بەهێزکردنی دەنگی ژنان، بەرپاکردنی شۆڕشە لە کۆمەڵگەدا
لە سەروبەندی ڕۆژی جیهانیی ژن لە ٨ی ئادار، مێدیا نیوز چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ هونەرگەی وڵات، کە گرووپی بەرهەمهێنان و تۆمارکردنی میوزیکە و بنکەکەی لە قامشلۆی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا (ڕۆژاڤا)یە، سەبارەت بە ڕۆڵی وەرچەرخێنەرانەی مۆسیقا لە بەهێزکردنی ژن و داکۆکیکردن لە گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی لە ڕۆژاڤادا، ئەنجامدا. (کەزی یان پەلک هێمایەکی ژنە و لە پاشماوەی پەیکەرەکانی سەردەمی بەردینی نوێ-نیۆلیتیکەوە دەبینرێت، پرچەکان هۆنراونەتەوە، هۆنینەوەش بە واتای یەکگرتنی ژنان، هۆنینەوەی ژیان، سەرپێخستن و کۆکردنەوە، دێت).
لەم چاوپێکەوتنەدا تیشک خرایەسەر بەرهەم و دەستپێشخەرییەکی سەرنجڕاکێشی بزووتنەوەی کەوانی زێرین بە هاوکاری هونەرگەی وڵات. چاوپێکەوتنەکە پەردەی لەسەر کاری گرووپەکە لادا لە بەکارهێنانی مۆسیقا وەک ڕێبازێک بۆ بەهێزکردنی ژنان و گۆڕانکاری و وەرچەرخانی کۆمەڵایەتی.

هونەرگەی وڵات بە بەستنەوەی بەرخودان، ئازادی و ناسنامەی کولتووریی، جەخت لەسەر ڕۆڵی یەکلاکەرەوەی ژن لە پێشەنگی گۆڕانکاریدا دەکاتەوە. هەوڵی داهێنەرانەیان نەک تەنیا هەر ڕێز لە خۆڕاگری و هێزی ژنانی ڕۆژاڤایە، بەڵکوو هاندەری داکۆکیکردنی جیهانییە بۆ یەکسانی ڕەگەزیی و دادپەروەری. هەوڵەکانی ئەم گرووپە (هونەرگەی وڵات) کاریگەری بەرچاوی هەیە لە دەربڕینی هونەر، لە خەباتی بەردەوام بۆ داهاتوویەکی دادپەروەرانەتر.
گۆڕانییەکانی (پەلکی سوور – سترانێن کەزییا سۆر – ژن، ژیان، ئازادی)، ڕۆڵی ژنان لە داهێنان، بەرخودان و گۆڕانکاری کۆمەڵایەتیدا ئاشکرادەکات، بە هونەر نمایشی خۆڕاگری و کۆمەکە گرنگەکانیان دەکەن لە ناسنامەی کولتووریی و گۆڕانکاری کۆمەڵایەتیدا.

لە بەرهەمێکی هونەریی مۆسیقایی ٢٠ خولەکییدا، لەگەڵ چیرۆکێکی بینراو، کە تیشک دەخاتەسەر پەیوەندیی نێوان ژن و سرووشت، واوەتر لە هێماگەریی هەروەک چۆن شەڕی ژنانی کورد لە دژی داعش، چیرۆکێکی خۆڕاگری، پەیوەندی خوولگەیی نێوان ژن و سرووشتمان بۆ نمایش دەکات و ڕۆڵی سەرەکی ژن لە هەردوو بواری داهێنان و بەرخوداندا دەخاتەڕوو.
گۆرانییەکان بە (نهێنی ژیان) و (لەدایکبوون) دەستپێدەکات، جەخت لەسەر کاریگەرییە قووڵەکانی دەرکەوتنی ژن و خەباتی ڕیشەیی لە دژی هێزەکانی خراپە دەکەن. ژنان وەک ناوەندی هاوسەنگی گەردوون وێنادەکەن. (ژن و سرووشت) سرووتی پەیوەندیی هاوگوزەرانی نێوان ژن و ژینگە نمایشدەکەن و تیشک دەخەنەسەر ڕۆڵی ژن لە تێرکردن و خۆراکدان و پاراستن، هاوشێوەی سووڕی گەشە و نوێبوونەوەی سرووشت.
(ئافراندن –کشتوکاڵ) ڕەنگدانەوەی ڕۆڵی ژنە لە خۆراکدان و دابینکردنی ژیان. جەخت لەسەر کۆمەکیان لە کشتوکاڵ و بەرهەمهێنان دەکاتەوە زۆر پێش دەرکەوتنی تەکنۆلۆژیای مۆدێرن. ئەم بەشە ستایشی ڕەنجی دەست و حیکمەتی سرووشتی ژن دەکات، کە لە ڕێگەی پابەندبوون بە خاکەوە، پەرە بە کۆمەڵگە و شارستانییەتەکان دەدات.
