زیاتر لە دە ساڵ ئەزموونی ژنۆلۆژی لە ئەورووپا – بەشی دووەم

ڕاستییە خۆجێییەکان، یادەوەریی هاوبەشی ژنان

 بەرفین گوینەش

خۆجێیکردنی خەباتەکانی ژنۆلۆژی لە ئەورووپا، تەنیا بە مانای کارکردن لە وڵاتانی زیاتردا نەبوو. گۆڕانکارییە بنەڕەتییەکە ئەوە بوو کە هەر جوگرافیایەک، لە ڕوانگەی ژنۆلۆژییەوە، دەستی بە لێکۆڵینەوە لە مێژوو و ڕاستییەکانی ژن کرد. لە ئیتالیا میتۆلۆژی و بیرەوەریی مێژوویی؛ لە کاتالۆنیا ڕاوی جادووگەران و بەرخۆدانی ژنان لە سەردەمی فاشیزمدا؛ لە ئینگلتەرا کۆلۆنیالیزم، نیۆکۆلۆنیالیزم و ئەزموونی ژنانی کۆچبەر؛ لە سکۆتلەندا مێژووی دیموکراتیک؛ لە فەرەنسا ئەرکیۆلۆژیی ژن (شوێنەوارناسیی ژن) و لە ناوچە جیاوازەکاندا لێکۆڵینەوە لەسەر مێژووی خۆجێیی ژنان ئەنجام درا. کۆچ، خێزان، ناسنامە، ئینتیما، پەیوەندیی نێوان ژن و سروشت، و ژیانی تاراوگەبوون بوونە بوارەکانی دیکەی لێکۆڵینەوە.

بە بەرەوپێشچوونی ئەم لێکۆڵینەوانە، زیاتر دەرکەوت کە مێژووی ژنان لەناو یەک گێڕانەوەی گەورەدا جێگەی نابێتەوە. هەر جوگرافیایەک وەرچەرخان، بەرخۆدان، ژنانی لەبیرکراو و بیرەوەریی خۆی هەبوو کە لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی تر دەگوازرایەوە. بەم شێوەیە، دەرخستنی بیرەوەریی ژنان لە ئاستی وەرگرتنی زانیاریی زیاتر لەسەر ڕابردوو تێپەڕی؛ بووە ڕێگەیەک بۆ تێگەیشتن لەوەی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی ئەمڕۆ لەسەر کەلەپوورە مێژووییەکان چۆن شێوەیان گرتووە.

ژنۆلۆژی لە ڕێگەی ئەم بەریەککەوتنانەوە لە ئەورووپا دەوڵەمەندتر و قووڵتر بووەوە. لە کاتێکدا گۆشەنیگای هاوبەش پارێزرا، تایبەتمەندییە مێژوویی و کۆمەڵایەتییەکانی هەر جوگرافیایەک ڕەهەندی جیاوازی بۆ لێکۆڵینەوە لە ڕاستییەکانی ژن ئاشکرا کرد. ئەم ئەزموونە کەڵەکەبووەی لە ئاستی خۆجێییدا دروست بوو، ئەم پرسیارەی هێنایە ئاراوە کە چۆن ئەزموونە جیاوازەکان هاوبەش دەکرێن و دەگۆڕدرێن بۆ یادەوەرییەکی هاوبەشی ژنان.

ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەیەک و بوونی بە یادەوەرییەکی کۆمەڵایەتی دوو شتی جیاواز بوون. پێویست بوو لێکۆڵینەوەکان بەش بکرێن، وەربگێڕدرێن، لە پەروەردەکاندا تاوتوێ بکرێن، ژنانی وڵاتانی جیاواز لە کاری یەکتر ئاگادار بن و زانینی بەرهەمهاتوو جارێکی تر بگەڕێتەوە بۆ ژنان. لە پشت ئەو دانوستانانەی ئەمڕۆ لەسەر تۆڕە هاوبەشەکانی لێکۆڵینەوە، بڵاوکراوە، ئەرشیف، گرووپەکانی کار لەسەر بابەتەکان و ئەکادیمیبوون لە سەرانسەری ئەورووپادا دەکرێن، تا ڕادەیەک لەسەر ئەم پێداویستییە ڕاوەستاوە. بەم شێوەیە مانای لێکۆڵینەوەش فراوانتر دەبوو. ئاشکراکردنی مێژووی ژنان تەنیا تەواوکردنی لاپەڕە تەواونەکراوەکانی ڕابردوو نەبوو، بەڵکو ڕەخساندنی دەرفەت بوو بۆ ئەوەی خەباتی ئەمڕۆی ژنان پەیوەندی لەگەڵ بیرەوەریی خۆیدا دروست بکات، ئەزموونەکان لە نێوان نەوەکاندا بگوازرێنەوە و ئەو زانیارییانەی لە جوگرافیا جیاوازەکاندا بەرهەم دەهێنرێن یەکتر دەوڵەمەند بکەن. لێکۆڵینەوە، بەم مانایە، بووە بوارێک کە ڕایەڵەی نێوان یادەوەری، کۆمەڵایەتیبوون و ڕێکخستندا دروست دەکات.

