ئەزموونی زیاتر لە دە ساڵی ژنۆلۆژی لە ئەورووپا – بەشی یەکەم

شوێنپێی پەیجوورێک لە حەقیقەتی ژنەوە بەرەو کۆمەڵایەتیبوون

بەرفین گوینەش

ئەم ئەزموونەی زیاتر لە دە ساڵی تێپەڕاند چۆن بوو؟ ژنۆلۆژی لە ئەورووپا چی فێر کرد و چی فێر بوو؟ لەناو ئەو پەیوەندییانەی لەگەڵ ژناندا سازی کردن، چۆن گەشەی سەند و ئەم ئەزموونە کەڵەکەبووەی ئەمڕۆ چ بەرپرسیارێتییەکی نوێ لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت؟

ماوەیەکە بە بڕگە و ڕەهەندی جیاوازەوە هەڵسەنگاندن و گفتوگۆ لەسەر چالاکییەکانی قۆناغی ڕابردووی ژنۆلۆژی دەکەین، کە زیاتر لە دە ساڵە لە ئەورووپا بەڕێوە دەچن. لەم دواییانەدا دیدارێک لە مارسیلیا بۆ هەڵسەنگاندنی چالاکییەکانی ژنۆلۆژیی ئەورووپا بەڕێوە چوو. ئەو گفگوگۆیانەی لە کۆمیتە ناوخۆییەکانی ژنۆلۆژی و ئەنجومەنی ژناندا کران، ئەو هەڵسەنگاندنانەی لە کامپە هاوینییەکانی ژنۆلۆژیدا ئەنجام دران، و کۆنفرانسی داهاتووی ژنۆلۆژیی ئەورووپا، زەمینەیەکی گرنگ دەخولقێنن- لە یادەوەرییەکی هاوبەشدا – بۆ دووبارە دەستپێکردنەوە لەسەر بنەمای ئەو ئەزموونەی لەم ساڵانەدا کەڵەکە بووە. ئەم پرۆسەیە دەرفەتێکمان پێ دەدات پێکەوە بیر لەوە بکەینەوە کە لە کوێوە دەستمان پێ کرد، چ ڕێبازێکمان پەرە پێ دا، چۆن پەیوەندیمان لەگەڵ ژنانی جۆراوجۆری جوگرافیا جیاوازەکاندا دروست کرد، چالاکییەکان چۆن لە ژیان و ڕێکخستنی ژناندا ڕەنگیان دایەوە، و ئەمڕۆ چ پێداویستییەکی نوێ هاتووەتە ئاراوە.

یەکەم کۆنفرانس لە کۆڵن

زیاتر لە دە ساڵ، ماوەیەکی گرنگە بۆ ئەوەی ژنۆلۆژی ئەزموونێکی تایبەت بە خۆی لە ئەورووپا پێک بهێنێت. بەو کۆنفرانسانەی لە کۆڵن دەستیان پێ کرد و بە کۆبوونەوەکانی پاریس و ستۆکهۆڵم بەردەوام بوون، چالاکییەکان لە ڕێگەی پەروەردە و کامپەکانەوە شێوازی جیاوازیان بە خۆیانەوە گرت. لە ساڵی ٢٠١٩وە بە پەرەسەندنی کۆمیتە و گرووپەکانی توێژینەوە لە زۆربەی وڵاتاندا، زەمینەیەکی هەرێمی و بەردەوامتر بۆ کار هاتە ئاراوە. لە بواری جیاوازی وەک: مێژووی ژنان، ڕاوی جادووگەران، کۆلۆنیالیزم و نێوکۆلۆنیالیزم، کۆچبەری، ئەفسانەناسی، ئەرکیۆلۆژیی ژن، پەیوەندیی ژن و سروشت، خێزان، ناسنامە، مێژووی دیموکراتیک و هتد… توێژینەوە کران. پەیوەندییەکان لەگەڵ بزووتنەوەکانی ژنان، بزووتنەوە فێمینیستەکان، ژنانی نەتەوە جیاوازەکان و بازنە ئەکادیمییەکان، ڕەهەندی نێونەتەوەیی ژنۆلۆژییان لە ئەورووپا ڕۆژ بە ڕۆژ بەهێزتر کرد.

