سەرلەنوێ بیرکردنەوەمان لە سەر قەرەجەکان

ڕۆشان سەلام

ئەو ناوانەی خەڵک بۆیان بەکاردەهێنن بەپێی ناوچەکەیان جیاوازە: قەرەجەکان، دۆم، لۆم، سینتی، جیتانۆس، هەموویان بە واتای “قەرەجەکان” دێت. ئەم ناوانە بەهۆی زمان و پێکهاتەی فەرهەنگیی ئەو ناوچەیە لە قاڵب دەدرێن. بە تێپەڕبوونی کات، قەرەجەکان لە کۆمەڵگە پەرش و بڵاوەکاندا ژیاون، زۆرجار خۆیان بە “ڕۆم” دەناسێنن، بە واتای “مرۆڤ”، لەکاتێکدا هەندێکیان “قەرەج”یان پێ باشترە و دەڵێن: دەمانەوێت بەناوی ئەو شوێنەی، کە لێی لەدایک بووین بناسرێین. بەڵام ئەم زاراوەیە لەم ساڵانەی دواییدا گفتوگۆی نوێی بەدوای خۆیدا هێناوە، چونکە هەندێک لە قەرەجەکان ناڕەزایەتییان بەرامبەر بە وشەی “قەرەجەکان” دەڕبڕیوە. هەروەها وشەی بیانیی ڕۆم بە پەراوێزخستنیان دەزانن، کە لە فۆلکلۆری ئەواندا بەستراوەتەوە بە چیرۆکی “تشین” و “غان”ەوە. ئەم چیرۆکە زیاتر وەک ئەفسانەیەکی زارەکیی دەمێنێتەوە نەک ڕاستییەکی مێژوویی، لە دەوری دوو گەنج بە ناوەکانی “تشین” و “غان”ەوە. پێدەچێت وشەی “تشينغانی” لە تێکەڵکردنی ئەم دوو ناوەوە سەرچاوەی گرتبێت.

مێژووی قەرەجەکان و ڕێگاکانی کۆچ

سەرەڕای دەوڵەمەندیی کولتوور و مۆسیقا و شێوازی ژیانیان، قەرەجەکان پەراوێز دەخرێن و لەڕووی کۆمەڵایەتیەوە ڕەت دەکرێنەوە، کە زۆرجار وەک گروپێکی “بێ دەوڵەت” سەیر دەکرێن. سەرچاوە مێژووییەکانیان دەگەڕێتەوە بۆ ناوچەکانی باکووری هیندستان و پاکستانی ئێستا، بە تایبەتی پارێزگاکانی پەنجاب، ڕاجاستان و سند، ئەوان لە نزمترین ئاستەکانی پلەبەندیی کۆمەڵایەتیی کۆن و هیندستان بوون. بەهێزترین تیۆریی زانایان باس لەوە دەکەن، کە کۆچەکانیان لە سەدەی ١١ لەکاتی هەڵمەتەکانی سوڵتان مەحمودی غەزنی بۆ باکووری هیندستان دەستی پێکردووە. هەزاران قەرەج گیراون و بە زۆر بەرەو ڕۆژئاوا گواسترانەوە، لە ئەنجامدا، یەکێک لە گەورەترین شەپۆلەکانی ئاوارەبوون لە مێژوودا دروست بوو. دواتر لە سەرانسەری ئێران و ئەنادۆڵدا بڵاوبوونەوە بۆ ناوچەکانی دیکەی جیهان.

ڕێگاکانی کۆچی قەرەجەکان بەسەر سێ لقی سەرەکییدا دابەشکراون:

لقی یەکەم: لە ڕێگەی ئەفغانستان و ئێرانەوە بۆ ئەنادۆڵ و بەڵقان و پاشان ئەوروپا (گروپی ڕۆم).

لقی دووەم: بەرەو باکوور لە ڕێگەی قەفقاز و ڕووسیا تا ئەوروپای ڕۆژهەڵات (گروپی لوم).

لقی سێیەم: بەرەو باشوور لە ڕێگەی سووریا و فەلەستین و مسرەوە بۆ باکووری ئەفریقا، پاشان ئیسپانیا لە ڕێگەی گەرووی “جبل طارق”ەوە (گروپی دۆم).

جینۆسایدی قەرەجە لەبیرکراوەکان

جینۆساید لە سەردەمی جەنگی دووەمی جیهانیی بە یەکێک لە گەورەترین وەرچەرخانەکانی مێژووی قەرەج دادەنرێت، نازییەکان لە ئۆپەراسیۆنی سیستماتیکدا سەدان هەزار قەرەج و سینتییان کوشت. لە ٢ی ئابی ١٩٤٤دا، نزیکەی ٤٣٠٠ قەرەج و سینتی لە یەک شەودا لە ژوورە غازییەکانی ئاوشڤیتز-بیرکیناو کوژران. ئەم ڕۆژە بە یەکێک لە تاریکترین ساتەکانی مێژووی خۆیان دادەنین. قەرەجەکان ئەم جینۆسایدە ناو دەنێن “بۆریامۆس”، وشەیەکە لە زمانەکەیانەوە بە واتای “قوتدان” دێت، کە ڕەنگدانەوەی قەبارەی کارەساتەکەیە. بە دانپیانانی وەک جینۆساید لە ٢ی ئاب لە ساڵی ٢٠١٥ لەلایەن پەرلەمانی ئەوروپاوە وەک ڕۆژی یادکردنەوەی جینۆسایدی قەرەج، ئەم کارەساتە سەرنجی زیاتری نێودەوڵەتیی بەدەستهێنا. بەپێی مەزەندەکان نزیکەی ٧٠٪ی قەرەجەکان لە ئەوروپا لەو کاتەدا کوژراون، کە نزیکەی یەک ملیۆن کەسن. بەڵام بۆ چەندین ساڵ جینۆسایدی قەرەج هەمان ئاستی لێکۆڵینەوە و گرنگییدان بە هۆلۆکۆستی وەرنەگرت و تا ڕادەیەکی زۆر لە هۆشیاریی جیهانیدا وەک پێکهاتەیەکی لەبیرکراو مایەوە.

