پەرەسەندن و بوارەکانی تێکۆشانی فێمینیستی

ئەکادیمیای ژنۆلۆژی – بەشی یەکەم

ئەگەرچی ئەو پاشخانەی بزووتنەوەی فێمینیستی لەسەری دامەزراوە دەگەڕێتەوە بۆ سەدەکانی پازدە و شازدە، بەڵام شۆڕشی فەرەنسی خاڵی سەرەکیی دەستپێکردنێتی. لە ماوەی شۆڕشی فەرەنسادا، لەکاتێکدا داواکاریی یەکسانی، ئازادی و برایەتی بەرز دەبووەوە، ئەو ژنانەی بەشدارییان لە شۆڕشدا کردبوو، لە هەمان کاتدا ڕایانگەیاند کە دەیانەوێت لە سیاسەتدا بەشدار بن. لەو پێناوەشدا تێکۆشانێکی ڕادیکاڵانەیان ئەنجام دا تا ئەو ئاستەی سەریان لە گیۆتین بدرێت. ئەو ژنانە چوونە ناو چەندین ڕێکخستن و ڕابەرایەتیی دەیان هەزار کەسیان کرد لەسەر شەقامەکان.

کاتێک چینی بۆرژوا دەستیان بەسەر دەستکەوتەکانی شۆڕشدا گرت و سیستەمی دەوڵەت-نەتەوەیان دامەزراند، ڕێگای دامەزراندنی ماڵ-خێزانیان نیشانی ژنان دا. ژنان ڕێی سیاسەتیان لێ گیرا، سیاسەت کرایە کاری پیاوان و بانگەشەی ئەوە دەکرا، ‘ژنانێک کە عەقڵیان بڕ ناکات’ نەدەبوو خۆیان تێکەڵ بەم کارانە بکردایە. سیستەمی چەوساندنەوەی سەرمایەداری بە ڕاوی جادووگەران، ئەو ژنانە و پەیوەندییەکانی کۆمەڵگەیان بە ژیانەوە بڕی و سیستەمی دەوڵەت-نەتەوەیان دامەزراند.

بزووتنەوەی فێمینیستی وەڵامی گفتوگۆکانی سەبارەت بەوەی “ژن مرۆڤە یان نا” دایەوە. بۆ ئەوەی بوونی ژن بسەلمێنن کە دەتوانن سیاسەت بکەن، کار بکەن، بخوێنن، مافی موڵکدارییان هەبێت و خاوەنی مافی یەکسان بن لەگەڵ پیاودا، دەستیان بە تێکۆشان کرد. بزووتنەوەی فێمینیستی کە لە بەردەوامیی بەرخودانی ژنانەوە سەرچاوە دەگرێت، سەرنجی ڕاکێشایە سەر نایەکسانیی گەورەی نێوان ژن و پیاو. هاواری دەکرد کاتێک هەلومەرج و دەرفەتی یەکسان دروست بکرێت، ژنیش ژیر، بەهێز و بەرهەمهێنەرە.

ئۆلیمپ دە غوش بەشداریی لە شۆڕشی فەرەنسادا کرد و پاشان سەری لە گیۆتین درا. ئەو لەگەڵ ژنانی تێکۆشەری ئەو سەردەمە، لە ساڵی ١٧٩١دا بەرامبەر بە جاڕنامەی مافەکانی مرۆڤ کە ڕێی بەشداریی بە ژنان نەدەدا، ڕاگەیاندنی مافەکانی ژن و هاوڵاتییەتیی ژنی بڵاوکردەوە. ئەم ڕاگەیاندنە وەک یەکەم ڕاگەیاندنی فێمینیستی لە مێژوودا دادەنرێت. لەو ڕاگەیاندنەی داوای مافی دەنگدان و بەربژێربوونی بۆ ژنان دەکرد و لە پای ئەوە سەری ئۆلیمپ دە غوش بەر گیۆتین درا، ئاماژە بە داوای بەشداریی ژنان دەکات لە سیاسەتدا. ڕاگەیاندنەکە بە پرسیارێک لە پیاوان دەست پێ دەکات و دەڵێت:

“ئەی پیاو، ئایا تۆ توانای دادپەروەریت هەیە؟ ژنێک ئەم پرسیارەت لێ دەکات، لانیکەم ناتوانیت ئەم مافەی ئەو وەلاوە بنێیت. پێم بڵێ، کێ ئەو مافی دەسەڵاتی چەوساندنەوەی ڕەگەزی منی پێ داویت؟”.

