ئاخی بەرخۆدان و ئازادیی

نوسین: هەڵوێست کەریم

سەرم بەسەر مۆبایلەکەمدا شۆڕ کردبۆوە و بە دوای هەواڵێکی نوێدا ئەگەڕام، هەموومان چاوەڕێ بووین بەڕێز مەزڵوم عەبدی شتێک بڵێت. هەندێک میدیا چەند گرتەیەکی ئەویان بڕیبوو بەئامانجەوە بڵاویان ئەکردەوە بەڵام بۆ من هیچ گرنگ نەبوو چونکە متمانە و باوەڕم بە مەزلوم عەبدی هەبوو، بڕوام بە بەرخۆدانی گەل هەبوو بەڵام بە دۆخەکە نا، بە سیاسەتی جیهانی و ئاگربەست نا.

هەندێک نوسەر و رۆشنبیر کەوتنە قسەکردن لەسەر شکستی رۆژئاڤا، برایەتی گەلان و بابەتی دیکە، لە باشور خەڵک خەریک بوو بە تەواوەتی ئەژنۆی بشکێت کاتێک زانیان هەسەدە لە شێخ مەقسود و ئەشرەفییە ئەکشێتەوە. بەشێک لە خەڵکیش هێشتا لە هەیەجانی بەرخۆدانی شەڕڤانانی ئازادیدا بوون کە چ بەرەنگارییەکیان لە شێخ مەقسود و ئەشرەفییە نواند لە بەرامبەر هێرشی چەتەکانی جۆلانی بە پاڵپشتی تورکیا و وڵاتانی خاوەن دروشمی ئازادیی و دیموکراسی.

رۆژی ١٨ ی مانگ ئیدارەی خۆسەری رۆژئاڤا بانگەوازیی سەفەربەرییی گشتی راگەیاند، هەموو گەل لە رۆژئاڤا لە ژن و پیاو گەنج بە دروشمی بەرخۆدان ژیانە، یان سەرکەوتن یان سەرکەوتن، پیر چەکیان هەڵگرت. ئەمەم بینی موچوڕکەیەکی شانازیی دایگرتم، لە ئاست ئیرادە و هێزی ئەو گەلە سەری رێزم نەوی کرد. ماخۆلانم تێکەوت نەمئەتوانی دابنیشم هەر لە خۆمم ئەپرسی ئێمە چی بکەین؟ ئێمە چۆن پشتگیری ئەم هێز و ئیرادە نەبڕاوەیە بکەین؟

لە باشور ترس، توڕەیی و هەستی شکست پێکەوە و لە یەک کاتدا بەشێک لە خەڵکی داگیر کردبوو، پەیتا پەیتا شیکاری بۆ دۆخەکە  ئەکرا ، رۆژی ١٩ ی مانگ کارەکانم بەجێهێشتوو بۆ بەشداریکردن لە خۆپیشاندانی بەردەم باخی گشتی بۆ پاڵپشتی رۆژئاڤا بەرێکەوتم خەڵکێکی کەم لەوێ بوون، لەگەڵ هاورێکانم گفتوگۆمان کرد ئەوان هۆکارەکەیان گەڕاندەوە بۆ رادەستکردنی ئەو دوو گەرەکە لە لایەن هەسەدە و توڕە بوون لە دوای ئەو هەموو بەرخۆدانییە ئەمە دەرئەنجامەکەی بوو؟

شەو رێپێوانی باکورم بینی بۆ شکاندنی سنوری نسێبین چاو و دڵم پڕ بوو لە گریانی سەربەرزیی، بە هاوڕێکانم وت ئەگەر لە باکورییەکانمان زیاتر پێنەکرێت با کەمتر نەکەین، هاوڕێیان ئەوان لە ژێر دەسەڵاتی تورکی فاشیستدان بەڵام بڕواننە هێز و پشتگیرییان.

هەمان شەو لە پلاتفۆرمی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکاندا ئاگادارییەک لە لایەن (ئەنجومەنی سەرتاسەری باشوری کوردستان)، بڵاوکرایەوە کە بانگەوازیی رێپێوانی لە باشورەوە دەکرد بۆ شکاندنی بازگەی سمێلکا. بەم بانگەوازە گەشامەوە، هەمان شەو لە شارەکانی هەولێر، سلێمانی و شار و شارۆچکەکانی دیکەش هەزاران کەس لە ژن و پیاو و چین و توێژە جیاوازەکان هاتنە سەرجادە  تا درەنگانێکی شەو و وەڵامی سەفەر بەریی درایەوە و بانگەوازیان لە هەموو کورد کرد پاڵپشتی رۆژئاڤا بکەن.

