ڕانانێک بۆ پەڕتووکی “ڕیشەی مێژوویی و ئایندەی شۆڕشی ژن”

ڕۆژئاڤا: لە تێکۆشانی بوونەوە بۆ ئازادیی و خۆبنیادنان

 هاوژین شێخ فەخرەدین

کتێبی “ڕیشەی مێژوویی و ئایندەی شۆڕشی ژن” لێکۆڵینەوەیەکی مێژوویی، کۆمەڵایەتیی، ئابووریی و سیاسییە و لەلایەن ئەکادیمیایی ژنۆلۆژییەوە ئامادە کراوە و بڵاو کراوەتەوە، نەجیبە قەرەداغیی لە زاراوەی کرمانجی ژوورینەوە کردوویەتی بە کرمانجی ناوەڕاست-سۆرانیی. کتتێبەکە گەنجینەیەکی مێژوویی گرنگە سەبارەت بە مێژووی میزۆپۆتامیا و ڕۆژئاڤای کوردستان (باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا) و باس لە شۆڕش و کاریگەرییەکانی شۆڕش  دەکات لەمەڕ پێشکەوتنەکانی ژن و کۆمەڵگە لە ڕۆژئاڤای کوردستان.

‌من بەکورتیی سەرنجتان بۆ هەندێک لەو تەوەرە گرنگانە ڕادەکێشم وا لە کتێبەکەدا ئاماژەیان پێ دراوە.

يەکەم: بناغەی مێژوویی

١. ژن لە مێژووی دێرینی گەلی کورد و مێژووی نەتەوە جیاوازەکانی نیشتەجێی کەوانەی زێڕیندا، خاوەنی پێگەيەکی بەرز و ناسنامەی خۆی بووە. لە پێش هەزاران ساڵ پێش زایینەوە ئەم پێگەيە بە جۆرێک ئازاد بووە، تا پلەی خوداوەندیی هەڵکشاوە. لە تیرەدا ژن خاوەنی هەمان ئەم پێگەیە بەرزە بووە. ئەم پیرۆزییەی ژن لە هەزاران ساڵ پێش زايینەوە بە بەڵگەوە سەلمێنراوە و لە شوێنەوارە  دێرینەکان و شوێنەوارە  جیاوازەکانی عەفرین، کۆبانێ، قامیشلۆ، گرێسپی، حەڵەب، جزیرە و شوێنەوارەکانی دیکەی ڕۆژئاڤای کوردستاندا دۆزراونەتەوە. نموونەی ئەمانەش دۆزینەوەی وێنە و شوێنەواری خوداوەند عشتار بووە لە عەفرین و ئاماژە بە خوداوەندێکی ژن دەکات کە خوداوەندی میهرەبانیی و جەنگ بووە.

٢. گۆڕانکاریی گەورەی ديمۆگرافیی لە ناوچەکەدا لە ئەنجامی جەنگ و کارەساتی مرۆيی ڕووی داوە و بووەتە هۆی زيادبوونی  ژمارەی ئایین و نەتەوە و ئایینزاکان، ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی سیستەمیکی پێکەوەژیان لە نێو نەتەوە جیاوازەکانی ئەم ناوچەيە لە دێرزەمانەوە.

٣. کتێبەکە پەلکێشت دەکاتە نێو مێژوویەکی دێرینی چەندین هەزار ساڵەی پێش زایین و چۆنێتیی پەرەسەندنی پێکهاتە جیاوازەکان لەسەر خاکی کەوانەی زێڕین و سیستەمی پێکەوەژیان و ژیانی بەرایی، ئەمەش بە بناغەی مێژوویی کەوانەی زێڕين ناوی دەبات، ئەویش لە سەردەمی بەردینی نوێ-نیۆڵیتیکە تا ڕۆژگاری ئەمرۆمان.