هەر هەنگاوێک ڕێگەی بۆ هەنگاوی نوێ خۆش کرد

بە بەردەوامبوونی پرۆسەکە، هەر ئەزموونێک ڕێگەی بۆ پرسیار، ڕێباز و شێوازی نوێی ڕێکخستن کردەوە. ئەو فەزا فکرییەی کۆنفرانسەکان کردیانەوە، ڕێبازی بەشداریکارانەی پەروەردەی بەهێزتر کرد. ئەزموونی ژیانی بەکۆمەڵ لە کامپەکاندا، پێویستیی بەردەوامی و ڕێکخستنی هەرێمیی زیاتر بەرچاوتر کرد. توێژینەوە هەرێمییەکان زەمینەیان بۆ کۆمیتەسازی و هێنانەئارای سیستماتیکتری یادەوەریی ژنان ڕەخساند. گەشەسەندنی کۆمیتە هەرێمییە جیاوازەکان پرسیاری نوێی دروست کرد: ئەم ئەزموونەی لە جوگرافیا جیاوازەکاندا دروست بووە، چۆن دەکرێت بێ ئەوەی تایبەتمەندییە هەرێمییەکانی لە دەست بدات، بەش بکرێت و زیاتر کۆمەڵایەتی بێتەوە؟

ئەمڕۆ کە دووبارە سەیری گەشەی زیاتر لە دە ساڵی چالاکییەکانی ژنۆلۆژی لە ئەورووپا دەکەینەوە، ژنۆلۆژی تەنها ناساندنی چەمکێک یاخود بڵاوبوونەوەی بوارێکی کارکردن لە وڵاتە جیاوازەکاندا نەبووە. ئەم پرۆسەیە ئەزموونێکی فرەڕەهەند بوو کە تێیدا هەوڵی بزووتنەوەی ئازادیی ژنان بۆ پەرەپێدانی زانین و ڕێبازی خۆی، لەگەڵ واقیعە مێژوویی، کولتووری و کۆمەڵایەتییە جیاوازەکانی ئەورووپادا بەیەک گەیشتن. ژنۆلۆژی کە لەناو خەبات، خۆڕێکخستن و تێڕامانی فکر و باوەڕی بزووتنەوەی ئازادیی ژنانی کوردستاندا گەشەی سەند، لەگەڵ هەر بیرەوەرییەکی نوێی ژنان، خەبات و واقیعێکی کۆمەڵایەتی کە لە ئەورووپا بەرەوڕووی بووەوە، پرسیارەکانی خۆی قووڵتر کردەوە. هەر بۆیە گونجاوترە ئەزموونی ئەورووپا تەنها لە ڕێگەی ناساندنی ژنۆلۆژییەوە هەڵنەسەنگێندرێت، بەڵکو وەک ئەزموونێکی بەرجەستەی گەڕان بۆ دیاریکردنی حەقیقەت و زانینی ژنان، دووبارە بەستنەوەی زانین بە ژیانەوە و گۆڕینی ئەم زانینە بۆ هێزێکی کۆمەڵایەتی ببینرێت.

ئەو هەڵسەنگاندنەی ئەمڕۆ دەیکەین بە تەواوی لەم خاڵەوە دەست پێ دەکات: ئەم ئەزموونەی زیاتر لە دە ساڵ بوو بە چی؟ ژنۆلۆژی لە ئەورووپا چی فێر کرد و چی فێر بوو؟ لەناو ئەو پەیوەندییانەی لەگەڵ ژناندا سازی کردن چۆن گەشەی کرد و ئەم ئەزموونە کەڵەکەبووە ئەمڕۆ چ بەرپرسیارێتییەکی نوێ لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت؟

