یاسەمین ئاندان – ئەندامی ئەکادیمیای ژنۆلۆژی
کۆمەڵگەکانی کە لە تاراوگەدا دەژین، بەتایبەتی گروپە نا-ئەوروپاییەکان، پرۆسەیەکی ئاڵۆز دەزموون دەکەن لە بازاڕاوەکردنەوەی نۆرمەکانی ڕەگەزگەرایی کۆمەڵایەتی. ئەم پرۆسەیە لە بەیەکگەیشتنی دینامیکەکانی وەک ئەو هەلومەرجە پێکهاتەییانەی کە کۆچ دروستی کردووە، گواستنەوەی نۆرمە باوکسالارییەکان، و گوشارەکانی تواندنەوە یان تێکەڵبوون لە وڵاتی کۆچکردوو شێوەی گرتووە. دیاسپۆرای کورد نموونەیەکی گرنگی ئەم پرۆسەیە پێشکەش دەکات. گەلی کورد بە شێوەیەکی مێژوویی ڕووبەڕووی سیاسەتی کۆلۆنیالیستی، تواندنەوە و توندوتیژی دەوڵەت بووەتەوە. ئەمەش هەوڵەکانی پاراستن و بنیاتنانەوەی ناسنامەکەیانی بەدوای خۆیدا هێناوە، کە بازاڕاوەکردنەوەی نۆرمەکانی ڕەگەزگەرایی کۆمەڵایەتیش لەخۆدەگرێت. تێکۆشانی ژنانی کورد بەم نۆرمانە گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە و ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێت لە بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی ئازادیخوازدا.
کۆلۆنیالیزم و ڕەگەزگەرایی کۆمەڵایەتی
گەلی کورد گەلێکە لەلایەن دەوڵەت-نەتەوەکانەوە کۆلۆنیالیزە کراوە، نادیدە گیراوە و ڕووبەڕووی سیاسەتی تواندنەوە بۆتەوە. کۆلۆنیالیزم زمان، کولتوور و ناسنامەی کورد دەخاتە ژێر گوشارەوە، هاوکات کاریگەری قووڵیشی لەسەر نۆرمەکانی ڕەگەزی کۆمەڵایەتی هەیە. ژنانی کورد وەک هێمای بەرخودان دژی سیاسەتی تواندنەوەی دەوڵەتە کۆلۆنیالیستەکان، هەم دژی توندوتیژی دەوڵەت و هەم دژی نایەکسانی ڕەگەزی کۆمەڵایەتی تێکۆشاون. ئەم خەباتە لە تاراوگەشدا بەردەوامە.
کۆلۆنیالیزم تێڕوانینی پیاوبوون و ژنبوونی لە کۆمەڵگەی کوردیدا گۆڕیوە و نایەکسانی ڕەگەزی کۆمەڵایەتی قووڵتر کردووەتەوە. هێزە کۆلۆنیالیستەکان پیاوانی خۆماڵییان وەک “سەرەتایی” و “لاواز” پێناسە کردووە، لە هەمان کاتدا ژنانیان وەک کۆمەڵێک بینیوە کە “پێویستیان بە ڕزگارکردنە”. بەمەش پێوەندی ڕەگەزی کۆمەڵایەتیان دەستکاری کردووە. ئەم بارودۆخە بووەتە هۆی دروستبوونی قەیرانی پیاوێتی و زیادبوونی کۆنترۆڵی کۆمەڵایەتی بەسەر ژناندا لە کۆمەڵگەی کوردیدا. پاڵنانی پیاوایەتی بۆ دۆخێکی لاواز و بێڕێز وای کردووە پیاوان هەوڵی بنیاتنانەوەی ناسنامەکەیان بە توندوتیژی و دەسەڵات پڕ بکەنەوە، ئەمەش گوشاری سەر ژنانی زیاد کردووە.
