ژنەکان دەدوێن

ڕانان بۆ فیلمی “ژنەکان دەدوێن”

نەجیبە قەرەداغی

پێداچوونەوە بە دەق: شنە فایەق

فیلمی ژنەکان دەدوێن (Women Talking) یەکێکە لە فیلمە درامییە بەهێز و پڕ بایەخەکانی ئەم ساڵانەی دواییە کە لە ساڵی ٢٠٢٢دا کەوتە سەر شاشەی سینەما. ئەم فیلمە لە دەرهێنانی سارا پۆلی-یە و لەسەر بنەمای ڕۆمانێکی نووسەر میریام تۆوز بەرهەمهێنراوە. فیلمەکە باس لە کۆمەڵگەیەکی ئاینیی داخراو و گۆشەگیر دەکات کە وەک (کۆمەڵگەی مێینۆنایتەکانن[1]). ژنانی ئەم کۆمەڵگەیە بۆیان دەردەکەوێت، کە پیاوەکانیان بۆ ماوەیەکی درێژ ئالودەی ماددەی هۆشبەر بوون، هێرش و دەستدرێژیی دەکەنە سەریان. ئەم ژنانە لە تەویلەیەکدا کۆدەبنەوە بۆ ئەوەی بڕیار لەسەر داهاتووی خۆیان بدەن، کە ئایا هیچ نەکەن و بمێننەوە، بمێننەوە و بجەنگن یان هەموو شتێک بەجێبهێڵن و بڕۆن.

فیلمەکە کۆمەڵێک ئەکتەری بەتوانای وەک (ڕۆنی مارا، کلێر فۆی، جێسی بەکڵی و فرانسیس مەکدۆرماند) ڕۆڵی تێدا دەگێڕن. ئەم فیلمە کەمترین لۆکەیشنی تێدا بەکارهاتووە. زۆربەی فیلمەکە لە ناو یەک شوێندا (تەویلە) تۆمار کراوە، ئەمەش وادەکات بینەر هەست بەو گوشارە بکات کە لەسەر ژنەکانە. کەمترین لۆکەیشن بۆ فیلمێکی یەک کاتژمێر و ٤٤ خولەکیی، لایەنێکی بەهێزی فیلمەکە نیشان دەدات، کە زیاتر لەسەر گفتوگۆ و فەلسەفەی بڕیاردانە.

فیلمەکە ڕەنگێکی سارد و نزیک لە ڕەش و سپی هەیە کە نیشاندەری ئەو بارودۆخە سەخت، ناخۆش و خەمناکەیە، کە ژنەکان تێیدا دەژین. پەیامەکەشی تەنها دەربارەی دەستدرێژیی نییە، بەڵکو دەربارەی جەوهەری دیموکراسییە، کە چۆن گروپێکی مافخوراو و قوربانیی توندوتیژیی دەتوانن پێکەوە بڕیار بدەن. فیلمەکە دەربارەی ئاین و باوەڕە کە چۆن ژنەکان باوەڕەکەیان دەپارێزن لە کاتێکدا لەلایەن کەسانی ئایینییەوە زوڵمیان لێکراوە، ڕەوتی فیلمەکە گەڕانە بەدوای جیهانێکی باشتر بۆ منداڵەکان.

ئەم فیلمە ستایشێکی زۆری کرا و توانی خەڵاتی ئۆسکار بۆ باشترین سیناریۆی وەرگیراو بەدەستبهێنێت.

فیلمی “ژنەکان دەدوێن” تەنها گێڕانەوەی ڕووداوێکی تاڵ نییە، بەڵکو وەک تاقیگەیەکی فەلسەفییە بۆ تاوتوێکردنی چەمکە قووڵەکانی مرۆڤایەتیی. سەرەکییترین مانا فەلسەفییەکانی ناو فیلمەکە زمان و ناونانە. کاتێک ژنەکان لە فیلمەکەدا لە سەرەتادا وشەیان نییە بۆ وەسفکردنی ئەوەی بەسەریان هاتووە. ئەوان نەخوێندەوارن و وشەی “دەستدرێژیی”یان وەک چەمکێکی یاسایی یان سیاسیی نەبیستووە.

ڕەهەندێکی تری فیلمەکە مانا فەلسەفییەکەیەتی، کە گۆڕینی ئازارە بۆ زمان. کاتێک ژنەکان دەست دەکەن بە قسەکردن، ئەوان سەرقاڵی دروستکردنی جیهانبینییەکی نوێن. قسەکردن لێرەدا وەک کردەیەکی ڕزگاریخوازیی دەردەکەوێت. لەبەرامبەردا یەکێک لە مشتومڕئامێزترینی بەشی فیلمەکە پرسی لێبوردنە. پیاوە ئایینییەکان پێیان دەڵێن؛”ئەگەر لێیان خۆش نەبن، ناچنە بەهەشتەوە”. ژنەکانیش دەپرسن ئایا لێبوردنێک کە بە زۆرەملێ بێت، هیچ بەهایەکی ئەخلاقیی هەیە؟ ئەوان دەگەنە ئەو ئەنجامەی لێبوردن بەبێ دادپەروەریی و سەلامەتیی، تەنها ڕێگایەکە بۆ بەردەوامبوونی ستەم.

