ڕێگای ماڵدا و زانستی خۆبوون

هێژا زەریا

پێنج ساڵ تێپەڕی بەسەر ڕوداوەکەی ٤ ئایاری ٢٠١٩. خۆشەویستیمان، تاسەمان، پەیچوورمانی گەورەتر کرد. ماڵدا کوسا یەکەم شەهیدی ئەکادیمیای ژنۆلۆژییە لە ڕۆژئاڤا. لە ڕێگای شارۆچکەی هۆڵ بە هۆی تەقینەوەی مینێکی داعش، ئەو داعشەی لە ڕووناکی دەترسێ و خۆراکدانی تاریکیە، لەگەڵ داهاتنی تاریکی ئێوارەدا، ماڵدا کۆسای شەهید کرد. گەشتێک کە لە نێوان ئارامی ڕووناککردنەوەی ڕێگای گەیاندنی زانست و وشیاری ئازادی ژن بۆ هەموو ژنان و گەلان و نائارامی زهنیەت و توندوتیژی داعش کە لە تاریکییەوە هاتووە و بەرەو تاریکی دەچێت و دەبێ بچێت… ماڵدایەکیش بە دانایی ئەو ڕێیەی چەندانی دیکە پێدا گوزەرا، لە مێژووی ژنانەوە بەرێکەوت و شۆڕشی ژنانی ڕۆژاڤای ئەزموون کردبوو…

٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢ بەروارێکە هەم زۆر نزیکمانە و هەم زۆر دوور…

ڕێهەڤاڵمان ناگیهان ئاکارسەل(زیلان) کاتێک سەرقاڵی ئەنجامدانی کاری پڕ لە جۆش و خرۆش بوو بۆ کۆکردنەوەی مەعریفە  وهەستی ژنانی کورد کە لە مێژووەوە تا بە ئەمڕۆ گەیشتووە، بۆ کردنی بە بەشێک لە شۆڕشی ژنان، لە سلێمانی لەلایەن میت و دەوڵەتی تورکیای دوژمنی ژنانەوە، شەهید کرا. ئەو هێزانەی دەسەڵات کە دوژمنی ژنان، کورد و مرۆڤایەتین، زۆر لە دەرکەوتنی زانینی حەقیقەتێک دەترسن کە نوقمی تاریکیان کردووە و ئەو زانینە لەسەر دەستی ژن مرۆڤایەتی ڕووناک دەکاتەوە. ئامانجگرتنی هەڤاڵان ماڵدا و ناگیهان لە ترس و زهنیەتی بەرهەمهێنەری مەرگ و کۆیلایەتییەوەیە. ئەوانە زۆر لە مەعریفە و هێڵی ئازادی ژنان دەترسن کە هەڵگری ئامانج، هۆشیاری و ڕۆشکردنەوەی سەرجەم مرۆڤایەتییە، بەڕێی ڕووناککردنەوەی مێژووی یەکەم چەوساندنەوە، زەوتکردن و ڕەتاندن، موڵکایەتی و داگیرکاری سەپێنراو بەسەر ژنان و کوردستان  و مێژووی شارستانیەت کە تا ئەمڕۆمان درێژ بۆتەوە و مێژووی بەرخودان کە لە دژی ئەم زۆردارییە پەرەیسەند. ئەوان دەزانن ژنێک کە بەسەر ترسە مێژوویی، بێمتمانەیی و نائومێدییەکانیدا زاڵ دەبێت، چۆن دەگۆڕێت بۆ لەخۆبێداربوونەوە، تەقینەوەیەکی ئازادی و کردەی ژیان، کاتێک متمانە، هیوا و ئازادی بۆ هەموو ژنان بەدەستدێنیت.

