ڕاگەیەندراوی کۆتایی کۆنفرانسی ژنۆلۆژی لە ئەورووپا

لە ١٥-١٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦ لە شارۆچکەی ھالنی هۆڵەندا، بە بەشداریی ١٥٠ نوێنەر، کۆنفرانسێکی مێژووییمان ئەنجامدا. لە کۆنفرانسەکەدا هەڵسەنگاندنمان بۆ کارەکانی زیاتر لە ۱۰ ساڵی ژنۆلۆژی لە ئەورووپا کرد و گفتوگۆمان لەسەر بنیاتنانی داهاتوو ئەنجامدا. بەم کۆنفرانسە، لەژێر تیشکی ژنۆلۆژیدا، ئیرادەی خۆمان بۆ سەرلەنوێ پێناسەکردنەوەی بوونی ژن لە ڕاستیی مێژوویی و کۆمەڵایەتییدا و گەشەپێدانی زانینی ژیانی ئازاد، دووپات دەکەینەوە.

کۆنفرانسەکەمان پێشکەش بە تەواوی ئەو شەهیدانە کرد کە لە پێناو فەراهەمکردنی ژیانێکی دادپەروەرانە بۆ هەموو زیندەوەرانی گەردوون لە ڕێگەی خەباتی ئازادییەوە گیانی خۆیان بەخشی. کۆنفرانسەکە بە یادکردنەوەی شەهیدانی شۆڕش وەک مالدا کۆسا و ناگیهان ئاکارسەل، کە بە ڕەنجی شۆڕشگێڕانەیان ژنۆلۆژییان کردە پراتیکێکی زیندوو، پەیمانی نوێکردنەوەی خەبات بوو دژ بەو زەینییەتەی جگە لە جەنگ، وێرانکاری و چەوساندنەوە، هیچی تری لێنەکەوتووەتەوە. کۆنفرانسەکە بە تینی ئەو ژنانەی پێش ئێمە ڕێیان بڕیبوو، هزر، هەست، ئەزموون، پراتیک و خەونەکانمانی کۆکردەوە. کۆنفرانسەکە وەک خاڵێکی وەرچەرخان لە مێژووی ئەو خەباتەی دەمانگەیەنێتە یەک، پێناسە دەکرێت؛ هەنگاوێکی دیکەیە لە خەباتی پێداگری، شۆڕشگێڕانە و کۆمیناڵ بۆ سۆسیالیزم.

لە جوگرافیای جیاواز، زمانە جیاوازەکان و یادەوەریی جیاوازی ژنانەوە گەیشتینە یەک. کۆبووینەوە بۆ بیرهێنانەوەی ئەو چیرۆکانەی دەخوازرا لە بیر ببرێتەوە، بۆ دروستکردنەوەی ئەو پردەی لە ژیانماندا لە یەکتر دابڕێنراون و بۆ چینەوەی سەرلەنوێی ڕێگەی ئازادی. بەشداربووانی کۆنفرانسەکە، جگە لەو ژنانەی ڕەنجێکی گەورەیان لە بنیاتنانی خەباتی ژنۆلۆژی لە ئەورووپادا دا، لەو ژنانەش پێکهاتبوون کە لە بوارە جیاوازەکانی بنیاتنانی ژیانی ئازاد و کۆمیناڵدا خەبات دەکەن کە ئیلهامیان لە ئایدۆلۆژیای ڕزگاریی ژنی کورد و پارادیگمای مۆدێرنیتەی دیموکراتیک وەرگرتووە. ئەو ژنانەی لە ئەنجومەنە گشتی و خۆسەرییەکانی ژناندا لە بوارەکانی کۆمەڵایەتی، دیپلۆماسی و هاوپەیمانیی ستراتیژی، ڕاگەیاندن، گەنجان و کونفیدراڵیزمی دیموکراتیکی ژنانی جیهاندا چالاکن، لە کۆنفرانسەکەدا ئامادە بوون.