ژنەکان لە دۆخێکدان، کە هیچ یاسایەک نایانپارێزێت. ئەو کۆبوونەوەیەی ناو تەویلەکە، هەوڵێکە بۆ نووسینەوەی پەیمانێکی کۆمەڵایەتیی نوێ. ئەوان باسی ئەوە دەکەن کە چ جۆرە جیهانێکیان دەوێت؟ جیهانێک، کە تێیدا منداڵە کوڕەکانیان فێری توندوتیژیی نەبن.

فیلمەکە جیاکارییەکی ورد دەکات لەنێوان “باوەڕ بە خودا” و “گوێڕایەڵیی بۆ پیاوانی ئاینیی”. ئەوان باوەڕەکەیان ڕەت ناکەنەوە، بەڵکو ئەو تەفسیرە پیاوانەیە ڕەت دەکەنەوە، کە بۆ چەوساندنەوەی ئەوان بەکاردێت. ئەمە بانگەشەیەکە بۆ خودناسییەکی سەربەخۆ، کە تێیدا مرۆڤ پێویستی بە نێوەندگیرێکی ستەمکار نییە بۆ پەیوەندیی لەگەڵ خودا. ئەم ڕەهەندە بەهێزەی ناو فیلمەکە لە گفتوگۆکانیان ڕەنگی داوەتەوە.

فیلمی “ژنەکان دەدوێن” پرسیارێکی گرنگ زەق دەکاتەوە، کە ئایا هەموو پیاوەکان تاوانبارن؟ فیلمەکە تیشک دەخاتە سەر ئەوەی سیستەمەکە، کە پایەکانی لەسەر زهنیەتی باوکسالارییە، هەمووان تێکدەدات. تەنانەت پیاوە “باشەکان”یش ئەگەر بێدەنگ بن، دەبنە بەشێک لەو سیستەمە. بۆ چارەسەریش پێیانوایە، کە دادپەروەریی تەنها سزادانی تاوانبار نییە، بەڵکو گۆڕینی ئەو ژینگەیەیە، کە تاوانباری تێدا بەرهەم دێتەوە. فیلمەکە پێمان دەڵێت، کە ئاشتیی بەبێ دادپەروەریی تەنها بێدەنگییەکی ترسناکە. ڕۆیشتنی ئەوان لە کۆتاییدا، تەنها ڕاکردن نییە، بەڵکو کردەیەکی فەلسەفییە بۆ پاراستنی کەرامەت و دروستکردنی مێژوویەکی نوێ، کە دواتر بە وردی دێمە سەر ئەم بەشەی فیلمەکە.

دوو کارەکتەر ڕۆڵێکی گرنگ و یەکلاکەرەوەیان هەیە لە فیلمەکەدا، کە ئۆنا و سۆلۆمۆنە. ئەوان دوو جەمسەری جیاوازی فەلسەفیی و مرۆیی لە فیلمەکەدا نیشان دەدەن. یەکیان نوێنەرایەتی ئومێدی ئاقڵانە دەکات و ئەوی تریان قوربانییەک، کە سیستەمەکە دەیهاڕێت. ئۆنا فەلسەفەی خەیاڵ و لێبوردەیی گەردوونییە، کە ڕۆنی مارا ڕۆڵەکەی دەگێڕێت، یەکێکە لە ئاڵۆزترین کارەکتەرەکان. ئەو دووگیان بووە لە ئەنجامی دەستدرێژییەوە، بەڵام ڕقی نییە، پێیوایە مرۆڤ نابێت تەنها بیر لەوە بکاتەوە، کە دژی چییە، بەڵکو دەبێت بیر لەوە بکاتەوە کە بۆ چییە. بۆیە دەڵێت:”ئێمە پێویستمان بە خەیاڵە بۆ دروستکردنی جیهانێک، کە هێشتا بوونی نییە”، کە فەلسەفەی ئۆتۆپیایە، واتە بیرکردنەوە لە دەرەوەی دیوارەکانی زیندانەکە. ئەو ڕەتی دەکاتەوە منداڵەکەی ناو سکی بە تاوانبار بزانێت و پێیوایە “تاوان” سیفەتێکی مرۆییە نەک جینی. فەلسەفەی ئۆنا ئەوەیە، کە “خراپە ناکرێت بە خراپە چارەسەر بکرێت”. ئەو نوێنەرایەتی لایەنە ڕوحانیی و گەشبینەکەی مرۆڤ دەکات، کە تەنانەت لەناو تارییکیشدا بەدوای ڕووناکییدا دەگەڕێت. هەرچی کارەکتەرەکەی تر سۆلۆمۆنە ( ئۆگست وینتەر ڕۆڵەکەی دەبینێت) قوربانیی بێدەنگیی و تێکشکانی پیاوێتییە. سۆلۆمۆن، کە زۆرجار وەک کارەکتەرێکی پەراوێزخراو دەبینرێت، نوێنەرایەتی لایەنێکی تری تراژیدیاکەیە. سۆلۆمۆن پیاوێکی گەنجە، بەڵام لە ڕووی دەروونییەوە تێکشکاوە. ئەو ناتوانێت وەک پیاوەکانی تر بێت و توندوتیژیی بکات، بەڵام ناتوانێت بەرگرییش لە ژنەکان بکات. لەکاردانەوەی بەرامبەر پیاوەکان بێدەنگی هەڵبژاردووە، لەبەرئەوەی نایەوێ وەک ئەوان بدوێت. ئەو لە فیلمەکەدا دەگری و بێدەنگە. سۆلۆمۆن نیشانمان دەدات، کە سیستەمی باوکسالاریی تەنها ژنان ناچەوسێنێتەوە، بەڵکو ئەو پیاوانەش دەچەوسێنێتەوە، کە نایانەوێت ببنە جەلاد. ئەو قوربانییەکی بێدەنگی ئەو کولتوورەیە، کە ڕێگە نادات پیاو هەستەکانی دەربڕێت یان دژی ستەم بوەستێتەوە. لە ڕوانگەیەکی فەلسەفییەوە، ئەو نموونەی نامۆبوونی مرۆڤە لە خودی خۆی لەناو کۆمەڵگەیەکی داخراودا.