هاوکات، دەوڵەتە کۆلۆنیالیستەکان لەژێر ناوی “شارستانیکردن” و “مۆدێرنکردن”ی ژناندا سیاسەتی تواندنەوەی ترسناکیان خستووەتەگەڕ. کۆلۆنیالیزم لە هەمان کاتی گۆڕینی ناسنامەی کوردی و پێوەندی ڕەگەزی کۆمەڵایەتیدا، پەرەی بە گوشار بۆ ژنانیش داوە و ڕووبەڕووی میکانیزمێکی فرەلایەنی زاڵبوونی کردوونەتەوە.
کۆچ و بازاڕاوەکردنەوەی نۆرمەکانی ڕەگەزگەرایی کۆمەڵایەتی لە تاراوگە
کۆمەڵگەکانی کۆچبەر لە هەوڵی پاراستنی ناسنامەیان لە بەرامبەر هەڕەشەی تواندنەوە لە ژینگەیەکی کولتووری نوێدا، نۆرمە نەریتییەکان دەهێننەوە. لە هەمان کاتدا، لەگەڵ نۆرمەکانی کۆمەڵگەی خانەخوێ کارلێک دەکەن و سەنتێزێکی کولتووری نوێ ئەزموون دەکەن. ئەم پرۆسەیە بەتایبەتی لەنێو کۆچبەرانی کوردی نەوەی دووەمدا زۆر بەرچاوترە. بۆ نموونە، توێژینەوەکان لە ئەوروپا دەریخستووە کە پیاوانی گەنج نۆرمەکانی پیاوێتی نەریتی و مۆدێرن تێکەڵ دەکەن و “پیاوێتی تێکەڵاو” دروست دەکەن.
بەڵام ئەم پرۆسەیە دەتوانێت ببێتە هۆی بەرهەمهێنانەوەی نایەکسانی ڕەگەزی کۆمەڵایەتیش. بەتایبەتی، چەمکی شەرەف وەک میکانیزمێکی سەرەکی بۆ دابینکردنی کۆنترۆڵی کۆمەڵایەتی بەسەر ژناندا لە دیاسپۆرای کوردیدا بەردەوامە. تێڕوانینی شەرەف نەک تەنها پەیوەست دەکرێت بە ڕەفتاری تاکەکەسی ژنانەوە، بەڵکو بە ئابڕووی گشتی کۆمەڵگەشەوە. ئەم کۆنترۆڵە خۆی لە سنووردارکردنی ژینگەی کۆمەڵایەتی ژنان، هاوسەرگیری بەزۆر، هاوسەرگیری لە تەمەنی منداڵیدا، یان توندوتیژی دژی ژنان دەبینێتەوە.
پیاوێتی هەژموونی لەنێو کۆچبەرانی کورد: تەحەداییەکان و گۆڕانکارییەکان
کۆچ پرۆسەیەکی ئاڵۆزە کە کاریگەری قووڵی لەسەر ناسنامە و ڕۆڵە کۆمەڵایەتییەکانی تاک هەیە. بۆ کۆچبەرانی کورد، ئەم پرۆسەیە تەحەدایی بۆ تێگەیشتنە نەریتییەکانی پیاوێتی دروست دەکات و ناچاری گۆڕانکارییان دەکات. نادڵنیاییەکانی سیستەمی ئابووری نیۆلیبراڵ، ناکۆکییە کولتوورییەکان و جیاکاری سیستەماتیک، درێژەدان بە ڕۆڵی پیاوێتی نەریتی بۆ پیاوانی کورد دژوارتر دەکات. لە هەمان کاتدا، بوار دەڕەخسێنێت بۆ دەرکەوتنی تێگەیشتنی نوێی پیاوێتی.
پیاوانی کۆچبەری کورد، بەتایبەتی لە ئەوروپا، ناچارن لە کارەکانی کەممووچە و بێگەرەنتیدا کار بکەن. ئەمەش وا دەکات بەرەنگاری مەترسی لەدەستدانی ڕۆڵی نەریتی “دابینکەری ئابووری” ببنەوە. چەمکی “پیاوێتی هەژموونی” دەکرێت بۆ ڕوونکردنەوەی ئەو مۆدێلانەی پیاوایەتی بەکاربهێنرێت کە لە کۆمەڵگەدا زاڵن. پیاوایەتی هەژموونی بەگشتی جەخت لەسەر هێزی ئابووری، دەسەڵات و باڵادەستی جەستەیی دەکاتەوە. بەڵام بەهۆی نایەکسانی ئابووری کە سەرمایەداری نیۆلیبراڵ هێناویەتی، پیاوانی کورد لە بەدیهێنانی ئەم ژیانە نموونەییەدا دووچاری سەختی دەبنەوە. بێکاری و لەدەستدانی پێگەی پیشەیی زیان بە متمانەبەخۆیی پیاوان دەگەیەنێت و گرژی ناو خێزان زیاد دەکات.