ئەنتەرناسیۆنالیزمی ژنان: هاوبەشی لەگەڵ جیاوازییەکاندا

یەکێک لەو بوارە گرنگانەی خەسڵەتێکی تایبەتی بە ئەزموونی ئەورووپا بەخشی، ئەو پەیوەندییانە بوو کە لەگەڵ بزووتنەوە جیاوازەکانی ژناندا دروست کران. کاتێک ژنۆلۆژی ڕووی کارەکانی لە ئەورووپا کرد، ڕووبەڕووی مێژوویەکی درێژخایەنی بزووتنەوەکانی ژنان و خەباتی فێمینیستی بووەوە. ئەزموونێکی کەڵەکەبووی فراوان هەبوو کە لە فێمینیزمی سۆسیالیستییەوە تا فێمینیزمی ڕادیکاڵ، لە بیرکردنەوەی فێمینیستیی ڕەشپێست و دژە کۆلۆنیالیزمەوە تا ئێکۆفێمینیزم، و لە بزووتنەوەکانی ژنانی کۆچبەرەوە تا خەباتی جیاوازی ژنانی خۆجێیی درێژ دەبووەوە.

لە ساڵانی یەکەمدا، جیاوازییەکانی نێوان ژنۆلۆژی و فێمینیزم زیاتر تاوتوێ دەکران. بەتایبەتی ئەو ڕەخنانەی ئاڕاستەی ڕوانگەکانی فێمینیزمی لیبراڵ دەکران کە ئازادییان لە سنووری مافە تاکەکەسییەکان و نوێنەرایەتیکردندا دەبینییەوە، هەندێک جار وەکو ڕەتکردنەوەی فێمینیزم لەلایەن ژنۆلۆژییەوە لێک دەدرایەوە. بە تێپەڕبوونی کات لە کارەکانی چەندین ساڵدا، ڕوونتر دەرکەوت ئەم پەیوەندییە زۆر دەوڵەمەندتر، فرەڕەهەندتر، پەیوەندیدارتر و بونیادیترە لەوەی کە لە بەرەنگاربوونەوەیەکی لەو شێوەیەدا جێگەی ببێتەوە.

خەباتە فێمینیستییەکان ئەو پەیوەندییانەیان ئاشکرا کردبوو کە پیاوسالاری نادیدەی کردبوون و کەلەپوورێکی هزریی بەهێزیان لە بەرهەمهێنانی زانینی ژناندا دروست کردبوو. ژنۆلۆژی لە ڕاستهاتنی لەگەڵ ئەم ئەزموونە کەڵەکەبووەدا، لەسەر بنەمای ئاڕاستەی چەمکی، ئایدیۆلۆژی و سیاسیی تایبەت بە خۆی پەرەی بە پرسیاری نوێ دا، لەگەڵ ئەو ئەزموونانەی بزووتنەوە جیاوازەکانی ژنان لەسەر ڕەگەزگەرایی، کۆلۆنیالیزم، ژینگە، کۆچ، جەستە و ناسنامە کەڵەکەیان کردبوو. بەم شێوەیە بوارەکانی نوێی گفتوگۆ و فێربوون لە نێوان ئەزموونە جیاوازەکانی زانین و خەباتدا دروست دەبوون.

یەکێک لە ئەنجامە گرنگەکانی ئەزموونی زیاتر لە دە ساڵ لێرەدا دەرکەوت: هێزی بیرۆکەیەک تەنیا بەوەوە بەستراوە نەبوو کە تا چەند دەتوانێت خۆی بە باشی شیکار بکات، بەڵکو بەوەشەوە بەسترابووەوە کە تا چەند دەتوانێت لە بەریەککەوتنەکانەوە فێر بێت و پرسیارەکانی خۆی لەناو ئەم بەریەککەوتنانەدا قووڵتر بکاتەوە.

