شۆڕشی ڕۆژئاڤا؛ لە بەرخودانەوە بەرەو مۆدێلی کۆمەڵایەتی

نوسینی: غوربەت ساریا

سەدەی کۆتایی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە کودەتا، داگیرکاری، شەڕی مەزهەبی و سیاسەتەکانی چارەسەرنەکردنی دەوڵەت-نەتەوە تێپەڕی. هەرچەندە لە زۆرێک لە دەوڵەتەکان دەسەڵاتە سیاسییەکان گۆڕان، بەڵام شێوازی ستەم وەکو خۆی مایەوە. ناسنامە جیاوازەکان ڕەتکرانەوە، ژنان لە گۆڕەپانی کۆمەڵایەتی دوورخرانەوە و ژیانی هاوبەشی گەلان لەژێر سایەی نەژادپەرستی و سیاسەتی مەزهەبیدا مایەوە. بەردەوامیش لە جوگرافیایەکی لەم شێوەیەدا شۆڕشی ڕۆژئاڤا کە لە ١٩ـی تەممووزی ٢٠١٢ـدا لە کۆبانێ دەستی پێکرد، لە ماوەیەکی کەمدا پەلی کێشا بۆ عەفرین و جەزیرە و دامەزراندنی لەسەر بنەمای ژیانی هاوبەشی ناسنامە جیاوازەکان، وەکو خاڵێکی وەرچەرخان لە مێژوودا تۆمارکرا. ئەم شۆڕشە بەدەر لەو مۆدێلە کاتییەی بەڕێوەبەری کە لە بۆشایی شەڕدا هاتە کایەوە، بەرهەمی دەیان ساڵ ئامادەکاریی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئایدۆلۆژی بوو.

شۆڕشەکەمان ئەمڕۆ گەیشتە ١٤ـەمین ساڵ. لەو ماوەیەدا بە هێرشەکانی سەر داعش، ڕژێمی بەعس، دەوڵەتی تورک، گرووپە چەتە جۆراوجۆرەکان و هەتەشە تاقیکرایەوە. بەڵام سەرەڕای هەموو ئەو هێرشانە، ئەو پایە سەرەکییەی کە هەمیشەییبوونی شۆڕشی مسۆگەرکردووە، ئەو مۆدێلە ڕێکخستنە کۆمەڵایەتییەیە کە لەسەر بنەمای پارادایمی نەتەوەی دیموکراتیک، ئایدۆلۆژی و ئازادی ژنان دامەزراوە.

چیرۆکی شۆڕشی ڕۆژئاڤا، کاتێک ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە ساڵی ١٩٧٩ـدا گەیشتە سووریا، دەستی پێکرد. ئەمە لە هەمان کاتدا بۆ ڕێکخستنی ئەو کوردانەی کە ساڵانێک لەژێر ستەم و زۆرداریی بەعسدا ژیاون، بناغەیەکی دانا. کورد لەو ساڵانەدا ڕووبەڕووی سیاسەتێکی ئاسیمیلەکردنی دژوار بووەوە. هەزاران کەس بێبەشکران لە هاووڵاتیبوون، زمانی کوردی لە شوێنە گشتییەکاندا قەدەغەکرا، ناوی زۆرێک لە گوندەکان گۆڕدران و هەوڵدرا کە پێکهاتەی دیمۆگرافی لە ڕێی سیاسەتەکانی دابەشکردنی زەوییەوە بگۆڕدرێت. لە چوارچێوەی سیاسەتی “پشتێنەی عەرەبی”ـدا، لەو ناوچانەی کە تێیدا ڕێژەی کورد زۆر بوو، شوێن بۆ عەرەبەکان تەرخان کرا و بەم شێوەیە لاوازکردنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان کرایە ئامانج.

