ئامادەکردنی: نەجیبە قەرەداغی
کتێبی ” لێگەڕێن با بدوێم” گێڕانەوەیەکی ژیاننامەیی بەهێزە لەلایەن دۆمیتیلا باریۆس دی چونگارا، کە چالاکوانێکی کرێکاریی، ڕێبەری سەندیکا، فێمینیست و دەنگی کانزاکاران و خێزانەکانیان بوو لە بۆلیڤیا. نووسەران، دۆمیتیلا باریۆس دی چونگارا لەگەڵ مۆێما ڤیزەر (کۆمەڵناسێکی بەرازیلی کە یارمەتی ڕێکخستنی دەقەکەی داوە بۆ بڵاوکردنەوە) مێژووییەکی زارەکییە، بە شێوەی گەواهیدانی ژیاننامەیی. ئەم کتێبە یەکەم جار لە ساڵی ١٩٧٨ بە ئیسپانی چاپ کرا و دواتر بۆ زمانەکانی دیکە وەرگێڕرا و دوایین جاریش لە نیسانی ٢٠٢٤ چاپ کرایەوە. ئەم کتێبە یەکێکە لە گرنگترین کارەکانی ئەدەبیاتی گەواهیدان لە ئەمریکای لاتین، تێیدا دەنگە ڕاستەقینەکانی کۆمەڵگە چەوساوەکان ڕاستەوخۆ دەربارەی ژیان، تێکۆشان و ئەزموونە سیاسییەکانیان دەدوێن.
دۆمیتیلا کێ بوو؟
دۆمیتیلا باریۆس دی چونگارا (١٩٣٧–٢٠١٢) لە هەرێمەکانی کانزاکاریی Siglo XX گەورە بوو. دوای کۆچی دوایی دایکی لە تەمەنی منداڵیدا، بەرپرسیارێتی خێزانەکەی گرتە ئەستۆ و دواتر بوو بە چالاکوانێکی دیاری کۆمەڵایەتی و کرێکاری، یارمەتی ڕێبەرایەتی ” لیژنەی کابانەکان”ی دا؛ ڕێکخراوێک لە ژنان کە داکۆکییان لە مافی کانزاکاران و باشترکردنی بارودۆخی ژیان دەکرد. چالاکییەکانی بوونە هۆی زیندانیکردن، ئەشکەنجەدان و دوورخستنەوەی، بەڵام ئەو بەردەوام بوو لە تێکۆشان بۆ دادپەروەری. دۆمیتیلا دواتر لە ساڵی ١٩٧٥ بەشداری لە کۆنفرانسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ژنان کرد. ئەم کتێبە تەنها یادەوەرییەکی کەسی نییە، بەڵکو گەواهیدانێکی بەکۆمەڵە دەربارەی ململانێی چینایەتی، ڕەگەزی و بەرگری.
تەوەرە سەرەکییەکانی کتێبەکە
کتێبەکە باسەکانی لەسەر ڕاستییە تاڵەکانی ژیان لە کۆمەڵگاکانی کانزاکاری لە بۆلیڤیا، بەتایبەتی چەوسانەوە و هەژاریی کرێکاران، لەسەر ڕۆڵی ژنان لە بزووتنەوە کرێکارییەکاندا، بەتایبەتی چۆن لیژنەی کابانەکان بوونە هێزێکی ڕێکخراو، ڕووبەڕووبوونەوەی سیاسی لەگەڵ ڕژێمە دیکتاتۆرەکان، لەوانە ئەزموونی دۆمیتیلا لەگەڵ سەرکوتکاری، کۆمەڵکوژی و ئەشکەنجە، مانگرتن لە خواردنی ١٩٧٧-١٩٧٨: کە یارمەتیدەر بوو لە لاوازکردنی دیکتاتۆرییەتی ژەنەڕاڵ هۆگۆ بانزەر و گەڕانەوەی بۆلیڤیا بۆ حوکمی دیموکراسی.
ئەم کتێبە بووەتە کلاسیکێکی ئەدەبیاتی گەواهیدانی ئەمریکای لاتین و لە زانکۆکاندا لە وانەکانی مێژوو، توێژینەوەی ڕەگەزی و بزووتنەوە کرێکارییەکاندا دەخوێندرێت. بۆتە دەنگی ئەو کەسانەی بەزۆری لە پەراوێزی مێژوودان؛ کرێکارە خۆجێیەکان، ژنان و چالاکوانانی مەیدانی. هەروەها ئەزموونی تاکەکەسی دەبەستێتەوە بە بزووتنەوە سیاسی و کۆمەڵایەتییە گەورەکانەوە.