دووەم: قۆناغی سەرهەڵدانی شۆڕش

پاش ڕاپەڕین و شۆڕشەکانی شێخ سەعیدی پیران لە باکووری کوردستان و سەرکوتکردنی ڕاپەرینەکان لە ساڵی ١٩٣٨ لەلایەن تورکیاوە، بە هەمان شێوە پاش نسکۆی شۆڕشی ئەیلوول لە باشووری کوردستان، بزووتنەوەیەکی نوێ بە ناوی (پەکەکە) بە ڕێبەرایەتیی (عەبدوڵا ئۆجالان) لە باکووری کوردستان دامەزرا  و ئەندام و لایەنگرەکانی خوێندکاران و گەنجان بوون، ئەوەش بە مەترسییەکی گەورە هەژمار کرا، بۆیە تورکیا ساڵی  ١٩٧٨ و ١٩٧٩ کۆمەڵکوژیی مەڕەشی ئەنجام دا و چەندین سەرکردە و کەسایەتیی سیاسیی ئەم پارتەی دەستگیر کرد و ڕەوانەی کونجی زیندانی کردن، بە ناچاریی ڕابەری ئەم بزووتنەوە شۆڕشگێڕییە ڕووی کردە ڕۆژئاڤای کوردستان و پاشان لوبنان، ئەویش بە مەبەستی دۆزینەوەی دەرچەیەک  بۆ بەردەوامیی شۆڕش و تێکۆشان.

کورد لە ڕۆژئاڤای کوردستان لەبەر کەمیی ژمارەیان، هەمیشە خۆیان بە پاڵپشتیی شۆڕشی پارچەکانی دیکەی کوردستان داناوە، بە شێوەیەک کە ببێتە  مايەی ڕزگاریی بۆ ئەمانيش، بەڵام بە پەڕينەوەی ئۆجالان بۆ ڕۆژئاڤای کوردستان و پاشان چوونی بۆ لوبنان و مانەوەی لە دیمەشق، هاوکێشەکە گۆڕدرا. ئەم گۆڕانکاریيە کاريگەریی ئەرێنیی لە سەر گۆڕینی پەروەردە و زیهنییەتی تاک و ئاوەژووکردنەوەی زهنيیەتی کۆيلایەتیی تاک و ژن هەبوو، ئەمەش بۆ دۆزینەوەی ناسنامەی ژن و هەوڵدان بۆ  تێکۆشان لە دژی ئەو کۆیلایەتیی بوو. لە ئەنجامدا  سەرکردە ژنەکانی ئەم بزووتنەوەیە دەستیان بە شۆڕشی گۆڕانکاریی زیهنییەتی خێزان و کۆمەڵگە کرد، لە ئەنجامی تێکەڵبوونيان لەگەڵ خێزانەکان لە ڕێگەی وتنەوەی وانەی پەروەردە و ڕەوشتبەرزیی و بوێرییان بوونە جێگەی سەرنجی تەواوی نەتەوە و پێکهاتە جیاوازەکانی ڕۆژئاڤای کوردستان.

دوای گەلەکۆمەی نێودەوڵەتیی و هەرێمیی بۆ دەستگیرکردنی ئۆجالان و هەوڵی لەناوبردنی تەڤگەری ئازادیی، قۆناغی زێڕینی شۆڕش لە ڕۆژئاڤادا  چەکەرە دەکات و بەپێی ئەو پەیام و بۆچوونانەی لە ئیمڕاڵییەوە ئاڕاستەی ڕۆژئاڤا دەکرا، بە پێشەنگی ژنانی کورد و هەڤاڵێتی پیاوانی ڕۆژئاڤا لە ساڵی ٢٠٠٣، بناغەيەکی پتەو بۆ سیستەمێکی دیموکراتیی لە ڕۆژئاڤا داڕێژرا.

لەساڵی ٢٠٠٤ ڕاپەڕینێکی گەورەی جەماوەریی لە شار و شارۆچکەکانی ڕۆژئاڤا دەستی پێ کرد و لە یاریگای شاری قامیشلۆ حەوت کورد شەهید کران، ئەم ڕووداوە بە دەستپێکی شۆڕش و ڕاپەڕینەکانی کورد و نەتەوە جیاوازەکان دادەنرێت لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا.

لە ساڵی ٢٠٠٤ یەپەگە- يەکينەکانی پاراستنی گەل دامەزرا. پاشان ژنان  لە ساڵی ٢٠٠٥ دا  بە نهێنیی  کۆنگرەی یەکێتیی ستاریان بەست، ئەم کارانە سەرەتای خۆڕێکخستنی ژنان و پیاوان بوو لە ڕۆژئاڤای کوردستان. چالاکی خۆڕێکخستن لە ناو  خێزان، گەڕەک و گوندەکانەوە تا  دامەزراندنی ئەنجوومەنی گەڕەک، گوند، شارۆچکە و شارەکان پەلی هاویشت. ئەم شۆڕشە دژی  ڕژێمی بەعسی سووریی بوو کە لە مێژووی زياتر  لە ٥٠ ساڵەی حکومرانییاندا، بنەماڵەی ئەسەد پاکتاوی کورد و نەتەوە و ئایینە جیاوازەکانی ئەم ناوچەيەیان پەیڕەو کرد.

