د. دڵشا دەنیز
لە ئینگلیزییەوە: ژیرە جەلال حسن
لەبەر ئەوەی خۆم لە بزووتنەوەکانی ژناندا بووم، شاماران هەردەم بەشێک بووە لە ژیانم. بەڵام کاتێک دەستم بە نامەی دکتۆراکەم کرد، ئەو کاتە ڕاستەوخۆ بەرکەوتنم لەگەڵیدا هەبوو؛ وانەیەکمان هەبوو، دەبووایە لە پۆلدا بابەتێک پێشکەش بکەم و باسی وێنەیەک بکەم، یەکەم وێنەش کە هاتە بەردەمم، وێنەی شاماران بوو. لەو کاتەوە بە جۆرێک هەڵوەدای بووم کە هەر کاتێک دەرفەتم بۆ بڕەخسایە، دەمویست لێی بکۆڵمەوە. پێش ئەوەی دەست پێبکەم، دەمەوێت کورتەیەکتان لەسەر کولتووری کوردی بۆ باس بکەم.
نازانم ئێوە چەند لەسەر کورد دەزانن. دەکرێت ئەو نەخشە نیشان بدەن؟ کوردستان زەوییەکی زۆر بەرزە. کاتێک بەرەو بلومینگتۆن دەهاتم، لە دڵی خۆمدا دەمگووت: “ئەم ناوچەیە چەند تەختە!” کەچی کوردستان بە شێوەیەکی سەرسوڕهێنەر شاخاوی و گردن، بەتایبەتی دێرسم؛ گەر لەوێوە هاتبیت، دەزانیت مرۆڤ لەوێ بە ڕاستی ناتوانێت چەند خولەکێک بەسەر زەوییەکی تەختدا بڕوات. هەر بۆیەشە کورد خۆی هەڵوەدای چیایە. بە بڕوای من هەر بەو شێوەیەش ژیاون و هەوڵی مانەوەیان داوە، چونکە لە کۆنەوە پەنایان بۆ ئەم چیایانە بردووە.
مێژوونووسی کورد، مێهرداد ئیزدی ڕوونی دەکاتەوە کە لەم خاکەدا “سەرەتایەک” بۆ کوردبوون نییە: کورد هەمیشە لێرە بووە، پاشان هەندێک گرووپ هاتوونەتە ناوی و تێکەڵ بوون؛ بەم جۆرە نەتەوەی کوردیی ئەمڕۆ، بەرهەمی کۆتایی ئەو گرووپە دێرینانەیە کە هاتوون و بەتایبەتی پەنایان بۆ ئەم بەرزاییانە هێناوە. هەر لەبەر ئەوەشە زمانی کوردی ئەوەندە فرەچەشنە؛ چەندین شێوەزارمان هەیە و تەنانەت لەناو شێوەزارەکانیشدا جیاوازیی زۆر هەیە، کولتوورەکەشی زۆر دەوڵەمەندە.
لە ماوەی ئەم لێکۆڵینەوەیەدا، لەبەر ئەوەی زۆر سەرقاڵی شوێنەوارناسی و بابەتە شوێنەوارییەکان بووم، زمانەکە بە ڕاستی زۆر یارمەتیدەرم بوو. با نموونەیەکتان بۆ بهێنمەوە: پیاوێکی کورد هەیە کە گوندنشین و نەخوێندەوارە، کەچی یەکێکە لە دیارترین خوێنەرەوەکانی نووسینی ئورارتوویی، چونکە کوردییەکەی خۆی بەکاردەهێنێت. لەگەڵ ئەوەشدا، هەتا ئێستا بەهۆی کۆلۆنیالیزمەوە خاکی کورد بەسەر چوار دەوڵەت و سێ نەتەوەدا (تورک، عەرەب و فارس) دابەش کراوە. بەهۆی کاریگەریی ئەوانەوە و لەبەر ئەوەی ئەکادیمیا ئەوەندە لەژێر دەستی ڕوانگەی کۆلۆنیالیستیدایە، بوونی کوردیان لەوێدا نەبینیوە.
بۆ نموونە شانامە، کە یەکێکە لەو نموونانە، لەلایەن فیردەوسییەوە تۆمار کراوە و وەک داستانێکی فارسی ناسراوە؛ کەچی بە پێچەوانەوە، ئەم شانامانە هێشتا لەناو کورددا- بەتایبەتی لەلای یارسانەکان- ماون و زیندوون. یەکێک لە توێژەرە کوردەکانیش بەم دواییانە زیاتر لە ٦٠ دانەیانی تۆمار کردووە و هەندێکیان ٥ هەزار دێڕ دەبن.
ئەمەش دەمانگەیەنێتە دەنگبێژی. نازانم گوێتان لێی بووە یان نا؛ “دەنگبێژ” لە “دەنگ” و “بێژ”ەوە هاتووە، واتە: گێڕانەوە بە دەنگ. ڕاستییەکەی من لای خۆمەوە وام بیردەکردەوە کە ئەمە جۆرێکە لە کۆنترین شێوازەکانی ڕاپ؛ تەنیا بە دەنگی خۆیان گۆرانی دەڵێن و نزیکەی ٥ هەزار دێڕ چیرۆک دەگێڕنەوە، تەنانەت چەند ڕۆژێکیشی پێدەچێت. خەڵک دادەنیشن و هەموو شەوێک دەچنەوە ئەوێ، دەنگبێژەکەش دێت و چیرۆکەکە هەر لەو شوێنەوە دەگێڕێتەوە کە شەوی پێشوو لێی وەستابوو.
ڕەنگە بتوانم بە ڕستەیەک کولتووری کوردی باس بکەم: وەک ئەوە وایە بکەویتە ناو گەنجینەکەی عەلی باباوە؛ هەر کە چوویتە ناوی، دەبینیت چەند گەورە و چەند دەوڵەمەندە. بۆیە ئەگەر کەسێک لە ئێوە بیەوێت کارێکی لێکۆڵینەوە بکات، پێم وایە دەبێت بیر لە کولتوور و میتۆلۆژیای کوردی بکاتەوە. میتۆلۆژیاکەشی دەستی لێنەدراوە، بە تەواوی دەستلێنەدراوە.
جا با بگەڕێمەوە سەر باسەکەم: کاتێک دەستم بە کارکردن لەسەر شاماران کرد، تەنیا ئەفسانەیەکم لەبەردەستدا بوو لەگەڵ وێنەیەکدا؛ هەر لەمانەشەوە دەستم پێکرد. بۆ ئەم مەبەستە میتۆدۆلۆژیایەکم بۆ خۆم داڕشت کە ناوم ناوە “میتۆئێتنۆگرافیا”. ئەمە واتە چی؟ واتە ئەفسانەکە وەک مەیدانێکی ئێتنۆگرافی بەکاردەهێنم و لە ڕێگەی ئەفسانەکەوە ئێتنۆگرافیا ئەنجام دەدەم. پێشم وایە ئەم کتێبە لە ڕاستیدا هەر بەرهەمی ئەم میتۆدۆلۆژیایەیە.
لە پێکهاتەی هەردوو لاوە (واتە ئەفسانەکە و وێنەکە) دەستم پێکرد، لە کۆتاییشدا هەردووکیانم هێنایە پاڵ یەک و بە میتۆلۆژیای بەراوردکاری هەڵسەنگاندنم بۆ کردن؛ واتە دەبێتە شوێنێک بۆ بەیەکگەیشتنی میتۆلۆژییەکان لەگەڵ نەتەوە و گەلانی دیکەدا. پرۆسەکە بەو شێوەیە بوو.
سەرەتا بە وێنەکەدا چوومەوە. ئەگەر سەیری وێنەکە بکەن، نیوەی مێیە و نیوەی نێرە. تەنانەت مارەکەش، لە ڕازاندنەوەی سەر لەش و ملیەوە هەست دەکەیت نێرە. بەڵام سەیری ئەمە بکەن- ببوورن، ئەمە وێنەیەکی باش نییە و پێم وایە کوالێتییەکەشی بەرز نییە- بەم دواییانە وێنەی شاماران گۆڕاوە: دەموچاوێکی نوێ، ڕوخسارێکی مۆدێرن، چاوی شین و لووتێکی بچووک، کە بە ڕاستی هیچ لەگەڵ تێگەیشتنی کوردی بۆ جوانی یەکناگرێتەوە. لەبیرمە بە منداڵی بۆ نموونە چاوی شین واتایەکی نەرێنیی هەبوو، پێیان دەگوت “چاق” و شتێکی خراپ بوو؛ کەواتە بە تەواوی جیاوازە. ئەمەی ئێرەش لە ڕاستیدا جوانیی کوردیی ڕەسەنە، چونکە ئەگەر ئەفسانەکە بخوێنینەوە، دەبینین شاماران هێمای جوانیشە. جا سەیر بکەن: بەشە مارەکە شێوەیەکی نێرینەیە؛ لێرەدا مێ و نێر هەیە، مرۆڤ و ئاژەڵ هەیە، ڕووەکیش هەیە، ئەمەش لە ڕاستیدا جۆرێکە لە یەکێتیی سەرجەم بوونی زیندەوەران. دواتر ڕوونی دەکەینەوە چۆنە، بەڵام ئەمە هێشتا لەلای عەلەوییەکان ماوە، دەڵێن: “وەحدەتی وجوود”، واتە یەکێتیی بوون.