ژنانیش وشیار دەکاتەوە کە پێویستە بەئاگا بێنەوە و دەڵێت:

“ئەی ژنان! ژن کەی لەو کوێرییەتان ڕزگار دەبن؟ دەستکەوتەکانتان لە شۆڕشدا چین؟ چی ترە جگە لە شێوازی زیاتری سووکایەتی و بچووککردنەوە. لە سەدەکانی پڕ لە گەندەڵیدا، بە ئیستغلالکردنی لاوازیی پیاوان حوکمڕانیتان کردووە. دەسەڵاتتان ڕووخێنراوە و نەماوە، چیتان ماوەتەوە؟ دەسەڵاتی پیاوان، بڕیارە نادادپەروەرەکان. بەپێی فەرمانە بەرزەکانی سروشت، داوای گەڕانەوەی ئەوە دەکات کە هی تۆیە؛ بۆچی دەبێت لەم جۆرە وابەستەییە بترسیت؟”.

ماری وۆڵستۆنکرافت کە بەدواداچوونی بۆ ئەو پێشهاتە شۆڕشگێڕانەیە کرد و پێی کاریگەر بوو، لە ساڵی ١٧٩٢دا “بەرگرینامەی مافەکانی ژنان”ی لە ئینگلتەرا نووسی. لە ساڵی ١٧٩٠دا لە ئەمریکا، جودیت سارجێنت مووری بەرهەمێکی لەسەر یەکسانیی نێوان ڕەگەزەکاندا بڵاوکردەوە و داوای کرد ئەو مافانەی بە پیاوان دراون، بە ژنانیش بدرێن. چونکە لە ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی ئەمریکادا کە لە سەرەتای شەڕی سەربەخۆیی ساڵی ١٧٧٦ بڵاوکرایەوە، جێ بە ژنان نەدرابوو.

بزووتنەوەی فێمینیستی کە لە ئەورووپا و ئەمریکادا بڵاوبووەوە، لە کۆتایی سەدەی ١٨ەوە تا نیوەی دووەمی سەدەی ٢٠، هەڵگری کاریگەریی هزری ڕۆشنگەریی لیبراڵ بوو. وەک خەباتی یەکسانیی یاسایی لەگەڵ پیاودا هاتە مەیدان، بۆ ئەوەی ژنان لە سیستەمی دەوڵەت-نەتەوەی نوێدا، لەسەر بنەمای مافی یەکسان شوێنیان هەبێت. ئەو ڕەوتە فێمینیستانەی لەو سەردەمەدا سەریانهەڵدا، لە لایەن فێمینیزمی ڕۆشنگەریی لیبراڵ و فێمینیزمی کولتوورییەوە شێوەیان پێدرا.

فێمینیزمی ڕۆشنگەریی لیبراڵ سەرنج دەداتە مافی سیاسەت، کارکردن، مافی موڵکداری، خوێندن و یەکسانیی یاسایی لەگەڵ پیاو. لە ئەمریکا، ئینگلتەرا و وڵاتانی ئەورووپادا خەباتی مافی دەنگدان (سوفراژێتەکان) کارنامەیەکی گرنگ دروست دەکات. مانگرتن لە خواردن و خواردنەوە و خۆپیشاندانەکان، سیفەتێکی ڕادیکاڵانەیان هەبوو. ماری کلارک، جین هیوارت، کاترینا فرای لە ئەنجامی مانگرتن و هێرش بۆ سەر دەرخوارددانی زۆرەملێ ژیانیان لەدەست دا. ئێمیلی دەیڤیسۆن لە یارییەکانی ئەسپسواری کە لە لەندەن ئەنجام درا، سەرکەوتوو بوو بچێتە ناو یاریگاکەوە و بە هاوکردنی دروشمی سوفراژێت (مافی دەنگدان) خۆی خستە بەردەم ئەسپی پاشا جۆرجی پێنجەمەوە و چەند ڕۆژێک دواتر ژیانی لەدەست دا. چالاکییەکان بۆ کرێی یەکسان و کاری یەکسان لە بابەتە سەرەکییەکانی تێکۆشانی ژنان بوون.