شۆڕشی ژنانی ڕۆژئاڤا ئەم بەریەککەوتنانەی بۆ بوارێکی زۆر فراوانتر گواستەوە. دەرکەوتنی زیاتری ئەزموونێک کە تێیدا ژنان وەک بکەری دامەزرێنەر لە ژیانی کۆمەڵایەتی، سیاسی و ڕێکخستندا بەشدار بوون، سەرنجی بەرچاوی لە ئەورووپا بۆ سەر بزووتنەوەی ژنانی کورد و ژنۆلۆژی زیاد کرد. زۆرێک لە ژنان یەکەم پەیوەندیی بەهێزی خۆیان لەگەڵ ژنۆلۆژی و بزووتنەوەی ئازادیی ژنانی کوردستاندا لە ڕێگەی ڕۆژئاڤاوە دروست کرد.

بە تێپەڕبوونی کات دەرکەوت کە ئەم پەیوەندییە ناتوانێت تەنیا لە ئاستی پشتیوانییەکی کاتی بۆ تێگەیشتن لە ڕۆژئاڤا بمێنێتەوە. ئەنتەرناسیۆنالیزمی ژنان بریتی نەبوو لە دووبارەکردنەوەی مۆدێلێک کە لە جوگرافیایەکی تردا پەرەی پێدرابوو بۆ جوگرافیایەکی تر بگوازرێتەوە. گەڕان بەدوای زانینی ژنان کە لە کوردستانەوە سەری هەڵدا، گەیشتە ڕاستیی یادەوەریی ڕاوی جادووگەران لە کاتالۆنیا، خەباتی ژنان لە وڵاتی بەسک، مێژووی کۆلۆنیالیزم لە ئیرلەندا و سکۆتلەندا، یادەوەریی میتۆلۆژی لە ئیتالیا و ئەزموونی ژنانی کۆچبەری نیشتەجێی ئەورووپا. ئەم بەریەککەوتنانە گفتوگۆکانی لەسەر ئەنتەرناسیۆنالیزمی ژنان و کۆنفیدراڵیزمی جیهانیی ژنانیشی قووڵتر کردەوە.

ئەم مێژووانە بەقەد لایەنە هاوبەشەکانیان، خاوەنی بارودۆخی کۆمەڵایەتی، بیرەوەری و ئەزموونی خەباتی تایبەت بە خۆیان بوون. هێزی ئەنتەرناسیۆنالیزمیش لە یەکڕەنگکردن و وەک یەک لێکردنیان نەبوو، بەڵکو پەرەپێدانی پەیوەندییەکی مانا‌دارتر بوو کە تێیدا هەر بزووتنەوەیەک بتوانێت لە مێژوو و ڕاستیی کۆمەڵایەتیی خۆیەوە قسە بکات، بەڵکو لە ئەزموونی ژنانی تردا گەڕانی خۆی بۆ ئازادی قووڵتر بکاتەوە.

کاتێک بەم شێوەیە لێی بڕوانرێت، لە ڕوانگەی ژنۆلۆژییەوە ئەنتەرناسیۆنالیزم تەنیا پشتیوانی و هاوپشتی نییە، بەڵکو شێوازێکە لە فێربوون لە یەکتر، بەرهەمهێنانی زانینی بەکۆمەڵ، و بەستنەوەی ڕاستییە جیاوازەکانی ژنان لەناو پەیجوورێکی هاوبەشدا بۆ ئازادی.

ئەم پەیوەندییە دوولایەنەیە، لە کاتێکدا مەودای هزریی ژنۆلۆژی لە ئەورووپا فراوانتر دەکرد، ئەزموونی خەباتی درێژخایەنی بزووتنەوەی ژنانی کوردیش ئەزموونێکی جیاوازی پێشکەش بەو دانوستانانە کرد کە ژنانی جوگرافیاکانی تر لەسەر ڕێکخستن، خۆپاراستن، خۆبەڕێوەبەریی ژنان و وەرچەرخانی کۆمەڵایەتی زیادیان دەکرد.