لە دۆخێکی بەم شێوەیە دژواردا، هەوڵە ڕێکخستنییەکان تەنها لە پەروەردەکردنی کادیری سیاسیدا سنووردار نەمایەوە. بە تەواویش لێرەدا وەک چۆن ڕێبەر ئاپۆ بناغەکەی داڕشتووە، ئەوان چوونە لای گەل، قسەیان لەگەڵدا کردن. لە گوند، گەڕەک و شارەکان کۆبوونەوەکانی گەل ڕێخکران. ڕێکخراوەکانی گەنجان دامەزران و ژنان بۆ یەکەم جار وەکو بکەری سیاسی و سەربەخۆ خۆیان ڕێخکراو کرد. پارادایمی نەتەوەی دیموکراتیکیان بۆ ماوەی ٢٠ ساڵ لە هەموو شوێنێک هۆنییەوە. دوای ئەوەی کە ڕێبەر ئاپۆ لە ئەنجامی پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی بە ناچاری سووریای بەجێهێشت، هەوڵە ڕێکخستنییەکان زیاتر پەرەیان سەند.

ڕاپەڕینی قامیشلۆ ڕێگەی بۆ سەردەمێکی نوێ کردەوە

ئاماژەکانی سەردەمێکی نوێ لە سووریا دوای ڕووداوەکانی ساڵی ٢٠٠٤ لە یارییەکی تۆپی پێ لە قامیشلۆ دەرکەوتن. لەو یارییەدا هێرشە نەژادپەرستییەکان دژی کورد لە ماوەیەکی کورتدا گۆڕان بۆ ناڕەزایەتییەکی جەماوەریی گەل. لە ئەنجامی دەستێوەردانی توندی ڕژێمی بەعس، دەیان کەس گیانیان لەدەستدا و سەدان کەسیش دەستبەسەرکران. ئەم ڕووداوە وایکرد کە داواکارییە کۆمەڵایەتییە سەرکوتکراوەکان بێنە ئاراوە.

ڕژێمی بەعس هێرشی کرد

“بەهاری گەلان” کە لە ساڵی ٢٠١١ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەستی پێکرد، سەرەتا لە درعا و دواتریش لە سەرانسەری سووریا بڵاوبووەوە. تا خۆپیشاندانەکان زیاتر دەگۆڕان بۆ پێکدادانی چەکداری، ڕژێم کۆنتڕۆڵی لە چەندین ناوچە لەدەستدا. لە لایەکەوە هێزەکانی ڕژێم و لە لایەکی دیکەشەوە گرووپە چەکدارە ئۆپۆزیسیۆنە جۆراوجۆرەکان لە زۆرێک لە شارەکانی وڵاتەکە شەڕیان دەکرد، بە بەشداریی هێزە نێونەتەوەییەکانیش سووریا بە خێرایی کەوتە ناو شەڕێکی فرەڕەهەندەوە.

بەڵام لە ڕۆژئاڤا ڕێگەیەکی جیاواز، واتە “هێڵی سێیەم” گیرایەبەر. لەبری ئەوەی لە پێکدادانەکاندا لایەنگری بکەن، گەل سیاسەتی دامەزراندنی دامەزراوەکانی خۆبەڕێوەبەریی بەرەوپێش برد. لەم چوارچێوەیەدا، کۆمیتەی گەڕەکەکان پێکهێنران، یەکەکانی پاراستن دامەزران، ئەنجومەنە خۆجێییەکان ئامادەکارییەکانیان خێراتر کرد و ژنانیش ڕێکخراوە سەربەخۆکانی خۆیان فراوانتر کرد. هەروەها گەل لە بەرامبەر بۆشایی دەسەڵاتدا، دەستی بە دامەزراندنی دامەزراوەکانی خۆی کرد.

