سوپاس ژنۆلۆژی!

ڕۆژیەن حسێن

کاتێک تیۆر دەبێتە ڕێبازێکی ژیان، مافی خۆمانە لە قوڵایی دڵ و هزرمانەوە سوپاسی بکەین. تیۆرییە زانستی، فەلسەفی، ئایینی و میتۆلۆژییەکان بە چەندین ڕەنگ و زمان لە جیهاندا بڵاو بوونەوە؛ هەندێکیان تاوەکو ئەمڕۆش بوونیان پاراستووە، هەندێکیان لەناوچوون، هەندێکیان بوون بە ڕاستی و هەندێکیشیان وەک ئاسۆ مانەوە. بەڵام لەگەڵ دەرکەوتنی ژنۆلۆژی کە وەکو تیۆرییەکی زانستی پشت بە هەزاران ساڵ ئەزموون، ڕەخنە و چارەسەر دەبەستێت، بەو هێزەی لە پاشماوەکانی مێژوو وەریگرتووە، گواسترایەوە بۆ ناو ڕێبازێکی ژیان. ئێمەش ویستمان وەک تاک، کاریگەری و بەرهەمەکانی لەسەر خۆمان باس بکەین.

ژنۆلۆژی لە ئاستی کوردستان و جیهاندا دەنگدانەوەیەکی گەورەی هەبوو و تا ئێستاش پرسیار و سەرنجێکی زۆر لەبارەی ناوەڕۆکەکەیەوە هەیە. ئێمەش بە هەمان تین و خرۆشەوە بیر لەوە دەکەینەوە کە چۆن دەکرێت ئەم تیۆرییە زانستییە بخەینە ناو ژیانێکەوە کە تیایدا خەباتێکی بەردەوام لەپێناو ناسنامەدا بەڕێوە دەچێت. لەو کاتەی گفتوگۆکانی ژنۆلۆژی کەوتە ناو ژیانی ژنانەوە، تەمەنم تەنها دە ساڵ بوو و هیچم لەبارەیەوە نەبیستبوو، بەڵام چەندین ساڵ تێپەڕین و ڕێگامان کەوتە ناوەندەکانی لێکۆڵینەوەی ژنۆلۆژی.

ئاشنابوون و بەرکەوتنم لەگەڵ ئەم کارەدا، وای کرد پێناسەی ژنی خاوەن هەست لە ناخمدا سەرلەنوێ بگۆڕێت و هۆشیارییەکی نوێم تێدا بێدار بێتەوە، هەر بۆیە ژنۆلۆژی بۆ من بوو بە ڕێبازێکی ژیان.

پێناسەکان بە هەستی ژنانە و پێنووسی شیکارییانە

ئەو دیدەی زانستی ژن لە هەستە شاراوەکانمدا بێداری کردەوە، وای کرد بە دیدێکی نوێوە بڕوانمە کەسایەتی، ژیان، وەرزش، زنجیرەفیلم، پەرتووک، نووسین، هەڤاڵێتی و ئەشق. کاتێک بۆ یەکەم جار چوومە ناو کار و خەباتی ژنۆلۆژی، ئاسوودەییەکی ڕاستەقینەم هەست پێ کرد، چونکە مەیدانەکە لەسەر ژنان قاڵ دەبوویەوە، کە لە هەستی یەکتر دەگەن، بەها بە ئەزموونی یەکتر دەدەن و ڕێز لە یەکتری دەگرن. بێگومان لە هەمان کاتدا، ئەو ئاستەنگ و ئاڵۆزییانەش ڕوویان تێ دەکردین کە لەلایەن سیستەمی کۆمەڵایەتی، قوتابخانە، زانکۆ حکومییەکان، خێزان و سیستەمی سیاسییەوە دروست ببوون.

لە ناوەندەکانی لێکۆڵینەوەی ژنۆلۆژی لە ڕۆژئاوای کوردستان و شارەکانی حەلەب، تەبقە و مەنبەج، ژنان سەرقاڵی شیکاری بوون بۆ ئەو بیرکردنەوە و هۆشیارییەی بەسەریاندا سەپێنرابوو، و گفتوگۆیان لەسەر ئەوە دەکرد کە چۆن زانستی ژن بخەنە ناو ژیانی ڕۆژانەیانەوە. بەڵام سەرەڕای ئەم ئاڵۆزی و گفتوگۆیانە، ژنۆلۆژی خۆی لە خۆیدا ببووە بەشێک لە ژیانمان. هێزی ئێمە لە بەرامبەر ژنان، بێداربوونەوەی دایکان، و پاڵپشتی بەردەوامی ژنان بۆ یەکتری دیار بوو، کە لە هەموو بوارێکدا زانیارییان بە یەکتر دەبەخشی، لە بەکارهێنانی لاپتۆپەوە تا دەگەیشتە وانەکانی پەروەردە.

ناوەندەکانی لێکۆڵینەوە ببوونە پەناگەیەک بۆ ژنان، لەوێ سەیری فیلممان دەکرد و چەندین کاتژمێر بە دوورودرێژی گفتوگۆمان لەسەر دەکردن. بۆ یەکەم جار درکمان بەوە کرد کە لە فیلم و زنجیرەکاندا، داڕشتنی کەسایەتیی ژن جیاوازییەکی گەورەی هەیە کاتێک پیاوان دەینووسن. بۆمان دەرکەوت کە چۆن ژن بە لاواز نیشان دەدرێت، هێزی شیکاری لێ دەسێنرێتەوە، و ژیانی تەنها وەک پاشکۆیەک تەماشا دەکرێت؛ تەنانەت هەموو ژنە بەتەمەنەکانیش وەک جادووگەر و سیحرباز نیشان دەدران.