فێمینیزمی کولتووریی لە مێژووی بزووتنەوەی فێمینیستیدا

فێمینیزمی کولتووریی، کارنامە و تێکۆشانێک لەسەر بیرۆکەی یەکسانبوون لەگەڵ پیاو بە ڕاست نازانێت. گرنگی بە کولتوور، ژیان و بەهاکانی تەوەری ژن دەدات. داکۆکی لەوە دەکات کە دونیای ژنان، وزە و هەوڵەکانیان جیاوازە و پێویستە ئەم دونیایە ئاشکرا بکرێت. مارگریت فولەر دەڵێت:

“کاتێک ژنان درک بەوە دەکەن ئازاد و ژیرن بۆ جێبەجێکردنی هێز و جوانیی ژنێتییان، ئیتر نایانەوێت وەک پیاو بن”.

فولەر کاتێک پەرەی بە دیدی فێمینیزمی کولتووری دا، لە سەدەی ١٩دا لە کتێبی “ژن”دا باس لەوە دەکات کە هێزی کۆمەڵایەتیی ژن چارەسەرە بۆ کێشەکانی ئێستا.

خەباتی فێمینیستیی ئەم سەردەمە، لە ئاستی هەرێمی و نێونەتەوەییدا پەرەی بە ڕێکخستنەکانی دا و لە دەوری کۆنفرانس و کارنامەی هاوبەش کۆبوونەوە. کاریگەرییەکی بەرچاوی کردە سەر تێکۆشانە سۆسیالیستییەکان و تێکۆشانی ژنان، کاریگەرییەک کە هەم لە پەیوەندی و هەم لە ناکۆکیدا پەرەی سەند. پێشەنگە سۆسیالیستەکانی وەک کلارا زێتکین، ڕۆزا لۆکسەمبورگ و ئەلێکساندرا کۆلۆنتای، بزووتنەوە و داواکارییەکانی فێمینیستەکان بە لیبراڵ دەزانن و ڕەخنەیان لێ دەگرن کە هەمیشە ئامادەن بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ بۆرژوازیدا. وێڕای ئەوەش داواکاری و خەباتی هاوبەش هەبوون، بۆ نموونە دژایەتیی جەنگ و مافی دەنگدان.

دوای جەنگی جیهانیی یەکەم، لە هەندێک وڵات مافی هەڵبژاردن و کاندیدکردنیان بەدەست هێنا، کە بە درێژایی سەدەیەک شەپۆل بە شەپۆل بووە مافێک لە وڵاتانی دیکەش بەدەست هێنرا. هەرچەندە مافی کرێی یەکسان بۆ کاری یەکسان پەسەند کرا، بەڵام ئەو خەباتە لە زۆرێک لە وڵاتانی جیهاندا بەردەوامە.

لە تیۆری و پراکتیکی بەشێک لە ڕەوتەکانی فێمینیستیدا، بینینی پیاو وەک کێشە و کردنیان بە ئامانج، وەک هێڵی سەرەکی لەو ڕۆژگارەوە هەتا ئەمڕۆ کاریگەرە. پرۆسەی کرانەوەی بزووتنەوەکانی فێمینیزمی سەدەی ٢٠، لە دوای جەنگی جیهانیی دووەم، واتە لە سەردەمی تێکشکاندنی فاشیزم، شۆڕشە دیموکراتییەکانی گەلان، شۆڕشەکانی ڕزگاریخوازی نیشتمانی و بزووتنەوەکانی لاوانی شۆڕشگێڕی ١٩٦٨ کە هەم سەرمایەداری و هەم ڕیال سۆسیالیزمی خستە ژێر پرسیارەوە، ڕووی دا.