ناگیهان ئاکارسەل (زیلان) لە ناخەوە باوەڕی بە ژنۆلۆژی هەبوو وەک زانستی واتا، ڕەنجی زۆری دا بۆ تێگەیشتن و وەرگێڕانی ڕووی ماڵدا بەرەو ئەو ڕووناکیەی غاری بۆ دەدا. ئەوان هەڵوەدای ئازادی بوون کە باوەڕیان بە هێزی هەمەگیری زانین و ئازادی، زانین و ڕەنج هەبوو وەک هێزی سەرەکی یەکگرتوویی هەموو ژنان، بە تایبەت ژنانی کوردستان و ئەمەیان کردە ناوەڕۆکی کارەکانی ژنۆلۆژی. هەمیشە باوەڕیان بە هێزی ڕۆشنکەرەوە، هیوابەخش و وزەی ژیانبەخشی تێکۆشان و ڕەنجیان لە شۆڕشی ژناندا هەبوو. کاتێک ڕەخنەیان لە زانین و زانستی دابڕاو لە ئەخلاق، فەلسەفە، واتا، خۆشەویستی و ژیان واتە ڕەخنەیان لە زانستگەرایی پۆزیتیڤیستی دەگرت، ئەم دیاردانەیان کردە هەوێنی ڕەنجیان بۆ بەخشینی واتا بە زانین و زانست. کاتێک دەگەیشتن بە وشیاری خۆبوون، وزەی پۆزەتیڤ، بنیاتنەر و داهێنەر،  دەیانکردە ڕێگا و ڕێبازی دەوڵەمەند بۆ هەر ژنێک کە پێی گەیشتن و پێی نەگەیشتن. زانین و وشیاری ئازادی ژنانیان گەیاندە ناوەرۆکی چەمک، تیۆری و دامەزراوەکانی نەتەوەبوونی دیموکراتیک.

دڵە گەنج، خاکی، خەسڵەتە ڕەنجدەر و غاردانەکەی بەرەو ئازادی و مێشکی کراوەی ماڵدا زۆر شتی بەخشییە ژنۆلۆژی. ماڵدا پیشانیداین کە چۆن زانینی واتادار مرۆڤ باڵا دەکات، وزەبەخش دەبێت و و چۆن دەبێتە هێزی ژیان کاتێک دەخرۆشێتە دڵ و مێشکی تینووی ئازادی. ڕووناکی بەخشی بە وشیاری خۆبوون کە لە نان و ئاو زیاتر بۆ ئێمەی ژنان پێویستە. سەلماندی کە ژنۆلۆژی زانستی خۆبوونە. ناگیهان ئاکارسەل لەسەر شوێنێک بەر زانین و زانستێک کەوتبێت کە پەیوەندییە مێژوویی و هاوچەرخ، ناوخۆیی و جیهانی، سروشتی و کولتوورییەکانی ئەم زانستەی دەبەستەوە و دەیسەلماند کە بنچینەی سۆسیۆلۆژیای ئازادی و شۆڕشی ژنە. ئەگەرچی ئەم سەلماندنانە چەند قورسە بۆ ئێمە، بەڵام فێرمان دەکات کە بێ ماندووبوون و بێ وەڕسبوون بەدوای زانینێک دا بچین کە ئێمە زیاتر ئازاد، جوان و خۆشەویست دەکات. لە شوێنێکی مێشک و دڵماندا، سەرەڕای زوڵمی هەموو زاڵمەکان، ئەو وزە نهێنییە کە وەک نهێنییەک شاراوە، بەرگری دەکات و هەمیشە ڕاماندەکێشێت بەرەو ئازادی، جووڵە دەکات و دەمانخاتە سەر ڕێگای ئازادی، ڕێگای دۆزینەوەی ئەم هێزە داهێنەر و ژیانبەخشەی یادەوەری کۆمەڵایەتی و گۆڕینی بۆ سەرچاوەی سەرەکی کە ڕۆحی ئازادی و وشیاریمان لێی تێر دەبێت.