بەرەبەیانی ٢٠ ی مانگ یەکەم کاروانی گەنجانی باشور بۆ پاڵپشتی رۆژئاڤا بەرێکەوتن، دوانیوەڕۆی هەمان رۆژ خەڵکێکی زۆر لە ژن و پیاو گەنج و منداڵ لەبەردەم دەرگای زانکۆی سلێمانی کەمپی نوێ  ئامادەبوون، بۆ ئەوەی ئێمە بەڕێبکەن، خۆزگەیان دەخواست بیانتوانیایە لەگەڵمانبەشداربن، ئەیان وت: ئێمە لێرە لە خۆپیشاندان بەردەوام ئەبین.

کاروانەکە بەرێکەوت و ئێمە بە بەردەوامی گوێمان لەو سرودە نیشتمانیانە ئەگرت ماوەیەکی درێژە گوێبیستی نەبووین یان خۆمان گوێی لێناگرین وەک دەست لە چەکم، دەست لە چەکم هەڵناگرم یان سەرئەکەوم یان ئەمرم. لە ساڵی نەوەدەکان بەیانیان پێش دەسپێکردنی هەر وانەیەک، لە گۆڕەپانی فێرگەدا سرودی نیشتمانیمان ئەوتەوە. ئەو کات لە مانای زۆرێک لەو وشانە تێنەدەگەیشتم و نەشم ئەزانی بۆ ئەم سرودانە ئەچڕین؟ دواتر سەرهەڵدان ژیانە بەرخۆدان ژیانە، ئێمە پێویستمان بەو هەیەجانە هەبوو کە شڤان پەروەر لە گۆرانی شۆڕشگڕیدا ئەیداتەوە بە گوێماندا و هەستێکی بەرزی کوردبوونت تێدا ئەژێنێتەوە، پاش کەمێکی دی هونەرگەها وڵات و ژن ژیان ئازادی، سەرسام بوون بە ئاواز و وشەکانی شەر هاتە بەردەرگا، سەر سەر و سەر چاڤا. ئەمە ئەو گۆرانیانە بوون کە لەگەڵ بیستنی هەواڵی ئاگربەست، بەرەنگاریی زیاتری لە ئێمەدا دروست ئەکرد. لەم ساتەدا بەخۆمم ئەوت دوژمن و داگیرکەر بۆیە ئەیەوێت ئێمە لە موزیک و گۆرانی، هەڵپەرکێ و شعر داببڕێت.

کاتێک گەیشتینە دەروازەی فیشخاپور و پاش هەندێک گفتوگۆ کارەکانیان بۆ راییکردین و بەرەو خاکی رۆژئاڤا بەرێکەوتین.کاتژمێر یەک و نیووی شەو ئەو سنورە دەستکردەمان بڕی کە لە نێوان خاکی باشور و رۆژئاڤادا کێشراوە. ساتی گەیشتنە سەرخاکی نیشتمان ئەو چرکە ساتە بوو کە خەریک بوو دڵ و رۆح لە سینە و گیانم دەربچێت و بفڕێت، بەڵام فڕینێکی کوردانە بۆ ئازادی.

بە هەلهەلە و گۆرانیی چڕینەوە گەیشتین، شەوێکی تاریک تاریک بەڵام ئەموویست چاوەکانم بکەمەوە، ئەو خاک و نیشتمانە ببینم کە لانکەی سەرهەڵدانی شۆڕشی رۆژئاڤایە، هەزاران گەنج و ژن و پیاو لە کورد و نەتەوەی جیاواز گیانی خۆیان بۆ پاراستنی ئەو خاکە بەخشی، لە قورسترین ساتەکاندا دلێرانە هاواریان ئەکرد بەرخۆدان ژیانە،کۆبانێ ناکەوێ، رۆژائاوا سەرئەکەوێت.

وێنەی ژنانی شەڕڤان، ساتی داگیرکردنی عفرین، ساتەکانی ئازادکردنی کۆبانی، بیستنی هەواڵی شەهید بوونی موسا کوبانێ، بەرخۆدانی شەهید دەنیز، بەرخۆدانی زیاد حەلەب و هەموو شانازییەکانی دیکەی کورد بوونم دەهاتە پێشچاو. هەستێکی سەیر گنگڵی دەدام، هەستێکی پڕ لە شانازیی لە هەمان کات توڕەیی.

بە خۆمم ئەوت ئێستە پێیەکانم لەسەر خاکێکە کە بەرخۆدانی خستە خوێنی هەموو کوردێکەوە، ئەو خاکەی لە هەموو جیهانەوە لە نەتەوە و زمانی جیاواز لە ئاین و مەزهەبی جیاواز هاواری ئازادیی و پشتگیری بۆ ئەکەن. هەستێکی سەیر جەستە و رۆحی داگرتبووم، هەستم بە ژانێکی قورس لە هەموو جەستەمدا ئەکرد.