ژنانی بەشدار لە چوارپارچەی کوردستانەوە، فرەڕەنگیی دەوڵەمەندی کولتووری، ڕۆحی و زمانەوانیی جوگرافیایەکەمانیان نیشان دایەوە. لە ئیرلەنداوە تا کاتالۆنیا، لە ئیتالیاوە تا ئەڵمانیا، لە سویسراوە تا سکۆتلەندا، لە ئیسپانیاوە تا فەرەنسا، ژنانی ناوچە و کولتوورە جیاوازەکان ئامادە بوون و ئەو ئەزموونانەیان بەش کرد کە بۆ دۆزینەوە، گەشەپێدان یاخود زیندووکردنەوەیان، خەباتیان بۆ دەکرد.

لە ئامادەکارییەکانی پێش کۆنفرانسەوە تا هەموو وردەکارییەکانی ئەو کاتەی پێکەوە بەسەرمان برد، لە ڕێکخستنی گفتوگۆکانەوە تا ئامادەکردنی خواردن، لە وەرگێڕانی فرەزمانەوە تا ئەو ساتە خۆش و داهێنەرانەی بە هەڤاڵێتی، موزیک، هونەر و کولتوور ژیاین، هەوڵمان دا ئەو بەهایانە بەرجەستە بکەین کە دەمانەوێت پێشەنگایەتییان بۆ بکەین. زۆر دڵخۆش بووین بە ئامادەبوونی منداڵان و ژنانی گەنج کە دەمانەوێت ئایندەیان ئازاد و دادپەروەرانە بێت. گوێمان لە ئەزموونە بەنرخەکانی دایک و داپیرەکان گرت. ژنان، لە ئەزموونی خۆیان، لە ماڵەکانیان، لە زیندانی داگیرکەران و لە نێو خەباتی ئازادییەوە دەستیان پێکرد، پشتیان بەوە بەست و قسەیان کرد.

توێژینەوە، پەروەردە، کامپ، بڵاوکراوەکان و کارە هەرەوەزییانەی لە ماوەی زیاتر لە دە ساڵدا لە ئەورووپا ئەنجاممانداون، بوونە ئەزموونێکی کەڵەکەبووی هاوبەشی ئەم پەیجوورە. ئێستا لە بەرامبەر بەرپرسیارێتیی قووڵکردنەوەی ئەم ئەزموونە، بەیەکگەیاندنی ئەزموونە جیاوازەکانی ژنان و گۆڕینی زانینی ژنۆلۆژی بۆ هێزێکی سەرلەنوێ ڕێکخستنەوەی کۆمەڵایەتیداین.

ئەو قەیرانەی پێیدا تێپەڕ دەبین، لە هەمان کاتدا قەیرانی دابڕانی مرۆڤە لە حەقیقەتی خۆی و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی. کاتێک یادەوەریی ژن دەسڕدرێتەوە، یادەوەریی مێژوو کەم دێنێت؛ کاتێک ڕەنجەکەی نادیدە دەکرێت، بنیاتنانی ژیان لە تاریکیدا دەمێنێتەوە؛ کاتێک مافی قسەکردنی سەرکوت دەکرێت، کۆمەڵگە لە حەقیقەتی خۆی نامۆ دەبێت. ژنۆلۆژی ئامانجییەتی لە ڕێگەی ڕوونکردنەوەی مێژوو، زانین و بوونی کۆمەڵایەتیی ژنان، ئەم دابڕانە تێپەڕێنێت. چونکە تا کۆیلایەتیی ژن کە خانەی سەرەکیی کێشە کۆمەڵایەتییەکانە چارەسەر نەکرێت و ئەو پەیوەندییانەی ئەم کۆیلایەتییە بەرهەم دەهێنن نەگۆڕدرێن، ئازادیی کۆمەڵایەتی فەراهەم نابێت.

لەسەر بنەمای هەڵسەنگاندنەکانی ڕێبەری گەلان ڕێبەر ئاپۆ، کە دەڵێت چەوساندنەوە و سەردەستەیی لەسەر ژنان یەکەم خەنجەر بوو لە پشتی کۆمەڵگە درا و تا ئەم خەنجەرە دەرنەهێنرێت هیچ کێشەیەکی کۆمەڵگە چارەسەر نابێت؛ هەروەها پێویستە ژنۆلۆژی وەک ڕێبازێکی زانستی کۆمەڵناسی و مێژوویی لەسەر بنەمای هێزێکی ئایدۆلۆژی کار بکات کە پێشکەوتن لە قۆناغی ئەرێنی و بنیاتنەری شۆڕشدا دەستەبەر دەکات، گەیشتینە بڕیاری پێداگرانە.

