دیرەن ئارسلان
لە تورکیەوە: نەجیبە قەرەداغی
شارستانیەتی یۆنانی کۆن، وەک لانکەی سەرهەڵدانی فەلسەفە، هونەر، زانست و دیموکراسی، بەردی بناغەی شارستانیەتی ڕۆژئاوای پێکهێناوە؛ بەڵام لەژێر سێبەری ئەم کەلەپوورە ڕۆشنبیرییە درەوشاوە و ئایدیاڵکراوەدا، ڕاستییەکی کۆمەڵایەتیی زۆر تاریک وەک ستوونێک وەستاوە: کینەداریی سیستماتیک و دامەزراوەییکراو لە دژی ژنان. دیموکراسیی ئەسینا تەنها مافی دەنگدانی بە هاوڵاتیانی پیاوی ئازاد دەدا، لەکاتێکدا ژنان وەک “منداڵی ئەبەدی” سەیر دەکران کە لەژێر سەرپەرشتیی پیاوێکدا (باوک، مێرد، یاخود کوڕەکەیان) دەژیان و بە تەواوی لە بواری گشتیدا پەراوێز خرابوون. ئاشکرایە ئەم پێکهاتە کۆمەڵایەتییە نەیدەتوانی تەنها بە یاسا یان چالاکییە سیاسییەکان بەپێوە بمێنێت، بەڵکو پێویستی بە ڕەواییدانی ئایدۆلۆژی، چەسپاندنی لە دەروونی کۆمەڵگە و بەستنەوەی بە بڕیارێکی ئیلاهییەوە هەبوو.
لە ڕاستیدا میتۆلۆژیای یۆنانی کۆن ڕێک لەم خاڵەدا دەستبەکار دەبێت و وەک بەهێزترین ئامرازی پڕوپاگەندەی سیستەمی باوکسالاری خزمەت دەکات. میتۆلۆژیا، لە دروستبوونی گەردوونەوە تا شەڕی خوداکان، لە داستانی قارەمانێتییەکانەوە تا تراژیدیا خێزانییەکان، لە هەموو بوارێکدا ژنی وەک بوونەوەرێکی مەترسیدار، پلە دوو، باوەڕپێنەکراو یان شەیتانی وێنە کردووە. لە گێڕانەوەکانی یۆنانی کۆندا، ژن یان سەرچاوەی ئەو بەڵایانەیە کە بەسەر پیاودا دێن، یان دێوێکە کە دەبێت داگیر بکرێت، یان ئۆبجێکتێکی پاسیڤی ئارەزووەکانە. ئەم چیرۆکە میتۆلۆژییانە نەوە دوای نەوە گواستراونەتەوە و بیرۆکەی باڵادەستیی پیاو بەسەر ژندا وەک یاسایەکی گەردوونی و ئیلاهی لە بیرەوەریی کۆمەڵایەتیدا نەخشێندراوە.
پاندۆرا و دروستبوونی شەڕ و خراپە وەک یەکەم ژن
ڕوونترین دەرکەوتەی میتۆلۆژییانەی ئەو گومان و ترسە قووڵەی سیستەمی باوکسالاری بەرامبەر بە سروشتی ژن هەیبوو، بێگومان ئەفسانەی پاندۆرایە. وەک لە بەرهەمەکانی هێسیۆددا (تیۆگۆنیا/دایکبوونی خوداکان، کارەکان و ڕۆژەکان) گێڕدراوەتەوە، پاندۆرا یەکەم ژنە کە دروستکراوە، بەڵام مەبەست لە دروستکردنی، زۆربوونی مرۆڤایەتی یان بەخشینی جوانی بە جیهان نەبووە، بەڵکو ڕاستەوخۆ وەک ئامرازێکی سزادان بووە. زیۆس کە تووڕە بوو لەوەی تیتان پرۆمێسیۆس ئاگری دزیوە و داویەتی بە مرۆڤەکان (کە لەم قۆناغەدا مرۆڤەکان لە گێڕانەوەکەدا تەنها لە پیاوان پێکهاتبوون)، گەورەترین سزای داڕشت کە دەتوانرێت بدرێت بە مرۆڤایەتی: ژن.
پاندۆرا کە لەلایەن هێفایستۆسەوە لە قوڕ دروستکرا، لەلایەن ئەسیناوە جلی پۆشرا و لەلایەن ئەفرۆدیتەوە بە جوانی خەمڵێندرا، لەلایەن هێرمسی پەیامبەری خوداکانەوە “زمانێکی درۆزن، فێڵبازی و کەسایەتییەکی دز”ی پێبەخشرا. هێسیۆد پاندۆرا وەک “کالۆن کاکۆن” واتە “خراپەیەکی جوان” پێناسە دەکات. ئەم پێناسەیە جەوهەری ڕوانگەی یۆنانی کۆن بەرامبەر بە ژن پێکدەهێنێت: ژن لە ڕوخساردا سەرنجڕاکێش و سەرسوڕهێنەرانە جوانە، بەڵام لە ناخدا گەندەڵ، وێرانکەر و مەترسیدارە.