یەکێک لە جوانترین گفتوگۆکانی ناو فیلمەکە لای ئۆنایە کاتێک دەڵێت:”ئێمە لێرە ناڕۆین تەنها بۆ ئەوەی ڕا بکەین، بەڵکو دەڕۆین بۆ ئەوەی شتێک دروست بکەین”. ئەمە جەوهەری فەلسەفەی فیلمەکەیە، کە مرۆڤ دەبێت لە پەرچەکردارەوە بگۆڕێت بۆ کرداری ئەرێنی.

کارەکتەرێکی تر هەیە ئۆگستە، کە بین ویشاو ڕۆڵەکەی دەگێڕێت، لە فیلمەکەدا تەنها پیاوێک نییە، کە نەرم بێت، بەڵکو کارەکتەرێکی زۆر گرنگی فەلسەفی و مرۆییە. لەو کۆمەڵگەیەدا ڕێگە بە ژنان نەدراوە فێری خوێندن و نووسین ببن، ئۆگست وەک تۆمارکەری مێژووەکەیان کار دەکات. ئەو لەوێ دانیشتووە تەنها بۆ ئەوەی قسەکانیان بنووسێتەوە. ئۆگست نوێنەرایەتی “هاوپەیمانیی پیاوان” دەکات. ئەو نایەوێت ڕای خۆی بسەپێنێت، بەڵکو هاتووە بۆ ئەوەی گوێ بگرێت. ئۆگست لە هەموو پیاوەکانی تری ناو کۆمەڵگەکە جیاوازە. ئەو هێمنە، میهرەبانە و نیشانەیەکی ئەوتۆی توندوتیژی تێدا نییە. بۆچی؟ چونکە ئەویش قوربانییە. ئەو پێشتر لە کۆمەڵگەکە دەرکراوە و گەڕاوەتەوە. ئەو دەزانێت چەوساندنەوە چییە. ئۆگست نیشانمان دەدات، کە پیاوبوون مەرج نییە هاوتای هێز و توندوتیژیی بێت، بەڵکو دەکرێت هاوتای هاوسۆزیی و تێگەیشتن بێت. ئۆگست خۆشەویستییەکی بێدەنگ و قووڵی بۆ ئۆنا هەیە. ئەم خۆشەویستییە زۆر پاکە و هیچ مەرجێکی تێدا نییە. ئەو دەزانێت، کە ئۆنا و ژنەکان دەڕۆن و ئەو بەجێدەهێڵن، بەڵام هێشتا یارمەتییان دەدات. ئەمە بەرزترین ئاستی قوربانییدانە، کە یارمەتیی کەسێک بدەیت بۆ ئەوەی ئازاد بێت، تەنانەت ئەگەر ئەو ئازادییە ببێتە هۆی دوورکەوتنەوەی لە تۆ.