لەم پرۆسەی پاکتاوەدا دەستدرێژيیان کردە سەر سرووشت، ئاژەڵ، ژینگە و خاک، هەوڵێكی هۆڤانانەیان بۆ سڕینەوەی نەتەوە ڕەسەنەکانی کەوانەی زێڕین دا، لە نێویشیاندا گەلی کورد. زۆر جار  کەوتنە بەر هێرش و کۆمەڵکوژیی مرۆیی، جوگرافیی، ئایینیی، نەژادیی و ژینگەیی.

کورد بە ڕێنمایی ئۆجالان و لە سەر تیۆر و پراکتیکی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیی، بناغەی خۆبەرێوەبەریی ديموکراتيی دامەزراند، هەموو نەتەوە و ئایینە جیاوازەکان لە بەڕێوەبردنی خۆسەرییدا بەشدار بوون و کاروبارەکان لەلایەن ئەنجوومەنە خۆسەریەکانەوە بەڕێوە دەبرێن و سیستەمی ئابووریی هەرەوەزیی دامەزرا. تا ساڵی ٢٠١١  حکومەت و دەوڵەتی سووریا لە پەڕاوێزدا مانەوە  و تەواوی کاروبارەکانی گەل لەلایەن ئەنجوومەن و خۆبەڕێوەبەرییەکانەوە بەڕیوە دەبران.

وڵاتانی نێودەوڵەتیی (زلهێزەکانی جیهان) و وڵاتانی هەرێمیی،  درکیان بە درووستبوونی سیستەمێک دەکرد کە لە هەناوی کەوانەی زێڕینەوە سەر پێ دەکەوت، ئەمەش بەبێ هاوکاریی هیج وڵاتیکی زلهێز یان هەرێمیی،  جا وەك مەترسییەك بۆ سەر بەرژەوەندیی زلهێزەکان و وڵاتانی داگیرکاری هەرێمیی، بە تایبەت تورکیا، دەبینرا. بۆیە ڕۆژئاڤا گیرۆدەی شەڕی تیرۆريستە جیهانیەکان کرا، ئەویش لە ژێر ناوی ئیسلام و لە ژێر پەردەی داعش و بەرەی نوسرە و گرووپە جیاوازەکانی دیتر. ئەمانە لە هەمان سەرچاوەوە ئاڕاستە دەکران بۆ سڕینەوەی سیستەمی دیموکراتیی و کۆمەڵکوژی نەتەوە و ئایینە جیاوازە ڕەسەنەکانی کەوانەی زێڕین و لێدان لە پێگەی ژن، کە لە بەرەوە لە نێو کۆمەڵگەدا سەرپێ دەکەوتەوە.

کتێبەکە باسی پەلاماردانی شەنگالیش دەکات لەلایەن داعشەوە، ئەمە پەيامێکی  ڕوون بوو بۆ لە ڕیشە دەرهێنانی ئایینی ئێزدیی لە کەوانەی زێڕین و کوشتنی کۆتا دەروێشی عەگید لە باوەشی گوڵی مۆردا.

بۆردوومان و لەناوبردنی (پەرەستگە، کڵێسا، مزگەوت و شوێنەوارە دێرینەکان) لە لایەن هەمان ئەو گرووپە توندڕەوانەوە لە دژی ڕۆژئاڤا، ئەو زهنيیەتەی دەرخست وا دەیویست ڕیشەی ڕەسەنایەتیی هەزاران ساڵەی پێکەوەژیانی پێکهاتەکانی لێک داببڕێت و بسڕێتەوە. هەمان زهنییەت لەژێر ناوی ئاییندا دەستی بە ڕفاندنی ژنان و کۆیلەکردنیان کرد. ئەم کۆيلەکردنە هەوڵێک بوو بۆ کۆيلەکردنی جەستەی ژن و دەستەمۆکردنی تاک، خێزان و کۆمەڵگە.

لێدان و بۆردومانکردنی قوتابخانە و شوێنە خزمەتگوزارییەکانی کارەبا و ئاوی خواردنەوە و بەتاڵانبردنی کۆگاکانی خواردەمەنیی و دانەوێڵە لە ناوچەکەدا، ئەوە ترس و تۆقێنی تورکيای دەرخست بەرانبەر ئەو سیستەمە دیموکراتییەی لە ڕۆژئاڤا سەرپێ خرابوو، چونکە دەبووە هۆی سڕینەوەی هەزاران ساڵ لە مێژووی داگیرکاریی تورکیای فاشيست لە ناوچەکەدا.