(پیاو) و (توندوتیژی) ڕەخنەیە لەو پێکهاتە کۆمەڵایەتییانەی، لە مێژوودا ژنانیان ڕەتاندووە و ستەمیان لێکردووە، ئەمەش هێمای لەڕێ لادانە لە هاوئاهەنگی سرووشتی و دەستپێکردنی توندوتیژی و باڵادەستیی. ئەم بەشانەی گۆرانییەکە بەرەو ڕووی واقیعە پڕ لە ئازارەکانی ڕەتاندنی ڕەگەزییمان دەکاتەوە، بەڵام ئاماژەشە بۆ سەرەتای هۆشیاربوونەوەیەکی بەکۆمەڵ بۆ ئەو نادادپەروەرییانەی ڕووبەڕووی ژنان دەبنەوە.

(سەرلەنوێ لەدایکبوونەوەی ژن) و (سەرکەوتن) مژدەی سەردەمێکی نوێی هۆشیاریی و یاخیبوونن لە کۆت و زنجیرەکانی ستەمکاریی. ئەم بڕگانەی چیرۆکەکە، دەرکەوتنەوەی هێز، یەکگرتوویی و بەرخودانی ژن کە دەبێتە هۆی گۆڕانکارییەکی وەرچەرخێنەر لە بەها کۆمەڵایەتییەکان. ژنان دەنگ و هێزی خۆیان وەردەگرنەوە، لە تەنیا بوونیان بە بابەتی مێژوو دەگوازنەوە بۆ داڕێژەری مێژوو، کە بە گەڕانەوەیان بۆ سرووشت و وەرگرتنی خەباتی ئازادی، هێماکراوە.
لە کۆتایی بەرهەمە هونەرییەکەدا هونەرگەی وڵات بە بڕگەی (سەرکەوتن)، هەڵکشانی ژن لە لە قووڵایی ژێردەستەییەوە بۆ لووتکەی ئازادبوون نیشاندەدات. ئەم بەرهەمەی (گۆرانییەکانی پەلکی سوور – ژن، ژیان، ئازادی) پوختەی تەحەدایی و بەهێزکردنی پەیامە سەرەکیەکەیە کە: ڕۆحی نەبەزیوی ژن، کاتێک مزگێنیبەخشە بۆ گۆڕانکاری، خۆی لە بانگەشەکانی ئازادی، ژیان و یەکسانییدا بەرجەستەدەکات.
بەرهەمە هونەرییەکە نمایشی ڕۆڵە گرنگە مێژوویی و کولتوورییەکەی ژنە لە کۆمەڵگەدا، بەڵام بانگەوازێکی ڕوونیشە بۆ خەباتی بەردەوام و ڕزگاریی بە دەنگدانەوەی وتنی دروشمی نەمری: (ژن، ژیان، ئازادی).
ئێستاش، چێژ لە چاوپێکەوتنە قووڵەکەمان وەربگرن بۆ تێگەیشتن لە پشت پەردەی ئەو بەرهەمە هونەرییەی بەڕاستی فۆرمێکی هونەری ژنە.

– چۆن دەستتان بەم توێژینەوەیە کرد، چەند کەس بەشدارییان کرد و لە چ بارودۆخێکدا تۆمارکرا؟ هێرشەکانی سەر ڕۆژاڤا چ کاریگەرییەکی کردەسەر کارەکە؟
سیا دیجلە: سەرەتا دەمەوێت بە پیرۆزبایی بۆنەی ٨ی ئازار، ڕۆژی جیهانیی ژنان لە ژنان و بە تایبەتی ڕێز لە ژنانی گەریلای بەرخودانڤان و هەموو ئەو بەشانەی لە دژی کۆڵۆنیالیزم تێدەکۆشن، دەستپێبکەم. تێکۆشانی ژنان، تێکۆشانێک نییە تەنیا بۆ ماوەیەک بێت؛ قۆناخ و سەختییەکی زۆر هەن، پێویستە بگۆڕێن و تێ بپەڕێنرێن. پێویستە هەموو ڕۆژێک دژی باڵادەستیی تێکۆشان بکرێت. ئەگەر تەنانەت بۆ ڕۆژێکیش تێکۆشانی خۆمان ڕاوەستێنین، عەقڵیەتی پیاوسالاریی دەستبەجێ دەستوەردان دەکات و بە هەموو شێوەیەک هەوڵی زاڵبوون و سەپاندنی باڵادەستی خۆی دەدات. لەو ڕوانگەیەوە، پێویستە شەڕ لە دژی ئەو زیهنیەتە بکەین.