ئایینی عەلەوی هێشتا هەر ئەو ڕوانگەیەی هەیە، چونکە ڕوانگەکە بۆ خودایە؛ ئەوان دەڵێن خودا ئەو نێرینەیە نییە کە بە شێوە باوەکە مرۆڤ بخوڵقێنێت، بەڵکوو ئەوەیە کە لە خۆوە دەزێت؛ دواتر لەسەر ئەمە دەدوێین. جا ئەگەر سەیری شاماران بکەن، شاخدارە و تاجیشی لەسەرە. ئەو تاجە واتای ئەوەیە کە ئەو “کەسێکە” و فەرمانڕەوایە، لەوەوە بۆت دەردەکەوێت. بەشە مارەکەش، وەک دەبینن، تاجی هەیە، بەڵام بە قەدەر ئەو نەڕازاوەتەوە؛ ئەمە جگە لەوەی شاماران خۆی شاخی هەیە. کە بە میتۆلۆژیای بەراوردکاری پشکنینم بۆ کرد، بینیم شاخ هێمای بەپیتییە، لە ڕاستیدا هێمای کۆئەندامی مێینەیە یاخود مێینەییبوونە، و شاخ بۆ هێماکردنی ئەوانە بەکارهاتووە. دەشبینن دوو جۆر شاخ هەیە: یەکێکیان وەک شاخوڵکەی مێروو وایە بەڵام لە شێوەی شاخی گادایە، ئەوی دیکەشیان شاخی بەرانە؛ هەردووکیان هێمای بەپیتین.
ئەگەر بەرەو خوارتر بێین، مۆرەی هەیە: مۆرە هێمای تۆوە، ملوانکە دڵەشێوەکەش بە تەواوی هێمای دایکە مێخوداوەندە. شێوەی دڵەکەش وەک هێمای دڵی ئەمڕۆ نییە، بەڵکوو لە ڕاستیدا سێگۆشەیە؛ سێگۆشەش هێمای شوێنی کۆئەندامی ژنە، کە دیسان ئاماژە بە بەپیتی دەکات. خوارتریش، ڕازاندنەوە گەورەکە، پێچەڵپێچ و خاڵ و هەموو ئەوانە، پەیوەستە بە ڕازاندنەوەی مێخواوەندی مارە و هێماییەکەی سەردەمی نیۆلیتیکە (بەردینی نوێ).
سەبارەت بە وێنەکەشی، ماریا گیمبوتاس ڕوونی دەکاتەوە کە پەیکەرەکانی هونەری نیۆلیتیک، قۆڵ و دەستیان نییە و لە جیاتی قاچیش شێوەی مێروویان هەیە. کەواتە دەبینن هەموو ئەوانەی سەرەوە نیشانی دەدەن کە شاماران سەر بە سەردەمی نیۆلیتیکە؛ نیۆلیتیکیش سەردەمی کشتوکاڵە.
بۆیە لێرەدا هەموو شتێک لەسەر بنەمای کشتوکاڵە: لە ڕێگەی کۆکردنەوەی زانیارییەکانی زانستی کشتوکاڵەوە توانیویانە تێگەیشتن، فەلسەفە و ئایینی ئەو سەردەمە دروست ببن. وەک دەشبینن، هەمیشە گوڵێکی سوور لەگەڵیدایە؛ ئەمە نوێنەرایەتییەکی هێمایی ڕووەکە، بەڵام لە هەمان کاتدا هێمای خودی شامارانیشە، چونکە سوور هێمای نوێبوونەوەیە و سەوزیش هێمای بەپیتی و خولی مردن و لەدایکبوونەوەیە.
ئینجا دێینە سەر ئەفسانەکە، بۆ ئەو مەبەستە دەمەوێت تەختەکە بەکاربهێنم. لە ئەفسانەکەدا کوڕێک هەیە لەگەڵ دایکیدا هەوڵ بۆ بژێوی ژیان دەدات: دار لە دارستانەوە دەهێنێت و لە شارۆچکەکەدا دەیفرۆشێت و بەوە ژیانی دەگوزەرێنێت. ڕۆژێکیان زریانێک لێیاندەدات و بۆ ئەوەی لێی دەرباز بێت، دەچێتە ناو ئەشکەوتێک. کە لەناو ئەشکەوتەکەدا بێجووڵە دانیشتبوو و بە داری دەستی خەریکی زەوییەکە بوو، بەردێکی تەختی دۆزییەوە؛ کە بەردە تەختەکەی بەرز کردەوە، لە ژێریدا گۆزەیەکی زەبەلاحی پڕ لە هەنگوین هەبوو. ئینجا دوو هاوڕێی خۆی هێنا و کەوتنە دەرهێنان و فرۆشتنی هەنگوینەکە. لە کۆتاییدا، کە خەریک بوو هەنگوینەکە تەواو ببێت، دەبووایە یەکێکیان بچێتە ناو گۆزەکەوە بۆ دەرهێنانی ئەوەی تێیدا ماوە؛ بۆ ئەو مەبەستە هەر خۆی چووە خوارەوە. دوو هاوڕێکەشی ناپاکییان لەگەڵدا کرد. لەبەر ئەوەی ئەو هەنگوینەکەی دۆزیبۆوە، بیریان دەکردەوە بەشە گەورەکە بۆ ئەو دەبێت و ئەمانیش دەیانویست هەموو قازانجەکە بۆ خۆیان ببەن؛ بۆیە هەر لەوێ بەجێیان هێشت، بەردەکەیان خستەوە سەر چاڵەکە و ڕۆیشتن. ئەویش بەو حاڵە بێچارەیییەوە مایەوە.
لەپڕ، وەک دەگێڕنەوە، دووپشکێک لە درزێکی گۆزەکەوە دێتە ژوورەوە؛ دەستبەجێ کوڕەکە دووپشکەکەی کوشت، ئینجا درزەکەی فراوان کرد و لەلایەکەی دیکەی گۆزەکەوە چووە دەرەوە و بینی لە باخچەیەکی جواندایە. ماوەیەک لەوێ خەوت. کە بە ئاگا هاتەوە، بینی مارەکان دەوریان داوە و لە سەرووی هەموویانەوە بوونەوەرێکی جوان هەیە کە نیوەی مار و نیوەی ژن بوو: شاماران. ترسا، بەڵام شاماران دڵنیای کردەوە کە هیچ زیانێکی پێ ناگات؛ تەنیا ناتوانێت بگەڕێتەوە، چونکە مرۆڤەکان بەدوایدا دەگەڕێن و ئەگەر شوێنی بزانن دەیکوژن، کەواتە دەبێت لەگەڵیدا بژی.
بەڵام دوای ماوەیەک کوڕەکە بیری ماڵەوەی دەکات (لە هەندێک گێڕانەوەشدا هەردووکیان دڵداری یەکترن)، لە کۆتاییدا شاماران ڕێی پێدەدات بگەڕێتەوە بۆ ژیانی خۆی، بەڵام بەو مەرجەی هەرگیز نەچێتە حەمام و خۆی نەشوات؛ چونکە هەرکەسێک شامارانی بینیبێت، هەر کە دەستی بەر ئاو بکەوێت، لەشی پولەکاوی دەبێت و بەوە ئاشکرا دەبێت کە شامارانی بینیوە و لەو ڕێگەیەوە دەتوانن شوێنەکەی بدۆزنەوە. مەرجەکە ئەوە بوو. ئەویش دەگەڕێتەوە و بۆ ئەوەی لەمە دەرباز بێت، لەگەڵ دایکیدا دەچنە شوێنێکی دوورەدەست (گێڕانەوەی جیاجیا هەیە، بەڵام هێڵە سەرەکییەکە ئەمەیە) و لەوێ ژیان دەگوزەرێنن.
لەو ماوەیەدا، لە هەندێک گێڕانەوەدا پاشا و لە هەندێکی دیکەدا کچی پاشا نەخۆشییەکی کوشندە دەیانگرێت. پێویستییان بە دەرمانێکە، کە ئەویش شامارانە: لە گێڕانەوەیەکدا گۆشتی، لە یەکێکی دیکەدا خوێنی، لە هەندێکیشدا ئاوی لەشی دوای کوشتنی وەک دەرمان دەخورێت. بە هەر حاڵ، هەموو خەڵکەکە کۆدەکەنەوە و بە زۆر دەیانبەنە حەمام بۆ ئەوەی بزانن کێ شامارانی بینیوە.
