کیرا لەگەرهاوسن، ئەندامی ئەکادیمیای ژنۆلۆژی، لەسەر کۆنفرانسی ژنۆلۆژیی ئەورووپا:
دڵخۆشم کە ئیتر ئەم دەرفەتەمان بۆ ڕەخسا تا ئەم کۆنفرانسە ساز بکەین. لە خەباتی ژنۆلۆژیی ئەورووپا، کەوتینە قۆناغێکی گرنگەوە؛ قۆناغی سەرلەنوێ بونیادنانەوە، قۆناغی گۆڕانکاری و وەرچەرخان. ئەوە نزیکەی ١٢ ساڵە کە خەباتی ژنۆلۆژی لە ئەورووپا دەکەین، بۆ ئەوەش پێویستە هەندێک شت ڕەچاو بکەینەوە.
ژنۆلۆژی لەم قۆناغەدا زۆر شتی ئافراند، ئێمە زۆر ڕێبازی جۆراوجۆرمان ئەزموون کرد و چوینە وڵاتانی تر. هەم لە ئەڵمانیا، لە فەرەنسا، ئیسپانیا و زۆر جێگەی تر ژنۆلۆژی خۆی پێ گەیاند. بۆ ئەمەش ئێستا ئێمە هەم ڕێبازی خۆمان و هەم شێوازی کارمان هەڵدەسەنگینینەوە و دەمانەوێ هەندێک شت لە شێوازی پێشوو بگۆڕین.
ژنۆلۆژی چۆن پەرەی بە کارەکانی دا لە ئەورووپا؟ لە سەرەتادا کۆنفرانس ساز کران؛ یەکێک لەوان لە پاریس بەڕێوەچوو، یەکێکی تر لە ستۆکهۆڵم بوو، لە کۆڵنیش کۆنفرانسێک ڕێکخرا و بەو شێوەیە خۆمان گەیاندە زۆر کەس. هێشتا زیاتریش دەمانەوێت ئەم خەباتەی بەڕێوەچووە، جارێکی تر ڕێبازەکانی بگۆڕین. چۆن؟ دەمانەوێت هەم بەربڵاوتری بکەین و هەم قووڵتری بکەینەوە. ئێمە گەیشتووینەتە قۆناغێک کە باسی کۆمینیش بکەین. کۆمین واتای چییە؟ کۆمین بەو واتایەیە کە ئیتر ئێمە بێینە لای یەکتر، کێشەکانی خۆمان بکەینە بابەت و گفتوگۆی لەسەر بکەین و پێکەوە چارەسەری بۆ بدۆزینەوە. ژنۆلۆژی لە بنەڕەتدا ئەرکی خۆی هەر ئەمەیە؛ واتە پێویستە ئێمە کێشەی کۆمەڵگە و ژیان چارەسەر بکەین و لێکۆڵینەوەشی لێ بکەین، واتە چۆن گەیشتینە ئەو ئاستەی کە ئەمڕۆ تێیداین.
زۆر لێکۆڵینەوە لەسەر ئاستی ئەوروپاش کرا، لەبەر ئەوەی لە شارەکاندا دەمانەوێ تێبگەین کە کێشەکانی ژنان چیین؟ واتە ڕەوشی ژنان چییە و ڕووبەڕووی چی دەبنەوە؟ بەو پێیەش دەمانەوێت هەم لێکۆڵینەوە بەڕێوەببەین، بەڵام لە هەمان کاتدا شێوازی جۆراوجۆر پێشبخەین بۆ خۆگەیاندن بە کۆمەڵگە. بۆ نموونە، لەگەڵ دامەزراوەکانی کولتوور و هونەر زیاتر پێکەوە کار بکەین، لەگەڵ ژنانی گەنج پێکەوە کار بکەین. ژنانی گەنج زۆر ڕووبەڕووی کێشە بوونەتەوە لە قۆناغی پێشکەوتنی تەکنیکدا؛ میدیای دیجیتال کاریگەرییەکی زۆر گەورەی دروست کردووە لەسەر ژنانی گەنج و ئەمەش کێشەیەکی زۆر گەورەیە.