خوێنەرانی کتێبەکە زۆرجار جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە؛ دەنگە ڕاستەقینە و بێخەوشەکەی ژنێک کە تەنها شایەدی مێژوو نەبووە، بەڵکو لە ڕێگەی تێکۆشانەوە، مێژووی دروست کردووە. هەروەها چۆن ئەو کتێبە تێگەیشتن بۆ ململانێی چینایەتی و بەرگری سیاسی لە سەدەی بیستەمدا فراوان دەکات. بایەخی کتێبەکەش لەوەدا دەستنیشان دەکەن کە وەک گەواهیدانێکە کە ئەزموونی بەکۆمەڵ لەپێش یادەوەری کەسی دادەنێت.

بۆچی ناونیشانی “لێگەڕێن با بدوێم!”؟
دۆمیتیلا باریۆس دی چونگارا ئەم ناونیشانەی هەڵبژارد بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو بێدەنگکردنە سیستماتیکییەی کە دەرهەق بە کانزاکاران، ژنان، و خەڵکی خۆجێی و چینی کرێکاری بۆلیڤیا دەکرا. بۆ ماوەیەکی زۆر لە ژیانیدا باسی کانزاکاران دەکرا، بەڵام هەرگیز گوێیان لێ نەدەگیرا، چاوەڕوان دەکرا ژنان بە بێدەنگی پشتگیری تێکۆشانەکان بکەن، نەک ڕێبەرایەتی بکەن یان ڕوونی بکەنەوە، هەژاران لەلایەن بژاردەکان، ڕۆژنامەنووسان، سیاسییەکان و تەنانەت ڕۆشنبیرەکانەوە وێنا دەکران، کە زۆرجار وێناکردنێکی نادروست بوو.
دۆمیتیلا دەڵێت: “واز لەوە بهێنن کە ژیانمان بۆ ڕوون بکەنەوە؛ خۆم بۆتانی دەگێڕمەوە.“
ئەو قسەیەی وەڵامێک بۆ بێدەنگکردن، بە مانای وشە. ناونیشانەکە ڕەنگدانەوەی ئەزموونی کەسیی خۆیەتی لەگەڵ سەرکوتکاری، کە لە لایەن دیکتاتۆرە سەربازییەکانەوە زیندانی کرا، ئەشکەنجە درا، چاودێری کرا و دوورخرایەوە. کاتێک بە ئاشکرا دەدوا، قسەی پێ دەبڕدرا، پشتگوێ دەخرا یان گاڵتەی پێ دەکر، بەتایبەت وەک ژنی کانزاکارێک کە خوێندنی فەرمی نەبووە. تەنانەت لە بۆنە نێودەوڵەتییەکاندا (وەک کۆنفرانسی ژنانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ١٩٧٥)، فێمێنیستە بژاردەکان گومانیان هەبوو لەوەی کە ئایا ئەو بەڕاستی لە سیاسەت تێدەگات. بۆیە دەستەواژەی “لێگەڕێن با بدوێم” دەربڕینێکی بەڕێزانە نییە، بەڵکو سەرکێشانە و یاخییانەیە.
دوان بۆ یەک کەس، دوان بۆ زۆر کەس
گرنگە بزانیت کە دۆمیتیلا هەرگیز بانگەشەی ئەوە ناکات تەنها بۆ خۆی دەدوێت. کاتێک دەڵێت “لێگەڕێن با بدوێم”، مەبەستی ئەوەیە، لێگەڕێن ژنانی کانزاکارەکان بدوێن، لێگەڕێن ژنانی چینی کرێکار بدوێن، لێگەڕێن ئەو کەسانەی لەناو توندوتیژیی چەوسانەوەدا دەژین بدوێن. هەر لەبەر ئەوەشە کتێبەکە گەواهیدان دادەنرێت نەک تەنها یادەوەری. ئەو “من”ەی ئەو بەکاری دەهێنێت، نوێنەرایەتی دەنگێکی بەکۆمەڵ دەکات، نەک تەنها چیرۆکی سەرکەوتنی تاکەکەسێک.
ناونیشانی کتێبەکە ” لێگەڕێن با بدوێم” بە بێدەنگی پرسیارەکە ئاراستەی ئێمە دەکاتەوە کە ئایا ئامادەی گوێ بگریت؟ یان تەنها بایەخ بەو دەنگانە دەدەیت کە شێوازی قسەکردنیان ئەکادیمی، بێلایەن، یان ئارامبەخشە؟ لەم ڕوانگەیەوە، ناونیشانەکە هەم داواکارییە و هەم ڕووبەڕووبوونەوەیەکە و خودی تەحەداییەکە.