گۆڕە ونبووەکان و مێژوویەکی نەبینراو

جینۆساید تەنها لە کامپەکانی کۆکردنەوەدا سنووردار نەبوو، هەروەها کوشتنی بەکۆمەڵ لە گوندەکانی سەرانسەری ئەوروپای ڕۆژهەڵاتی لەخۆگرتبوو، زۆرێک لە قەرەجەکان لە گۆڕە بەکۆمەڵەکاندا نێژراون، کە زۆربەیان تا ئەمڕۆش نەدۆزراونەتەوە. تا ئێستاش لە وڵاتانی وەک ڕووسیا، ئۆکرانیا، مۆڵدۆڤا، لیتوانیا لەم گۆڕانەدا بەدوای تەرمەکانیاندا دەگەڕێن. هەندێک لە لێکۆڵینەوەکان باس لەوە دەکەن، کە بە زیندوویی نێژراون، دواتر ئەم ناوچانە کراون بە زەوی کشتوکاڵیی. ئەمەش ئەوە دەردەخات، کە ئەوەی بەسەر قەرەجەکاندا هاتووە تەنها ڕووداوێکی مێژوویی ڕابردوو نییە، بەڵکو بابەتی یادەوەریی و دادپەروەرییە، کە تا ئەمڕۆش بەردەوامە.

جیاکاریی لە دژی قەرەج لە هەموو شوێنێکی جیهان

لە سەردەمی ئیمپراتۆریەتی عوسمانییدا باجی قورسیان لەسەر دەنرا، لە ئەوروپا، خوێندنیان لێ زەوت کرا. بە کورتیی، لە هەر وڵاتێکدا، کە ڕوویان تێدەکرد، ڕووبەڕووی جیاکاریی دەبوونەوە و بە هەڕەشەیەکی کۆمەڵایەتیی دادەنران. ژمارەیان لە سەرانسەری جیهاندا بە نزیکەی ١٧ ملیۆن کەس مەزەندە دەکرێت، بەڵام سەرەڕای ئەم ژمارە زۆرە، پرسیارەکە هەروایە: بۆچی قەرەجەکان تا ڕادەیەکی زۆر پشتگوێ دەخرێن؟

فەلسەفەی “ئێمە لە هیچ شوێنێکەوە نەهاتووین، دەچینە هەموو شوێنێک”

بە درێژایی مێژوو قەرەجەکان خاوەندارێتی تایبەت واتە موڵک و ماڵ ڕەتدەکەنەوە و ئەو فەلسەفەیەیان گرتەبەر، کە “ئێمە لە هیچ شوێنێکەوە نەهاتووین، دەچینە هەموو شوێنێک”، بۆیە زۆرجار بە پیشەسازیی کۆچەریی پێناسە دەکران. جگە لە فەرهەنگی مۆسیقا، پیشەکانی وەک پزیشکی نەریتیی ددان، پزیشکی فۆلکلۆر، ئاسنگەریی و دروستکردنی سەبەتەیان ئەنجامداوە. ئەوان لەو ناوچانەی تێیدا دەژیان ئەم خزمەتگوزارییانەیان پێشکەش دەکرد و لە بەرامبەردا پێداویستییە سەرەتاییەکانیان دەستەبەر دەکرد. قەرەجەکان یان جپسیەکان لەڕێگای ئێران و ئەرمەنستانەوە گەیشتنە ئەنادۆڵ، بۆ یەکەمجار لە سەدەی ١١دا لەگەڵ سەلجوقییەکان بەرکەوتنیان هەبوو، پاشان بۆ ماوەیەکی زۆر لە چەمی تراکی لە سەدەی ١٢دا ژیاون.

قەرەج لە تورکیا و کوردستان: دیدێکی نەریتیانە و قسەی ڕق و کینە

وەک لە زۆرێک لە وڵاتانی جیهان، خەڵکی قەرەج لە شارە جیاوازەکانی سەرانسەری تورکیا و کوردستاندا دەژین، خەمڵاندنە فەرمییەکان ژمارەیان نزیکەی ٥٠٠ هەزار کەسە، لەکاتێکدا خەمڵاندنە نافەرمییەکان ژمارەکەیان نزیکەی دوو ملیۆن کەسە. دەوترێت ٩٥٪یان بۆ هەمیشە نیشتەجێ بوون.

لە تورکیا بەپێی ناوچەکە بە ناوی جیاواز ناسراون: “ڕۆمان” لە ڕۆژئاوای ئەنادۆڵ و تراکیا، “موتریب” لە نێوان وان و ئەردەهان، “ئیلاکی” لە ناوەڕاستی ئەنادۆڵ، “بوشا” لە ئەرزروم و دەوروبەری، “کانۆ” لە ئەدەنە. لە بەشێکی کوردستانیش بە ناوەکانی وەک “قەرەج”، “ئاشیک”، “ژیندار”، “قەرەجی کورد” ناسراون. دوورخستنەوەیان لە ژیانی گشتیی ناچاری کردوون لە کۆمەڵگە پەراوێزخراوەکاندا بژین، زۆرجار لە هەژارترین گەڕەکەکانی شاردا. ئەم دۆخە ئابوورییە سەختە کۆمەکی کردووە لە ناونانە کۆنەپەرستانە نەرێنییەکانی وەک “هەژار”، “دز”، “کێشەساز” و “بیانی”.