لە کۆتاییدا یەکێک دەڵێت لە دارستانێکی دوورەدەستدا کەسێک دەژیت کە نەهێنراوەتە حەمام. بەم شێوەیە دەیدۆزنەوە و ناچاری دەکەن شوێنی شامارانیان پیشان بدات. شامارانیش، پێش ئەوەی بەڕەڵای بکات، پێی گوتبوو: “ئەگەر مەسەلەی مردن لەئارادا بوو، ئەوسا دەتوانیت شوێنەکەم پیشان بدەیت.” سەرەتا خۆی دەگیرێت، بەڵام لە کۆتاییدا شوێنەکەیان پیشان دەدات و شامارانیش دەدۆزنەوە. لە ڕێگەی گەڕانەوەشدا شاماران پێی دەڵێت: “ئەگەر داوایان لێکردیت خۆت بمکوژیت، ڕازی مەبە؛ بڵێ: ئێوە دۆزیوتانەتەوە، با هەر ئێوەش بیکوژن.” هەر بەم جۆرەش ڕوودەدات، بەڵام بە شێوەیەکی جادوویی، لە یەکێک لە گێڕانەوەکاندا، سێ جۆر خوێن هەیە، بە ڕەنگی جیاجیا: سەوز، زەرد و سپی. سەوز هێمای مردنە، زەرد هێمای چاکبوونەوەیە، و سپیش هێمای زانینە.
لە کۆتاییدا، هەر بە شێوەیەکی جادوویی، شلە سپییەکە بەر کوڕەکە دەکەوێت؛ وەزیرە چاوبرسییەکە سەوزەکە دەخواتەوە و دەمرێت؛ زەردەکەش دەدرێتە پاشا، یان کچەکەی، و چاک دەبنەوە. ئەوە سەرجەم چیرۆکەکەیە.
ئینجا دەستم کرد بە لێکدانەوەی ئەفسانەکەش، چونکە ئەفسانەکان بە جۆرێک دەقی داخراوی سەردەمانی کۆنن و بە گشتیش، بە شێوەیەکی تایبەتمەند، دەقی ئایینین. دەستم بە لێکۆڵینەوەکە کرد لەسەر توخمەکان: ئەم توخمانە، با گێڕانەوەکەش بگۆڕێت، خۆیان ناگۆڕێن؛ بە لایەنی کەمەوە لە سەدا نەوەتیان هەر وەک خۆیان دەمێننەوە. ڕیزبەندییەکەشیان ناگۆڕێت. کەواتە بە توخمەکاندا دەڕۆین.
توخمی یەکەم ئەشکەوتەکە بوو، لە ڕاستیدا ئەفسانەکە بە “لەدایکبوون لە ئەشکەوت”ەوە دەستی پێکرد. پاشان بەردە تەختەکەمان هەیە، ئینجا گۆزەکە و هەنگوینەکە، دواتر جیهانی ژێرەوە، ئینجا گەڕانەوە بۆ حەمام، ئاوی حەماممان هەیە، لەدوای ئەویش هێماداریی ڕەنگەکان و مەسەلەی مردنی کچەکە یان پاشا.
بۆ نموونە، لە هیچ گێڕانەوەیەکدا نابینیت نەخۆشەکە کوڕی پاشا بێت؛ هەمیشە کچەکەیە یان خودی پاشا. کەواتە هەریەک لەم توخمانە لەناو ئەفسانەکەدا واتای جیاوازی خۆیان هەیە. جا کە دێیتە سەر ئەشکەوتەکە، بۆ نموونە، بە میتۆلۆژیای بەراوردکاری پشکنینم بۆ کرد: ئەشکەوت لە ڕاستیدا بە کۆئەندامی زاوزێ یان بە منداڵدانی دایکە خواوەندەی زەوی دادەنرێت.

جا ئەفسانەکە بەوە دەست پێدەکات. ئینجا ئەگەر سەیری ئەم بەردە تەختە بکەن، کە لە حەمامەکانیشدا هەمانە و بە تورکی پێی دەڵێن “گۆبەک تاشی” (göbek taşı)، واتە “بەردی ناوک”؛ تێگەیشتنەکەی وەک منداڵدانی دایکە خواوەندە وایە: لە کۆئەندامی زاوزێیەوە دەچیتە ژوورەوە، ئینجا ئەم بەردەناوکەت بەردەکەوێت و لەوێشەوە بەرەو خوارەوە دەچیتە ناو منداڵدانەکەی. شێوەی کوڕەکەش لەناو گۆزەکەدا، کە دەمەوێت لێرەدا پیشانتانی بدەم، جۆرێکە لە دانیشتنی کۆرپەلە لە سکی دایکدا.
لەسەر تەختەکە وێنە دەکێشێت: ئەمە ئەشکەوتەکەیە و ئەمەش کوڕەکەیە، دەبینن؟ ئەم بەردەش لێرەیە و لەژێر بەردەکەدا هەنگوینەکە هەیە. لێرەوە درز دەبات و کوڕەکە لەوێوە دەچێتە جیهانی شاماران. دەبینن، دانیشتنی کوڕەکە لێرەدا ڕێک وەک دانیشتنی کۆرپەلەیە. ئەمەش تۆوەکەیە: توێکڵی تۆوەکە لێرەوە درز دەبات و بەرەو خوارەوە دەچێت.
دووپشکەکەش زۆر گرنگە، چونکە تەنانەت لە دەقە زەردەشتییەکانیشدا دووپشک ئەو گیانلەبەرەیە کە بەپیتی دەکوژێت و تۆوی مرۆڤەکان لەناو دەبات. کەواتە بوونی دووپشکەکە لەوێدا هەر ڕێککەوت نییە، چونکە لەو سەردەمەدا دەبووایە ڕوونبکرێتەوە بۆچی هەموو تۆوەکان ناگەڕێنەوە و شین نابن: ئەگەر دووپشک بیانکوژێت، ئیتر ناتوانن بگەڕێنەوە.
بەڵام کوڕەکە دووپشکەکە دەکوژێت و لە توێکڵەکە دێتە دەرەوە، وەک بڵێی چرۆیەک دەردەپەڕێت. ئەوەش کە دەبێت ماوەیەک لەوێ بمێنێتەوە، پرۆسەی دووگیانیی زەوییە: دایکە خواوەندە خۆی بڕیار دەدات هەرکەسە چەند لەوێ بمێنێتەوە و کەی دیسان بگەڕێتەوە سەر زەوی. کەواتە دەبینن ئەمە جۆرێکە لە خولی ژیان. ئەگەر سەیری دایکە خواوەند، یان ئایین و باوەڕە پێش- ئیبراهیمییەکان بکەین، بەتایبەتی ئایینە کوردییە خۆماڵییەکان، زۆربەیان هەر ئەم خولەیان هەیە: خولی ژیان؛ لەدایکبوونیش بە شێوەیەکی هێمایی، بەهۆی هەموو ئەم نوێنەرایەتییە هێماییانە و ئەو تێگەیشتنەی لە پشتیانەوەیە. هەر بۆیە لەم ئایینانەدا سیستەمی دووبارە لەدایکبوونەوە هەیە.
بۆ نموونە لە ئایینە ئیبراهیمییەکاندا، کە مردیت، پۆلێن دەکرێیت: ئەگەر مرۆڤێکی چاک بیت دەچیتە بەهەشت و ئەگەر خراپ بیت دەچیتە دۆزەخ، واتە هەرکەسە دەکەوێتە شوێنێکی جیاواز. بەڵام لەم جۆرە ئایینانەدا ژیان و مردن لە هاوسەنگیدان، ئەمەش یەکێکە لە یەکەم تایبەتمەندییەکانی دایکە خواوەندە: دووانەیی هاوسەنگی. دووانەیی لە ئایینە ئیبراهیمییەکانیشدا هەیە، بەڵام لەوێدا دووانەییەکە دووانەیی چاک و خراپە: دەبێت هێرش بکەیتە سەر یەکێکیان بۆ ئەوەی ئەوی دیکە بپارێزیت، هێرش دەکەیتە سەر خراپەکە، یان مردن، یان تاریکی، بۆ ئەوەی چاکەکە و ڕووناکەکە بپارێزیت.
بەڵام لەم جۆرە ئایینانەدا، لە ئایینە خۆماڵییەکاندا، لە دووانەییەکەدا چاک و خراپ بوونی نییە؛ هاوسەنگی هەیە. بۆ نموونە ئەگەر تاریکی، جیهانی ژێرەوە، خراپ بێت، ئەی چۆن ئەم تۆوانە شین دەبن؟ تۆوەکان چرۆ دەکەن و دێنە ژیان، چونکە دەبێت ماوەیەکی دیاریکراو لەوێ بمێننەوە؛ ئینجا دێیتەوە ژیان و چێژ لە ڕووناکیی خۆر وەردەگریت، و کە پرۆسەی ژیانت تەواو کرد، دیسان دەچیتەوە خوارەوە. ژیان بەم شێوەیەیە.
