میووگە توجوئۆغڵو

نازانم لە کۆنفرانسی سێ ڕۆژەی ژنۆلۆژیدا کامەیان زیاتر کاریگەرییان لەسەرم دروست کرد؟ ئایا ئەو دانوستان و گفتوگۆیانە بوون کە ڕێک لە جێی خۆیاندا بوون و بە قوڵی ئەنجام دران، یاخود ئەو گۆرانییانەی پێش هەر دانیشتنێک و لە کاتی شەوارەمۆراڵی ژناندا دەگوتران و بەرهەم دەهێنران، یان نەبوونی گۆشت لە ژەمەکانی خواردندا، یان ئەوەی کە بێ کێشەترین و باشترین ڕێکخستن بوو لە ژیانمدا بینیبێتم، یان ئەو ڕۆحە ئینتەرناسیۆنالیستییەی بزووتنەوەی ژنانی کورد بەدەستی هێناوە، یان ئەوەی ئەڵمانەکان ئاوا باش هەڵپەڕکێ و گۆڤەند دەکەن، یان ئەوەی زیاتر لە ٪٨٠ی زمانەکانی کۆبوونەوەکە کوردی بوو؟ هەروەها بەبێ هیچ زیادەڕۆییەک هێشتا دەتوانم ئەم لیستە درێژتر بکەمەوە. هەر بابەتێک لەوانەی تر کاریگەرتر بوو. من لە شتە کەسییەکانەوە دەست پێدەکەم؛ لە ماوەی کۆنفرانسەکەدا ڕووبەڕووبوونەوەیەکم لەگەڵ خۆمدا بەڕێ کرد.
وەک کەسێکی خەڵکی دەریای ڕەش، کاتێک دەستم دایە هەڵپەڕکێی کوردی و هاوڕێیەتیم لەگەڵ ئەو دروشمانەدا دەکرد کە پێچەوانەی یاسای سزادانی تورکیا بوون، هەندێک جار بەرکەوتەی ڕوانینی تانە و تەشەرئامێز دەبوومەوە. جارێکیان ناوی کەسێکم پرسی کە بۆ ماوەیەکی درێژ لەناو خەباتدا مابووەوە، دوای دوو خولەک بەڕێکەوت بینیم کە قسە بۆ هەندێک کەس دەکات و پێدەکەنی. نەمدەتوانی ئەم شتانە بنووسم و پێیاندا تێنەپەڕم، چونکە بە ئاگاییەوە لە جیاوازیی شوێن و کات، پێم وایە ئەوەی لەو هۆڵەدا بینیم بابەتێک بوو جێگەی شانازی بوو. چونکە ڕاستیی ئەوەی کە بیرۆکەکانیان زۆر گەورەتر بوون و دەتوانن کاریگەرییان لەسەر خەڵکانی دەرەوەی خۆشیان هەبێت، لەو هۆڵەدا بە شێوەیەکی زۆر سەرسوڕهێنەر لە بەردەممدا وەستابوو.
زمانی هاوبەشی ژنان
ژنان لە وڵاتە جیاوازەکانی ئەورووپاوە، لە ئیرلەنداوە تا ئیتالیا، لە ئیسپانیایەوە تا فەرەنسا، بە گفتوگۆ لەسەر ژنۆلۆژی هەوڵیان دا لە ژن، ژیان و لە ڕاستیدا لە خۆیان تێبگەن. وەک ژنێک هیچ شتێک ئەوەندەی ژیان لە جیهانی پیاواندا هەستی کەمبوون و کەموکوڕیت پێ نابەخشێت. چەندە هەوڵ بدەیت، چەندە سەرکەوتوو بیت، چەندەش ئیمتیازدار بێت، لەو هەستی کەمبوونییە ڕزگارت نابێت. ڕوونکردنەوەی ئەمە بە ڕوانگەیەکی سیاسی لە دەرەوەی هەستی هەژاری/بێبەشبوون، نۆستالژیا یان بێبایەخی، وشیاری و ڕوونییەکی جدیی دەوێت.