کاتێک پاندۆرا خۆی ڕادەست بە مەراقەکەی دەکات و ئەو سندوقە بەناوبانگە دەکاتەوە کە زیۆس پێیدابوو (کە لە دەقە کۆنەکاندا پیتۆسە، واتە گۆزەیەکی گەورە) و هەموو خراپە، نەخۆشی، خەم و ئازارەکانی جیهان ئازاد دەکات، ئەوە ئەلیگۆرییەکە (کنایەیەکە) بۆ ئەوەی کە چۆن بێکنترۆڵی و بێئەقڵیی گوایا لە سروشتی ژندا بووەتە هۆی داڕمانی مرۆڤایەتی. لەناو سندوقەکەدا تەنها “هیوا” دەمێنێتەوە. ئەم ئەفسانەیە هاوشێوەییەکی گەورەی لەگەڵ داستانەکەی حەوادا لە مەسیحیەت و یەهودییەتدا هەیە کە میوەی قەدەغەکراوی خوارد. لە هەردوو میتۆلۆژیاکەدا، جیهانی بێخەوشی و ئارامیی پیاو بەهۆی دروستبوونی ژن و ئیرادەی لاواز، مەراق یان بێگوێیی ئەوەوە وێران دەبێت. لە ڕێگەی ئەفسانەی پاندۆراوە، کۆمەڵگەی یۆنانی کۆن بیرۆکەی ئەوەی کە ژن لە سەرەتاوە کەموکوڕیی هەیە و هەر بۆیە دەبێت لەژێر چاودێریی توندی پیاودا بێت، شەرعیەتی پێدراوە. ژن وەک بەخشندەیەک بۆ مرۆڤایەتی نیشان نەدراوە، بەڵکو وەک بارێکی حەتمی وێنە کراوە کە ژیانی پیاو سەخت دەکات، ڕەنجەکەی دەڕەتێنێت و ئازاری دەدات.
مێدۆسا و دێوکردنی ڕەگەزیی ژن
تراژیدیترین نموونەی ئەوەی کە چۆن لە میتۆلۆژیای یۆنانی کۆندا کینەداری تەنها هێرش ناکاتە سەر توانای ڕۆحی و زەیینیی ژن، بەڵکو هێرش دەکاتە سەر جەستە و ڕەگەزییەکەشی، چیرۆکی مێدۆسایە. مێدۆسا لە کولتووری باودا بەگشتی وەک دێوێکی ترسناک ناسراوە کە قژی لە مار پێکهاتووە و بە نیگاکانی، پیاوان دەکاتە بەرد؛ بەڵام چیرۆکی ڕەچەڵەکی ڕاستەقینەی، گێڕانەوەیەکی ترسناکی توندوتیژیی باوکسالاری و تاوانبارکردنی قوربانییە. بەپێی ئەو ئەفسانەیەی لە بەرهەمی “مێتامۆرفۆسێس” (وەرگەڕانەکان)ی ئۆڤیددا بە وردی باسکراوە، مێدۆسا لە سەرەتادا کچێکی گەنجی فانیی زۆر جوان بووە بە قژێکی زێڕینەوە، و وەک پەرستکار لە پەرستگەی ئەسینای مێخوداوەند کاریکردووە. پۆسایدۆنی نێرخوداوەندی دەریاکان سەرسام دەبێت بە جوانیی مێدۆسا و لەناو پەرستگەکەدا، بەبێ ڕەزامەندیی خۆی، دەستدرێژیی سێکسی دەکاتە سەری.
بەڵام لایەنە نەخۆشەکەی تێگەیشتنی یۆنانی کۆن بۆ دادپەروەری لێرەدا دەکەوێتە کار. ئەسینا کە تووڕە دەبێت لە بێڕێزیکردن بە پەرستگەکەی، لە بری سزادانی پۆسایدۆن (کە نێرخوداوەندێکی بەهێز و دەستدرێژیکار بوو)، سزای مێدۆسا دەدات کە قوربانیی توندوتیژییەکەیە و هیچ تاوانێکی نییە. ئەسینا نەفرەت لە جوانییە زۆر ستایشکراوەکەی مێدۆسا دەکات: قژە زێڕینەکەی دەکاتە ماری ژەهراوی و وای لێ دەکات هەرکەسێک بڕوانێتە چاوەکانی، دەستبەجێ ببێتە بەرد. مێدۆسا ئێستا ئەژدیهایەکە، لە کۆمەڵگە دەرکراوە و لە کۆتاییدا لەلایەن پێرسیۆسی قارەمانە پیاوەکەوە، کاتێک لە خەودایە، سەری دەبڕدرێت و دەکوژرێت.