لە زانینەوە بۆ حەقیقەت، لە حەقیقەتەوە بۆ ژیان

کاتێک ژنۆلۆژی بۆ یەکەم جار لە ئەورووپا کەوتە بەر باس و خواس، یەکێک لە بابەتە سەرەکییەکان کە سەرنجی ڕاکێشا، شێوازی مامەڵەکردنی بوو لەگەڵ زانین: چۆن مێژوو، ئەزموون و زانینی کۆمەڵایەتیی ژنان لە پەراوێزی زانستەکاندا ماوەتەوە؟ بۆچی ئەو ڕۆڵەی ژنان بۆ هەزاران ساڵ لە بەرهەمهێنانی ژیاندا گێڕاویانە، بە هەمان ئەندازە لەناو مێژووی زانیندا دیار نییە؟ ژن دەتوانێت بە چ ڕێبازێک لە مێژوو، کۆمەڵگە و خۆی بکۆڵێتەوە؟

ئەم پرسیارانە بنەمای گەڕانی بەدوای حەقیقەتدا پێک دەهێنا کە لەناو بزووتنەوەی ئازادیی ژنانی کوردستاندا گەشەی سەندبوو. کاتێک ئەم گەڕانە بەدوای حەقیقەتدا گوێزرایەوە بۆ ئەورووپا، تووشی ڕووبەڕووبوونەوەیەکی بەهێز بووەوە لەگەڵ جیهانی زانینی مۆدێرندا. ئێرە جوگرافیایەک بوو کە زانکۆکان، ناوەندەکانی توێژینەوە و دیسپلینە پسپۆڕییەکان تێیدا بەهێز بوون؛ زانیاری تا ڕادەیەکی زۆر لەناو ڕێبازە دامەزراوەییەکان، پێوەرە ئەکادیمییەکان و بوارە پیشەییەکاندا بەرهەم دەهات. بەم پێیە، ئەزموونی ئەورووپای ژنۆلۆژی هەر لە سەرەتاوە هەندێک پرسیاری بنەڕەتیی پەیوەست بە یەکی هێنایە ئاراوە: زانین چۆن و لە کوێ بەرهەم دەهێنرێت؟ لەلایەن کێوە و بۆ کێ بەرهەم دەهێنرێت؟ زانینی بەرهەمهێنراو چۆن پەیوەندی لەگەڵ ژیان و کۆمەڵگەدا دروست دەکات؟

ڕەخنەی ژنۆلۆژی لە تێگەیشتنی زانینی مۆدێرن هەر لەم خاڵەوە سەرچاوە دەگرێت. ئەم ڕەخنەیە لە پرسیارکردن لەسەر ئەوەی زانین چۆن و لەناو چ پەیوەندییەکی کۆمەڵایەتیدا بەرهەم دەهێنرێت، دەست پێ دەکات. ئەو جیاکارییەی هزری پۆزەتیڤیستی لە نێوان سوژەی زانەر و ئۆبژەی زانراودا دروستی دەکات؛ دیسپلینی پارچەکردنی سروشت، کۆمەڵگە و مرۆڤ دەگۆڕێت بۆ بوارەکانی توێژینەوەی دابڕاو لە یەکتر. ئەو گریمانەیەی کە زانین بێلایەنە و سەربەخۆیە لە پەیوەندییەکانی دەسەڵات، و دابڕاندنی زانین لە ئەزموون، هەست و ژیان، لە ڕوانگەی ژنۆلۆژییەوە ئەو بابەتە بنەڕەتییانەن کە دەبێت دووبارە بیریان لێ بكرێتەوە؛ چونکە کامە زانین بەنرخ هەژمار دەکرێت، کێ مافی بەرهەمهێنانی زانینی هەیە و کێ مێژووەکەی تۆمار دەکات، دابڕاو نییە لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان. کاتێک مێژوو، ڕەنج، ئەزموونی کۆمەڵایەتی، پەیوەندی لەگەڵ سروشت و ئەو یادەوەرییەی ژنان لە نەوەکانەوە هەڵیانگرتووە نادیدە دەکرێت، تەنها زانینی کەم و کەموکوڕ لەسەر ژن دروست ناکات، بەڵکو حەقیقەتی کۆمەڵایەتیی خۆشی بە شێوەیەکی کەموکوڕ، پارچەکراو و شێوێندراو دەگەیەنێت.