ژنان لە سیستەمی هەنووکەییدا، چ لە ماڵ، چ لە شوێنی کار، چ لە بواری سیاسی، یان لە ژیانی کۆمەڵایەتیدا، لە هەر کوێیەک بن، بەرەوڕووی ئاڵەنگاری دەبنەوە. بە تایبەت لە بوارەکانی ناکۆکیدا، ڕووبەڕووی ئاڵنگاری گەورەترین و قووڵترین ئازار دەبنەوە. لەو سۆنگەیەوە ئەگەر بتوانین جیهانێک سەرپێبخەین بە پێشەنگایەتی ژن، دەکرێت لە زۆر بوارەوە گۆڕانکاری درووست بکرێت. چونکە ژن لە سرووشتی خۆیدا، هەڵگری تایبەتمەندیی تووندوتیژی، ستەم و وێرانکاری نییە؛ بەڵکوو هەڵگری خۆشەویستی و داهێنان و ژیانە.
ژنان پێویستیان بەوەیە خۆیان، هێزی خۆیان بناسن و متمانەیان بە خۆیان هەبێت. ژنان هەمیشە لە دۆخی بەرخوداندا بوون، بەڵام بەداخەوە نەیانتوانیوە کارێک بکەن کە ئەم بەرخودانە دیار بێت. ئەو بزووتنەوانەی لە فێمینیزمەوە دەستیان پێکرد، هەندێک گۆڕانکاری ئەنجامدا، بەڵام کاتێک سەیری جەوهەر و هێزی ژن دەکەین، ئەو گۆڕانکارییانە بەس نین. فێمینیزم، چاکسازی و سەرلەنوێ بنیاتنانەوەی لێکەوتەوە، بەڵام ناتوانین باسی گۆڕانکارییەکی شۆڕشگێڕانە بکەین.
پرۆسەیەک بە ڕێبەرایەتی ژنانی کورد دەستی پێکردووە، پرۆسەیەکە داهێنان دەکات و گۆڕانکاریی شۆڕشگێڕانە ئەنجامدەدات. ئێمە شۆڕشی ڕۆژاڤا بە شۆڕشی ژن دەزانین. ئەو پرۆسەیەی لە لایەن ژنانەوە دەستی پێکرد، چەتە دڕندەکانی داعشی تێکشکاند، بەڵام لە ڕووی هێرش و هێزی بزووێنەری کۆمەڵگەوە، هێشتا ڕێگایەکی دوورودرێژمان ماوە. ئەم پڕۆژەیە لە ئەنجامی هەڵسەنگاندنێکی گشتگیرانەوەیە بۆ شیکاری دۆخی هەنووکەیی.
ئێمەی ژنانی ڕۆژاڤا، شۆڕشێکی ژنمان بەرپاکرد، بەڵام کەموکوڕییمان هەیە لە ڕیشەدارکردنی ئەم شۆڕشە، مێژووەکەی و دەربڕینی. ناتوانین بڵێین لە ئێستادا تەواوی هێزە بزوێنەرەکانی کۆمەڵگە، گۆڕانکارییەکی کۆمەڵایەتی تەواویان ئەنجامداوە. بەو پێیەی ئێمە وەک بزووتنەوەی کولتووری ژنانی کەوانی زێرین، لە کۆبوونەوە و گفتوگۆکانماندا وەک بابەتێک باسی ئەم دۆخە دەکەین و هەڵسەنگاندنی لەسەر دەکەین. بەو باوەڕەی دەربڕینی هونەریی، گوڕ بە گۆڕانکاری دەدات، دەستمان بە گفتوگۆ و هەڵسەنگاندن کرد کە لە ڕووی هونەرییەوە دیارتر بێت. لە سەرەتادا بڕیارمان دا بەم پڕۆژەیە دەروازەیەک بکەینەوە.
بێگومان کارە مۆسیقییەکانمان لە چۆنایەتی سینەما، تەنیا ڕەنگدانەوەی بەشێکە لەو واقیعەی کە تێیدا دەژین. لە ڕاستیدا کاتێک بە قووڵایی مێژووی ژندا شۆڕدەبینەوە، ڕەهەندی زۆر هەیە، کە کاری لەسەر بکەین؛ ئێمە ویستمان سەرەتایەکی گشتی بێت. ئەم کارە ئەزموونێکی درووستکرد و بەم ئەزموونە، دەمانەوێت لە ئاییندەدا هەنگاو بۆ ناو پڕۆژەی گشتگیرتری ژنان بنێین و ئەم کارەش تێدەپەڕێنن. بە گرووپی سینە-ژن ڕۆژاڤا، کە دامانمەزراندووە، دەمانەوێت لە ئاییندەدا فیلمی ژن بەرهەمبێنین و پەرە بە پڕۆژەیەک بدەین، کە گۆڕانکاری لە کۆمەڵگەدا درووست بکات، بە ڕەنگدانەوەی گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی لە کارەکانماندا.
