گونول کایە
لە ئینگلیزییەوە: نەبەز سەمەد
ژنۆلۆژی وەک هەنگاوێکی گرنگی خەباتی بزووتنەوەی ئازادی ژنانی کوردستان، لە ڕووی ڕۆشنبیری، ئایدیۆلۆژی-سیاسی، بەرگری لەخۆکردن و جووڵانەوە لە ماوەی سی ساڵی ڕابوردوودا، دەنرخێنرێت. دەمەوێت ئەگەرچی بەکورتیش بێ پرنسیپە سەرەکییەکانی ژنۆلۆژی بناسێنم، کە بزووتنەوەی ئازادی ژنانی کورد لەسەر ئاستی جیهان پێشکەشی بزووتنەوەکانی ژنانی دەکەن.
لە ڕوانگەی بزووتنەوەی ژنانی کورد، ژنۆلۆژی وەک ”ئافراندنی پارادایمی ژنان” وەسف دەکرێت. ئەمە نوێنەرایەتی قۆناغێکی نوێ دەکات بزووتنەوەی ژنانی کورد لەناو خەباتی ڕزگاری گەلی کورددا دەرکەوت و گەشەی کرد. لە ١٩٨٧ بەدواوە، بە کارکردنی تایبەت و سەربەخۆی ڕێکخستنی ژنان دەستی پێکرد. دوای ئەم گەشەکردنە، زۆر گۆڕانکاری و وەرچەرخانی گرنگ لە کوردستاندا ڕوویاندا، کە خەباتی کۆمەڵگەیان چەسپاند. لە لایەکەوە، بزووتنەوەی ژنانی کورد لە ناوەوە ڕێکخستنی سەربەخۆ و تایبەتی خۆی بەرەوپێشەوە دەبرد، بەڵام لە لایەکی دیکەوە دۆزینەوە و دەستکەوتەکانی خۆی بۆ هەموو ڕووبەرەکانی دیکەی خەباتی کۆمەڵگە دەگواستەوە و هاوبەشی پێ دەکرد. ڕاپەڕین (سەرهەڵدان)ی خەڵک لە دژی داگیرکردنی کوردستان، کە لە دوای ١٩٨٩ەوە دەستی پێکرد، لەلایەن ژنانەوە ڕێبەرایەتی دەکرا. لە ڕوانگەی کۆمەڵگەی کوردی، ئەمە دەستپێکی قۆناغێکی نوێی بەرخۆدانی نەتەوەیی بوو بە کارەکتەری نوێی ژنی کورد. لەم ڕوانگەیەوە، بزووتنەوەی ژنان هەم لە ڕووی تیۆریی و هەم لە ڕووی پراکتیکییەوە کارەکانی خۆیان لە مەیدانەکانی ڕۆشنبیری، سیاسەت، کۆمەڵگە، کولتوور و بەرگری لەخۆکردن بەرەوپێش دەبەن. قۆناغە گرنگەکان ئەمانەن: ١٩٩٣ دروستکردنی سوپای ژنان، ١٩٩٦ تیۆری و پراکتیک بۆ ئازادبوون لە سیستەمی پیاوسالاری (پاتریارکی)، دوای ١٩٩٨ ئایدیۆلۆژیای ئازادی ژنان، ١٩٩٩ دروستکردنی پارتی، لە ٢٠٠٠ەوە بونیادنانی سیستەمێکی جڤاکیی دیموکراتی لەسەر بناغەی پارادایمی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک، ئیکۆلۆژی و یەکسانی جێندەری. چێکردنی ئەنجوومەنەکان، ئەکادیمیاکان، و هەرەوەزییەکان لەنێو ئەم کۆنتێکستەدا بەدەستهێنراون. لەژێر دروشمی ”ئازادیی ژن ئازادی کۆمەڵگەیە” بزووتنەوەی ژنان جەختی لەسەر ئیشکردنی ئایدیۆلۆژی، فەلسەفی و ڕۆشنبیری کردووە. ژنۆلۆژی لەناو چێوەی یەکێتیی تیۆری و پراکتیک، ئیش بۆ گۆڕینی بیرکردنەوەی ژنان و کۆمەڵگە، هەروەها بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری دەکات. ژنۆلۆژی بەدوای وەڵامی ئەم پرسیارانەدا دەگەڕێت ”ژن کێیە؟ لە کوێوە هاتووە؟ بۆ کوێ دەچێت؟ داخۆ ژنان تاکو ئەمڕۆ چۆن ژیاون؟ گەرەکە ژنان چۆن بژین؟ لەناو چ جۆرە کۆمەڵگەیەک؟” هەروەها ڕەخنەی مەیدانی زانستی هەنووکە گەشە پێدەدات.