ئەم ئەفسانەیە تاڵترین میتافۆرە بۆ ئەوەی کە چۆن ژنی قوربانی کە دەستدرێژی کراوەتە سەری، لە کۆمەڵگەی باوکسالاریدا وەک بێنامووس پێناسە دەکرێت، لەکەدار دەکرێت و لە چاوی کۆمەڵگەدا دەکرێتە ئەژدیها. سەربڕینی مێدۆسا نوێنەرایەتیی هێمایی لەکارخستنی هێز و تووڕەیی ژنان دەکات؛ لەکاتێکدا بەکارهێنانی سەری بڕدراوی وەک چەک لەلایەن پێرسیۆسەوە و لە کۆتاییدا دانانی لەسەر قەڵغانی ئەسینا، نیشانی دەدات کە سیستەمی باوکسالاری چۆن جەستەی ژن هم دەپلیشێنێتەوە و هم بۆ بەرژەوەندییەکانی وەک ئامرازێک بەکاری دەهێنێت.
هێلینا و ژن وەک ئۆبجێکتکراوی تاوانباری جەنگ
لە چەقی داستانی “ئیلیادە”دا، کە یەکێکە لە بەناوبانگترین داستانەکانی مێژوو، هێلینای ترۆیا (یان هێلینای شاژنی سپارتا) وەک نموونەیەک نیشان دەدرێت کە چۆن لە میتۆلۆژیادا ژن لەلایەک دەکرێتە ئۆبجێکت و لەلایەکی ترەوە دەکرێتە قوربانیی بەڵا گەورەکان. هێلینا، کە وەک “ئەو ژنەی لەپێناویدا هەزاران کەشتی خرانە دەریاوە” پێناسە دەکرێت، جوانترین ژنی جیهانە؛ بەڵام ئەم جوانییەی هیچ دەسەڵات یان سەربەخۆییەکی پێنابەخشێت، بەپێچەوانەوە، دەیکاتە خەڵات و دەستکەوتێکی جەنگ کە لە نێوان پیاواندا مامەڵەی پێوە دەکرێت، دەدزرێت و لەپێناویدا خوێن دەڕژێنرێت. هێلینا کە لەلایەن ئەفرۆدیتەوە وەک بەرتیلێک بە پاریسی شازادەی ترۆیا بەڵێنی پێدرابوو (کاتێک هاوسەری مێنێلاوسی پاشای سپارتا بوو)، لەلایەن پاریسەوە بۆ ترۆیا دەڕفێندرێت (بەپێی هەندێک گێڕانەوە بە ئارەزووی خۆی دەڕوات). ئەم ڕووداوە جەنگی وێرانکەری ترۆیا هەڵدەگیرسێنێت کە دە ساڵ دەخایەنێت و دەبێتە هۆی کوژرانی بێشوماری قارەمانانی هەردوولا.
لە گێڕانەوە میتۆلۆژییەکان و ئەدەبیاتی دواتری یۆنانیدا، فاکتۆری ئەم جەنگە دڕندانەیەی دە ساڵی خایاند، تاڵانی، دەستدرێژییەکان و داڕمانی شارستانیەتێک، بەگشتی نەخرایە ئەستۆی پاریس یان ئەو پاشا پیاوانەی بڕیاری جەنگیاندا، بەڵکو خرایە ئەستۆی هێلینا! لەکاتێکدا چاوچنۆکییە ئیمپریالیستییەکانی پیاوان، ئارەزووی سەروەت و سامان، ململانێی دەسەڵات و هۆگرییان بۆ وەرگرتنەوەی ژنێک کە وەک موڵکی خۆیان دەبینی شاردرایەوە، هێلینا وەک فیگەرێکی مێینەی هەڵخەڵەتێنەر، بێوەفا و وێرانکەر کەوتە مێژووەوە. ئارەزوو، ترس یان بڕیارەکانی هێلینا وەک تاکێک لە میتۆلۆژیادا هیچ گرنگییەکیان پێنەدراوە؛ ئەو تەنها پاساوێک بوو کە پیاوان لە ململانێی دەسەڵاتی نێوانیاندا بەکاریان دەهێنا. دابەزاندنی ژن بۆ ئۆبجێکتێکی پاسیڤی جوانی و لە هەمان کاتدا خستنەئەستۆی بەرپرسیارێتیی ئەو زنجیرە توندوتیژییەی پیاوان کە خۆیان دروستیان کردبوو بەرامبەر ژنان، دەیسەلمێنێت کە کینەداریی یۆنانی خاوەنی چ پێکهاتەیەکی ئاڵۆز و دووڕووانەیە.