لە کۆبانێ مێژوو سەرلەنوێ نووسرایەوە

گەلی کۆبانێ لە بەرەبەیانی ١٩ی تەممووزی ٢٠١٢دا ڕژانە سەر شەقامەکان. کاتێک هێزەکانی بەعس لە شارەکە کشانەوە، ئەنجومەنەکانی گەل و ڕێکخراوە ناوچەییەکان بەڕێوەبردنیان گرتە ئەستۆ. ئەم گۆڕانکارییە لە ماوەیەکی کورتدا لە عەفرین و جەزیرە بڵاوبووەوە. بەم شێوەیە سەردەمێکی نوێ دەستی پێکرد کە وەک “شۆڕشی ڕۆژئاڤا” ناسرا. شۆڕشەکە تەنها لە گۆڕینی دەستی پێکهاتەکانی بەڕێوەبردن کورت نەکرایەوە؛ مۆدێلێکی نوێی بەڕێوەبردن کە تێیدا گەل ڕاستەوخۆ بەشداری لە پرۆسەکانی بڕیارداندا دەکات، دامەزرا. جگە لە کورد، عەرەب، سریانی، ئەرمەنی، تورکمان و چیچان بەشدارییان لە میکانیزمە نوێیەکانی بەڕێوەبردندا کرد. ئەم مۆدێلە، بەپێچەوانەی عەقڵیەتی دەوڵەت-نەتەوە، لەبری ناسنامەیەکی تاک، تێڕوانینێکی فرەناسنامەیی، و لەبری ناوەندیبوون، دیموکراسییەکی خۆجێیی وەک پرەنسیپ پەسەند کرد.

ژنان بۆ یەکەم جار بوونە بکەری سەرەکی

یەکێک لە لایەنە هەرە سەرنجڕاکێشەکانی ئەم قۆناغە ئەوە بوو کە بۆ یەکەمین جار ژنان لە هەموو بوارە کۆمەڵایەتییەکاندا بوونە بکەری بنیاتنەر. لە هەموو دامەزراوەیەکدا سیستەمی هاوسەرۆکایەتی دەستی پێکرد، ئەنجومەنی ژنان دامەزران، میکانیزمی سەربەخۆی بڕیاردان کە مافی ڤیتۆی ژنانیش لەخۆدەگرێت دروستکران، و نوێنەرایەتی ژنان لە ئابوورییەوە بگرە تا پەروەردە، لە دادپەروەرییەوە تا دیپلۆماسی لە هەموو بوارەکاندا کرا بە ناچاری.

ئەم گۆڕانکارییە، پارادایمی ئازادیی ژنانی ڕێبەر ئاپۆی لە ناو کۆمەڵگەدا کردە پراکتیک. دامەزراندنی یەپەژە لە هەمان کاتدا لایەنی پاراستنی کۆمەڵایەتیشی هێنایە ئاراوە.

دەرکەوتنی داعش

بەڵام هێشتا مانگەکانی سەرەتای شۆڕش بوون. ئەو مۆدێلی ژیانە نوێیەی کە بنیاتنرا، لە ماوەیەکی کورتدا هەم لەگەڵ ڕژێمی بەعس، هەم لەگەڵ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەم لەگەڵ مێژووی جیهان ڕووبەڕووی یەکێک لە تاریکترین پێکهاتە چەکدارییەکان دەبێتەوە. هێرشەکانی داعش لە ساڵی ٢٠١٣ و بەدواوە، شۆڕشی ڕۆژئاڤای پەلکێشی ناو بەرخودانێک کرد کە بۆ تەواوی جیهان یەکلاکەرەوە بوو. داعش لە ساڵی ٢٠١٤ بە داگیرکردنی موسڵ گۆڕا بۆ پێکهاتەیەکی جیهادی کە جوگرافیایەکی بەرفراوانی داگیرکرد، چەکی قورسی هەبوو و لە چەندین وڵاتی جیهاندا میلیشیای هەبوو.

لە سووریا، شاری ڕەققەی وەک “پایتەختی خەلافەتەکەی” ڕاگەیاند، لەو شارانەی کە داگیریکردن، گروپە ئایینییە جیاوازەکان، پێکهاتە نەتەوەییەکان و هەر کەسێک کە پابەندبوونی خۆی پێیان نیشان نەدایە، ڕووبەڕووی سەرکوتکردنی سیستماتیک دەبوونەوە. کۆمەڵکوژی، کۆچپێکردنی زۆرەملێ، کۆیلەکردن و وێرانکردنی میراتی کولتووری، قەیرانە مرۆییەکانی قووڵتر کردەوە. ئەم دۆخە لە هەمان کاتدا هەڕەشەیەکی ڕاستەقینە بوو بۆ سەر مۆدێلە نوێیەکەی بەڕێوەبردن کە لە ڕۆژئاڤا بەرەوپێش دەچوو. لەبەر ئەوەی عەقڵیەتی دەسەڵاتی ناوەندی و ڕەها کە لەلایەن داعشەوە پەسەند کرابوو، لەگەڵ دیموکراسییە خۆجێییەکەی کە لە ڕۆژئاڤا تاقی دەکرایەوە، هەروەها ڕۆڵی ژنان لە ژیانی گشتیدا و بیرۆکەی بەڕێوەبردنی هاوبەشی گەلانی جیاواز، نوێنەرایەتیی دوو تێڕوانینی تەواو دژبەیەکیان دەکرد.