ماڵدا کوسا، سەرەڕای ئەوەی کە گەنجترینی ئەم ڕێگایە بوو، چۆن توانی یەکێک لە وشیارتەرینیان بێت؟ واتە واتادان بە ئەوەی دەیزانیت چ ڕاستییەکی ژیانییە! پەیوەندی تێگەیشتن و ئازادی بە دیالەکتیکی ئەم واتابەخشینەوە هەیە. بە ئەندازەی تێگەیشتنت، دروست دەبیت، دروست دەکەیت، واتا دەبەخشیت بە خۆت و ژیان و دەبیت بە هێزی گۆڕانکاری. باوەڕ و واتایەک کە بەخشی بەو پەروەردانەی کە دەچوو، زانینێک کە بەشی دەکرد، ئەو پەیوەندییانەی دروستی دەکردن، نموونەیەکە لە هەڵگری دانایی و هێزی جووڵێنەر، وەرچەرخێنەری ئەم دیالەکتیکە، کە هەم فێر دەبێت و هەم فێر دەکات. ناگیهان و ماڵدا دوو ژنی دانا کە هەم خوێندکاری یەکتر و هەم مامۆستای یەکتر بوون. یەکێكیان ڕەنجدەرێکی شۆڕش بوو کە باری قورسی شۆڕشی لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر دەگواستەوە و بە کارامەیی هەوڵی سووککردنی ئەم بارەی دەدا بە بەشکردنی بە هێزی ڕۆشنگەرەوەی خەباتی ئازادی، ئەوی تر نەمامێکی ژیان بوو کە گەشەی دەکرد و دەیویست لە ژینگەیەک ڕیشەی دادەکوتی کە شۆڕشی ژیان، ژن و کۆمەڵگە کاریگەریەکی ئازادیخوازی هەبێ و کۆمەڵگە هەناسەی پێدا بێتەوە. ژنۆلۆژی لەسەر ڕێگای بوون بە زانستێکە کە بەم پەیجور، ماندووبوون و تێکۆشانەی بوون ڕیشە دادەکوتێت. ڕەنج و بەرخودانی هەزاران ژنی وەک ئەوان وا دەکات ڕەگەکانی داری ژیان قووڵتر ڕۆچێت و هەڵگری زیندووییەک بێت لە هەموو وەرزەکاندا.

ماڵدا، کاتێک باسی ئەوەی دەکرد کە شۆڕشی ژن کاریگەری لەسەر شکاندنی زهنیەتی پیاوسالاری هەیە، لە پراکتیکدا نیشانی دا کە گرێکانی ئەم زهنیەتە بە ژنۆلۆژی دەکرێنەوە. ماڵدا بوو بە ڕێبوارییەکی کورت، بەڵام بە کاریگەریەکی درێژخایەن کارەکانی ئەکادیمیای لە ناوەندی توێژینەوەکانی ژنۆلۆژی لە حەسەکە کرد. بوو بە پێشەنگی زانستی حەقیقەت کە سۆسیۆلۆژی ئازادی دەچنێت. بە کارەکانی لە بواری پەروەردە، توێژینەوە و ڕێکخستن لە عەفرینەوە بۆ دێریک، لە مەنبیجەوە بۆ تەبقا، لە کۆبانێ بۆ شەهبا و حەلەب، پێشەنگایەتی کاری زانستی کۆمەڵایەتی دەکرد کە خزمەت بە بنیاتنانی سۆسیۆلۆژی، ئیکۆلۆژی، دیموکراتیک و ئازادیخوازی شۆڕشی ژن دەکات. ژن و شۆڕشی ژن بە بیر و ئیرادەی ئازاد کە سەرچاوەکەی وشیاری مێژوویی و کۆمەڵگەییە ، پیاویش هان دەدات بۆ ئازادبوون و ڕووبەڕووبوونەوەی واقیعی خۆی و تێپەڕاندنی. ماڵدا کاتێ زانینی ژنۆلۆژی و هاوژیانی دەگەیاندە سەدان پیاو، هەم باوەڕی بە شۆڕشی ژن نوێ دەکردەوە و هەم باوەڕی بە گۆڕانکاری ژن و پیاو پەرەی دەسەند.