لە کۆتایی فیلمەکەدا، ئۆگست دەمێنێتەوە بۆ ئەوەی کوڕە بچووکەکان پەروەردە بکات. ئەرکی ئۆگست زۆر قورسە. ئەو دەبێت ڕێگریی بکات لەوەی ئەو کوڕانە وەک باوکیان لێ بێت. ئەو هێمایە بۆ ئەوەی کە گۆڕینی سیستەمی باوکسالاریی پێویستی بە پیاوانیش هەیە، کە لە ناوخۆوە کار بۆ گۆڕینی کولتووری توندوتیژیی بکەن. ئۆگست لە فیلمەکەدا وەک ئاوێنەیەکە، نیشانی دەدات، کە کێشەی ژنەکان لەگەڵ ڕەگەزی نێر نییە بە گشتیی، بەڵکو لەگەڵ ئەو سیستەمە ستەمکارەیە، کە پیاوان دروستیان کردووە. بوونی ئۆگست لە فیلمەکەدا ڕێگرە لەوەی فیلمەکە ببێتە فیلمێکی دژە-پیاو. ئەو دەیسەلمێنێت، کە دەکرێت پیاو بیت و لە هەمان کاتدا مرۆڤێکی پڕ لە میهرەبانیی و دادپەروەر بیت.

گرنگترین پرسیار لێرەدا لە شیکردنەوەیەکی گریمانەیی بۆ فیلمەکە ئەوەیە، کە ئایا ئۆگست دەتوانێت بە تەنیا زهنیەت و ڕەفتاری کوڕە بچووکەکان بگۆڕێت؟ کارەکەی ئۆگست زۆر سەختە، چونکە دۆخی ئەو هەم تراژیدییە و هەم پڕە لە ئومێد. چونکە گۆڕینی کۆمەڵگەیەک، کە لەسەر بنەمای توندوتیژیی و باڵادەستی پیاو دروست بووە، تەنها بە ڕۆیشتنی ژنەکان تەواو نابێت، بەڵکو پێویستە لە ناوەوەش کەسێک هەبێت، کە تۆوی جیاواز بچێنێت. ئۆگست ئەو کەسەیە. ئەو وەک وەرگێڕێک وایە، ئەو زمانە توندوتیژەی پیاوەکان وەردەگێڕێت بۆ زمانێکی مرۆیی بۆ نەوەی نوێ. سەرکەوتنی ئۆگست بەستراوەتەوە بەو بێدەنگییە، کە لە پاش ڕۆیشتنی ژنەکان دروست دەبێت. کاتێک پیاوە توندوتیژەکان دەگەڕێنەوە و دەبینن کەس لەوێ نییە کۆیلایەتییان بۆ بکات، ڕەنگە ڕووبەڕووی دوو بژاردە ببنەوە؛ یان زیاتر توندوتیژ دەبن (کە ئەمە ئەگەری زۆرە) یان تووشی شۆکێکی ویژدانیی بن. لێرەدا ئۆگست دەبێتە تاکە مۆدێل بۆ کوڕە بچووکەکان. ئەو نیشانیان دەدات، کە پیاوبوون واتە خوێندنەوە، نووسین، گریانیش ئەگەر پێویست بکات و ڕێزگرتن لە بەرامبەر.

جێی سەرنجە ئۆگست لە فیلمەکەدا تەنیاباڵ دەمێنێتەوە. ئەو لە لایەکەوە لەلایەن پیاوەکانەوە وەک ‘لاواز’ سەیر دەکرێت و لە لایەکی تریشەوە ناتوانێت لەگەڵ ژنەکان بڕوات، چونکە ئەویش پیاوە. ئەو لەنێوان دوو جیهاندایە. ئەم تەنیاییە باجەکەیەتی بۆ ئەوەی ببێتە کەسێکی باش.

گریمانەییەکی تر لە لێکدانەوەم بۆ ئەم فیلمە ئەوەیە، کە گۆڕانکارییەکی گەورە لە مێژوودا ڕووی نەداوە ئەگەر لەناو سیستەمی ستەمکاردا کەسانێکی وەک ئۆگست نەبووبن، کە بەرەنگاری ستەم ببنەوە و لایەنی حەقیقەت بگرن. لەوانەیە ئۆگست بتوانێت زهنیەتی ژمارەیەکی کەم لە کوڕەکان بگۆڕێت و هەر ئەو چەند کەسەش بەسە بۆ ئەوەی نەوەیەکی نوێ دروست ببێت، کە وەک باوکەکانیان نەبن. گۆڕانکاریی ڕاستەقینە هەمیشە هێواشە، بەڵام ئۆگست یەکەم هەنگاوی نا.

لەوانەیە پرسیارە سەختەکەش ئەوە بێت، کە ئایا پیاوانی ئەو کۆمەڵگەیە ڕێگەی پێ دەدەن ئەو کوڕانە بەو شێوەیە پەروەردە بکات، یان ئەویش دەبێتە قوربانیی؟ ئەمەیان پێویستی بە ئەزموونکردن هەیە نە داڕشتنی گریمانە بە تەنیا.

