بەشی دووەم
لەم سەدەیەی بەرەو سەدەی ژن و شۆڕشەکانی ژنان دەچێت، بزوتنەوە فێمێنیستەکان کە خاوەنی مێژوویەکی تێکۆشان و ئەزموونن، خاوەنی تایبەتمەندیی پارادایمی ئازادیخواز و هاوپەیمانییەکی مۆدێرنیتەی ژنن. لە دژی سیستەمی ڕەتێنەر و قڕکردنی ژنان و کۆمەڵگە و سیستەمی چەوسێنەری سەرمایەداری؛ بەرپرسیارێتیی هێزەکانی مۆدێرنیتەی دیموکراتیکە کە پێکەوە تێبکۆشن و ڕێبازەکانی چارەسەر بدۆزنەوە.
بزوتنەوە فێمێنیستەکان لە نێو بزوتنەوەکانی ئازادیی ژناندا پێگەیەکی گرنگ و بەرپرسیارێتییان هەیە کە تێکۆشان بۆ “ژنان – یەکەم و دوا کۆلۆنیکراو[1]” بە دیموکراسیی ڕادیکاڵ بگەیەنێتە قۆناغێک و بە خەباتی سۆسیالیزمەوە بگەیەنێتە ئاستێک. لە ئابیا یالاوە تا ئەوروپا، لە ئاسیاوە تا ئەفریقا، لە ئەفغانستانەوە تا بەلوچستان، لە کوردستانەوە تا ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ژنان و گەلان و ئەو ژنانەی لە لێگەڕینی ژیانێکی ئازاد و جیهانێکدان، بە دروشمی “ژن، ژیان، ئازادی” دەنگی خۆیان کردە یەک و بە چالاکییەکانیان گەیشتنە یەکتر.
ڕۆژڤی سەرەکیی چالاکییەکانی دە ساڵی دوایی ژنان، بەرهەمی ئەو لێگەڕین و حەسرەتەیە بۆ جیهانێکی داماڵراو لە چەوساندنەوە، توندوتیژی، ئایدۆلۆژیای ڕەگەزگەرایانە و سیستەمی پیاو-دەوڵەت. کێشەی ژنان بە سیاسەتە مۆدێرنیست و لیبراڵەکان چارەسەر نابێت. چارەسەر لە گۆڕینی ڕیشەییی خوو، تێگەیشتن و شێوازی بیرکردنەوەکان، دیموکراتیزەکردنی کەسایەتی، ژیان و گۆڕانی کۆمەڵایەتیدایە. بۆ ئەم مەبەستە هەنگاوی گرنگ ئەوەیە؛ خەباتی ئایدۆلۆژی، سیاسی و ڕێکخستنی ڕادیکاڵتر و بەردەوامتر بێت.
بەرەو کۆتاییهاتنی چارەکی یەکەمی ساڵانی ٢٠٠٠ەکان، زەمینەیەکی بەهێز هەیە کە دەتوانین ئەم سەدەیەمان بگۆڕین بۆ سەدەی ئازادیی ژنان و شۆڕشی کۆمەڵایەتی بە شۆڕشی ژنان شکۆمەند بکەین. جەنگی سێیەمی جیهانی کە مۆری خۆی لە یەکەم چارەکی ئەم سەدەیە داوە، بە هەنگاوی نوێ فراوانتر دەبێت. لەبەر ئەوە، چ بۆ گەلان چ بۆ ژنان، بەدەر لە پێداگری لەسەر ژیانی ئازاد و بەرخۆدان لەم جیهانەدا، هیچ بژاردەیەکی تر نییە. ژنان لەم شەڕەدا لە بەرامبەر سیستەمی دەسەڵاتداریی پیاوسالار و پارادایمی دەوڵەت، لایەنێکی بەشدارن لەو بەرەیەی لە دەوری پارادایمی کۆمەڵگەی دیموکراتیکدا گەورە دەبێت. دەبێت خەباتی هاوبەش بەڕێوە ببرێت، بۆ ئەوەی بە پارادایمی کۆمەڵگەی دیموکراتیک و ئازادیی ژن گەشە بکات و دەرفەتی بوون و ئازادی فەراهەم ببێت.
