زۆزان سیما
وەرگێرانی لە تورکییەوە: نەجیبە قەرەداغی
ژن، ژیان ئازادی، دروشمی سەرەکی ڕاپەڕینەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان. لە هەموو جیهاندا دەنگی دایەوە و لە ڕاپەڕینەکاندا بووە زەمینەی پەرەسەندنی سیمای شۆڕشی ژنان، بەڵام مشتومڕێکی زۆر لەسەر ئەم دروشمە هەیە. دروشمەکانی وەک “مەرگ بۆ دیکتاتۆر، کوردستان گۆڕستانی فاشیستان، ئازەربایجان وشیارە پاڵپشتی کوردستانە، ئازادیی بۆ بەلووچستان” بە ئەندازەی ژن، ژیان، ئازادی گفتوگۆی لەسەر نەکراوە. چی وایکردووە ”ژن، ژیان، ئازادی” جیاواز بێت و لەو مشتومڕانەدا مایەی سەرنج بێ؟
ئەو بابەتانەی بووە مایەی گفتوگۆ لەسەر ئەم دروشمە، واتاکەی و سەرچاوەکەیەتی. لەبەرئەوەی بزووتنەوەی ئازادیی ژنانی کوردستان دەیان ساڵە لە مەیدانەکان، هەرێمەکانی گەریلا، چالاکییەکان، کۆنگرە و کۆنفرانسەکانیدا، ئەم دروشمە دەڵێتەوە. هەروەها لەگەڵ ئاماژەکانی عەبدوڵڵا ئۆجالان لە کۆتایی هەشتاکانی سەدەی ڕابردووەوە، لەسەر پەرەسەندنی شۆڕشی کوردستان لە ئەدگاری شۆڕشی ژندا، وێرای سەرچاوەی وشەکانی ژن و ژیان لە زمانی کوردیدا لە هەمان ڕیشەوە، بەڵام ئەمڕۆ ژیانی ژنان و ناویان، هاوتای مردن کراوە و دێنەوە یاد. ئۆجالان لە ساڵانی نەوەدەکاندا بۆ گەیاندنەوەی واتای ژن بە ژیان، جەختی لەسەر تێکۆشانی ئازادی کرد. هەروەها کات و سەرچاوەی قسەکانی لەسەر ئەم بابەتە لەبەردەستە. بە واتایەکی تر، هەرچەندە هەوڵگەلێک هەیە بۆ سەلماندنی ئەوەی ئەم دروشمە لە لایەن عەبدوڵڵا ئۆجالان و بزووتنەوەی ئازادیی ژنانی کوردستانەوە سەرچاوەی نەگرتووە، بەڵام جگە لە هەوڵێکی گاڵتەجاڕانە، هیچ واتایەکی دیکەی نییە.
عەبدوڵڵا ئۆجالان و بزووتنەوەی ئازادیی ژنانی کوردستان نەک تەنیا لە ئاستی زارەکیدا، بەڵکو ئەم دروشمەیان کردە دیدگای ژیان و تێکۆشان. بە واتایەکی تر ئەو دروشمە واوەتر لەوەی لە کوێ، لە لایەن کێوە وتراوە، بزووتنەوەیەک لە مەیداندایە کە خەبات، دامەزراوە و تیۆری هەیە و ژن و ژیان و ئازادی بەیەکەوە بەستۆتەوە. جگە لەوەش ئەم بزووتنەوەیە ٤٠ ساڵە خەبات دەکات، لە چوار پارچەی کوردستان، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکای لاتین کاریگەرە. هەروەها ئەم بزووتنەوەیە شەڕی لە دژی دەوڵەتی تورکیا، کە دووەم گەورەترین سوپای ناتۆیە و لە دژی داعش کە تاریکترین هێزی ئەو سەردەمە بوو دەکات. شەڕ و خەباتێکی لەو شێوەیە کە بەشێوەیەکی سەرەکی فەرماندەییەکەی لە لایەن ژنانەوەیە، تەنیا لەسەر تەوەری هزری ئازادی ژن دەکرێت بەرەو پێشەوە بچێت.