با بە وردیی بێمە سەر بڕیارە مێژووییەکەی ژنەکان لە کۆتایی فیلمی “ژنەکان دەدوێن”. ژنەکان بڕیارێک دەدەن، کە هەموو هاوکێشەکان دەگۆڕێت. ئەو بڕیارە و کاریگەرییەکانی چیین؟ دوای گفتوگۆیەکی زۆر و قووڵ لەنێوان مانەوە و جەنگان، ژنەکان دەگەنە ئەو ئەنجامەی مانەوە و جەنگان تەنها توندوتیژیی زیاتر بەرهەم دەهێنێت و دەبێتە هۆی ئەوەی ئەوانیش ببنە بکوژ یان زیاتر بچەوسێنەوە، بۆیە بڕیار دەدەن؛ بڕۆن.

لە بەرەبەیانێکی زوودا، پێش ئەوەی پیاوەکان لە شارۆچکەکە بگەڕێنەوە، ژنەکان هەموو کاڵا و پێداویستییە سەرەکییەکانیان دەخەنە ناو گالیسکەکان و بە کۆمەڵ، بە ژن و منداڵەوە، شوێنەکە بەجێدەهێڵن.  ئۆگست لەگەڵیان ناڕوات. ئەو دەمێنێتەوە بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی پیاوەکان ببێتەوە و وەک شایەتحاڵێک و مامۆستایەک کار بکات. ئەو لە کۆتاییدا ئەو نەخشە و نووسینانە دەپارێزێت، کە بۆ ژنەکان ئامادەی کردبوون. ئەمە نیشان دەدات، کە مێژووی ژنەکان نافەوتێت.

لە دیمەنەکانی تری کۆتایی فیلمەکە، ئەوان هەوڵ دەدەن پێمان بڵێن:”ئازادیی تەنها ڕاکردن نییە لە جێگەیەک، بەڵکو دروستکردنی جیهانێکی نوێیە”. ئەوان ناڕۆن بۆ ئەوەی ببنە پەنابەر، بەڵکو دەڕۆن بۆ ئەوەی کۆمەڵگەیەکی نوێ دروست بکەن، کە تێیدا یاساکان لەسەر بنەمای ڕێز و یەکسانیی بن. گەورەترین گۆڕانکاریی ئەوەیە، کە ئەوان کۆرپە کوڕەکان و کچەکانیان لەگەڵ خۆیان دەبەن. ئەمە واتە بڕینی ئەو زنجیرە توندوتیژییەیە، کە باوکەکان بۆ کوڕەکانیان جێیان دەهێشت. کوڕە کۆرپەکان لە ژینگەیەکی نوێدا گەورە دەبن، کە تێیدا توندوتیژیی وەک “پیاوێتیی” سەیر ناکرێت.

کاتێک پیاوەکان دەگەڕێنەوە و دەبینن کەس لە ماڵ نییە، ئەوان هەموو شتێکیان دۆڕاندووە. بێدەنگیی ناو ماڵەکان گەورەترین سزایە بۆ ئەوان. بێبایەخبوونی دەسەڵاتی ئەوان لێرەدا دەردەکەوێت، پیاوێک، کە کەسی نەبێت فەرمانی بەسەردا بکات، دەسەڵاتەکەی هیچ مانایەکی نامێنێت.

دیمەنی کۆتایی فیلمەکە کە گالیسکەکان بەرەو ئاسۆیەکی نادیار دەڕۆن، گەشبینانە دیارە، هەرچەندە نازانن بۆ کوێ دەڕۆن و ڕووبەڕووی چ سەختییەک دەبنەوە، بەڵام “دڵنیایی لە ئازادیی” لای ئەوان گرنگترە لە “دڵنیایی لە نان و شوێن” لە ژێر سایەی زوڵمدا. فیلمەکە بە دەنگی کچێکی گەنج کۆتایی دێت، کە بۆ کۆرپەلە نوێیەکە (منداڵەکەی ئۆنا) دەدوێت و دەڵێت: “چیرۆکی تۆ جیاواز دەبێت لە چیرۆکی ئێمە”. ئەمە گەورەترین گۆڕانکارییە؛ گۆڕینی داهاتوو.

لەنێوان واقیعی هاوشێوە و فیلمەکە بۆشاییەک هەیە، کە پرسیارێکی دیکە لەگەڵ خۆی دێنێت. ئایا بڕیاری ژنەکان (ڕۆیشتن و دەستپێکردنەوە لە سفر) لە ژیانی ڕاستەقینەدا کارێکی ئاسانە، یان تەنها لە فیلمدا دەکرێت؟ ئەڵبەتە ژنەکان لەناو تەویلەکەدا سێ بژاردەی سەرەکییان خستە بەردەم یەکتر و دەنگیان لەسەر دا. ئەم گفتوگۆیە لە ڕاستییدا ململانێیەکی فەلسەفی قووڵ بوو لەنێوان مانەوە، شەڕکردن، و ئازادیی.