ژنۆلۆژی وەک زانستێک و ڕێگەیەکی ڕزگاری دەبینین کە ژن لە ئۆبجێکتبوون دەردێنێت و دەیکاتە بکەری مێژوو و ژیانی خۆی. لێکۆڵینەوە لە دانایی خواوەندەکان و ئەزموونەکانی ژیانی ژن-تەوەرەیی دەکەین کە شارستانیەتی پیاوسالاری تاریکی کردووە، یادەوەریی ڕابردوو لەگەڵ پەیجووری ئازادیی ئەمڕۆدا بەیەک دەگەیەنین. ئامانجمان ڕەخساندنی زەمینەی ژیانێکە کە ژنان بتوانن دەنگ، بیرۆکە و زانینی خۆیان بەرهەم بهێنن و بە تێپەڕاندنی قالبە ڕەگەزگەراکان، پێوەرەکانی ئازادیی خۆیان گەشە پێبدەن. بایەخێکی گەورە بە زانینی ژنانی گەنج، کۆچبەر و زمانە جیاوازەکان دەدەین کە دەوڵەمەندی بە بیرکردنەوەی هاوبەشمان دەبەخشێت.

دڵسۆزی و ڕاستگۆیی ئەو ڕەخنانەی لە کۆنفرانسەکەماندا کران، ڕەنگدانەوەی ئەوە بوو کە نوێنەران خۆیان بە بەرپرسیار دەزانی لە ڕێکخستنی کارەکان لە چوارچێوەی ژنۆلۆژیدا، لە هەموو بوارەکانی خەباتدا، لە ئەنجومەنە ناوخۆییەکانی گەلەوە تا دەگاتە بوارەکانی کولتوور و هونەر.

یەکێک لە خاڵە سەرەکییەکانی ڕەخنەکان ئەوە بوو کە کارەکان نەبوونەتە وەڵامدەرەوەی پێویست لەناو کۆمەڵگەی کورد و کۆمەڵگە کۆچبەر و پەراوێزخراوەکانی تر لە ئەورووپا. ئاماژە بەوە کرا کە بەپێچەوانەی دەستکەوتەکان، کارەکان زۆربەی جار جۆرە کەسانێکی دیاریکراویان بەلای خۆیاندا ڕاکێشاوە و هەندێک توێژی تریان فەرامۆش کردووە.

بۆ ڕێگری لە دروستبوونی نوخبەگەرایی و ڕێگریکردن لە کەڵەکەبوونی زانین لە دەستی گروپێکی کەمی دیاریکراودا، دەرکەوت جگە لەوەی کارەکان زیاتر دەستڕاگەیشتوو ببن و واقیعی کۆمەڵگە ببینن، گرنگە ناوەرۆک، ڕێباز و ئامانجەکانیشیان لەگەڵ پێداویستییە جدییەکاندا بگونجێندرێن. لەبەر ڕۆشنایی ئەو هەڵسەنگاندنە نوێیانەی خەبات لە کوردستان و دەرەوە ئاراستە دەکەن و تێگەیشتنێکی کۆمیناڵانە بۆ سۆسیالیزمی دیموکراتیک پێشنیاز دەکەن، گرنگ بوو هەڵسەنگاندن بۆ کاریگەرییەکانی پۆزەتیڤیزم، ناوەند-ئەوروپایی، کۆڵۆنیالیزم و سۆسیالیزمی بنیاتنراو لەناو پراتیکی کارەکانی ژنۆلۆژیدا بکرێت.

کۆنفرانسەکە هاوبیر بوو لەسەر ئەوەی تەنیا بە پێشکەشکردنی چوارچێوەی زانستی و بەرهەمهێنانی زانین نەمێنێتەوە، بەڵکو پێویستە پڕۆژەی بەرجەستەتر، بەتایبەتی لە ئاستی هەرێمیدا ڕێک بخرێن کە ژیانی ژنان و تەواوی کۆمەڵگە بە شێوازێکی بەردەوام و ڕادیکاڵانە بگۆڕن. ئەمە بەتایبەتی لە چوارچێوەی کارەکانی ئایندەی ئەکادیمیبوونی ژنۆلۆژیدا تاوتوێ کرا.