لە هەندێک لەم باوەڕانەشدا شتە سەرەکییەکە ڕۆحە: ڕۆح نزیکەی ١٠٠٠ جار شێوە دەگۆڕێت و لە جاری ١٠٠١دا دەبیتە مرۆڤی کامڵ و دەبیتە بەشێک لەم جەستە پیرۆزە: لە سەرجەم گەردوون، لە سەرجەم زەوی.
لەم شوێنە شوێنەوارییانەشدا هێمای زۆر دەدۆزرێتەوە. بۆ نموونە ئەمە ئەشکەوتی شانەدەرە لە باشووری کوردستان کە یەکێکە لە گرنگترین ئەشکەوتەکانی جیهان، چونکە ناشتنێکی بە ڕێوڕەسمەوە تێیدا دۆزراوەتەوە. کوڕێکی سێ- چوار ساڵانە، وابزانم، و بە شێوەیەکی تایبەت نێژراوە. وتارەکەی ئەو شوێنەوارناسەم خوێندەوە کە دۆزیویەتییەوە؛ دەڵێت لەبەر ئەوەی خەمبار بوون و شینیان بۆ گێڕاوە، گوڵیان لە دەوری داناوە، کە ڕاست نییە، چونکە لە ڕاستیدا ڕێوڕەسمێکی ئایینییە: بە گوڵ و تۆو دەوری دەدەن بۆ ئەوەی دووبارە لەدایک ببێتەوە، چونکە وەک تۆوێک سەیری دەکەن کە مردووە و دیسان شین دەبێتەوە. نازانم لێرە چۆنە، بەڵام لە کوردستان و لە زۆر شوێنی تورکیاش شێوەی گۆڕەکان وەک شێوەی کۆرپەلەیە لە سکی دایکدا، چونکە لە ڕاستیدا دەیانەوێت بگەڕێنەوە.
هەتا ئەمڕۆش زۆرێک لەم هێمایانە هێشتا لەلایەن ئایینە تاکخوداییەکانەوە داگیرکراون؛ ئەوان بە هیچ شێوەیەک باسی ئایینەکەی پێش خۆیان ناکەن. کەچی کە دەستم بە خوێندنی ئەمە کرد، بۆم دەرکەوت شتێکی سەرسوڕهێنەرە: هەموو شتەکان هەر لە دەوروبەرمانن، بەڵام ئێمە تەنیا ئەوەیە پەیوەندییەکانیان پێکەوە نابەستینەوە. ئەوان هەموو ئەم هێمایانەیان بۆ خۆیان برد و وایان نیشان دا کە وەک بڵێی ئایینەکەی پێشوو هەر بوونی نەبووبێت. هەر بۆیە یەکێک لە بەشەکانی کتێبەکەم لەسەر ئەوەیە کە چۆن “شەیتان” لەلایەن ئایینی تاکخوداییەوە بونیاد نراوە بۆ ئەوەی ئەم ئایینە مەزن و بەهێزەی دایکە خواوەندەی زەوی لە ناوچەکەدا شەیتانی بکرێت. ئەگەر ئارەزوومەندن، تکایە ئەو بەشە بخوێننەوە. ئەم پرۆسەی شەیتانیکردنە هێشتاش بەردەوامە؛ پێم وایە بە مەسیحییەت دەستی پێکردووە و دواتر ئیسلام بە شێوازێکی توندوتیژتر درێژەی پێداوە.
جووەکانیش بە جۆرێک هەر ئەم تێگەیشتنەیان هەیە، بەڵام پرۆسەی شەیتانیکردنەکەیان بەو ئەندازەیە نییە. ڕوونکردنەوەکەی من ئەوە بوو کە ئەم باوەڕە، واتە باوەڕی دایکە خواوەند، ئەوەندە بەهێز بوو کە بۆ ئەوەی لە بەرانبەریدا بمێننەوە ناچار بوون ئەم جۆرە بونیادنانە ئایدۆلۆژییە ئەنجام بدەن؛ دووبارە بونیادنانەوەیەک تاکو بەسەریدا زاڵ بن. ئەوە ڕوونکردنەوەکەی من بوو.
ئەم ناوچەیە بە لایەنی کەم ٦٠ بۆ ٩٠ هەزار ساڵ کۆنە. لەوەوە تێدەگەن ئەم ئایینە چەند بەهێز، قووڵ و مێژووییە، سەرەڕای ئەوەی شەیتانی کراوە، پاڵی پێوە نراوە و هەوڵی سڕینەوەی هەموو شوێنەوارەکانی دراوە. ئەمەش پەرستگای ئەناهیتایە (Anahita) لە کرماشان، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانی ئێران. ئەم وێنەیەم لەبەر ئەوە هێناوە کە ئەم شێوە شوێنەوارییە و ئەم تەلارسازییە- ئەو “سکە” دەبینن- هەر هێمای ئەوە خۆیەتی. ئێستاش هەموو ئەم ئایینە ئیبراهیمییانە بەکاریدەهێنن بەبێ ئەوەی بە هیچ شێوەیەک ناوی بهێنن. ئەگەر سەیر بکەن، سەربان و گومەزەکانیان بە شێوەیەکی گشتی هەر بەو شێوەیەن، چونکە لەوانەوە وەریانگرتووە؛ ئەوان لە سفرەوە دەست پێناکەنەوە، بەڵکوو وەریدەگرن و ئینجا داگیری دەکەن.
حەمامەکانیش هەر بەم شێوەیەن: حەمام وەک تەلارسازی ڕێک وەک ئەمە وایە. لەناو حەمامدا یەک دەروازە هەیە کە وەک کۆئەندامی زاوزێی ژن وایە؛ کە چوویتە ژوورەوە، ئاوی گەرم لە دەوروبەرتە و لەوێش بەردی ناوکەکە هەیە. سەمای سکیش هەیە، لە ڕاستیدا جۆرێکە لە سەمای ڕێوڕەسمی. ژنە کاهینەکان لەسەر ئەم بەردە ناوکە سەمایان کردووە و بە مەمک و ناوقەدیان جووڵاون؛ ئەمە جۆرێکە لە نواندنی شیردان و دووگیانی. سەمایەکی ڕێوڕەسمییە کە بە تەواوی لە پێشینە ئایینییەکەی داماڵراوە و بووەتە جۆرێک لە چێژ بۆ پیاوان تاکو تەماشای جەستەی ژنان بکەن.
پاشان “گرێ مرازا” یان “خرابەڕەشک”مان هەیە بە کوردی، کە ئێستا ناوی گۆڕدراوە بۆ “گۆبەکلیتەپە”؛ ئەمە بە لایەنی کەم ١٢ هەزار ساڵ کۆنە و ڕوانگەی بۆ ڕابردووی ئایینی بە تەواوی گۆڕیوە. لە باکووری کوردستانە، لە ڕحا، کە ئێستا پێی دەڵێن ئورفا. دەبینن، هەرچەندە کەس بە فەرمی نەیگوتووە، ئەمە بە شێوەیەکی ڕوون جۆرێکە لە پەرستگای باوەڕی دایکە خواوەند. دەشبینن چۆن ئەو شێوە بازنەیییە و ئەم شێوە T- یە هێشتا لەلای عەلەوییەکان ماوە: ئەم کۆڵەکە T- شێوانە لە ماڵەکانی ئێمەشدا هەن و یەکێکیان زۆر گرنگە؛ خەڵک دەچنە لای و لەوێ ڕێوڕەسمی پەرستن بەڕێوەدەبەن، ئەویش بە زۆری کۆڵەکە ڕەشەکەیە، چونکە ڕەش هێمای تاریکیی منداڵدانی دایکە خواوەندە.
هەر لە کولتووری کوردیدا، بۆ نموونە ئەگەر شەڕ لەنێوان دوو بنەماڵەدا هەبێت و یەکێک لە بنەماڵەکان پەردەیەکی ڕەش لە دەرگاکەی بدات، ئیتر کەس دەستیان لێ نادات و شەڕەکە تەواو دەبێت؛ تەنانەت ئەگەر ١٠ کەسیشیان لێ کوشتبن، هەرگیز دەست بۆ ئەو ماڵە نابەن، چونکە ئەمە هێمای جەستەی ئەوە. ئەگەر کەسێکیشتان لالشی بینیبێت- پەرستگای ئایینی ئێزیدی- لە سەردەرگاکە مارێکی ڕەش هەیە: ڕەشەکە هێمای ئەوەیە و مارەکەش هەر هێمای ئەوەیە. هەرچەندە ئێستا لەم مێژووە ئایینییە داپچڕاون، هەموو ئەم هێمایانە هێشتا لەناو ئەم ئایینە کوردییە پێش- ئیسلامی و پێش- ئیبراهیمییانەدا، لە ئایینە خۆماڵییەکاندا، ماون.