لە ساڵانی ١٩٤٠-١٩٥٠دا کتێبی “ڕەگەزی دووەم”ی سیمۆن دۆ بۆڤوار و دیاریکردنەکانی وەک “وەک ژن لەدایک نابن، بەڵکو دەکرێنە ژن” و “ڕزگاریی ژنان لە سکی دایکیانەوە دەست پێ دەکات” بووە بنەمای لێپێچینەوە لە ڕەگەزگەرایی کۆمەڵایەتی. هەروەها ئاماژەکەی کارۆل هانیش “تایبەت، سیاسییە” و پرسیارەکانی ئان ئۆکلی لەسەر ڕەگەزی کۆمەڵایەتی لە دەیەی ١٩٧٠دا ڕوونتر بوون. پەیوەندییەکانی ژن-پیاو کە لە ماڵ و خێزاندا دروستکراون، خرانە ژێر پرسیارەوە. هەرچەندە لێپێچینەوە لە سیستەمی باوکسالاری بوو، بەڵام چارەسەرییەکان لە مەیلی تاکەکەسی و ئازادیی لیبراڵەوە شێوەیان بە دیدگاکان دا. کنە و پشکنینە شوێنەوارییەکان زانیارییەکی ڕووناککەرەوە بۆ مێژوو پێشکەش دەکەن و زەمینەیەک دەکەنەوە بۆ بیرکردنەوە لەسەر ناسنامە، ڕەنج و مێژووی ژن.

فێمینیزمی بوونگەرایی گرنگی بە ناسنامەی بونیادنراوی ڕەگەز دەدات و بوارەکانی کۆیلایەتی و سەروەری دەخاتە بەر لێپرسینەوە. لە تیۆریی فێمینیستی مارکسیستی و سۆسیالیستیدا ناسنامەی چینایەتیی ژن لە پێشە، چارەسەری ناکۆکیش بە چوارچێوەی ڕزگاریی چینایەتییەوە دەبەستێتەوە. هەرچەندە لە مەیلی سۆسیالیستیدا لە دژی بیرۆکەی “ژن لەگەڵ ڕزگاربوونی چینایەتیدا ڕزگار دەبێت” وەستاونەتەوە و پێشینە بە کێشەی ژن دراوە، بەڵام چارەسەر لە کاریگەریی دیدی چینایەتیدا دەمێنێتەوە. هەرچەندە هەوڵ هەیە بۆ کێشانی هەناسەیەک و ڕەخساندنی بواری جووڵە بۆ ژنان (بۆ نموونە دابینکردنی داهات بۆ کاری ماڵەوە و گۆڕینی کارەکانی چاودێری بۆ خزمەتگوزاری گشتی)، بەڵام نەبوونە چارەسەرییەکی ڕیشەیی و گشتی. بنبەست، پاشەکشە و هەڵوەشانەوەی ڕیال-سۆسیالیزم ئەو بوارانەشی تەنگ کردەوە.

لە هەمان سەردەمدا فێمینیزمی ڕادیکاڵ، کاریگەری و سەروەریی پیاوی لەسەر جەستە، سێکسواڵیتە و زاوزێی ژن خستە ژێر پرسیارەوە و بەرگری لە مافی قسە و بڕیاری ژن لەسەر جەستەی خۆی دەکات. ئاشکرای دەکات کە مێژوو لەسەر شەڕی نێوان ڕەگەزەکان دامەزراوە نەک شەڕی چینایەتی؛ ژن یەکەم چینە و پێویستە بڕیاردەر بێت لە بەرهەمهێنان و زاوزێدا، ئەمەش زەمینەی بۆ لێپرسینەوە و جووڵانەوەی گرنگ کردەوە. دابەشکردنی حەپی کۆنتڕۆڵی زاوزێ و چالاکییەکان بۆ مافی لەباربردن، چالاکیی کاریگەر بوون لە ئاستی هەرێمی و نێونەتەوەییدا. ئەمە سەردەمێک بوو کە ڕێکخستنی فێمینیستی پەرەی دەسەند و کارەکانی هۆشیاری لە ڕێگەی پەروەردە، گفتوگۆ و بڵاوکراوەکانەوە بەردەوام بوون.