پیاوانی کورد کاتێک هەوڵدەدەن هاوسەنگی لەنێوان نۆرمە کولتوورییەکانی ئەو کۆمەڵگەیەی کۆچیان بۆکردووە و بەهاکانی کولتووری خۆیان ڕابگرن، تووشی قەیرانی ناسنامە دەبنەوە. پیاوانی کوردی نەوەی دووەم، لە هەمان کاتی هەستکردن بە گوشاری جێبەجێکردنی چاوەڕوانییەکانی سیستەمی باوکسالاریدا، هەوڵ دەدەن خۆیان لەگەڵ تێگەیشتنی گۆڕاوی پیاوێتی لە کۆمەڵگەی مۆدێرندا بگونجێنن.
تێگەیشتنی ساختەی ئازادی ژنانی کۆچبەر لە سیستەمی سەرمایەداریدا
سیستەمی سەرمایەداری بەشداری ژنان لە هێزی کاردا بە گوتاری ئازادبوون و سەربەخۆیی ئابووری ڕەوایی پێدەدات. بەڵام ئەم پرۆسەیە هەڵگری پەیامێکی شاراوەیە لە میکانیزمێکی قووڵی چەوساندنەوە. ژنانی کۆچبەر، بەتایبەتی لە بوارەکانی چاودێری، پاککردنەوە و کەرتە کەممووچەکانی تردا کاریان پێدەکرێت. بەشێوەیەکی سیستەماتیک کارەکەیان بێبایەخ دەکرێت و پشتگوێ دەخرێت. ئەم دۆخە ئەو پێکهاتەیە دەردەخات کە لە ئەدەبیاتی فێمینیستیدا بە “زنجیری چاودێری نێودەوڵەتی- international care chain “[1] ناوزەد دەکرێت، کە بەتایبەتی لەسەر چەوساندنەوەی کاری ژن دامەزراوە.
هەرچەندە بەشداری ژنان لە هێزی کاردا وەک ئازادی و سەربەخۆیی تاکەکەسی نیشان دەدرێت، مووچەی کەم، هەلومەرجی کاری بێگەرەنتی و نەبوونی پاراستنی کۆمەڵایەتی، زوڵمی باوکسالاری و چینایەتی بەهێزتر دەکەن. ژنانی کۆچبەر کاتێک دەبنە بەشێکی گرنگی هێزی کاری نەرم و هەرزان کە سیستەمی سەرمایەداری پێویستیەتی، نۆرمەکانی ڕەگەزی کۆمەڵایەتیش ئەم چەوساندنەوەیە ئاسانتر دەکەن. بۆ نموونە، کاری چاودێری بەشێوەیەکی نەریتی وەک “کاری ژنان” دەبینرێت و کاری ژنانی کۆچبەر لەم بوارەدا مووچەیەکی کەم هەیە.
هاوکات، ژنانی کۆچبەر هەم لە ماڵەوە و هەم لە شوێنی کار باری دووقاتیان لەسەر شانە. هەم لە بواری ئابووری و هەم لە بواری سۆزداریدا دەچەوسێنرێتەوە. لەم پرۆسەیەدا سەرمایەداری و باوکسالاری شان بەشانی یەکتر کاردەکەن بۆ کۆنترۆڵکردنی کاری ژنانی کۆچبەر هەم لە ڕوانگەی ڕەگەزی و هەم لە ڕوانگەی چینایەتییەوە. گوتاری “ئازادبوون”ی ژنان لە ڕاستیدا پاڵیان پێوە دەنێت بەرەو باری مەترسیدارتر و بێدەسەڵاتتر و نایەکسانی ڕەگەزی کۆمەڵایەتی قووڵتر دەکاتەوە.