ئەو چالاکییانەی لە ساڵی ٢٠١٦دا لە ئەرجەنتین بە ناوی “نی ئونا مینۆس – کەس لە ئێمە کەم نەبێت” دەستی پێکرد، وەرگەڕا بۆ هێزی چالاکیی بان-کیشوەرەکان. لە هەمان ساڵدا لە پۆڵۆنیا چالاکی بۆ مافی لەباربردن (کورتاج) بە بەشداریی دەیان هەزار ژن ڕێکخرا. لە ٨ی ئاداری ٢٠١٧دا لە ئەمریکا چالاکییەک بە ناوی “ڕۆژێک بێ ژن” ڕێکخرا کە سیاسەتەکانی دۆناڵد تڕەمپیان شەرمەزار کرد. ئەو مانگرتنە گشتییە، لە هەمان کاتدا هەڵوێستێک بوو لە دژی قۆرخکاری و کولتووری بەرخۆری. دوای ساڵێک، لە ٨ی ئاداری ٢٠١٨دا لە ئیسپانیا مانگرتنێک بە یەکدەنگی بۆ ماوەی ڕۆژێک بە بەشداریی ملیۆنان ژن لە دژی چەوساندنەوەی ڕەگەزی و توندوتیژی ساز کرا. لە هەمان کاتدا داواکاری بۆ کار و مووچەی یەکسانیشی هێنایە ڕۆژڤەوە. لە ساڵی ٢٠١٩دا سەمای “لاس تیسیس” لە شیلییەوە دەستی پێکرد، تا وڵاتانی دیکەی ئابیا یالا (ئەمریکای لاتین) و لەوێشەوە بۆ ئەوروپا و زۆر وڵاتی جیهاندا بڵاوبوویەوە. ملیۆنان کەس لە دژی توندوتیژیی سەر ژنان و جیاکاریی ڕەگەزی هەستانە سەر پێ. لە وڵاتی جیاوازدا، چالاکیی جۆراوجۆر بۆ هەمان مەبەست بەردەوامن. لە هیندستان دوای دەستدرێژیکردنە سەر ژنە پزیشکێک و کوشتنی، چالاکیی گەورە ڕێکخران.
لەو چالاکییانەدا، بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی سەر ژنان و چەوساندنەوە، هەروەها دەربڕینی داواکارییە کۆمەڵایەتییەکان لە دژی چەوساندنەوەی سیستەمی سەرمایەداری لە لایەن بزوتنەوە فێمێنیستییەکانەوە گرنگ بوو. لە کیشوەری ئەمریکا پەرتووکێک بە ناوی فێمێنیزمی ٩٩٪: مانفیستۆیەک چاپکرا. ژنان ئاشکرایان کرد کە لەگەڵ خەباتی دژە سەرمایەداریدان. بە ڕەخنەگرتن لە فێمێنیزمی لیبراڵ، بانگەواز لە تەواوی ئەو بەشە جیاوازانەی کۆمەڵگە کرا کە زیانیان لە سیستەمی چەوسێنەر بینیوە، کۆ بببنەوە و خۆیان ڕێک بخەن.
لەەم ساڵانەی دواییدا لە لوبنان، تونس، و شاری هامبۆرگی ئەڵمانیا، کۆنفرانسی نێونەتەوەیی ژنان و ڕێپێوانی جیهانیی ژنان ڕێکخران. لە ئابیا یالاوە (ئەمریکای لاتین) تا ئەفریقا، لە ئاسیاوە تا ئەوروپا و جیهان، ئەم کۆبوونەوانە بۆ دروستکردنی مەیدانی ئاڵوگۆڕی ئەزموون و خەباتی هاوبەش گرنگ بوون.