لەناو بزووتنەوەکانی فێمینیستیدا، قاڵبوونەوەی تیۆر و چالاکیی ئیکۆلۆژی و ئانارکیستی کە سیستەمی باوکسالارانە، دەوڵەت و دەسەڵات دەخاتە ژێر پرسیارەوە، دیدی تەنگی ڕەگەزی تێدەپەڕێنێت و گرنگی بە یەکسانیی ژن-پیاو و ئازادیی کۆمەڵایەتی دەدات، ئاسۆی نوێ دەکاتەوە. ڕەخنەکانی ژنانی ڕەشپێست لە نەژادپەرستیی ژنانی ‘سپی’ی سەروەر و مەیلی چینی ناوەڕاست کە لە گشتیی کۆمەڵگە جیاوازە، کاریگەر دەبن. ئەو ڕەوتانەی کێشەی ژن لە کێشەی کۆمەڵایەتی و ئازادیی ژن لە تێکۆشانی ئازادیی کۆمەڵایەتی جیا دەکەنەوە، لە کتێبی “فێمینیزم بۆ هەمووانە”ی بێل هووکس و لێپرسینەوەی سۆسیالیستی و تێکۆشانی ئەنجێلا دێڤیسدا دەردەکەون.

گرنگیی ڕەخنەی فێمینیستە سۆسیالیستەکانی وەک ماریا میس و سیلڤیا فێدریچی و فێمینیستە ئیتالییەکان لەسەر تێگەیشتنی مۆدێرنیستی، ئایدیۆلۆژی، سیاسەت و تێگەیشتن لە مێژووی تیۆری مارکسیستی کلاسیک و خەباتی سۆسیالیستی کە بە شێوەیەکی پێویست جێیان بە ژنان نەدا، ڕەخنەیان لەسەر دامەزراندنی سیستەمی سۆسیالیستی زۆر بەنرخە. تیۆر و کردارەکانیان سەرنج دەدەنە ئەوەی فێمینیزمی ڕۆژئاواییش دەبێت ئاوڕ لە سیاسەتە کۆلۆنیالیستییە سەرمایەدارییەکان و قڕکردنی ژن بدەنەوە کە لە ئەنجامی داگیرکاریدا هاتۆتە ئاراوە و بیخەنە ژێر پرسیارەوە. هەروەها ڕێگا بۆ سیاسەت و چالاکییەک ئاسان دەکات کە کۆلۆنیالیزم، داگیرکردنی ڕەنج-جەستە-خاک، پەیوەندیی لەناوبردنی ژن-کۆمەڵگە-سروشت شیکار دەکات و ئاشکرایان دەکات، و کاریگەریی دەبێت لەسەر گەشەکردنی ڕەوتی فێمینیستی دژ بە داگیرکاری.

لە چارەکی کۆتایی سەدەی ٢٠دا، ئەو هەوڵ و پرسیارانەی بە شێوەیەکی بەرچاو سەریان هەڵدا و کاریگەرییان هەبوو، بنەماکانی فێمینیزمی سەدەی ٢١یان پێکدەهێنا. کاریگەریی هەبوو لەوەی نیگاکان لە ڕۆژئاواوە بەرەو ڕۆژهەڵات بن، لەسەر سیاسەتەکانی هەژموونی جیهانی، لەناوبردنی سروشت و کۆمەڵگەی کۆلۆنیالیزمی سەرمایەداری بێت. لە کاتێکدا ژنانێک کە لە وڵاتە داگیرکراوەکانەوە کۆچیان بۆ وڵاتانی ڕۆژئاوایی کردووە و لە بواری ئەکادیمیدا بەشدارییان هەیە، ڕۆڵیان دەبینی لە گەشەکردنی ڕەوتی پۆست-کۆلۆنیال، هەم لەو وڵاتەی بۆی چوون و هەم لە وڵاتەکانی خۆیاندا، سیاسەتی جیاکارانە، نەژادپەرست و کۆلۆنیالیستییەکانیان دەکردە ڕۆژەڤ.