وەک هەمووتان دەزانن، لە مێژوودا سەرکردەکان و دەسەڵاتداران سیستەمەکانی خۆیان یەکەم جار لەناو هزردا دامەزراندووە. وەک فراوانکردن و درێژکردنەوەی سیستەمی پیاوسالاری، مەیدانی زانستە کۆمەڵایەتییەکان لەسەر بنەمای چینایەتی، سێکسیستی (جیاکاری جێندەری) و زاڵبوونی پیاوان دامەزرێندران. لە ئەنجامدا ئەم مەیدانە زانستەکانی پارچە پارچەکرد و لە یەکی دوورخستنەوە. جێبەجێکردنی پلانی ڕاڤەی ئەو زانستانە ئەنجامی ڕووخێنەری بۆ سروشت، کۆمەڵگە و مرۆڤایەتی لێکەوتەوە: ئاساییکردنەوەی میلیتاریزم و توندوتیژی، قووڵکردنەوەی سێکسیزم و ناسیۆنالیزم، گەشەکردنی بێسنووری تەکنۆلۆژی، بەتایبەتی تەکنۆلۆژیی چەک بۆ کۆنتڕۆڵکردنی کۆمەڵگە و تاکەکان، تێکدانی سروشت، وزەی ناوەکی ئەتۆمی، شارسازی شێرپەنجەیی، کێشەکانی زۆربوونی دانیشتوان، پیشەسازیی دژە-ئیکۆلۆژی و ژینگە، گرێکوێرەی گۆردیۆن (Gordian knot)ی کێشە جڤاکییەکان، تاکایەتی پەڕگیر، دەرکەوتنی سیاسەتی سێکسیستی و پراکتیککردنی لە دژی ژنان، بۆیە ماف و ئازادییەکان تەنیا لەسەر کاغەز هەن.
بۆیە لە ئێستادا، ژنۆلۆژیمان چێکرد. ئەوە ڕوون و ئاشکرایە ژنۆلۆژی پێویستە بۆ هەڵوەشاندنەوەی سیستەمی زاڵبوونی مەیدانی زانستی و بونیادنانی سیستەمێکی زانستی ئەلتەرناتیڤ. هەروەها ئێمە لەوە تێدەگەین کە مەیدانی زانستە کۆمەڵایەتییەکانی هەنووکە پێویستە لە سێکسیزم ئازاد بکرێن.

زاراوەی ژنۆلۆژی بەشێوەیەکی کۆنکرێت بۆ یەکەم جار لەلایەن عەبدوڵا ئۆجەلان لە نووسینەکانی لە ٢٠٠٣ و لە کتێبی ”سۆسیۆلۆژیای ئازادی” بەکارهێنراوە. لە ڕوانگەی ئۆجەلان ژنان و هەموو تاکەکان، کۆمەڵگاکان و خەڵک کە خاوەن دەسەڵات و دەوڵەت نین پێویستە گەشە بە زانستی کۆمەڵایەتی ئازادی خۆیان بدەن، ئەم زانستانە دەشێ پێیان بگۆترێ سۆسیۆلۆژیای ئازادی و لەسەر بنەمای ژنۆلۆژی بونیادبنرێن. چونکە ئەو بزووتنەوانەی ئامانجیان کۆمەڵگەیەکی کۆمینال، دیموکراتیک، یەکسان و ئازادە، پێویستییەکی زۆریان بە ژنۆلۆژی هەیە.
زاراوەی ژنۆلۆژی واتای ”زانستی ژن” دەگەیەنێت، لە دوو وشە پێکهاتووە ژن و لۆژی، لۆژی لە لۆگۆس (logos)ی گریکییەوە هاتووە و بە واتای زانین دێت. هەروەها لە کوردیدا وشەی ژن واتای ژیانیش دەگەیەنێت. هەروەک لە گروپی زمانە هیند و ئەوروپییەکان و ڕۆژهەڵاتی ناڤیندا وشەکانی ژن، زن یان زێن، هەموویان واتای ژن دەگەیەنن و هاوواتان لەگەڵ ژیان و زیندووێتی.
لە مێژووی مرۆڤایەتیدا، ژن وەک یەکەم بوون دەنرخێندرێت کە زانین و مەعریفەی لەبارەی خۆیەوە بەدەستهێناوە. ژیان و کۆمەڵایەتیبوون لەسەر بنەمای پرنسیپە سیاسی و مۆڕاڵییەکان چنراون و ژن لە چەقەکەیدایە. کۆمەڵگەی سروشتی بە بەها مۆڕاڵی و سیاسییەکانییەوە لەلایەن ژنەوە ئافرێنراوە، ئاخر لە نێوان ژن و ژیاندا گرێبەستێکی نەشیاوی هەڵوەشاندنەوە هەیە. ژن لە جەستە و واتای خۆیدا نوێنەرایەتی بەشێکی گرنگی سروشتی کۆمەڵایەتی دەکات، ئەمەش هۆکاری پەیوەستبوونی ژنە بە ژیانەوە. ژن پیشاندانەوەی ژیانە، ژیانیش ژن دەکات بە سیمبول و هێمای خۆی. لەبەر ئەم هۆکارە، ژنۆلۆژی وەک زانستی ژن واتای ”زانستی ژیان”یش دەگەیەنێت.