لە پاسەکە دابەزین ژمارەیەک پاسەوانی ئیدارەی خۆسەری دیموکراتیک هاتن بۆ پێشوازیی و بەخێرهاتنمان، لەو شەوە ساردەدا بە گەرمییەوە پێشوازییان کردین و یەک یەک تەوقەمان لەگەڵ کردن و سڵاوی باشوری نیشتمانمان پێگەیاندن. جەستەیەکی پتەو و ڕاوەستاو و دەستێکی سارد وەک شەختە بەڵام رۆحێکی بەرەنگاریی گەورە.

هەمان شەو بە چەند پاسێک ئێمەیان گواستەوە بۆ رمێلان، لەوێ لە لایەن ئەنجومەنی ماڵباتی شەهیدانەوە پێشوازیمان لێکرا و دواتر بەسەر ماڵەکاندا دابەش کراین. بەرەبەیان بوو لە دەرگاماندا خانمێکی باڵابەرز دەرگای کردەوە بەبزەیەکی گەرمەوە یەک یەک لە ئامێزی گرتین و خۆی ناساند وەک دایکی شەهید….لە ژوری میوانەکە وێنەی کورە شەهیدەکەیان لەگەڵ وێنەی چەند شەهیدێکی دیکە و بەرێز عەبدوڵڵا ئۆجەلان هەڵواسرابوو. خوانی رازاندەوە و فەرمووی لێکردنین نان بخۆین، دوای نان خواردن نوستین. بەیانی دوای نان خوارد، رۆشتینە حەسارەکە و چەند وێنەیەکمان بۆ یادگاری چرکاند. بینیم لە باخچەیەکی بچووکی چەند مەتریدا سەوزەیان رواندووە و کەوتمە بیری گوندی ژینوار کە دەمێکە ئاواتی ئەوە ئەخوازم سەردانی بکەم، بەڵام ئێستە لە رۆژئاڤام و بەهۆی شەڕەوە ناتوانم بڕۆم.  چنگم لە خاکی  رۆژئاڤا گیرکرد بە خۆمم وت ئەمە ئەو خاکەیە کە بووە بە ئاخ لە دڵی داگیرکەراندا، ئەمە ئاخی رۆژئاڤایە مایەی شانازیی و سەربەرزیی هەر کەسێکە لەسەر ئەم گۆی زەوییە بۆ ئازادی تێئەکۆشێت، خەون بە جیهانێکی نوێوە ئەبینێت.

x

  ژنانی باشور لەگەڵ ئەنجومەنی ماڵباتی شەهیدان، لە رمێلان ٢١\١\٢٠٢٦

ماڵئاواییمان لە یەک کرد و گەراینەوە بۆ ئەنجوومەنی ماڵباتی شەهیدان و بۆ ئەوەی لە بەرنامەی ئەو رۆژەدا بەشدار ببین، ژنانی بەشداربووی کاروانەکە سەردانی کۆمیتەی ماڵباتی شەهیدانمان کرد. هاوسەرۆکی ئەنجومەنی ماڵباتی شەهیدان دوای بەخێرهاتن و گەیاندنی سوپاس و پێزانین بۆ گەلی کورد و باشور باسی بەخشینی گیان و رۆحی هەزاران شەهیدی رمێلانی کرد بۆ ژیانێکی دیموکراتیک. ئێمە تێگەیشتین ئێرە نیشتمانی بەرخۆدان و ئیرادەیە لەم سەرزەوییە لەگەڵ هەر کەسێک قسە ئەکەیت یان خوشکی شەهیدە یان برای، یان دایک یان باوک یان منداڵی یان هاوژینەکەی شەهیدە.