بەم شێوەیە خەڵکی قەرەج تووشی پەراوێزخستن و هەڵوێستی ڕەگەزگەراییانە دەبنەوە، نەک تەنها بەهۆی بارودۆخی ژیانیان، بەڵکو بەهۆی گێڕانەوە و ئەفسانە مێژووییەکانیشەوە، کە لەبارەیانەوە دەگێڕدرێنەوە. جگە لەوەش چیرۆکەکانی “ژنە جانتا هەڵگرەکە” و “قەرەجە دزەکە”، کە دایکان بۆ منداڵەکانیان دەگێڕایەوە بۆ ئەوەی ڕێگرییان لێ بکەن لە قسەکردن لەگەڵ کەسانی بیانی، لە تەمەنێکی بچووکەوە ڕۆڵی هەبووە لە چاندنی قسەی ڕق و کینە لەبەرامبەریان.

لە کۆمەڵگەی دایکانەوە بۆ پێکهاتەی باوکسالار

کۆمەڵگەی قەرەج لە پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکانی نزیکتر لە کۆمەڵگەی دایکانە و پەیوەندییەکی نزیک لەگەڵ سروشتەوە سەرچاوە دەگرێت، بەڵام هەڵاواردن و شێوازی ژیانی کۆچەرییان ڕێگریی لێکردن لە بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییە گەورەکان. لە ژێر فشاردا ناچار بوون “دیوارێکی پارێزراویی” بۆ پاراستنی خۆیان دروست بکەن، ئەمەش بووە هۆی لاوازبوونی پێکهاتە دایکانەکانیان. هەروەها ئارەزووی یەکگرتن و مانەوەیان لەناو کۆمەڵگەدا وای لێکردن خۆیان لەگەڵ پێکهاتە پیاوسالارییەکاندا بگونجێنن، کە لەسەر بنەمای پەیوەندییەکانی دەسەڵات دامەزراون. لە کاتێکدا هەندێک تایبەتمەندیی دایکانە لە نێو گروپە کۆچەرییەکان بەردەوامن، بەڵام ئەمانە لەنێو ئەو کەسانەی، کە لە ناوچە شارییەکان نیشتەجێ بوون کەمترە.

قەرەجەکان لەکاتی هەوڵدان بۆ پاراستنی بیروباوەڕی ئاینیی و بەها کولتوورییەکانیان لەناو کۆمەڵگەی گەورەتردا، ڕووبەڕووی توندوتیژیی و ڕەتکردنەوە بوونەتەوە، ئەمەش وایکردووە ئەم گۆڕانکارییە بەرەو پێکهاتەیەکی پیاوسالاریی زیاتر دەرئەنجامی فشارە دەرەکییەکان بێت نەک هەڵبژاردنی ناوخۆیی.

کاریگەریی هاوسەنگی هێز لەسەر پێکهاتەی کۆمەڵایەتیی

دەسەڵاتی پیاوسالاریی، پێکهاتەی دایکانەی نادیدە کردووە، ڕێگریی لە ژنان کردووە، کە ڕۆڵێکی دیار لە ژیانی ڕۆژانە و کولتوورییدا بگێڕن، سەرەڕای ئەمەش ژنان لە کۆمەڵگەی قەرەجدا هەڵگری سەرەکیی کولتوورن، ئەوان لە بوارە هەمەچەشنەکاندا کاردەکەن، کولتوورەکە دەپارێزن و لە هەمان کاتدا سەربەخۆیی ئابووری بەدەستدەهێنن.

فێستیڤاڵی هەدرلێز… هەموو ساڵێک هەمان ئاوات

فێستیڤاڵی هەدرلێز یەکێکە لە جەژنە گرنگەکان بۆ قەرەجکان. لەم ڕۆژەدا ئاگر دەکرێتەوە و ئاواتەکانیان دەخەنە ڕوو و مۆسیقا و هەڵپەڕکێ بە درێژایی شەو بەردەوام دەبێت. قەرەجەکان هەوڵدەدەن لەم فێستیڤاڵەدا کولتوورەکەیان بپارێزن و ناسنامەی خۆیان بەشێوەیەکی بەهێز دەرببڕن، ساڵانە ئاواتەکانیان بۆ ژیانێکی شکۆمەندانە و دوور لە قسەی ڕقاویی نوێ بکەنەوە.

کۆمەڵگەی قەرەج یەکێکە لە کۆنترین گروپە کولتوورییەکانی ئەوروپا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، سەرەڕای چەندین سەدەی کۆچ و گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی، ناسنامەی جیاوازی خۆی پاراستووە. ئەم کۆمەڵگەیە بە میراسێکی دەوڵەمەند و داب و نەریتی کۆمەڵایەتیی بۆماوەیی تایبەتمەندە، لە کاتێکدا بابەتەکانی پەیوەست بە خۆگونجاندن و یەکگرتن و دانپێدانانی کولتووری لە زۆرێک لە وڵاتان وەک بابەتی دیالۆگی ماونەتەوە.