لەو کۆبوونەوانەدا، لەسەر کێشەی ئازادیی ژنان و خەباتی هاوبەش، پەرە بە پرۆسەی یەکترناسین، دەستنیشانکردنی لایەنە لاوازەکانی ڕێکخستنبوون و ئەو هێزەی لە ئەزموونە ئەرێنییەکانەوە وەردەگیرێن، دەدرێت. لە بونیادنانی سیستەمی کۆنفیدراڵیزمی گەردوونیی ژنان، هێز بە بزوتنەوەی فێمێنیست دەبەخشێت؛ بە تایبەت ئەوانەی لە دەرەوەی بازنەی دەوڵەت و دەسەڵاتداراندا بە دوای چارەسەردا دەگەڕێن، و هانی بەشداریی چالاکانە لە خەباتی ئێکۆلۆژی و دیموکراتیکدا دەدەن. هەندێک خاڵ کە ڕێگری لەم بەشدارییە دەکەن و کۆسپ دروست دەکەن، لێکۆڵینەوەیان لەسەر دەکرێت، تێدەپەڕێندرێن و ڕێگا دەکەنەوە.
لە ڕووی ئایدۆلۆژییەوە:
- – بینینی بنەمای مێژوویی و کۆمەڵایەتیی چەوساندنەوە لەسەر ڕەنج و جەستەی ژنان.
- – پێناسەکردنی ژنان نەەک تەنها وەک ڕەگەزێک، بەڵکو وەک ناسنامەیەکی کۆمەڵایەتی.
- – بینینی پەیوەندییە بەهێزەکەی نێوان ئازادیی ژنان و ئازادیی کۆمەڵگە.
- – بەپێی ئەو ڕاستییەی کە هەڵوێستی لیبراڵ و پۆست-مۆدێرنیستەکان ناسنامەی کۆمەڵایەتی تەمومژاوی دەکەن، هێڵی بیرکردنەوە، ڕێکخستن و چالاکییەکانیش تەمومژاوی دەکەن؛ ڕادیکاڵیزم لە تیۆر و کرداردا دەبێتە پێهەڵگرتنێکی پێویست و حاشاهەڵنەگر.
- – بەرەنگاربوونەوەی سەرمایەداری، داگیرکاری، فاشیزم، دەوڵەت و دەسەڵاتداری، و پشتبەستن بە هێزی خۆسەر و خۆڕێکخستن، هەڵوێستی بنەڕەتیی پرەنسیپییانەیە.
وەک بەرنامە و سیاسەت:
- – پێویستە ئەو مەیلە فێمێنیستییە بەهێز بکرێت کە هەڵوێست دژ بە تێڕوانینی لیبراڵانە دەگرێت؛ ئەو تێڕوانینەی فێمێنیزم لە شەقام، لە کێشە و ڕێگەچارەکانی ژنان و کۆمەڵگە دادەبڕێت و تەنیا لە بواری ئەکادیمیی مۆڵەتدراوی دەوڵەتدا قەتیسی دەکات.
- – بەرامبەر بە فێمێنیزمی دەوڵەتی کە تیۆر، ڕێکخستن و تێکۆشانی فێمێنیستی لە سیاسەت دوور دەخاتەوە، پێویستی بە پێهەڵگرتنێکی ڕەخنەگرانە هەیە کە ڕادیکاڵیزمی ساڵانی سەرەتای بگرێتە بەر، ڕێکی بخاتەوە و هەنگاوی کرداری بنێت.
لە ڕووی ڕێکخستنەوە:
- – کاتی ئەوە هاتووە کە هێزی تیۆر، بەرنامە و چالاکی بە ڕایەڵەی ژن و کۆمەڵگە، دۆخی پەرتەوازەییی ڕێکخستنەکان، و کاریگەریی تاکگەرایی و پۆستخوازی تێپەڕێنرێت.
- – هەڵوێستی ڕادیکاڵی ژنان لە وەستانەوە دژ بەو سیاسەت و ڕێکخستنە فێمێنیستییەی دەکێشرێتە ژێر سێبەری نەتەوە یەکگرتووەکان و حکومەتەکان، بەردی بناغەی گەشەکردنی تیۆری و کرداریی فێمێنیستیی ئازادە. لە بەرامبەر سیاسەتەکانی پاشکۆیەتیی دەوڵەت لە ژێر چەتری نەتەوە یەکگرتووەکاندا، ژن دەبێت هێزی سەربەخۆ و ڕێکخراوی خۆی بگەیەنێتە ڕێکخستنێکی دژە-سیستەم.