هەوڵ و لێگەڕینەکانی ژنۆلۆژی بۆ دەستنیشانکردن و بەرچاوکردنی زانینی ژنان، لەکاتێکدا توێژینەوە لەسەر مێژووی سەڕکوتکراو و نادیدەکراوی ژن دەکات، هاوکات ئامانجیەتی زانین بکات بە بەشێک لە ژیانی کۆمەڵایەتی. ژن لێرەدا تەنها بەرکار یان ئۆبژەیەکی توێژینەوە نییە کە زانینی لەسەر بەرهەم بهێنرێت، بەڵکو دەبێتە بکەرێک کە توێژینەوە لەسەر ژیان، مێژوو و حەقیقەتی کۆمەڵایەتیی خۆی دەکات و زانینی خۆی بەرهەم دەهێنێت.

یەکێک لە هۆکارەکانی ئەوەی چالاکییە سەرەتاییەکانی ئەورووپا سەرنجێکی بەهێزی ڕاکێشا هەر ئەمە بوو. ژنۆلۆژی لەبڕی وەڵامی ئامادە، ڕێگەی دووبارە پرسیارکردن لە ژیانی خۆیانی بۆ ژنان دەکردەوە. لەوەی چۆن لە مێژوو دەڕوانین تا ئەو پەیوەندییەی لەگەڵ جەستەدا سازی دەکەین، لە خێزانەوە تا عەشق، لە ڕەنجەوە تا سروشت، لە کۆچبەرییەوە تا ناسنامە، هەوڵی دەدا ئەو بوارانەی ژیان کە دابڕاو لە یەکتر دەستنیشان کرابوون، دووبارە بە یەکتر ببەستێتەوە. بەم شێوەیە زانین لەوە دەرچوو کە تەنها سەرقاڵییەکی فکری بێت، بەڵکو بووە بەشێک لە مانابەخشین بە خودی مرۆڤ، پەیوەندییەکانی و بوونی کۆمەڵایەتیی خۆی.

ئاوێتەکردنی زانین لەگەڵ ژیاندا

یەکەم کۆنفرانسی ژنۆلۆژیی ئەورووپا کە لە ساڵی ٢٠١٤ لە کۆڵن بەڕێوە چوو، بوو بە یەکێک لە وەرچەرخانە گرنگەکانی ئەم هەوڵ و لێگەڕینانە. دوابەدوای ئەوە، کۆنفرانسەکانی پاریس و ستۆکهۆڵم زەمینەساز بوون کە ژنۆلۆژی لە ئەورووپا لەگەڵ توێژێکی بەرفراوانتری ژناندا بەیەک بگەن. لە مانای زانستەوە تا ناسنامەی ژن، لە خۆپاراستنەوە تا ئەفسانەناسی، لە کولتووری دایکە-خوداوەندەکانەوە تا ڕاوی جادووگەران، لە کۆلۆنیالیزمەوە تا کۆچبەری، لە بەرخۆدانی ژنان لە سەردەمی فاشیزمدا تا زمان و یادەوەریی بەکۆمەڵ، زۆر بابەت لەم کۆبوونەوانەدا دانوستانیان لەسەر کرا.

کاریگەریی کۆنفرانسەکان تەنها بە ژمارەی بەشداربووانەوە نەدەپێورا؛ کۆبوونەوەی ژنانی خاوەن نەریتی کۆمەڵایەتی و سیاسیی جیاواز لە دەوری هەمان پرسیار، پەیوەندیی نوێی دروست دەکرد. دوای کۆنفرانسەکان داواکاری بۆ پەروەردە، سیمینار و توێژینەوە گەشەی دەسەند. بەردەوامیپێدانی ئەو سەرنجەی بۆ ژنۆلۆژی دروست دەبوو، پێویستیی بەڕێوەبردنی ڕێکخراوتری ئەم چالاکییانەی لە ئەورووپا ڕۆژ بە ڕۆژ بەرچاوتر دەکرد.