لەگەڵ ئەنجومەنی ماڵباتی شەهیدان و بەرێز غەریب حەسۆ، لە رمێلان ٢١\١\٢٠٢٦

بەرێز غەریب حەسۆ هاوسەرۆکی پەیەدە گەیشتە لامان و خۆشحاڵی و سوپاسی خۆی بۆ گەلی کورد لە باشور و هەموو بەشەکانی کوردستان دەربڕی. بەرێز غەریب ئاماژەی بەو پلانگڕییە نێودەوڵەتییە دا ئەمرۆ لەسەر کورد و خاکی کوردستان هەیە و پاشان جەختی لەوە کردەوە ئەوان تا دوا هەناسەی ژیانیان بەرگری لە کوردستان ئەکەن. هاوکات چەند کەسێک هەر لە نزیکی ئێمە لیستێکیان بەدەستەوە بوو ناوی ئەو گەنجانەیان ئەخوێندەوە کە بریاریان دابوو بۆ بەرەی جەنگ بڕۆن، وردە وردە لەوان نزیک بوومەوە، یەک یەک سەیرم ئەکردن، ئەمویست شێوەیان لە یادەوەریمدا هەڵبگرم بەو هیوایەی رۆژێک بیانبینمەوە..لەوێدا هەستم بە شەرمەزاریی ئەکرد چۆن ئەو گەنجە سەربزێوو و سەرکەشانە بەرەو بەرەی جەنگ ئەرۆن و منیش تەنیا لێیان ئەڕوانم.

ئێمە ماڵئاواییمان لە بەڕێز غەریب حەسۆ و هاورێیان لە ئەنجومەنی ماڵباتی شەهیدان کرد و بەرەو دێرک بەڕێکەوتین و سەردانی ناوەندی پەیەدەمان کرد لە لایەن گەل و هاوسەرۆکی پەیەدە پەروین یوسف پێشوازیمان لێکرا و بەدەنگی دلێر و پر ئیرادە باسی دۆخی رۆژئاڤای بۆ کردین. ئەو ورەی لێ ئەباری سوپاسی گەلی کرد بۆ پاراستنی کوردستان و تێکۆشان بۆ ئازادی، یەکگرتوون.

ناوەندی پەیەدە، لەگەڵ بەرێز پەروین یوسف لە دێرک ٢١\١\٢٠٢٦

کاروانەکە بە یاوەری پەروین یوسف و ماڵباتی شەهیدان سەردانی گۆڕستانی شەهید خەبات دێرک یەکەم شەهیدی شۆڕشی رۆژئاڤامان کرد. لە حزوری چیای سەرکەشی جودی بە بەفر دایۆشراوو، لە حزوری شەهیدانی شۆڕشی ئازادی، جەنگاوەرانی رۆژئاڤا لە هەموو نەتەوە جیاوازەکان ئەسپەردەی خاک کرابوون، سەری ڕێز و نەوازشمان دانەواند.

ئەو هەڤاڵەی ڕێبەری ئەکردین و باسی گۆڕستانەکەی بۆ کردین ئاماژەی بە چەندین گۆڕدا کە هی شەهیدانە و جەستەیان بێسەر و شوێنە بەڵام وەک رێزێک بۆ ئەوان لەگەڵ ئەندامانی شەهیدی دیکەی خێزانەکەیان وێنەیان لە کێلی گۆڕەکەدابوو. لە تەنیشتمەوە دکتۆر رازاو گوڵێ دڵی پڕ بوو ئەو لە هەموومان زیاتر هاوخەمی ئەو ماڵباتانە و ئەو ئازارەی هەست پێئەکرد کە لەگەڵ ئەو وشانەدا بەر هەموومان کەوت، بەڵام بە ورە و سەرێکی بەرزەوە یەک بە یەک چاوی لە گۆرەکان ئەکرد و رێزی خۆی نیشان دان.

                                                    لەگەڵ بەرێز دایکی شەهید هەڤرین خەڵەف، گۆڕستانی شەهید خەبات دێرک، ٢١\١\٢٠٢٦

دایکی شەهید هەڤرین خەڵەف، قسەی بۆ کردین و داوای یەکگرتووی کوردی ئەکرد. ئەو وتی: بۆ هەمیشە لەسەر رێگەی هەڤرین ئەرۆم و ئامانجی ئەو بەدی ئەهێنم. ئەو دایکە فێرگەیەکی مەزنی بەرخۆدانە نەک تەنیا بۆ کورد بەڵکو بۆ هەموو مرۆڤایەتی.

لە کۆتایی رۆژەکەدا گەڕاینەوە بۆ باشور، غەمگینی دایگرتم، ئەوەندە ئەزانم من لەوێ جێماوم، بە جەستە من لە باشورم و رۆحم لە رۆژئاڤایە. لەوانەیە پەیوەندی بەوەوە بێت لەوێ زیاتر هەستم بە کوردبوون و شوناسی خۆم ئەکرد، لەوێ رەگی کوردبوونم ئاودرا. غەمگینیم تا ئەمڕۆش بەردەوامە بەڵام لە بەشێکی دیکەی رۆژەکەمدا ورەبەرز و شانازم.