بەر لە هەشت مانگ، گفتوگۆیەکی چڕوپڕمان لەگەڵ هەڤاڵان کرد لە ڕۆژاڤا لەسەر ئەم کارە و پایەکانی هونەر لە گۆڕانکاری کۆمەڵایەتیدا. دوای گفتوگۆی چڕوپڕ لەگەڵ سینە-ژن ڕۆژاڤا، هونەرگەی بەرچەم، هونەرگەی وڵات و پارگین، هەنگاومان بۆ پرۆژەکە نا. سیناریۆیەکی گشتی و چەند دەقێکمان لەبەردەستدا بوو و بە پێشکەوتنی کارەکە، سیناریۆ، مۆسیقا و دەقە شیعرییەکانی گۆرانییەکان پەرەی سەند. ئێمە چوارچێوەیەکی کڵێشەییمان پەیڕەو نەکرد، گفتوگۆمان کرد، دیمەنمان تۆمارکرد، جارێکی تر گفتوگۆمان لەسەر کردەوە دەقەکانمان گۆڕی و هەندێک جاریش بەپێی سیناریۆکە، مۆسیقاکەشمان دەستنیشان دەکرد، جاروباریش لەگەڵ مۆسیقاکە دەمانگونجاند.
زۆرێک لەو هەڤاڵە پیاوانەی باوەڕیان بە شۆڕشی ژن هەیە و کاری بۆ دەکەن، ڕەنج و کۆمەکیان لەو کاردا هەبووە. لەوانەش شێرۆ هیندێ، مەحمود بەرازی، دەلیل، ئیبراهیم، و چەندین هەڤاڵی پیاو کە بەشدارییان لە تۆمارکردنی دیمەنەکاندا کرد. دەمانەوێت سوپاس و پێزانینمان بۆ هەوڵەکانیان دەرببڕین. ئەم کارە ڕۆحێکی هاوبەشی درووستکرد و هەموو هەنگاوێک، دوای گفتوگۆ دەنرا. لەگەڵ ئەوەی هەندێکجار بەرەوڕووی بۆچوونی (جیاواز)مان دەبووینەوە، بەڵام بە گفتوگۆ دەهاتینەوە لای یەک و ڕێگایەکی هاوبەشمان دەدۆزییەوە.
هەموو کانتۆنەکانمان بە جۆشەوە بەشدارییان لە هەموو کارەکانماندا کرد. ئەو هاوڕێیانەی کاری کەوانی زێرینیان لە هەرێم و کانتۆنەکانی عەفرین، شەهبا، حەلەب، کۆبانێ، زەنۆبیا، حەسەکە و قامیشلۆ ئەنجامدەدا، بە شەو و ڕۆژ کاریان کرد. مەحاڵە ئاماژە بە ژمارەیەکی وردی هەڤاڵانی نێو تیمەکە بکەین، بەڵام زیاتر لە ٧٠٠ ژن بەشداریان لەم پرۆژەیەدا کردووە.
پیاوانیش هەندێکجار لە بەشدارییان لە مۆنتاژ، هەندێکجاریش لە گرووپەکانی سەما و هەڵپەڕکێ و تۆمارکردنی دەنگدا کرد. یەکەمین، بەو پێیەی کە پێشتر ئەزموونی کارێکی مۆسیقیمان لە بوارەکەماندا نەبوو، بۆ ئێمە ئەزموونێک بوو. هەڤاڵە ژنەکان کە بۆ یەکەمجار بەشداریان لەم جۆرە کارانەدا کرد، بێ ئەزموون بوون و جەستەیان نەرم نەبوو. بۆ ماوەی دوو مانگ ڕاهێنانیان پێکرا بۆ چۆنێتی جووڵەکردن لە لایەن بزووتنەوەی کەوانی زێرین. لە ڕووی شوێنەوە کێشەمان هەبوو. ڕۆژاڤا تا ئێستاش لەلایەن دەوڵەتی فاشیست و نامرۆڤانەی تورکەوە ڕووبەڕووی هێرش دەبێتەوە. ڕۆژانە بە فڕۆکەی کەشف و جەنگیی، ڕۆژاڤا بۆردوومان دەکەن. بۆیە ناچاردەبووین بە بەردەوام شوێنەکانمان بگۆڕین بۆ ئەوەی کارەکانی تیمەکە بە شێوەیەکی تەندروستانە ئەنجام بدەین.
تەنانەت هەندێکجار گاڵتەمان دەکرد، کە ئەگەر یەکێک لە ئێمە شەهید بێت، ئاخۆ درێژەی دەبێت و لەسەر ئەو کەسە دەکرێت کە شەهید دەبێت! هەندێکجار لە هەوای سارددا بەبێ بەتانی دەخەوتین، هەندێکجار بەبێ ساردکەرەوە لە پلەی گەرمی زیاتر لە ٤٥ پلە کارمان دەکرد. بەڵام وێڕای هەلومەرجی ئاڵەنگاریی، هەمووان بە جۆش و خرۆشەوە کاریان دەکرد، بە ورەی بەرزەوە، بێ ئەوەی ماندوو بین و بێزاریی نیشان بدەین. لە هەندێک کاتی تۆمارکردندا، سەمامان لەگەڵ زیاتر لە ٤٠٠ ژن دەکرد، هەندێک جاریش لەگەڵ ٧٥ ژن و هەندێکجاریش لەگەڵ ژمارەیەکی کەمتر.
