زەهریبان حسێن – ئەکادیمیای ژنۆلۆژی
سەرچەتەیەک بە ناوی ڕامی ئەلدەهش کە خەڵکی گرێ سپی و باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریایە (ئەو ناوچەیەی ٧ ساڵە لەژێر داگیرکاریی تورکیادایە)، گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاوکرایەوە کە کەزییەی بڕاوی شەرڤانێکی YPJی بەدەستەوەیە و دەڵێت؛ ” ئەمە کەزییەی هاوڕێیەکیانە کە لە ڕەققە کوژراوە و کەزییەکەیان بڕیوە”…
ئەم تاوانە دژەمرۆییانەی کە چەند ڕۆژێکە لە شارەکانماندا دەیبینین، نیشانەی زیندووبوونەوەی داعشە. هەمان سیناریۆ لە ساڵی ٢٠١٤ لە شەنگال بەسەر ژنانی ئێزیدیدا هات؛ کەزییەی ژنانی ئێزیدییان دەبڕی و بە ستوونی ناو بازاڕەکاندا هەڵیانداوەسی. ئەم کردەوانە بۆ دروستکردنی ترسە لەناو ژناندا و هەموو ڕێگاکانی تێرۆر بەکاردەهێنن.
ئەم چەتەیە لە یەکەم ساتی بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆیەکەی خۆی وەک سەربەرز و سەرکەوتوو نیشان دا، دواتریش هەوڵی دەدات کە پەشیمانی نیشان بدات. ئەو چەتانە لە هێزی ژن و کەزییەکەشی دەترسن. لە کۆبانێ لە ساڵی ٢٠١٤ لە کاتی شەڕی داعشدا، ژنان دەیانگوت: ” هەڤاڵێکمان هەبوو بە ناوی پەیمان، قژی زۆر درێژ بوو. ئەو لە نهۆمی سەرەوە بوو و دوژمن لە نهۆمی خوارەوە. ئەو کاتە بە ئامێری بێتەل پێی دەگوتین: ‘من هەر تاڵێکی قژم دەکەم بە پەتێک بۆ ئەوەی دوژمنی پێ بخنکێنم. چۆن ڕێگە دەدەم دەستیان بگاتە قژم؟’ ئەمە فەلسەفە و خۆشەویستیی ژیانە. وەک چیرۆکە ئەفسانەییەکان کە ژن قژی دەکاتە شمشێرێک بۆ ئەوەی خۆی لە شەڕدا بپارێزێت. پێنج هەڤاڵی ژن لەگەڵ هەڤاڵانی تری پیاو تا دوا چرکە دەیانگوت: ئێمە مردنمان تێکشکاندووە. بە پێکەنینەوە بەرەو مردن دەچین. ناهێڵین پێی گڵاو بنێنە ناو کۆبانێوە.”[1]
لە چیرۆکی پاڵەوانانی کورددا، لە زەریفە، بەسێ و ڕندێخانەوە بگرە تا دەگاتە بێریتان، ئارین، ئاڤێستا، هەڤرین و بارین، هەر ژنە کوردێک بە کەزییەکانی و ئیرادەی پۆڵایینی ناسراوە. ژنان سەردانواندن و تەسلیمبوونیان قبووڵ نەکردووە، تۆڵەی هاوڕێکانیان کردووەتەوە و ڕێگاکەیان بەردەوام کردووە.
لە نێوان کەزییەی هۆنراوە و سروشتدا پەیوەندییەکی قووڵ هەیە؛ شێوەی کەزییە لە گوڵەگەنم دەچێت، گەنم تا ئەمڕۆ نانی لێ دروست دەکەین. نان یەکێکە لە دێرینترین پیرۆزەکان تا ئێستاش سوێندی پێ دەخورێت و بە ناو درێژە بە ژیان دراوە. هەروەها کەزییە لە مار دەچێت؛ مار لە زۆربەی شوێنەوار و نەخشەکانی سەر دیواری ئەشکەوتەکاندا بینراوە. مار وەک نیشانەی نهێنیی ژیان و بەردەوامیی ژیان بینراوە، چونکە وەک بوونەوەرێکی نەمر دەردەکەوێت و ساڵانە پێستی خۆی نوێ دەکاتەوە. تەنانەت لە چیرۆکە ئەفسانەییەکاندا، لە شامارانی کوردییەوە تا مێدووسا، باسی پەیوەندیی قووڵی نێوان ژن و مارمان بۆ دەکەن.
