ناگیهان ئاکارسەل، ئەندامی ئەکادیمیای ژنۆلۆژی کە لە ٤ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢ لە شاری سلێمانی تیرۆر کرا، بەو وتارانەی کە بۆ ماوەی چەندین ساڵ لە گۆڤاری ژنۆلۆژی بە زمانی تورکی بڵاو کرایەوە، میراتێکی گرنگی نووسراوی لە بیرکردنەوە و ڕاڤەکاری بۆ بەجێهێشتین. دوای تیرۆرکردنی، گۆڤاری ژنۆلۆژی ژمارەیەکی تایبەتی بە وتارەکانی ناگیهان بەچاپ گەیاند. لە هاوینی ٢٠٢٣یش کتێبخانە و ئەرشیڤ و ناوەندی لێکۆڵینەوەی ژنانی کورد وەک خەونێکی ناگیهان ئاکارسەل لە سلێمانی کرایەوە.
لە سێیەم ساڵیادی تیرۆرکردنەکەی، گرووپی هاوکارانی کتێبخانەی ژنی کورد لە کاتالۆنیا وتارەکانی ناگیهانیان لە ژمارە تایبەتەکەی گۆڤاری ژنۆلۆژی وەرگێڕا و بە زمانەکانی کاتالانی و ئیسپانی بەچاپیان گەیاند. کتێبەکە بە ناونیشانی ” دەنگی دێرین ” بڵاوکرایەوە، بە ئاماژە بە یەکێک لە وتارەکانی ناگیهان، بە ژێرناونیشانی “نەمانت لە پێناوی ژیان”، دێڕێک لە هۆنراوەیەکی ژنە شەهیدی کورد غوربەتەلی ئێرسۆز دێنێتەوە بیر کە لە یەکێک لە وتارەکانی باسی کردووە.
لە خوارەوە بەشێک لەو چاوپێکەوتنە دەخەینەڕوو کە ڕۆژنامەنووسی کورد زەینەب دوورگوت، لە ئاژانسی میزۆپۆتامیا، لەگەڵ یەکێک لە ئەندامانی گرووپی هاوکاران، فانی ئارامبیلێت، ئەنجامی داوە.
‘ناگیهان دەنگێکی بنەڕەتی بوو’
فانی ئارامبیلێت یەکێکە لە وەرگێڕانی کتێبەکە بۆ زمانەکانی کاتالانی و ئیسپانی گوتی: ” ویستمان بیرۆکەکانی ناگیهان بە زیندوویی بهێڵینەوە و واتایەک بە شەهیدبوونی بدەین. ئەم کارە نەک تەنیا وەرگێڕانێکە بەڵکو ئامرازێکە بۆ ئەوەی ئەو ژنانەی لە جوگرافیای جیاواز دەژین کە ژنۆلۆژی بناسن و لە دەوری هۆشیارییەکی هاوبەش کۆببنەوە”.
فانی ئارامبیلێت ئەم دەربڕینانەی بەکارهێنا: ” گوێم لە ناگیهان ئاکارسەل گرت و ویستم بیناسم. منیش ئەندامی ژنۆلۆژیم. ناگیهان دەنگێکی دێرین بوو. کەسایەتییەکی گرنگ بوو هەم بۆ ژنۆلۆژی و هەم بۆ لێکۆڵینەوە لەسەر ژن. کاریگەری ناگیهان لەسەرم زۆر گەورەیە. وەک ژنێکی زۆر زانا و ڕێکخستووی دەیبینم. پێش ئەوەی نووسینەکانی ناگیهان بخوێنمەوە، هەستم وەک زەوییەکی وشک و ڕەقهەڵهاتوو بوو، بەڵام کاتێک دەستم بە خوێندنەوەی نووسینەکانی کرد، هەموو وشەکانی بە قووڵایی ناخمدا ڕۆچوون، بوونی منیان گوڵاو کرد و وەک زەوییەکی بەپیت منی ژیاندەوە”
‘وتارەکان وەرگێڕدران بۆ ئیسپانی و کاتالانی’
فانی ئارامبیلێت دەربارەی پرۆسەی دەستپێکردنی کارەکە گوتی: ” وەک گرووپێک کە پشتگیری لە کتێبخانەی ژنی کورد دەکەین لە سلێمانی، بڕیارمان دا دەست بەم کارە بکەین. ئامانجمان ئەوە بوو یادی ناگیهان بە زیندوویی بهێڵینەوە و واتا بە شەهیدبوونی بدەین. خاڵێکی گرنگی دیکە ئەوە بوو وشەکانی بگەیەنین بە ژنانی دیکە. بۆیە پێویستمان بە وەرگێڕانی وتارەکانی بوو. بۆیە وەرمانگێڕایە سەر زمانەکانی ئیسپانی و کاتالانی. ئەم پرۆسەیە گرنگ بوو، چونکە ئەم کارە بووە هۆکاری ئەوەی ئێمەش خۆمان لەگەڵ یەکتر ئاشنا بکەینەوە”.