بە ڕزگارکردنی ڕۆژاڤا کوردستان و شەنگال لە دەستی داعش، بزووتنەوەی ئازادیی ژنانی کوردستان لە هەموو جیهاندا قۆناغێکی گەردوونیبوونی بە خۆیەوە بینی. هۆکاری ئەوەی شۆڕشی ڕۆژاڤا بە شۆڕشی ژنان ناودەبرێت، تەنیا بەو ڕاستییە سنووردار نییە کە ژنان بەشداری شەڕیان کردووە، لە بزووتنەوەی ئازادیی کوردستاندا سیستەمێک دامەزرا کە ژنان لە هەموو میکانیزمەکانی بڕیار، خاوەن قسە و بڕیاری خۆیانن. ژنان بە سوپا، فەرماندە و ستراتیژیی خۆیانەوە شەڕ دەکەن. لە هەمووی گرنگتر بزووتنەوەی ئازادیی کوردستان ڕێکخستنی خۆسەر، سیستەمی تایبەت بە خۆی هەیە، سیستەمێکی دامەزراوە کە ژنان خاوەنی ئیدارەی خۆبەڕێوەبردن، خۆپاراستن و ئابووریی خودژێنی خۆیانن و سیستەمی دادپەروەری خۆیان لە هەموو بوارێکدا بەکاریگەر و ڕێکخراوەیە. ئەو بزووتنەوە و هێزی خۆپاراستنە تەنیا بە خاکی شەنگال و باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریاوە سنووردار نەبووە، بەڵکو سوپای ژنان، هێزی خۆپاراستن، ئاسایش، سیستەمی دادوەری، سیستەمی کۆمۆن-هەرەوەزیی، لە هەمووی گرنگتر نوێنەرایەتی یەکسان و سیستەمی هاوسەرۆکایەتی دامەزراند. ئەوانەی ئێمە باسی دەکەین بەگشتی کۆی ژیانیکردنی دروشمی ژن، ژیان، ئازادی و ئەوەیە کە ئێمە پێی دەڵێین شۆڕشی ژن.
هەرچی ژنۆلۆژییە ئاماژەیە بە ڕێبازی زانستە کۆمەڵایەتی ئەو هەلومەرجە مێژوویی و کۆمەڵایەتییەی ئەم پێشهاتانەیان دروستکردووە. ئاماژەیە بۆ ڕێبازێکی زانستی کە ئامانجی چارەسەرکردنی کێشە کۆمەڵایەتییە سەرەکیەکانە، بە ڕێبازی زانستی ئازادیخوازانەی ژن و بەرهەمهێنانی ڕێبازی چارەسەرئامێز بۆ کێشەکان. بۆ دیاریکردنی بابەتگەلێک بۆ لێکۆڵینەوە، دروستکردنی شێوازەکانی چۆنییەتی لێکۆڵینەوە، دیاریکردنی زەمینەی کرداری بۆ گەڵاڵەکردنی چارەسەر، لەگەڵ ڕێکخراوە کۆمەڵایەتییەکان کاردەکات و پەرە بە توێژینەوەکانی دەدات. دوای ڕوونکردنەوەی دیدگای تێکۆشان، ڕێکخستن و ژیان لە پشت دروشمی ژن، ژیان، ئازاد و شۆڕشی ژن بە کورتی، دەگەڕێینەوە بۆ هەڵسەنگاندنی ئەو زهنیەتەی لە پشت تەمومژکردنی ئەو دروشمە و هەوڵ بۆ دابڕینی پەیوەندی نێوان عەبدوڵڵا ئۆجالان و بزووتنەوەی ئازادیی ژنانی کوردستانەوەیە.
ڕوانگەی ڕۆژهەڵاتناسییانەی ناوەندئەوروپی بۆ ژنانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەشێوەیەکە، کە ژنان لەژێر فشاری ئایین، خێزان و پیاودا چەوسێنراونەتەوە و خاوەنی قسە و ئیرادەی خۆیان نین، گوایە ئەم ژنانە لە دۆخێکدان تەنیا بە هزری مۆدێرنی ئەوروپی دەتوانن ئازاد ببن. ئەم بیرکردنەوەیە تەنیا بۆچوونی ئەوروپیەکان نییە، بەڵکوو بەداخەوە زۆرێک لە ڕۆشنبیرانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەژێر کاریگەریی ئەم دیدە ڕۆژهەڵاتناسییەدان، نایانەوێت واقیعی ئەو ژنانە ببینن کە بە پشتبەستن بە هێز، هزر و ئیرادەی خۆیان، دەبنە کردە- سوبێکت و گەشە دەکەن. هۆکارێک لە هەڵوێستە نەرێنییەکان بەرامبەر بە بزووتنەوەی ئازادیی ژنانی کوردستان و عەبدوڵڵا ئۆجالان ئەم ڕوانگەی ڕۆژهەڵاتناسییەیە.