بەڵام ئەم ئەزموونە هاوکات دانوستاندنێکی گرنگی ڕێبازی لەگەڵ خۆیدا هێنا. لە کۆنفرانسەکاندا دانوستاندنی بەهێز بەڕێوە دەچوون، ئاشنایی لەگەڵ چەمکی نوێ دروست دەکرد، ڕایەڵەی نێوان ژنان دروست دەبوون؛ بەڵام چی دەکرا بۆ ئەوەی ئەو قاڵبوونەوە فکرییەی لە کۆبوونەوەیەکی چەند ڕۆژەدا دەردەکەوت، بگوازرێتەوە بۆ ژیانی ڕۆژانە؟ بە تێپەڕبوونی کات، لە تەنیشت پرسیاری “چی شی دەکەینەوە؟”، پرسیارەکانی “چۆن فێر دەبین، چۆن بەشداری دەکەین و چۆن بەردەوامی پێ دەدەین؟” زۆرتر دەبوون.

کامپەکان لەناو ئەم هەوڵ و لێگەڕینانەوە لەدایک دەبوون. چالاکییەکانی کامپ کە لە ئەڵمانیاوە دەستیان پێ کرد، بە تێپەڕبوونی کات بۆ وڵاتی باسک، کاتالۆنیا، ئینگلتەرا، سکۆتلەندا، فەڕەنسا، ئیتالیا، ئیرلەندا و جێگەکانی تر بڵاو بوونەوە. گرنگیی کامپەکان لە ڕوانگەی ئەزموونی ژنۆلۆژییەوە تەنها لە درێژبوونەوەی ماوەی پەروەردەدا نەبوو، بەڵکو لەو هەوڵەدا بوو کە مەودای نێوان پەروەردە و ژیانی ڕۆژانە کەم بکاتەوە و پەیوەندیی زانین بە ژیانی ڕۆژانەوە دروست دەکردەوە.

پێکەوە چێشتلێنان، پاککردنەوە، ڕێکخستنی کات، بڕیاردانی هاوبەش، بەشکردنی بەرپرسیارێتییەکان، قسەکردن لەسەر ئەو کێشانەی دێنە ئاراوە، دەربڕینی هەستەکان، پەرەپێدانی ڕەخنە و ڕەخنەدان، بوونە بەشێک لە پرۆسەی فێربوون. بەم شێوەیە کامپەکان یەکێک لە پرسیارە بنەڕەتییەکانی ژنۆلۆژییان قووڵتر دەکردەوە: ئەگەر زانینی ئێمە ژیان نەگۆڕێت، تا چ ڕادەیەک دەتوانێت بە حەقیقەت بگات؟

مەودای نێوان بیرکردنەوە لە ژیانی بەکۆمەڵ و گوزەراندنی ژیانی بەکۆمەڵ لەم خاڵەدا بەرجەستە دەبوو. مەودایەکی گرنگ هەبوو لە نێوان پێناسەکردنی هاوپشتی و بەشکردنی ڕەنجی ڕۆژانە؛ لە نێوان بەرگریی دەربڕین بۆ بڕیاردانی هاوبەش و پابەندبوون بە بڕیاری بەکۆمەڵ کاتێک بژاری خۆت قبوڵ نەکرابێت؛ لە نێوان بایەخدان بە ڕەخنە و بیستنی ئەو ڕەخنەیەی ئاڕاستەی خۆت دەکرێت. ئەزموونی کامپ نیشانی دا کە چۆن ئەم دانوستاندنانه لەناو پەیوەندییە ڕۆژانەییەکاندا ژیانی دەبن.

 بەردەوامیی وەرچەرخان

چەمکەکانی وەک خۆبوون (xwebûn)، خۆپاراستن، ژیانی کۆمیناڵ و ئازادیی ژن لەم ئەزموونەدا لەوە دەرچوون کە تەنها دانوستاندنی تیۆری بن. دانوستاندنەکان هێدی هێدی ڕوویان لە ژیانی ڕۆژانەی مرۆڤ، پەیوەندییەکان و ڕاهاتنەکانی دەکرد. “سیستەم” ئیتر تەنها کۆمەڵە دامەزراوەیەکی دەرەوەی ئێمە نەبوو؛ بەڵکو هەر لە لیبرالیزم، تاکگەرایی، کێبڕکێ، پلەبەندی، تێگەیشتنی کات و شێوازی پەیوەندییەکان، پاشماوەی خۆی لە ناوەوەماندا بەجێ هێشتبوو.