‘بیرکردنەوەکانی بانگهێشتێکن بۆ ژنان’
فانی ئارامبیلێت ئاماژەی بە سەختی پرۆسەی وەرگێڕان کرد و گوتی: ” پێکهاتە زمانییەکان زۆر جیاواز بوون و کۆنتێکستێک هەبوو زۆر دوور بوو لەو ڕاستییەی ئێمە تێیدا دەژین. لەگەڵ ئەوەشدا، زمانی ناگیهان زۆر شاعیرانە بوو. شیعری وەک زمانی ژیان و زمانی ڕاستی پێناسە دەکرد. تێدەگەیت کە لە پشت هەر وشەیەکیەوە واتایەک شاراوەیە. پێویستە ئەمە تەنها بە مێشک نا، بەڵکو بە هەموو بوونت بگات. بە بۆچوونی من، وەک ژنانی جیهان، دەبێت تێگەیشتنی ناگیهان بکەین بە بەشێک لە تێگەیشتنی خۆمان. بەم تێگەیشتنە دەتوانین ژیانێکی شایستە بنیاد بنێین. ژنان هەزاران ساڵە لە ژیان دابڕێنراون و نەیانتوانیوە خۆیان بناسن. بۆیە بیرکردنەوەی ناگیهان بانگهێشتێکە بۆ ئێمە. دەبێت بچینە ناو بیرۆکەکانی و خۆمانی لێ تێر بکەین. تەنها بەم شێوەیە دەتوانین بەشێک بین لە ژیانێکی ئازاد. ئەگەر بیرۆکەکانی وەک بنەما وەربگرین، دەتوانین زهنیەتی پۆزیتیڤیست لە ڕیشەوە بهەژێنین. بۆ ئەمەش دەبێت بە دروستی لێی تێبگەین”.
‘ دەگاتە ئەمریکای لاتینیش’
فانی ئارامبیلێت گوتی کە وەرگێڕانی وتارەکان بۆ ئیسپانی دەتوانرێت بە ئاسانی بگۆڕدرێت بۆ زمانەکانی دیکە: ” پەیوەندییەکی زۆری هەیە بە بزوتنەوەی ژنانی کورد و ژنۆلۆژی. ڕێکخراوی زۆری ژنان سوود لە دیدگای ژنۆلۆژی وەردەگرن. وەرگێڕانی وتارەکان بۆ ئیسپانی، دەبێتە هۆی گەیشتنی بە ئەمریکای لاتینیش. چونکە لەوێش بزوتنەوەی بەهێزی ژنان هەن و پەیوەندی پتەویان لەگەڵ ژنانی کورد دامەزراندووە. بۆیە وەرگێڕان بۆ ئیسپانی زۆر بەنرخە. ئەم کتێبە لە چەندین شاری ئیسپانیا پێشکەش دەکەین. باوەڕم وایە ئەم کارە بڵاودەبێتەوە.
ئاسان نییە دەنگی ژنێکی وەک ناگیهان لە جیهاندا ببیسترێت. لە هەڵسەنگاندنەکانیدا دەربارەی ژیانی ئازاد، بە پێویستی دەزانیت ژن و پیاو پێکەوە بە ئازادی بژین. هیوادارم بیرۆکەکانی ناگیهان کاریگەرییەکی بەهێز هەبێت. ئەمە پێویستە نەک تەنها بۆ ژنان، بەڵکو بۆ پیاوانیش”.
