆناسینی گرنگی خوڵقاندووە، بەڵام دەبێت بگوترێت، هەوڵەکانی تەڤگەری فێمینیست بۆ بنیاتنانی ژیانێکی ئازاد، هێندەی ڕەتکردنەوەکانی بەهێز نەبووە. هەربۆیە لایەنێکی بە کەمی ماوەتەوە، ئەو لایەنەی کە هەموو کۆمەڵگە لە ئامێز بگرێت و گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی بەدوای خۆیدا بهێنێت، هێشتا لاواز ماوەتەوە.
بەڵام بە دەربڕینی ڕێبەر ئاپۆ، ڕاپەڕینی “کۆلۆنی یەکەم و کۆتا”ـی ژنان تایبەتمەندییەکی هەیە کە هەموو جۆرەکانی داگیرکاری دەخاتە ژێر پرسیارەوە. چونکە هەموو جۆرەکانی کۆیلایەتی لەسەر کۆیلایەتی ژن بنیات نراوە. کۆتایی هاتنی بنەڕەتیترین کۆیلایەتی هەموو پەیوەندییەکانی کۆیلایەتی دەگۆڕێت. هەربۆیە تێکۆشانی ئازادیی ژن تەنها بە تێکۆشانی ئازادیی ژنەوە سنووردار نییە. دەبێت لە چوارچێوە و ناوەڕۆکێکدا بێت، کە ئامانجی ئەوە بێت داگیرکاری لەسەر تەواوی کۆمەڵگە و سرووشت لەناوببات.
کولتووری ئازادی بە فیداکاریی ژنان، درووستبووە
لە تێکۆشانی ئازادیی ڕێبەر ئاپۆ لە ماوەی نیو سەدەدا، هەمیشە ئازادیی ژنان ناوەندی بووە. هەڵسەنگاندنی بەبێ ئازادی ژن، کۆمەڵگە ئازاد نابێت، بەم مانایە گرنگە. ژنانی کورد بە تێکۆشانی نیو سەدە، بە ڕەنج و قوربانییدانی زۆرەوە، کولتوورێکی ژنانی ئازادیان بنیات ناوە. ئەم کولتووری ئازادییە بە ڕەنجی هەزاران ژن، لە ساکینە جانسزەوە تا بێریتانەکان کە لەبری ڕادەستبوون خۆیان لە چیاکانەوە فڕێدا، تا بێریڤانەکان کە گەلیان بەرەو ڕاپەڕین برد، تا زیلانەکان کە چارەنووسیان ڕەتکردەوە و هەموو وزەی خۆیان بۆ چارەسەر تەرخانکرد، بنیات نراوە. بەم تێکۆشانە ژنان دیوارەکانی ترس و چارەنووسیان شکاند، کە بە دەوریاندا کێشرابوون و دەرفەتی ئازادییان ڕەخساند. ئەمڕۆ تەڤگەریی ئازادیی ژنانی کوردستان لە شوێنێکدایە ئیلهام بە هەموو ژنان و بندەستانی جیهان دەبەخشێت. چونکە تێکۆشانی ئازادیی ژنانی کورد نیشانی داوە، کە چۆن بێچارەیی لە ڕێگەی هۆشیاری ئازادییەوە دەتوانێت گۆڕان و گۆڕانکاری درووست بکات.
تێکۆشانی تەڤگەری ئازادیی ژنانی کورد، گۆڕان و گۆڕانکاری کۆمەڵایەتیش لەخۆدەگرێت
جیاوازییەکی گرنگ لە ئەزموونی تەڤگەری ئازادیی ژنانی کوردستاندا سەریهەڵداوە، پەرەپێدانی تێکۆشانێکە کە گۆڕانکاری و وەرچەرخانی کۆمەڵایەتیش لەخۆدەگرێت. لەم چوارچێوەیەدا تەڤگەری ئازادیی ژنانی کوردستان هەم کاری چەمکی-تیۆری و هەم کاری دامەزراوەیی-ڕێکخراوەیی پێکەوە ئەنجامداوە. سیستەمی هاوسەرۆکایەتی کە لە ئێستادا لە هەموو گۆڕەپانێکدا بەکاردەهێنرێت، لەڕاستییدا، ڕاپەڕینێکە دژی نایەکسانیی هەزاران ساڵە و تەڤگەرێکی بنیاتنانەوەیە لەسەر بنەمای ئازادی.