- – پێویستی بە دیدگا و پێهەڵگرتنێکی فێمێنیستی هەیە کە دەمامک لەسەر ڕووخساری ڕاستەقینەی سیستەمی سەرمایەداری، داگیرکاری، کۆمەڵکوژ، فاشیست و باوکسالاری و سیاسەتەکانی لەسەر ژنان و قڕکردنی کۆمەڵگە هەڵداتەوە؛ لە بەرامبەر ئەوەدا پەرە بە گۆڕەپانەکانی ڕێکخستن و تێکۆشانی هاوبەش بپێدرێت.
- – دژ بە سیستەمی سەرمایەداری، چەوساندنەوەی ڕەنج و جەستە، توندوتیژیی سێکسی، دەستدرێژی و کۆمەڵکوژیی ژنان، دەربڕینی هێزی چالاکیی جیهانیی بزووتنەوەی فێمێنیستی ئومێدبەخشە. داواکاری و هێڵی چالاکیی دژە-سەرمایەداری کە پەیوەندی لە نێوان ژێردەستەیی و چەوسانەوەی ژنان بە چەوسانەوەی سەرمایەدارییەوە دروست دەکات، بەرچاو دەکەوێت.
ئەو جووڵەیەی لە دوای ساڵانی ٢٠١٥ لە ناو بزووتنەوەی فێمێنیستیدا گەشەی کرد، ئاماژەیە بۆ ئارەزووی تێپەڕاندنی خاڵە چەقبەستووەکان، بەڵام نەبووەتە جوڵانەوەیەکی هەمیشەیی. لەو چالاکییە نێونەتەوەییە فێمێنیستییانەی کە ملیۆنان کەس دەجووڵێنن، ئاراستەی دژە-سەرمایەداری، دژە-کۆڵۆنیالیستی و دژە-فاشیستی بەهێز دەبێت. چالاکییە کیشوەڕبڕەکانی وەک ڕێپێوانی ژنان، مانگرتنەکان و سەمای “لاس تیسیس” جگە لەوەی کێشەکان بینراو دەکەن، زەمینە و گەڕان بۆ تێکۆشانی هاوبەش بەهێز دەکەن و ڕێگەی چارەسەری هاوبەش نیشان دەدەن.
بزووتنەوەکانی فێمێنیستی توانای ئەوەیان هەیە ببەبنە ڕادیکاڵترین پێکهاتەی هێزەکانی مۆدێرنیتەی دیموکراتیک. لە کاتێکدا ململانێی نێوان ڕەگەزەکان سەرچاوەی کێشەی کۆمەڵایەتییە، چارەسەرەکەشی بابەتی ڕادیکاڵترین تێکۆشانە. ئەو ئاراستە ئایدۆلۆژییانەی ئەم ڕادیکاڵیزمە بە تەواوی لەناو دەبەن و ناچالاکی وەک شێوازێکی بوون پێناسە دەکەن، پەیوەندییان بە لیبرالیزمەوە هەیە.
تەمومژاوییکردنی ناسنامە، سروشت، مێژوو و کولتووری ژن، وەک میتافیزیکێکی نوێ پێشکەش دەکرێت کە لە نیولیبرالیزمەوە سەرچاوە دەگرێت. “تیۆریی کویر” و ئەو هەوڵانەی ئامانجیان وشککردنی زەمینەی مێژوویی و کۆمەڵایەتیی تیۆری و کرداریی فێمێنیستییە، لەمەوە سەرچاوە دەگرن، و ڕووبەڕووی مەترسیی بێواتاکردنی تێکۆشانی بوون و ئازادیی ژنیان دەکەنەوە. لەبەر ئەوە، لە هەندێک لەو ڕەخنانەی لە بازنە فێمێنیستییەکانەوە گەشەیان سەندووە، وەک “شۆڕشی دژە-فێمێنیستی لە ناوخۆی بزووتنەوەی فێمێنیستیدا” لێک دەدرێتەوە و ڕەت دەکرێتەوە.