سەرەڕای هەموو ئەو دەرەنجامە مێژووییانەی هاتوونەتە ئاراوە، ئیرادەی ڕێکخستن و بەرخودان-خۆڕاگرییە، بەڵام دەستکەوتەکانی بزووتنەوەی ئازادیی ژنانی کوردستان پشتگوێ دەخرێن. چونکە بزووتنەوەیەکە توانیویەتی سەرکەوتوو بێ لە دەرەوەی سیستەم، پشت بە هاوکاری و پشتیوانی دامەزراوەکانی دونیای ڕۆژئاوا نابەستێت، پەردەی لەسەر ئەو هێڵە لیبرالەش هەڵماڵیوە کە بانگەشەی ئازادیی ژن دەکات. ڕێبازی ناوەندڕۆژئاوایی لە کاتێکدا لە ئەفغانستان، عێراق و زۆرێک لە وڵاتانی جیهان، بە ڕێبازی ڕێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنی ڕادیکاڵبوونی زۆرێک لە بزووتنەوەی ئازادیی ژنانی لەناوبرد، بەڵام نەیتوانی بزووتنەوەی ئازادیی کوردستان بەکێشی ئەو ڕێباز و هێڵەی خۆی بکات. ئەوانەی لە ئاست هێرشەکانی سەر بزووتنەوەی ژنان لە ڕۆژاڤا، شەنگال و باکوری کوردستان بێدەنگن، چاوەڕوانی ئەوە دەکەن ئەم ئیرادەیە بشکێت و پێیان وایە دەتوانن هێڵە نیولیبراڵەکەیان وەک چارەسەر بە ژنان بفرۆشنەوە.
هەرچەند عەبدوڵڵا ئۆجالان ٢٤ ساڵە لە ژێر هەلومەرجی گۆشەگیرییەکی قورسدایە، بەڵام دیدەکانی لە هەموو جیهاندا تاوتوێ دەکرێن و مایەی پەسەندن. ژنۆلۆژی کە لە سەر بنەمای ڕەخنە لە زانستی پۆزەتیڤیستی ناوەندئەوروپی و ڕەگەزگەرایی-سێکسیزم لە زانستدا پێشنیاریکرد، بۆتە مایەی سەرنج. ڕەهەندێکی ئەو گۆشەگیرییە توندەی لەسەر عەبدوڵڵا ئۆجالانە، هێرش و چەواشەکارییە لە بەرامبەر هزر و بۆچوونەکانی. هەندێک کەس و لایەن بە ئاگاییەوە بەشداری لەو هێرشانەدا دەکەن، هەندێکیش بەبێ زانیاری و لێکۆڵینەوەی پێویست دەبنە لایەنگر و هاوبەشی ئەو هێرش و چەواشەکارییانە. قسە و نووسینەکانی عەبدوڵڵا ئۆجالان ئاوەژوو دەکرێتەوە و لە کۆنتێکستی خۆی دووردەخرێتەوە یان بەو تێز و بیرکردنەوانەی بە پێی زانستی پۆزەتیڤیست و پێوەری گوایە ئاکادیمییانەیە، هەوڵی پووچەڵکردنەوەیان دەدرێت. عەبدوڵڵا ئۆجالان ڕێبەرێکە لە ڕووی تیۆر، ڕێکخستن، تێکۆشان و ئەو پەیوەندیانەی لە ژیانی تایبەتی و گشتیدا دایمەزراندووە، کۆمەکێکی گەورەی بە ئازادی ژن کردووە. بێ گومان هەڵسەنگاندنەکانی ئۆجالان تاقە هەڵسەنگاندن نەبووە لەسەر ئازادی ژن، بەڵکو پێشتر بیرمەند و سەرکردەی شۆڕشگێڕ هەبوون کە هەڵسەنگاندنی هاوشێوەیان کردووە. بەڵام ئەوە ناتوانێت ڕەسەنایەتی هزر و کرداری ئۆجالان لە پێناوی ئازادی ژندا، وەلاوە بنێت. ئۆجالان بە دید، هزر و پێشنیارە دەگمەنەکانی زەمینەی سوپابوونی ژن، پارتیبوونی ژن و سیستەمی کۆنفیدراڵی ژنی لە ئاستی نێونەتەوەییدا فەراهەم کرد. کادر و تێکۆشەرانی بزووتنەوەی ئازادیی ژنانی کوردستان و ژنانی بەشدار بە قوربانییەکی گەورە ئەو تیۆر و دامەزراوەبوونەیان لە ئامێزگرت. لەسەر ئەم بنەمایە هەنگاوی گەورەتر و گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی ڕیشەییتر ڕوویدا. لەم ڕووەوە پەیوەندی نێوان ئۆجالان و ژنان بەبێ تێگەیشتن لە دینامیکی گەشەی بزووتنەوەی ئازادیی ژنانی کوردستان، مایەی تێگەیشتن نابێت.