یەکەمین هێرشەکان

داعش و گرووپە چەکدارەکانی سەر بەو ڕێکخراوە لە ساڵی ٢٠١٣دا سەرەتا هێرشیان کردە سەر سەرێکانی و چەندین ناوچەی دیکە. شوێنەکانی نیشتەجێبوون زیانێکی گەورەیان بەرکەوت و هەزاران کەس ناچار بوون ماڵ و حاڵی خۆیان جێبهێڵن. تێکشکانی سەرەکی لە هاوینی ٢٠١٤دا ڕوویدا.

شەنگال: ئەو کۆمەڵکوژییەی کە جیهان تەنیا تەماشای کرد

داعش لە ٣ی ئابی ٢٠١٤ هێرشی کردە سەر ناوچەی شەنگال کە ئێزیدییەکانی لێ دەژین. هەزاران کەس کۆمەڵکوژکران، ژن و منداڵ کرانە کۆیلە و سەدان هەزار کەسیش ناچار بوون ماڵەکانیان جێبهێڵن. ئەمڕۆش هێشتا چارەنووسی هەزاران کەس نادیارە.

بەرخودانی سەدە

دەیان هەزار کەس کە پەنایان بۆ چیای شەنگال برد، بە ڕۆژان لە ژێر گەمارۆدا، بە تینوێتی و برسییەتی تێکۆشانی مانەوەیان لە ژیان بەڕێوەبرد. لەم قۆناغەدا، بەهۆی ئەو ڕێڕەوانەی کە لەلایەن پەکەکەوە کرانەوە و ئەو تێکۆشانەی کە دژی داعش ئەنجامیدا، زۆرێک لە هاوڵاتیانی مەدەنی گواسترانەوە بۆ شوێنی ئارام. داعش چەند هەفتەیەک دوای هێرشەکەی سەر شەنگال، بە هەموو هێزی خۆیەوە ڕووی لە کۆبانێ کرد.

لە ئەیلوولی ٢٠١٤دا گەمارۆدانەکە دەستی پێکرد. ئامانجی داعش ئەوە بوو کە بە داگیرکردنی ئەم شارە لە باکووری سووریا خۆی فراوانتر بکات و ئەو مۆدێلە بەڕێوەبردنەی کە لە ڕۆژئاڤا دامەزراوە لەناوی ببات. داعش کە بە چەکی قورس، تانک و کەرەستەی سەربازیی دەستبەسەرداگیراوی موسڵ بەرەوپێش دەچوو، لە ماوەیەکی کورتدا کۆنتڕۆڵی دەیان گوندی خستە ژێر دەستی خۆی. سەدان هەزار کەسی مەدەنی ناچار بوون بەرەو سنووری باکوور کۆچ بکەن. لە سەنتەری شارەکە، یەپەگە و یەپەژە بە دەرفەتی سنووردارەوە دەستیان بە پاراستن کرد. پێکدادانەکان کۆڵان بە کۆڵان و گەڕەک بە گەڕەک بۆ چەندین مانگ بەردەوام بوون. لە ماوەیەکی کورتدا، بەرخودانەکە بووە یەکێک لەو گۆڕەپانانەی شەڕ کە لەلایەن میدیای نێونەتەوەییەوە زۆرترین بەدواداچوونی بۆ دەکرا.