بڕیار درا لەمەودوا لە بری شێوازی کۆمیتەیی بەرتەسک، کارەکانی ژنۆلۆژی لە هەموو بوارەکاندا بە شێوازێکی فرەلایەن و کۆمیناڵ پراکتیک بکرێت. بۆ ئەمەش ئاماژە بەوە کرا کە پێویستە هەر ئەندامێک خۆی لەو خەباتەدا ببینێتەوە کە لەسەر بنەمای ژنۆلۆژی بەڕێوە دەچێت و خۆی بە بەرپرسیار ببێنێت. بابەتی پێداگۆگی (پەروەردەناسی) کە ڕێبازەکانی ژنۆلۆژیش لەخۆ دەگرێت هەڵسەنگاندنی بۆ کرا و پێشنیاز کرا بە ڕێبازی داهێنەرانەتر، کۆمەڵایەتیتر و سیاسیتر کار بکرێت. بەردەوام جەخت لەوە کرایەوە کە نابێت زانین لە کرداری ڕێکخستنی و خەباتی شۆڕشگێڕانە دابڕێنرێت.

لە گفتوگۆکاندا جەخت لەوە کرایەوە کە پێویستە ژنۆلۆژی ڕۆڵ ببینێت لە دیموکراتیککردنی خێزان و لەو خەباتە مێژووییەی بۆ وەرچەرخاندنی پیاو، لەبەر ڕۆشنایی گرنگیی خەباتی چینایەتی لە بنیاتنانی ئەلتەرناتیڤە ئابوورییە هەرەوەزییەکاندا و لە ئازادکردنی هونەر و کولتووردا. جەخت لەوە کرایەوە کە ژنانی گەنج بەتایبەتی لەم قۆناغەدا پێویستە ببنە هێزێکی ڕاستەقینەی پێشەنگ و وەک توخمێک سەیر نەکرێن کە دواتر بیریان لێ بکرێتەوە، بەڵکو بە شێوازێکی داهێنەرانە هاوکاری بخرێن و بەشداری پرۆسەکە ببن بۆ وەڵامدانەوەی کێشە و پێداویستییەکانیان. ئیکۆلۆژی کە بوارێکی سەرەکیی خەباتە بۆ پاراستنی ژیان لە بەرامبەر وێرانکارییەکانی سەرمایەداری، پێویستە بە پێکەوەکارکردنی بزوتنەوەکانی پێشەنگایەتیی گەنجان و ژنان لە سەرانسەری ئەورووپادا، لە ئاستی تیۆری دەربچێت و ببێتە بوارێکی کرداریی بەرجەستە. پێشنیازەکانی تر بریتی بوو لە هاویشتنی هەنگاوی بەرجەستە لە بوارەکانی بڵاوکراوە، چاپەمەنی و میدیادا وەک بوارێک بۆ هاوبەشکردن و دیموکراتیککردنی زانین و هزر.

ژنۆلۆژی جگە لە لێکۆڵینەوە لە ڕابردوو و شیکردنەوەی ئێستا، بەشێوەیەک کار دەکات کە هەموو کەسێک ئەو ئایندە نزیکە بخوێنێتەوە کە لەبەر ڕۆشنایی هاندانی توندوتیژی لە چوارچێوەی تەکنەلۆژیا نوێیەکان و جەنگی جیهانیی سێیەمدا دەگوزەرێن. هەڵوێستە فەلسەفی و میتۆدۆلۆژییەکانی دەبێت لە هەوڵی بەستنەوە و بەیەکگەیاندنی گەلان و خەباتەکانیاندا بێت.