بەر لەوەی تۆماری بەشێک تەواو بێت، تیمەکە بۆ تۆماری داهاتوو خۆیان ئامادە دەکرد و دەستیان بە پرۆڤە دەکرد. ژمارەیەک هەڤاڵی ژن لە سەرەتاوە تا کۆتایی بەشداربوون و هەندێکیشیان بەشدارییان لە بەشێکی دیاریکراو دەکرد. جۆش و ورە وەسف نەدەکرا. بوون و پێکەوە کارکردنی ژنان جۆش و ورەیەکی زۆری بەخشی. خۆشحاڵی لە چاوی ئەو کەسانەی لە گرووپەکەدا، دوای هەر تۆمارکردنێک هێز و ورەی دەبەخشی. ژنان پێشەنگیان بۆ کارەکان دەکرد، بە دڵنیاییەوە ناوازە بوو.
– لە بەرهەمەکانی ڕۆژاڤادا، ناسنامەی کارەکتەری ژن زیاتر دەردەکەوێت. ئایا دۆخەکە بەر لە شۆڕشیش هەر وا بووە، کاریگەری شۆڕش لەسەر ئەوە چییە؟

سیا دیجلە: بەو پێیەی شۆڕشی ڕۆژاڤا، هێزی خۆی لە ڕێبەری گەلان (ئۆجالان)ەوە وەردەگرێت، کاریگەرییە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکەی لە هەموو بوارەکانەوە دیارە. لە گەلی عەرەبەوە بگرە تا ئاشووری، ئەرمەنی، سریانی و تورکمان..هتد، هەموو ئەو گەلانەی لەسەر ئەم خاکە دەژین، دەتوانن ئازادانە بە زمان و کولتووری خۆیانەوە بژین. ڕێبەرایەتی لە هەموو بوارێکەوە گۆڕانکارییەکی کۆمەڵایەتی، سیاسی و مێژوویی ئەنجامداوە. ئازادیی ژن شتێک نییە، کە سانایانە لێی بڕوانرێت؛ ئەوە ڕێبەری گەلان عەبدوڵڵا ئۆجالانە کە ئەو ڕوانگە ئایدیۆلۆژی و پارادایمەی فەراهەم کردووە.
هەر ئەوەی شۆڕشی ڕۆژاڤا شۆڕشێکی ژنە، لەو تێکۆشان و ڕوانگەی ژنانەوە سەرچاوە دەگرێت، کە ڕێبەرایەتی بە درێژایی ژیانی داکۆکی لێکردووە. ڕێبەرایەتی بە درێژایی ژیانی ئەو پیاوسالارییەی ئەزموون نەکردووە، کە لە پیاواندا هەیە و لە تەمەنی حەوت ساڵییەوە هەمیشە بەو ڕوانگەیەوە تێکۆشانی کردووە. لە کاتی دامەزراندنی بزووتنەوەی ئازادیی کوردستانیشەوە هەوڵی بۆ دەستەبەرکردنی بەشداری ژنان داوە و هەلومەرج و زەمینەی بۆ شۆڕشی ژن ڕەخساند. بە سوپابوونی ژن، میکانیزمێکی بۆ پاراستنی ئەزموونی ژن دامەزراند و دیدی ئایدیۆلۆژی بە هاندان بۆ دامەزراندنی پارتی ژن، بەهێزتر کرد. خۆپاراستن و ڕوانگەی ئایدۆلۆژی بووەتە هۆی بەرپابوونی شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی. لەو واتایەدا، ئەندازیاری بنەڕەتی ئەم پڕۆژەیە، ڕێبەری گەلان عەبدوڵڵا ئۆجالانە. بەم کارە هەوڵمان دا دەربڕینەکانی ڕێبەرایەتی لە بواری هونەردا دەرببڕین.
کولتوور و هونەر لە پێشڕەوی ئەو بوارانەن کە ئایدۆلۆژیا، زیندوو، دیار و بەربڵاو دەکەن. ڕۆح و ڕەنگ لە هونەر زیاددەکات و بەرجەستەی دەکات. ئێمە هەوڵمان دا بە میوزیکی سینەمایی، واقیعی مێژوویی خۆمان نیشان بدەین. هیوادارین تا ئاستێک سەرکەوتوو بووبین لەو کارەدا. ڕێبەرایەتی لە ماوەی مانەوەی لە ڕۆژاڤا، لوبنان و سووریا، کارلێکی ڕاستەوخۆی لەگەڵ گەلدا کرد و گۆڕانکاریی ئەنجامدا، شۆڕشی ڕۆژاڤا گەیشتووەتە هەموو پێکهاتەکانی کۆمەڵگە و هەموو پێکهاتەکان بەو ئایدۆلۆژیایەی ڕێبەرایەتی کاریگەر بوون. بەو پێیە ئایدۆلۆژیای ڕێبەرایەتی کاریگەر بووە لە ڕۆژاڤا.