بکەری فێمێنیستیی تێکۆشانی دیموکراسیی ڕادیکاڵ، پشت بە ناسنامەی کۆمەڵایەتیی ژن دەبەستێت. لە ڕووی ئایدۆلۆژی، ڕێکخستن و چالاکییەوە دژە-سیستەمە. خاوەن کەسایەتییەکی ناتەبایە لەگەڵ دەسەڵات و دەوڵەتدا. بەو ئەندازەیەی بتوانێت کۆمەڵایەتیبوون، شۆڕشگێڕی، ڕێکخستن و تێکۆشانی گونجاو لەگەڵ ئەم جەوهەرەدا گەشە پێبدات، شانسی سەرکەوتن بەدەست دەهێنێت. ڕێکخستن لە هەموو بوارەکانی ژیانی کۆمەڵایەتیدا دژ بە سەرمایەداری، پیشەسازگەرایی و سیستەمی دەوڵەت-نەتەوە، و گەشەپێدانی هێزی خۆپاراستن گرنگییەکی ژیانییان هەیە. وشیاری، ڕێکخستن، سیاسەت و چالاکییەک کە هێرش و توندوتیژییە سەپێنراوەکان لە هەموو ڕەهەندەکانی ئایدۆلۆژی، کولتووری، ئابووری، سەربازی، سیاسی، ئەخلاقی و جۆرەکانی تردا پووچەڵ بکاتەوە، پێویستی بە تێکۆشانێکی گشتگیر هەیە.
هەوڵەکان بۆ ئەنجامدانی چالاکی و تێکۆشانی بەردەوام، ئەو خاڵانەن کە دەبێت گرنگییان پێبدرێت و لەگەڵ گۆڕەپانەکانی تێکۆشانی کۆمەڵایەتیدا یەکبخرێن. خاوەندارێتی لە ناسنامەی فرە-ڕەهەندی ژن لە ڕووی نەتەوەیی، چینایەتی، ڕەگەزی، باوەڕ و کولتوورییەوە، و ئاراستەکردنی تێکۆشانی فێمێنیستی بۆ ئەم چوارچێوەیە، پێویستییەکی هێڵی ئازادیی ژنان و شۆڕشی ژنانە. هاوتەریب لەگەڵ ئەمەدا، دەکرێت بە دەوڵەمەندکردنی هێڵی سیاسەت، ڕێکخستن و چالاکی، گۆڕەپانەکانی هاوپەیمانیی دیموکراتیک زیاتر پەرەی پێ بدرێت.
لە ڕوونکردنەوەی مێژووی شارستانیەتی دیموکراتیک و مێژووی تاریکی ژناندا، بەشداریی توێژینەوە فێمێنیستییەکان، بیرمەندان، پێشەنگە سیاسییەکان و تێکۆشانەکە زۆر گەورەیە. لە چارەکی کۆتایی سەدەی بیستەمەوە، سیاسەتەکانی دەوڵەت گوڕیان پێدرا بە ئامانجی ڕێگریکردن لە بەستنەوەی جەوهەری ڕادیکاڵی ئەم تێکۆشانە بە هێزەکانی مۆدێرنیتەی دیموکراتیکەوە. ڕاستییەکە گۆڕدرا بۆ ئەجێندا و تێکۆشانێکی ژنان کە لە ڕێگەی کۆنفرانسەکانی ژێر چەتری نەتەوە یەکگرتووەکان، بڕەودان بە قەرزی بچووک (میکرۆ کرێدت) و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنییەوە بە سیاسەتەکانی دەوڵەت و حکومەتەکانەوە بەسترانەوە. بەش و کورسییەکانی توێژینەوەی ژنان کە لە زانکۆکاندا کرانەوە، ڕۆڵێک دەگێڕن لە دیاریکردنی ئاراستەی ئەم هەوڵ و لێگەڕینانە و هێشتنەوەیان لە سنووری زەینییەت و سیستەمی دەوڵەتگەرادا. دەستوەردان لە هەموو شتێک دەکرێت: لە ناوەڕۆکی ئەو زانیارییانەی کە بڵاو دەکرێنەوە و فێر دەکرێن، ئەو توێژینەوانەی ئەنجام دەدرێن، و ئەو بابەت، پەرتووک و دەستەواژانەی دەنووسرێن.