کۆمەڵگەی قەرەج کە لە مێژوودا بە ”جیپسی” ناسراوە، لە قورسایی سیاسەتی جیاکاریی و پەراوێزخستندا دەژین، کە بە درێژایی مێژوو کەمینەکانی کردووەتە ئامانج. بە گرنگییدان بەم کۆمەڵگەیە، کە زۆرجار بە هەڵە مامەڵەیان لەگەڵ کراوە، بە چەواشەکارییەوە دەخرێنەڕوو، لەگەڵ بیرڤۆ یەڵماز، ژنێکی قەرەج قسەمان کرد سەبارەت بەو چەمکانەی دادپەروەریی، هاودەنگیی و هۆشیاریی بەکۆمەڵ، کە ژنانی قەرەج لەناو کۆمەڵگەکەیاندا بە سەرکەوتوویی چاندوویانە. ئەو، لە گەڕەکێکدا لەدایک بووە و گەورە بووە، کە خێزانە قەرەجەکان تێیدا نیشتەجێن. هەر لە ساڵانی خوێندنی سەرەتاییدا ئاگاداری دۆخی کەمینەی بووە، کاتێ قسەی ڕقاویی بیستووە و گۆشەگیر کراوە.

ئەو وەها چیرۆکی خۆی دەگێرێتەوە:

“من لە قوتابخانەیەک خوێندوومە، کە خوێندکاری قەرەج کەم بوو، کە تۆ قەرەج بیت، چاوەڕێی ئەوە دەکەن تاوانێک بکەیت و ئەوەش ترست تێدا دەچێنێت. ئەگەر منداڵێکی دیکە هەڵە بکات، تەنها دەڵێن منداڵە، بەڵام ئەگەر منداڵێکی قەرەج بێت، دەڵێن دزە. ئەوە بووە هۆکاری ئەوەی تێبگەم، کە جیاوازم. لە ڕێگەی ئەزموونی خۆمەوە لەم جیاکارییە قێزەونە تێگەیشتم. زۆرجار بەهۆی ناسنامەکەمەوە ڕووبەڕووی پەراوێزخستن دەبوومەوە، چ لە بۆنە کۆمەڵایەتییەکان و چ لە کاتی چاوپێکەوتنی کاردا، لە چاوپێکەوتنێکی کاردا، وتم قەرەجم، وەڵامەکەش ئەوە بوو، خوا نەخواستە! چۆن دەتوانێت ئەوە بێت؟، هەندێک کەس پێیان دەوتم تۆ لە قەرەج ناچیت. ئەم کۆمێنتانە بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو ژەهراویی بوون. ئەو ئەفسانانەی لەسەر قەرەجەکانە، وەک وێناکردنیان وەک دز یان مەیلیان بۆ تاوان، کاریگەرییەکی قووڵیان لەسەر ژیانی ڕۆژانەمان هەیە، بەتایبەتی منداڵان، کۆمەڵگە پێشوەختە وەک دزی توندوتیژ یان بەکارهێنەری ماددە هۆشبەرەکان بڕیارمان لەسەر دەدات، ئەمەش پەردەیەکی دەنگۆی یاسایی دەدات بە قسەی ڕقاویی. ئەم چەشنە کۆنەپەرستانە تەنها لەسەر بنەمای پێشوەختە زانینن. لە سەردەمی منداڵییدا کاتێک هەندێک مامۆستا، کە گوایە نموونە بوون، وتەی وەک “ئەوان مەبن”یان وتووە، ئەم قسانە بە ئازار بوون، چونکە ڕاستەوخۆ ناسنامەکەی کردووەتە ئامانج، ئەوان کۆمەڵگەی من بوون، تیشک خستە سەر جیاوازییەکی توندی نێوان ئەو بڕیارە تایبەتیە، کە بیستبووی و سەربەخۆیی ڕاستەقینەی خۆی، کە بەشێکی سەرەکیی ژیان و ناسنامەکەی پێکهێنابوو.”

جیاوازییمان لەگەڵدا کرا”

بیرڤۆ یەڵماز لە پاڵ ناسنامەی قەرەجیی هەڵگری ناسنامەی عەلەویی بوو. ئەندامانی کۆمەڵگەکەی لەو ڕووەشەوە ڕووبەڕووی پەراوێزخستن دەبنەوە لەلایەن ئەو گروپە ئاینیی و نەتەوەییانەی، کە لە ناوخۆی وڵاتدا بە جیاواز دادەنرێن، وتی: وەک قەرەجی عەلەوی دەمانەوێت بچینە “ماڵی جەم”، کە شوێنێکی پەرستنی عەلەوییە، بەڵام ڕێگەمان پێنادەن بچینە ژوورەوە، بە دەستەواژەی وەک “ئێوە قەرەجن، ئێمە هیچ پەیوەندییەکمان بە قەرەجەوە نییە” دوورمان دەخەنەوە. ڕەنگە نەتەوەکانی دیکە لە ڕوانگەیەکی جیاوازەوە سەیری جیاکارییەکانیان بکەن یان پێیانوایە، کە بە ڕادەیەکی پێویست شەڕیان نەکردووە، بەڵام ئەوان خەبات بۆ مافە سەرەتاییەکانیان دەکەن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا خەبات بۆ ناسنامە بۆ هەندێک کەس کەمینەش گرنگە.

“ئێمە هەوڵدەدەین لە ژیاندا بمێنینەوە”

ئەو پێیوایە وێنەی باوی قەرەج وەک گەلێکی “کۆچەری” زیاتر ڕەنگدانەوەی پێویستییەکە، کە بەسەریاندا سەپێنراوە نەک هەڵبژاردنێکی کولتووریی. کۆچەریی بریتی نییە لە جوڵەی وەرزی لەنێوان هاوین و زستاندا، بەڵکو دۆخێکی کاتی نیشتەجێبوونە، کە بەسەریاندا سەپێنراوە لە هەر شوێنێک بۆی بچن، دایکی و داپیرەی خوویان بەوە گرتبوو، کە ژیانی کۆچەری وەک بەشێکی سروشتی بوون ببینن، نەک نیشانەی دوورخستنەوە، بەڵام ڕاستیی سیاسەتێکی ڕوونی ئاوارەبوون ئاشکرا دەکات، کە مرۆڤەکان لە گەڕەک و شارەکانیان دوور دەخاتەوە و ژیانی کۆچەریی دەکاتە چارەنووسێک.

