هێزی قەڵەمی ژن: چیرۆکی کەنیزەکە وەک نموونە

وێژە ئەو هێزەیە کە دەتوانێت کاریگەریی قەیرانەکان لەسەر ژن نیشان بدات و کتێبی The Handmaid’s Tale (چیرۆکی کەنیزەکە) وەک نموونەیەکی دیارە. ئەم کتێبە یەکێکە لە ناسراوترین ڕۆمانە خەیاڵییەکانی  مارگریت ئاتوود کە لە ساڵی ١٩٨٥ بڵاوکراوەتەوە. ئەم کارە بە یەکێک لە شاکارەکانی ئەدەبیاتی دیستۆپیا دادەنرێت.

چیرۆکەکە لە ئاییندەیەکی نزیکدا لە ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ڕوودەدات، دوای ئەوەی حکومەت بە کودەتایەکی ئایینی توندڕەو دەڕووخێت و دەوڵەتێکی نوێ بە ناوی گلیاد دادەمەزرێت. کێشەی سەرەکی ئەوەیە کە بەهۆی پیسبوونی ژینگە و تیشکدانەوە، ڕێژەی منداڵبوون بە شێوەیەکی ترسناک کەم بووە.

کەنیزەکەکان (Handmaids) ئەو ژنانەن کە هێشتا توانای منداڵبوونیان ماوە؛ دەستبەسەر دەکرێن و دەکرێنە “کەنیزەک”. ئەرکی ئەوان تەنها ئەوەیە کە منداڵ بۆ پیاوە باڵادەستەکانی دەوڵەت بخەنەوە.

چیرۆکەکە لە زمانی ژنێکەوە دەگێڕدرێتەوە بە ناوی Offred. ناوی ئەو لە ڕاستیدا ناو نییە، بەڵکو بە واتای Of Fred  (واتە موڵکی فرێد) دێت، کە ئاماژەیە بۆ ناوی ئەو فەرماندەیەی کاری بۆ دەکات. ئەو بیرەوەرییەکانی ژیانی پێشووی (کە هاوسەر و کچێکی هەبوو) لەگەڵ ژیانی ئێستای لەژێر سێبەری توندوتیژی و بێبەشبوون لە مافەکان بەراورد دەکات.

تەوەرە سەرەکییەکانی کتێبەکە:

  • کۆنترۆڵکردنی جەستەی ژن: چۆن دەسەڵاتە تۆتالیتارەکان جەستەی مرۆڤ وەک ئامرازێک بەکاردەهێنن.
  • ئایین و دەسەڵات: چۆن دەقە ئایینییەکان دەشێوێنرێن بۆ چەوساندنەوەی خەڵک.
  • لەدەستدانی ناسنامە: لە گلیاددا مرۆڤەکان ناویان لێدەسەنرێتەوە و تەنها وەک “ئەرک” سەیر دەکرێن.

ئەم کتێبە کرایە زنجیرەیەکی تەلەفزیۆنیش لە ساڵی ٢٠١٧، کە سەرکەوتووی زۆری بەدەست هێنا و خەڵاتی Emmy Awardsی بردەوە، و ناوبانگێکی جیهانی نوێی بۆ کتێبەکە دروست کرد.

مارگریت ئاتوود دەڵێت: «هیچ شتێکم لەم کتێبەدا نەنووسیوە کە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا لە شوێنێک ڕووی نەدابێت.» ئەمەش وای کردووە کتێبەکە هەمیشە وەک زەنگێکی مەترسی بمێنێتەوە.

ئەم کتێبە تەنها چیرۆک نییە، بەڵکو ڕەخنەیەکی قووڵە لە توندڕەوی و بێدەنگبوونی کۆمەڵگە بەرامبەر بە کەمبوونەوەی ئازادییەکان.

بابەتی پەیوەندیدار