بەڕێی سەرنجێکی ورد لە قۆناغەکانی سیستەمی پیاوسالاری کە لە شارستانەتی سۆمەرەوە دەستپێ دەکات، ئەوا ڕوون دەبێتەوە کە دەسەڵاتداران تاکو ئەمڕۆ پێگەکانی خۆیان سەرەتا لەناو هزردا دامەزراندووە. بۆ نموونە جیاکردنەوەی سەبژێکت و ئۆبژێکت بۆ پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکان سەرەتا بەڕێی زانستە مۆدێرنەکانەوە لەناو هۆش و هزردا دامەزرێنران. ئەم خەیاڵە بەسەر کۆمەڵگەدا سەپێنرا، کە پیاو سەبژێکت (بکەر)ە، ژن ئۆبژێکت (بەرکار)ە، سەروەر سەبژێکتە، کۆیلە ئۆبژێکتە، دەوڵەت سەبژێکتە، کۆمەڵگە ئۆبژێکتە. ئەم لۆژیکەی دەسەڵات وەهای لە ژنان و کۆمەڵگە کرد باوەڕ بە جیاکردنەوەی چەوسێنەر و چەوسێنراوە بکەن. میتۆلۆژی، فەلسەفە و زانست بۆ ئەم مەبەستە بەکارهێنران. بەم شێوەیە پارادایمی سێکسیزم بونیادنرا.
بونیادنانی زانین داواکاری بۆ گفتوگۆی ئازاد بەرز دەکاتەوە، بەڵام ئەگەر ئێمە سەیری پەیوەندی نێوان زانین و دەسەڵات بکەین، ئەوا زەحمەتە ئەو ئازادییە دەرکی پێبکرێت. لەم کۆنتێکستەدا، خستنە ژێر پرسیاری پێکهاتە و بونیادی پیاوسالاری و دەسەڵات-سەنتەری پێویستە. بە هەمان شێوە بۆ دەستپێکردنی ئیپیستیمۆلۆژییەکی هاوکاری مرۆڤ، ژن، سروشت و کۆمەڵگە، ئەوا لێکۆڵینەوە، ڕاڤە، نوێکردنەوە و هۆشیاری نوێ پێویستن. پرنسیپەکان، گریمانەکان و ئەنجامەکانی زانستە کۆمەڵایەتییەکانی هەنووکە پێویستە دووبارە گفتوگۆیان لەبارەوە بکرێتەوە و ڕەخنەییانە تاقیبکرێنەوە. گەرەکە زانیاری ڕاست و ناڕاست لە یەکدی جیابکرێنەوە. ئەوە زۆر گرنگە ئێمە بە ڕاڤەیەکی دروست و ڕاستەقینەی کۆمەڵگەی مێژوویی بگەین.
هەروەها ئەمڕۆ ژن نوێنەرایەتی بوونێک دەکات کە زۆرترین پلان و سیاسەتی لەسەر دروست دەکرێت. ئەو سیاسەت و پلانانە بۆ ئازادکردنی ژن و بەهێزکردنی ویستی ژن دانەڕێژراون. بەهۆی ئەو پلان و سیاسەتانەوە ژن زۆر دەچەوسێنرێتەوە، بە ڕێگەی نەرم یان توند دەکوژرێت، ڕابوردوو و ئێستای ژن دەشاردرێتەوە و دەسڕدرێتەوە. ئەمڕۆ زانین و زانست لەناو یەکەم زنجیرەی بنەڕەتی ڕووبەرەکانی دەسەڵاتدان. بەڕێی بەرهەمهێنانەوەی بەردەوامی ئایدیۆلۆژییەکان و سیاسەت و پلانەکان لەناو ڕووبەرەکانی سیاسەت، کۆمەڵگە، ئابووری، دین، تەکنۆلۆژی، فەلسەفە، هتد دژایەتی ژنان و کۆمەڵگە دەکات، زانستەکان لەم ڕووەوە ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕن. پەیوەندی نێوان زانین و دەسەڵات، پێکەوە لەگەڵ وەدەرنانی ئێتیک تایبەتمەندییەکی سەردەمی ئەمڕۆیە. سروشتی سێکسیستی زانست، بەتایبەتی لەم سەردەمەدا، کێشەکان بەشێوەیەکی چارەسەرنەکراو قووڵ ڕوون دەکاتەوە.