– پەیوەندی ئەم کارەی، کە بزووتنەوەی کولتووریی کەوانی زێرین پێشەنگایەتی بۆ کرد لەگەڵ شۆڕش چییە، کێ کۆمەکی سەرەکی لەم کارەدا هەبووە؟
سیا دیجلە: بە دڵنیاییەوە ئەو هەلومەرجەی شۆڕش خوڵقاندی کاریگەری لەسەر کارەکە هەیە. پێشتر لە ڕۆژاڤا نەورۆز بە نهێنی بەڕێوە دەچوو. هونەرمەندان بە بێدەنگی پرۆڤەیان دەکرد و نەورۆزیش لە ژێر پەردەی زەماوەندی هاوسەرگیری بەڕێوەدەچوو. هەلومەرجی شۆڕش دەرفەتی زیاتر بۆ بەرهەمهێنانی هونەر دەڕەخسێنێت.
بێگومان لە ڕووی ئابوورییەوە زۆرمان چەشت. دەوڵەتی فاشیستی تورک هەموو ڕۆژێک هێرشی ئاسمانی دەکرد، شەهیدی لە بەشەکانی کۆمەڵگە لێدەکەوێتەوە. هێرش دەکاتەسەر ژێرخانی ئابووری، شوێنەکانی خزمەتگوزاریی ئابووری و پێداویستییە سەرەتاییەکان و کێشەی ئابووری درووستدەکات. ئێمە هەوڵماندا بە داهاتێکی سنووردار ئەم کارە بە ئەنجام بگەیەنین.
هەندێک خێزان بە نۆرە خواردنیان درووستدەکرد، هەندێک ئاوی خواردنەوەیان دەهێنا، هەندێک دەرگای ماڵەکانیان دەکردەوە، هەندێک شوێنی خۆیان، هەندێکیان خۆبەخشانە جلوبەرگیان دووری، هەندێکیان کەرەستەی ڕازاندنەوە، هەمووان خۆبەخشانە لە تیمەکەدا بەشداربوون و هەرگیز باسی ئەستەمیی کارەکەیان نەکرد. جۆشوخرۆشی شۆڕش، کۆمەڵگە لە دەوری یەک کۆدەکاتەوە، هەمووانیش دەیانەوێت شۆڕش لە بواری هونەردا ڕەنگبداتەوە.
ئەگەر لە شوێنێکی تر هەوڵمان بدایە پرۆژەیەکی لەو شێوەیە ئەنجام بدەین، خەرجی زۆر دەبوو، بەڵام بە پشتگیریی کۆمەڵگە و کۆمەکی دامودەزگاکان، هێز و ورەیەکی زۆری پێبەخشین. شۆڕش متمانە و چاوەڕوانی زیاتری لە ژنان هەیە. کاتێک داوای پشتیوانیمان دەکرد، کەوانی زێرین دەیانگوت: متمانەمان بە ئێوە هەیە، شتێکی باش دەردەکەوێت، ئەوانیش پشتگیریان کردین و بە دەستی بەتاڵ نەیانگەڕاندینەوە.
بەشداربووانی سەرەکی ئەم کارە ژنان و گەنجان بوون. تەنانەت لە کاتی سەیرکردنیشدا دیارە کە بە شێوەیەکی سەرەکی پێکهاتەی گەنجانمان چالاکانە بەشداریان لەم کارەدا کرد. سەرەڕای ڕۆژانی بێ خەویی و کارکردنی بێ وەستان، ئەو جۆشوخرۆشە لە چاوەکانیاندا بوو، ورەی بە ئێمە دەبەخشی. دووبارە سوپاسی هەموو گرووپەکە دەکەم.
– ئەو بەرهەمانەی لە ڕۆژاڤا سەرهەڵدەدەن، چۆن ڕەنگدانەوەیان لەسەر بەشەکانی تر هەیە؟ حەزیان لەم جۆرە کارانە هەیە، هەڵوێستیان چۆنە لەبەرانبەریدا؟
سیا دیجلە: بەو پێیەی شۆڕشی ڕۆژاڤا لەلایەن ژنانەوە پێشەنگایەتی دەکرێت و لەژێر کاریگەری فەلسەفە و پارادایمی ڕێبەر ئاپۆ (ئۆجالان)دایە، هەموو کارێک کە لێرەدا ئەنجام دەدرێت، کاریگەری لەسەر هەموو ئەو کەسانە هەیە کە هەست بە خنکان دەکەن لە سیستەمی دەوڵەتدا و بەدواداچوون بۆ شۆڕشی ڕۆژاڤادا دەکەن، نیگاکانیش لەسەر بەرهەمی شۆڕشە.