لیبرالیزمی ڕۆژئاوا و ناکۆکی کولتووری
ژنانی کورد کە لە تاراوگە دەژین، لە ئەوروپا دەستیان بە دەرفەتی فراوانتر گەیشتووە لە ڕووی پەروەردە، بەشداری لە هێزی کار و ئازادییە تاکەکەسییەکانەوە. بەڵام ڕێبازی تاکگەرایی لیبرالیزمی ڕۆژئاوا دەتوانێت ببێتە هۆی دوورکەوتنەوەی ئەم ژنانە لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و پچڕانیان لە شێوازەکانی خۆڕاگری بەکۆمەڵ. ئەم دۆخەش قەیرانی ناسنامە و بەرهەمهێنانەوەی نایەکسانی ڕەگەزی کۆمەڵایەتی دەڕەخسێنێت.
لیبرالیزمی ڕۆژئاوا ئازادی تاکەکەسی، سەربەخۆیی و مافەکان دەکاتە چەق. ئەم هەڵوێستە تاک لە پێش کۆمەڵگە دادەنێت و هاندەری ئەوەیە کە هەڵبژاردنی تاکەکەسی لە پێش بەهاکانی بەکۆمەڵ دابنرێت. بەڵام ئەم ڕێبازە تاکگەرایە، بەتایبەتی لە کۆمەڵگەکانی کۆچبەر کە بەتوندی پەیوەستن بە ناسنامەی بەکۆمەڵ و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، گرژی دروست دەکات. بۆ ژنانی کورد لە تاراوگە، ئەمە دووالیزمێک و گیرخواردنێک دروست دەکات لەنێوان پێکهاتەی کۆمەڵایەتی نەریتی و ئەو ئازادییە تاکەکەسیانەی کە ڕۆژئاوا پێشکەشی دەکات.
بزووتنەوەی ژنانی کورد و گۆڕانکاری لە دینامیکی ڕەگەزی کۆمەڵایەتیدا
خەبات و ڕێکخراوبوونی ژنانی کورد کاریگەری بەرچاوی لەسەر بەرهەمهێنانەوە و گۆڕانکاری نۆرمەکانی ڕەگەزی کۆمەڵایەتی لە تاراوگەدا هەبووە. بزووتنەوەی ژنانی کورد خەباتی ئازادی بۆ تاراوگەش بردووە و بزووتنەوەیەکی بەهێزی بەرەنگاربوونەوەی نایەکسانی ڕەگەزی کۆمەڵایەتی دروست کردووە.
بزووتنەوەی ژنانی کورد لە تاراوگە لە ڕێی چالاکییەکانی ڕێکخستن (ئەنجوومەن، کۆمۆن) و پەروەردە، هەڵمەتەکان و ئەو پرۆژانەی بەڕێوەی بردوون، دەرفەتی بۆ ژنان ڕەخساندووە تا پرسیار لەسەر ڕۆڵە ڕەگەزییە نەریتییەکان بکەن و هۆشیاری بڵاو بکەنەوە. خەبات دژی توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان، خێزانی دیموکراتی، گۆڕینی ڕۆڵە نەریتییەکانی ناو خێزان و پەروەردەی هاوبەش لەگەڵ پیاوان، هۆشیاری دژی نایەکسانی ڕەگەزی کۆمەڵایەتی دروستکردووە.
بەرهەمهێنانەوەی نۆرمەکانی ڕەگەزی کۆمەڵایەتی لە تاراوگەی کوردیدا لەلایەن چەندین دینامیکی ئاڵۆزەوە دروست بووە، وەک کۆلۆنیالیزم، کۆچ و ڕەگەزگەری کۆمەڵایەتی. بەڵام خەبات و ڕێکخراوبوونی ژنانی کورد، بە گۆڕینی ئەم نۆرمانە، بەشداری گرنگی کردووە لە بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی یەکسانیخواز. بزووتنەوەی ژنانی کورد، لە هەمان کاتی دابینکردنی دەرفەتی زیاتر بۆ ژنان لە بوارەکانی پەروەردە، کولتوور، کۆمەڵایەتی و نوێنەرایەتی سیاسیدا، خەباتی دژی توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان کردووە و تێگەیشتنی نەریتی پیاوێتی لەلای پیاوان گۆڕیوە.