هێرا و لەناوبردنی هاوپشتیی ژنان لە ڕێگەی ئیرەیی دامەزراوەییەوە
پێگەی هێرا لە میتۆلۆژیادا (کە شاژنی کێوی ئۆڵیمپۆس، هاوسەری زیۆسی خودای گەورە و مێخوداوەندی هاوسەرگیری و لەدایکبوونە)، ئەو فشارە سەرکوتکەرە نیشان دەدات کە دامەزراوەی هاوسەرگیری لە یۆنانی کۆندا خستوویەتییە سەر ژن، هەروەها نیشانی دەدات کە چۆن سیستەمی باوکسالاری ژنانی کردووەتە دوژمنی یەکتر. هێرا لە دەقە کۆنەکاندا، زۆربەی کات وەها وێنە کراوە کە بەردەوام لە ئیرەییدایە، کین لە دڵە، لەپشتەسەری مێردەکەیەوە فێڵ دەکات و هاوسەرێکە پڕ لە تووڕەیی؛ بەڵام کاتێک دەڕوانینە ڕاستییەکەی پشتی ئەم وێنەیە، دەبینین کە هاوسەرەکەی (زیۆس) کە دەسەڵاتی ڕەهای بەدەستەوەیە، بەردەوام دەستدرێژی دەکاتە سەر مێخوداوەندەکان، فریشتە و ژنانی فانی، یان بەبێ ڕەزامەندیی خۆیان گەمەیان پێدەکات و پەیوەندییان لەگەڵ دەبەستێت. هێرا لە بەرامبەر بێوەفایی و توندوتیژیی سێکسیستانەی زیۆسدا، تەواو بێدەسەڵاتە و هەرگیز پێی ناکرێت کە دەسەڵات و تووڕەیی خۆی ڕووبەڕووی تاوانبارە ڕاستەقینەکە (واتە زیۆس) بکاتەوە؛ چونکە لە پلەبەندیی باوکسالاریدا، زیۆس پارێزبەند کراوە.
لە بەرامبەر ئەوەدا، هێرا تووڕەیی خۆی ئاراستەی ئەو ژنە قوربانییانە دەکات کە تووشی دەستدرێژی یان هەڵخەڵەتاندنی مێردەکەی بوونەتەوە، هەروەها ئاراستەی ئەو منداڵە بێتاوانانەی دەکات کە لەم دەستدرێژییانەوە لەدایکبوون (بۆ نموونە هێراکلیس). مێشێک دەنێرێتە سەر ئایۆ تا شێتی بکات، سەرانسەری زەوی لە لێتۆ قەدەغە دەکات بۆ ئەوەی منداڵی نەبێت، و کالیستۆ دەکاتە ورچ. ئەم ڕەفتارانەی هێرا، ڕوونترین دەرکەوتەی میتۆلۆژییانەیە بۆ ئەوەی کە چۆن سیستەمی باوکسالاری هاوپشتیی نێوان ژنان لەناو دەبات و ژن بە ژن بەکوشت دەدات. سیستەمەکە هەموو جۆرە بێوەفایی و تاوانێکی پیاو ئاسایی دەکاتەوە و ناچاری بەرگەگرتنیان دەکات، لەکاتێکدا ژن ناچار دەکات ببێتە جێبەجێکارێک بۆ سزادانی هاوڕەگەزەکانی خۆی. کاتێک مێخوداوەندی پارێزەری هاوسەرگیری دابەزێندرێت بۆ بارودۆخێکی وەها ڕیسواکراو و نەخۆش، ئەوە ڕەنگدانەوەیەکی ئیلاهییە بۆ ئەوەی کە پێگەی ژنی هاوسەردار لە ژیانی ڕاستەقینەی کۆمەڵگەی یۆنانی کۆندا چەندە تراوماتیک و ئابڕووبەر بووە.
