ژن، ژیان، ئازادی لە ئاگری شۆڕشی ژنانی ڕۆژاڤاوە

لە ساڵی ٢٠١٨، کۆمەڵێک ژنانی ئینتەرناسیۆنالیست لە پەیمانگای ئەندرێا ڤۆڵفی ژنۆلۆژی، لە گوندێکی بچووکی ڕۆژاڤا کۆبوونەوە. شۆڕشی ژنان شەش ساڵ بوو بەڕێوە دەچوو، هیوا و ئیلهامی وەک تۆو هەڵگیراو بە بای ئازادی بڵاو دەبۆوە. پەیمانگای ئەندرێا ڤۆڵف یەکەم هەنگاوەکانی دەنا، ناوی یەکەم شۆڕشگێڕی ئینتەرناسیۆنالیست (ئەڵمانی) بوو کە لە کۆتایی نەوەدەکاندا لە چیاکانی کوردستان شەهید ببوو.

ماوەیەک دوای گەیشتنیان، وەک بەشێک لە کارەکانی پەیمانگای ژنۆلۆژی، گرووپی ژنانی ئینتەرناسیۆنالیست ئیسپانی-زمان پڕۆژەیەکی نووسینیان دەربارەی فەلسەفە و ڕەوتی بزووتنەوەی ژنانی کوردستان و شۆڕشی ژنانی ڕۆژاڤا دەستی پێکرد، کە لەو ڕێیەوە تێکۆشانی کوردستان ببووە سەمبولێک بۆ تێکۆشەران لە هەموو کیشوەرەکان.

بەو شێوەیە، بۆ ماوەی ساڵێک چاوپێکەوتنیان لەگەڵ دەیان ژن کرد کە لە مێژ بوو بەشداری ئەم تێکۆشانەیان کردبوو، هەروەها لەگەڵ ژنانی ڕێبەری شۆڕشی ڕۆژاڤا. یەکەم بەرهەمی ئەم کارە بەکۆمەڵەی چاوپێکەوتن و توێژینەوە، لە هاوینی ٢٠٢٠دا، بڵاوکردنەوەی کتێبی “ژن، ژیان، ئازادی” بوو لە ناوەندی بزووتنەوەی ژنانی کوردستانەوە، کە لەلایەن دەزگای چاپەمەنی دێسکۆنترۆڵەوە بڵاوکرایەوە. ئەم کتێبە لەسەر ئەزموونی فکری و ڕێکخراوەیی بزووتنەوەی ژنانی کوردستانی لە ماوەی زیاتر لە ٥٠ ساڵدا لەخۆگرتبوو، دواتر وەرگێڕدرایە سەر زمانی ئیتاڵی ( کاری وەرگێڕان بۆ فەڕەنسی، ئینگلیزی و پۆرتوگالی هێشتا بەردەوامە) و لە دەیان شار و شارۆچکەی ئیسپانیا، کەتەلۆنیا و وڵاتی باسک، هەروەها لە ئیتاڵیا پێشکەش کران.

سەدان ژن بەشداری لە گرووپەکانی خوێندنەوەی ئەم کتێبەدا دەکەن کە وەک بنەمایەکی سەرەکی دەزانن بۆ ناسین و قاڵبوونەوە لە مێژوو و خەباتی ژنانی کورد. لە ساڵی ٢٠٢٢ەوە کتێبەکە سنوورەکانی ئەوروپای تێپەڕاند و گەیشتە ئەوبەری زەریا و لە ئیکوادۆر بڵاو کرایەوە و لە ٢٠٢٤یش لە کۆلۆمبیا.

دوای شەش ساڵ، لە ٢٠٢٤ پڕۆژەکە بە بڵاوکردنەوەی کتێبی “ژن، ژیان، ئازادی، لە ئاگری شۆڕشی ژنانی ڕۆژاڤا” لەلایەن دەزگای چاپەمەنی دێسکۆنترۆڵەوە کۆتایی هات، کە ئەزموون، ئاستەنگ، دەستکەوت و بەرخۆدانی ژنانی ڕۆژئاوا، دروستکردنی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری دیموکراتی خۆیان و خەبات بۆ خۆپاراستن لەخۆدەگرێت. ئەمجارە، بۆ پاراستنی زمانی گەلان، کتێبەکە سەرەتا بە زمانی کەتەلۆنی و لە سەرەتای ٢٠٢٥ بە زمانی ئیسپانی بڵاو کرایەوە.