یەکێک لەو خاڵانەی بە ئاگاییەوە دەشوێنرێت ئەوەیە کە ‘ئۆجالان نایەوێت ژن لە پێگەی هێز و دەسەڵاتدا بن’. جارێ لەسەر دەسەڵات، بەرهەمێکی زۆر تیۆریی و ئەدەبیی هەیە، کە لە سەدەی نۆزدەهەمدا لە لایەن بزووتنەوە ئەنارکیستەکانەوە دەستی پێ کرد، لە سەدەی بیست و یەکەمدا لە لایەن هێزە دژە سیستەمەکانەوە قووڵتر کرایەوە. لەم خاڵەدا ئۆجالان هەڵسەنگاندن بۆ ئەوە دەکات کە نەک تەنیا ژنان، بەڵکو نەتەوەکان، ڕێکخستنەکان، حیزبەکان و هەموو تاکێک دەبێ دەسەڵات شیبکەنەوە و لە ماهیەتی ڕاستەقینەی تێبگەن. هەروەها ڕەخنەدانێکی قووڵ دەدات لەبارەی هەڵەکانی لە دیدی بۆ دەسەڵات، هەم وەک تاک و هەم وەک پارت. هەروەها باس لە ڕۆڵی تێڕوانینە هەڵەکان دەکات سەبارەت بە دەسەڵات، کە هۆکارێکە بۆ داڕمانی ڕیال-سۆسیالیزمی یەکێتی سۆڤیەت. بەڵام باس لەوەش دەکات کە بەدیلەکەشی ئەوە نییە کۆمەڵگە بە ناڕێکخراو و بێبەڕێوەبەریی بێت. ئاشکرای دەکات پێویستە بەدیل دروست بکرێت و ئەزموون بکرێت. هەروەک چۆن تیۆریسیانە ئەنارکیست و ئیکۆلۆژیی کۆمەڵایەتییەکان جەختی لەسەر دەکەنەوە، عەبدوڵڵا ئۆجالان سەرنج بۆ فۆرمەکانی خۆبەڕێوەبەریی ڕادەکێشێت کە پێش سەرهەڵدانی دەوڵەت هەبووە و لە کۆمەڵگەدا لەسەر بنەمای دەسەڵاتی سروشتی، پلەبەندی سودبەخش و خۆبەڕێوەبردن بووە. لە ڕۆژی ئەمڕۆدا ئەم فۆرمەی خۆبەڕێوەبەری لە لایەن ژنانەوە پەرەی پێدراوە و دەکرێت ببێتە مۆدێلێک بۆ ڕێکخستنی کۆمەڵایەتی نادەوڵەتی. عەبدوڵڵا ئۆجالان پێناسەی دەسەڵاتی کلاسیک شی دەکاتەوە و جیاوازی نێوان دەسەڵات و خۆبەڕێوەبردن بە ڕەهەندە ئایدیۆلۆژی، کۆمەڵناسی و مێژووییەکەیەوە ڕوون دەکاتەوە. خۆبەڕێوەبەریی بە جۆرێک لە ئازادی پێناسە دەکات.