هەر ئەوەی عەبدوڵڵا ئۆجالان ئەم دەروازەیەی کردووەتەوە، شایەنی دەستخۆشییە. ژنانی ئەورووپی بە ئاگایی هەموو ئەم شتانە، لەوێ بەشدار بوون. وێڕای ئەوەش، زۆربەیان فێری کوردی بووبوون و بیرۆکەکانی خۆیان بە کوردی دەربڕی یان بۆ هاوڕێکانی تەنیشتیان وەرگێڕانیان بۆ زمانی دایکییان دەکرد. واتە بە ئاستێکی هێندە باش بە کوردی قسەیان دەکرد کە بتوانن ئەرکی وەرگێڕان بگرنە ئەستۆ و ئەمەیان کردبووە خەمی خۆیان.
من لە ئامەد توانیم بە تورکی بژیم، بەڵام لە شیرناخ بەس نەبوو. فێری کوردی بووبووم، بەڵام نە لە ئاستێکدا کە وەرگێڕانی پێ بکەم. بەڵام لە کاتی کۆنفرانسەکەدا بە دڵنیاییەوە تورکی بەشم ناکات و بەردەوام پێویستم بە وەرگێڕان بوو. دانپیانانەکەی ئەو هاوڕێیەی کە لە ئامەدەوە هاتبوو لەسەر بابەتەکانی زمان بەوەی: “دوای دیتنی کوردییەکەی ئەورووپییەکان کە قسەیان پێدەکرد، شەرمم لە خۆم دەکرد”، بێهودە نەبوو.
پێویستە بیر لە بەڵکان بکەینەوە
لە کۆنفرانسەکەدا وەرگێڕانی ڕاستەوخۆ بۆ زمانەکانی کوردی، تورکی و ئینگلیزی دەکرا. جگە لەوەش، لە ڕێگەی وەرگێڕانی کوردی یان ئینگلیزییەوە قسەکان بۆ زمانی ئیتالی و ئیسپانی وەردەگێڕدران. تەنها نەبیستنی زمانەکانی ڕۆژهەڵاتی ئەورووپا کەمایەسی بوو. سەیر نەبوو کە خولیای بیستنی بیرۆکەکانی ژنێکی بۆسنی، پۆڵەندی، سربی و یۆنانی بووم لەسەر ژنۆلۆژی. بەڵکان ناوچەیەکە کە شایەنی ئەوەیە بە تایبەتی بیری لێ بکرێتەوە!
کەمایەسیی زانستە سروشتییەکان هەستی پێدەکرا
کۆڕ و دانیشتنەکان زۆربەیان بە ئاخاوتن و زارەکی بەڕێوەچوون، کە ئەمەش سروشتییە. بەڵام بەرهەمەکانی هەوڵ و گەڕانی ژنۆلۆژی بۆ ئاشکراکردن و بڵاوکردنەوەی زانین، لە کۆنفرانسەکەدا ڕەنگیان دابووەوە. پێش هەر دانیشتنێک گۆرانییەک یان نمایشێکی هونەری پێشکەش دەکرا. تا ئەو شوێنەی من تێگەیشتم، گفتوگۆکانی تایبەت بە پێداگۆگی (پەروەردەناسی) بە چڕترین شێوە بەڕێوە دەچوون. پایە و ژێرخانی ڕێباز و تەکنیک، وەک ئەو بوارەی کە ژنۆلۆژی خۆی تێدا وەک زانست نیشان دەدات، لەژێر سەردێڕی پەروەردەناسیدا تاوتوێ دەکرا. بۆ ئەمەش نەیاندەویست تەنها بە ڕێبازێکی زارەکی و ئارەزووی ڕۆشنبیرییانەی چینی ناوین سنووردار ببنەوە، بەڵکو دەیانویست بەرهەمهێنان و گواستنەوەی زانینی ژنان کە هەزاران ساڵە بەردەوامە، نیشان بدەن و بیکەنە نموونەیەک بۆ خۆیان.