ئەم بەرگەی دووەم، بنەماکانی شۆڕشی ژنانی ڕۆژاڤامان بۆ ڕوون دەکاتەوە، چۆن ئەم شۆڕشە دەستی پێکرد و چۆن گەشەی کرد، چۆن ژیانی ژنان و گەلانی گۆڕی و چۆن ژنان لە هەموو بوارەکانی ژیاندا خۆیان ڕێکخست (خۆپاراستن، ئابووری، تەندروستی، سیاسەت، دیپلۆماسی، گەنجان، کۆمەڵگا، داد، ڕاگەیاندن…). لە کۆتایی کتێبەکەدا ژیاننامەیەکی کورتی شەهیدانی شۆڕشی ڕۆژاڤا لە کتێبەکەدا باسکراون. لە پێشەکەیدا هاتوو کە  ‘ ئەم کتێبە پێشکەشە بە هەزاران هەڤاڵ کە وەک پەپوولە لە ئاگری شۆڕشدا بە دوای ئازادیدا گەڕان…

لە پێشەکی نووسراوی پەیمانگای ئەندریا ۆلفی ژنۆلۆژیدا هاتووە: ” لە ئەزموونی بزووتنەوەی ئازادی ژنانی کوردستان، گرنگی نووسینەوەی مێژووی خۆمان فێربووین بۆ بەرەنگاربوونەوەی گوتاری کۆلۆنیالیزم و پیاوسالاری کە ئێمە نادیدە دەکەن و دابەشمان دەکەن. پێویستە هزر و زهنیەتی کۆلۆنیالیزم، پیاوسالاری و دەوڵەتان هەڵبوەشێنینەوە، شیکاریان بکەین و لە ڕێگەی بیرکردنەوەی بەکۆمەڵەوە لەکاریان بخەین، پەرە بە بیرکردنەوە و زانینێکی ئازاد بدەین کە لە مێژوو و واقیعی ئێمەوە سەرچاوە دەگرێت. ئەم کتێبەش کۆمەکێکە لەم ڕێگایەدا. لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ژنان وەڵامی پرسیارەکانیان سەبارەت بە چۆنیەتی ئەنجامدانی داوەتەوە، بە ئازایەتی ڕاپەڕین دژی دەوڵەت، فاشیزمی ئایینگەرێتی، کۆلۆنیالیزم و پیاوسالاری، بەرگری لە بوون دەکەن و خەبات دەکەن بۆ دروستکردنی ژیانێکی ئازاد، کۆمەڵگایەکی ئیکۆلۆژی و دیموکراتی لەسەر بنەمای ڕزگاری ژنان. لە ماوەی چەند ساڵێکدا ژنانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا کۆمۆن، ئەنجوومەن، ئەکادیمیا، کۆپەراتیڤیان دامەزراند و لە هەموو بەرەکاندا خەبات دەکەن بۆ بەرگریکردن لە کۆمەڵگایەکی ئازاد. لەم کتێبەدا ژنانی جیاواز، دایکان، خوێندکار، کرێکار، شەڕڤان، هونەرمەند، ڕووناکبیر، ژنانی هەموو تەمەن و نەتەوەکان، ئەزموونەکانیان دەگێڕنەوە، ڕوونی دەکەنەوە چۆن وەک ژن خۆیان ڕێکخستووە، چۆن پەروەردە کراون و چۆن دامەزراوەی خۆسەرییان دامەزراند بۆ بەرپاکردنی شۆڕشی ژنان. دوور لە باسکردنی یۆتۆپیایەکی دوور، ئەم کتێبە ئەزموونی بەرجەستە لە ناخی ژیانەوە دەخاتەڕوو. کتێبێکە دەربارەی ژیان لەم پرۆسە شۆڕشگێڕییەدا، بە هەموو جوانی و ڕۆحی شۆڕشگێڕییەوە، بە هەموو بەربەست، ناکۆکی و زیانە ئازاربەخشەکانییەوە، بە هەموو سەرکەوتن و هیواکانییەوە. چیرۆکی ژیان و خەباتێک کە هەموو ڕۆژێک دەژی. هەر بۆیە ئەم کتێبە پارچەیەکی نووسراوی مێژوو و ئێستایە.”

بابەتی پەیوەندیدار