ئەمەش حەسەنکێفە لە بەتمان، کە بە لایەنی کەم ١٢ هەزار ساڵ کۆنە. یەکێکە لە کۆنترین شار و شوێنە شوێنەوارییەکان کە ٩ لە ١٠ی پێوەرەکانی کەلەپووری جیهانیی یونسکۆی (UNESCO) تێدایە؛ لەگەڵ ئەوەشدا دەوڵەتی تورکیا بەنداوێکی دروستکرد و ئێستا شوێنەکەی خستووەتە ژێر ئاوەوە.
ئەمەیە ئەوەی هەوڵ دەدەم ڕوونی بکەمەوە: کوردستان یەکێکە لە کۆنترین نیشتەجێبوونەکانی مرۆڤ کە چالاکییەکانی شارستانییەتی تێدا بەردەوام بووە. هەروەها دایکە خواوەند هێشتا لەناو کۆمەڵگە کوردییەکاندا ماوە، وەک یارسانییەت، عەلەوییەت و ئێزدایەتی؛ لە هەندێک ناوچەشدا شەبەک یان بە ناوی دیکەش هەن.
باشە، ڕۆڵی شاماران لە کولتووری کوردیدا: ئەو بەشێکە لە ماڵەکانمان و بەتایبەتی بەشێکە لە سندوقی جیهازی بووک. چونکە، وەک ئاماژەم پێدا، نەک کوڕی پاشا، بەڵکوو کچەکەیە کە گرنگە؛ چونکە کولتووری کوردی زۆر بە دایکە خواوەندەوە بەستراوەتەوە و کۆمەڵگەیەکی دایکڕەچەڵەکە (matrilineal)، کۆمەڵگەکە لە ڕاستیدا لە تەوەری دایک شێوەی گرتووە و بە دایک بەردەوام دەبێت. بنەماڵە کوردییەکان، بەتایبەتی هەرە کۆنەکان کە بنەماڵەی گەورە بوون، لە ڕاستیدا لەژێر سەرپەرشتیی دایکدا بوون.
لە لێکۆڵینەوەکەمدا، کە دێینە سەر هەنگوینەکە: ئەگەر سەیری هەنگ بکارن، هەنگ لەژێر دەستی یەک دایکدایە، شاژنە هەنگەکە زۆر گرنگە. هەموویان شوێنی دەکەون؛ بۆ هەرکوێ بچێت، ئەوانیش دەچن و لە پێناویدا دەمرن. ئەمەش لە ڕاستیدا جۆرێکە لە پەیوەندیی نێوان باوەڕی دایکە خواوەند و هەنگەکان. هەر بۆیە، لەنێو هۆکارەکانی دیکەدا، دوو هۆکارە سەرەکییەکەی پیرۆزیی هەنگوین ئەمانەن: یەکەم، هەنگەکان جۆرێکن لە کۆمەڵگەی هێمایی دایکە خواوەند؛ دووەم، هەنگوین لە ڕووەکەکانەوە کۆدەکرێتەوە، کە خۆیان هێمای نوێبوونەوە و بەپیتین. بۆ نموونە لەناو کورددا شاژنە هەنگەکە پێی دەڵێن “شاهەنگ”: شای هەنگ، شای هەنگوین.
ئینجا دەمەوێت بێمە سەر زاراوەی “شا”. زاراوەی شا لە یەکەم دەقە نووسراوەکانەوە دێت، لە ئەڤێستاوە- دەقە زەردەشتییەکەوە؛ زەردەشتییەتیش خۆی جۆرێکە لە لێکدانەوەی پیاوسالارانەی ئایینەکانی پێش خۆی. لەم دەقەدا “شا” بە xšāyaθiya/Xšaθra[1]– وە بەستراوەتەوە. کە هەموو ئەم دەقانەم خوێندەوە، بینیم بەهۆی کەیبانییەکانەوە زۆربەیان بە “شا” لێک دراونەتەوە. “کەیبانی”، بۆ نموونە لە ئینسایکلۆپیدیای ئیسلامدا، بە هەرشتێک پێناسە کراوە کە پەیوەندی بە “شا”وە هەبێت. شانامەش لە ڕاستیدا هەر لەم سەردەمەوەیە و هێشتا لەلای یارسانەکان ماوە. لەگەڵ ئەوەشدا زۆربەی جار بە “خاوەند”، “پاشا” یان “فەرمانڕەوا” وەریدەگێڕن. بەڵام ماری بۆیس، یەکێک لە دیارترین لێکۆڵەرانی زەردەشتییەت، دەڵێت ئەم زاراوەیە بە دایکە خوداوەند ئارمەیتییەوە (Armaiti) بەستراوەتەوە. ئارمەیتیش لە ڕاستیدا بە جۆرێک لە دەقەکەدا سڕدراوەتەوە؛ تەنانەت لە زەردەشتییەتیشدا زۆر بە کەمی ناوی دێت و لە جیاتی ئەو، ئەناهیتا گرنگیی پێ دەدرێت.
ئەناهیتاش کچی ئەوە. چونکە زەردەشت، بۆ ئەوەی ڕۆڵی ئارمەیتی کەم بکاتەوە، لە دەقەکەدا دەڵێت ئەو لە هەمان کاتدا هەم کچی ئەهوورا مەزدایە و هەم ژنەکەشیەتی؛ ئەمەش وەک زینای مەحرەمانە وایە. لەم جۆرە بیرکردنەوەیەدا دەبینین چۆن پیاوسالاری لە کولتوورەکەدا زاڵ دەبێت.
لە باوەڕی دایکە خواوەنددا چەمکی بەشی نێر و بەشی مێ هەیە، وەک لە شاماراندا بینیتان، بەڵام هیچ جووتبوونێک بەم ئایینەوە بەستراو نییە. لەلای عەلەوییەکانیش هێشتا هەر وایە، چونکە ئەم ئایینە باوەڕی سەردەمی نیۆلیتیکە و ئەوان هیچ زانیارییەکیان لەسەر پەیوەندیی نێوان جووتبوون، مێینەیی و نێرینەیی نەبووە. هەر بۆیەشە لە وێنەکەیاندا نێرینەیی و مێینەیی پێکەوەن.
جووتبوون بوونی نییە و هیچ پەیوەندییەکی سێکسی لەئارادا نییە، چونکە بە بڕوای ئەوان جەستەی خودی ئەو بوو کە هەم شێوە مێینەکان و هەم شێوە نێرینەکانی بەرهەم دەهێنا. مادام ئەو خۆی ئەمە دەکات، ئیتر سێکس هەر بوونی نییە. پەیوەندیی نێوان سێکس و زاوزێ زۆر دواتر دۆزراوەتەوە- نزیکەی ١٠ بۆ ١٥ هەزار ساڵ دواتر- کاتێک ئاژەڵیان ماڵی کرد. کەواتە ئایینی دایکە خوداوەند هیچ پەیوەندییەکی بە سێکسوالیتییەوە نییە.
سێکس لەگەڵ مێخوداوەنددا زۆر دواتر هات، کاتێک پەیگەنیزم زاڵ بوو. هەر لەبەر ئەوەشە لە ئایینی عەلەویدا، بۆ نموونە، هیچ ئاماژەیەک بۆ ڕەگەز نییە و هیچ واتایەکی سێکسیش لەم ئایینەدا مەبەست نییە. لەم باوەڕەشدا خۆشەویستییەکی تایبەت هەیە: خۆشەویستیی دایکانە، هەموو شتێک منداڵی ئەوە، بۆیە خۆشی دەوێن و هەر بۆیەش درێژە بە ژیان دەدەن.
هەر بۆیە شاماران داوای کرد: “خۆت مەمکوژە؛ با ئەوان بمکوژن.” هێشتاش لەلای عەلەوییەکان کوشتن قبووڵکراو نییە، ڕاوکردنیش بە هەمان شێوە: ڕاوی ناپێویست لەلای عەلەوییەکان پەسەند نییە، چونکە کوشتن جۆرێکە لە گوناه. بۆ نموونە، هەرکەسێک کەسێکی دیکە بکوژێت، ناتوانێت بەشداریی ڕێوڕەسمەکە- ڕێوڕەسمی “جەم”- بکات. حەمامەکانیش لە ڕاستیدا لەلایەن جەمشیدەوە دروستکراون (پاشا کەیبانییەکە)، و ناوی “جەم”یش هەر لەوەوە دێت. بەڵام ئەمڕۆ هەرشتێک پەیوەندیی بە عەلەویزمەوە هەبێت لە ڕابردووەکەی دابڕێنراوە و بە زۆریش هەوڵ دەدرێت بخرێتە ژێر چەتری ئیسلامەوە، کە هیچ پەیوەندییەکی بە ئیسلامەوە نییە و دوو ئایینی بە تەواوی جیاوازن، بەڵام ئەمەش بۆ ئەوەیە ئەم پێشینەیەش ببڕدرێتەوە.
