ئەکادیمیای ژنۆلۆژی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا-ڕۆژئاوا لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی دا ڕاپۆرتێکی ئامادە کردووە کە بە وردی ئەو پێشێلکارییانەی مافی مرۆڤ کە لەلایەن دەوڵەتی تورک و گرووپە چەکدارەکانی دەستەی تەحریر شارم (هەتەشە) و داعش لە هەرێمەکەدا ئەنجام دراون، تۆمار دەکات.
ئەم دۆسیەیە ٣٤ لاپەڕەیە بۆ دادگا نێونەتەوەییەکان، ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و دامەزراوەکانی پاراستنی منداڵان ئامادەکراوە. ڕاپۆرتەکە بە تایبەتی باس لە هێرشە سیستەماتیکییەکانی سەر گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیەی حەلەب و هەروەها لە کانتۆنی جەزیرە (حەسەکە، قامیشلۆ، چلئاغا)، کۆبانێ، ڕەقە و تەبقە دەکات.
دۆسیەکە ناونیشانی وەک بەئامانجگرتنی ناوچەی نیشتەجێبوونی مەدەنی، کۆچبەربوونی زۆرەملێ، کۆمەڵکوژی، هەڕەشەکردن لە کرێکاران، ڕفاندن، بەردانی چەتەکانی داعش، گۆڕینی دیمۆگرافی، پێشێلکردنی مافی منداڵان و ژنان لەخۆدەگرێت.
بەپێی ڕاپۆرتەکە لە مانگی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦ لە حەلەبەوە تا زۆرێک لە شار و هەرێمەکانی دیکەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا هێرشی بێ جیاوازی بۆ سەر گەڕەک، گوند و شارە مەدەنییەکان ئەنجامدراوە؛ لەوانەش هێرش بە چەکی قورسی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر (درۆنی هێرشکەر، تانک و تۆپ.)
لە دۆسیەکەدا وێنەی ئەو هاووڵاتییە مەدەنییانەی کوژراون هەیە و ژنان و منداڵانیش لەنێو قوربانییەکاندان.
لە دۆسیەکەدا کات، ناو، شوێن و وێنە لە یەک بەڵگەدا تۆمارکراوە.
وتەبێژی ئەکادیمیای ژنۆلۆژی زەهریبان حەسەن پڕۆسەی ئامادەکردنی ڕاپۆرتەکەی بەم شێوەیە ڕوونکردەوە:
” لە مانگی کانوونی دووەمدا هێرشی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی سووریا بە پاڵپشتی دەوڵەتی تورک لە گەڕەکە کوردنشینەکانی حەلەب ڕوویداوە. لەو هێرشانەدا چەندین هاووڵاتی مەدەنی، ژن، منداڵ، بەساڵاچوو و سەرباز کوژراون، ڕفێندراون گیراون. دوای ئەوەی هەتەشە چووەتە ناو گەڕەکەکە، چارەنووسی چەندین کەس نادیارە. دوای ئەوەش هێرشی قورس لە هەرێمەکانی فورات، لە کۆبانێ تا تەبقە، دێرەزوور و ڕەقە ئەنجام درا. بۆ بەڵگەکردنی ئەو تاوانانە و پێشێلکارییەکانی مانگی کانوونی دووەم دەستمان بە کارکردن کرد. ڕاپۆرتەکە بە زمانەکانی کوردی، تورکی، عەرەبی و ئینگلیزی ئامادەکراوە و بەپێی داواکاری ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکان بۆ زمانەکانی دیکە وەردەگێڕدرێت. هەروەها ئاماژەی بەوەشدا، داعش لە ساڵی ٢٠١٤ لەلایەن کوردەوە شکستی پێهێنرا و گوتی: “دوای ڕووخانی ڕەقە جارێکی دیکە ئاڵاکەیان بەرزکردەوە. ئەم مەترسییە تەنها بۆ گەلی هەرێمەکە نییە، بەڵکوو بۆ هەموو جیهانە. بەڵگەکردنی ئەو تاوانانە زۆر گرنگە. دوای ڕاپۆرتی گشتی، دۆسیەیەکی تایبەتیش لەسەر پێشێلکارییەکانی دژی منداڵان ئامادە دەکەین. هەزاران خێزان و منداڵ ناچاربوون کۆچ بکەن؛ لە قوتابخانە، مزگەوت و کەمپەکاندا دەمێننەوە. ئەم دۆخە هەم کاریگەری لەسەر منداڵی کۆچبەر هەم منداڵانی دەوروبەر دادەنێت: پەروەردە، تەندرووستی جەستەیی و دەروونی. بەم دۆسیەیانە دەمانەوێت ببینە دەنگی گەلەکەمان کە کۆمەڵکوژ کران و دەیاننێرین بۆ دامەزراوە نێونەتەوەییەکان و خۆمان چاودێری پڕۆسەکە دەکەین. بانگەواز دەکەین لە هەموو تەڤگەرەکانی ژنان، هێزە نێونەتەوەییەکان و ڕێکخراوەکانی پاراستنی منداڵ: هەڵوێستیان هەبێت لە دژی ئەم پێشێلکارییانە. بڵێن ‘نا بۆ کۆمەڵکوژی منداڵان و ژنان’، ‘بەڵێ بۆ ژیانێکی ئاشتییانە و هاوبەشی کۆڵەکتیڤ”.
دەتوانن ڕاپۆرتەکە لەم لینکەدا دابەزێنن – ڕاپۆرت
بەرێوەبەریی ماڵپەری ژنۆلۆژی