هەر یەک لە ئەگەرەکان شایانی گفتوگۆی قووڵە. یەکەمیان هیچ نەکردن یان مانەوە و لێبوردن. ئەم بژاردەیە لەلایەن ئەو کەسانەوە پاڵپشتی لێ دەکرا، کە دەترسان لەوەی ئەگەر لە پیاوەکانیان خۆش نەبن، “بەهەشت” لەدەست بدەن. پیاوە ئاینییەکان پێیان وتبوون، کە ئەگەر لێبوردنی بێ مەرجیان نەبێت، لە ئاین دەردەچن. بەڵام بۆچی ژنەکان ئەم ئەگەریان ڕەتکردەوە؟ چونکە گەیشتبوونە ئەو قەناعەتەی کە لێبوردنێک بە زۆرەملێی بێت، لێبوردن نییە، بەڵکو خۆبەدەستەوەدانە. مانەوە بەواتای بەردەوامبوونی دەستدرێژیی و مەترسیی بۆ سەر کچەکانیان دەهات.

دووەمیان مانەوە و شەڕکردنە واتە بەرەنگاربوونەوە. هەندێک لە ژنەکان، بەتایبەت سالمێ (جێسی بەکڵی ڕۆڵەکەی بینیوە) کە زۆر توڕە بوو، پێیانوابوو دەبێت بمێننەوە و بەرگریی لە خۆیان بکەن، تەنانەت ئەگەر بە توندوتیژییش بێت. ژنەکان ڕەتیان کردەوە، چونکە ترسان لەوەی، کە بۆ شەڕکردن دژی پیاوە توندوتیژەکان، ناچار بن خۆشیان توندوتیژ بن. ئۆنا دەڵێت:”ئەگەر ئێمە بجەنگین، دەبینە هەمان ئەو شتەی کە ڕقمان لێیەتی”. جگە لەوەش، مانەوە لە ژینگەیەکدا، کە پڕە لە ڕق، ڕێگەی نەدەدان نەوەیەکی تەندروست پەروەردە بکەن. سێیەمیان؛ ڕۆیشتن واتە کۆچ ئەمە قورسترین بژاردە بوو، چونکە ئەوان نە نەخشەیان هەبوو، نە دەیانزانی جیهانی دەرەوە چۆنە و بۆ هەندێکیان تەحەدییەکی تریش هەبوو، کە چۆن بەبێ پیاوەکانیان دەژین.

ئەدی بۆچی ژنەکان لە کۆتاییدا بڕیاری “ڕۆیشتن”یان دا؟ بڕیارەکە لەسەر بنەمای چەند خاڵێکی سەرەکیی بوو، کە لە کاتی گفتوگۆکاندا بۆیان ڕوون بووەوە. پاراستنی باوەڕیان، کە ئەوان پێیان وابوو بۆ ئەوەی ببنە مەسیحییەکی ڕاستەقینە و بتوانن لە پیاوەکانیان خۆش بن، دەبێت سەرەتا لەو ژینگەیە دوور بکەونەوە. ڕۆیشتن تەنها ڕاکردن نەبوو، بەڵکو هەوڵێک بوو بۆ پاراستنی پاکی ڕوحی خۆیان.

هەروەها ڕۆشتنیان بۆ بەرپرسیارێتی بوو بەرامبەر منداڵەکان، کە ئەمە خاڵە یەکلاکەرەوەکە بوو. ئەوان درکیان بەوە کرد کە ئەگەر بمێننەوە، کچەکانیان دەبنە قوربانیی و کوڕەکانیشیان فێری توندوتیژیی دەبن. ڕۆیشتن تاکە ڕێگە بوو بۆ ئەوەی “زنجیری ستەم” بپسێنن.

ئەوان پێیان وابوو، کە ناتوانن سیستەمی کۆن چاک بکەن، چونکە ئەو سیستەمە لەسەر بنەمای بێدەنگکردنی ئەوان دروست کراوە. بۆیە بڕیاریان دا جیهانێکی نوێ دروست بکەن کە تێیدا “مافی بڕیاردان”یان هەبێت.

لەم نێوەندەدا شیکارییەکی تری گریمانەیی بۆ فیلمەکە پێویستییەکە، چونکە دواجار ئەم فیلمە ڕاستە لەسەر بنەمای سیناریۆیەکی بڕیار لەسەردراو و دانی پەیامی دیاریکراو داڕێژراوە، تۆمارکراوە و نیشان دەدرێت، بەڵام لەم ساڵانەی دواییدا زۆرێک لە ڕووبەرەکانی پەرورەدە پەرەیان بەڕێبازی سەرلەنوێ داڕشتنەوە و شیکردنەوە و گۆڕینی چیرۆکەکان و پەیامەکانیان دەدەن. بۆ نموونە ئەگەر ئەمە فیلم نەبێ و لە واقیع دا بێت و تۆ یەکێک بیت لە کارەکتەرەکان چی دەکەی؟ یان ئەگەر تۆ لە شوێنی ئەوان بوویتایە، پێتوایە مانەوە و شەڕکردن کاریگەرتر دەبوو یان ڕۆیشتن؟ ئەم لێکدانەوەیە گرنگە لای بینەر، چونکە ڕەوتی فیلمەکە زیاتر فێرکەر دەبێ بۆ بینەر و شرۆڤەکارانی، کە ببێتە پارچەیەک لە ئەزموونەکانی ژیانیان.