ئامازۆنەکان و پێویستیی لەناوبردنی مەترسیی کۆمەڵگەی دایکانە
لە میتۆلۆژیای یۆنانی کۆندا، دیارترین گێڕانەوە کە نیشانی دەدات سیستەمی باوکسالاری نەەک تەنها لە جەستە و سروشتی ژن، بەڵکو چەندە لە توانای سەربەخۆیی و هێزی ژنیش ترسی گەورەی هەبووە، ئەفسانەی ئامازۆنەکانە. ئامازۆنەکان کۆمەڵگەیەکی ئەفسانەیی دایکانەن کە لە ژنانی جەنگاوەر، ئازا و سەربەخۆ پێکهاتوون؛ باڵادەستیی پیاوان ڕەت دەکەنەوە و خۆیان خۆیان بەڕێوە دەبەن. بەپێی عەقڵییەتی ئەو کاتی یۆنانییەکان، دەرچوونی ژن لە مال، چەکهەڵگرتن، جەنگان و بەردەوامبوونی ژیانی بەبێ پێویستبوون بە پیاو، کارێک بوو بەپێچەوانەی سروشت، خوداکان و ڕێکخستنی گەردوونی (کۆسمۆس)، و بە تەواوی لادانێکی کێوییانە بوو. بەم هۆیەوە لە میتۆلۆژیادا ئامازۆنەکان نوێنەرایەتیی ئاژاوە و دڕندایەتییان دەکرد کە دژی کولتووری یۆنانی بوو، و دەبوو بەردەوام لەژێر شمشێری “هێنەری شارستانیەت”ی قارەمانە یۆنانییەکاندا سەرکوت بکرێن.
گەورەترین قارەمانە پیاوەکانی میتۆلۆژیا (هێراکلیس، تێسیۆس و ئاخلیۆس) بێگومان ڕووبەڕووی شاژنێکی ئامازۆنەکان دەبنەوە و بە بەزاندنی، باڵادەستیی باوکسالاری دەسەپێنن. هێراکلیس لە چوارچێوەی دوازدە ئەرکەکەیدا، دەبێت پشتێنە سیحراوییەکەی هیپۆلیتا (شاژنی ئامازۆنەکان) بدزێت و بیکوژێت. تێسیۆسی قارەمانی دامەزرێنەری ئەسینا، ئەنتیۆپیی شاژنی ئامازۆنەکان (یان بەپێی هەندێک سەرچاوە هیپۆلیتا) دەڕفێنێت و بە زۆر دەستبەسەریدا دەگرێت، ئەمەش دەبێتە هۆی هێرشی ئامازۆنەکان بۆ سەر ئەسینا (ئامازۆنۆماکیا). دیارە جەنگەکە بە سەرکەوتنی پیاوانی یۆنانی کۆتایی دێت. لە جەنگی ترۆیادا، ئاخلیۆس ڕمەکەی لە سنگی پێنتێسیلیای شاژنی ئامازۆنەکان دەدات و دەیکوژێت، و بەپێی ئەفسانەکە کاتێک کڵاوخودەکەی سەر دەرهێنێت و مەست دەبێت بە جوانییەکەی، دەستدرێژی دەکاتە سەر جەستە مردووەکەی. ئەم چیرۆکە میتۆلۆژییانە ڕێکەوت نین، هەموویان هەمان پەیامی سیاسی و کۆمەڵایەتی دەدەن: داواکارییەکانی ژنان بۆ ئازادی، دەسەڵات و سەربەخۆیی دەبێت بە توندوتیژی سەرکوت بکرێن و ناچاری ڕادەستبوون بکرێن، و هەموو مەترسییەکی کۆمەڵگەی دایکانە بە توندوتیژیی پیاوانە لەناو ببرێت تا ڕێکخستنی سروشتی دووبارە جێگیر ببێتەوە.
پتەوکردنی سیستەمی باوکسالاری لە ڕێگەی ئەسینا و کلیتایمنێستراوە
یەکێک لە سەرنجڕاکێشترین و لە هەمان کاتدا کینەدارترین لایەنەکانی میتۆلۆژیای یۆنانی کۆن بەرامبەر بە ژن، بریتییە لەوەی کە فیگەرە ژنە دەسەڵاتدارەکان (مێخوداوەندەکان) دەکاتە بەشێک لە سیستەمەکە و دەیانکاتە پارێزەری سەرسەختی باوکسالاری. ئەسینای مێخوداوەندی ژیری، جەنگ و ستراتیژ، ڕوونترین نموونەی ئەمەیە. ئەسینا لە منداڵدانی دایکێکەوە لەدایک نەبووە، بەڵکو ڕاستەوخۆ لە ناوچەوانی زیۆسی خودای گەورەوە، بە تەواوی پڕچەک و زانینەوە لەدایک بووە. ئەم لەدایکبوونە لە ژنبوون و کۆمەڵگەی ژنانە دادەبڕێت. ئەسینا هەرگیز بەرگری لە مافی ژنان ناکات، بەڵکو بەردەوام پارێزگاری لە قارەمانە پیاوەکان (ئۆدیسیۆس، پێرسیۆس، هێراکلیس) دەکات.