ڕەخنەکانی ڕەوتی فێمینیستی ئیسلامی لە دوای ساڵانی ٢٠٠٠ەکان لەسەر ناوەندگەرێتیی ڕۆژئاوا، ڕۆژهەڵاتناسی (ئۆریانتالیزم) و دیدی مۆدێرنیستی، بەردەوامیی ئەم پرۆسەیەیە. خستنەژێرپرسیاری مارکسیزم و مۆدێرنیزم، بە فێمینیزمی پۆست-مۆدێرن و پۆست-فێمینیزم، ئاراستەیان بە ڕووداوەکانی کۆتایی سەدە و هەزارەیەکی نوێ و چارەکی یەکەمی سەدە دا. لەجیاتی مامەڵەکردن لەگەڵ ناسنامەی ژن وەک شتێکی جێگیر، گرنگیدان بە بینینی جیاوازی و گۆڕانکارییەکان گەشەی دەکرد. پێشتریش بیرمەندانی وەک هانا ئارێنت، هزر، تیۆری و سیاسەتی بزووتنەوەی فێمینیستییان ڕەخنە کردووە کە ژن لە سنووری ناسنامەی ڕەگەزیدا پێناسە دەکەن. پێشنیاریان بۆ تێکۆشانێک کردووە کە پشتیوانی لە فرەناسنامەیی ژن بکات، وەک ناسنامەی نەتەوەیی، چینایەتی، ڕەگەز، باوەڕ و کولتوور.

بەڵام پۆست-فێمینیستەکان لەجیاتی بینینی فرەناسنامەییی ژن، بە پرسیارکردن لە “جێگیری” و “گەردوونگەرایی”، جیاوازی دادەبەزێنن بۆ ئاستی تاک، هەرێمی و سەروەریی سوبجێکتیڤ. تێپەڕاندنی جێگیریی ناسنامەی ڕەگەز، لە تێپەڕاندنی ناسنامەی دوالیتەیی ژن-پیاو و پێناسەی بوونێکی بێناسنامە و بێڕەگەزدا بەرجەستە دەکەن. لەبەر ڕەتکردنەوەی ئەوەی کە ژن خاوەنی مێژوویەکی هاوبەش بێت یان ڕووبەڕووی چەوسانەوەیەکی هاوبەش بووبێتەوە، دەگەنە ئەنجامێک کە زەمینەیەکی هاوبەشی تێکۆشان لەناو دەبەن.

هەرچەندە مەیل و ڕەوتی پۆست-مۆدێرنیست لە هەندێک خاڵدا وا دەردەکەون کە دژی مۆدێرنیزم بن، بەڵام کاریگەرییەکی قورسی تاکگەرایی و تێگەیشتنی ئازادیی تاکەکەسیی لیبرالیستییان لەسەرە. لە لایەک لەم ڕوانگەیەدا، فێمینیستە فەرەنسییە جوداخوازەکان (سەپەراتیستەکان) پێیان وایە کە پێناسەی ڕەگەزی کۆمەڵایەتی، ناسنامەی ژن نادیدە دەگرێت و بنەمای جیاوازیخوازەکان ئەوەیە کە مێینەیی و مێیەنە لە جێ دادەنێن. لە لایەکی دیکەشەوە، ڕەوتی کوییر (queer) کە وەک پۆست-فێمینیزم پەرەی سەندووە، داکۆکی لەوە دەکات کە هەروەک چۆن ڕەگەزگەرایی کۆمەڵایەتی، ڕەگەزیش بونیادنراوێکە، پێناسەی ناسنامەی ژن ڕەت دەکاتەوە و لەناو بزووتنەوەی گشتیدا کاریگەر دەبێت.