بۆ نموونە لە کامپێکی ژنۆلۆژی ئەم فیلمەمان نیشان دا و لێکدانەوەمان لەسەر کرد. ئامادەبوانی کامپەکەمان کردە چەند گروپێک و هەر گروپێک بە جیا گفتوگۆیان لەسەر کرد بۆ ئەوەی هەموو کەسێک مافی قسەکردنی یەکسانی هەبێت و دواتر ئەنجامەکانیمان لە سەکۆکیەکی کراوەدا لەگەڵ یەک بەش کرد. دەرکەوت بەشێکی زۆر لە بەشدارانی گفتوگۆکە پێیان وابوو، کە مانەوە بژارە ڕاستەکەیە. ئازادیی پێویستی بە تەحەدییە نەک ڕۆیشتن، ژنەکان پێویستیان بە یەکێتیی و ڕێبازی دیکەی تێکۆشانە نەک ڕۆیشتن. کارەکتەری سالمێ لە فیلمەکەدا بە توندیی بەرگریی لەو بژارە دەکرد. ئەویش پێی وابوو، کە ڕۆیشتن جۆرێکە لە خۆبەدەستەوەدان و پێویستە لەوێ بمێننەوە و خاک و ماڵەکەیان بپارێزن.

ئەڵبەتە جێهێشتن تەنیا پەیوەندیی بە ڕووداوێکی جەستەییەوە نییە. پێدەچێت مرۆڤ ئەوێ بەجێبهێڵێت، بەڵام وزە، ڕۆح و ورەی تێکۆشانی بەهێزتر دەبێت یان نا؟، بەهێزبوونی یان لاوازبوونی پەیوەندیی بە چییەوە هەیە؟ لە ڕوانگەی فەلسەفی و سیاسییەوە، لایەنە ئەرێنیی و تەحەدییەکانی ئەم ڕوانگەیە زۆرن. یەکێکیان ململانێیە وەک ڕێگایەک بۆ سەلماندنی بوون. لەوەدا ئەو لێکدانەوەیە ڕاستە، کە ئازادیی پێویستی بە تەحەدییە، کە خودی فەلسەفەی بەرخۆدانە. بەپێی ئەم تێڕوانینە، کاتێک تۆ جێگەکە چۆڵ دەکەیت، پانتاییەکە بۆ ستەمکار بەجێدەهێڵیت تا زیاتر گەشە بکات. مانەوە و تێکۆشان لەناو جەرگەی مەیدانەکەدا، ستەمکار ناچار دەکات دان بە بوونی تۆ و مافەکانتدا بنێت. فاکتەری دووەم؛ یەکێتیی و ڕێکخستنە. ئەگەر ژنەکان یەک بگرن و “ڕێبازی دیکەی تێکۆشان” بگرنە بەر (وەک مانگرتنی گشتیی، بێبەشکردنی پیاوان لە خزمەتگوزارییەکان، یان دروستکردنی هێزێکی ناوخۆیی)، دەتوانن هاوسەنگی هێز بگۆڕن. ئەم هەنگاوە ئەگەر هێواشیش بێت ئەنجامی خۆی دەدات.

بەڵام بۆچی فیلمەکە ئەو پەیامە دەدات، کە ڕۆیشتن وەک تێکۆشانێکی گەورەتر دەبینێت؟  ئەمە خاڵێکی ناکۆکە. لێرەدا فیلمەکە چەند پاساوێک دەهێنێتەوە، کە بۆچی لەو بارودۆخە تایبەتەدا ڕۆیشتن لە مانەوە قورستر و شۆڕشگێڕانەترە.  لێرەدا دەکرێت ڕۆیشتن وەک پانتاییەکی هزریی لێ بڕوانرێت نەک جوگرافی و فیزیکی. بۆ ئەوەش ژنەکان ترسیان هەبوو ئەگەر بمێننەوە و بجەنگن، ناچار بن وەک پیاوەکان توندوتیژ بن. ئەوان دەیانویست جیهانێک دروست بکەن، کە بنەماکەی خوێنڕشتن نەبێت. ڕۆیشتن بۆ ئەوان تەحەدییەکی مەزنتر بوو، چونکە دروستکردنی ژیان لە جێیەکی نادیاردا ئازایەتییەکی زیاتری دەویست وەک لە شەڕی ناوماڵ. لە ماڵدا تۆ ڕووبەڕووی یەک تا چەند کەس دەبیتەوە، بەڵام ئەوەی بۆی دەچیت پێدەچێت تەحەدییەکی گەورەتر بێت. بەڵام لایەنی ئەرێنی ئەوەیە، کە ژنەکان پێکەوە بڕیاریان داوە، یەکگرتووتر و ڕێکخستنکراوترن.  هەروەها گەورەترین سزا بۆ پیاوەکانی ناو فیلمەکە ئەوە نەبوو، کە بکوژرێن، بەڵکو ئەوە بوو، کە کاتێک دەگەڕێنەوە ببینن کەس نەماوە خزمەتیان بکات. ڕۆیشتن وەک مانگرتنێکی ئەبەدی وابوو، کە سیستەمەکەی لە بنەڕەتەوە هەڵوەشاندووەتەوە. هەروەها گەورەترین تەحەدیی ئەوە بوو، کە ئایا دەکرێت لە ناو ژینگەیەکی پڕ لە ڕق و تۆڵە، منداڵێک پەروەردە بکەیت باوەڕی بە ئاشتیی بێت؟ ئەوان پێیان وابوو مانەوە و شەڕکردن، منداڵەکانیان توندوتیژ دەکات، بەڵام ڕۆیشتن دەیانکاتە مرۆڤی ئازاد.