سنوورێک دروست دەکرێت کە دیاری دەکات ژنان و دامەزراوەکانی ژنان سەرنج لەسەر چ ئەجێندایەک ببن، لە بواری ئابووریدا چ کارێک بکەن، چۆن ڕێک بکەون و چۆن بژین. قەتیسکردنی تیۆر و کرداری فێمێنیستی لە سنووری بیرکردنەوەی مۆدێرنیزمدا؛ بێکاریگەرکردنی بە دابەشکردنی بۆ گرووپی بچووک؛ پەراوێزخستنی بە دابڕانی لە شەقام و زەمینەی کۆمەڵایەتی؛ و ڕاگرتنی لە ژێر کۆنترۆڵی ئایدۆلۆژی، سیاسی و ڕێکخستنیدا و ڕاکێشانی بۆ سنوورەکانی دەوڵەت و دەسەڵات، وەک سیاسەتێکی هەژموونگەریی جیهانی لە کاردایە. تێپەڕاندنی ئەم کۆنترۆڵە لەلایەن بزووتنەوەی فێمێنیستییەوە و پووچەڵکردنەوەی سیاسەتەکانی شەڕی تایبەتی سیستەمی دەوڵەتدار؛ بەستراوەتەوە بە تیۆر، بەرنامە و کردارێکەوە کە دەوڵەت و دەسەڵات تێپەڕێنێت.
عەبدوڵا ئۆجالان بە ئاماژەدان بەوەی کە فێمێنیزم ژن وەک “چەوساوەی پیاوی باڵادەست” پێناسە دەکات و تێگەیشتنێکی لەو جۆرەی دروستکردووە، چارەسەرەکەی بەم شێوەیە فۆرمولە دەکات: “پێدەچێت ژن تەنیا وەک ئەوەی چەوساوەی پیاوی باڵادەست بێت دیار بێت، لەکاتێکدا بزووتنەوەی ئازادی، یەکسانی و دیموکراتییانەی ژن کە بەپێی زانستی ژن (کە فێمێنیزمیش دەگرێتەوە)، ڕوونە کە ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕێت لە چارەسەرکردنی کێشە کۆمەڵایەتییەکاندا.”
ئەم پێناسە و تێگەیشتنەی هەندێک لە ڕەوتە فێمێنیستەکان، ڕێگری دەکات لە لێکدانەوەیەکی بەهێزتری سیستەمی شارستانیەتی دەوڵەتدار. ئەو لاوازییەی لە ڕۆچوون بۆ ڕەگ و ڕیشەی سیستەمی باوکسالاری و بینینی قووڵایی تۆڕەکانی کۆیلایەتیی بونیادنراودا هەیە، دەبێتە هۆی کێشەی بڕیاردان لە تێکۆشانی دژە-سیستەمدا. کاتێک سیستەمی چەندین هەزار ساڵەی کۆیلایەتی-باڵادەستی لێکدەدرێتەوە، دەبینرێت کە ئامراز و ڕێبازەکانی تێکۆشان دژ بەم سیستەمە دەبێت ئەوەندە بەهێز بن کە سیستەم نەتوانێت دزە بکاتە ناویان و تێکیان بدات و بڵاوەیان پێ بکات.
ڕێگەی تێپەڕاندنی چینی ناوەڕاست، سپی و ڕۆژئاوا-ناوەندی، لە سووربوون لەسەر بینینی قڕکردنی ژن، کۆمەڵگە و سروشت لە کۆلۆنییەکاندا و دروستکردنی تۆڕەکانی تێکۆشانی هاوبەش دژ بەوانەدا تێدەپەڕێت. سەرەڕای ئەوەی هەوڵی لەم جۆرە لەلایەن ئاراستە فێمێنیستییە سۆشیالیست، ئانارکیست، ئیکۆلۆژیست و پۆست-کۆڵۆنیالیستەکانەوە هەیە، بەڵام بە شێوەیەکی پارچەبوو و لەسەر بنەمای ئەلیت-دەستەبژێر دەمێننەوە.