ئەم ئاوارەبوونە زۆرەملێیە هەندێکجار وەک بەشێک لە کولتووری قەرەج دەخرێتە ڕوو، لەکاتێکدا لە ڕاستییدا برینێکی کراوەیە، کە پەیوەندییەکانیان بە خاکەوە دەبڕێت و ڕێگرییان لێدەکات لە دامەزراندنی ڕەگێکی پتەو. بیرڤۆ یەڵماز بانگەوازیی بۆ ئەو وتە باوە کرد کە دەڵێت: ئێمە لە هیچ شوێنێکەوە نەهاتووین، دەچینە هەموو شوێنێک. ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کۆمەڵگەکەی لە دۆخێکی نائارامییدا لەنێوان هاتن و ڕۆشتندا بژی. هەروەها ئەو فەلسەفەیەی، کە ژیانی کۆمەڵگەکەی لەخۆدەگرێت، نەبوونی نییە، بەڵکو مانەوەیە سەرەڕای هەموو ئەو شتانەی لێیان زەوت کراوە و هەموو ئەو شتانەی کە بە زۆرەملێی شێوەیان پێدراوە.

“ژنان لە کۆمەڵگەی قەرەجدا چالاکن”

ژنان لە کۆمەڵگەی قەرەجدا چالاک بوون و لە ڕێگەی کاری دەستیی وەک گوڵ دروستکردن و سەبەتە دروستکردنەوە پاڵپشتیی خێزانەکانیان دەکرد، بەڵام سیستمی سەرمایەداریی زیانێکی زۆری بەو پیشانە گەیاندووە. هەروەها ژن هەمیشە لە کۆمەڵگەی ئێمەدا چالاک بووە، دەوترێت، کە قەرەجەکان لە کۆمەڵگەیەکی دایکانەوە هاتوون، نەخشێک کە زیاتر لە کۆمەڵگە کۆچەرییەکاندا باو بووە. بەڵام لەگەڵ ژیانی نیشتەجێبوون، سیستمەکە زیاتر پیاوسالار بووە. لەگەڵ ئەوەشدا، ژنان هێشتا ناچارن کار بکەن، چونکە بارگرانیی لەسەریان قورسترە، لەگەڵ نەمانی پیشە نەریتییەکانیان، ئیتر بژاردەی زۆریان نییە. ژنانی قەرەج لە بواری جیاوازدا کاریان کردووە، تەنانەت لە بواری مۆسیقاشدا، ئامادەیییەکی بەرچاویان هەبووە، هەرچەندە پیاوان زیاتر دیارن.

“ژن، قەڵغانی پارێزەرە”

کاریگەریی سیستمی سەرمایەداریی و باڵادەستیی بیرکردنەوەی پیاوسالاریی، بە قووڵیی پێکهاتەی کۆمەڵگەی قەرەجی گۆڕیوە، ژنان وەک ناوەندی ژیانی کۆمەڵایەتیی لەناو گەڕەکەکانیاندا دەمێننەوە. هاودەنگیی لەنێوان ژناندا بە شێوەیەکی سروشتیی سەرهەڵدەدات، بەهۆی ئەو پێویستییانەی، کە ستەم و هەژاریی دەیسەپێنن، ژنان بوونەتە هێڵی یەکەمی بەرگریی لە بەرامبەر گۆشەگیرکردنی کۆمەڵگەکەیان. کۆمەڵگەی ڕۆم تایبەتمەندیی ڕۆحیی پشتیوانیی یەکتریان هەیە لەناو گەڕەکەکاندا، کە هەمووان یارمەتیی یەکتر دەدەن لە هەر حاڵەتێکی لەناکاو. پەراوێزخستنی بەردەوام و سنووردارکردنی بوونی ئەوان لە گەڕەکەکانیاندا، هەندێک جار دەتوانێت ببێتە هۆی دۆخێکی گۆشەگیریی، کە پێشوازیی لە کەسانی دەرەوە قورس دەکات.

بەپێی بۆچوونی بیرڤۆ یەڵماز، زۆرجار قەرەجەکان بەدەر دەکرێن یان لە ڕێگەی وێنەیەکی ڕۆمانتیزەکراوی زیادەڕۆییەوە سەیر دەکرێن، کە کورت دەکرێتەوە بۆ دەستەواژەکانی وەک “حەزت لە ژیانە”، بەڵام دوورە لە ڕاستییەوە، لەم وێنەیەدا ئەوان بە کردەوە لەناو گەڕەکەکانیاندا گیریان خواردووە و لە کۆمەڵگەی فراوانتر دابڕاون، هەوڵدەدەن سیستمی دادپەروەریی خۆیان بونیاد بنێن و ئاسایشی خۆیان لەناو کۆمەڵگەکەیاندا دروست بکەن. لە نەبوونی پشتیوانیی و پاراستنی پێویست لەلایەن دامەزراوەکانی دەوڵەتەوە، ئەم دۆخە پاڵیان پێوەناون بەرەو یەکگرتوویی زیاتری ناوخۆیی، کە هاودەنگیی و پاراستنی یەکتر بووەتە پێویستییەکی ڕۆژانەیان.