بەڕێوەبەری دانیشتنەکە: بەڵێ، ئەگەر شتێکی دیکەتان هەیە، لە دوو خولەکدا دەتوانن بیڵێن.
د. دڵشا دەنیز: ئەگەر پرسیارتان هەیە، بە خۆشحاڵییەوە وەڵام دەدەمەوە.
بەڕێوەبەری دانیشتنەکە: زۆر باشە، سوپاس بۆ وتارەکە. من پرسیارم زۆرە، بەڵام نامەوێت پێگەکەم بۆ پرسیارەکانی خۆم بەکاربهێنم؛ هیوادارم سوودتان لە سیمینارەکە وەرگرتبێت. من ئەم تابلۆیانەی شامارانم زۆر پێ جوانە؛ ئەگەر بچنە کوردستان زۆریان دەبیننەوە، بەتایبەتی لە باکووری کوردستان، لە تورکیا. با ئەوەشتان پێ بڵێم: ئەم ڕۆژانە “کوردستان” لە تورکیا وشەیەکی قەدەغەیە، وەک وشەیەکی نایاسایی وایە ئەگەر بیڵێیت. بەڵام شتی زۆری شامارانیان هەیە: لە مێردین و وان زۆر دەدۆزنەوە؛ لە مێردین بە ڕاستی زۆرن، خۆم شتی وام بینیوە. بە هەر حاڵ، هیوادارم چێژتان لە وتارەکە بینیبێت و پرسیاریشتان هەبێت، بەڵام با یەکەم پرسیار خۆم بیکەم، تەنیا یەک پرسیارم هەیە. لە زمانی کوردیدا، لەسەر بنەمای فاکتەرە زمانەوانییەکان، دەڵێین “یا خوەدێ – Ya Xwedê”، و بەپێی زمانەوانی ئەو فۆڕمە مێینەیە، نەک نێرینە؛ لە کاتێکدا لە هەموو ئایینەکانی دیکەدا (وەک ئیسلام، مەسیحییەت و جوولەکە) خودا نێرینەیە. جا پێت وایە ئەمە پەیوەندیی بەم شتانەوە هەیە یان نا؟ چونکە بۆچی دەڵێین “یا خوەدێ” و ڕێزمانەکەش بۆ مێینەیە نەک نێرینە؟
د. دڵشا دەنیز: بەڵێ، ڕاستییەکەی ئەمەم لە کتێبەکەدا هەیە و بەشێکی تایبەتی بۆ تەرخان کراوە، دیارە لێرەدا نەمدەتوانی هەموو شتێک بگێڕمەوە. “خوە” یان “خۆ” واتە “لەخۆوە”؛ “دا”ش واتە دان، زان و لەدایکبوون، لە هەمان کاتدا ناوی دایکیشە: دەڵێین “دایێ”، “دێ”، یان “دییا وی (diya wî)” واتە دایکی ئەو. جا ئەگەر سەیری بکەن، هەر بۆیە گوتم، خودای ئایینە تاکخوداییەکان بە دەست دەخوڵقێنێت: لە خۆڵ، یان لە هەرشتێک؛ بەڵام لەم ئایینەدا “خوەدا” دروست ناکات، بەڵکوو دەزێت. کەواتە مێینەییەک لەئارادایە.
هەر لە ڕاستیدا لەبەر ئەمەشە کورد وەک “موسڵمانی تەواو” قبووڵ ناکرێن، چونکە هەمیشە ئەم پەیوەندییەیان لەگەڵ دایکە خواوەنددا هێشتووەتەوە. تەنانەت ئەگەر بووبێتنە موسڵمانیش، هێشتا لە هەموو ماڵێکدا وێنەی شامارانیان هەیە. بۆم دەرکەوت لەلای عەلەوییەکانیش ئەفسانەکەی بە جۆرێک “نێرینە” کراوە: شاماران دەبێتە شامارانێکی پیری ڕیشدار. “شا” واتە شا، “مار” واتە مار، “ان”یش لە کوردیدا ئامرازی کۆیە- وەک “S”ی ئینگلیزی- کەواتە: شای ماران. “مار” لە مێژووشدا وەک ناوێک بۆ کورد دانراوە؛ ئەمە لە تۆمارە کۆنە ئەرمەنییەکاندا دەبینرێت.
لە کوردیشدا هێشتا “مار” و “مێر” لەیک نزیکن: “مێر” بۆ پیاو بەکاردێت و هەردووکیان پێکەوە گرێدراون. جگە لەوەش، بۆ نموونە لە زازاکیدا “مۆر (mor)” واتە مار و “مۆردەم (mordem)” واتە پیاو، مرۆڤ. دیارە کۆمەڵگەیەکی پیاوسالاریشە. کەواتە هەمووی زۆر پێکەوە بەستراوەتەوە، بەڵام من بە ڕاستی سەرم سوڕما. بۆچی؟ چونکە عەلەوییەکان بە بەراورد لەگەڵ کوردە سوننە موسڵمانەکان کۆمەڵگەیەکی پێشکەوتووخوازترن، زۆر پێشکەوتووخوازن؛ ئەی بۆچی هەر ئەوان نێرینەی دەکەن؟ بۆم دەرکەوت لەبەر ئەوەیە ئەوان هێشتا پەیوەندییەکی ئایینییان پێیەوە ماوە، و پیاوسالاریش ئەوەندە شەیدای یەکتاپەرستییە کە هەوڵ دەدەن لەم تایبەتمەندییە مێینەییە ڕزگاریان بێت. بەڵام لەلای موسڵمانەکان پەیوەندییە ئایینییەکە نەماوە، بەڵکوو باوەڕێکی ڕابردوویان هەیە کە هێشتا لەناویاندا درێژەی هەیە.
بەڕێوەبەری دانیشتنەکە: سوپاس. کەواتە با چەند پرسیارێک وەربگرین؛ هەرکەسێک پرسیاری هەیە با بفەرمووێت. فەرموو، لیندسەی.
لیندسەی: زۆر سوپاس بۆ وتارەکەت؛ بە ڕاستی بۆ من زۆر سەرنجڕاکێش بوو. زۆر بیرم لەوانە کردەوە کە لەسەر کورد و بەستراوەییان بە دایکە خواوەندەوە گوتت. ئەمەم زۆر پێ سەرنجڕاکێش بوو، چونکە بەم دواییانە لێکۆڵینەوەیەکم خوێندەوە کە شیکاریی مەسیحییەتی سریانی دەکات: لە زمانی سریانیدا “روحا” وشەی ڕۆحە، و لە بنەڕەتدا لە سریانیدا کە باسی ڕۆحی پیرۆز دەکرا، مێینە بوو. تەنیا کاتێک گریکەکان دەستیان کرد بە کاریگەری خستنە سەر مەسیحییەتی سریانی، بە زۆر گۆڕدرا بۆ ڕۆحی پیرۆزێکی نێرینەکراو. جا دەمویست بپرسم: ئایا لە عەلەویشدا کاریگەرییەکی دەرەکی لەم جۆرە هەبووە؟ دەزانم باست لەوە کرد کە شاماران چۆن نێرینە کراوە، بەڵام لەلای شوێنکەوتووانی عەلەوی، ئایا نێرینەکردنێکی بەزۆری شاماران یان دایکە خواوەند هەیە، یان بەرگری لێکراوە؟
د. دڵشا دەنیز: لەلای سوننەکان نێرینەکردن نییە، بەڵام لەلای عەلەوییەکان هەیە، چونکە عەلەویزم لەژێر فشاری ئایینی یەکتاپەرستی ئیسلامدایە. بۆیە هەوڵ دەدەن دەست بەم شێوەیەدا بگرن، چونکە بووەتە ئایینێکی پیاوسالار و پێیان وایە خواوەندێکی مێینە شیاو نییە. لەبەر ئەوەی بە جۆرێک لەژێر کاریگەریدان، هەوڵ دەدەن بڵێن: “ئێمەش هەر خواوەندێکی نێرینە دەپەرستین.” ئەمە گریمانەی منە بەو ئەندازەیەی بۆم دەرکەوتووە. سوپاس.
بەڕێوەبەری دانیشتنەکە: پرسیاری دیکە هەیە؟ بەڵێ، فەرموو.