سێینەی بەناوبانگی “ئۆریستیا”ی تراژیدیانووس ئایسکیلۆس، ئەو بەرهەمەیە کە تێیدا کینەداریی بەرامبەر ژن لە میتۆلۆژیدا لە ڕووی یاسایی و فەلسەفییەوە دەگاتە لوتکە. کلیتایمنێسترای هاوسەری ئاگامێمنۆن، تووڕەییەکی ڕەوای هەیە بەرامبەر بەوەی مێردەکەی ئیفیجینیای کچی خۆی کردووەتە قوربانیی خوداکان بۆ دامرکاندنەوەی با؛ بۆیە کاتێک مێردەکەی لە جەنگ دەگەڕێتەوە، دەیکوژێت. لە بەرامبەر ئەمەدا، ئۆریستێسی کوڕیان بۆ تۆڵەسەندنەوەی باوکی، کلیتایمنێسترای دایکی خۆی دەکوژێت. لە یەکەم دادگای میتۆلۆژیدا کە بۆ سزادانی ئۆریستێس لەسەر کوشتنی دایکی پێکهێنرا، کاتێک ئەندامانی دەستەی دادوەری هاوتا دەبنەوە، ئەسینا قسەی کۆتایی دەکات. ئەسینا دەنگەکەی دەداتە ئۆریستێس (واتە ئەو کوڕەی دایکی خۆی پارچەپارچە کردووە) و ئەم پاساوە کینەدارییە دەهێنێتەوە کە وەک مانیفێستۆیەکی باوکسالارییە:
“دایکێکم نەبووە لە تاریکییەکانیدا منی هێنابێتە دونیا. ستایشی پیاوێتی دەکەم، جگە لە هاوسەرگیری، بە هەموو دڵم و بە هەموو شتێکمەوە لەلای باوکمم. گوێ بە مەرگی ژنێک نادەم کە مێردەکەی، گەورەی ماڵەکەی کوشتووە.”
ئەم بڕیارەی دادگای میتۆلۆژی، هێمای کۆتاییهاتنی یاسای دایکانە (پیرۆزیی پەیوەندیی خوێن و دایکایەتی) و دەستپێکی فەرمیی یاسای باوکسالارییە (باڵادەستیی ڕەهای باوک).
کیرکێ و شەیتانیکردنی ژیریی ژنی سەربەخۆ لە ڕێگەی “جادووگەری”کردنییەوە
لە کۆمەڵگەی باوکسالاری یۆنانی کۆندا، ژیانی ژنێک بە تەنیا، بەبێ سەرپەرشتی و چاودێریی هیچ پیاوێک (کیریۆس)، دانانی یاساکانی خۆی و وەستان لەسەر پێی خۆی، یەکێک بوو لە گەورەترین مۆتەکەکان کە پایەکانی سیستەمەکەی دەلەرزاند. کیرکێی کچی هەلیۆسی خودای خۆر، کە لە داستانی ئۆدیسەی هۆمیرۆسدا دەردەکەوێت، ڕێک بەرجەستەکردنی ئەم مۆتەکەیەیە. کیرکێ کە لە دوورگەی ئایایادا بە تەنیا دەژێت، ملکەچی پلەبەندیی باوکسالاریی ئۆڵیمپۆس نابێت و هاوسەرگیری و خزمەتکردنی پیاو ڕەت دەکاتەوە؛ یەکەم و بەهێزترین نموونەی بنەڕەتیی “جادووگەر” (یاخود ژنی سیحرباز) لە میتۆلۆژیای یۆنانیدا پێکدەهێنێت. چیرۆکی ئەو، پوختەیەکی بێگەردی ئەوەیە کە چۆن سەربەخۆیی ژن، سامانە فکرییەکەی و باڵادەستیی بەسەر سروشتدا لەلایەن عەقڵییەتی باوکسالارەوە وەک مەترسی کۆد کراوە و لە کۆتاییدا دەستەمۆ کراوە.