بەڵام ئەگەر بپرسین ئاستی تێگەیشتن و جێبەجێکردنی چەندە سەرکەوتووە، ناتوانین بڵێین زۆر بەهێز جێبەجێ دەکرێت. ڕێبەر ئاپۆ کە دەڵێت ” ئێوە هێشتا ١٠٪ـی کولتووری ئازادی ئەزموون دەکەن” گوزارشت لەوە دەکات. بە واتایەکی تر دەرفەتی زۆر گرنگ بۆ ئازادی ڕەخساوە، بەڵام هێشتا زۆر دوورین لە تەواو جێبەجێکردنی. تەنها بەشێکی بچووکی بەکاردەهێنین، هەمووی ئامانجمان نییە.
ژنی کورد بە درێژایی مێژوو هەرگیز ئەوەندە ڕێکخراو، خاوەن هێزی خۆپێناسەکردن، خاوەن هێزی دامەزراوەیی لە هەموو گۆڕەپانەکاندا نەبووە و ئێستا گەشتوون بە ئاستێک دەتوانن سیستەم بگۆڕن، بەڵام هێشتا دوورین لەوەی بتوانین بە بوێریەوە ئەم توانایە بخەینە بواری جێبەجێکردنەوە. دەکرێت سەرکێشی نەکردن، ترس و نەریتەکانی پێشوو بەربەستێک بووبێت، لەبەردەم بە دەستهێنانی ئەنجامێکی کاریگەر.
دەرفەتی بەدیهێنانی سەد لە سەدی ئازادیی ژنان، بەڕاستی لە کۆمەڵگەیەکی کۆمیناڵ و ئازاددا مومکینە، کە دەسەڵاتداری و پلەبەندی تێدا نییە. بۆ ئەمەش پێویستە ڕێکخستن و تێکۆشان فراوانتر بکرێت.
ڕێبەر ئاپۆ دەڵێت، بۆ ئەوەی مێژوو بە دەسبهێنین، پێویستە ژنی کۆمیناڵ سەرهەڵبدات”. هەروەها دەڵێت، “بەبێ ئازادی ژن سۆسیالیستبوون بە دی نایەت، سۆسیالیزمیش بە دی نایەت”، جەخت لەوەش دەکاتەوە کە ئازادی ژن بناغەی هەموو ئازادییەکانە. چۆن دەتوانرێت هۆشیاری، شێوازی ژیان و سیستەمی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان کە پێناسەی ژنی کۆمیناڵ دەکەن، شڕۆڤە بکرێن؟
ڕێبەر ئاپۆ دەڵێت، “ئەوەی کۆمەڵایەتییە، مێژووییە”. هەربۆیە بۆ تێگەشتن لە ئێستا، جەخت لەسەر گرنگی ناسینی مێژوو دەکاتەوە. بێگومان تەنها زانینی سەرەتایی و ڕەسەن بەس نییە، بەڵام بۆ تێگەیشتن لە پرسە هەنووکەییەکان، دۆزینەوەی چارەسەری و مسۆگەرکردنی پەیوەندییەکان کە لەسەر بنەمای ئازادی بنیات بنرێن، ناسینی مێژووی بەرەپێشچوونێکی گرنگە. ئەمەش گوزارشت لە هەوڵێکی شۆڕشگێڕانە دەکات.
هەوڵمدا ڕوونی بکەمەوە کە داگیرکاری لە پرۆسەی مێژووییدا لەسەر کام پەیوەندی پەرەی سەندووە. ڕێبەر ئاپۆ دەڵێت، ” بۆ ئەوەی مێژوو بەدەست بهێنین، دەبێت ژنی کۆمیناڵ سەرهەڵبدات”. چونکە لەو شوێنەی مێژوو لەدەستی داوە، هەڵوەشانەوەی کۆمیناڵیتە لە دەوری ژن پەرەی سەندووە. هەربۆیە ئاماژە بەوە دەکات، گرنگە لە ژنانەوە دەست پێبکەین.
کۆمەڵایەتیبوون کە لە دەوری ژن پەرەی سەندبوو، بە دەستوەردانی کوژەری کاستیک، هەڵوەشایەوە
ئازادبوونی ژن بەمانای کۆتایهێنان بە هەژموونخوازی و داگیرکاری لەسەر ژن دێت. ئەمەش گوزارشت لە ئازادبوونی هەموو پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان دەکات. ڕەنگە لە سەدەکانی ڕابردوودا سۆسیالیزم وەک چەمکێک پێناسە کرابێت، بەڵام جەوهەرەکەی لە یەکەمین کۆمەڵایەتیبوون کە لە دەوری ژنان پەرەی سەندووە، هەیە. ئەم هاوسەنگییە بە دەستوەردانی بکوژی کاستیک هەڵوەشایەوە. کولتووری بکوژی کاستیک (ئەو بنیادە دەسەڵاتدارییەیە کە لە دەوری پیاوسالاری پەرەی سەندووە) بەرەو شارستانیەت و سەرمایەداری دەڕوات، لەکاتێکدا، ئەو بەکۆمەڵگەبوونە کۆمیناڵەی لەدەوری ژن شێوەی گرتووە لاوازدەبێت و وەک ناوکێکی سەرەتایی بۆ سەردەمی ئێستامان دەگوازرێتەوە.