لە ئامادەبووان: زۆر سوپاس بۆ ئەم وتارە، بە ڕاستی چێژم لێی بینی. دوو پرسیارم هەیە؛ ڕەنگە ئێستا شتێک لەلام واتادار بووبێت: لە کوردیدا ئێمە بنەماڵە بە ناوی باوک ناناسین، یان بە ناوی هۆز وەک لە ڕۆژئاوا، بەڵکوو بە دایک؛ زۆر جار خەڵک بە دایکیان یان بە ژنەکانیان دەناسرێنەوە، نەک بە ناوی کۆتایی. پرسیارێکیش کە بەم دواییانە بۆم دروست بوو: بیستوومە ئەم شامارانە لەلایەن میدیای تورکییەوە بۆ خۆیان برابێت، واتە دەستبەسەرداگرتنی کولتووری کوردی؛ تۆ چیت لەسەر ئەمە هەیە؟ چییان لە شاماران گۆڕیوە؟
د. دڵشا دەنیز: ڕاستییەکەی ئەوان بێچارانە هەوڵی ئەمە دەدەن چونکە دواهاتوون. کۆلۆنیالیزمی نیشتەجێکردن (settler colonialism) چەند شێوازێکی هەیە بۆ ئەوەی بوونی خۆی لەو خاکەدا ڕەوا پیشان بدات؛ بۆیە هەوڵ دەدەن پەیوەندییە کۆنەکەی خەڵکە خۆماڵییەکە بسڕنەوە، ئینجا لە مێژوو دایانبماڵن و ئەو خاکە وا پیشان بدەن کە وەک بڵێی زەوییەکی چۆڵ بووبێت، ئەوان هاتوون و هی ئەوان بووە. هەر بۆیە ئەوەندە شەیدای سڕینەوەی مێژووی نەتەوەکانی دیکەی ئەم خاکەن.
کە تورکەکان هاتنە ئەنادۆڵ، ئەم وێنەیەی شاماران بە لایەنی کەم ٥ هەزار ساڵ کۆن بوو. چۆن ئەمە دەزانم؟ چونکە ئەم یەکێتییەی جەستە لە نزیکەی ٣٠٠٠ ساڵ پێش زایینەوە دابەش کرا بەسەر جووتەکاندا، بەسەر نێر و مێدا، بەسەر هاوسەرەکاندا: ژن و مێرد، خوشک و برا، دایک و کوڕ. کەچی لە شاماراندا هێشتا ئەم دابەشکردنە ڕووی نەداوە. جا ئەگەر بە لایەنی کەم ٣٠٠٠ ساڵ پێش زایین دابنێین، لەگەڵ ٢٠٠٠ ساڵی دوای زایین، دەکاتە ٥ هەزار ساڵ. تورکەکان لە ئەنادۆڵدا تەنیا هەزار ساڵە هەن و کە هاتنە ئەنادۆڵیش پێشتر ئیسلام ببوون؛ ئەی ئەم ئەفسانە و ئایینە پێش- ئیسلامییە چۆن دەبێتە هی ئەوان؟
تاکە شتێک کە بەکاریان هێناوە گێڕانەوەکەی تەرسووسە، چونکە شامارانی تەرسووس لە حەمامدا کوژراوە. بەڵام یەکێک لە بەشەکانی کتێبەکەم هەر لەسەر ئەمەیە: تەرسووس یەکێکە لە گرنگترین شوێنە پەیگەنییەکانی ئەم جوگرافیایە و ململانێی زۆری تێدا بووە لەنێوان پەیگەنەکان و مەسیحییەتدا، چونکە مەسیحییەت لە ڕاستیدا هەر لەوێوە سەری هەڵداوە؛ بە جۆرێک سانت پۆڵ ئینجیلی لە تەرسووسدا نووسیوە. کەواتە کێشەکەی تەرسووس ململانێیەک بووە لەنێوان باوەڕی دایکە خواوەند و مەسیحییەت و جوولەکە و پەیگەنەکاندا، هیچ پەیوەندییەکی بە تورکەکانەوە نییە. تورکەکان ئەم ئەفسانەیەیان نییە؛ ئەمەش نەک لەبەر ئەوەی ئێمە دژی تورک بین، هەر نییانە و تەواو. ئەگەر هەیانبووایە، لە ئاسیای ناوەڕاستیشدا دەبووایە هەبێت. هیچ پەیوەندییەکیان پێیەوە نییە. ئەمە هەر ڕوانگەیەکی کۆلۆنیالییە کە هەوڵ دەدات هەموو شتێک بە ناوی خۆیانەوە داگیر بکات، تاکو بوونی خۆیان ڕەوا پیشان بدەن و هەڵاواردن و پەراوێزخستنی کورد و ئەو نەتەوە و گرووپانەش ڕەوا بکەنەوە کە پێش ئەوان لە ئەنادۆڵدا هەبوون.
بەڕێوەبەری دانیشتنەکە: سوپاس. سۆفیا، فەرموو.
لە ئامادەبووان: شتێک کە من زۆر پێی سەرقاڵم، هێماداریی خودی مارە و ئەو شتانەی پێوەی دەبەسترێنەوە. لە وتارە ئەکادیمییەکاندا کە باسی هێماداریی مار دەکرێت بە بەپیتی و مردنەوە، زۆر جار باسی چوونە ژێر زەوی و هاتنە سەر زەوی، کاژفڕێدان، و پەیوەستی دەکەن بە ئاوەوە. جا دەمویست بزانم: لەوەی تۆ گوتت وا دیارە ڕەنگە سەر- زەوی و ژێر- زەوییەکە گرنگترین لایەن بێت؛ ئایا گێڕانەوەش هەن کە لایەنی کاژفڕێدان یان ئەوانی دیکەی تێدا بێت؟
د. دڵشا دەنیز: ئەم ئەفسانە و ئایینە هەمووی لەسەر بنەمای چاودێریکردنی گیانلەبەرەکە و سروشتەکەیەتی. بەڵێ، دیارە نەمدەتوانی هەموو شتێک باس بکەم؛ مار تاکە بوونەوەرە کە دەچێتە ژێر زەوی و دەشگەڕێتەوە. یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی دایکە خواوەند ئەوەیە کە دەزێت، بەڵام هێزی مردنیشی هەیە؛ بۆیە مار یەکێکە لە هێماکانی مردنیش. مردنیش شتێکی بە تەواوی نەرێنی نییە، چونکە مردن ڕێگەیەکە بۆ گۆڕان بۆ شێوەیەکی دیکە. مار هەروەها ئەو بوونەوەرەیە کە دەچێتە خوارەوە، چونکە لە زستاندا ون دەبێت و لە هاویندا دەردەکەوێتەوە، وەک خۆر: خۆریش هەر بەشێکە لەم ئایینە، چونکە هەموو شەوێک دەمرێت و هەموو ڕۆژێک لەدایک دەبێتەوە. خولی مردن و لەدایکبوونەوەیە، ماریش یەکێکە لەوان. مار هەروەها هێمای ڕووبارە گەورەکانیشە، چونکە ئاو هەر هێمای منداڵدانی ئەوە، بەپیتیش لەسەر ئاو ڕاوەستاوە. لە هەندێک گێڕانەوەشدا ئاو و ڕووبار هەیە و دەسەڵات بەسەر ڕووبارەکەدا هەر لەوێدایە. ئەمانە پەیوەندییە هێماییە زۆر گرنگەکانن لەنێوان دایکە خواوەند و ماردا.
بەڕێوەبەری دانیشتنەکە: پرسیاری کۆتاییش، دکتۆر نەرگس، فەرموو.
دکتۆر نێرگس: دەمویست بپرسم: کورد بە ناو موسڵمانن، وایە؟ جا ئێستا کە ئەم پێشینەیەی دایکە خوداوەند هەیە، ئایا ڕێزێکی تایبەتتریان بۆ کچی پێغەمبەر هەیە لە موسڵمانانی دیکە؟ یان بۆ نموونە ئەگەر مەسیحی بن، ڕێزێکی تایبەتیان بۆ مەریەم هەیە؟ چونکە ئەگەر ئەم پێشینەیەیان هەیە- کەسایەتییەکی مێینەی ئەوەندە دیار لە ئایینە خۆماڵییەکەیاندا- ئایا ئەمە دەگوازنەوە بۆ ناو ئیسلام یان مەسیحییەت، بۆ سەر کەسایەتییە مێینە دیارەکان؟
د. دڵشا دەنیز: پێم وایە هەر لەبەر ئەمەشە کورد وەک موسڵمانی تەواو دانەنراون. دەبینن پێگەی ژن ئەوەندە بەهێزە، سەرەڕای هەزاران ساڵ. بۆ نموونە لە کولتووری کوردیدا دەزانن کورد زۆر شەڕی یەکتری دەکەن، خوێن بە خوێن؛ بەڵام ئەگەر لە گەرمەی شەڕەکەدا ژنێک بێتە ناوەوە و لەچکەکەی فڕێداتە سەر زەوی، هەموو کەس دەوەستێت. ئەمانە لە ڕاستیدا شوێنەواری ئەوەن، چونکە لەچکە سپییەکە هێمای ئەوەیە؛ سپی- کە وابزانم نەمتوانی باسی بکەم- ڕەنگی سپی هێمای زانینەکەیەتی، زانینی ڕووەک و هەموو شتێک. جا کە ژنەکە لەچکەکە فڕێدەداتە زەوی، وەک ئەوە وایە فەرمانی ئەو ڕابگەیەنێت: دایکە خواوەند دەڵێت بیوەستێنن، و دەوەستن. کورد هێشتا ئەم کولتوورەیان هەیە؛ هەر بەردەوامە.