بەڵام کاتێک لەلایەن ژنانەوە دەنووسران، ڕوخساری ڕاستەقینەی ژنان دەردەکەوت: ژنانی خاوەن کار و پیشە، ژنانی زانا و تێکۆشەر، ئەوانەی خۆشەویستی بۆ ژیانی کۆمیناڵی ژنان و کۆمەڵگە دەپارێزن و ژیانی خۆیان لەسەر بنەمای بکەربوون و ئیرادەی خۆیان بنیات دەنێن. تەنانەت تێڕوانین بۆ ژنانی بەتەمەنیش گۆڕا، وەک کەسانی خاوەن ئەزموون، وەک پێگە و ڕێبەری بنەماڵە و کۆمەڵگە تەماشا دەکران.

ئەمە یەکەمین هەڵسەنگاندن بوو لە هەست و بیرکردنەوەمدا زەمینەلەرزەیەکی دروست کرد. بەر لە ژنۆلۆژی، مرۆڤ تەنها هەستی بە ناڕێکییەکی نادیار دەکرد و دەیزانی شتێک لە شوێنی خۆیدا نییە، بەڵام ژنۆلۆژی ڕووناکیی خستە سەر ئەو ئاڕاستە ڕاستەی کە دەبوو هەر لە سەرەتاوە لێی بڕوانین.

جگە لەوەش، تێڕوانینی ژنان بۆ وەرزش گۆڕانکاریی بەسەردا هات، حەز و پاڵپشتی منیش بۆ یارییە بەکۆمەڵەکان، بەتایبەت تۆپی پێ پەرەی سەند و دیدم بۆ ئەو تیمانەی یاری تێدا دەکەن، گۆڕا. لێرەدا سەرنج نەدراوەتە سەر تیمە بەناوبانگەکان، بەڵکو سەرنج لەسەر ئەو کەسانەیە کە ڕۆحی بەکۆمەڵییان تێدایە و هەستی نیشتمانپەروەری بە وەرزشەوە گرێ دەدەن؛ ئەوانەی بۆ سەرکەوتنی وڵات و هێنانەدی هیوای هەوادارانیان کۆڵ نادەن و خۆیان دەگەیەننە لوتکەی سەرکەوتن. لێرەدا، تاک گرنگ نەبوو، بەڵکو ڕۆحی گشتی و بەکۆمەڵ گرنگ بوو. هەروەها ئەم تێڕوانینە، وەرزشی بە دۆزە سیاسییەکانی گەل و پرسە جێندەرییەکانی کۆمەڵگەوە دەبەستەوە و جیاوازییە ستەمکارییەکانی نێوان یاریی ژنان و پیاوانی خستە ڕوو.

ئەو هەستانەی لە هەر دۆزینەوە و شیکارییەکدا ئەزموونمان دەکردن، هێز و ورەیان پێ دەبەخشین، چونکە ئیتر ئەو سنوور و بەربەستانەی بۆ ژنبوونی ئێمە دانرابوون، ڕوون دەبوونەوە و گەڕانمان بەدوای ڕێگەی دەربازبوون و چارەسەریدا ڕۆژ بە ڕۆژ بەهێزتر دەبوو. ژنۆلۆژی وای لێ کردین ئیتر بەدوای کەسایەتیی قوربانیدا نەگەڕێین، بەڵکو بە هەست و شیکاریی قووڵەوە، خۆمان ببینە سەرچاوەی چارەسەر.

هاوڕێیەتی بەردەوام و ژنبوون

پێش ژنۆلۆژی هاوڕێی زۆرم هەبوون، بەڵام ئەو هاوڕێیانەی لە ڕێگەی ژنۆلۆژییەوە پێیان ئاشنا بووم، هاوڕێی بەردەوام و پۆڵاین بوون. ڕۆحی یەکێتی ژنان، هێزی ژنان و گەشەی ژنان لەوێدا وەک داستانێکی مێژوویی دیار بوو. دوای ساڵانێک، من ئەو پەیجوورییەی خۆم وەک ژن لەوێدا دۆزییەوە و تاوەکو ئێستاش بەردەوامە. هەست بەوە دەکەین هاوڕێکانمان هەزاران کیلۆمەتر لێمانەوە دوورن، بەڵام هەست و بیرکردنەوەکانمان زۆر لە یەکترمان نزیک دەکەنەوە.

کۆبوونەوەکانی ژنان لە ناوەندەکانی لێکۆڵینەوە، وۆرکشۆپ و خولەکانی گەنجان، و کەمپە کراوە و داخراوەکاندا، ئایدۆلۆژیای ڕزگاری ژنیان پێ ئەزموون دەکردین. ئەمەش لە ژیانی ڕۆژانەماندا ڕەنگی دابووەوە. بە ئازادی پێدەکەنین؛ ژنان دەیانتوانی بێ ڕق، ئیرەیی و قسەی پاشملە لەگەڵ یەکتر بژین. لە کێبڕکێی ئازادکردنی ڕۆحی ژندا بەشدارییان دەکرد، و ئەم ڕۆحە ئەمڕۆ لە سەرتاسەری جیهاندا بڵاو دەبێتەوە.

ژنۆلۆژی بۆ من دۆزی ژنانی لە سەرتاسەری جیهاندا کردە ڕەوتێکی بەکۆمەڵ و یەکگرتوو؛ چ لە کوردستان و چ لە چوارگۆشەی جیهاندا، بوار و مەیدانی زانستیی ژنان هەست و شیکارییەکانی ئێمەی لە ناو یەک ئامانجدا کۆ کردەوە، بە پێنووس و تێڕوانینی جیاوازەوە.

سوپاس ژنۆلۆژی…

بابەتی پەیوەندیدار