خەڵکی ڕۆژئاڤا بە کۆی ئایین و نەتەوە جیاوازەکانیيەوە تێکۆشانی دژ بە زهنییەتی داگیرکاریی و سڕینەوەی مێژووی هەزاران ساڵەی پێکەوەژیان کرد. لە نێو ئەم شۆڕشەدا، ژنان  دوو شۆڕشیان بەڕێوە برد و گەيشتنە ترۆپکی سەرکەوتن. يەکەميان شۆڕشێك بۆ پاریزگاریی لە خاك و ئازادیی  تاك، دووەميان شۆڕێك بۆ گۆڕینی زهنییەتی پیاوسالاریی و گەڕاندنەوەی ناسنامە و ڕۆڵی ژن لە کۆمەڵگەدا.  ژن بەم شۆڕشە چيتر کۆتوبەندی کۆیلایەتیی و زهنییەتی (ناتوانن) و بێئیرادەکردنی ژنیان پساند و بوونە سەرمەشقی سەرکەوتنەکان. ژنان بوێرانە ڕووبەڕووی تانک و ئەقڵی پووچی سەرمایەداریی پیاوسالاریی  بوونەوە  و تێکۆشانيان دژی ڕەگەزگەراییی کرد. ئەم شۆڕشە ژنی کردەوە خوداوەند عەشتاری پیرۆز و خاك و ئایین و مێژووی خۆی و نەتەوە و مرۆڤایەتیی دەپاراست.

دیارە لێکۆڵینەوەکە چەندین چیرۆکی ناخهەژێنی سەردەم و ڕۆژانی شۆڕش دەگێڕیتەوە. خوێنەر بەبێ ویستی خۆی ئاوێزانی ئەو خەم و تراژیدیا نامرۆڤانەیە دەبێت وا بەرانبەر بە مرۆڤایەتیی کراوە. لەژێر حوکمی ئاڵای ڕەش، چەقۆ و ژیانی ڕەشدا بە ناچاریی فرمێسکەکانت قەتارە دەگرن بۆ ئەو تاوانانەی بەرانبەر مرۆڤایەتیی و ڕۆژئاڤا ئەنجام دران.

لە سەرکەوتنی کۆبانیدا فەرماندەیەکی ژن ئاڵای سەرکەوتن هەڵدەکات دەڵێت “بە هێواشیی بە سەر خاکەکەدا دەڕۆشتم، وەک ئەوەی بە سەر تەرمی شەهیدەکانی هاوڕیمدا هەنگاو بنێم، دەترسام، بۆیە زۆر هێواش هەنگاوەکانم هەڵدەگرت”.

شەهیدبونی یانزە هەزار ژن و پیاو و گەنج لە سووریا، کە پشکی زۆرینەی بۆ کوردانی ڕۆژئاڤا بوو، ئەو  سەرکەوتنە بە تام و بەرامەی مەرگ،  کە هیچ ماڵێک نییە و نەماوە شەهیدی نەدابێت، سەرکەوتنێک بوو تاریکپەرەستانی تێک شکاند، سەرکەوتنێك ئەهریمەنەکانی سەدەی بەزاند، سەرکەوتنێک، بە بەرزیی و پیرۆزیی باڵای ژن و مرۆڤایەتییدا بڕا. تەواوی مرۆڤایەتیی شانازیی پێوە دەکرد و دەیویست بەشێک بێت لەم سەرکەوتنە و کەمێک لەو شانازییەی بەرکەوێت وا بە باڵای ئەم خاکە پیرۆزەدا بڕا. بەستنی قاچی ژنانی شەڕڤانان بە سەرپۆشەکانیان و جەنگانیان تا مردن، ئەو ڕاستیيەی دەرخست کە  زهنییەتی پاراستنی شەرەف و ئازادیی  و بوێریی (شەهید بوون یان شەرەفی ئازادبوون)ـە.

