خوداوەندی هێزی ژنانی ئێزدی: خاتوون فەخرا

کۆمەڵگەی ئێزدی بە درێژایی مێژوویان ڕووبەڕووی سەختی و زەحمەتی زۆر بوونەتەوە. یەکێک لەو ناوانەی کە لەو ڕۆژە زەحمەتانەدا بووەتە دەنگی گەلەکەی و پێشەنگایەتی کردوون، خاتوون فەخرا بوو. ئەو تەنها پێشەنگێک نەبوو، بەڵکو سێمبولی بەرخودان، دایکێک، پارێزوانێک و نوێنەری بێهاوتای هێزی ژن بوو، وەکو خواوەندێک بوو.

کاروانی پێشەنگایەتی خاتوون فەخرا

خاتوون فەخرا ژنێکە لەنێو کۆمەڵگەی ئێزدیدا بە بوێریی و ژیرییەکەی دەناسرا. ئەو یەکێک لە نموونە هەرە مەزنەکان بوو  بۆئەوەی ژنان لە بەرەنگاربوونەوەی ژێردەستی پیاوان، ببنە پێشەنگ. نەک تەنها بۆ بەرژەوەندی گەلەکەیان، بەڵکو  بۆ هەموو مرۆڤایەتی بەدوای دادپەروەریدا دەگەڕا.

تێکۆشان و ستراتیژییە سەربازییەکانی

خاتوون فەخرا لە بەرامبەر فشار و زوڵمەکانی سەر کۆمەڵگەی ئێزدی سەری دانەنەواندووە و بۆ ئازادیی گەلەکەی بە باوەڕبەخۆبوونێکی گەورەوە تێکۆشانی کردووە. خاتوون فەخرا لە بەرامبەر هەوڵەکانی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی و حکومەتە ناوچەییەکانی تردا کە هەوڵی بە ئیسلامکردنی کۆمەڵگەی ئێزدییان دەدا بە زۆرداری، وەستایەوە و بە ڕێی دیپلۆماتیک و سەربازی بۆ پاراستنی گەلەکەی شەڕی کرد.

لە بواری سەربازیدا خاتوون فەخرا هۆزە ئێزدییەکانی کۆکردەوە، ڕێکەوتنی پاراستنی گەڵاڵەکرد و لەدژی هێرشەکان بەرخودانێکی ستراتیژیی ڕێکخست. بە پێشەنگایەتیی ئەو، شەڕڤانانی ئێزدی بە تاکتیکی گەریلا لەبەرامبەر هێزەکانی دوژمن بە شێوەیەکی سەرکەوتووانە بەرگرییان کرد. لە ناوچە شاخاوییەکان نیشتەجێ بوون و بۆ پاراستنی گوند و ناوچە پیرۆزەکانی خۆیان پێگەکانی بەرگریان لە خاڵی ستراتیژیی جێگیرکرد. هانی ژنانی دا بۆ ئەوەی لە هێزەکانی بەرگریدا بەشدار بن و دەرفەتی بۆ ڕەخساندن بۆ ئەوەی پەروەردەی سەربازیی ببینن. ئەم هەنگاوە کە لەو سەردەمەدا، دەشێت وەکو شۆڕشێک سەیری بکرێت.

ئەو سەردەمەی تێیدا ژیاوە

هەرچەندە مێژووی لەدایکبوون و مردنی خاتوون فەخرا دیار نییە، بەگوێرەی مێژووی زارەکی و گێڕانەوە ئایینییەکان لەنێوان سەدەکانی ١٣ بۆ ١٥ـدا ژیاوە. خاتوون فەخرا لە باوەڕی ئێزدییەکاندا وەکو پارێزەری لەدایکبوون، دووگیانی، ژن و منداڵ دەبینرێت. ناوی غەزاڵە و وەکو کچی شێخ فەخرەدین دەناسرێت کە یەکێک لە شوێنکەوتووانی شێخ ئادی بوو و دوای سەدەی ١٣ کاریگەرییەکی گەورەی هەبوو. ئەم ساتە مێژووییە نیشانی دەدات کە ئەو سەردەمەی خاتوون فەخرا تێیدا پێشەنگایەتی کردووە، ئەو سەردەمە بوو کە کۆمەڵگەی ئێزدی لەژێر زوڵمێکی دژواردابوو.

خاتوون فەخرا لەنێو کۆمەڵگەی ئێزدیدا وەکو خواوەند سەیردەکرێت. بەتایبەتی ژنانی ئێزدی خۆیان وەکو شوێنکەوتووی ئەو دەبینن و لەلایەنی ڕوحییەوە هەست دەکەن پابەندن پێوەی. لە یادەوەری کۆمەڵایەتیدا وەکو بەرگریکارێکی ژن، سێمبولی لەدایکبوون و ژیانی نوێ دەبینرێت. قوبەی خاتوون فەخرا بەتایبەتی بۆ ژنان وەکو پەرەستگەیەکە. ژنانی ئێزدی بۆ بەدیهاتنی داخوازییەکانیان، بۆ شیفا و پاراستن، سەردانی ئەو قوبەیە دەکەن.