خۆشەویستیی کچی محەمەدیش، لەوانەیە لەبەر ئەوە بێت کە بۆ نموونە لەلای عەلەوییەکان “ئانا فاتمە” (دایە فاتمە) هەیە. عەلەوییەکان بە شێوەیەکی هێمایی بەکاریدەهێنن، بەڵام بە زۆری لە دژی توندوتیژی بەکاریدەهێنن، چونکە توندوتیژیی ئایینییان هەر بەدڵ نییە: موسڵمانان توندوتیژییان بەرانبەر عەلی و بنەماڵەکەی بەکارهێنا، فاتمەش یەکێکە لەوان. بۆیە جۆرێک هێماسازی دروست دەکەن. بۆ نموونە، لەلای عەلەوییەکان تاکە پەیوەندی لەگەڵ ئیسلامدا موحەڕەمە: ڕۆژووەکە. موحەڕەمیش تاکە ڕێوڕەسمە کە بە ساڵنامەی ئیسلامییەوە دێت؛ ساڵنامەکانی دیکەی عەلەوییەکان هیچ پەیوەندییەکیان بە ئیسلامەوە نییە. بەڵام بە شێوەیەکی زۆر سەرنجڕاکێش، ئەم ڕێوڕەسمە بە ئاوەوە بەستراوەتەوە: دەڵێن منداڵەکانی عەلی (حەسەن و حوسێن و ئەوانی دیکە) هەموویان بە تینووێتی مردوون؛ کە بەم شێوەیە نەبووە و بە تینووێتی نەمردوون. ئەی بۆچی بە ئاوەوە بەستراونەتەوە؟ چونکە باوەڕەکە دەناسن: ئاو مافی هەموو کەسێکە، لەبەر دایکەکە هەیە و مافی تۆیە؛ ئەگەر کەسێک ڕێگات لێ بگرێت ئاو وەربگریت، ئەوە دژی باوەڕەکەیە. هەر بۆیە خۆیان بە ئاوەوە بەستووەتەوە بۆ ئەوەی پەیوەندییەک لەگەڵ ئیسلامدا هەبێت و وەک ستراتیژییەک بۆ مانەوە بەکاریبهێنن، چونکە ئەگەر نا بە زۆر موسڵمانیان دەکردن. دەڵێن “ئێمە موسڵمانین”، بەڵام لەبەر ئەوەی عەلییان لە مزگەوتدا کوشت، ناچنە مزگەوت؛ بەو گێڕانەوەیەی تینووێتییەش بە ئاوەوە بەستراونەتەوە (کە ڕاست نییە)، بەڵام ئەم پەیوەندییەیان هەیە. هەمووی بۆ ئەوەیە باوەڕەکە بەردەوام بکەن و بیپارێزن.
شتێکی دیکەش بڵێم: لە مەسیحییەتیشدا، هەر لەبەر هێزی ئەم باوەڕە، دەبینین یەکەم ململانێی ناو مەسیحییەت ململانێیەکە لەسەر ئەوەی ئایا مەریەم دایکی خودایە یان دایکی مەسیح. نەستۆریۆس (نەستۆرییەکان) هەر لەبەر ئەمە دوورخرایەوە؛ لەلایەن کۆمەڵگەی مەسیحییەوە دوورخرایەوە، چونکە لە ناوچەیەکدا بوو کە باوەڕی دایکە خواوەند تێیدا زۆر بەهێز بوو. ئەو دژی ئەوە وەستایەوە کە مەریەم دایکی خودا بێت، بۆیە دوورخرایەوە. کەواتە یەکەم ململانێی ناو مەسیحییەتیش لە ڕاستیدا هەر پەیوەندیی بە دایکە خواوەندەوە هەبوو لە ڕێگەی مەریەمەوە: ئایا دایکە، دایکی خودایە یان دایکی مەسیحە. ئەوەش پەیوەندییەکی دیکەیە.
بەڕێوەبەری دانیشتنەکە: زۆر سوپاس. سوپاس، دەنیز.
دڵشا دەنیز کێیە؟
دڵشا دەنیز توێژەرێکی کوردی عەلەوییە کە لەسەر خاڵی بەیەکگەیشتنی مرۆڤناسی (ئەنترۆپۆلۆجی)، ئایین، جێندەر و توێژینەوەی گەلانی خۆجێی کاردەکات. توێژینەوەکانی سەرنج دەخەنە سەر نەریتە پەراوێزخراو و ڕەسەنەکانی ڕۆژهەڵاتی نزیک، بەتایبەتی عەلەویبوونی کوردی، لە ڕێگەی ڕوانگەیەکی دژە- کۆلۆنیالیزم و فێمێنیستییەوە. خاوەنی بڕوانامەی ماستەرە لە توێژینەوەکانی ژنان و دکتۆرای لە ئەنترۆپۆلۆجیی کۆمەڵایەتیدا وەرگرتووە.
نووسەری پەرتووکی “هێماداریی باوەڕی دێرسیم”ە لە ٢٠١٢دا، کە توێژینەوەیەکی ئەتنۆگرافییە لەسەر کوردی عەلەوی، جوگرافیای پیرۆز، ئەفسانەناسی و پێکهاتەی کۆمەڵایەتی. هەروەها نووسەری پەرتووکی شاماران: دایکی هەمیشەییی بەردینی نوێ، خۆشەویستی و کوردەکان (بڵومزبێری، ٢٠٢٤)یە، کە بەدواداچوون بۆ شاماران دەکات وەک فیگەرێکی پیرۆزی مێینە و گرنگییەکەی لە نەریتە کولتوورییەکانی کورددا.
توێژینەوەی ئێستای کار لەسەر پەرەپێدانی “ئەفسانە- ئەتنۆگرافی” دەکات وەک ڕێبازێکی میتۆدۆلۆژی بۆ خوێندنەوەی ئەفسانە وەک بوارێکی ئەتنۆگرافی کە لە ڕێگەیەوە مێژوو، یادەوەری و جیهانە کولتوورییەکانی کۆمەڵگە پەراوێزخراو و ڕەسەنەکان دەکرێت لێیان بکۆڵرێتەوە. لە گۆڤارە زانستییەکاندا بابەتەکانی بڵاوکردووەتەوە و لە زانکۆکانی تورکیا و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا وانەی وتووەتەوە.
تێبینی: ئەم وتارە لە زانکۆی ئیندیانا لە ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە ١٣ تشرینی دووەم ٢٠٢٤، د.دڵشاد دەنیز لە چوارچێوەی سیمینارێكی لەسەر شاماران پێشکەشی کرد و دوای نووسینەوەی دەقەکە، نووسەرەوە تایبەت بۆ ماڵپەرەکەمان دەستکاریی کردەوە. دەقی ڕەسەنی وتارەکە بە ئینگلیزییە و پوختەی کتێبەکەیەتی کە لە ئایندە بە زمانی کوردیش چاپ دەبێت.

[1] ئێکشاسرا (Xšaθra) لە زمانی ئەڤێستاییدا بە Xšaθra Vairya ناسراوە، چەمک و یەکێک لە ڕووکارە پیرۆزەکانە لە ئایینی زەردەشتیدا. لەڕووی واتای زمانییەوە، وشەی Xšaθra لە زمانی ئەڤێستاییدا بە واتای “پادشایەتی”، “دەسەڵات”، “شەهریاری” یان “فەرمانڕەوا” دێت. وشەی “شا” و “شاریار” لە زمانی کوردی و زمانی فارسیی هاوچەرخدا لەم ڕیشەیەوە سەرچاوەی گرتووە. لە جیهانبینیی زەردەشتیدا، ئەم چەمکە نوێنەرایەتیی “دەسەڵاتی ئاسمانی یان پادشایەتیی خواوەندی (ئەهوورا مەزدا)” دەکات، دەسەڵاتێک کە لەسەر بنەمای ڕاستی، دادپەروەری و داکۆکیکردن لە بێدەسەڵاتان بونیاد نراوە، نەک لەسەر زۆرداری.
بەرێوەبەریی ماڵپەری ژنۆلۆژی