لەو ڕوانگەیەوە پێشنیاری کرد ژنان بۆ گەیشتن بە هێزی خۆبەڕێوەبەرییان نەک دەسەڵات، دەتوانن ڕێکخستن، دامەزراوە و میکانیزمەکانی خۆیان بنیات بنێن. سەرەڕای ئەو پاساوانەی دەگوترا بزووتنەوەی ئازادیی کوردستان بەپێی پێویست ئامادە نییە، هێشتا زووە بۆ جێبەجێکردنی ئەم سیستەمە، بەڵام سیستەمی هاوسەرۆکایەتی و نوێنەرایەتی یەکسانی کردە مەرجی سەرەکی. زەمینەی بنەما ئەخلاقی و یاساییەکانیشی فەراهەم کرد کە ژنان بە تەنیا خۆیان دەتوانن بڕیاری خۆیان بدەن و هەر بڕیارێکیش بەدەر لە ئیرادەی ڕێکخستنەکانی ژنان بێت، ڕەوایی نییە. لە وتارێکدا کە لە ساڵی ١٩٩٨ پێشکەشی کرد، ئەم ڕێبازەی بە “دزینی هێز لە پیاوان و پێدانی بە ژنان” پێناسە کرد. لەم خاڵەدا دەتوانین باس لە ڕوانگەیەکی ڕەخنەگرانە بکەین بۆ چەمکی دەسەڵات، بەڵام هەڵوێست و پراکتیکێکی پرەنسیپیانەی بەرامبەر بە بەهێزکردنی ژنان هەبووە.
چەواشەکاری و شێواندنێکی تر لەسەر ڕوانگەی عەبدوڵڵا ئۆجالانەوە بۆ فێمینیزم هەیە. ئەویش ئەوەیە کەوا بزووتنەوەی ئازادیی ژنانی کوردستان لەژێر کاریگەریی فێمینیزم شێوەی گرتووە. گفتوگۆ بەراییەکان لە پەرەپێدانی بزووتنەوەکە لەسەر پێگەی ژنان لە کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، چۆن ژنان بەشداری لە خەباتی شۆڕشگێڕانەدا بکەن، سەبارەت بە واقیعی خێزان لە کوردستاندا بووە. بە واتایەکی تر خاڵی دەستپێکردن، فێمینیزمێکی کوردی نییە کە لەسەر بنەمای ڕەخنەگرتن لە نەبوونی ژنی کورد لە فێمینیزمی عەرەبی، فارسی، تورکی یان ناوەندئەوروپیدا گەشە بکات. ڕەوتەکانی فێمینیستە پۆست-کۆلۆنیالیەکان کە پێیان دەوترێت شەپۆلی سێیەم یان فێمینیزمی ڕەنگاوڕەنگ، زۆربەیان لەسەر بنەمای ڕەخنە لە فێمینیزمی زاڵ گەشەیان کرد. ئاشنابوونی بزووتنەوەی ئازادیی ژنانی کوردستان بە بزووتنەوەکان و تیۆرە فێمینیستییەکان، پەرەدان بە کار و ڕێکخستنی هاوبەش و ڕەخنەکانی، لە ساڵانی نەوەدەکانەوە دەستی پێ کرد. لەگەڵ ساڵانی ٢٠٠٠ دا زیاتر پەرەیسەند. عەبدوڵڵا ئۆجالان بزووتنەوەی فێمینیست بە یەکێک لە بەهێزترین و ڕادیکاڵترین بزووتنەوەکانی دژە سیستەم دەبینێت. دوای ڕووخانی سۆسیالیزمی سۆڤیەت، پەکەکە لە کۆنگرەی پێنجەمەوە لە پەیجوری سۆسیالیزمێکی نوێدا بوو. گۆڕانی پارادایمیانە لەسەر بنەمای ئازادیخوازی ژن، ئیکۆلۆژی و دیموکراسی کە هێزی پێشەنگی شۆڕش نەک چینی کرێکار، بەڵکو ژن و گەنج دەبینێ، بە دیلگرتنی ئۆجالان لە ئیمرالیدا بەرجەستەتر بوو. ئەم گۆڕانکارییە پارادایمییە نەک بە کاریگەریی بزووتنەوە پۆستمۆدێرنیستەکانی دوای ڕووخانی یەکێتی سۆڤیەت بوو، بەڵکو بە شیکارییەکی بەهێزی هەلومەرجی مێژوویی و کۆمەڵناسیی، بە هەلسەنگاندنی ناکۆکی و کەموکوڕییەکانی ئەزموونی سۆڤیەت پەرەی سەند. لە کاتی هەڵسەنگاندنی ڕۆڵی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییە نوێیەکان لە شۆڕشەکانی سەدەی بیست و یەکەمدا ڕایگەیاند کە بزووتنەوەکانی ژنان و ئازادیی ژنان چارەنوسساز و یەکلاکەرەوە دەبێت، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە “سەدەی بیست و یەک سەدەی شۆڕشەکانی ژنان دەبێت”. پارادایمی دیموکراسی، ئیکۆلۆژی و ئازادی ژنان بەو پییە شێوەی گرت و پێگەیشت.
ڕاپەڕینەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران و پەرەسەندنی بزووتنەوەکانی دژی سیستەم لە ئاستی گەردوونی لەم دە ساڵەی دواییدا ئەو ئاماژەیەی پشتڕاست کردەوە. لەو بارەیەوە لێکۆڵینەوە لە ئەدەبیاتی فێمینیستیی کرا، هەوڵێکی تایبەتی درا بۆ ئەوەی پێشەنگەکانی بزووتنەوەی فێمینیستەکان لە سیاسەتی باکووری کوردستان و تورکیادا بەشداری بکەن. ئێستا ژنانی فێمینیست لە تورکیا لەناو پارتی دیموکراتی گەلان – HDP دا سەرقاڵی سیاسەتن، لە کوردستان و بە دەنگی گەلی کورد هەڵبژێردران. بزووتنەوەی ئازادیی ژنانی کوردستان کە لە هەموو بوارێکدا خۆیان ڕێکخستن کردووە، لە ڕووی چالاکی، ڕێکخراوەیی و هزرییەوە هاوبەشێتیان لەگەڵ بزووتنەوەی فێمینیستەکاندا بە بنەما داناوە. بە گفتوگۆکانی ژنۆلۆژیش ئەو تۆڕی پەیوەندییەیان بەهێزتر کردووە. بزووتنەوەی ئازادیی ژنانی کوردستان خۆی وەک بزووتنەوەیەکی فێمینیستیش پێناسە نەکات، بەڵام لەسەر ڕێبازێک دامەزراوە کە بتوانێت فێمینیزم بەهێز بکات، لە گۆڕەپانی سیاسیدا کاریگەر بێت و بەرامبەر بە سیستەم کاریگەرترین هێز بێت. لە پەروەردە و کارەکانی خۆیدا کەڵک لەو بەڵگە و زانیاریانە وەردەگرێت کە لە توێژینەوەی فێمینیستیەکاندا بەرهەم هاتووە. بەڵام لە هەندێ بواریشەوە ڕەخنەیان لێدەگرێت. پەیوەندییەکی بنیاتنەر هەیە لە نێوان هزری فێمینیستی و ژنۆلۆژیدا، لە نێوان بزووتنەوەی فێمینیستەکان و بزووتنەوەی ئازادیی ژنانی کوردستاندا پەیوەندییەکی یەکتربەهێزکردن و یەکترتەواوکردن هەیە.
لە جێی خۆیدایە هەڵسەنگاندنێک بکرێت سەبارەت بەو مشتومڕانەی کە ئایا ژنۆلۆژی زانستە یان نا. دەیان ساڵە گفتوگۆ لەسەر ئەو گرفتە قورسانە دەکرێت کە ڕەگەزگەرایی- سێکسیزمی زانست و شیکارییە کۆمەڵایەتییەکانی پۆزەتیڤیزم دروستی کردووە. ڕەخنەی زانستی ئەوانەی لە تەوەری فێمینیزم و ئازادی ژن خەبات دەکەن، یەکلاکەرەوەن لە دەرخستنی سیمای نەژادپەرستانە و سێکسیستانەی زانست. بە سیستەماتیککردنی ڕەخنەکان، پێویستی بە ڕوانگەیەکی هەمەگیر و زانستیی هەیە، زانستی پۆزەتیڤیستی ژێر سێبەری دەسەڵات تێپەڕێنێت. لەم خاڵەدا پێشنیارکردنی ژنۆلۆژی لە لایەن بزووتنەوەی ئازادیی ژنانی کوردستان کە واقیعی کۆمەڵایەتی خۆی شیکردۆتەوە و ئەنجامگەلێکی بەدەستهێناوە و گەیاندوویەتی بە ئاستی بنیاتنانی کۆمەڵایەتی، تا بڵێی گونجاو و دروستە بۆ ئەنجامدانی گۆڕانکاری ڕیشەیی. ئاشکرایە کە کۆمەکێکی گەورەی لە تێپەراندنی زانستی ڕەگەزگەرا-سێکسیستی و