زانستە کۆمەڵایەتییەکان بە واتایەکی گشتی ئەو فاکتە دەردەخەن کە ژن ڕاستییەکی کۆمەڵایەتییە. تێگەیشتنی زانست تاکو ئێستا، هەموو ئەو شتانە دەرناخات کە پەیوەستن بە ژن و بە مێژووی ژن دەستپێ دەکەن. بۆیە لە باسکردنی ژنان و ڕۆڵیان لەناو کۆمەڵگەدا، تێگەیشتنی زاڵی زانست جەخت لەسەر پێگەی جیاوازی بایۆلۆژی نێوان ژنان و پیاوان دەکات. بۆ نموونە، لەسەر بنەمای توانستی لەدایکبوون (زایاندن)، دەوترێ ژنان بەشێوەیەکی پەتی ”لەسەر بنەمای سۆزەکێتی” کردار دەنوێنن. یان بەهۆی تایبەتمەندی فیزیکییەوە، دەگۆترێ توندوتیژی بەشێکە لە سروشتی پیاوان. ئەو وتانە وەها گریمانە دەکرێن کەوا بەڕێی کۆنسێپت و تاقیکردنەوەی زانستییەوە سەلمێنراون. بەم شێوەیە ڕۆڵێکی ناکارا (پاسیڤ) دەدرێت بە ژنان، لە کاتێکدا پیاوان دەکرێن بە خاوەن ڕۆڵی کارا. زەبروزەنگ و توندوتیژی وەها وێنا دەکرێن، کە پەیوەستن بە سروشتی مرۆڤایەتییەوە و وەک فاکتی نەگۆڕ پێشکەش دەکرێن. زانست بۆ ئەم مەبەستە بەکاردەهێنرێت و لەم ڕێگەیەوە کۆڵەگەکانی سیستەم بەهێز دەکرێن.
تاکو ئەمڕۆ، زۆر لێکۆڵەری فێمێنیست لە ڕوانگەی جیاوازەوە ئیشی گرنگیان کردووە بۆ دەرخستنی پەیوەندی نێوان زانین و سێکسیزمی کۆمەڵگەیی. لە ڕێگەی ئیشەکانیانەوە، ئەوەیان پیشانداوە زانستی مۆدێرن لە سەدەی حەڤدەیەم بەدواوە، بونیاد و زمانێکی پیاوانەی هەیە. لێکۆڵەرە فێمێنیستەکان ئەوەیان دەرخستوە کێشەی پەیوەندی نێوان سەبژێکت و ئۆبژێکت، وەک بناغەی زانینی زانستی، هەر لە سەرەتاوە لەسەر بنەمای مێتافۆری سێکسیستی دامەزراوە. بۆ نموونە، ئەوان پیشانیان داین زانستی مۆدێرن لە هزری فرانسیس بەیکن ( Francis Bacon)دا، یەکێک لە پێشەنگەکانی زانستی مۆدێرن، چەندە هەڵوێست و زمانێکی سێکسیستی نمایش دەکات. بەیکن پەیوەندی زانینی نێوان سروشت و گیانی مرۆڤ وەک پەیوەندی زاڵبوون و سەرەوەری دادەنێت. ئەو دەخوازێت هاوسەرگیری و خێزانی پیاوسالار وەک مێتافۆر بەکاربهێنێت. بۆیە بەیکن بەشداری لە ڕاوکردنی جادووگەران (witch hunting)دا دەکات. لە ڕوانگەی بەیکن، کە بەرپرسیارە لە وتەی ”زانین دەسەڵاتە”، هۆش نێرە، سروشت مێیە. بۆ بەیکن، پەیوەندی نێوان هۆشی ئەبستراکت و سروشت وەک ئەستوویەکی بێگیان، تەنیا دەشێ پەیوەندییەکی سەروەربوون، زاڵبوون و ڕامکردن بێت. بۆیە یۆتۆپیاکەی ئەتلانتسی نوێ (New Atlantis) لە پیاوانی دوورگە پێکدێت، کە زانین و زانست وەک بناغەی هێز و دەسەڵاتەکەیان چێ دەکەن.
کۆمەڵگەی سروشتی بە بەها مۆڕاڵی و سیاسییەکانییەوە لەلایەن ژنەوە ئافرێنراوە، ئاخر لە نێوان ژن و ژیاندا گرێبەستێکی نەشیاوی هەڵوەشاندنەوە هەیە.
لە تێگەیشتنی مۆدێرندا بۆ زانین، خود لە ڕێگەی جیاکردنەوەی لە ”ئەویدی” واتا لە سروشت و مێیەتی وەک سەبژێکتی کۆنتڕۆڵکردن دادەڕێژرێت. پاشان ئەوانیدی دەکرێن بە ئۆبژێکت. لەبەر ئەم هۆیە، ”ئەویدی” کۆنتڕۆڵکراوە و خراوەتە ژێر ستەمەوە. بۆ نموونە، دێکارت توخمە هەستەکی و هاوسۆزییەکانی لە زانست و فەلسەفە دوورخستۆتەوە. ئەوە گۆزارشت لە تێگەیشتنی پیاوانەی زانست دەکات. هەروەها پۆزەتیڤیزم (Positivism)یش بناغەی ئەو جۆرە تێگەیشتنەی زانینی ڕوون کردۆتەوە. ڕیالێتییەکان لە یەکدی دابڕێنراون، کێشەکان لە هەر پێناسەیەک بێبەشکراون، لەناو سنوورەکانی ئێستادا بۆ هۆکاری کێشەکان دەگەڕێن و ڕەگوڕیشە مێژووییەکان بەهەند وەرناگیرێن. بەگوێرەی ئەم تێڕوانینە، مێژوو بێژیانە. ئاخر پێشتر ژیێندراوە و ئێستا کۆتایی هاتووە. هەروەها پۆزەتیڤیزم یاسای هەمەکی و گەردوونی بەسەر کۆمەڵگەدا دەسەپێنێ، فاکتەکە وەک تاکە ڕاستی نەگۆڕ پێشکەش دەکات.