ناوەرۆکی کتێبەکە لە بنەڕەتدا، چیرۆکی ژیان، تێکۆشان و بەرگرییە لە کۆمەڵگاکانی کانەکان لە بۆلیڤیا، بەڵام زۆر لە چیرۆکی کەسێک زیاترە چونکە ژیان لە کانەکانی بۆلیڤیا، هەڵگری هەژاریی پەڕگیر، ژینگەی کاری مەترسیدار، نەخۆشییە درێژخایەنەکان و چۆنیەتی ڕزگاربوونی خێزانەکان کاتێک پیاوەکان دەکوژرێن یان بێکار دەبن. دۆمیتیلا دەیەوێت خوێنەر تێبگەیەنێت کە چەوسانەوە لە واقیعدا چۆنە. هەروەها سەرنج بۆ سەر ڕۆڵی ژنان و بێداربوونەوەی سیاسی دەکات. خەخت لەسەر “لیژنەی کابانەکان” دەکاتەوە کە چۆن ژنان خۆراک دابەش دەکەن و خۆپێشاندان و مانگرتن ڕێکدەخەن. دۆمیتیلا ڕوونی دەکاتەوە کە ئەو لە ڕێگەی کتێبەکانەوە فێری سیاسەت نەبووە، بەڵکو لە ڕێگەی ئەو ستەمەی لە ژیانیدا بینیویەتی فێر بووە.
دۆمیتیلا گێڕانەوەیەکی ورد لەسەر سەرکوتکاریی دەوڵەت لە سەردەمی ڕژێمە سەربازییەکانی بۆلیڤیا پێشکەش دەکات بە تایبەتی هێرشی سوپا بۆ سەر کەمپەکانی کانزاکاران، دەستبەسەرکردن، ئەشکەنجەدان، دوورخستنەوە و کۆمەڵکوژی، چاودێریکردن و سزادانی چالاکوانان و خێزانەکانیان. بۆ ئەوەش قسەکردن تەنها کارێکی ڕەمزی نەبووە، بەڵکو مەترسیدار بووە. گەواهیدانەکەی ئەو، ئەو ئەزموونانە دەپارێزێت کە دەوڵەت هەوڵی سڕینەوەی دەدەن.
تێکۆشانی بەکۆمەڵە، نەک سەرکەوتنی تاکەکەسی
لەم کتێبەدا گرنگترین خاڵ تێکۆشانی بەکۆمەڵە، نەک سەرکەوتنی تاکەکەسی کە وەک نەخۆشیەکی سەردەمەکەمانە. بە پێچەوانەی ژیاننامە باوەکانەوە، ئەم کتێبە دوور دەکەوێتەوە لە گێڕانەوەی “سەرکەوتن و گەیشتن بە لوتکە” ی تاکێک کە ناوی دۆمیتیلایە، بەڵکو بەردەوام جەخت لە تێکۆشانی بەکۆمەڵ دەکاتەوە و ئەو، وەک بەشێک لە بزووتنەوەیەک دەدوێت، نەک وەک پاڵەوانێکی تەنیا. سەرکەوتنەکانیش کەم و ناسک و کاتین و زۆرجار شکستیان بەدوادادێت و پەیامەکە ئەوەیە: گۆڕانکاری لە هاوپشتییەوە دێت، نەک لە دەستکەوتی تاکەکەسیەوە.
نووسەر لە کتێبەکەی دا ئەوە لە بیر ناکات کە ڕەخنەی توندیش بکات لەوانەی کە بەربەستی سەرەکین. ڕەخنە لە سەرمایەداری و ئیمپریالیزم، نایەکسانی چینایەتی و چەوسانەوە، هەروەها گرژییەکانی نێوان “فێمینیزمی بژاردە” و دووریان لە واقیعی ژنانی چینی کرێکار و ژنان و کۆمەڵگە بە گشتی. دۆمیتیلا تەحەدای ئەو کەسانە دەکات کە باس لە دادپەروەری دەکەن بەبێ ئەوەی لەناو ئازار و دەرهاویشتەکانیدا بژین.
وانەی سەرەکی ئەم کتێبەش ئەوەیە کە گۆڕانکاری سیاسی لە کردارە بەکۆمەڵەکانەوە سەرچاوە دەگرێت نەک لە تیۆرییە ئەبستراکتەکانەوە. گەواهیدانەکەی دۆمیتیلا نیشانی دەدات چۆن ژنان و ژنانی چینی کرێکار بە تایبەتی گوتار و هەوڵی مانەوەی ڕۆژانە، دەگۆڕن بۆ بەرگرییەکی سیاسی ڕێکخراو.
تێبینی؛ دەسکەوتنی ئەم کتێبە Let me speask بە ئیسپانی و ئینگلیزی بە شێوەی پی دی ئێف بە ئاسانی پەیدا دەبێت
بەرێوەبەریی ماڵپەری ژنۆلۆژی