ئیرادەی یەپەژە

یەکێک لە لایەنە سەرنجڕاکێشەکانی بەرخودانی کۆبانێ، بوونی شەڕڤانانی ژن بوو لە بەرەکانی پێشەوەی جەنگ. ئاژانس و ڕۆژنامە نێونەتەوەییەکـان لەسەر نموونەی کۆبانێ دەستیان بە گەنگەشەکردنی دەرکەوتنی ژنان لە کایە سەربازی و سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کرد. یەپەژە گۆڕا بۆ هێمای تێکۆشانی ئازادیی ژنان.

هەرچەندە گەمارۆدانی کۆبانێ توندتر دەبوو، لە زۆرێک لە شارەکانی جیهاندا خۆپیشاندانی هاوپشتی بەڕێوەچوون. لە ئەورووپاوە تا ئەمریکای لاتین، لە ئەمریکای باکوورەوە تا ئوسترالیا، لە زۆر شاردا بانگەوازی پشتگیریکردن لە شەڕی دژ بە داعش کرا. بە دەیان شۆڕشگێڕی ئەنتەرناسیۆنالیست ڕوویان لە ڕۆژئاڤا کرد و چوونە ناو ڕیزەکانی بەرخودانەوە. بەرگریی ناو شار و پشتگیریی ئاسمانی پێکەوە پێشڕەوییەکانی داعشیان خاو کردەوە. دوای چەندین مانگ لە پێکدادانی توند، لە کانوونی دووەمی ٢٠١٥دا داعش لە کۆبانێ وەدەرنرا.

هەڵمەتی مەنبەج

بەڵام داعش لە ڕەققەوە تا دێرەزوور بەردەوامیی بە بوونی خۆی دەدا. دوای کۆبانێ، یەکێک لە ئامانجە هەرە گرنگەکان مەنبەج بوو. مەنبەج بەهۆی شوێنە ستراتیژییەکەیەوە لە نێوان حەلەب و ڕەققەدا، ناوەندێکی لۆجستیی گرنگ بوو بۆ داعش. بەهۆی نزیکبوونی لە سنووری دەوڵەتی تورک، هێڵی پەڕینەوەی چەتەکان بوو، ئەمەش گرنگییە سەربازییەکەی زیاتر کردبوو. هێرشی مەنبەج کە لە حوزەیرانی ٢٠١٦دا دەستی پێکرد، دوای شەڕێکی توندی نزیکەی دوو مانگی گەیشتە ئەنجام. بە ڕزگارکردنی مەنبەج، یەکێک لە بەستەرە سەرەکییەکانی داعش لە نێوان تورکیاو و ڕەققەدا پچڕێندرا.

دوای مەنبەج، کوردەکان ڕوویان کردە ڕەققە کە وەک “پایتەختی خەلافەتی داعش” دەناسرا. بەڵام بۆ گەمارۆدانی ڕەققە، دەبوو سەرەتا شارۆچکەی تەبقە کە شوێنێکی ستراتیژی بوو ڕزگار بکرێت. لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنی ساڵی ٢٠١٧دا، شارەکە و دەوروبەری لە چنگ داعش دەرهێنران.

خەلافەتی داعش هەرەسی هێنا

ڕەققە ناوەندی چالاکییە سیاسی، سەربازی و پڕوپاگەندەییەکانی داعش بوو. هەڵمەتی ڕەققە کە لە ساڵی ٢٠١٧دا دەستی پێکرد، یەکێک بوو لە زیانە گەورەکان بۆ داعش. لە ئەنجامی تێکۆشانێکی چەند مانگی، شارەکە لە تشرینی یەکەمی ٢٠١٧دا لە چەتەکان پاککرایەوە. هەڵمەتی باغۆز لە ساڵی ٢٠١٩دا، کۆتا خاکی ژێر دەسەڵاتی داعش بوو لە سووریا. جیهادییەکان کە لە ناوچەیەکی بچوکی کەناراوەکانی ڕووباری فوراتدا گەمارۆدرابوون، لەوێوە بۆ دواجار هێرشیان کردە سەر کوردان. لە ئازاری ٢٠١٩دا بە ڕزگارکردنی باغۆز، کۆتایی بە باڵادەستیی داعش لە سووریادا هات.