دەمەوێت ئەو پێشنیازەی لە کاتی وۆرکشۆپەکەدا پێشکەشم کرد، لێرەدا بپڕژێنمە سەری و ڕێکخراوتر و ڕوونتر دەریببڕم. بە مەزەندەی من نزیکەی تەواوی بەشداربووانی کۆنفرانسەکە خاوەنی قاڵبوونەوە، دیسیپلین، بڕوانامە یان ڕێبازی زانستە کۆمەڵایەتییەکان بوون. کەمایەسیی زانستە سروشتییەکان (پزیشکی، فیزیا، بیرکاری…) زۆر بەقووڵی هەستی پێدەکرا. کوانتەم کە ماوەیەک بوو زۆر لێکۆڵینەوەی لەسەر دەکرا و باس دەکرا، لە کاتی کۆنفرانسەکەدا جگە لە ڕستەیەک، هیچ ئاماژەیەکی پێنەکرا.
هزری شیکارییانە (ئەنالیتیک) بۆ ژنان ژیانییە
من لەو بڕوایەدام بەبێ بیرکاری، زانست بوونی نابێت و ژن و ژیانیش مایەی تێگەیشتن نابێت. زانینی بیرکاری، زانینی بنەڕەتیی کۆمەڵگەیە و شتێکی پێویستە. لە کاتی هەوڵدان بۆ تێگەیشتن و گواستنەوەی زانین، بەبێ زانینی چۆنیەتیی کارکردنی مێشک، واتە بەبێ بوون بە فیسیۆلۆجیستێک یان نۆرۆلۆجیستێک سەرکەوتوو نابێت، یانیش لانیکەم کاتێکی زۆر بەفیڕۆ دەچێت. من خەونم بە ژنۆلۆژییەکەوە بینی کە بتوانێت بە ناسینی جەستەی ژن، لە دەستنیشانکردنی نەخۆشییە دەروونی-جەستەییەکان تێپەڕێنێت؛ ژنۆلۆژییەک کە بکۆڵێتەوە لە گۆڕانکارییەکانی جەستەی ئەو ژنەی لە کەشتییە ئاسمانییەکەدا بە دەوری مانگدا دەسوڕێتەوە… پێم وایە تەنها ژنۆلۆژی دەتوانێت ئەو زانستە بێت کە تەواوی ڕێباز و ئامرازەکانی کاتی منداڵبوون بگوڕێت، لە ئەقڵییەتی پیاوانە ڕزگاریان بکات و هەلی ئەوەمان پێ ببەخشێت کە ساتەوەختی منداڵبوون بە ئازادی بژین. هەروەها پێویستمان بە ڕوونکردنەوەی بیرکارییانەی هەژاری و پێگەی ژن لە هێزی کاردا هەیە. واتە هزری شیکارییانە، ئەوەندە بەنرخە کە ناتوانرێت بۆ پیاوان جێبهێڵرێت و بۆ ئێمەی ژنان ژیانییە!
بەو پێیەی زانین لە تاکڕەهەندی دوور دەکەوێتەوە…
من زیاتر لە بوارەکانی پەیوەست بە منداڵ کارم کردووە. پێم وایە بواری منداڵ بوارێکی تایبەتە و پێویستە بە شێوەیەکی تایبەت و سەربەخۆ سەیری بكرێت. زۆر دڵنیا نیم کە ئایا دەبێت لە چوارچێوەی ژنۆلۆژیدا بێت یان نا، بەڵام ئەگەر هەشبێت، دەبێت بەشێکی تایبەتی بۆ دابمەزرێت و تەنها سەرقاڵی ئەم بابەتە بێت. لە ژێر سەردێڕەکانی وەک گرووپی کاری پەروەردەناسی و گرووپی کاری خێزاندا بابەتی منداڵ تاوتوێ کرا، بەڵام بۆ بەدەستهێنانی ڕوانگەیەکی دروست و گەیشتن بە ئەنجامی کرداری، ڕەنگە کارکردن لە بەشێکی سەربەخۆدا گونجاوتر بێت.
لە کۆنفرانسەکەدا گفتوگۆ لەسەر دامەزراندنی ئەکادیمیایەک لە ئەورووپا كرا. ئەکادیمیا بوارێک نییە کە کورد پێی نامۆ بێت. لەم بوارەدا ڕەنگە بیروڕایەکی زۆر ئاڵوگۆڕ کرابێت. منیش وەک پێشنیازێک خەونم بە شوێنێکەوە بینی کە مۆزەخانە، کتێبخانە، ئەکادیمیا و شانۆیەک لە خۆ بگرێت. مادام زانین لە شێوازی تاکڕەهەندی و یەکجۆرەیی دەردەهێنین و بە ڕێگەی جیاواز دەیگەیەنین، ئەوا دەکرێت لە ڕووی شوێنیشەوە کۆدی جیاوازمان هەبێت. ئەمە دەتوانێت زۆر بەکەڵک و کردارییش بێت.