ڕەنگە یەکێک لە هۆکارەکانی ئەوەی کامپەکان کاریگەریی بەهێزیان لەسەر زۆربەی ژنان بەجێ هێشت هەر ئەمە بووبێت. ژنۆلۆژی تەنها پێشنیاری ڕوانینێکی تر بۆ جیهان نەدەکرد، بەڵکو پێشنیاری ئەوەشی دەکرد کە مرۆڤ بە شێوازێکی تر لە خۆی بڕوانێت.

هێزی کامپەکان لەوەدا بوو کە هاوکات پێداویستیی نوێشی نیشان دەدا. ئەو ژیانە بەکۆمەڵەی بۆ چەند ڕۆژێک یان چەند هەفتەیەک پێکەوە دەگوزەرا، کاتێک کامپەکە کۆتایی پێ دەهات چۆن بەردەوام دەبوو؟ ژنان دووبارە دەگەڕانەوە ناو ژیانی کار، بەرپرسیارێتیی چاودێری، تەنگدەستیی ئابووری، ئەو گوشارانەی کۆچبەری دروستی دەکردن و کاتی ڕۆژانەی پارچەپارچەبووی شارەکانی ئەورووپا. ئەو ڕایەڵە بەهێزانەی لە کاتی کامپەکەدا دروست دەبوون و ئەو وەرچەرخانەی دەهاتە ئاراوە، لەبەر ئەوەی بە پەیوەندییەکی کۆمەڵایەتیی بەردەوام شانیان بەربەست نەکرابوو، لاواز دەبوون.

بەم شێوەیە پرسیارێکی نوێ لە بەرامبەر چالاکییەکانی ژنۆلۆژیی ئەورووپادا سەری هەڵدا: چۆن دەتوانین ئەم قاڵبوونەوانە بگوێزینەوە بۆ ڕێکخستنی هەمیشەیی؟

ئەو کۆمیتە و گرووپانەی توێژینەوە کە لە دوای ساڵی ٢٠١٩وە لە وڵاتە جیاوازەکاندا گەشەیان سەند، تا ڕادەیەک لەناو ئەم پێداویستییەوە لەدایک بوون. ناوەندی چالاکییەکانی ژنۆلۆژیی ئەورووپا لەبەر ئەوە دەستی بە گۆڕان کرد؛ لە سەرەتادا ناساندنی ژنۆلۆژی و دانوستاندن لە کارە لەپێشینەکانی ژنۆلۆژی بوون، بەڵام ئێستا توێژینەوە، بەرهەمهێنان، ڕێکخستن و بەستنەوەی پەیوەندی لەگەڵ ژیانی هەرێمیدا لە ڕێگەی ژنۆلۆژییەوە گرنگیی زیاتری بەدەست دەهێنا.

بەم جۆرە، پرسیاری بەیەکگەیشتنی زانین لەگەڵ ژیاندا ڕاستەوخۆ بە پرسیاری ڕێکخستنەوە بەسترا. ئەم لێگەڕینە بە توێژینەوە لە یادەوەریی هەرێمیی ژنان، ئەو پەیوەندییانەی لەگەڵ خەباتی جیاوازی ژناندا ساز کران، کۆبوونەوە نێونەتەوەییەکان و ئەزموونە نوێیەکانی ڕێکخستن، زەمینەیەکی کۆمەڵایەتیی بەرفراوانتری بەدەست هێنا.

لە بەشی دووەمدا، بەردەوام دەبین لە خستنەڕووی ئەوەی کە چالاکییەکانی ژنۆلۆژی لە ئەورووپا لەناو ئەم ڕووبەڕووبوونەوانەدا چۆن گەشەیان کرد و ئەم ئەزموونەی زیاتر لە دە ساڵە، لە ئەمڕۆدا چ بەرپرسیارێتییەکی نوێ دەخاتە ئەستۆمان؟

بابەتی پەیوەندیدار