ئەو کارانەی لێرەدا ئەنجام دەدرێن، سەرچاوەی ئیلهامن. هەوڵی ڕەنگدانەوەی ڕۆحی شۆڕش دەدەین و لە بەرهەمەکانماندا کاری لەسەر بکەین. پێزانین بۆ بەرهەمەکانمان، هێز و ورەمان پێدەبەخشێت. کاتێک هونەر بە شێوەیەکی باش بەڕێوەدەبرێت، ئەرکێکی هەیە کە پێشەنگایەتی شۆڕشە؛ لە هەمانکاتدا ئەگەر هونەر بە شێوەیەکی دروست بەڕێوە نەچێت، ئەوا توانای ئەوەی هەیە کە زیان بە شۆڕشی ژن بگەیەنێت.
بۆیە هەوڵدەدەین بە هەستیارییەوە لە بەرهەمەکانمان بەرجەستەی بکەین. هیوادارین کۆمەڵگە ئەم کارەی بەدڵ بێت. بێگومان ڕەخنە پەرە بە کارەکە دەدات. هەموو ڕەخنەیەک بۆ ئێمە گرنگە، بۆ ئەوەی کاری بەهێزتر ئەنجام بدەین. هەندی وردەکاری هەیە کە ئێمە حیسابمان بۆ نەکردووە، یان ڕەچاومان نەکردووە، یان بە شێوەیەکی گشت بیرمان لێ نەکردۆتەوە؛ ئەمانە هێزمان پێدەبەخشن. بەڵام هەڵسەنگاندنیش هەن لە لایەن کەسانێکەوە کە ڕوانگەی ئایدیۆلۆژییمان لە ئامێز ناگرن؛ ئەوەی گرنگە هەڵسەنگاندنی ئەو کەسانەیە، کە دڵسۆزن بۆ بەها کۆمەڵایەتییەکان و باوەڕیان بە هێزی بزوێنەری کۆمەڵگە هەیە و پابەندن بە ئازادییەوە و لە هونەر تێدەگەن.
– بۆچی ناوی (سترانێن کەزیە سۆر – گۆرانییەکانی پەلکی سوور)؟ ناوەکەی لە کوێوە هاتووە و ئەم ناوە چۆن دەستنیشانکراوە؟
سیا دیجلە: ئێمە یەکسەر ناومان لە پرۆژەکە نەنا. زۆر بیرمان لێ کردەوە، زۆر گفتوگۆمان لەسەر پرۆسەی تۆمارکردن، بەرهەمهێنانی مۆسیقا و دەقەکان کرد. زۆر بیرۆکە، سەریان هەڵدا. دوای تەواوبوونی هەموو تۆمارەکان، دەیانجار کۆبووینەوە و باسمان لەوە کرد کە دەبێت چی بکەین. پێشنیاز هەبوون کە بکرێتە داستان و هەندێکی تریش بۆچوونی زۆر جیاوازیان هەبوو.
هۆکاری ئەوەی ئێمە دەڵێین سترانێن، سەرەتا دەگەڕێتەوە بۆ مانای وشەی کوردی ستران. ستران چەمکێکە لە خوداوەند ستارەوە سەرچاوەی گرتووە، ڕەنگدانەوەی خوداوەندە، هەروەها لە ستارگێتەوە هاتووە، واتە پاراستن، داڵدەدان، کۆبوونەوە، شێلانی هەویر (ستراندن)..هتد، واتە خۆراکدانی مرۆڤایەتی. لە سەردەمی بەردینی نوێ-نیولۆتیکدا، گەنم و نان پیرۆزن. هاوکات لەگەڵ بەرهەمهێنان، پاراستن و خۆراکدان کە لەلایەن ژنانەوە دابینکراوە، ستران وەک فۆرمێکی هونەری وزە بە ژیان دەدات و ڕەنگی پێدەدات و جۆشی پێ دەبەخشێت.
کەزی هێمایەکە بۆ ژن کە پرچیان دەهۆننەوە و لە پەیکەرەکانی سەردەمی بەردینی نوێ، هۆنینەوەی قژ بە واتای یەکخستنی ژنان دێت. هۆنینەوەی ژیان، بنیاتنانی کۆکردنەوە دێت. سوور بە واتای تێکۆشانێکی شۆڕشگێڕانەی هەمیشەیی دێت. کەزیێن سوور، هاوواتای ساکینە جانسز (سارا)ی پێشەنگی بزووتنەوەی ژنانی کوردە کە بە قژە سوورەکەی ناسراوە. (ژیانی هەمیشە تێکۆشان بوو) و قژە سوورەکەی بەڵگەی ئەوە بوو.
لە ڕووی مێژووییەوە و ئەوڕۆییەوە، ئەم ناوەمان بە ئاماژەدان بە پێشەنگمان ساکینە جانسز دەستنیشانکرد. هەوڵماندا ساکینە جانسز لە دیمەنی بەرهەمەکەماندا دیار بێت. دروشمی (ژن، ژیان، ئازادی) لە بەرخودانی ژنی کوردەوە سەریهەڵداوە و ئەمڕۆ بە هەموو جیهاندا بڵاوبووەتەوە. ئازادی بە تێکۆشانی ژنان و ڕەنگەکانی شۆڕشی کۆمەڵایەتی بەدی دێت.