بەڵام لەگەڵ بەهێزبوونی کارێکتەرە ئەنتەرناسیۆنالەکەیدا، پێداویستییەکی تر زیاتر دەرکەوت: ئەو خەباتەی لەگەڵ ژنانی کوردستانیی نیشتەجێی ئەورووپا دەکرا، لە هەموو شوێنێک بە یەک ئاست قووڵ نەدەبووەوە. لە ساڵانی دواییدا، ئەو خەباتەی لەسەر خێزان، کۆچبەری، پەیوەندیی نێوان نەوەکان، ناسنامە و ئینتیما پەرەی پێدرا، بوونە هەنگاوی گرنگ بۆ بەهێزکردنی ئەم بوارە.

لێرەدا پێویستە ئەنتەرناسیۆنالیزم و ڕیشەداربوونی لە ڕەوتی کۆمەڵایەتیی خۆیدا وەکو دوو پرۆسە بیریان لێ بڕوانرێت و لێ بكرێتەوە کە یەکتر دەوڵەمەند دەکەن. ژنۆلۆژییەک کە ڕاستییەکانی ژن لە کۆمەڵگەی خۆیدا بە قووڵی بکۆڵێتەوە و کۆمەڵایەتییان بکات، دەتوانێت لە ڕێگەی ئەزموونێکی بەهێزترەوە لەگەڵ بزووتنەوەکانی تری ژنان بیگەیەنێتە یەک؛ بەریەککەوتنە ئەنتەرناسیۆناڵییەکانیش دەتوانن دەرفەتێک بڕەخسێنن بۆ سەرلەنوێ بیرکردنەوە لە ژیانی ژنانی کوردستانی لە ئەورووپا، لەژێر ڕۆشنایی ئەزموونەکانی تردا.

کۆمەڵایەتیبوون و ڕێکخستن: هەوڵ و لێگەڕینەکانی سەردەمی نوێ

یەکێک لەو گفتوگۆ گرنگانەی ئەزموونی زیاتر لە دە ساڵ هێناویەتە ئاراوە، پرسیاری ئەوەیە کە ژنۆلۆژی خۆی گەیاندووەتە کێ؟ کارەکانی تا ئەمڕۆ ئەنجامی ڕەنجی هاوبەشی سەدان ژنن. کارەکانی ساڵانی یەکەم، زیاتر لەناو بازنەی ئەو ژنانەدا دەنگدانەوەی بەهێزی هەبوو کە لە دانوستانە سیاسی، ئاکتیڤیست، فێمینیست، ئەکادیمی یان ڕۆشنبیرییەکانەوە نزیک بوون. بەڵام ڕاستیی ژنان لە ئەورووپا لەوە زۆر فراوانترە: ژنانی کۆچبەر، ژنانی کرێکار، ئەوانەی ئەرکی قورسی چاودێریکردنیان لەسەرە، ئەوانەی بە زمانی جیاواز قسە دەکەن، و توێژێکی زۆر فراوانی ژنان هەن کە لەناو بارودۆخی قورسی ژیانی ڕۆژانەدان، کە زەحمەتە کات بۆ خەباتی ڕێکخراو تەرخان بکەن.

مەسەلەکە لێرەدا تەنیا “گەیشتن بە ژمارەیەکی زیاتری ژنان” نییە؛ ئەگەر ئەزموونی ژیانی ژنان سەرچاوەیەکی زانین بێت، دابڕانی هەندێک ژن لە پرۆسەکانی لێکۆڵینەوە و دانوستان، لە هەمان کاتدا بە مانای کەمهێنانە لە زانینی بەرهەمهاتوو. بۆیە کۆمەڵایەتیبوونی ژنۆلۆژی، بەقەد بڵاوبوونەوەی چەمک و بیرۆکەکان، بە مانای زۆربوونی ئەو زەمینانەش دێت کە ژنان دەتوانن تێیاندا لێکۆڵینەوە لە ژیانی خۆیان بکەن، گوتەی خۆیان بگۆڕن بۆ زانین و لە دەوری ئەم زانینەدا پەرە بە بوارەکانی خەباتی هاوبەش و ڕێکخستن بدەن.

