هەڵوێست کەریم
لە منداڵییەوە بە ئێمە وتراوە کە نیشتمان دایکمانە، پاراستنی خاک و نیشتمان پاراستنی دایکمانە. ئەم قسەیە رەنگدانەوەیەکی قوڵی بیرکردنەوەی کورد بووە کە بەشێکی پەیوەندیدارە بە ئامادەگیی و خۆشەویستی دایک لە ژیانی هەر یەکێکماندا و بەشێکیشی پەیوەندیدارە بە پاشخان و کلتوری پێکەوە ژیانی مرۆڤی کورد لە ناو سروشتدا. هەربۆیە پاراستنی خاک و پاراستنی دایکی وەک یەک بینیوە و ئەو پەیوەندییەش لە فەرهەنگ و ئەدەبیاتی کوردیدا رەنگیداوەتەوە.
لە زمانی کوردیدا وشەی دایک و نیشتمان زۆر جار پێکەوە بەکاردێن. نیشتمان وەک دایکێک ئەبینرێت کە ڕۆڵەکانی لە ئامێز ئەگرێت و بەرگرییان لێ ئەکات. ژنی کورد ڕۆڵی سەرەکی هەبووە و هەیە لە پاراستنی زمان، جلوبەرگ و دابونەریتەکان. شاعیرانی کورد وەک هێمن، گۆران، و شێرکۆ بێکەس زۆر جار ژن و نیشتمانیان وەک یەک وێنا کردووە. جوانیی سروشتی کوردستان بە جوانیی ژن چوواندووە، و ئازاری نیشتمانیش بە ئازاری ژنێکی ستەملێکراو یان دایکێکی جگەرسوتاوو.
لە ڕوانگەی ئیکۆفێمینیزمەوە، ئەم پەیوەندییە تەنها کلتوری و فەرهەنگی نییە، بەڵکو سیاسیشە. چونکە سیستەمەکانی زاڵبوون وەک سەرمایەداری، پیاوسالاری و داگیرکاری ژن و سروشت ئەرەتێنن وەک سەرچاوەیەک بۆ سوود، ژن وەک بەرهەمهێنانی هێزی کاری هەرزان و سروشت وەک بەخشەر، بەکارئەهێنن.
هەربۆیە وێناکردنی زەوی وەک دایک هێمای پەیوەندیی نێوان مرۆڤ و سروشتە و لە بنەڕەتدا پەیوەندییەکی هاوبەشیی و هاوسەنگیی بووە. کاتێک ئەم پەیوەندییە ئەشکێندرێت، قەیرانی کۆمەڵایەتی و سیاسیی دروست ئەبێت.
لە مێژووی هاوچەرخی کورددا، بەشداریی ژنان لە خەباتی چەکداری و سیاسی و شۆڕشەکاندا بووەتە هۆی ئەوەی ژن وەک سیمبولی بەرخودان و ئازادیی نیشتمان بناسرێت. دروشمی “ژن، ژیان، ئازادی” ڕەنگدانەوەی ئەم تێڕوانینەیە کە ئازادیی نیشتمان و ئازادیی ژن پێکەوە ئەبەستێتەوە. لە تێڕوانینی فەرهەنگیی کورددا، خاک پیرۆزیی مێینەی هەیە هەردووکیان بەخشندەن و ژیان ئەخوڵقێنن. لە گوندەکانی کوردستاندا، ژن پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی لەگەڵ زەوی هەبووە و پارێزەری هەمەجۆری زیندەوەر بوون. ژن هەمیشە دەستیان لەناو خاکدا بووە و پارێزەری تۆوی رەسەن و ژینگە بوون. لە بۆنە میتۆلۆژییەکانی وەک نەورۆز ژن ڕۆڵی سەرەکییان هەبووە لە پیرۆزکردنی خاک و نووێبوونەوەی ژیان و گەڕانەوە بۆ ناو سروشت.