گەلێک کە لەگەڵ ساڵانی شەڕدا گۆڕانی بەسەردا هات

ئەو قۆناغەی لە ساڵی ٢٠١٢دا دەستی پێکرد، لە ماوەی ساڵاندا نەک تەنها سنوورە سیاسییەکان، بەڵکو شێوازی ڕێکخستنی کۆمەڵگەکەشی گۆڕی. ئەو دامەزراوانەی لە هەلومەرجی شەڕدا دروستببوون، هەوڵیاندا خۆیان جێگیر بکەن؛ ئەنجومەنە خۆجێییەکان فراوانتر کران، ڕێکخراوەکانی ژنان بەهێزتر کران و لە کایەکانی پەروەردە، تەندروستی و ئابووریدا پێکهاتەی نوێ ئافرێندران. بەڵام تێچووی شەڕەکە گران بوو. بە هەزاران کەس شەهید بوون، بە سەدان هەزار کەس لە خاک و ماڵی خۆیان ئاوارە بوون و سەرچاوە ئابوورییەکان بەشێکی زۆریان کەم بوونەوە. سەرەڕای ئەمەش، گەمارۆ و دۆخی بەردەوامی شەڕ، ژیانی ڕۆژانەی قورس کردبوو. لەگەڵ هەموو ئەم مەرجانەشدا، مۆدێلی ڕۆژئاڤا لە ناو جەرگەی شەڕدا ئەزموونێکی بەڕێوەبردنی ئەلتەرناتیڤی پێشکەش کرد.

بە کورتی، لەو سەردەمەی کە تێکشکانی داعش دەستی پێکرد، کایەیەکی نوێی تێکۆشان بۆ ڕۆژئاڤا کرایەوە. هەرچەندە لە لایەکەوە هەوڵەکان بۆ ناساندنی نێونەتەوەیی و دۆزینەوەی چارەسەرێکی سیاسیی بەردەوام درێژەی هەبوو، لە لایەکی تریشەوە هەڕەشە سەربازییەکان و شەڕی دەسەڵاتی هەرێمی بەردەوام بوون. ڕۆژئاڤا ئیتر تەنها پێکهاتەیەک نەبوو کە دژ بە داعش شەڕ بکات؛ بەڵکو بوو بە یەکێک لە ئەکتەرە سەرەکییەکانی گفتوگۆکانی سەر داهاتووی سووریا. بەڵام قۆناغێکی نوێ و نادیار لە پێشیدا بوو. هاوسەنگیی هێز لە سووریادا دەگۆڕا، داهاتووی ڕژێمی بەعس دەخرایە بەرباس و ئەکتەری نوێ دەردەکەوتن.

لە دژی شۆڕش، بەرەی نوێ دەرکەوتن

بە کۆتاییهاتنی شەڕی دژ بە داعش، هاوسەنگیی هێز لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا پێناوە قۆناغێکی نوێوە. بە پاشەکشەکردنی هەڕەشەی داعش، ئەولەویەتی هێزە هەژموونخوازە هەرێمییەکان گۆڕا. دەوڵەتی تورک بەهێزبوونی کوردان و ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیک وەک “هەڕەشەیەک بۆ سەر ئاسایشی خۆی” بە جیهان فرۆشتەوە. ئەمەش بە واتای دەستپێکردنی هێرشی داگیرکاری نوێ بوو لە دژی شۆڕش.

داگیرکاریی دەوڵەتی تورک

دەوڵەتی تورک و چەتەکانی ناسراو بە “سوپای نیشتمانیی سووریا” لە ساڵی ٢٠١٨دا دەستیان بە داگیرکردنی عەفرین کرد. عەفرین لە ناو سیستمی ڕۆژئاڤادا یەکێک بوو لە هەرێمە گرنگەکان. لە ئەنجامی هێرشە توندەکاندا کە نزیکەی دوو مانگی خایاند، شارەکە داگیرکرا. بە هەزاران کەس کۆمەڵکوژ و ئاوارە کران.