لە هەمان کاتدا ژنکوژی ڕوو دەدات؛ واتە لە هەر شارێکدا، لە وڵاتاندا بەرەوڕووی ئەم کێشەیە بووینەتەوە. بۆ ئەمەش ئیتر پێویستە چارەسەرییەکی بۆ بدۆزینەوە، پێویستیشە لەگەڵ دامەزراوەکانی تر ئەو کارە بە باشترین شێوە بەرەو پێش ببەین، پێویستە تێبگەین کێشەی کۆمەڵگە و ژنان چیین و ئێمە چۆن لەگەڵیان کار بکەین و گۆڕانکاری بکەین. بە ژنۆلۆژیش دەمانەوێت هەم کۆمینی لێکۆڵینەوە دابمەزرێنین، وەک کۆمینی کولتوور و هونەریش کە خەباتی ئاوا بە شێوازی جۆراوجۆر بئافرێنن. لە دۆخی قەیراناوییەی جیهاندا، لەوانەیە پێویست بێت کەمێک بوەستین، دواتر سەرلەنوێوە دەست پێ بکەینەوە، سەرلەنوێ هەموو شتێک بئافرێنینەوە. لە سەرەتادا پێویستە کێشەکانی خۆمان تێبگەین، پێویستە هەم سەیری مێژووی خۆمان بکەین؛ واتە ئێمە چی ژیایین لە مێژوودا و چۆن گەیشتینە ڕۆژی ئەمڕۆ. کێشەکانی ئەمڕۆمان کە تێیدا دەژین، هەم بە مێژووەوە بەستراوەتەوە، بەڵام لە هەمان کاتدا بە سیستەمی سەرمایەداری و باوکسالارییەوە بەستراوەتەوە، واتە ئەو کێشەیەی ئێمە تێیدا دەژین هەمووی بەوەوە پەیوەستە.
ڕێبەر ئاپۆ بۆ نموونە دەڵێت: ” ئەو شکستە یەکەمە لە ناو کۆمەڵگەدا بە دابەشکردنی کار لە نێوان ژن و پیاودا ڕوویدا”، واتە هەڵکشانی سیستەمی باوکسالاری ئەو کێشانەی دروست کرد. پێویستە هەم سەیری مێژووی خۆمان بکەین تا ئەم کێشەیە باش تێبگەین، و لە هەمان کاتدا پێویستە چارەسەری بۆ بدۆزینەوە، و ئەم چارەسەرییە دەتوانین لە کوێ بدۆزینەوە؟ لە ناو کۆمەڵگەدا، لە دەوروبەر و هاوسێی خۆمان، کۆمینی خۆمان، هاوڕێ و خێزانی خۆمان. پێویستە چارەسەر بۆ هەموو ئەو بابەتانە ببینینەوە. واتە بۆ نموونە لە کۆنفرانسەکەماندا لە حەوت گرووپی کاردا گفتوگۆمان کرد. یەکێک لەوان بۆ نموونە بابەتی خێزان بوو. ئێمە هەموومان لە خێزانێکەوە هاتووین و لە ناو خێزانێکدا گەورە بووین، پێویستە ئەمەش باش تێبگەین؛ هەم ئەو کچە گەنجە کوردانەی کە لە ئەورووپا گەورە بوون و هەم من کە لە دایک و باوکێکی ئەڵمان گەورە بووم، دەبێ منیش لە خێزانەکەی خۆم تێبگەم. بیر لەوە دەکەمەوە کە دیاسپۆرای کۆمەڵگەی کورد چی پێویستە؟ بۆچی کۆچبەر کران؟ لە جوگرافیای خۆیان دوور خرانەوە، ئەوانیش بەرەوڕووی کێشەی خێزانی دەبنەوە. بۆ ئەمەش پێویستە شیکردنەوە لەسەر ئەم بابەتە بکرێت. لە کۆنفرانسدا ئەم بابەتەش خرایە ڕوو، و لە داهاتوودا وەک نموونە دەتوانم بڵێم دەمانەوێت کەمێک لەسەر ئەم بابەتانە ڕاوەستین.
بابەتێکی سەرەکیش گۆڕان و وەرچەرخانی پیاوە. واتە پێشتریش باسی بابەتی کوشتنی پیاوەتی، یان گۆڕینی پیاومان کردووە، بەڵام تا ئێستا نەمانتوانیوە چارەسەرییەکی بۆ بدۆزینەوە. دەبێ لە ئەمڕۆ بەدواوە زیاتر لەسەر ئەمە ڕاوەستین.
بابەتێکی تر لە کۆنفرانسەکەماندا پێداگۆگی (پەروەردەناسی) بوو؛ واتە پەروەردەکردنی کۆمەڵگە، بەڵام پەروەردەکردنی منداڵانیش. واتە وەک بابەتێک کە زۆر گرنگە، چونکە منداڵان داهاتووی ئێمەن و پەروەردەی منداڵان داهاتوو دیاری دەکات. وەک ژنۆلۆژی ئەرکی بنەڕەتیی ئێمە ئەمەیە؛ واتە ڕێبازەکانی پەروەردە گەرەکە چۆن بن؟ ئێمە دەتوانین بە چ ڕێبازێک لەگەڵ کام پێکهاتە خەبات بکەین؟ ئەوە مەسەلەیەکی دوور نییە لە ئێمەوە، بەڵکو لە نێو کۆمەڵگەدایە، لە خێزانەکانمان و لە دراوسێکانماندایە. ئەوەش پرسێکی پەروەردەیە. دەبێ سەرلەنوێ ئەوانە بکەینەوە ئامانج، هەڵیسەنگێنین کە گەیشتینە کام ئاست و لەمەودوا چۆن خەبات بکەین.