لە پرۆژەکەدا، هەوڵماندا هەندێک ژمارەی پیرۆزیش بەرجەستە بکەینەوە. ژمارە (٧) بە ژمارەیەکی پیرۆز دادەنرێت. ژمارەی ئەو ژنە سەماکارانەی بەرگەکانیان فڕێدەدەن حەوتن، ژمارەی ئەو ژنانەی سەرکەوتن بەدەستدەهێنن حەوتن و بەرهەمەکەشمان لە حەوت بەش پێکدێت.
هەروەها ژمارە ٤١ وەک ژمارەیەکی پیرۆز لە سەردەمی بەردینی نوێ-نیۆلیتیکەوە دێت. ئێمە لە گرووپێکی پێکهاتوو لە ٤١ ژن، چیرۆکی ئەو قۆناغەمان گێڕایەوە. لە دوایین دیمەندا ٧٥ ژن سەما دەکەن؛ ئەمساڵ، ڕێبەرایەتی تەمەنی دەبێتە ٧٥ ساڵ. هەوڵماندا تەمەنی ڕێبەرایەتی لەگەڵ دیمەنی بەشی (سەرکەوتن) تێکەڵ بکەین و هەروەها دایکانمان چەپڵە لێدەدەن و بە خۆشحاڵییەوە پێشوازی لەم سەرکەوتنە دەکەن.
– لە کۆتاییدا دەتوانی چیمان پێ بڵێیت دەربارەی کارەکانتان؟ ئایا پەیامێکت هەیە بۆ ئەوانەی بەشدارن لە کاری هونەریی؟
سیا دیجلە: ئێمە، کەوانی زێرین، لە ڕۆژاڤا پێ دەنێینە ساڵی هەشتەممانەوە. تا ئێستا هەوڵمان دەدا ڕێکخستنمان، گرووپە هونەرییەکان و تیمەکانمان کامڵ بکەین. ئێمە بەهەرحاڵ کاری ڕێکخستنیمان تەواوکرد. دەتوانین بڵێین؛ لە ڕووی چەندایەتییەوە هەندێکمان بەرهەمهێناوە، ئێستا هەوڵدەدەین پەرە بە چۆنایەتی بدەین و کارەکانمان قووڵتر بکەینەوە. دەتوانم بە هەموو ئەو خەباتکارانەی لە بواری هونەردا بەشدارن بڵێم؛ هونەر خولقاندنە، لە سەختترین هەلومەرجەکانیشدا پەرە بە بەرهەمی هونەریی دەدرێت. ئێمە ئەوەندە ڕاستییمان هەیە کە شایانی نووسین، گووتن و تۆمارکردن بێت.
بەپێی دەربڕینی ڕێبەر عەبدوڵڵا ئۆجالان، ئێمە گەنجینەیەکمان هەیە هەم لە ڕووی مێژووییەوە و هەم لە ڕووی بەرخودانەوە، کە لە ئێستادا لە گەشەدایە. ئەو چالاکی و بەرخودانەی گەریلا لە چیاکان کە لە تەلەفزیۆندا ڕەنگدانەوەی هەیە، هێزمان پێدەبەخشێت؛ هەوڵدەدەین شتێک بەرهەم بهێنین لەو هێزەی لە ئەوان وەریدەگرین. ئەگەر گەریلا لە هەلومەرجی قوورسدا بتوانێت پەرە بە ئەو جۆرە بەرخودانانە بدات، ئەوە ئێمەش دەتوانین لە هەر هەلومەرجێکدا بەرهەمی هونەری شایستەی بە ئەوان بەرهەم بهێنین. هەڵنەستان بەو کارە، بە واتای شان نەدانەبەر بەرپرسیارێتی هونەر دەبێت و مێژوو هەرگیز لێمان خۆش نابێت.
بەشێک لە هونەرمەندان و خەباتکاران لە ڕۆژاڤا بەجێمان دەهێڵن، یان شەهید دەبن یان کەمئەندام دەبن بەهۆی هێرشی فڕۆکە جەنگییەکانەوە. لە هەموو شوێنێک هێرش هەیە، لە هەندێک شوێن بە چەکی دەوڵەتە فاشیستەکان، لە هەموو جێیەک شەڕی تایبەت بەڕێوەدەبەن. هێزی هونەر، هێزی زاڵبوون بەسەر ئەوەدا. ئەگەر هێزمان یەک بخەین، دەتوانین هەموو هێرشەکان بشکێنین و هەموو تەکنیکێک پووچەڵ بکەینەوە. ئێمە هێزمان هەیە چونکە ڕاست و ڕەوایین و لەگەڵ خەڵکداین.
وەرگێرانی لە ئینگلیزییەوە: نەجیبە قەرەداغی