لە تشرینی یەکەمی ٢٠١٩دا، بە ڕەزامەندی و پاشەکشەکردنی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، دەوڵەتی تورک دەستی بە داگیرکارییەکی نوێ کرد لە هێڵی سەرێکانی و گرێ سپی. هەر دوو شارەکە داگیرکران. دەوڵەتی تورک “ناوچەیەکی دابڕاو”ی بە قوڵایی ٣٢ کیلۆمەتر سەپاند. ئەم پێشهاتانە سەرلەنوێ شێوازیان بە ستراتیژیی ئاسایشی ڕۆژئاڤا بەخشی.

ڕژێمی بەعس هۆکاری سەرەکیی قەیرانەکە بوو

مێژووی ١٤ ساڵەی شۆڕشی ڕۆژئاڤا، شێوازی دایە گفتوگۆ فراوانەکانی پەیوەست بە داهاتووی سووریا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. شەڕی ناوخۆی سووریا کە لە ساڵی ٢٠١١دا دەستی پێکرد، بۆ چەندین ساڵ لە ژێر کۆنترۆڵی ڕژێمی بەعسدا بەردەوام بوو. بەڵام پاشەکشەی ئابووری، سەربازی و سیاسی کە بەهۆی شەڕەوە هاتبووە ئاراوە، هێدی هێدی کاریگەریی ڕژێمەکەی لەسەر وڵات لاواز کرد. لە ساڵانی دوواتردا، بە دەستوەردانی هێزە جیاوازە نێونەتەوەیی و هەرێمییەکان، سووریا گۆڕا بۆ گۆڕەپانێکی ئاڵۆز کە چەندین ئەکتەری تێدا کارابوون.

ئەو قۆناغە نوێیەی کە لەگەڵ لاوازبوونی ڕژێمی بەعسدا دەرکەوت، پرسیاری ئەوەی کە سووریا چۆن سەرلەنوێ بنیاد دەنرێتەوە هێنایە ڕۆژەڤەوە. یەکێک لە گفتوگۆ بنەڕەتییەکان لە پرۆسەی سیاسیی نوێدا ئەوە بوو کە ئایا مۆدێلی دەوڵەتی ناوەندی بەردەوام دەبێت یان نا.

ئیدارەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا داوای کرد کە مۆدێلی دیموکراسیی خۆجێیی و بەڕێوەبردنی فرەلایەن کە چەندین ساڵ بوو بەرگریی لێدەکرد، لە ناو پێکهاتەی دەستووریی سووریای نوێدا جێگەی ببێتەوە. ئەمەش بە واتای سەرلەنوێ بنیادنانەوەی سووریایەک بوو کە لەسەر بنەمای پێکهاتەی دیموکراتی، گەلان، بیروباوەڕ و هەرێمە جیاوازەکان لە ڕێگەی دامەزراوە خۆجێییەکانی خۆیانەوە نوێنەرایەتی بکرێن.

دەرکەوتنی هەتەشە

یەکێک لەو ئەکتەرانەی لە ساڵانی کۆتایی شەڕی سووریادا دەرکەوت، دەستەی تەحریر شام (هەتەشە) بوو. هەتەشە لە گۆڕانی جیهادییەکانی “بەرەی نوسرە”ی سەر بە قاعیدە سەریهەڵدا و بە تایبەتی لە ناوچەی ئیدلبدا کارا بوو. هەتەشە لە ماوەی ڕابردوودا بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە بە دوای شەرعیەتی نێونەتەوەییدا دەگەڕێت و هێڵێکی سیاسیی جیاواز لە ڕابردوو دەگرێتەبەر. بەڵام لە سەر زەوی دۆخەکە بە پێچەوانەوەیە.

دۆخی هەتەشە لە ناو هاوسەنگیی نوێی سووریادا بۆ لایەنی ڕۆژئاڤا بابەتێکی گرنگە. ئەمەش لەبەر ئەوەی ئەو مۆدێلەی لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بنیادنراوە، سیستمی فرەیی نەتەوەیی و ئاینی بە بنەما دەگرێت، پشت بە نوێنەرایەتی سیاسیی ژنان دەبەستێت و لەسەر ئەنجومەنە خۆجێییەکان دامەزراوە. بەڵام سیاسەتەکانی هەتەشە پشت بە ڕژێمێکی ناوەندی و یەکڕەهەندی دەبەستێت. بۆیە پرسیاری سەرەکی بۆ داهاتووی سووریا ئەوەیە کە چ جۆرە کۆمەڵگەیەک و چ جۆرە هۆشیارییەکی بەڕێوەبردن بنیاد دەنرێت.