پۆزەتیڤیستیدا کردووە. لە کاتێکدا پەیوەندی زانست بە دەسەڵات و سەرمایە ئەوەندە ڕوونە، نیو سەدەیە لە لایەن زۆرێک لە بزووتنەوە و گروپەکانەوە ڕەخنەی لێدەگیرێت، بەڵام دانانی پێوەری زانستیبوون ناکرێت قبوڵکردن یان ئاماژەدان بە دامەزراوەکانی ژێر کاریگەری ئەو ناوەندانەی سەرمایە و دەسەڵات بێت. خستنەڕووی ئەو ئارگومێنتەی ژنۆلۆژی زانست نییە بەو پێیەی ”لە لایەن کەسانێکەوە وەرناگیرێت کە نازناوێکی زانکۆ یان ناوەندێکی ئەکادیمییان هەیە” ئەرگومێنیتێکی گاڵتەجاڕانەیە. هەرچەندە ژنۆلۆژی هەوڵێکی تایبەت بەو ئاڕاستەیەی نییە، بەڵام خوێندن و کاری هاوبەشی لەگەڵ زانکۆ و ئەکادیمییەکاندا هەیە. ئەوانەی دژی ژنۆلۆژین، ئەوانەن کە ڕەخنەیان لێدەگیرێت بەهۆی ڕێبازی پۆزەتیڤیستیانەوە. ئەوانەی پەرە بە ژنۆلۆژی دەدەن هیچ کێشەیەکی ئەوتۆیان نییە، کە ژنۆلۆژی لە بواری ئەکادیمیدا وەربگیرێت یان نا. ئەو کەسانەی ڕەخنە لە زانستی سێکسیستی و ستەمکارانە دەگرن دەبێ کێشەیەکی بەو شێوەیەیان نەبێت. بزووتنەوە فێمینیستەکان خۆیان دەرئەنجامە نەرێنییەکانیان لە بواری ئەکادیمیدا ئەزموون کردووە، ڕەخنەیان کردووە و ڕەخنەدانیشیان داوە، ئیتر بۆچی ژنۆلۆژی هەمان هەڵە بکات؟
ئامانجی ژنۆلۆژی بریتییە لە ئەنجامدانی توێژینەوە لە حەقیقەت لەسەر بنەمای ڕاستییەکانی ژن. لە بەرامبەر بە کۆمەڵگەی ڕەگەزگەرا-سێکسیست و سیستەمی پیاوسالارانە.
هەروەها دروستکردنی ژێرخانی زانستی پێویست بۆ پەرەپێدانی سیستەمێکی کۆمەڵایەتی پشتبەستوو بە ئازادی ژن. زانکۆ و ئاکادیمیای چ سیستەمێک دەرفەت بۆ زانستێکی وا دەڕەخسێنێت کە خۆی بخاتە ژێر پرسیارەوە؟ باج و بەهای پێشکەشکردنی ئاسانکاریی، توانەوە و گونجاندنە لەگەڵ سیستەم. هەر لەبەر ئەم هۆکارەش ئەکادیمیا ئازادەکان دەبێ شوێنی خوێندنی ئەو ئەکادیمییانە بێ کە هەوڵی پێشخستنی داماڵینی داگیرکاری (ناداگیرکاری) زانست و ژنۆلۆژیی دەدەن. پێوانەی زانستیبوونی ژنۆلۆژی بە زانستی پۆزەتیڤیست یان ئەو زانکۆیانەی بوونەتە پەرستگاکانی دەسەڵات دیاری ناکرێن، بەڵکو بە بوونی بە هێزی چارەسەر بۆ کێشە کۆمەڵایەتییەکان دیاری دەکرێت. پێوەرە سەرەکییەکە سەرکەوتنی ئەو هزرە لە دۆزینەوەی دەرفەتی ژیان و بەرزکردنەوەی ئاستی ئازادی ژن. پیشەی ئەکادیمیبوون خەمی ئەو ئەکادیمیسیانانە نییە کە لە بواری ژنۆلۆژیدا کاردەکەن. ئامانجیان زیندووکردنەوە و کۆمەڵایەتیکردنی زانستە کە پارت و ڕێکخراوەکانی ژن، توێژینەوە و ئەنجامەکانی ئەو کارانە جێبەجێ دەکەن.