ئەم زانستە لایەندار و سێکسیستە مێژوو، سیاسەت، کۆمەڵگە، ئابووری، کولتوور، هونەر، ئێستێتیک و بابەتەکانی دیکەی زانستە کۆمەڵایەتییەکان بەگوێرەی تێگەیشتنی بۆ دەسەڵات ڕوون دەکاتەوە. هەڵوێستی زانستەکانی هەنووکە لەبارەی ژنان، سروشت و هەموو چەوسێنراوەکان لایەندارانەیە.
زانا ژنەکان، بزووتنەوە فێمێنیستییەکان و ئەکادیمییەکان هەوڵی گرنگیان داوە بەڕێی لێکۆڵینەوە و شرۆڤە ڕەخنەییەکانیان، ئەمەش ئیشەکانی ئێمە لەبارەی ژنۆلۆژی بەهێز دەکات. ئیشە بەهادارەکانی ئەوان شرۆڤەی پیاوانەی بۆ مێژوو دەرخستووە. هەروەها زانینگەکانی ژنان، بەشەکانی خوێندنی ژنان، ناوەندەکانی لێکۆڵینەوەی ژنان لە سەرانسەری جیهان هەن. یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی ژنۆلۆژی دروستکردنی پردی پەیوەندییە لە نێوان ئەو دەستکەوتە گرنگانەی ژنان. گرنگە لە ڕوانگەی ژنەوە پێکەوە ئیش بکرێت بۆ بونیادنانی ئەلتەرناتیڤێک بۆ ڕووبەری زانستە کۆمەڵایەتییەکان؛ بۆ دامەزراندنی سیستەمی خوێندنی ژنان؛ بۆ کۆتاییهێنان بە بڵاوبوونەوەی زانستی هەنووکە؛ بۆ بەهێزکردنی ڕووباری زانستی و پەیوەندی نێوان بەشەکان.
بزووتنەوەی ئازادیی ژنانی کوردستان سەدەی بیست و یەکەم وەک سەدەی ژنان و گەلان دەناسێنێت. هەرگیز پێشتر پرسیاری یەکسانی جێندەری و یەکسانی هەموو چەوساوەکان وەها گۆزارشتی لێنەکراوە. ڕێکخستنی هاوتا و گەشەپێدانی بونیاد و سیستەمی ئەلتەرناتیڤ شتێکی نەشیاوی لێ دەربازبوونە. شرۆڤەیەکی فراوانی سیستەم و کۆتاییهێنان بە سێکسیزم لە ئامانجە گرینگەکانمانە. لەم کۆنتێکستەدا، بزووتنەوەی ئازادیی ژنانی کوردستان ژنۆلۆژی پێشنیاز دەکات لە لایەکەوە بۆ چارەسەری گەورەترین پارادۆکسەکانی سەردەمەکەمان، لە لایەکی دیکەشەوە وەک مێتۆدێک بۆ گەشەپێدانی جیهانێکی ناخەکی (گیانەکی) بۆ ژنان.
ژنۆلۆژی پێشنیاز و بەرنامەیەکی ڕادیکاڵ بۆ دەستکاریکردنی ئەقڵیەتی پیاوسالاری و پارادایمی پیاوسالاری پێشکەش دەکات. بەم تێگەیشتنە، ژنۆلۆژی پرۆسەیەکی ئیپیستیمۆلۆژی (مەعریفی)یە. ئامانجەکە ئەوەیە جیهانی زانین و زانست ڕاستەوخۆ بۆ ژنان و کۆمەڵگە بەردەست بێت، کە تاکو ئێستا لەلایەن دەسەڵاتدارەکانەوە کۆنتڕۆڵکراوە. ئامانجەکە ڕێگەخۆشکردنە بۆ ڕەگوڕیشە و ناسنامەی ژنان و کۆمەڵگە، کە لە هەقیقەتی خۆیان دابڕێنراون. ژنان پێویستە دیسپلینەکانی خۆیان چێ بکەن، بگەن بە ڕاڤە و واتاکانی خۆیان، و لەگەڵ سەرجەم کۆمەڵگەدا بەشی بکەن.