مێژووش بەشێکە لە ژنۆلۆژی
ژنانی کورد خاوەنی یادەوەری و ئەزموونێکی جدی و قووڵن. ئەگەر تەنها ئەو جەوهەرەی لەناو خۆشیاندایە بگوازنەوە، بە بڕوای من کاریگەری و کۆمەکی بۆ زانست، سیاست و فێمینیزم زۆر گەورەتر دەبێت لەوەی کە وێنەی بۆ دەکەین. بۆ نموونە دەبوو مێژووی بزووتنەوەی ژنانی کورد تا ئەمڕۆ نووسرابایەتەوە. بە بڕوای من دەبێت ئەرکی چەند هەڤاڵێک بۆ ماوەیەکی دیاریکراو تەنها ئەمە بێت. لە کۆتاییدا مێژووش بەشێکە لە زانست و ژنۆلۆژی. بۆ ئەوەی بکەوێتە تۆمارەکانەوە، ئەم پێشنیازەی کە بە زارەکی گوتبووم، بە نووسراویش دەردەبڕم.
بە هەمان شێوە، بەسەرهاتی ژیانی ژنان پاشخان و سەرمایەیەکمان پێشکەش دەکات کە پێویست ناکات لە دوورەوە بە دوایدا بگەڕێین. ژنان هەزاران ساڵە لە بەسەرهاتی ژیانی خۆیان و ژنانی دەوروبەریانەوە فێر دەبن. ئەو بەسەرهاتانەی بە دڵسۆزی و دڵئاوەڵاییەوە دەگێڕدرێنەوە، ڕێگەی زۆر باش لە بەرامبەر هەمووماندا دەکەنەوە. پێم وایە یەکێک لە بەهێزترین پێشنیازەکان لە کۆنفرانسەکەدا کرابێت، ئەمە بوو.
هەموو دایکەکان کەوتنە گەڕ
لە چوارچێوەی ڕێکخستنی کۆنفرانسەکەدا، لە گواستنەوەوە تا حەوانەوە و مانەوە، لە خۆراکەوە تا دانیشتنەکان، هەموو شتێک زۆر سادە و لە شوێنی خۆیدا بوو. هەموو شتێک بەو ئەندازەیە بوو کە پێویست بوو و زۆر بە ڕێکوپێکی کاری دەکرد. ١٤٩ ژن، ٥ منداڵ و ساوایەک ئەم سێ ڕۆژەیان بە خۆشحاڵییەوە کۆتایی پێ هێنا (ژنێکی گەنجی ١٩ ساڵان، بە جەستە لەوێ بوو، بەڵام بە ڕۆح تەواو لە شوێنێکی تر بوو).
ژنانی گەنج بابەتێک بوون لە کۆنفرانسەکەدا زۆر قسەی لەسەر کرا. پێم وایە پێویستە زیاتر بیری لێ بکرێتەوە. هەمووان خۆبەخشانە هاوکاریی چێشتلێنەرێکی پیشەییان دەکرد. ژەمەکان ڕووەکی بوون، کە حەزم دەکرد لە کۆنفرانسەکەدا بابەتی بژاردەی ڤیگن-ڕووەکی زیاتر باس بکرێت. بۆ ٥ منداڵەکە، بەتایبەتی ئەوانەی بچووکتر بوون کە سێ منداڵ بوون، دوو کاتژمێر جارێک ژنێکی جیاواز هەڤاڵێتیی دەکردن و بەم شێوەیە دایکەکانیان توانییان بێ دابڕان بەدواداچوون بۆ کۆنفرانسەکە بکەن. بۆ کۆرپە ساواکەش هەموو ژنان کەوتنە گەڕ و هاوکار بوون. نەک بە شێوەیەکی ڕووکەشییانە، بەڵکو بەتایبەتی شوێن بۆ منداڵ، بەساڵاچوو و دایک کرابووەوە.