کاریگەری هزری ئۆجالان لەسەر ڕاپەرینەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات و ئێران تا بڵێی بەهێزە. خەڵکی ڕۆژهەڵات لە کاتی دیلگرتنی ئۆجالان لە ساڵی ١٩٩٩ بەشێوەیەکی چاوەڕوانەکراو چالاکی زۆر گەورەیان ئەنجامدا و سەدان گەنج پەیوەندییان بە ڕیزەکانی تێکۆشانەوە کرد. دوای لە سێدارەدانی فەرزاد کەمانگەر و شیرین عەلەمهولی و هاوڕێکانیان لە لایەن ڕژێمی ئێرانەوە، سەدان کچی گەنج بە بەشداریان لە ڕیزەکانی گەریلا نوێنەرایەتی هزری ئازادییان کرد. قسەی ژنێکی ئێران (عاتیفە نەبەوی) لە کاتی مانەوەی لە زیندان لەگەڵ شیرین عەلەمهولی بۆ یەکەم جار دروشمی ” ژن، ژیان،ئازادی” لە زاری شیرینەوە بیستووە، ئەو واقیعە پشتڕاست دەکاتەوە. دەیان گەنجی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان پەیوەندییان بە شۆڕشی ڕۆژاڤاوە کرد و شەهید بوون. لە سەروبەندی هێرشەکانی دژی ڕۆژاڤادا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان چالاکی زۆر گەورە و بەهێز ئەنجامدرا. دروشمی “ڕۆژئاوا ڕۆژهەڵاتە، کوردستان یەک وڵاتە” یان وتەوە کە لەم دواییەش لە ڕاپەڕینەکاندا دەوترایەوە. ژنان و ڕۆشنبیرانی فارس و ئەفغانستان پەیوەندی و پەرۆشێکی زۆریان بۆ شۆڕشی ژن نیشاندا.
پشکێکی ئەم ڕاپەڕینانە لە خۆڕاگری و بەدواداچوون بۆ ئازادی و نەریتی شۆڕشگێڕانەی گەلانی ئێرانەوە دێت، بەشێکی تریشی ئیلهامە لە بزووتنەوەی ئازادیی ژنانی کوردستانەوە. بزووتنەوەی ئازادیی ژنانی کوردستان بە هزر، دید و بۆچوونەکانی ئۆجالان شێوەی گرت. هزر، ڕێکخستن و تێکۆشانی ڕادیکاڵانەی ئۆجالان لە پێناوی ئازادی ژنان، گەورەترین کۆمەکی کرد بە گەشەی شۆڕشی ئێران لە سیمای شۆڕشی ژندا. ئەوانەی نایانەوێ پەیوەندی دروشمی ژن، ژیان، ئازادی و ڕاپەڕینەکانی ئێران بەو هزرەی ئۆجالانەوە ببینن، لەم واقیعە دەترسن. چونکە لە کاتێکدا ئەوان لە هەوڵی لاساییکردنەوەی دونیای ڕۆژئاوا و لەناو سیستەم و لەژێر دەسەڵاتی دەوڵەتدا گیریان خواردووە، ئامانجیان ئازادییەکی ڕووکەشییە بۆ ژن، بەڵام فەلسەفەی ژیان و تێکۆشان لەسەر بنەمای ژن، ژیان، ئازادی ئامانجی شۆڕشێکی ژنانە. شۆڕشێکی ژنان کە پشت بە خۆپاراستن بە هێزی خۆیی، هێزی خۆڕێکخستنکردن، نوێنەرایەتی یەکسان لە سیاسەتدا، پەیوەندی لەسەر بنەمای هاوژیانی لەگەڵ پیاو و ئابوورییەکی کۆمیناڵ-هەرەوەزی خودژێنی شێوە بگرێت یۆتۆپیا یان خەون نییە. هزر و دیدی ئۆجالان واقیعێکە کە بزووتنەوەی ئازادیی ژنانی کوردستان زیندوویان کردۆتەوە و واقیعێکە کە بناغە زانستییەکانی ژنۆلۆژی پێکدێنن.
بەرێوەبەریی ماڵپەری ژنۆلۆژی