ژیان بە دابڕان لە جیهانی دەرەوە دەرئەنجامی جددی نەرێنی هەیە. ترسی جێهێشتنی گەڕەک بە تایبەتی لەنێو ژناندا باوە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو جیاکارییەی ڕووبەڕوویان دەبێتەوە بەتایبەت لە شوێنی کاردا، خەڵک دەترسن لە جێهێشتن، چونکە بەردەوام پەراوێز دەخرێن، ئەم دۆخە کاریگەریی زیاتری لەسەر ژنان هەیە، ئەمەش دووریان دەخاتەوە لە پێشکەوتن، بەهۆی فشارە دەرەکییەکان و ئەو فشارەی لەلایەن پیاوانەوە لەناو کۆمەڵگەکەماندا دەخرێنە سەر ژنان، ژنان و منداڵانی کچ ناتوانن دەستیان بە خوێندن بگات و ناچارن لە تەمەنێکی زۆر بچووکدا شان بدەنە بەر باری گرانی ژیان.

بیرڤۆ یەڵماز پێیوایە، هاودەنگیی نێوان ژنانی قەرەج نموونەییە، بەو پێیەی ژنان لە هەموو بوارەکاندا پاڵپشتی یەکتر دەکەن؛ “با بڵێین یەکێکیان کار لە دەرەوەی کۆمەڵگەکەی خۆی دەدۆزێتەوە، ئەویش دێت و ئەوی دیکەیان تێیدا بەشدار دەکات، هاودەنگیی نێوان ژنان بەڕاستی نایاب و سەرنجڕاکێشە، پێموایە دەتوانێت نموونەیەک بێت بۆ زۆرێک لە کۆمەڵگەکانی ژنان، کاتێک ژنێک شتێک بەدەستدەهێنێت، ئەوی دیکەیان خێرا پەیوەندی بەوەی دیکەوە دەکات. ئێمە ئەم هاودەنگییە بە شێوەیەکی سەرسوڕهێنەر پراکتیزە دەکەین و ئەم دۆخە بەشێکیی لە ئەنجامی کاریگەرییەکانی گۆشەگیریی پەرە سەندوو. ئەزموونەکانی ژیان لەگەڵ یەکتردا بەش دەکەین پاشان ژن دەبێتە پەناگەیەکی پارێزراو بۆ ژنێکی تر. ئەم هاودەنگییە بە ڕوونیی لە گەڕەکەکانماندا هەستی پێدەکرێت، جا لە قوتابخانە بێت یان لە شوێنی کاردا. خەڵکی قەرەج لە سنوورە نەبینراوەکاندا دەژین، کە بە تێپەڕبوونی کات بەسەریاندا سەپێنراوە. هەروەها ئەم دیوارانە دوو چەشنە چەقبەستوویەکیان دروستکردووە: لە لایەکەوە قەرەج هەست بە قبوڵنەکردن دەکەن لە کۆمەڵگەدا و لە لایەکی دیکەوە، هەندێکی دیکە پێیان باشترە لە گۆشەگیرییدا بژین، هەروەها هیچ کام لەم دوو تێڕوانینە ڕەنگدانەوەی ڕاستیی نین.”

ئەوان نایانەوێت هیچ منداڵێکی قەرەج ڕووبەڕووی هەڵاواردن ببێتەوە یان خەونەکانیان بشکێنرێت، وەک ئەوەی پێشتر بەسەر زۆر کەسدا هاتووە، دوای تێپەڕاندنی ئەزموونە سەختەکان گەیشتووەتە ئەو شوێنەی ئەمڕۆ لێین و نایانەوێت هیچ منداڵێک بە هەمان ڕێگادا بڕوات.

کۆمەڵگەی قەرەج هێشتا ڕووبەڕووی چەندین جۆری هەڵاواردن و پەراوێزخستن دەبنەوە، جا چ لە بواری خوێندن، چ لە بواری نیشتەجێبوون یان هەلی کار. ئەم سیاسەت و پراکتیکە بەشدارن لە قووڵکردنەوەی دابەشبوونی کۆمەڵایەتی و پاڵنانی زیاتری ئەم گروپە بۆ گۆشەگیریی، لە کاتێکدا، کە بانگەوازەکان بۆ ڕێوشوێنی کاریگەرتر بۆ دەستەبەرکردنی یەکسانیی و پاراستنی مافەکانی کەمینەکان گەشە دەکەن. پەرەسەندنی سیاسەتەکانی هەڵاواردن و پەراوێزخستن کاریگەریی قووڵی لەسەر تاک و کۆمەڵگەکان هەیە، قسەی ڕق و کینە بە شێوەیەکی بێ کۆنترۆڵ لە سەرانسەری پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکاندا بڵاودەبێتەوە و فراوانتر دەبێت و لە نەبوونی میکانیزمی کاریگەر بۆ سنووردارکردنی ئەم وتارە یان سزادانی بەکارهێنەرانی، گرژییە کۆمەڵایەتییەکان زیاتر دەبن.

سەبارەت بە کاریگەرییە دەروونیی و کۆمەڵایەتییەکانی قسەی ڕق و کینە لەسەر گروپە ئامانجدارەکان و کۆمەڵگە بە گشتیی، دەروونناس فاتوش کایتان، کە خەڵکی کۆمەڵگەی قەرەجە پێیوایە، کە قسەی ناشرین تەنها بە وشە سنووردار نییە، بەڵکو دەتوانێت گەشە بکات بۆ کاریگەریی لەسەر پەیوەندیی کۆمەڵایەتییان لە ئەنجامی بارودۆخی بەردەوامدا.