بۆ گەڕانەوە بۆ کۆمەڵگەی کۆمیناڵ، بێگومان مەرجی یەکەم، ئازادیی ژن و بنیاتنانەوەی کۆمەڵایەتیبوونیەتی. لە هەمانکاتدا ئەمە تەنها بە پاکتاوکردنی پیاوان لە دەسەڵاتداری و پەرەپێدانی پەیوەندییەکی شکۆمەند-یەکسان-ئازادانە لەگەڵ ژندا دەکرێت.
مرۆڤ چۆن دەتوانێت ببێتە ژنێکی کۆمیناڵ؟ لە ڕاستیدا ژن چەندە وەڵامی پرسیاری کێبوونی خۆی بداتەوە، ئەوندەش دەتوانێت کۆمەڵایەتیبوونی خۆی نیشان بدات. ئەوەی بنیاتنەری کۆمیناڵیتەیە و بەهاکانی بنیات دەنێت، ژنە. ئەگەر ژنان بتوانن کولتووری دەستدرێژی، فشار لەسەر خۆیان و دۆخی زیندانیکردن تێپەڕێنن، ئەوا دەرفەرتی دەرکەوتنی ژنێکی کۆمیناڵ هەیە.
لە ئێستادا لە تێکۆشانی ئازادیی کوردستاندا کە نزیکەی نیو سەدەیە بەردەوامە، ئەزموونێکی کۆمیناڵی گرنگ هەیە، کە پەرەی پێدراوە. ساڵانێکە لە چیا، لە زیندانەکان، لە گوندەکان و لە شارەکاندا بە دامەزراندنی کۆمۆنەکان تێکۆشان بەڕێوە دەچێت. ئەگەر ڕۆحی کۆمۆن نەبووایە، ئایا خەڵکی شارە جیاوازەکان دەتوانن شان بە شانی یەکتر لە دژی داگیرکەریی شەڕ بکەن؟ ئایا بۆ ئەوەی تەرمی هەڤاڵەکەیان لەدوای خۆیانەوە بەجێنەهێڵن، دەتوانن گیانی خۆیان فیدا بکەن، خۆیان بۆ هەڤاڵەکەیان فیدا بکەن؟ نەخێر. بە واتایەکی تر لێرەدا ڕۆحێکی زۆر پاک و بەهێزی کۆمیناڵیتە، نەریتەکەی هەیە، ژنانیش ئێستا لەسەر بنەمای ئەو نەریتە دامەزراوە درێژە بە تێکۆشان دەدەن.
ژنان پێکەوە چالاکی ئەنجام دەدەن و کۆمین بنیات دەنێن
کۆمیناڵیتە بە مانای یەکگرتووی و یەکێتی سەرەڕای جیاوازییەکان دێت. ئەو ڕێکخراوە تایبەت-سەربەخۆیانەی کە ژنان لە هەموو گۆڕەپانێکدا درووستی دەکەن، گوزارشتکردن لە کۆمۆنە پێشکەوتووەکانە. ژنان پێکەوە بیردەکەنەوە، پێکەوە کاردەکەن، پێکەوە ڕێکخستن دەکەن، کۆمۆن درووست دەکەن و لەسەر ئەم بنەمایە پێشەنگایەتی گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی دەکەن. لە ژێر شەڕی ئاڵۆزی گوند، پارک، ئەکادیمیاکانی خۆیان درووست دەکەن. بە واتایەکی تر ژنانی کۆمیناڵ بە چالاکی هاوبەشەوە بنیات دەنێن، بەڵام دەبێت زیاتر کار بکەین، تێکۆشان فراوانتر بکەین و بڵاوی بکەینەوە. چونکە ئەو سیستەمەی ڕووبەڕووی دەبینەوە هەزاران ساڵە لەسەر بنەمای نەریت، زیهنیەت، بەها و هێز شەڕ دەکات. هەربۆیە دەبێت بە پشتگیری زیاتر، ڕێکخستنی زیاتر و قووڵکردنەوەی زانینمان درێژە بە تێکۆشان بدەین.
* ئەندامی ئەکادیمیای ژنۆلۆژی ئەلیف کایا ئەم دیدارە لە سێ بەشدا لە ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) بە بۆنەی ٢٥ مژدار/تشرینی دووەم ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان بڵاوکرایەوە
بەرێوەبەریی ماڵپەری ژنۆلۆژی