لە خوێندنگەکانەوە بۆ زانکۆ و خولەکانی ژنۆلۆژی و بەشەکانی، ئەکادیمیاکانی ژنۆلۆژی و ناوەندەکانی، بە هێزی زانینی ژن-کۆمەڵگە و مێژوو، توانا بە کەسایەتییەکان دەبەخشێت، بۆ نموونە؛ ژنان لە ژنوار پێداگری لە گەیشتن بە هێزی ونبووی ژیان دەکەن. گرنگترین ئەو کەمپانەی ژنۆلۆژی، کامپی خۆبوونی ماڵدا کوسایە کە ئامانجی گەشەی دیموکراتیک، ئازادی گەنجان و گۆڕانی کەلتوورییە. هۆشیارکردنەوە لە تێگەیشتنی شێوێنراوی ئازادی تاک کە لە ژێر کاریگەری ڕوانگەی سەرمایەداری، ئامرازەکانی هەژموونی و شەڕەکانیەوە پەرەی پێدراوە، پەرەدان بە ئەخلاق و وشیاری ئازادی، تێگەیشتن لە گرنگی وشیاری ڕەگەزی و بوون بە تاکی ئازادی نەتەوەی دیموکراتیکە. هەوڵەکانی تێپەڕاندنی ئەو مەعریفە، خوو و داب و نەریتانەی گەشەی ئازادی ژن بەربەست دەکەن، لە کەلتوورەوە بۆ ئابووری، لە ئایینەوە بۆ فەلسەفە، لە پەروەردەوە بۆ تەندروستی، سیاسەت و بەرگری و دووبارە چنینی هەموو بوارەکانی ژیان بە زانینی ژنۆلۆژی قووڵتر دەبێتەوە. ڕێبازی ژنۆلۆژی بۆ شکاندنی ئایدیۆلۆژیای ڕەگەزگەرایی و ئایینگەرای زهنیەتی پیاوسالار کە ژن دەکاتە موڵک و کۆیلە، بۆ گەیاندنی زانینی ئازادیخوازانە بە شێواز و ڕێبازی دەوڵەمەندتر بە ژن، پیاو، گەنجان و هەموو گەلان ڕەگ و ڕیشەی دادەکوتێت.

ماڵدا کوسا یەکێک بوو لەوانەی هێزی کاریگەر و داهێنەری ئەم ڕێبازەی دۆزییەوە. بۆیە دوای شەهیدبوونی، یەکەم خولی پەروەردەی ئەنستیتیوی ئاندرێ ڤۆڵف بە ناوی ئەوەوە ڕێکخرا. لە چوار لای کوردستان، لە ئەورووپا، پەروەردە و کەمپەکان، کارەکانی زانست و هۆشیارکردنەوە بە ناوی ئەوەوە بەڕێوە چوون کە ڕێگای ئازادی دەکەنەوە و ئاراستەی مێژوویی و هاوچەرخ کە ژن بەئیرادە، بەرخۆدێر و ئازاد دەکات، دەگەیەنێتەوە یەک. هەڤاڵە ئینتەرناسیۆنالیستەکان بەردەوامن لە بڵاوکردنەوەی شەپۆلئاسای کاریگەرییە هەمگیرەکانی ژنۆلۆژی و شۆڕشی ژن بۆ وڵاتەکانیان و ژنان. هەوڵی نوێکردنەوەی هیواکانی ڕۆشنگەری و بەرخودان دەدەن بە زانستی مۆدێرنیتەی دیموکراتیک کە مۆدێرنیتەی ژنانە. دووبارە هێزی کۆمەڵایەتی ناسنامەی ژن و وزەی داهێنەرانەی ژیان دەدۆزنەوە و جۆش و دەبنە هەڵگری ڕۆحی پێشڤەچوون لەسەر ڕەوتی خۆبوون و شان دەدەنە بەر بەرپرسیارێتی. هێزی یەکگرتووی زانین و بەرخودانی ژن کە ئازادبەخشە ، جوانکارە و ئیرادە دەبەخشێت، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە بۆ ئەورووپا و ئەمریکای لاتین، دەرفەتی ژیان دەبینێتەوە. تۆڕەکانی کۆنفیدراڵیزمی ژنانی دیموکراتیکی گەردوونی هەنگاو بە هەنگاو دەچنرێت؛ زەمینەکانی بەیەکگەیشتن، بەشکردن و گەشەی ئازادی بەهێز دەکات.