لە کلتورەکانی جیهانیشدا، زەوی وەک دایک ناسێنراوە و وەک خوداوەند و خاوەن هێزی ژنان شوناسی پێدراوە. لێرەوە ئەو رۆڵانە زیاتر بەرجەستە ئەبێت کە پەیوەستن بە دایکایەتیەوە وەک چاودێری، بەخشندەیی، بنیاتنان، گەشەکردن و خۆڕاگری. ئەم تێگەیشتنانە لە چیرۆک و کلتوورەکانی جیهاندا ڕەنگ ئەدەنەوە کە زەوی وەک ژنێک نیشان ئەدەن. لێرەدا هەندێکیان بەش ئەکەین:
خەڵکی ئیگبۆ لە نەیجیریا، ئەفریکا: بۆ خەڵکی ئیگبۆ، (ئالا) ناوێکەو بە واتای زەوی دێت، خوداوەندی هەموو بوونەوەرەکانە. ئەو خۆی زەوییە و حوکمڕانی جیهانی ژێرزەوی ئەکات و باوباپیرانی لە سکی خۆیدا هەڵئەگرێت. ئەو گرنگترین خوداوەندە و نوێنەرایەتی بەخێوکردن و مۆڕاڵ و دادپەروەری ئەکات. ئەو بەهۆکاری بەپیتی مرۆڤ و هەم بەپیتی زەویی دائەنرێت.
ئەفسانەی ئینکا: لە ئەفسانەی ئینکادا (پاچاماما)، وەک گەردوونی دایک ڕێزی لێئەگیرێت. لە زمانی کیچوادا (مامە) بە واتای “دایک” دێت و پاچا ئاماژەیە بۆ جیهان یان گەردوون. ئەو خوداوەندی بەپیتییە و بەرپرسە لە چاندن و دروێنەکردن. لەکۆنەوە لە ڕێگەی پێشکەشکردنی خۆراک و شەراب و گەڵاکانی کۆکاوە ڕێز لە پاچاماما ئەگیرێت بەو هیوایەی بەرهەمێکی زۆر ببەخشێت.
ئەفسانەی یۆنانی: لە ئەفسانەی یۆنانیدا، گایا وەک هێزێکی درووستکەر نوێنەرایەتی سەرچاوەی ژیان و هێزی قووڵ و بەردەوامی زەوی ئەکات.
کولتوری هاوایی: پاپاهاناومۆکو دایکی زەوییە لە گەردوونناسی ڕەسەنی هاواییدا، باپیرەیەکیان لەگەڵ واکیا، باوکی ئاسمان، دوورگەکانی هاوایی و خەڵکەکەیان خولقاند. ئەو تەنیا هێمای ئاینا (زەوی) نییە، بەڵکو وەک خاک\زەوی لەخۆی ئەڕوانێت و ژیان لێیەوە سەرهەڵئەدات. وەک سەرچاوەیەکی سەرەتایی دروستکردن، بەخێوکردن و خۆراکدان و پەیوەندی قووڵی نێوان مرۆڤ و شوێن، بەرجەستە دەکات.
باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا و گەردوونناسی بودایی: لە سەرانسەری باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا و لە گەردوونناسی بوداییەکاندا، فرا مای تۆرانی خوداوەندێکی زەوی پیرۆزە. زۆرجار لە پەرستگاکاندا وێنا ئەکرێت کە ئاو لە قژە درێژەکەیەوە ئەرژێت و نوێنەرایەتی ژیان و بەخێوکردن و سەقامگیری ئەکات.
ژن و زەوی دوو بوون نین کە تەنیا بە وێنای جوانی پێکەوە ببەسترێن، بەڵکو هاوسەنگی بەیەک ئەبەخشن کە سیستەمی دەسەڵاتگەرایی ئەم پەیوەندییەی پچڕاندووە. بە نوێکردنەوەی ئەم پەیوەندییە، شێوازی ژیانێکی دادپەروەرانە و هاوسەنگ بۆ ژیان و هەسارەکەمان ئەنەخشێنین.
سەرچاوە:
- Shiva, Vandana (1988). Staying Alive: Women, Ecology and Development. Zed Books.
- Mies, Maria & Shiva, Vandana (1993). Ecofeminism. Zed Books.
- Plumwood, Val (1993). Feminism and the Mastery of Nature. Routledge.
بەرێوەبەریی ماڵپەری ژنۆلۆژی