فێمینیستەکان چۆن ئازادی پێناسە دەکەن؟
بە ئاماژەکردن بەو ڕاستییەی بزوتنەوەکانی ژنانی جیهان لەم قۆناغەدا بە بزوتنەوەی ژنانی کورد کاریگەرن، فانی ئارامبیلێت دەڵێت: ” لەو ناوچەیەی من دەژیم، کاریگەری سەرمایەداری زۆرە. لەڕاستیدا، بەشێک لەو شوێنەی منی لێ دەژیم، بەرەو فاشیزم دەچێت. ئەگەر نەتوانین ئەم ڕەوتە فاشیستییانە ڕابگرین، ئاکامەکانی زۆر قورس دەبێت. پێڤاژۆیەکەی ئازادی ژن لەئارادایە، بەڵام کێشەکە ئەمەیە: چۆن ژنە فێمینیستەکان ئازادی پێناسە دەکەن؟ زۆرجار دەکەونە ژێر کاریگەری لیبراڵیزم و سەرمایەدارییەوە. بەڵام کاتێک شۆڕشی ژنم لە ڕۆژاڤا بینی و بزوتنەوەی ژنانی کوردم بینی، زۆر سەرسام بووم. لە ئەمریکای لاتینیش هەروەک لە کوردستان، دینامیکی کۆمەڵایەتیی بەهێز هەن. ڕێگای دروست، ڕێگای ناگیهانە، بێگومان ئەو ڕێگایەیە کە دەبێ بدۆزینەوە. ئەوەی لە ناگیهاندا زیاتر سەرسامی کردم هێز و دڵسۆزی ڕاستەقینەی بوو. ئەو دامەزرێنەر و ڕۆحی کتێبخانەی ژن بوو. هێزە گەورەکەی کاریگەری لەسەرم کرد. لە سلێمانی ناوەندێکی توێژینەوە و کتێبخانەی ژنی دامەزراند. ناسنامەی سیاسی ئەو وەک ژن و ڕەهەندی زانستی سەرسامی کردم. ئەمە ئەنجامی ئازایەتی و خۆشەویستی ئەو بوو. شتێک کە زۆر سەرسامی کردم، خۆشەویستی ئەو بوو بۆ سروشت، خۆشەویستی ئەو بوو بۆ هەموو گەردوون. قسەی لەسەر سروشت و گەردوون و دار و بەرد دەکرد. قسەی لەسەر هەموو ئەو شتانە دەکرد کە زیندوون. جیهانی ناگیهان جیهانێکی زۆر جوان بوو. ئەو هەمیشە لەگەڵماندا دەبێت. ناوی کتێبەکە ‘ دەنگی دێرین: نەبوونت بۆ ژیانە’. بەڵام لە ڕاستیدا نەبوونی ناگیهان ژیانی ئێمەیە. بۆیە ئەو هەرگیز ون نابێت، هەمیشە لە هەریەکێکماندا دەژی”.
ژنۆلۆژی ڕێنمایەکە
بە ئاماژەکردن بەوەی ژنۆلۆژی ڕێنمایەکە بۆ ژنان، فانی ئارامبیلێت گوتی: ” ژنۆلۆژی، زیاتر لە گۆڕانکاری ڕەگەزی، ئاڕاستەمان دەکات. ئێستا دڵنیام؛ ئەمە ڕێگاکە دروستەکەیە. مرۆڤ دەبێت ڕێگای دروست بدۆزێتەوە. لە کاتێکدا بەم ڕێگایەدا دەڕۆم، کتێبەکانی ناگیهان ڕووناکییەکن بۆ من. ئەم ڕووناکییە چاو و دڵ و مێشکی مرۆڤ دەکاتەوە لە ئاست گەردووندا. تێدەگەیت چی ڕاست و چ جوانە، ئەمە جوانییەکە کە پێشتر نەمبینیبوو”.
گەنجەکان دەبێت خاوەنی ئەم میراتە بن
بە گوتنی ئەوەی کە ژنە گەنجەکان بە تایبەتی دەبێت خاوەنی بیر و کتێبەکانی ناگیهان ئاکارسەل بن، فانی ئارامبیلێت وەهای درێژەی بە قسەکانی دا: «ژنە گەنجەکان وزەیان هەیە. باوەڕم وایە ژنانی گەنج و ژنان بە گشتی پێکەوە ئەم ئەزموونە بەش دەکەن. چونکە ئەم کتێبە دەبێت هەم لەلایەن ژنانەوە و بە تایبەتی ژنانی گەنجەوە بخوێنرێتەوە. بە تایبەتی گەنجەکان دەبێت خاوەنی ئەم میراتە بن. ئێمەش دەبێت ڕووی خۆمان بکەینە گەردوون هەروەک ناگیهان کردی. ژنانی گەنج دەبێت کتێبەکە بخوێننەوە و خۆیان بناسن. بەوەی ناگیهان پێشکەشمان دەکات دەتوانین زنجیرەکانمان بشکێنین. با دەنگی ئەو ببێتە دەنگی دێرینی هەموومان. با کتێبەکەی بە کۆمەڵ بیخوێنینەوە و بەشی بکەین”.
بەرێوەبەریی ماڵپەری ژنۆلۆژی