سەنگی نائامادەکان
نەمتوانی بیر لەوە نەکەمەوە کە ئەگەر چالاکییەکە لە تورکیا بووایە، شوێنی زیاتر بۆ ژنانی زیندانیی تەرخان دەکرا؟ چاوەکانم زۆر بە دوای خوشکە لەیلا (لەیلا گویڤەن) دا گەڕا.
بۆ ئەوانەی لە ژیاندا نەماون، گۆشەیەک هەبوو؛ کورسیی بە پارچە پەڕۆی مۆر داپۆشراو و دارە توویەک… ئەگەر لە تورکیا بووینایە، پێم وایە قورسایی و سەنگی ئەوانەی لەوێ نین زیاتر دەبوو. پەیوەندیی ئەورووپا لەگەڵ مەرگ و کۆچکردوواندا، زۆر جیاوازترە لەوەی ئێمە. کارلێکی دوولایەنە و گۆڕانکاری زۆر ئاسایی و باش دەبینم. ئەمە شوێنی زیاتر بۆ ژیان و شتی نوێ دەکاتەوە. یادکردنەوە و شەوڕۆمۆراڵیش (ئاهەنگ)، وەک هەموو شتەکانی تر، بەو ئەندازەیە بوو کە پێویست بوو و لە شوێنی خۆیدا بوو.
دڵنیام زۆرێک لە ژنانیش بە پەنهانی ئەسڕینیان ڕشت، لە هەستی نائامادەیی هەڤاڵەکانیان؛ بۆ نموونە بە گوتنی: “ئاهـ، ئەگەر فادیلە لێرە بووایە…”. بیرکردنەوەکانی من لەسەر کۆنفرانسەکە بەم شێوەیەن. بە باش و خراپییەوە هەموو شتێکی ناو دڵمم خستەڕوو. زۆر سوپاس بۆ بانگهێشتکردنم هەم بۆ کۆنفرانسەکە و هەم بۆ نووسینی ئەم یاداشتە. ئەم بانگهێشتە بۆ من زۆر بەمانا بوو.
سەرەڕای هەموو قەدەغەکارییەکان
لەگەڵ منداڵەکانیش، باسمان لە کۆنفرانسەکە کرد. یەک بە یەک باسی ئەو یارییانەیان کرد کە لە هەر یەکێک لە ژنان فێر بووبوون. زۆر حەزیان بە سەما، هەڵپەڕکێ و گۆرانییەکان بوو. لە کاتی قسەکردنی نێوان خۆیاندا لەسەر ژنێک، منداڵە بچووکەکە لە گەورەکەی پرسی: “پرچی چۆن بوو؟”. ئەوی تریش وای بۆ باس کرد و پێی ناساند.
مافی خۆیان بوو. ئەمە کۆنفرانسێکی ژنان بوو و ژنیش واتە پرچ. ژنەکانیش هەموویان ئەمەیان سەلماندبوو. لە جوانیدا هیچ سنوورێکیان نەبوو. هەندێکیان کورتییان کردبووەوە، بە جۆرێک کە هەموو جوانیی چاوەکانیان دەرکەوتبوو. هەندێکیان بە جلوبەرگە ڕازاوە و نەخشێنراوەکانیانەوە دەسوڕانەوە. بۆ ئەو ڕۆژە، لەچکەی تایبەت بەسترابوو، بۆ ئەو ڕۆژە پرچ بە شێوەیەکی تایبەت هۆنرابووەوە. دەتوانین بڵێین هەموویان بە پێی کەسایەتی و کولتووری خۆیان پرچیان هۆنیبووەوە؛ هەموویان جیاواز، هەموویان بەهێز، هەموویان سەرنجڕاکێش، هەموویان پێکەوە.
وێرای هەموو گوشار، هێرش، قەدەغەکارییەکان و هەوڵی داپۆشین: پرچەکانتان زۆر جوان بوون!
سەرچاوە: ئۆزگورپۆلیتیکا
لە تورکییەوە: نەجیبە قەرەداغی
بەرێوەبەریی ماڵپەری ژنۆلۆژی