بزووتنەوەی ژنانی کورد لە ساڵی ٢٠١١ەوە دەستیکرد بە بونیادنان و داڕشتنی بەشی ژنۆلۆژی و دروستکردنی ئەکادیمیاکانی ژنان. ئەمەش بونیادنانی سیستەمێکی پەروەردەیی بوو بۆ ژنان و کۆمەڵگە. لەبارەی ئەم بابەتانە گفتوگۆ ڕێکخراون: ژنان و زانستە کۆمەڵایەتییەکان، ژنان و ئابووری، ژنان و مێژوو، ژنان و سیاسەت، ژنان و دیمۆگرافی (دانیشتووانناسی)، ئێتیک و ئێستێتیکی ژنان.

گەرەکە بەشێوەیەکی زانستی لێرەبوونی ژنان بە هەموو ڕەهەندەکانییەوە گۆزارشتی لێ بکرێت، هەروەها بەشێوەیەکی قووڵ و سیستەماتیک ڕەخنە و ڕاڤەی هەر بونیادێکی زانین بکرێت کە پەیوەندی بە مێژوو، کۆمەڵگە، سروشت و گەردوونەوە هەبێت. چونکە ژن بوونێکی کۆمەڵایەتی، مێژوویی و بنەڕەتییە، ڕەچەڵەکی لەنێو سروشتدایە، پێناسەکردنی لێرەبوونی ژن داواکاری بۆ گۆڕانێکی ڕادیکاڵ و گرنگ لە زانین و گیان بەرز دەکاتەوە. لە داگیرکردنی مێژووی گیانی مێیەتییەوە بەڕێی ئابووری، کۆمەڵایەتی و سۆزەکییەوە بۆ داگیرکردنی فیزیکی، پێگەی ژن پێویستی و ئاتاجە. گەرەکە ڕاڤەکردنەکان و داتای زانستی کە لە مەیدانی بونیادی زانین، سایکۆلۆژی، فسیۆلۆژی، ئەنترۆپۆلۆژی، ئێتیک، ئێستێتیک، ئابووری، مێژوو، سیاسەت، دیمۆگرافی … هتد بەدەستهاتوون قووڵ بکرێنەوە و ئاوێتە بکرێن بۆ ئەوەی ڕووەو سیستەمێکی زانستی گۆڕانیان پێ بدرێت. چارەسەری کێشەی ئازادیی ژنان بەڕێی ڕێکخستن و بونیادێک شیاو دەبێت کە لەسەر بنەمای مەیدانێکی فراوان و ئاوێتەی زانین و زانستەکان دروستکرا بێت.
لە تەواوی مێژووی مرۆڤایەتیدا، ژنان و چەوساوەکان وەک ئەکتەری ئازادی و دیموکراسی بەرخۆدانیان کردووە. هەرچەندە، کۆتاییهێنان بە سیستەمی زاڵی هەبوو نەکردە بووبێت. کێشەی سەرەکی هێزەکانی ئازادی و دیموکراسی ئەوەیە شکستیان هێناوە لە دروستکردنی سیستەمێک بۆ بەها ئازادی، یەکسانی و دادپەرەوەرییەکانیان، بۆ بە مێژووییکردنیان و دەرهێنانیان لە چنگی دەسەڵات. بەسیستەمکردن و بەمێژووکردن لە سەروو هەموو شتێکەوە پێویستییان بە بناغەڕشتنی پارادایمێک لەنێو هۆشدا هەیە.
لەبەر ئەم هۆکارە، زۆر گرنگە بۆ ئێمە، وەک بزووتنەوەکانی ئازادیی ژنان، هۆشمەندییەک و مەیدانێکی زانستە کۆمەڵایەتییەکان چێ بکەین، کە ژن و کۆمەڵگە تێیدا چەق بن. پێویستە ئێمە بتوانین گیانی سیستەمە ئەلتەرناتیڤەکەمان چێ بکەین. ئەی چی دەبێ ئەگەر ئەمە ڕووی نەدا؟ بەناوی ئەلتەرناتیڤەوە، هەمان شێوازی هۆشمەندێتی، مێتۆدەکان و ئامرازەکانی سیستەمی فەرمانڕەوا، سیستەم خۆی دەتوانرێ دووبارە بکرێتەوە و بەرهەمبهێنرێتەوە، ئەم جارە لەبری ژنان و چەوساوەکان و بەناوی ئەوانەوە خۆی بەرهەم دەهێنێتەوە.