جودیت باتلەر پێشەنگایەتیی ئەم ڕەوتە دەکات کە دەیەوێت ئاراستە بە فێمینیزمی سەدەی ٢١ بدات. لە کتێبەکەیدا “ئاڵۆزیی ڕەگەز” و “جەستە گرنگەکان”، هەرچەندە شیکارییەکی گرنگی دەسەڵات تێدایە، بەڵام لەجیاتی ئەوەی سیستەمی باوکسالاری کە توندوتیژی و ستەم بەرهەم دەهێنێت بکاتە کێشە، ناسنامەی ڕەگەزی دەکاتە کێشە. لەجیاتی گۆڕینی سیستەمی سەرمایەداری، هێترۆسێکسوالیتی وەک کێشە دەبینێت و دەگاتە ئاستێک ڕەگەز وەک گۆڕاوێکی بێسنوور پێناسە دەکات کە لە بایۆلۆژیی ژن و پیاو تێدەپەڕێت. باتلەر ڕەخنە لە فێمینیزمی دەوڵەتیش دەگرێت. لە کاتێکدا بەرگری لەوە دەکات کە لە دەسەڵاتدا هاوشێوە بووە و لە بوون بە ناوەندی بەرەنگاربوونەوە دوور کەوتووەتەوە، لە لایەکی دیکەوە بێتێکۆشانی وەک شێوازێکی تێکۆشان دەخاتە ڕوو.

لەجیاتی ئەوەی سیستەمی باوکسالاری بکاتە کێشە، دانانی ناسنامەی ڕەگەز و ڕەگەز لە ناوەندی کێشەکەدا، دەستپێکی قەیرانێکی نوێیە لە تیۆری و بواری کرداریی فێمینیستیدا. لەجیاتی ئەوەی بزووتنەوەی فێمینیستی دووبارە بکاتەوە بە ناوەندی بەرەنگاربوونەوە، دەگاتە ئەنجامێک کە لە هێڵی تێکۆشانی ڕادیکاڵ دووری دەخاتەوە و لیبراڵی دەکات.

ئەو مشتومڕانەی لەسەر جێندەر دەکرێن کە لە بنەمای زانستی، کۆمەڵایەتی، مێژوویی و کولتووری جیا دەکرێنەوە و لە واقیع دابڕاون، کێشەدارن. مرۆڤ (ژن)، لە ڕێگەی کورتکردنەوەی ئازادی بۆ “ئازادیی هەڵبژاردنی جێندەری خۆی” لە کۆمەڵایەتیبوون دابڕێندراوە، لەبەردەم هەموو جۆرە هێرشێکی سیستمدا کراوە دەبێت. ڕێگەی تێپەڕاندنی سیستمی باوکسالاری، ئایدیۆلۆژیا ڕەگەزگەرا-سێکسیستەکان، توندوتیژی و دەستدرێژییەکانی، لە ڕێگەی لێپرسینەوە و شیکارکردنی پەیوەندییە پلەدارییەکان و سیستمی چەوساندنەوەی دەوڵەتییەوە تێدەپەڕێت.

لەناو بزووتنەوەی فێمینیستیشدا کەسانێک هەن کە ئەم دۆخە وەک “دژەشۆڕش” دەبینن. جۆزێفین دۆنۆڤان لە کتێبی “تیۆریی فێمینیستی”دا جەخت لەوە دەکاتەوە کە تیۆرییە پۆست-مۆدێرنیستەکان بە واتای وەشاندنی گورزێکی کوشندەن لە فێمینیزم، و ئاماژە بەو کەسایەتی و لایەنە فێمینیستانە دەدات کە دژی ئەمە دەوەستنەوە. فێمینیستی سۆسیالیست جەین کلێر جۆنزیش ڕەخنە لەوە دەگرێت کە جودیت باتلەر جێندەر، جەستە، ژن و پیاو وەک “کێشە و بەڵا” پێناسە دەکات و دەربازبوون لەم بەڵایەش لە بێڕەگەزییدا دەبینێتەوە. جۆنز هەروەها ڕەخنە لەوە دەگرێت کە باتلەر لەبری ئەوەی تیشک بخاتە سەر سیستمی باوکسالاری و چەوساندنەوەی مێژوویی ژنان لەلایەن پیاوانەوە، دێت و جەستەی ژن و پیاو خۆیان وەک “کێشە و بەڵا” پێناسە دەکات.