هێزی کیرکێ لە هێزی ڕەق یان توندوتیژیی چەکداریی قارەمانە پیاوەکانەوە نایەت، بەڵکو هێزی لە “فارماکیا”وە بەدەست دێت، واتە لەو زانینە قووڵەی کە لەسەر گژوگیای دەرمانی، گیراوە جادووئاساکان، ژەهر و یاسا نادیارەکانی سروشت هەیەتی. بەپێی زەینییەتی یۆنانی، لەکاتێکدا بیرکردنەوەی عەقڵانی (لۆگۆس) و پزیشکیی ڕەوا لە قۆرخکاریی پیاواندا بوو، جۆرەکانی تری زانینی ئاڵتەرناتیڤ کە هێزە تاریک و نهێنییەکانی سروشتیان بەکاردەهێنا، بەردەوام گوماناوی، بێباوەڕ و ژنانە بوون. لە داستانەکەدا کاتێک هاوڕێکانی ئۆدیسیۆس دەچنە دوورگەی کیرکێ، کیرکێ بە خوانی شاهانە پێشوازییان لێدەکات، بەڵام بەو گیراوە سیحراوییەی دەیکاتە شەرابەکەیانەوە، هەموویان دەکاتە بەراز. ئەم وەرگەڕانە لە ڕاستیدا زۆر ڕەمزییە: چەپەڵی، چاوچنۆکی، تێرنەبوونی ئارەزوو و حەزەکانی پیاوان (واتە سروشتە ئاژەڵییەکەی خۆیان) بەهۆی گیراوەکەی کیرکێوە ئاشکرا بوو. بەڵام گێڕانەوەی باوکسالاری لەبری پرسیارکردن لەم لاوازییانەی پیاوان، تاوانەکە بە تەواوی دەخاتە ئەستۆی فیگەری “ژنی هەڵخەڵەتێنەر، فێڵباز و مەترسیدار”. کیرکێ دیارترین ڕەنگدانەوەی میتۆلۆژیی وێنەی “فام فاتال”[1]ی (ژنی مەترسیدار) شەیتانییە کە عەقڵ لە سەری پیاو دەبات و لە مرۆڤایەتی و پیاوێتی دەری دەکات و دەیکاتە ئاژەڵ.
لە کۆتاییدا، خاڵی وەرچەرخانی ڕاستەقینەی داستانەکە لەوەدا شاراوەیە کە چۆن ئۆدیسیۆسی قارەمانی پیاو بەسەر کیرکێدا سەردەکەوێت. ئۆدیسیۆس بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی جادووگەرییەکەی کیرکێ، ڕووەکی “مۆلی” بەکاردەهێنێت کە هێرمسی پەیامبەری خوداکان پێی دا بوو. بەڵام ڕادەستبوونی کیرکێ تەنها بە بەتاڵبوونەوەی جادووەکە ڕوونادات، بەڵکو لە داستانەکەدا دیمەنێکی زۆر ڕوونی دەستبەسەرداگرتنی زایەندی و جەستەیی نەخشێنراوە. کاتێک کیرکێ دەبینێت جادووەکەی کار ناکات، ئۆدیسیۆس شمشێرەکەی دەردەکێشێت و پەلاماری کیرکێ دەدات. ئەم شمشێرە، ڕوونترین هێمای توندوتیژیی باوکسالاری و دەسەڵاتی نێرینەیە. ئۆدیسیۆس بە زەبری سەری شمشێرەکەی، کیرکێ ناچار دەکات بێتە سەر جێگەکەی و سوێند بە خوداکان بخوات کە هیچ زیانێکی پێ نەگەیەنێت. بە دەستەواژەیەکی تر، “جادووگەر”ی سەربەخۆ و ترسناک، تەنها کاتێک بۆ سیستەمەکە بێمەترسی دەبێت کە لەژێر هەڕەشەی توندوتیژیی سێکسی و جەستەیی پیاودا ملکەچ بکرێت.
ئەو گۆڕانکارییە ڕادیکاڵەی دوای ئەم کردەوەی ملکەچپێکردنە لە کەسایەتیی کیرکێدا ڕوویدا، پەیامە ئایدۆلۆژییە ڕاستەقینەکەی میتۆلۆژیا ئاشکرا دەکات. کیرکێ کاتێک بە زەبری شمشێر دەچێتە جێگەکەیەوە و باڵادەستیی پیاو قبوڵ دەکات، لەناکاودا لەو ناسنامە “ئەژدیها ترسناک”ەی دادەماڵرێت و دەبێتە “یارمەتیدەرێکی” وەفادار و گوێڕایەڵ کە ڕێگەی جیهانی ژێرئەرز (هادێس) بە ئۆدیسیۆس نیشان دەدات و کەلوپەلی بۆ دابین دەکات. ئەو پەیامەی سیستەمی باوکسالاری دەیەوێت بیدات زۆر ڕوونە: ژنێکی سەربەخۆ، خودان زانیاریی خۆی و تەنیا، مەترسییەکی سروشتییە و دەبێت بڕوخێندرێت و ببێزرێت. تەنها ڕێگە بۆ ئەوەی سروشت و زانینی ژن ڕەوا و قبوڵکراو بێت، ئەوەیە کە بەبێ چەندوچوون بکرێتە پاشکۆی جێگە، دەسەڵات و خزمەتی پیاوێک. ئەم بنیادنانی میتۆلۆژییەی کیرکێ، یەکێک لە کۆنترین و بەهێزترین بنەما ئایدۆلۆژییەکان بۆ ڕاوکردنی جادووگەران، سوتاندنی ژنانی عاریف و شیفاکار و تاوانبارکردنی ژنبوونێکە کە لە دەرەوەی چاودێریی نێردا بووە کە لە سەدەکانی دواییدا سەرانسەری ئەوروپای گرتەوە.