بابەتێکی تر کە ڕاوەستەمان لەسەر کرد لە کۆنفرانسەکەدا، بابەتی کولتوور و هونەر بوو. هەروەها یادەوەریی ژن و مێژووی ژن، بە تێکۆشانەوە بەستراوەتەوە. لە گرووپێکی کاردا دەربارەی ئەم بابەتە گفتوگۆمان کرد. لەمەدا ئامانجمان چی بوو؟ دەمانەوێت هەم مێژووی ژنان زیاتر تێبگەین، چونکە مێژووی ژنان بە زۆری نەنووسراوەتەوە. واتە ئاوا شێواز و دەرفەت نەبوو. مێژوو، زۆربەی لەلایەن سیستەمەوە نووسراوەتەوە، لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە، لەوانەی خاکی گهلانی دیکەیان داگیر کردووە، ئەوانە مێژوو دەنووسنەوە و بەو پێیەش مێژووی ئێمەی ژنان، مێژووی بەرخودان و تێکۆشان نەنووسراوەتەوە. بۆ ئەمەش پێویستە ئەم مێژووە جارێکی تر ڕوون بکەینەوە، بە ڕێبازی کولتوور و هونەر، لێکۆڵینەوە لە گۆرانی و مێژووی زارەکی بکەین. نموونەی زۆر سەرنجڕاکێش هەن، بۆ نموونە لە ناو گۆرانییەکاندا چیرۆکی مێژووی ژنان شاراوەتەوە. ئەوەش ئەرکێکی زۆر گرنگە، دەتوانم بڵێم هەم بۆ کۆمەڵگەی کورد لە دیاسپۆرا و هەم لە کوردستان گرنگە.
ئەڵمانیا وەک گۆڕستانی زمان و کولتوور لەقەڵەم درێت. لێکچوونکردن لە ئەڵمانیا زۆرە؛ کولتووری کۆمەڵگە یان نییە یان لەلایەن نەژادپەرستانەوە خۆی نیشان دەدات، وەک ئەوەی کە دەیانەوێت کەلەپووری دێرین بپارێزن. ئەوە لە ڕاستیدا ئەرکی ئێمەیە، ئەرکی ژنۆلۆژییە کە ئەو کەلەپوورە دێرینە زیندوو بکەینەوە. ئەوەش نموونەیەک و بابەتێکی زۆر گرنگە بۆ ژنۆلۆژی و دەمانەوێت هەموو کەسێک ژنۆلۆژی وەک ئایدیا و ئەرکی خۆی ببینێت. ئێمە چۆن دەتوانین ئەم گۆڕانکارییە ئەنجام بدەین؟ ئەوە پرسیارێکی سەرەکییە. واتە بۆ نموونە لە ناو دامەزراوەکانی تردا چۆن دەتوانین ژنۆلۆژی وەک ڕێباز، وەک ئامرازێک بەکار بهێنین و بیدەینەوە دەست کۆمەڵگە؟ ئەوانەی هاتوونەتە ئەم کۆنفرانسە بەشێکن لەو تێکۆشانە، بۆ ئەوەش پێویستە هەر کەسێک لەم کۆنفرانسەدا، ژنۆلۆژی وەک ڕێبازی خۆی و ئامرازی خۆی ببینێت.
گفتوگۆ لەسەر ڕێبازەکانی سەرلەنوێ ڕێکخستنەوەمان، ئامانجێکی ئەم کۆنفرانسەیە؛ کە گفتوگۆ بکەین کە بە پلان و پڕۆژە بونیادنانەوە ئەنجام بدەین. لە هەندێک وڵاتاندا، وڵاتانی ئەوروپیدا، کۆمینەکانی ژنۆلۆژی دامەزرێنراون و زۆربەی تا ئێستا هاوڕێیانی ئەورووپین. لە ئەورووپا کاریگەریی شۆڕشی ڕۆژئاواش زۆر بوو، لە ساڵی ٢٠١١-٢٠١٢ بەدواوە، خەباتی ئینتەرناسیۆناڵی لە ئەوروپادا لە ئاستی ئەوروپادا زۆر پێشکەوت و پەرۆشیان زۆر بوو بۆ ئەو تێکۆشانە، دەیانەوێت چارەسەری بۆ کێشەکانی خۆیان بدۆزنەوە و ئیلهامیان لە شۆڕشی ڕۆژئاوا وەرگرت.
بەرێوەبەریی ماڵپەری ژنۆلۆژی