ئەم هەڵوێستە ڕاستەوخۆ کاریگەریی لەسەر ڕێبازەکانی کارکردنیش هەیە. زمان، وەرگێڕان، کاتەکانی کارکردن، چاودێریکردنی منداڵ، هاتووچۆ، ڕێبازەکانی پەروەردە و شوێنی کۆبوونەوەکان لە وردەکاریی تەکنیکی تێدەپەڕن و دەبنە دەرفەت و هەلومەرجێک بۆ بەشداربوونی ژنان لە بەرهەمهێنانی زانین و ژیانی ڕێکخراودا.

پەیوەندی لەگەڵ ژنانی گەنجیش بەرەبەرە دەبێتە بەشێکی گرنگتر لەم گفتوگۆیانەدا. بەتایبەتی ئەزموونی ژنانی گەنجی کورد کە لە ئەورووپا لەدایک بوون یان گەورە بوون، لە زۆر ڕووەوە لە نەوەکانی پێشووتر جیاوازە؛ بۆ کێشەکانی ناسنامە و ئینتیما، ژیانی دیجیتاڵی، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، تەنیایی و گۆشەگیری، بێمتمانەیی لە ئاینده، فشارە نوێیەکانی سەر جەستە و زیادبوونی شێوازە خێرا گۆڕاوەکانی پەیوەندییەکان.

لە ئاست ئەم ڕاستییەدا، تەنیا پرسیاری “ژنۆلۆژی چۆن لە ژنانی گەنج بگەیەنین؟” بەس نییە. پێویستە پرسیارەکە لە ئاڕاستەیەکی ترەوە سەرچاوە بگرێت و بپێورێت: ئەو جیهانەی ژنانی گەنج تێیدا دەژین، چ پرسیارێکی نوێ ڕووبەڕووی ژنۆلۆژی دەکاتەوە؟

خۆبوون (Xwebûn) لە سەردەمی دیجیتاڵیدا چی دەگەیەنێت؟ خۆپاراستن لە بەرامبەر سەرمایەداریی دیجیتاڵیدا، کە بەردەوام شێوە بە سەرنج، هەست، تێگەیشتن لە جەستە و پەیوەندییەکانی مرۆڤ دەدات، چۆن بیری لێ بكرێتەوە؟ کۆمەڵایەتیبوون لە ژیانی نەوەیەکدا کە بەرەبەرە بەرەو تاکگەرایی دەچێت و لەناو پەیوەندییە مەجازییەکاندا لەبەرەک هەڵدەوەشێت، چۆن سەرلەنوێ دادەمەزرێتەوە؟

بەیەکگەیشتنی قووڵتری نەوە نوێیەکان لەگەڵ ژنۆلۆژیدا تەنیا لە ڕوانگەی بەردەوامیی خەباتەکەوە گرنگ نییە، بەڵکو بۆ زیندویەتیی هزری و خەباتی درێژخایەنیشی بایەخدارە. کاتێک هر نەوەیەک پرسیارەکانی خۆی دەهێنێتە ئاراوە، گەڕانی ژنۆلۆژیش بۆ ڕاستی، ڕەهەندی نوێ بەدەست دەهێنێت.

ئەمڕۆ ئەو گفتوگۆیانەی لەسەر مۆدێلی نوێی ڕێکخستن، گرووپی بابەتەکانی لێکۆڵینەوە، ئەکادیمیبوون، بەهێزکردنی خەباتە خۆجێییەکان و دروستکردنی تۆڕێکی زیندوتری سەرانسەری ئەورووپا دەکەرێن، ئەنجامی تەواوی ئەم ئەزموونانەن. کۆمیتەکان لەم ساڵانەدا ئەزموونی کەڵەکەبووی خۆجێیی گرنگیان دروست کردووە؛ ئێستا گفتوگۆ لەسەر ئەوە دەکرێت کە چۆن ئەم ئەزموونانە، بەبێ دابڕان لە یەکتر، هاوبەش بڕێن و بە شێوازی نوێی کار پەرەیان پێ بدرێت.

ئەوەی لێرەدا پێویستە، نە پێکهاتەیەکە کە هەموو بوارێک لە یەک ناوەندەوە بەڕێوە ببات، نە گرووپە خۆجێییەکانن کە بێ ئاگاداری لە یەکتر کار بکەن. دەکرێت تۆڕێکی بەهێزتری ئەورووپا پەرەی پێ بدرێت کە تایبەتمەندیی جوگرافیا جیاوازەکان بپارێزێت، بەڵام لە ڕێگەی لێکۆڵینەوە، پەروەردە، بڵاوکراوە و ناونیشانی بابەتە هاوبەشەکانەوە یەکتر دەوڵەمەند بکەن.