ئەو چیرۆکە کۆنانەی دایکان و داپیرانمان پێش خەوتن بۆیان دەگێڕاینەوە، ئێستا بە زیندوویی ئەزموونی دەکەین. ئەمەش لە یادەوەریی کۆمەڵایەتیدا هەرگیز ون نابێت.
هەروەها، کەزییە دەهۆنرێتەوە؛ چنین و هۆنینەوەش بە واتای بەردەوامی، ناکۆتایی و دیالێکتیکی ژیان دێت. ژنان لە کۆنەوە کەزییەکانیان درێژ دەکردەوە و وەک ئامرازێکی پاراستن لای خۆیان دەیانهێشتەوە. لە داستانی قەڵای دمدمدا، بۆ ئەوەی ژنان نەکەونە دەست دوژمن و بە دیل نەگیرێن، کەزییەکانیان بەیەکەوە گرێ دەدا و خۆیان لە دیوارە بەرزەکانی قەڵاکەوە فڕێ دایە خوارەوە.
لە کولتووری کوردیدا بە گشتی و بەتایبەت لە ناو ئێزیدییەکاندا، کەزییە تەنیا قژ یان بۆ جوانی نییە، بەڵکوو سوێندی پێ دەخورێت. عەشیرەتە کۆنەکانی وەک عەلەوی، یارسان و کاکەیی، لە کۆنەوە سوێندیان بە کەزییەی دایکیان دەخوارد. بۆ ڕاگرتنی شەڕیش، ژنێکی بەتەمەن کەزییەی خۆی دەبڕی و دەیبردە شوێنی شەڕەکە، بەمەش هیچ کەس نەیدەتوانی قسەی ژنان بشکێنێت و بێڕێزی بەرانبەر بکات. تەنانەت لە ناوچەکانی تری کوردستانیشدا ژنان چوار کەزییەیان دەهۆنییەوە، ئەمەش وەک هێمایەک بۆ چاوکراوەیی و چاودێریکردنی هەر چوار لای جیهان بوو، چونکە ژن پارێزەری یەکەمی شوێن و خاکی خۆیان بوون؛ پارێزەری تیرە و بنەماڵەکەی بوو. ئەم کولتوورە تا ئەمڕۆش لەناو کۆمەڵگەی کوردیدا ماوەتەوە، تا ئێستاش دەستەواژەکانی وەک «چ لکەزی» و «گوڵیمۆر» نیشانەی پیرۆزیی قژ و کەزییەن.
لە بەرانبەر ئەم تاوانەدا، لە هەموو شوێنێک ژنان، گەنجان و پیر و بەساڵاچووان و منداڵان ڕاپەڕین. گەنجانی کورد گوتیان: ” ئێمەی گەنجانی کورد قژی خۆمان دەکەینە قوربانی کەزییەی خوشکەکانمان” و وەک هەڵوێستێک قژیان تاشی. لە کولتووری کوردیدا، ژنان کاتێک تووشی دڵتەنگی و ناخۆشییەکی زۆر گەورە بوون قژی خۆیان بڕی، کاتێکیش بڕیاری بەرخودان و جەنگانیان دابێت، قژیان کردووە بە کەزییە، هەروەها لە کاتی خۆشی و سەرکەوتندا قژیان بەرداوەتەوە.
لەسەر ئەم بنەمایە، بڕینی کەزییەی ئەو شەرڤانەی YPJ بووە هەوێنی ڕاپەڕینی ژنان لە سەرتاسەری جیهاندا؛ هەروەک چۆن ژینا ئەمینی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە قژی شۆڕشێکی بەرپا کرد و هەمووانی بەکێشی مەیدانەکان کرد، لە هەموو شوێنێک ژنان لە دژی ڕەگەزگەرایی دەجەنگن و کۆتایی بەو ژنکوژییە (Feminicide) دەهێنن کە بەسەرماندا دەسەپێنرێت.
لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان قژمان بڕی، لە ڕۆژئاوای کوردستان قژمان کردە کەزییە، لە باکووری کوردستانیش قژمان بەردەدەینەوە و دەستی یەک دەگرین و لە کوێستان و چیاکانی وڵاتە ئازادەکەماندا پیاسە دەکەین.
ژن ژیان بونیاد دەنێت، بەڕێوەی دەبات و جوانی دەکات…
[1] بنەمای مێژوویی و داهاتووی شۆڕشی ژنان، شەڕڤین نوودەم، ٢٠٢٢.
بەرێوەبەریی ماڵپەری ژنۆلۆژی