چەند شوێنێکی پیرۆز هەن کە دیاریکراون: لە گوندی ماگارای ناوچەی شیرناخی باکووری کوردستان پەرەستگەیەک بەناوی “قوبەی خاتوون فەخرا” هەیە. هەروەها شوێنی پیرۆز بەناوی خاتوون فەخرا لە خانەسۆر و لالش، شەنگال و لە چیای پەرسی قەستەل جندۆ لە عەفرینیش هەن. ئەم شوێنانە لەلایەن خەڵکی ئەو ناوچانەوە بەردەوام سەردانی دەکرێن. ئەم پەرستگایانە هەم لە بیر و هزری پیرۆز و هەمیش لە یادەوەری کۆمەڵایەتیدا جێیەکی قووڵیان هەیە کە باوەڕداران تێیدا نزا دەکەن، داوای هاوکاری دەکەن و بەڕۆژوو دەبن. لە شەنگال یەکێک لە مەرقەدە پیرۆزەکان گۆڕەکەی ئەوە و  لەلایەن باوەڕدارانەوە بە ڕێزەوە یادی دەکرێتەوە.

نزاکان بۆ خاتوون فەخرا بەم شێوەیەن:

“یا خاتوون فەخرا، بیکەیتە خاتری ناوی خوا و شێخ ئادی!

یا خاتوون فەخرا، بگە هاوار و برینمان!

یا خاتوون فەخرا، بگە هاواری ژنی بێ چارە!

یا خاتوون فەخرا، بگە هاواری ژن، منداڵ!

یا خاتوون فەخرا، دەرگامان لێ بکەرەوە!

یا خاتوون فەخرا، لە تەنگ و چەڵەمە ڕزگارمانکە!

یا خاتوون فەخرا، ئاگات لە منداڵەکانمان بێت!

یا خاتوون فەخرا، ئیمانمان بەهێزکە!

هانامان بۆ تۆ هێناوە، نزاکانمان قبووڵ بکە!”

دەوترێت تاوەکو ئەمرۆ خاتوون فەخرا موریدیان هەیە. هەموو ساڵێک ئەو کەسانە بۆ یادکردنەوەی ئەو بەڕۆژوو دەبن و کاریگەرییە زۆرەکەی بەتایبەتی لەنێو ژناندا هەستی پێدەکرێت.

ئەو میراتییەی دوای خۆی بەجێیهێشت

لەمڕۆدا تێکۆشان و پێداگری خاتوون فەخرا نەک تەنها لەنێو کۆمەڵگەی ئێزدیدا، بەڵکو لە سەرانسەری جیهان بۆ پێشەنگایەتی و پارێزوانانی ژن دەبێتە سەرچاوەیەکی ئیلهام. ئەو نەک تەنها لە سەردەمی خۆیدا، لە داهاتووشدا وەکو قارەمانێکی لەبیرنەکراو یادی دەکرێتەوە.

ناوی خاتوون فەخرا وەک ڕوحی بەرخودانی گەلێک یادی دەکرێتەوە کە بەرامبەر هەر زوڵم وەستاوەتەوە. ئەم ژنە پیرۆزە کە بەڵگەیەکی ڕوونە بۆئەوەی ژن وەکو شەڕڤان، پێشەنگ و کەسایەتیی مەعنەوی دەتوانێت لە مێژوودا جێی خۆی بکاتەوە، وەک یەکێک لە پێشەنگانی ژنی لەبیرنەکراوی مێژوو لە یادەوەری و دڵماندا دەژی.

ئەمڕۆ بەتایبەت لە شەنگال هێزەکانی پاراستنی ژن – یەژەشە لەسەر ڕێی خاتوون فەخرا خۆیان ڕێک دەخەن. لەسەر ڕێبازەکەی، ژنان نەک تەنها کۆمەڵگەکەیان دەپارێزن، بەڵکو بەردەوامی بە تێکۆشانی ئازادی و یەکسانیش دەدەن. ئەم میراتیە وەکو گرێبەستێکی بەهێزە کە پیرۆزیی پێشوو لەگەڵ بەرخۆدانی ئەمڕۆدا دەکاتە یەک و بەردەوامی بە بوونی خۆی دەدات.

لە نێو کوردانی باشووری کوردستان سوێندێک هەیە کە بۆ متمانەبەخشی یان باوەڕیی کەسێک دەڵێن ؛ ” بە فەخری عالەم”، پێدەچێت ئەو سوێندە لە خاتوون فەخرا هاتبێت و کاریگەریەکی گەورەی لەسەر زمانی رۆژانە کردووە.

بابەتی پەیوەندیدار