لە دژی سیستەمی سەرمایەداری، خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیک

کاتێک مرۆڤ سەیری ١٤ ساڵی ڕابردوو دەکات، دەبینێت یەکێک لە چەمکە بنەڕەتییەکانی شۆڕشی ڕۆژئاڤا چەمکی “خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیک”ـە کە ڕێبەر ئاپۆ جەختی لەسەر دەکاتەوە. ئەم مۆدێلە بە پێچەوانەی چەمکی کلاسیکی “دەوڵەتی سەربەخۆ”، بەشداریکردنی گەلانی هەرێمەکە لە بڕیارداندا لە ڕێگەی دامەزراوەکانی خۆیانەوە بە بنەما دەگرێت. کۆمۆنەکانی گەڕەک، ئەنجومەنە خۆجێییەکان، شارەوانییەکان، ڕێکخراوەکانی ژنان و ئەو پێکهاتانەی نوێنەرایەتی کۆمەڵگە جیاوازەکان دەکەن، وەک کۆڵەکەی سەرەکیی ئەم سیستمە دروستکران. هەروەها هەوڵەکان بۆ جێبەجێکردنی ئەم مۆدێلە لە ژێر بارودۆخی شەڕدا، وایکرد ببێتە ئەزموونێکی سەرنجڕاکێش لە سیاسەتی هەرێمایەتیدا.

ئازادیی ژنان

گرنگترین کاریگەرییەک کە شۆڕشەکەی سەنگین و مانادار کرد، پێگەی ژنان بوو لە ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا. ڕێکخستنی ژنان لە کایەکانی بەڕێوەبردن، دیپلۆماسی، ئابووری، پەروەردە و یاسادا، گۆڕانکارییەکی گرنگی لە پێکهاتە کۆمەڵایەتییە نەریتییەکانی ناوچەکەدا دروستکرد. سیستمی هاوسەرۆکایەتی، ئەنجومەنەکانی ژنان و ڕێکخستنەکان شۆڕشگێڕانەترین نموونەی ئەم ئەزموونەن. دیسانەوە بەرخودانی یەپەژە لە شەڕی دژ بە داعشدا، ئەو ڕۆڵەی کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بۆ ژنان دیاریکرابوو، هێنایە ژێر پرسیارەوە. چونکە نوێنەرایەتی ژنان تەنها وەک ژمارە سەیر نەکرا، بەڵکو وەک سەرلەنوێ بنیادنانەوەی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان دەستی پێکرا. ئەمەش ڕاستی و دروستیی تێزی ڕێبەر ئاپۆ: “هەتا ژن ئازاد نەبێت کۆمەڵگە ئازاد نابێت”ی سەلماند.

بەڕێوەبردنی فرەڕەنگ و فرەناسنامە

لایەنێکی تری گرنگی ئەزموونی ڕۆژئاڤا، نوێنەرایەتیکردنی گەلانی جیاوازە لە ژێر یەک چەتری بەڕێوەبردندا. کورد، عەرەب، سریانی، ئەرمەنی، تورکمان و پێکهاتەکانی تر لە ناو پێکهاتەی ئیدارەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا جێگەیان گرتووە. ئەم دۆخە، پێچەوانەی چەمکی پێش شەڕی سووریا بوو کە دەوڵەتی تاک‌ناسننامەی دەسەپاند، و گوزارشت لە گەڕانێکی سیاسیی جیاواز دەکات. ئەمڕۆ خوێندن بە هەموو زمانەکان، دەرکەوتنی کولتوورە جیاوازەکان لە کایەی گشتیدا و میکانیزمەکانی نوێنەرایەتی خۆجێیی بوونەتە بەردی بناغەی ئەم سیستمە.

سەرچاوە: ئاژانسی فرات

 

بابەتی پەیوەندیدار