ئامانجی تێپەڕاندنی تێڕوانین و کرداری پارچەبووی دروستکراوی سیستەم، بابەتی سەرەکیی تێکۆشانە. ژنۆلۆژی دەتوانێت هاوکار بێت لە تێپەڕاندنی ئاسۆی تەنگ و دژایەتییەی کە پێناسە، تێگەیشتن و کرداری فێمێنیزم دروستی کردووە، هەروەها لە گەشەپێدانی تیۆر و کردارێک کە پەیوەندیی نێوان ژن و کۆمەڵگە بەهێزتر بکات، و لە گەڕان بۆ خولقاندنی سوبێکتبوون و پێشەنگایەتیی کۆمەڵایەتی. لە هەمان کاتدا هەڵگری ئەو بانگەشەیەیە کە بە هەستکردن بە بەرپرسیارێتیی بوون بە زانستێک، خۆی بە بەردەوامی میراتگری تیۆر و چالاکیی تێکۆشانی فێمێنیستیش دەزانێت.
بە هەمان ئەندازەی پێویستی بە فێمێنیزمێک کە ڕووی لە ڕاستیی جیاوازیی نەتەوە، ڕەگەز، باوەڕ و کولتوورەکان بێت، ئاشکراکردن و لێکدانەوەی ڕاستیی پیاو لەلایەن بزووتنەوەی فێمێنیستییەوە -کە وەک دژایەتیی پیاو لە یادەوەریدا چەسپیوە- گرنگە. دەبێت بابەتی گۆڕانی پیاو و کێشەی ئازادیی ئەویش بخاتە ئەجێندای خۆیەوە. لە ناو بزووتنەوەی فێمێنیستیشدا، وەک بیل هووکس، ئاراستەیەک هەیە کە ڕەخنە لەو تیۆر و کردارە دەگرێت کە پیاو پەراوێز دەخات و دەیکاتە دژبەر. پێویستە ئەم ئاراستەیە وێڕای ڕەخنە، ڕەنگدانەوەی لەسەر سیاسەتی کرداریش هەبێت. تا ئەو کاتەی پیاوێک کە کراوەتە هاوبەشی دەسەڵات و ئامرازی دەسەڵات لە دەستی سیستەمی دەوڵەتگەرایی ڕزگار نەکرێت، لایەنێکی تێکۆشانی ئازادیی ژنان بە نیوەچڵی دەمێنێتەوە. ئەم نیوەچڵییەش بە واتای درێژکردنەوەی تەمەنی سیستەمی چەوسێنەری جیهانی دێت کە بەردەوام دەسەڵات و دەوڵەت بەرهەم دەهێنێتەوە.
بەهێندەی بانگەشە و چالاکیی درککردن بە کۆیلایەتیی ژن و تێپەڕاندنی، هۆشیاری و درککردن بە ڕاستیی باڵادەستیی پیاو، ئەو ئازارانەی کە دروستی کردوون و ئەو توندوتیژییانەی ئەنجامیان دەدات، بانگەشە و چالاکیی تێپەڕاندنی ئەوەندەی دیکە گرنگە.
لە کاتێکدا ئەو نیوەیەی تێکۆشانی ئازادیی ژن پێکدەهێنێت، نیوەکەی تری لە چوونە ناو جەنگێکی قورسەوە پێکدێت بۆ پاکبوونەوەی پیاو لە دەسەڵات و زەینییەتی باڵادەست. لەم واتایەدا، ڕێبەر ئاپۆ ئاماژەکەی سیمۆن دی بۆڤوار کە دەڵێت: “کەس وەک ژن لەدایک نابێت، بەڵکو دەبێتە ژن” تەواو دەکات و دەڵێت: “کەس وەک پیاوی باڵادەست لەدایک نابێت، بەڵکو دەکرێت ببێتە پیاوی ئازاد.” ئاراستەکردنی شۆڕشی ژن و تێکۆشانی ئازادیی ژن بەرەو شۆڕش، کۆمەڵگەی دیموکراتیک و ئیکۆلۆژی، بەستراوەتەوە بە چارەسەرکردنی کێشەی ئازادیی پیاویشەوە.