شۆڕش دەری خست بیرکردنەوەکانی جیهان بەرانبەر ژنان گۆڕاوە و ژنان بە ناسنامەی سیاسیی خۆیانەوە ئاوێزانی کار و خەباتی خۆسەرییەکان بوون، لە چوارچێوەی بەڕێوەبەرایەتییە خۆسەرییەکاندا، یەکە ئیداریی و خۆبەڕێوەبەرییەکان ڕێک خران و پەیمانی کۆمەڵایەتیی دامەزرا. یەکینەکانی پاراستنی ژن- YPJ  دامەزرا و يەکينەکانی پاراستنی ژنانی نەتەوە جیاوازەکانی پێک هینا، ئاسایشی  ژنان، ماڵی ژن، یاسای ژن، دامەزرا. خوێندن و پەروەردە بە زمانی دایک پەرەی پێ درا و دامەزراندنی زانکۆی ڕۆژئاڤا، هەروەها کردنەوەی فاکەڵتی ژنۆلۆژیی لە دەستکەوتەکانی شۆڕشی ڕۆژئاڤایە لە پرۆسەی خۆبنیادنانی کۆمەڵگەی  دیموکراتیی لە ڕۆژئاڤای کوردستان. سەرپێخستنی سیستەمی هاوسەرۆکایەتیی لە بەڕێوەبردندا، هاوتاکردن و یەکسانیی ڕەگەزیی مۆرکیکی تری سەرکەوتنەکانی ژنانی ڕۆژئاوایە.

پێکهاتەی نەتەوەیی ڕۆژئاڤای کوردستان (کورد، عەرەب، تورکمان، چەرکەس، چیچان، مرتب، ئاشووریی، کلدانیی)، ئایینەکانی (ئێزدیی، زەردەشتیی، ئیسلام، مەسیحیی، عەلەویی)ـن و هەمووان بەبێ جیاوازیی نەتەوە و بیروڕا لەژیر چەتری خۆسەرییەکانی ڕۆژئاڤادا پارێزراون و لە سەردەمی زێڕینی پێشکەوتنی کۆمەڵايەتیی و ئابووری و سیاسی و پەروەردەییدان.

شۆڕشی ژنان بەردەوامە و کاروانی سەرکەوتن و دەستکەوتەکانی تا ئەوپەڕی جیهان دەڕوات و ژنان ئاوێزانی ئەو زهنییەتە دەبن وا شکێنەری بیری ڕەگەزگەرا-سێکسیست و کوشتنی ئیستاتیکای مرۆڤەکانە، گەڕانەوەی ئیرادە بۆ کۆمەڵگە و خێزان، پەیوەستە بە گەڕاندنەوەی شکۆی ژن، ئەوەش بە ئازادبوونی بير، هزر و جەستەی مرۆڤەکان بەدەست دەهێنرێت، ئەم هۆکارانە گرێدراوی خۆبنیادنانی کۆمەڵگەی دیموکراتیین و ڕێبەری کورد، عەبدوڵا ئۆجالان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕێبەرایەتیی دەکات. گەڕاندنەوەی شکۆی مرۆڤ و تاک و ئاوێزانبوونی لە ژینگەیەکی گونجاو، هەروەتر گەڕانەوە بۆ ژیانی سرووشت و داهێنان و (بیری ئازاد، تاکی ئازاد)، هاوتای کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیی پێشکەوتووە، ئەمانەش لە ژێر چەتری ئاشتیی و پێکەوەژیاندا بەدی دێن.

پێم واتە ئەم پەڕتووکە لێکۆڵينەوەيەکی زۆر گرنگ و پڕبایەخە، هیوادارم ئەکادیمیای ژنۆلۆژیی پەرەی زیاتر بە لیکۆڵینەوەکان بدات و سەرەنجەکان سەبارەت بە مێژووی ژن و شۆڕشی ژن و دەستکەوتەکانی ژن و داهاتووی ژن وردتر بن، ئەوەش ڕوونە کە ژنی ڕۆشنبیر و خاوەنئیرادە یەکسانە بە کۆمەڵگەیەکی ڕۆشنبیر و دیموکرات، جا لە کۆمەڵگەيەکی  ئارامدا هەمووان بە مافە سەرەتاییەکانی خۆیان دەگەن. دەکرێت لە داهاتوودا دەرئەنجامەکانی باشتر ڕوون بکرێنەوە و سامپڵەکان ووردتر سەير بکرێت، ئەویش لە پێناوی دەستکەوتنی ئامانجی وردتر و ڕوونتر.

بە هیوای بەردەوامیی بۆ ئەکادیمیاکە و خزمەتی زیاتر بە ژن و کۆمەڵگەی ژیاریی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەراست و جیهاندا.

ناساندنی کتێبەکەیە لەم لینکەدایە

بابەتی پەیوەندیدار