ئەمە هۆکارێکی دیکەیە بۆ گەشەپێدانی ژنۆلۆژی. ئامانجەکەی لە لایەکەوە ئاشکراکردنی پارادایمی دەسەڵاتە، بەڵام لە لایەکی دیکەوە پێشخستنی چارەسەرییە. تەنیا ڕەخنەکردنی سیستەمی هەبوو (مەوجود)، ئاشکراکردنی کەمایەسییەکانی ئەم مەیدانە یان وتنی ئەوەی پێویستە ئەلتەرناتیڤ چۆن بێ، بەس نییە. گرنگە خۆمان لە نەخۆشی لیبرالیزم ئازاد بکەین، کە دەڵێ ”ڕەخنە بگرە. پێم بڵێ: پێویستە چۆن بێ. پێم بڵێ: چارەسەرەکە چییە؟ بەڵام چارەسەرەکە جێبەجێ مەکە. تەنیا وەها خۆت نیشان بدە کە جێبەجێی دەکەیت”. بۆ ژیانێکی چاک، بەداد و جوان هیچی دیکە تەنیا زانین پێویست نییە. گەرەکە کۆتایی بە سیستەمی هەبوو بهێنرێت و سیستەمێکی نوێ لەو دیوی سنوورەکانی سیستەمی کۆن دروستبکرێت.
وەک بزووتنەوەکانی ژنان و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان کە شەڕ لە دژی سیستەمی سەرمایەداری و پیاوسالاری دەکەین، پێویستە بچینە قۆناغێکی نوێی گۆڕان و وەرچەرخان. خستنە ژێر پرسیاری کاریگەرییەکانی سیستەمی هەبوو لەسەر بیرکردنەوە و کردارەکانمان پێویستە قووڵ بکرێتەوە. بێگومان ئەزموون، گۆڕان، وەرچەرخان و پرۆسەی نوێکردنەوەکانی بزووتنەوە فێمێنیستییەکان ڕێگە خۆشکەر بوونە بۆ ئەم خستنە ژێر پرسیارەوە. بەم تێگەیشتنە، ژنۆلۆژی ئەنجام و بەردەوامی ئەزموون و هەوڵەکانی بزووتنەوە فێمێنیستییەکانە. ژنۆلۆژی وەک ڕاستییەک دەردەکەوێت، کە فێمێنیزمیش لەخۆ دەگرێت. هەرچەندە ئامانجی ژنۆلۆژی ئەوەیە هەنگاوێک زیاتر بڕوات، پرنسیپی ژنۆلۆژی ئەوەیە کە ئەزموون لە بزووتنەوەکانی ژنان وەرگرێت.
پێویستە وەک ڕاستییەکی کۆمەڵایەتی لە ژن تێبگەین، بۆ ئەوەی لێرەبوونی ژن بەگوێرەی هەقیقەتی خۆی پێناسە بکرێت، ڕوون بکرێتەوە کە چ شتێک پەیوەست نییە بە ژنەوە، جەخت لەسەر ”چۆن”یەتی ئازادبوونی ژن و دەربڕینی ئەدگارەکانی ژنێتی بۆ ئەم مەبەستە بکرێتەوە.
هەروەها گرنگە زانین و زانست لە مەیدانی کۆمەڵایەتی دانەبڕێندرێت، نەکرێن بە هی نوخبە، نەکرێن بە بناغەی دەسەڵات، بەڵکو هەمیشە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ کۆمەڵگە بەبەهێزی بهێڵنەوە. لە کۆمەڵگە سروشتییەکاندا پێش شارستانەتی پیاوسالار، زانین و زانست بەشێک بوون لە کۆمەڵگەی سیاسی و ئێتیکی. هەتاکو پێویستییە ژیانییەکانی کۆمەڵگە دابین نەبن، ناشێ زانین بۆ هیچ ئامانجێکی دیکە بەکاربهێنرێت. لە ڕێگەی شارستانەتی پیاوسالارەوە، زانین و زانست لە ژن و کۆمەڵگە دزران. دەسەڵاتداران و هێزەکانی حکومەت بەڕێی یارمەتی زانین و زانستەوە بەهێزتر بوون. ئەمەش بووە هۆی جیاکردنەوەیەکی بنەڕەتی زانین لە کۆمەڵگە، بەتایبەتی لە ژن. بۆیە ژنۆلۆژی ئامانجی دروستکردنەوەی ئەو پەیوەندییەیە.
لێکۆڵینەوەی داگیرکردنی مێژووی ژنان داواکاری بۆ دووبارە نووسینەوەی مێژووی مرۆڤایەتی بەرز دەکاتەوە و ئەدگارێکی ڕۆشنکەرەوەی دەبێت لەم ڕووەوە. پێکەوە بەڕێی هەڵسەنگاندنێکی بەهێز و فراوانی قووڵیی بەکۆیلەکردنی ژنان، چارەسەرکردنی نهێنی کۆیلەبوونەکەشی دەبێتە شتێکی شیاو.
ژنۆلۆژی دەبێتە یارمەتیدەری ئێمە بۆ دروستکردنەوەی پەیوەندی نێوان زانین و ئازادی، کە لە یەکدی دابرێنراون. ئاخر پەیوەندییەکی گرنگ لە نێوان زانین و ئازادیدا هەیە. زانین داوای ئازادی دەکات، لە بەرانبەردا ئازادی داوای زانین و دانایی دەکات. بەشداری ژن لە ژیانی کۆمەڵگەیی بەڕێی پلەی ئازادییەکەی بڕیاری بەسەردا دەدرێت. حەزی ژن بۆ زانین و ئازادی هیوا و تێکۆشینە بۆ گەیشتن بە هەقیقەت.