گریمانەیەکی تر ئەوەیە؛ ئەگەر ژنەکان بڕیاری مانەوە و خۆرێکخستنیان بدایە، دەکرا سیناریۆکە بە ئاڕاستەیەکی دیکە بێت، بۆ نموونە گۆڕینی تەویلەکە بۆ ناوەندی بڕیار، لە جیاتی ئەوەی تەنها بۆ گفتوگۆی ڕۆیشتن کۆببنەوە، تەویلەکە دەبوو بە ناوەندی خۆڕێکخستنی نهێنیی. یەکەم هەنگاوی خۆڕێکخستن بریتییە لە دابەشکردنی ئەرکەکان: کێ زانیاریی کۆدەکاتەوە؟ کێ چاودێریی پیاوەکان دەکات؟ کێ بەرپرسە لە پاراستنی منداڵەکان؟. هەنگاوێکی تر بەکارهێنانی هێزی ناتوندوتیژیی. لەبەرئەوەی پیاوەکانی ئەو کۆمەڵگەیە بە تەواوی پشتیان بە ژنەکان بەستووە لە خواردن، پەروەردە، کارکردن لە کێڵگەکاندا. گەورەترین تەحەدیی دەکرێت مانگرتنی سەرتاپاگیر بێت. کاتێک دەڵێت:”نە کار دەکەم، نە قسە دەکەم، نە خزمەت دەکەم تا ئەو کاتەی تاوانباران سزا دەدرێن”، ئەمە سیستەمەکە لە ناوەوە دادەڕمێنێت. هەروەها لە جیاتی بردنی منداڵەکان، دەکرێت لە ناو دڵی سیستەمەکەدا زهنیەتیان بگۆڕدرێت و نەبنەوە بە کۆپییەکی پیاوەکان. کاتێک دایکێک کوڕەکەی وەک “مرۆڤێکی دادپەروەر” پەروەردە دەکات، ئەو کوڕە لە داهاتوودا دەبێتە گەورەترین تەحەدیی بۆ باوکە ستەمکارەکەی. لە لایەکی تر ژنەکان دەتوانن یاسای تایبەت بە خۆیان داڕێژن و هەر پیاوێک توندوتیژیی کرد، بە بایکۆتی کۆمەڵایەتی سزای بدەن. تەگەرەکانی بەردەم ئەم هەنگاوانەش هەن. بۆ نموونە ژنەکان لە ژینگەیەکی زۆر داخراو و بێ یاسادان. مەترسییەکە ئەوە بوو، کە زیانی گیانیان بەرکەوێت. خۆڕێکخستن کاتی زۆری دەوێت، لە کاتێکدا دەستدرێژییەکان هەموو شەوێک بەردەوام بوون.

فیلمی “ژنەکان دەدوێن” بانگەشە بۆ جۆرە شۆڕشێکی بوونگەرایی دەکات. کە هەندێک جار توندترین جۆری تەحەدیی ئەوەیە، کە پشت بکەیتە سیستەمێک و پێی بڵێیت”تۆ شایەنی ئەوە نیت من لەناو تۆدا بجەنگم، من دەچم لە دەرەوەی تۆ جیهانێکی پاکتر دروست دەکەم”.

[1]  مێینۆنایت: مێینۆنایت (Mennonites) گروپێکی ئایینی مەسیحیین، کە مێژووەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی “چاکسازیی ئاینیی” لە سەدەی ١٦ی زایینیدا لە ئەوروپا (بە تایبەت لە ئەڵمانیا و هۆڵەندا). ئەوان بەشێکن لە بزووتنەوەی ئاناباپتیست (Anabaptist) یان “دووبارە هەڵگران یان باپتیستەکان”. ناوەکە لە مێنۆ سیمۆنس وەرگیراوە، کە قەشەیەکی هۆڵەندی بوو، کە توانی شوێنکەوتووانی ئەم ڕێبازە کۆبکاتەوە و ڕێکیان بخات لە کاتێکدا لەژێر فشاری توندی کەنیسە فەرمییەکاندا بوون.

بابەتی پەیوەندیدار