ئەو ڕایەڵەیەی ژنۆلۆژی بە ژیانەوە دایدەمەزرێنێت، لە پەیجوورماندا بۆ بنیاتنانی کۆمەڵگەی کۆمیناڵ بەرجەستەی دەکات. کۆمین؛ بوارێکە کە ڕەنج، زانین و بەرپڕسیارێتی تێیدا بەش دەکرێن، بڕیارەکان پێکەوە دەدرێن و هەر ژنێک بە ئیرادەی خۆی بەشداری لە ژیانی هاوبەشدا دەکات. ئازادی لە پەیوەندییەکانماندا چرۆ دەکات؛ یەکسانی، لە بەشکردنی ڕەنج و بەرپڕسیارێتییەکاندا ڕەگ دادەکوتێت. دیموکراسی بەوە گەشە دەکات کە دەنگی هەمووان لە دامەزراندنی ژیاندا وەڵامی هەبێت. بەم هۆیەوە کۆمینەکان تەنیا وەک شێوازی ڕێکخستن نابینین، بەڵکو وەک بوارێک دەیانبینین کە تێیاندا زانینی ئازادیی ژنۆلۆژی ژیانی دەکرێن. جەخت لەوە کرایەوە کە پەرەدان بە چالاکییە کۆمیناڵییەکان کە ڕەنجی ژنان بینراو دەکەن، ئیرادەیان بەهێز دەکەن و پەیوەندییە پیاوسالارییەکان وەرچەرخێنن، بە بەرپڕسیارێتیی هاوبەشی خۆمان دەبینین.

لەو باوەڕەداین ڕوانگەی ژنۆلۆژی کە سەرچاوەی خۆی لە یادەوەریی مێژوویی ژن و ئەزموونی کەڵەکەبوونی هزری و خەبات بۆ ئازادی دەگرێت، ڕێنمایی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک دەکات و پێشەنگایەتی و ئیرادەی ژنان دەبێتە هێزێکی دامەزرێنەر لە ژیانی کۆمەڵایەتیدا. پێمان وایە ئاشتییەک کە بە ڕزگاریی ژن قووڵتر دەبێتەوە، لە ژیانی کۆمەڵایەتیدا ڕیشە دادەکوتێت؛ هەروەها دیموکراسییەک کە بە ئیرادەی ژن دەهۆنرێتەوە، ڕێگا بۆ ئایندەیەکی ئازاد و کۆمیناڵ دەڕەخسێنێت.

بەم کۆنفرانسە، ئامانجمانە خەباتی ژنۆلۆژی بەشێوەیەکی قووڵتر بگەیەنین، فێربوونی کۆلێكتیڤ بەهێزتر دەکەین، هاوپشتی لە نێوان نەوەکان و خەباتە جیاوازەکانی ژناندا گەورەتر دەکەین و ئەزموونەکانی ژیانی کۆمیناڵ بڵاو دەکەینەوە. سوورین لەسەر تێپەڕاندنی ڕێبازێک کە زانین لە ژیان، بیرکردنەوە لە ڕەنج و ئازادی لە بەرپڕسیارێتیی هاوبەش دادەبڕێت. بەبێ ئەوەی ئەزموونەکانمان لەیەک دابڕێنین، بە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ کەموکوڕییەکانماندا و بەکردنی دەنگی هەر هەرێمێک بە بەشێک لە بەرهەمهێنانی هاوبەش، بەرەو پێشەوە دەچین. هەوڵ دەدەین بۆ گەشەپێدانی ئەو کارانەی زانین و ئەزموونی ژنان بەیەک دەگەیەنن، بەرهەمهێنانی هاوبەش بە بەردەوامی دەهێڵنەوە و خەباتی ئازادی لە ژیانی ڕۆژانەدا بەهێزتر دەکەن.

ئازادی، بەڵێنێک نییە بۆ داهاتوو دوا بخرێت، بەڵکو ئەو ئومێدەیە کە ئەمڕۆ لە پەیوەندییەکاندا گەشەی پێ دەدەین و دەیاندەمەزرێنین. بە ژنۆلۆژی زانینمان ئازاد دەکەین، بە کۆمینەکان پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانمان سەرلەنوێ دەهۆنینەوە و ئیرادەی ژنان دەکەینە هێزی دامەزرێنەری ژیانی دیموکراتیک.

لە یادەوەرییەوە تا ئایندە، لە وتەوە تا ژیان، ڕێگەکە پێکەوە دەچنین. کۆمەڵایەتیبوون بە ڕوانگەی ژنۆلۆژی دەچنین، ئازادیی ژن دەکەینە ڕەگی کۆمەڵگەی دیموکراتیک و کۆمەڵگەی دیموکراتیک و کۆمیناڵ کە بە کۆمینەکان بنیاتی دەنێین.

بابەتی پەیوەندیدار