هەقیقەت فۆڕمی یەکەم و ڕاستەقینەی سروشتی کۆمەڵگەیە. پێش ئەوەی لەلایەن سیستەمی پیاوسالارییەوە دەربکێشرێت، گرنگییەکی زۆری هەبوو. قۆناغەکانی گەشەکردنی ئاسایی لەناو سیستەمی کۆمەڵگەی سروشتیدا ئەوە پیشان دەدات، کە ئێمە پێی دەڵێین هەقیقەت. لەبەر ئەم هۆکارە، ژنۆلۆژی وەک حەز بۆ ئەو هەقیقەتە ڕیشەکێشکراوانە وەسف دەکرێت. ئەم هەوڵە لەگەڵ داواکاریمان بۆ زانین، دانایی و ئازادی ئاوێتە دەبێت.
ئەرکی گرنگ لە سەدەی بیست و یەکەمدا چاوەڕێمان دەکات: بناغەی تیۆری-فەلسەفی و زانستی ئازادیی ژنان، فراژووتنی مێژوویی ئازادی و بەرخۆدانی ژنان، دیالۆگی تەواوکارانەی هاوبەش لەناو بزووتنەوە فێمێنیستی، ئیکۆلۆژی و دیموکراسییەکان، دووبارە پێناسەکردنەوە و نوێکردنەوەی هەموو دامەزراوە کۆمەڵایەتییەکان بۆ نموونە خێزان بەگوێرەی پرنسیپی ئازادیخوازانە، بونیادی بنەڕەتی ئازادیی پێکەوەبوون، داڕشتنی تێگەیشتنێکی ئەلتەرناتیڤ بۆ زانستە کۆمەڵایەتییەکان لەسەر بنەمای ئازادیی ژن. پێویستە مەیدانێکی نوێی زانستی کۆمەڵایەتی بە هەموو ئەو بازنانە بونیادبنرێت کە بەشێک نین لە دەسەڵات و دەوڵەت. ئەمە ئەرکی هەموو ژنان، تاکەکان و بزووتنەوەکانی دژە-کۆلۆنیالیست، دژە-سەرمایەداری، دژە-دەسەڵاتە. ئێمە ئەو زانستە کۆمەڵایەتییە ئەڵتەرناتیڤە وەک سۆسیۆلۆژیای ئازادی دادەنێین. ژنۆلۆژی دەتوانێت بناغەی ئەو زانستە کۆمەڵایەتییانە بونیاد بنێت و گەشەیان پێبدات. لەم ڕووەوە ژنۆلۆژی پێشەنگە. ژنۆلۆژی دەتوانێت سۆسیۆلۆژیای ئازادی بناغەبڕێژێت و خۆشی ببێت بە بەشێک لەو سۆسیۆلۆژییە.
بزووتنەوەی ژنانی کورد کە لە ساڵی ٢٠١١ەوە ئیش لەسەر ژنۆلۆژی دەکات و ئەم مژارەی بۆ دانوستاندن ئاوەڵا کردووە، بەهایەکی گەورە دەدات بەو ئەنجامانەی تاکوو ئێستا لەبارەی ئەم بابەتە لە سەرانسەری جیهان بەدەستهاتووە. ژنۆلۆژی زۆر بەپەرۆشە بۆ دانوستاندن، بەشکردنی ئەنجامەکان، فێربوون و هاوکاربوون لەگەڵ سەرجەم ئەوانەی کە شەڕ بۆ ئازادیی ژنان دەکەن.

ئێمە وەک ژنانی کورد دەڵێین: ”سەدەی بیست و یەکەم دەبێتە سەدەی شۆڕشی ژنان و گەلان.” ئێمە باوەڕمان وایە ژنۆلۆژی ڕۆڵێکی مێژوویی دەگێڕێت بۆ دامەزراندنی هۆشمەندییەکی ئازادیخوازانە، بۆ بونیادێکی سیاسی و ئێتیکی و ئازادیی کۆمەڵگە کە ئازادیی ژن وەک چەق دەبینێت. ئێمە باوەڕمان وایە بەڕێی گەشەپێدانی ژنۆلۆژی و سۆسیۆلۆژیای ئازادی وەک زانستێکی نوێی کۆمەڵایەتی و گۆڕانپێدانیان وەک بناغەی خەبات و تێکۆشینی کۆمەڵگەیی، ڕەنگە شیاو بێت گرێکوێرەی گۆردیۆنی ٥٠٠٠ ساڵە بکەینەوە و خاڵە کوێرەکانی مێژوو کە تاکوو ئێستا چاوەڕێی دۆزینەوە دەکەن، ئاشکرا بکەین.
سەرچاوەی ئەم وەرگێڕانە:
بەرێوەبەریی ماڵپەری ژنۆلۆژی