سەرم دابوو بە پەنجەرەی پاسەکە و بەدرێژایی رێگەکە گوێم لە ناخی خۆم ئەگرت، لەگەڵ خۆم ئەدوام، ماوەیەک بێدەنگ، ماوەیەک توڕە، یەک لەسەر یەک هەناسەی قوڵم هەڵئەمژی. توڕەبووم لە خۆم لەم دۆخەدا رۆژئاوا بەجێئەهێڵم و خزمەتێکم لە دەست نایەت، توڕە بووم لەو سیستەمە جیهانییەی بێئەخلاقانە شەری قڕکردنی کورد ئەکات، توڕە بووم لەو داگیرکارییەی بەهەموو شێوەیەک ئەیەوێت ئەزموونی خۆبەڕێوبەری و شۆڕشی ژن لەناو ببات.

بیرم لە بەهێزی و جەرائەتی بەرێز مەزڵوم عەبدی کردووە لە هەستیارترین دۆخدا وتی: نەخێر، بیرم لە هێزی یەکگرتووی گەل کردەوە چەکیان هەڵگرت و تەنیا بۆ سەرکەوتن ئەجەنگان، گەلێک شاناز بووم بە سەرکردەیەکی کورد پاڵپشت بە خەڵکەکەی بڵێت نەخێر و خەڵکێک لەگەڵ بانگەوازی سەرکردەکەیان وەڵامی سەفەربەری بە بەڵێ بدەنەوە.

بە خۆمم ئەوت چ غەمگینییەکە لەم چرکە ساتە هەستیارەدا ئەو ئاخە پیرۆزە بەجێئەهێڵیت، هەستم ئەکرد بەشێک لە بوونم لەوێ بەجێماوە. هاوکات شانازییەکی مەزن دایگرتم بەهۆی پێشەنگایەتی وبەرخۆدانی ژن لەوێ، ئەو ژنانەی بوون بە سروش بەخش بۆ من و زۆربەی ژنانی دنیا. بەخۆمم وت ئێمەی ژنان لە سەر ئەم هەسارەیە پارێزراو نین، ئەوەی لە ئێمە چاوەرێ ئەکرێت ئۆبجێکتیڤ بوون و کۆیلە بوونە، لە کاتێکدا شۆڕشی ژن لە رۆژئاوا ئەو زیهنیەتە پیاوسالارییەی هەڵگەڕانەوە کە ئەو چاوەڕوانییەی لە ئێمە هەیە، شۆڕشی ژن ئەو وێنە و قاڵبانەی تێکشکاند کە مەکینە گەورەکانی پیشەسازی و میدیا هەزارەها ساڵە کار بۆ لە قاڵبدانی ژنێک ئەکەن بە ئامانج و خواستی سیستەم هەناسەبدات و بمرێت.

بەردەوام لەگەڵ خۆم لە گفتوگۆدا بووم و بیرم لەوە ئەکردەوە تا ئەم تەمەنە خێزانەکەم چەندین جار کۆچ و ڕەومان کردووە، وێنەی منداڵی خۆم و منداڵانی حەسەکە و قامیشلۆ و کۆبانی …….گوندەکانی رۆژئاوا و هەموو منداڵێک کە بێلانە ئەبێت، ئەهاتە بەرچاوم. لە کاتی کۆچ و ڕەودا ترسێکی سەیر منێکی مناڵی داگیر ئەکرد، ترسێک تا گەورەش بووم، لەگەڵم بوو. لە تەمەنی خۆمدا چەندین جار کۆچ و ڕەوم بینیوە و لە کۆچ و ڕەوەکەی سالی ١٩٩١ دا تەمەنم ٧ ساڵ بوو، پێش ئەو کاتەش کە من تەمەنم ٤ ساڵ ئەبێت لە هەڵمەتی ئەنفالدا لە مێرگەپانەوە بەرەو سنوری ئێران کۆچ ئەکەین. بۆ مناڵێکی ٧ ساڵان ٢ جار کۆچ و ڕەو ببینێت جگە لە ژیان کردن لە ژێر رەتڵی بۆردومان و کۆچکردن لەم گووند بۆ ئەو گووند ئەو ساڵانەی دایک و باوکم پێشمەرگە بوون. پاشان بە خۆمم ئەوت نابێت هەمان مێژوو چەند بارە ببێتەوە، نابێت هەموو منداڵێکی کورد ئەمە چارەنووس و ژیانی بێت.

ئەمە چیرۆکی هاوبەشی ئێمەی کوردە بۆ گرێدانی ژیانمان لەگەڵ ئازادی خاک، بەڵام ئێستە مێژووەیەکی نوێیە و لە قۆناغێکی نوێی بەرخۆدانداین، بە هیواین خۆری  کورد لە رۆژئاڤاوە هەڵبێت.

بابەتی پەیوەندیدار