شوێنپێی کەلەپووری میتۆلۆژی لە ڕۆژی ئەمڕۆدا
ئەم گێڕانەوە باوکسالارییانەی لە میتۆلۆژیای یۆنانی کۆندا دارێژراون، تەنها بەسەرهاتی سەردەمی کۆن نین کە لە لاپەڕە تۆزلێنیشتووەکاندا مابنەوە، بەڵکو کۆدی زیندوون کە شێوەیان بە نەستی شارستانیەتی ڕۆژئاوایی ئەمڕۆ و کولتووری جیهان داوە. ئەمڕۆ پرسیارکردن لە شێوازی ژیان یان پۆشاکی قوربانی لە دۆسیەکانی دەستدرێژیی سێکسیدا و خستنەئەستۆی تاوانەکە بۆ سەر ژن (گرێی مێدۆسا)، نیشانەکردن و بێزراوکردنی ژنانی بەهێز، سەربەخۆ و ژیر لە بواری گشتی یان جیهانی کاردا وەک “جادووگەر”، “تەماحکار” یان “پەلاماردەر” (سندرۆمی کیرکێ و ئامازۆن)، زیان گەیاندن بە هاوپشتیی ژنان لە ڕێگەی دروستبوونی ناکۆکی لە نێوان ژناندا بەهۆی دینامیکی ناڕەوای دەسەڵاتەوە (تووڕەیی هێرا)، یان لە قەیرانە ئەخلاقییە کۆمەڵایەتییەکاندا یەکەم جار بڕینەوەی باجەکەی لەسەر جەستە و ئازادیی ژنان (کەلەپووری پاندۆرا و هێلینا)، هیچی تر نین جگە لە دەرکەوتە مۆدێرنەکانی ئەم کینەدارییە میتۆلۆژییە هەزاران ساڵەییە لە دژی ژنان.
ئەم عەقڵییەتە جیاکارییە کە لە ڕێگەی میتۆلۆژیاوە بەرگێکی گەردوونی، خودایی و “سروشتی” پۆشیوە، دزەی کردووەتە ناو سیستمە یاساییە هاوچەرخەکان، ئەدەبیات، سینەما، پێکهاتەی زمان و تەنانەت پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی ڕۆژانەش، و لە سەردەمی مۆدێرنیشدا بە شێوازی جیاواز بەردەوامە لە بەرهەمهێنانەوەی پلەدوویەتی ژن. لەبەر ئەوە، خەباتی ئازادی و یەکسانیی ژنان لە ئەمڕۆدا، نەک تەنها بە یاسا، دامەزراوە یان سیاستە مۆدێرنەکاندا، بەڵکو بە شێوازێکی ڕادیکاڵ بەگژداچوونەوەی ئەم کەلەپوورە میتۆلۆژییە کۆن و ژەهراوییەشی پێویستە کە لە هۆشیاریی بەکۆمەڵماندا چەسپێنراوە.
کینەداری لە بەرامبەر ژن یان ڕقلێبوونەوە لە ژن لە میتۆلۆژیای یۆنانی کۆندا، تەنها زنجیرەیەک چیرۆکی ڕێکەوت یان ڕەنگدانەوەی سادەی ترسی بەرایی سەردەمی کۆن نییە؛ ئەم میتۆلۆژییانە، بنیادنانێکی ئایدۆلۆژیی بەئاگاییانەن کە پێگەی پلەدووی ژنیان وەک یاسایەکی گەردوونی و ئیلاهی پێشکەش کردووە و باڵادەستیی پیاویان ڕەوا کردووە. ڕیشەی جینیی زۆرێک لە قاڵبە ڕەگەزگەراییەکان، توندوتیژی بەرامبەر ژنان و کولتووری تاوانبارکردن کە دزەیان کردووەتە ناو کۆدە کولتوورییەکانی شارستانیەتی ڕۆژئاوایی ئەمڕۆ، ڕێک لە ناوەندی ئەم میتۆلۆژیا یۆنانییەدایە کە بە شێوەیەکی درەوشاوە دەردەکەوێت بەڵام پڕییەتی لە نهێنیی تاریک.
[1] فام فاتال (Femme Fatale) دەستەواژەیەکی فەرەنسییە و بە مانای “ژنی کوشندە” یان “ژنی وێرانکەر” دێت.
سەرچاوە: پونگمیدیا pungmedia
بەرێوەبەریی ماڵپەری ژنۆلۆژی