فاتوش کایتان وەها باس لەو دۆخەیان دەکات؛

” قسەی ناشرین، لە ناوەڕۆکەکەیدا، زنجیرەیەک وشەیە کە گروپێکی دیاریکراو دەکاتە ئامانج لەسەر بنەمای ناسنامەی نەتەوەیی یان شێوازی ژیانیان، بەم شێوەیەش پێشوەختە زانینەکانیان لەدژی ئەوان بەهێزتر دەکات و دەبێتە هۆی ناوزڕاندنیان، جیاوازترین تایبەتمەندیی قسەی ڕق و کینە ئەوەیە، کە لە وشەدا قەتیس نامێنێ، بەڵکو وردە وردە دەگۆڕێت بۆ ڕەفتار و سیاسەت، پەرەدەسێنێت بۆ کاریگەریی لەسەر پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانیان. لەگەڵ پەرەسەندنی قسەی ناشرین، دەرکەوتەکانی دەست دەکەن بە گۆڕانکاریی بۆ هێرشی ڕاستەقینە و کاریگەرییەکانی تەنها لە گروپێکی دیاریکراودا سنووردار نییە، بەڵکو بە شێوەیەکی سیستماتیکی و دووبارە کاریگەریی لەسەر گروپە جیاوازەکان دەبێت. ئەم شەپۆلە سەرەتا دەبێتە هۆی سنووردارکردنی مافە بنەڕەتییەکان، لەگەڵ زیادبوونی هەڵاواردن لە بوارەکانی پەروەردە، تەندروستیی، دامەزراندن، گروپە ئامانجدارەکان بە شێوەیەکی سیستماتیک دوور دەخرێنەوە. ڕەنگە کەسێک بەهۆی ناسنامەکەیەوە دەرفەتی کارکردنی لێ داگیربکرێت یان خوێندکارێک لە قوتابخانە دەربکرێت. بە تێپەڕبوونی کات، ئەم کارانە ڕەگ و ڕیشەی دادەکوتێت، کە لە ڕێگەی نەوەکانەوە دەگوازرێنەوە، پرۆسەی فێربوونی کۆمەڵایەتیی، قووڵکردنەوەی بۆشایی و زیادکردنی بەردەوامیی هەڵاواردن.”

هەندێک گشتاندن، کە بە مەبەستی ئەرێنیی بەڕواڵەت ئەنجام دەدرێن، دەتوانن بگۆڕدرێن بۆ جۆرێک لە جیاکاریی. دەستەواژەکانی وەک “هیچ ناڵێم، ئەوە باشە” دەتوانێت سەرەتای وەدەرنانی بێت، چونکە پاڵ بەو گروپانە دەنێت کە بە “ئەوی دیکە” پۆلێنکراون بۆ کشانەوە لە کایەی گشتیی و دوورکەوتنەوە لە بەشداریی دیموکراتییانە. ئەمە بە “سانسۆری ناسنامە” پێناسە دەکرێت، کە تاکەکان دەست دەکەن بە شاردنەوەی پەیوەندییەکانیان و دوودڵ دەبن لە دەربڕینی بۆچوونەکانیان، ئەمەش کاریگەریی نەرێنیی لەسەر ژیانی دیموکراتیی دەبێت، هەروەها  قسەی ناشرین هێرشی بەکۆمەڵ ڕەوا دەکات، ئەمەش ژینگەیەک دروست دەکات کە کردەوە توندوتیژییەکان، لەوانەش توندوتیژیی دەروونیی ئاسایی دەبنەوە. هەروەها ئەو بڕوایە بەهێزتر دەکات، کە “ئەو گروپە شایەنی ئەوەیە، کە بەسەری دێت”، بەم شێوەیە جیاکاریی لەناو دامەزراوەکاندا چەسپاندووە و زیاتر لە هۆشیاریی گشتییدا قبوڵکراوە.

جیاکاریی فرەلایەنە

فاتوش کایتان لەو بارەیەوە دەڵێت؛”ژنبوون یان منداڵ لەناو کۆمەڵگەیەکی کەمینەدا، مرۆڤ تووشی هەڵاواردنی فرە چین دەکات، کاتێک ژنێک قەرەجە، دووجار ڕووبەڕووی جیاکاریی دەبێتەوە، جارێک بەهۆی ڕەگەزەکەیەوە و جارێکیش بەهۆی پەیوەندییەکەیەوە. ڕەگ و ڕیشەی ئەم جیاکارییە لە منداڵییەوە دەستپێدەکات، چونکە ژنان و منداڵان لەنێو ئەو گروپانەن، کە زۆرترین بەرکەوتەی ئەو شێوازە تایبەتیانەن. ژنانی قەرەج بۆ نموونە دووجار ڕووبەڕووی جیاکاریی دەبنەوە، لەکاتێکدا توندیی هەڵاواردنەکە ئاڵۆزتر دەبێت کاتێک ژنێکی قەرەج خاوەن پێداویستیی تایبەت بێت، بە یەکجار دەبێتە ئامانجی سێ جۆرە لە جیاکاریی.”

بەرکەوتن بە وتەی بێڕێزییکردن و توندوتیژانە سەبارەت بە ژنانی قەرەج لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی، هەستی ئاسایشی تاک لەناو کۆمەڵگەدا تێکدەدات، دەبێتە هۆی هەستکردن بە نائارامیی و نامۆبوون، قسەی ناشرین بە ئامانجکردنی ناسنامە متمانە بەخۆبوون لاواز دەکات، لە ئەنجامدا دەبێتە هۆی خەمۆکی و بێهیوایی. لە ئەنجامدا، دڵەڕاوکێ زیاد دەکات، تاکەکان دەست دەکەن بە پرسیارکردن، ” ئایا من پارێزراوم؟” لە کەشی گشتییدا، ئەم دڵەڕاوکێیە تاکەکان بەرەو گۆشەگیریی کۆمەڵایەتییش دەبات. ئەم کاریگەرییانە تەنها تاکەکەسی نین، بەڵکو دەتوانن ببنە میراسێکی زەبرلێدەر، کە بۆ نەوەکان دەگوازرێنەوە، ئەم جۆرە زەبر و زەنگە کاریگەریی لەسەر کەسایەتی تاک و تێڕوانینی هەیە، بۆیە دەتواندرێت بوترێت، ئەم دۆخە کاریگەرییەکی کۆمەڵایەتیی زیاتری هەیە لە تاک.