هەرچەندە لە سەرەتای دەرکەوتنیەوە تا ئێستا قۆناغەکانی گەشەکردنی تیۆری و بزووتنەوەی فێمینیستی وەک چوار شەپۆل ناودێر دەکرێن، بەڵام ئەم جیاکردنەوەیە زۆر واقیعی نییە. لە ڕەوتی گەشەکردنی مێژوویدا و بە هاوتەریب لەگەڵ گەشەی خەباتە کۆمەڵایەتی و شۆڕشگێڕییە گشتییەکان، لەناو بزووتنەوەی فێمینیستیشدا قووڵایی و دەوڵەمەندیی هەم تیۆری و هەم پراکتیکی دەرکەوتن. بە خۆپێداچوونەوە، هەوڵ بۆ کرانەوەی ئایدیۆلۆژی، سیاسی، ڕێکخستنی و کرداری بەردەوامە.

لە کاتێکدا سەدەی ٢١ هەموو زەمینە و داتاکانی سەدەی ژن و سەردەمی شۆڕشەکانی ژنی هێناوەتە ئاراوە، پێناسەکردنی ناسنامەی ژن لە تەواوکارییەکی کولتووریی، مێژوویی و کۆمەڵایەتییدا بایەخێکی زۆری هەیە. لەسەر بنەمای ئەم پێناسەیە، دیدگای تێکۆشانی هاوبەش دژ بە سەرمایەداری و سیستەمی باوکسالارانە کە پەیوەندی لە نێوان ژن و خەباتی ئازادیی کۆمەڵایەتیدا دروست دەکات، جێی بایەخێکی زیاترە.

لە تیۆری و پراکتیکی بزووتنەوەی ئازادیی کوردستاندا و بە تایبەتی لە تێکۆشانی ئازادیی ژنانی کوردستاندا، عەبدوڵڵا ئۆجالان پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە ژن لەپاڵ ناسنامەی ڕەگەزییەکەی، ناسنامەیەکی کۆمەڵایەتییە. بە پێناسەکردنی ژن وەک “یەکەم و دوا کۆلۆنی”، سەرنج ڕادەکێشێت بۆ سەر ڕۆڵی ڕادیکاڵ و سەرەکیی تێکۆشانی ژن لە تێکۆشانی دژ بە سیستەمی چاوچنۆکیی پیاوسالارانە.

لە کاتێکدا سیستم لە ڕووی بیر و هزر، یاسا و دامەزراوە ڕەگەزگەرا، ئایینگەرا، نەتەوەپەرست و نەژادپەرستەکان سەرلەنوێ خۆی ڕێک دەخاتەوە، پێویستە تێکۆشانی فێمینیستیش لە ڕادیکالیزمێکی وەڵامدەرەوەدا گەشە بکات. بوون و ئازادیی ژن لە بەردەم هەڕەشەیەکی جددیدایە هەم لە ناوەندی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری و هەم لە وڵاتە داگیرکراوەکاندا. گەشەپێدانی هێڵێکی ئایدیۆلۆژی، سیاسی، ڕێکخستنی و کرداری کە وەڵامدەرەوە بێت، واقیع و بەرپرسیارێتییەکی مێژووییە.

لە بەرامبەر سیستمی دەوڵەتی و هێرشەکانیدا کە گێچەڵ، دەستدرێژیی سەر ژنان، گەلان و وڵاتان ڕەوا دەکات، تەنها لە ڕێگەی تێکۆشانی هاوبەشەوە دەکرێت پەرە بە چارەسەر بدرێت. ئەمەش لە پێناسەکردنی دروستی ناسنامەی ژن و، لەسەر بنەمای ئەم پێناسەیە بەرزکردنەوەی تێکۆشانی ئازادی و ڕزگاریی ژنان کە پشت بە کولتووری بەرگریی مێژوویی و کۆمەڵایەتی دەبەستێت، تێدەپەڕێت. ئەزموونێکی گرنگی تێکۆشان و ئەزموونی مێژوویی هەن و ڕێگەی سەرکەوتن ڕووناک دەکەنەوە.

بابەتی پەیوەندیدار