گفتوگۆکانی سەر ئەکادیمیبوونیش بەشێکە لەم پرۆسەیە. لە ڕوانگەی ژنۆلۆژییەوە، پێویستە ئەکادیمیبوون وەکو پەرەپێدانی ئەو بوارانە بیری لێ بكرێتەوە کە ژنان دەتوانن تێیاندا لێکۆڵینەوە بکەن، قاڵبوونەوەی هزری دروست بکەن، نەوەکان لە یەکترەوە فێر ببن، پرۆسەیەکی بەردەوام لە نێوان لێکۆڵینەوە و پەروەردەدا دابمەزرێنن و ئەو زانیارییەی لەناو کۆمەڵگەوە بەرهەم هاتوو، بگەڕێننەوە بۆ ناو کۆمەڵگە.

پرسیاری ئەوەی کە لێکۆڵینەوە، پەروەردە، کامپ، ڕاگەیاندن-بڵاوکراوە و ڕێکخستن چۆن دەتوانن بە شێوەیەکی بەهێزتر یەکتر دەوڵەمەند بکەن، یەکێکە لە پرسیارە سەرەکییەکانی بەردەممان. تا ئەو ئاستەی بوارێک دابمەزرێت تێیدا یادەوەریی لێکۆڵراوی ژنان بۆ پەروەردە، پرسیارە گەشەسەندوەکانی پەروەردە بۆ لێکۆڵینەوەی نوێ، لێکۆڵینەوە بۆ بڵاوکراوە، و تەواوی ئەمانەش بۆ ڕێکخستنی خۆجێیی بگەڕێنەوە، ئەوا زانین بەڕاستی دەتوانێت کۆمەڵگەیی ببێت.

کاتێک لەم خاڵەوە تەماشای ئەزموونی زیاتر لە دە ساڵی ئەورووپا دەکەین، بەس نییە تابلۆکە تەنیا لە ڕێگەی سەرکەوتنەکان یان کەموکۆڕییەکانەوە بخوێنینەوە. کۆنفرانسەکان بوارێکی هزرییان ڕەخساند؛ ئەم بوارە پێداویستیی فێربوونی قووڵتری هێنایە ئاراوە. کامپەکان زانیارییان لەگەڵ ژیانی بەکۆمەڵدا کۆکردەوە؛ پێداویستیی بەردەوامی، کۆمیتە و گرووپەکانی لێکۆڵینەوەی گەشە پێ دا. بە زۆربوونی خەباتە خۆجێییەکان، پێداویستیی بیرەوەریی هاوبەش و هەماهەنگی ئاشکرا تر بوو. لە کاتێکدا پەیوەندییە ئەنتەرناسیۆنالییەکان خەباتەکانی ژنۆلۆژییان بە بەریەککەوتنی نوێ قووڵتر دەکردەوە، نیشانیشیان دا کە پێویستە پەیوەندی لەگەڵ زەمینەی کۆمەڵایەتیی خۆماندا بەهێزتر بکرێت. سنوورەکانی کۆمەڵایەتیبوونیش ئێمەیان سەرلەنوێ بردە ژێر پرسیاری زانین: کێ قسە دەکات، کێ لێکۆڵینەوە دەکات، ئەزموونی کێ دەبێتە زانین؟

لەوانەیە بەهادارترین ئەزموونی زیاتر لە دە ساڵ لێرەدا بێت. هەر قۆناغێک لە کاتی بەرهەمهێنانی وەڵامێکدا، پرسیارێکی نوێی ئاشکرا کرد. گەشەسەندنی ژنۆلۆژی لە ئەورووپا، لەبری ئەوەی جێبەجێکردنی مۆدێلێکی تەواوبوو بێت، بووە پەیجوورێک کە لە پەیوەندیی خۆی لەگەڵ ژنان و ژیاندا بەردەوام خۆی نوێ دەکاتەوە.

ئەمڕۆ ئیتر لە خاڵی دەستپێکی ساڵانی یەکەمدا نین. لە کۆنفرانسەکانەوە بۆ کامپەکان، لە گرووپەکانی لێکۆڵینەوەوە بۆ کۆمیتە خۆجێییەکان، لە خەباتەکانی یادەوەریی ژنانەوە تا ئەو پەیوەندییانەی لەگەڵ توێژ و بزووتنەوە جیاوازەکانی ژنان، و بازنە فێمینیستی و ئەکادیمییەکاندا دروست کراون، ئەزموونێکی کەڵەکەبووی هزری، کۆمەڵایەتی و ڕێکخستنیی گرنگ دروست بووە.