ئەم خەباتە دەرفەت بۆ ژنانی کورد دەڕەخسێنێت تا پرسیار بخەنە سەر نۆرمەکانی ڕەگەزی کۆمەڵایەتی و بیانگۆڕن. هاوکات بەردەوامە لە گێڕانی ڕۆڵی سەرەکی لە بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی یەکسانیخوازدا.
دەرئەنجام
ئەزموونی ژنانی کورد لە تاراوگە بە ڕوونی دینامیکی ڕەگەزی کۆمەڵایەتی دەخاتە بەرچاو کە لە بەیەکگەیشتنی کۆلۆنیالیزم، سەرمایەداری و باوکسالاریدا شێوەی گرتووە. کۆچ لە هەمان کاتی ڕەخساندنی دەرفەتی نوێ لە بوارەکانی خوێندن، کار و ئازادییە تاکەکەسییەکاندا، ژنان ڕووبەڕووی شێوازی نوێی چەوساندنەوە و پرۆسەکانی نامۆبوون دەکاتەوە.
سیستەمی کاپیتالیستی لەژێر بەڵێنی ئازادبووندا نایەکسانی ڕەگەزی کۆمەڵایەتی و چینایەتی قووڵتر دەکاتەوە لە نێو ژنانی کۆچبەر کە بەتایبەتی لە کارە کەممووچە و بێگەرەنتییەکاندا کار دەکەن. هاوکات، ڕێبازی تاکگەرایی لیبرالیزمی ڕۆژئاوا ناسنامە بەکۆمەڵەکان و ڕێبازی خۆڕاگری لاواز دەکات و گرژی نوێ دروست دەکات بۆ ئەو ژنانەی لەنێوان نەریت و مۆدێرنیتەدا گیریان خواردووە.
بەڵام سەرەڕای ئەم ئاستەنگانە، بزووتنەوەی ژنانی کورد بەردەوامە لە خەباتدا بۆ گۆڕینی دینامیکی ڕەگەزی کۆمەڵایەتی لە تاراوگەدا. لە ڕێی بەرەنگاربوونەوەی ڕۆڵی ڕەگەزی کۆمەڵایەتی نەریتی، خەباتکردن دژی توندوتیژی و پشتگیریکردن لە بەهاکانی ئازادی، ئەم خەباتە وەک نموونەیەک کە هێزی خۆڕاگری بەکۆمەڵ و توانای گۆڕانکاری پیشان دەدات، مۆدێلێکی هاندەر پێشکەش دەکات بۆ بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی بەرین و یەکسانیخواز دژی زوڵمی سیستەماتیک.
[1] “زنجیرەی چاوەدێری نێودەوڵەتی” ئاماژەیە بۆ تۆڕە نێودەوڵەتییەکان کە ماڵەکان لە سنوورە نیشتمانییەکان بەیەکەوە دەبەستنەوە لە ڕێگەی گواستنەوەی بەرپرسیارێتی چاودێریکردن، زۆرجار کاری مووچەخۆر یان بێ مووچە وەک چاودێری ناوماڵ و منداڵان دەگرێتەوە. ئەم زنجیرەیانە زۆرجار لە ڕێگەی کۆچەوە دروست دەبن، کە کرێکارانی وڵاتانی هەژار دەچنە وڵاتانی دەوڵەمەند بۆ ئەوەی وەک چاودێر کار بکەن. ئەم دەرکردنی کاری چاودێری کاریگەری ئاڵۆزی سۆزداری، کۆمەڵایەتی و ئابووری هەیە لەسەر هەردوو چاودێران و خێزانەکانیان کە لە وڵاتەکانی خۆیاندا لە ئاستێکی کەمدەرامەتکراودایە.
بەرێوەبەریی ماڵپەری ژنۆلۆژی