لە هەر جێیەک ژنۆلۆژی پێی دەگات، شنەبای کۆکەرەوەی ئازادی، جوانی، بەرخودان و بوونە لە هەر تاک، کۆمەڵگە و شوێنێک کە تێیدا بڵاو دەبێتەوە. وەک کاریگەری پەپوولە، زانین و زانستی چارەسەرئامێز خەباتی ئازادی ژنانمان و پارادیگمای نوێی ڕێبەر ئۆجالان دەرفەتی پراکتیک و ژیان دەبینێتەوە. کۆمەڵگەی قەیراناوی، تاکگەرایی پوچگەرایی، ڕۆژهەڵاتناسی، فۆرمە ساردەکانی بیر و فەلسەفەی ڕۆژئاوایی کە بە ” ئەوی تر ” دەکەن، دەشکێنێت و گەرمایی و خۆشەویستی زانینی ژیان کە لەسەر ڕەوتی خۆبوون بەرەو پێشەوە دەبات و بەشی دەکات. شۆڕشی ژنانی ڕۆژاڤا، خەبات و بەرخودانی ئازادیمان، لە هەر شوێنێک کە دەگاتە ژن و کۆمەڵگە، ئەفسوونی گەیشتن بە ڕیشەکانی ژنۆلۆژی و واتادان بە ئەمڕۆ و داهاتوو ئاراستە دەکات. شۆڕش و بەرخودانی ژنان و کۆمەڵگەی بە دروشمی ژن ژیان ئازادی کە لە ڕۆژهەڵات لە ١٦ی ئەیلولی ٢٠٢٢ ەوە دوای شەهیدکردنی ژینا ئەمینی، بە بیانووی ئەوەی تاڵە قژی دیار بووە، بەرپا بوو، زانین و مێژووی بەرخودانمانی یەکخستەوە. بەرخودانی لەیلا قاسم کە لە کاتی لەسێدارەدانی لەلایەن ڕژێمی سەددامەوە گوتی «با تاڵەکانی قژم بکەن بە ئاڵا»، دەگاتە ئاستی نەتەوەیی و جیهانی. تاڵە قژەکان کە لە ڕۆژهەڵاتەوە بۆ هەموو جیهان بووەتە ئاڵا، پێشەنگایەتی بەرخودانەکانی ژن و کۆمەڵگە دەکەن لە دژی سیستەمی دەوڵەتگەرا، داگیرکەر، نەتەوەپەرست، فاشیست و ڕەگەزگەرا-سێکسیست.

ماڵدا کوسا کە لە تەمەنێکی گەنجدا لەخۆبێداربوویەوە و گەیشت بە هێزی خۆبوون، بیری خستینەوە کە پێویستییە بنەڕەتیەکانی ئەکادیمیای ژنۆلۆژی بە زانین و وشیاری خۆپاراستن هەوێن بکرێت. وشیاری قووڵی زیندووکردەوە و گەیاندی بە خەبات و شەڕی بوون و ئازادی کە لەسەر بنەمای ئەم زانین و زانستە بڵاو دەبێتەوە بە هەموو بوارەکانی ژیاندا و ڕیشەدار دەبێت. لەسەر شوێنپێی هەنگاوەکانی هەڤاڵێتی ژنانەی هەڤاڵان ماڵدا کوسا و ناگیهان ئاکارسەل کە لەیەکتر تێدەگەیشتن، یەکتریان تەواو دەکرد، گەورە دەکرد و بۆ ئازادی باڵیان دەگرتەوە، هەنگاوەکانیان لە پەرەپێدانی زانین و زانستی هێزی شۆڕشی ژنان و واتا ئاوێتە بوو بوو، بەڵێن دەدەین ژنۆلۆژی زانستی خۆبوون بکەین بە زانستی هەموو ژنان و کۆمەڵگەکان. با ڕێگامان کراوە بێت! ڕێز و خۆشەویستم.

یادی پێنجەمین ساڵڕۆژی شەهیدبوونی ماڵدا کۆسا لە ئەکادیمیای ژنۆلۆژی لە ڕۆژئاڤا

بابەتی پەیوەندیدار