ئێستا لە سەردەمێکی نوێداین

گەیاندنی ژنۆلۆژی بە ژمارەیەکی زیاتری ژنان، بە دڵنیاییەوە وەک ئەرکێک لە بەردەمماندا بەردەوام دەبێت. بەڵام ئەمڕۆ بە شێوەیەکی بنەڕەتیتر، گفتوگۆ لەسەر ئەوە دەکەین کە چۆن ئەو زانین، بیرەوەری، ڕێباز و پەیوەندییانەی لە ماوەی زیاتر لە دە ساڵدا دروست بوون، دەگۆڕدرێن بۆ هێزێکی کۆمەڵایەتیی بەردەوامتر. لێکۆڵینەوە لە ئامرازەکانی خەباتێکی ژنۆلۆژی دەکەین کە لە ئاستی خۆجێییدا ڕەگ دادەکوتێت بەڵام لە سەرانسەری ئەورووپادا یەکتر دەوڵەمەند دەکات؛ لە کاتێکدا پەیوەندی لەگەڵ ژنانی کوردستانی قووڵتر دەکاتەوە، بەردەوام دەبێت لە بیرکردنەوەی بەکۆمەڵ لەگەڵ ژنانی کولتوور و گەلانی تر. لە کاتێکدا پەیوەندی لەگەڵ ئەکادیمیادا دروست دەکات، پرسیاری نوێ ئاڕاستەی تێگەیشتنی باوی زانین دەکات و بانگهێشتی دەکات بۆ سەرلەنوێ بیرکردنەوە؛ بە پرسیارەکانی ژنانی گەنج خۆی نوێ دەکاتەوە؛ و لێکۆڵینەوە لە ڕێکخستن، و ڕێکخستنیش لە ژیان جیا ناکاتەوە.

لەوانەیە بنەڕەتیترین شت کە ئەزموونی زیاتر لە دە ساڵ پێی وتووین ئەمە بێت: ژنۆلۆژی لە ئەورووپا تەنیا شیکاری نەکردووە، ڕووبەڕوو بووەوە، فێر بوو، لێکۆڵینەوەی کرد، پەیوەندیی دروست کرد، ڕێبازەکانی خۆی پەرە پێ دا و ڕێگەی نوێی کردەوە. ئەزموونی کەڵەکەبووی ئازادیی ژنان لە کوردستانەوە، کاتێک لەگەڵ یادەوەرییە جیاوازەکانی ژنانی ئەورووپادا گەیشتە یەک، هەر بەریەککەوتنێک پرسیاری نوێی پێ بەخشی. ئەمڕۆ سەرلەنوێ دەگەڕێینەوە بۆ سادەترین بەڵام بەهێزترین پەیجووری سەرەتا: کردنی زانینی ژنان بە زانینی ژیان.

دوای زیاتر لە دە ساڵ ئەزموون، مانای ئەوە بە دیاریکراوی دەزانین. بە هێندەی هێنانەئارای زانینی ژنان، پێویستە بوارە کۆمەڵایەتییەکان بۆ بەشکردنی بخوڵقێنرێن؛ بە هێندەی لێکۆڵینەوە لە یادەوەری، پێویستە بگوازرێتەوە بۆ نەوەکان؛ بە هێندەی بیرکردنەوە لە ئازادی، پێویستە پەیوەندییەکانی دابمەزرێنرێن؛ و بە هێندەی بەرهەمهێنانی زانین، پێویستە لە دەوریدا کۆمەڵگە ڕێکخستن بکرێت.

لەوانەیە سەردەمی نوێی خەباتەکانی ژنۆلۆژی لە ئەورووپا ڕێک لەم خاڵەوە دەست پێ بکات: لەو شوێنەی کە بتوانین زانین، یادەوەری و ئەزموونی کەڵەکەکراومان بگۆڕین بۆ کۆمەڵایەتیبوونێکی بەهێزتری ژنان و پەیجوورێکی هاوبەش بۆ ژیانی ئازاد.

بابەتی پەیوەندیدار