جیاکاریی فێری منداڵان دەکرێت”

لەسەر کاریگەریی قسەی ڕق و کینە لەسەر منداڵان فاتوش کایتان وەها باس دەکات؛

“جیاکاریی ڕەفتارێکی زگماکی نییە، بەڵکو ڕەفتارێکی فێرکراوە. منداڵ بە زانینی جیاکاریی لەدایک نابێت، لە ژینگەکەیەوە فێری دەبێت. نازانن قەرەج یان کەسانی دیکە کێن، ئەگەر ئەم تێڕوانینانەیان پێ نەگەیەنرێت. قسەی ڕق و کینە لە ژینگەی دەوروبەریانەوە بۆ منداڵان دەگوازرێتەوە، دواتر ئەوانیش وەریدەگرن، کاتێک خۆیان دەبیننەوە بەهۆی ناسنامەکەیانەوە بەرەوڕووی جیاکاریی دەبنەوە، هەندێکجار تەنانەت لە سەرەتادا درک بەو شتە دەکەن. ئەم جیاکارییە کاریگەریی لەسەر پێکهاتنی ناسنامەی منداڵەکە هەیە، چونکە لەوانەیە پەرە بە هەستی بێبەهایی ناوەکیی بدات. بە تێپەڕبوونی کات زیاتر بەرەوڕووی قسەی ناشرین دەبنەوە و خواستیان بەرەو گۆشەگیریی کۆمەڵایەتی هەیە. لەوانەیە لە قۆناغەکانی دواتردا هەوڵی شاردنەوەی ناسنامەی خۆیان بدەن بۆ ئەوەی دووربکەونەوە. لە درێژخایەندا، ئەمە دەتوانێت ببێتە هۆی کەمبوونەوەی متمانەبەخۆبوون، زەبر و زەنگی دەروونیی و هەستکردن بە نائەمنیی کۆمەڵایەتیی، کاریگەرییەکان کە ڕەنگە پێویستیان بە چارەسەری درێژخایەن هەبێت بۆ چاکبوونەوە. قسەی ناشرین فێردەکرێ و دەگوازرێتەوە، پێویستە دایک و باوک و مامۆستا و گەورەکان بە کردەوە خۆیان لە بەکارهێنانی ئەو جۆرە زمانە لەبەردەم منداڵاندا بەدوور بگرن، ئەگەر فێری قسەی ڕق و کینەیان نەکەین، ئەوا نازانن، هەر بۆیەش بەری ناکەون.”

“میدیا قسەی ناشرین بەرهەم دەهێنێتەوە”

سەرەڕای ئەو سوودانەی میدیا دیجیتاڵییەکان و پلاتفۆرمە میدیاییەکان پێشکەشی دەکەن، کەموکوڕیی جددییان هەیە. دیارترینیان ئاسانکارییە، کە زانیاریی هەڵە بڵاوبێتەوە. هەروەها ئامرازەکانی پەیوەندیی دیجیتاڵی هانی تاکەکان دەدەن بۆ دەربڕینی ئەو هەڵوێستانەی ڕەنگە ناوێرن لە ژیانی ڕۆژانەیاندا ڕایبگەیەنن، زۆرجار لە ڕێگەی ئەکاونتی بێناوەوە، هەروەها ئەلگۆریتمەکان ڕۆڵ دەگێڕن لە گەورەکردنی ناوەڕۆک، کە توڕەیی دەوروژێنێت و قسەی ناشرین زیاتر ئامادە بێت و بەربڵاوتر بێت لە نەبوونی چاودێریی کاریگەردا. یەک کۆمێنت دەتوانێت کاردانەوەی زنجیرەیی دروست بکات، کە ڕق و کینە بەرهەم دەهێنێتەوە و ئاسایی دەکاتەوە.

دۆخی ئێستا پێویستی بە میکانیزمی چاودێریی کاریگەرتر و سکاڵا هەیە، کە توانای بەدەستهێنانی ئەنجامی بەرجەستەیان هەبێت، چونکە ئەو ئامرازانەی ئێستا بەردەستن بەس نین. ئەو، وەک بەڵگە گرتەیەکی ڤیدیۆیی هێنایەوە، کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی میدیا بینیویەتی، کە کەسێک خۆی وەک پزیشکی دەروونیی ناساندووە و باسی خەڵکی قەرەج دەکات، ئاماژەی بە ژمارەیەکی زۆری کۆمێنتەکان کردووە، کە ناوەڕۆکەکانیان هاندەری دووبارەبوونەوەی قسەی کینەدار و ڕقاوییە. ئەو بە شێوەیەکی تایبەت ئەزموونی هەڵاواردنەکانی کردووە، بەڵام نەیتوانیوە هیچ جۆرە چارەسەرێک بۆ ئەم پێشێلکارییانە بەدەستبهێنێت. بۆ ئەوەش پێویستی بە دامەزراندنی میکانیزمی چاودێریی کاریگەر هەیە.

بابەتی پەیوەندیدار