تێکۆشانێکی ژنان کە پیاو پەراوێز بکات، دەبێتە تێکۆشانێک کە کۆمەڵگە پەراوێز دەخات و ناگاتە سەرکەوتن. لەم واتایەدا، تیۆریی “کوشتنی پیاوێتی”ی ڕێبەری سۆشیالیست عەبدوڵڵا ئۆجالان کە ئاماژە بەوە دەکات جەوهەری کێشەی ژن کێشەی پیاوە، فۆرمولەی تێپەڕاندنی دەوڵەت و دەسەڵاتە لەلایەن دیموکراسی و سۆسیالیزمەوە. بۆ ئەو لایەنە فێمێنیستانەشی کە پیاو وەک پێکهاتەیەکی سروشتیی کۆمەڵگەی دیموکراتیک و ئازاد دەبینن، ڕێنیشاندەرە.
ژنۆلۆژی وەک زانستی شۆڕشی ژن و هاوژیانی ئازاد، لە پەیڕەوکردنی سۆسیۆلۆژیای ئازادیدا، بزووتنەوەی فێمێنیستی هەم وەک بنەمای سەرەکیی خۆی دەبینێت و هەم وەک بنەمای سەرەکیی دەستنیشانکردنی دروستی خاڵە بنبەستەکان و تێپەڕاندنیان. بزووتنەوەی فێمێنیستی پێگەیەکی گرنگی لە تێکۆشانی ئازادیی ژناندا هەیە. فێربوون لە ئەزموونەکانی تێکۆشانی ژنان، دەرهێنانی وانەی هاوبەش لە شکست و دەستکەوتەکان، و گەشەپێدانی هاوپەیمانیی دیموکراتییانەی ژنان، وەک ئەرکێکی مێژوویی و ڕۆژانەیە لە بەردەم بزووتنەوەکانی ژنانی جیهاندا. کردنی ئەم هاوپەیمانییە بە بنەمای بونیادنانی کۆنفیدراڵیزمی دیموکراسیی ژنان، بەپەلەترین و بنەڕەتیترین پێویستیی سەردەمەکەمانە.
مۆدێرنیتەی دیموکراتیک، سەردەمی مۆدێرنیتەی ژنان و شۆڕشەکانی ژنانە. بە قووڵکردنەوەی ڕێکخستن و گەشەپێدانی ڕێبازی دەوڵەمەندی تێکۆشان، دەتوانین پێداویستییەکانی ئەم سەردەمە بەجێ بێنین، و لە بەرامبەر فاشیزم، سەرمایەداری و سیستەمی ڕەتێنەری جیهانیدا، داکۆکی لە ڕەنج، جەستە، کولتوور و خاکەکەمان بکەین. بەشداربوونی ژنانی کولتوور، جوگرافیا، باوەڕ و نەتەوە جیاوازەکان بە ڕێکخستنی تایبەت و سەربەخۆی خۆیان لە ژیانیکردنی پارادایمی ئازادیی ژناندا، دەوڵەمەندیی کۆنفیدراڵیزمی دیموکراسیی ژنان دێنێتە ئاراوە.
بزووتنەوەی فێمێنیستی بە بەشداربوونی لە بونیادنانی کۆنفیدراڵیزمی دیموکراسیی جیهانیی ژناندا و بە خرۆشانی ئەزموونە کەڵەکەبووە مێژووییەکانی خۆی بۆ ژیانیکردنی پارادایمی ئازادیی کۆمەڵایەتی، دەتوانێت ڕۆڵێکی بەهێز لە تێکۆشانی ئازادیی ژنان و بونیادنانی ژیانی ئازاددا ببینێت.
پەراوێز:
[1] ئاماژەیەکی ماریا میس، نووسەر و ئیکۆفێمێنیستی ئەڵمانی لە کتێبی دوایین کۆلۆنی. ماریا میس لە شوباتی ساڵی ٢٠٢٣ کۆچی دوایی کرد.
لە کرمانجی ژوورینەوە: نەجیبە قەرەداغی
بەرێوەبەریی ماڵپەری ژنۆلۆژی

